Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
میدیا و مانشێت ….    عەبدوڵا مەحمود

میدیا و مانشێت …. عەبدوڵا مەحمود

Closed
by July 18, 2012 گشتی

 

 

لام وانییە کەس بتوانێت لە گرنگی مانشیت یان تایتڵ لەکاری رۆژنامەگەریدا، کەم بکاتەوە، یان رۆڵی مانشێت و تایتڵ لەدنیای میدیادا نادیدە و کەم بەها بگرێت.

  مانشیت و تایتڵ ناوەڕۆک و روح، هاوکات روخسار و دیوی دەرەوەی، هەواڵێک، زانیارییەک، راستی گواستنەوەیەک، بابەتێک” هەر بابەتیك بێت”، نیشان دەدات. هەڵبژاردنی مانشێت یان تایتڵ… بۆ هەر بابەتێک هونەرە، کەدەشێ ببێتە پێوانە بۆ ئاست و توانایی و سەلیقە نواندنی هەر نووسەر و رۆژنامەنووسێک.

مانشێت و تایتڵ ناوەرۆک و روحی بابەتێک، هەم سادەو هەم تێکچژاو بەیان دەکات، سادە بەو مانایەی کورت و رۆشنە، تێکچژاوە بەو مانایەی روح و ئەتۆمەکانی ناوی بەچری لەو کورتی و سادەیەدا، بەیان دەکات.

هەر کاتێک مانشێت و تایتڵێك نەیتوانی بەسادەیی ناوەرۆک و روحی بابەتێك، بەشێوەیەکی دینامیکی و سەرنج راکیش، ئاراستە بکات، یان مانشیت و تایتڵ  کەوتە ناکۆکییەوە لەگەڵ روحی بابەتێکدا، خاڵی دەبێتەوە، لەراستگۆیی و  حەقیقەتی دەربڕیندا. 

ناشێ و دروست نییە هەر بۆ بازاڕ گەرمی، مانشیت بۆ بابەتێک و روداوێک و هەواڵێک و کارێکی رۆژنامەگەری، دیاری بکرێت کە گوزارە لە ناوەرۆک و قوڵایی بابەتەکە نەکات.

نەخۆشیەکی رۆژنامەگەریی گەورەیە، کاتێک مانشێت یان تایتڵی بابەتێک هیچ پەیوەندیەکی توندی بە ناوەرۆکی بابەتەکەوە، نەبێت. یان ناوەرۆکی ئەو بابەتە بەیان نەکات… دیارە لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە بڵیم کە مانشیت، یان تایتڵ دەبێت وەڵامەکە بدات دەست خوێنەر، خوێنەر بەدوای زانیاری و ناوەرۆکی بابەتەکەدا نەچێت و وێڵی خوێندنەوەی نەبێت و مانشیت و تایتڵەکە هەمووی راگەیاندبێت، بەڵکە بە پێچەوانەوە مانشیت و تایتڵ چەندە سەلیقە لە هەڵبژاردنی و هەستیاری لە بەیانکردنیدا، هەبێت، هێندە خوێنەر وێڵی خوێندنەوە و بەدواداچوون دەکات.

وە ئەگەر مانشیت یان تایتڵێک، وەڵامی ناو بابەتەکە و ئەنجامگیریەکەی بەیان کردبێت، خوێنەر زۆر بۆی گرنگ نییە، بەدوایدا وێل بێت و خوازیاری خوێندنەوەی گەیشتن بە نهێنیەکانی ناوییەوە بێت … هاوکات کاتێک مانشیت پێچەوانەی ناوەرۆکەکەی بێت و لەروحی بابەتەوە، دەرنەکێشرابێت، دیسان لەنگیەکی گەورەیە، هەر رۆژنامەنووس و نوسەرو رۆژنامەیەک پەیرەوەی لەم شێوازە بکات، زوو متمانەی رۆژنامە نووسیەکەی برەوی بەرەو داکشان دێت.

بەداخەوە کەم نین و ئەو رۆژنامەنووس و نووسەر و رۆژنامەو گۆڤارانەی کە ئاگاهانە مانشێتی ئاگراوی لە سەهۆڵبەنداندا، دەنووسن. پەیامی گەورە لە بچوکی ئایدیای بابەتەکەیان دەپێچن. زانیاری کەنەزانی پەخش دەکات، نیشان دەدەن. هەڕەشەی گەورە دەکەنە دڵنەوایی دانەوە. 

کاتێک بازاڕی فرۆش، پێش گەیاندنی راستی و گواستنەوەی زانیاری بۆ کۆمەڵگا دەکەوێت، ئەوکاتە هەستیاری کایە کردن بەخوێنەرو کۆمەڵگا، وەکو رۆژی رۆشنە. 

    ئەوە ئەو دەردەیە، کە بەشێكی بەرین لە میدیای کوردی و  نووسەرانی پێوەی گرفتارن، بەتایبەتیش میدیای دەرەوەی  قەڵەمرەوی حزبی. کەم نین ئەو گۆڤارو رۆژنامانەی کە مانشێتی زۆر سەرنج راکیش لاپەرە سەرەکیەکەی روپۆش کردووە، بەڵام ناوەرۆکی ئەو بابەتەی ئەو مانشیت و تایتڵەی بۆ دیاریکراوە هیچ نزیکایەتیەکیان بەیەکەوە نییەو تەنها وروژاندن و بازارگەرمی بۆ فرۆشی رۆژنامەکەو گۆڤارەکە کراوەتە مەبنا. ئەمە دەردێک و نارەواییەکی زەقە بەرامبەر بە کاری رۆژنامەگەری و میدیایی… ئەم دەردە بەیانی راستییەک دەکات، کەلەبنەرەتدا ناراستی و وروژاندن دەخاتە جێگای گەیاندنی زانیاری و راستبێژی بە شێوەیەکی هونەری و لێزانانە.

هەروەها گیرخواردنی میدیاکان بە مانشێت و تایتڵی تایبەت سەبارەت بە سەرانی حزبەکان و کۆبونەوەکانیان و کارەکانیان و نیشاندانی دیوەشاراوەکانی کاروبارو هەنێک جار رۆچوون بۆ ناو ژیانی کەسی و تایبەتیان، تەرخانکرنی مەوداو پانتایەکی بەرین بۆ ئەمانە و خۆ بواردن لە خستنە رووی روداوە کارەساتبارو تەکاندەرە کۆمەڵایەتیەکانی تری ناو کۆمەڵگا و بەهەند نەگرتنیان، دیسان دیاردەیەکی زەقی میدیا وکاری رۆژنامەگەرییە. نا ئەمنی شوێنی کار و قوربانیانی ئەم ژینگە مەرگ چینە هەموو رۆژەیە، دۆخی هەمیشە ئالۆزکاو مۆلەقی هەرێم و بەغدا، خۆشخزمەتی حزبەکان بە وڵاتانی ناوچەکە و کۆبونەوە ژێربەژێرەکانیان، توندوتیژی دژ بە ژنان و شورەیی شەرەفی ئەو پیاوسالارییەی لە گیانکیشانی ژناندا، هەدا نادات. دەرمان و خۆراکی ژەهراوی و ماوە بەسەرچوو، کە کوشتاری شێنیەیی بەدواوەیە، ئاڵودەبوونی ژینگە کەچ مەترسییەکی ترسناکە، دۆخی مناڵان و لاوان و بێمافیەکانیان، دۆخی تاک و هەڕەشەکانی سەری، ژیانی ئینسانە کەم ئەندام و شێواو و شێوێنراوەکان و ناتەواوەکان و لا لێنەکردنەوەیان، پەراوێز خرانی بەساڵاچوانی ئێستاو کۆمەڵگا چەرخێن و بەرهەمهێنەرانی دوێنێ، دۆخی نەخوازراوی پەروەردەو تەندروستی تا دەگات بە لانەکردنەوە لە دنیای هونەرمەندان و کەسایەتیەکانی…تاد. دیوێکی تری نەشیاوی میدیا و گۆڤارو رۆژنامەکانی کوردستانە… رۆژێک لەرۆژان، بەدەگمەن و بۆ دەرمانیش گۆڤاریك رۆژنامەیەک بەرچاو ناکەوێت باسی پێشوازی یان کۆبونەوە، یان داهێنان و بەرهەمی هونەرمەندیك، نوسەریك، شاعیرێک، وەرزشەوانێك، پرۆفیسۆرێک، بکاتە مانشێت و تایتڵی سەرەکی خۆی… وەکو کۆمەڵگای کوردستان خاڵی بێت لەهەر جموجۆشێکی تر و کاراکتەری هەمە جۆرو تەنها چەند حزب و سەرانیان، بوونیان بەرجەستە بێت و شایستەی رەخنە و ستایش، یان خاوەن نهێنی و کارنامەو پەیام بن.

ئەم دۆخە پێویستە، بگۆردرێت و تەندروست بکرێتەوە، بەمەش میدیا و میدیای دەرەوەی قەڵەمرەوی دەسەڵات و حزبی، دەتوانێ هەنگاوێکی بەرجەستە بۆ پێشەوە بنێت.

 ناوەراستی تەموزی ٢٠١٢

           عەبدوڵا مەحمود                    

abdulla.mahmud@gmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.