
جه‌سی ئۆوهنز یادگارییه جوانه‌كه‌ی ئۆلۆمپیا
هه‌ر چوار ساڵ جارێك له هاتنه‌وه‌ی پێشبڕكێ و گه‌مه‌كانی ئۆلمپیادا، یادی كۆمه‌ڵێ ناوی گرنگ و دیارده‌ی شه‌رمهێنه‌ری مرۆڤایه‌تی له مێژووی نوێ‌دا، ده‌بن به بابه‌تی به‌سه‌ركردنه‌وه، به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی گرنگ و وه‌یادهێنانه‌وه‌ی ناوه جوانه‌كان و هاوكات هه‌وڵه دزێوه‌كانی مرۆڤ له دژی خۆی.
جه‌سی ئۆوهنز، پیاوێكی ره‌شپێستی ئه‌مه‌ریكایی بوو، له بواری راكردندا، خێراترین پیاوی جیهان بوو. ئه‌و یه‌كێك له یادگارییه جوانه‌كانی دیرۆكی ئۆلمپیای تۆمار كردووه.
چیرۆكی جه‌سی ئۆوهنز و به‌شداریكردنی وی له پێشبڕكێی ئۆلمپیای ساڵی 1936دا به‌سه‌رهاتێكی سه‌رنجڕاكێشه. دیاره ئه‌و ده‌مه وه‌كو سه‌رچاوه‌كان و فیلمگه‌لی به‌ڵگه‌یی ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن، له نێوخۆی ئه‌مه‌ریكادا قسه و باسی زۆر سه‌باره‌ت به به‌شداریكردن و نه‌كردنی ئه‌مه‌ریكا له ئۆلمپیای به‌رلین هه‌بوو، چونكه خه‌ڵكێكی زۆر به‌شداریكردنیان پێ باش نه‌بوو له كاتێكدا نازییه‌كان ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌ڵه‌مانیا بن. به‌ڵام ئه‌مه‌ریكای ئه‌و ده‌مه به‌سه‌رۆكایه‌تی فرانكلین رهوزڤێڵت (1882-1945) په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ ئه‌ڵه‌مانیا، به تایبه‌تی له بواری بازرگانی و ئابوری‌دا ده‌بێت، بۆیه له باری سیاسییه‌وه وایان پێباشه به‌شداری بكه‌ن.
جه‌سی ئۆوهنز یه‌كێك ده‌بێت له‌و یاریزانانه هه‌ره گرنگانه‌ی له‌و ساڵه‌دا به‌شداری ئۆلمپیا ده‌كات. ئۆوهنز ره‌شپێسته و نازیگهلیش ره‌گه‌زی سپی و زه‌رینی ئاری به ره‌گه‌زی پیرۆز ده‌زانن و نه‌فره‌ت له ره‌شپێستان ده‌كه‌ن. بۆیه هه‌موو ئه‌وانه‌ی نازیین و هه‌واداری ئه‌و بیره بۆگه‌نه‌ن، هاتنی جه‌سی ئۆوهنز ده‌بێت به جۆرێك له خه‌مۆكی بۆیان. چونكه هه‌موو ده‌زانن سپیپێستان و ئه‌وانه‌ی نازیگه‌ل پێشیان ده‌خه‌ن بۆ “سه‌ركه‌وتن و بردنه‌وه!” به‌هره‌ی ئۆوهنز-ی ره‌شپێست شك نابه‌ن. بێگومان ئه‌وان له پێشبڕكێدا زۆر له پاش ئه‌و ره‌شپێسته‌وه ده‌مێننه‌وه، ئه‌و ره‌شپێسته‌ی له‌و ده‌مه‌دا خێراترین پیاوی جیهان بووه.
وه‌زیری پروپاگه‌نده‌ی هیتله‌ر یۆزێف گۆبهلز (1897-1945) سه‌باره‌ت به خێرایی ئه‌و ره‌شپێسته گوتوویه‌تی:
“ده‌بوو ئه‌مه‌ریكاییه‌كان كهڵهكێوییهك یان مامزێكیان بۆ به‌شداری بهێنابا، نه‌ك جه‌سی ئۆوهنز”.
به به‌رچاوی هیتله‌ره‌وه، كه خۆی یارییه‌كانی ئۆلمپیای ساڵی 1936ی له شاری به‌رلین كرده‌وه، جه‌سی ئۆوهنز، نه‌ك به‌رانبه‌ر به سپیپێستان براوه ده‌بێت، به‌ڵكو ژماره‌ی پێوانهییش ده‌شكێنێت. ئه‌و ره‌شپێسته له‌و پێشبڕكێیانهدا به وه‌رگرتنی چوار میدالیای زێڕ، باسكردن له سه‌رده‌ستی و پیرۆزی ره‌گه‌زی ئاری به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا، كه درۆی نازیگه‌ل بوو، چوار جار به‌درۆ ده‌خاته‌وه.
له یه‌كێك له پێشبڕكێكاندا، كه‌سێك ململانێ له‌گه‌ڵ ئۆوهنزدا ده‌كات، كه قژزه‌رد و چاوشینێكی ره‌سه‌نی سه‌ر به ره‌گه‌زی ئارییه، به‌ڵام له ئه‌نجامدا ده‌یدۆڕێنێت. پاش ئه‌وه‌ی هه‌ردوو ره‌شپێست و زه‌رین باوه‌ش به یه‌كتردا ده‌كه‌ن و ده‌ستله‌ملانێ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها پێكه‌وه وێنه‌ی مێژوویی ده‌گرن، نازییه‌كان به نووسراوی فه‌رمی هۆشداری ده‌ده‌ن به‌و یاریزانه‌ی ئه‌ڵه‌مانه كه بۆی نییه باوه‌ش به رهشپێستاندا بكات.
جه‌سی ئۆوهنز-ی ره‌شپێست ساڵی 1913 له دایك بووه. یه‌كێك بووه له كۆی ده منداڵی دایك بو بابێكی ره‌شپێستی لێوبه‌بار و لانه‌واز. ساڵی 1980 به شێرپه‌نجه‌ی سی كۆچی دوایی ده‌كات
پاش ئه‌وه‌ی ئۆوهنز چواره‌مین میدالیای زێڕی له ئۆلمپیای به‌رلیندا برده‌وه، به یاوه‌ری سكرتێری ئۆلمپیا و وه‌رگێڕه‌كه‌ی به‌ره‌و لای هیتله‌ر ده‌چێت. به چه‌ند مه‌ترێك به‌ر له گه‌یشتنی ، هه‌موو ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی هیتله‌ر، كه ژه‌نه‌راڵ و چهكمهڕهقی سه‌ربازی بازنه‌ی پاراستنی هیتله‌ر بوون، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست نه‌خه‌نه ده‌ستی رهشپێستێكهوه سه‌كۆكه به جێده‌هێڵن و ده‌ڕۆن.
كاتێكیش جه‌سی ئۆوهنز-ی سه‌ركه‌وتوو ده‌گاته‌وه ئه‌مه‌ریكا، هه‌ر له سۆنگه‌ی ره‌نگ ره‌شیدا، فرانكلین رهوزڤێڵت، له كۆشیكی سپی پێشوازی له‌و یاریزانه سه‌ركه‌وتووه ناكات كه ژماره‌ی پێوانه‌یی بۆ وهڵاتهكهی تۆمار كردووه.
سیروان ره‌حیم