Skip to Content

Tuesday, July 23rd, 2024
عیرفان ، کێ کوشتی؟ … سه‌عید عارف باپیر

عیرفان ، کێ کوشتی؟ … سه‌عید عارف باپیر

Closed
by August 14, 2012 گشتی

 

 

{تارمایی ، که‌سێکه‌ یان له‌سه‌ره‌دمێکی خوشی زێڕین

 ، یان له‌ سه‌رده‌مێکی تاریک و پڕ له‌ ئازاری خۆی دا قه‌تیس ماوه‌ } 

 

  من له‌دوای ساڵی 1989وه‌ عیرفان ئه‌حمه‌دم ناسی  ، ئه‌وم به‌هۆی براده‌رانی  تری به‌حێماوی ترمه‌وه‌ ناسی بو ، ئه‌و کاتانه‌ خۆم له‌ده‌ست چاره‌نوسبه‌ندی به‌رگه‌ی مه‌ره‌خه‌سی (ره‌زمه‌نده‌ی ناموزه‌می عیراقی) ڕاپسکاند بو  . که‌ هیچی جیاوازیه‌کی نه‌بو له‌گه‌ڵ مۆڵه‌تی (قوات جه‌حافیل خه‌فیفه‌ی عیراقی) دا (*)، له‌ سنوری دو  ووڵاتی به‌جه‌نگاتوه‌وه‌ په‌ریبومه‌وه‌ . له‌ ئه‌تمۆسفیرێکی وه‌هادا ، له‌و ماوه‌ کورتانه‌دا که‌ به‌ مۆڵه‌تی سه‌ربازی ده‌هاتمه‌وه‌ بۆشار و تێکه‌ڵی کۆڕی براده‌رانم .

  ئه‌و کاته‌ ،گله‌یی عیرفان و به‌شاهیدی براده‌رانیشی له‌ و باره‌ تایبه‌ته‌ی خۆی بو ،به‌وه‌ی ‌زیاتر له‌ چه‌نده‌ها کوڕی له‌ شارو شارۆچکه‌کان دا گرتووه‌ ، به‌ بێ ئه‌وه‌ی کاریگه‌ری و زرینگانه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت بدات به‌ باری ناو شۆره‌تی شاعیری ئه‌و ، به‌هه‌ر حاڵ له‌سه‌رو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ، ئه‌و زۆر چالاک و پڕ ئومێد بو  ، بۆ ئاینده‌یه‌کی  ڕۆشنتری خۆی .

دوای ڕاپه‌ڕین و ساڵه‌ قاتیه‌کانی 1991 . عیرفان ، ژیانی گوڕینێکی پڕ له‌ هاتی دارایی تێکه‌وت ، وه‌کو که‌سێکی خاوه‌ن ڕشته‌ی بواری ته‌ندروستی له‌و که‌سه‌ که‌مانه‌ بو که‌له‌ ڕیخراوێکی مرۆڤی خێرخوازی سه‌ر به‌وڵاتی ژاپۆن دا کاری ده ستکه‌وت ،به‌ موچه‌یه‌کی باش ، ئاله‌و کاتانه‌دا عیرفان ،   پر به‌خشش  وده‌سواڵاترین  که‌س بو  بۆ ده‌وروبه‌رو براده‌ره‌کانی ، هه‌ر به‌ ( ئیمرو ئولقه‌یسی ) شاعیری ناوداری جاهیلی عه‌ره‌ب ده‌چو ، زۆر بون له‌و براده‌رانه‌ی که‌ به‌هره‌ی به‌خشش و کۆڕی پڕ له‌ ژیان و باده‌ی ئه‌و ده‌یگرتنه‌وه‌، فه‌یزی ئه‌ویان به‌سه‌ردا ده‌باری .

به‌ڵام له‌ دوای 2003 و ڕوخانی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا ، ژیانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ش توشی ده‌ردی( ئه‌مریکانیزه‌) بون هات ، پاره‌و دارایی بو به‌هه‌مو شتێک و ‌ جێگه‌ی هه‌مو مۆراڵیکی تری کۆمه‌لگه‌ی گرته‌وه‌ .

یه‌کێک له‌ ڕوکاره‌کانی ئه‌م قۆناغه‌ ، بارکردن و پێچرانه‌وه‌ ڕیکخراوه‌ بیانیه‌کان ،عیرفان له‌وێدا به‌جێماو مایه‌وه‌ . ئه‌و شاعیرو هه‌ست ناسک بو  ، توانای ڕه‌نگ گۆڕین و خۆ گونجاندنی  قۆناغه‌ تازه‌که‌ی نه‌بو ، نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ ڕیتمی وشک و  جارسی  ( مۆنی ..مۆنی ) داسه‌ما بکات ، به‌پێجه‌وانه‌ی زۆرێک  له‌ حه‌رباسیفاته‌کان ( ئه‌وانه‌ی وه‌کو به‌ ئاسان گوڕینی کراسه‌ چلکنه‌کانیان، ده‌توانن بارو مۆراڵی خۆیان بگۆڕن ).

  عیرفان له‌ دنیا تایبه‌تیه‌ ڕون و زوڵاڵه‌ هه‌ستیاره‌که‌ی خۆی دا مایه‌وه‌ ، وای ده‌زانی ئه‌وانه‌ی  دوێنی له‌ به‌خششه‌کانی به‌هره‌دار بو بون ، ئه‌مڕۆ له‌به‌رچاویانه‌و بۆی جوبران ده‌که‌نه‌وه‌ ، هه‌میشه‌ به‌ نازی ڕابوردویه‌که‌وه‌ به‌سه‌ری ده‌کردنه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وان گۆڕابون رۆحی ناسک و هه‌ستی شاعیریانه‌ی ئه‌ویان نه‌ده‌بینی ، بگره‌ ئه‌و  باره‌ی ئێسیای ئه‌ویان به‌قورس له‌شانی خۆیان ده‌زانی  . تاده‌هات عیرفان ئه‌و ڕوگۆڕینه‌ ی ده‌ورو به‌ری به‌ نامۆ و نه‌گونجاو ناماقوڵ ده‌زانی ،.تائه‌وه‌نده‌ی توشی جۆرێک پارسه‌نگ لێ تێک چون هات بو . ده‌یه‌ویست خۆی له‌و دنیا بێ سفه‌ت و سپڵه‌یه‌ بدزێته‌وه‌ ، به‌دوای دا هه‌مان باری نوێی  ئه‌و ، ده‌بووه‌ دروست کردنی بیانویه‌کی تری نادروست بۆ باو په‌رست و حه‌رباسیفاته‌کان .

  عیرفان له‌نێو دنیای دوینێی خۆی دا قه‌تیس مابو ، دنیای ئه‌و به‌ره‌و کاڵ بونه‌وه‌و ، نه‌بینران ده‌چو . هه‌ست  به‌ ئازارو کۆڤانی ئه‌و نه‌ده‌کرا ، بو بو به‌تارماییه‌ک .  خۆ ئاخر ، سیفاته‌کانی تارمایی ، قه‌تس مانه‌ له‌ سه‌رده‌مێکی ڕابوردوی زێڕین  ، یان پڕ ئازاری که‌سێک دا.

  عیرفان ڕه‌نگبی به‌ده‌ست و لێدانی پۆلیسێکی خه‌مساردی موچه‌په‌رست ، یاخود له‌ کاره‌ساتێکی ناگه‌هان و که‌وتنی پڕ له‌ ئازارو جه‌فه‌نگی خۆی دا  ، به‌ر جه‌زره‌به‌ی مه‌رگ که‌وت بێت .

  (به‌ڵام بۆچی له‌ شوێنی وه‌هادا ، به‌و جۆره‌ بێ نازی و دره‌نگ وه‌ختیه‌ ،   هه‌واڵی مه‌رگی بگات ؟)

  باوه‌ڕم وایه‌ جگه‌ له‌ که‌س و شوێن و هۆی ماتریاڵی ڕاسته‌وخۆی مه‌رگی عیرفان .  له‌سه‌رو ئه‌مانه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی به‌رپرسی مه‌عنه‌وی مه‌رگی عیرفان بوو ، شتێکی تر بو .  هه‌ستی ناسک و ڕۆحی ڕون و زولالی  عیرفان  ، چیتر هه‌مواری زبری و ناهه‌مواریه‌ نوێ کانی  نه‌گرت ، ئه‌و دنیا نوێ یه‌ هه‌ناسه‌یه‌کی تیا نه‌ماوه‌ ، بۆ  ڕه‌وانی په‌پوله‌ ئاسای ئه‌و .

 باوه‌ڕم وایه‌ ، عیرفان ئه‌م ڕۆژگاره‌  نوێ یه‌ دڵڕه‌ق و بێ به‌زه‌یی یه‌ به‌هه‌مو شتێکیه‌وه‌ ، مایه‌ی مه‌رگ و کوشتنی  ئه‌و بو .

 

 

9/7/2012

سلێمانی 

saidaraf@hotmail.com  

 

په‌راوێــــــــــــــــــز

ــــــــــــــــــــــــــــــ :

(*) له‌دوای ساڵانی 1988 و ئه‌نفال دا هێزی پێشمه‌رگه‌ ، که‌وتبووه‌ دیوی ئێران و ده‌وڵه‌تی ئێرانی به‌ مۆڵه‌ت و مه‌ره‌خه‌سیه‌ک بواری هاتو چۆی شاره‌کانی  به‌وان ده‌دا ، به‌ ئیجازه‌که‌ ده‌وترا ، به‌رگه‌ی مه‌ره‌خه‌سی نیرو ڕه‌زمه‌نده‌ی نامونه‌زه‌می عێراقی ، له‌دیوی عیراقیشه‌وه‌ مۆڵه‌ت و ئیجازه‌ یه‌ک ده‌درا به‌ جاشه‌کورده‌کان به‌ناوی ئیجازه‌ی قواتی جه‌حافل خه‌فیفه‌ ، له‌ قه‌باره‌و شێوه ی په‌ڕه‌ کاغه‌زی یه‌که‌‌دا ، وه‌کو یه‌ک بون  ،ته‌نها ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێران بۆ ته‌نها 7ڕۆژ بو ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق بۆ 15 ڕۆژ پشو بو ، هێزه‌ کوردیه‌که‌ی دیوی ئێران به‌نه‌خوازراو دیفاکتۆیه‌ک بو بون به‌پارسه‌نگ له‌گه‌ڵ سوپای ئێرانی دا ، به‌ڵام هێزی کوردی دیوی عێراق به‌ئاره‌زو خۆ به‌خش بوبون به‌ هاوشانی سوپای عێراقی ، بۆ بێگانه‌یه‌ک چه‌کداری هه‌ردو هێزه‌که‌ی بۆ له‌یه‌کتری جیانه‌ده‌کرایه‌وه ،‌ ته‌نها به‌ وه‌ی یه‌ک هێزی چه‌کداری میللی کوردن و دابه‌ش بون به‌سه‌ر دو ده‌وڵه‌تی دوژمن به‌یه‌ک دا.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.