Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
ئه‌ده‌بی قوڕب … هێمن عومه‌ر خۆشناو

ئه‌ده‌بی قوڕب … هێمن عومه‌ر خۆشناو

Closed
by July 30, 2012 ئەدەب

 

 

ئه‌وانه‌ی له‌ روانگه‌ی رۆحه‌وه‌ به‌ دیداری یار شاد ده‌بن، حاله‌تێكی سه‌رسوڕهێنه‌ریان به‌ سه‌ردا دێت، به‌جۆرێك هه‌موو خۆشی و ناخۆشییه‌كانی دونیایان له‌به‌رچاو ده‌سڕێته‌وه‌و له‌ناو ته‌جه‌للای نووردا نقوم ده‌بن. گه‌یشتن به‌م حاله‌ته‌ به‌ر هه‌موو كه‌س ناكه‌وێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌س نه‌توانێ‌ بگاته‌ لوتكه‌و پێیویستی به‌ تفاقێكی زۆری رۆحی هه‌بێت. به‌ڵام دوای گه‌یشتنه‌كه‌ ئادابی نزیك كه‌وتن و به‌ پیره‌وه‌ چوون زۆر زه‌حمه‌ته‌و مرۆ زۆر جاران زمانی له‌گۆ ده‌كه‌وێت و ئاره‌قه‌ی شه‌رمه‌زاری و فرمێسكی خۆشی ده‌بارێنێت.

خۆشه‌ویست-یش كه‌ گه‌یشته‌ دیوانی مه‌قامی باری، نه‌یزانی له‌ ئاستی گه‌وره‌یی و له‌ خۆشی گه‌یشتن به‌م ته‌جه‌للایه‌ چۆن ده‌روازه‌ی قسان بكاته‌وه‌و چ جۆره‌ سڵاوێك بكات كه‌ شایانی ئه‌و بێت، هه‌تا دواجار ته‌حییاتی خورپه‌ی هاته‌ دڵ.

ئه‌گه‌ر مرۆ له‌ناو ئه‌م قوربه‌دا خه‌ڵكی تری به‌بیر بێت، ئه‌وا یان نه‌گه‌یشتنه‌ به‌ قوربی حه‌قیقه‌ت و یان لاف و گه‌زاف لێدانه‌، چونكه‌ توانه‌وه‌ له‌م حاڵه‌دا ته‌نیا توانه‌وه‌ی رۆحه‌و تیشكه‌كه‌ به‌ر كه‌سی تر ناكه‌وێت، ئه‌گه‌ر حه‌سوودی له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ دژایه‌تی بكرێ‌، ئه‌وا رۆح له‌م ساته‌دا نایه‌وێت سوود به‌ كه‌سی تر بگه‌یه‌نێ‌، و ئه‌وه‌نده‌ تینووه‌ ئاوه‌كه‌ به‌شی كه‌سی تر ناكات. (مه‌ولانای رۆمی) زۆر جوان بۆ مان ده‌گێڕێته‌وه‌: كه‌ پاشایه‌ك به‌ به‌نده‌یه‌ك له‌به‌نده‌كانی حه‌ق ده‌ڵێت: له‌وساته‌ی كه‌ تۆ ته‌جه‌للا ده‌كه‌ی و له‌ قوربی قابه‌ قه‌وسه‌ینێك دای له‌گه‌ڵ جه‌نابی باری، منت له‌بیر بێت. به‌نده‌كه‌ وتی: كاتێك ده‌گه‌مه‌ ئه‌و چركه‌ ساتانه‌ له‌به‌ر تیشكی خۆری ئه‌م جوانیه‌دا كه‌ دامده‌پۆشێ‌، خۆمم له‌بیر نیه‌، جا چۆن تۆم دێته‌ بیر؟

بۆیه‌شه‌ كه‌ نووری حه‌ق، له‌نیوه‌ی شه‌وان بێت یان هه‌ر كاتێكی تر، كه‌ تاریكی دڵ و رۆحه‌كان رۆشن ده‌كاته‌وه‌، مرۆڤ هه‌ست به‌ حاله‌تێكی قورب و نزیكی ده‌كات و هه‌موو هه‌ست و پێویستی‌و ئاره‌زوو بازییه‌كانی بیرده‌چێته‌وه‌و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ته‌نیا په‌یوه‌ستبوونیه‌تی بۆ خۆشه‌ویست، نه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و نه‌ هی خه‌ڵكی تری له‌بیر نیه‌. ئه‌م حاله‌ته‌ هێنده‌ شه‌یدابوونی تێدایه‌ نه‌ زمان ده‌توانێ‌ دیمه‌نه‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌و نه‌ دڵیش ته‌زووی خۆشی وای پێدا دێت، بۆیه‌ مرۆڤ به‌ هه‌موو ئه‌ندامه‌كانیی لاشه‌یه‌وه‌ ته‌زووه‌كه‌ی پێدا دێت و هه‌موویان شه‌ڕیانه‌و ئیڕه‌یی به‌ یه‌كتر ده‌به‌ن، تا هه‌رچی زووه‌ له‌ناو رۆشنایی و ته‌جه‌للابوونی جه‌لال و جه‌مالدا پێبگه‌ن. له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ ئه‌ندامی یه‌ك لاشه‌ یه‌كتریان بیر نییه‌، چ جای ئه‌وه‌ی خه‌می خه‌ڵكی تر. ئه‌م ناوبردنه‌ش به‌ زمان له‌گه‌ڵ یادكردن به‌ رۆح له‌ كێبڕكێ‌ دان و (مه‌حوی) ئاسا ئه‌وانه‌ی بكه‌ونه‌ ئه‌و ئه‌ده‌بی قوربه‌ به‌ ده‌ست خۆیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و ده‌بێ‌ بڵێن:

ناوت ده‌به‌م، دڵم به‌ زوبان حه‌سه‌د ده‌با

یادت ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ دڵه‌كه‌م دێته‌ شه‌ڕ زوبان

Hem992003@yahoo.com

هێمن عومه‌ر خۆشناو (شه‌قڵاوه‌)

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.