ئەدەب و هونەر پێوستیی ڕۆحین بەڵام!
له‌وه‌ته‌ی له‌م ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمەدا ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌کاڵا بووه، زۆر مرۆڤی هه‌ڵمه‌ته‌کاسه، له‌په‌نایدا حه‌ساونه‌ته‌وه. له په‌نای پرسی فه‌رهه‌نگدا، بازرگانی قه‌به په‌یدابوون. ئیدی حوشتر به‌کونی ده‌رزیدا بکرێت، ئه‌وانه لێی نایه‌نه جواب. هه‌زار ئه‌حمه‌د به مه‌حموود بکرێت ئه‌وان هه‌ر به‌خه‌یاڵیشیاندا نایه‌ت. چونکه بزنسه‌که‌یان، که بزنسی فه‌رهه‌نگه، تووشی بێ بازاڕی ده‌بێت.
هه‌زار خۆزگه‌م به‌و زه‌مانه‌ی، له به‌رانبه‌ر نووسینی شاکارێکی وه‌ک مهم و زین، یان شیعره‌کانی نالی و جه‌زیری و کێ و کێدا، ئه‌و نووسەرە پێشەنگانه تاقه میقڕێکیشیان له هیچ میر و که‌یخودایه‌ک وه‌رنه‌گرتووه. به‌ڵام ئه‌وان خۆشه‌ویستی و پشته‌وانیی ئه‌و خه‌ڵکه‌یان بۆ خۆیان مسۆگه‌رکردووه. له ڕۆژگاری بابا تاهیر، خانی، نالی و سالمدا، لە ڕووی مادییەوە ئه‌ده‌ب فلسه سووره‌یه‌کی نه‌کردووه، که‌چی ئه‌وان دوڕ و گه‌وهه‌ریان نووسیووه.
له نێو قاتوقڕیی بڵاڤۆک و خوێنه‌ریشدا هێشتا، به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵکشانی ژماره‌ی خوێنده‌واری ئه‌م چاخه‌دا، شیعری ئه‌وان له ئه‌ده‌بی نووسراوی ئێستا زیاتر له نێو خه‌ڵکدا ده‌ستاوده‌ستی کردووه. ئێستایشی لەگەڵدا بێت ئەدەبەکەی ئەوان زیاتر دەخوێنرێتەوە هەتا زۆرێک لە شیعرۆکە و میعرۆکەی ئێستا. چونکە کارەکانی ئەوان دوو ڕەگەزی گرینگ‌یان تێدایە. یەکەم ڕاستگۆی، دووەم تەواوی هونەرەکانی شیعر.
ئێستا کاره‌که پێچه‌وانه به‌ڕێوه‌ده‌چێت. بازرگانانی بوارەکانی ئەدەب و هونەر، به هه‌زاران دۆلاریان ده‌ستده‌که‌وێت. وه‌لێ ته‌نانه‌ت براده‌ره هه‌ره نزیکه‌کانی ڕۆژگاری ته‌نگانه‌ی خۆیشیان دۆڕاندووه، چ جای خۆشه‌ویستیی و ئامێزی گه‌رمی خه‌ڵک. ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌وان تێی که‌وتوون زۆر له‌سه‌ر ناووداویشیان که‌وتووه. تۆ هه‌روا سه‌رنج بده، بزانه پاره‌ی حه‌رام بواری فه‌رهه‌نگی به چ ده‌ردێک بردووه. باشه ئه‌م به‌کاڵابوونی فه‌رهه‌نگه بۆچی هونەرمەند و نووسه‌رانی خۆرئاوای تووشی قه‌یران نه‌کردووه؟
موزیک و گۆرانی بۆ سهرگهرمکردنن. کاتی خۆی به‌عس ده‌یخواست به ئه‌دب و شانۆی پووچ و موسیکی ئاستنزم و چهقڵهسهماوه خه‌ڵکه‌که سه‌رگه‌رم بکات. هه‌رچۆنێک بێت هه‌وڵ بدات ئه‌و خه‌ڵکه به‌م جۆره هونه‌ره بازاڕییه‌وه سەرقاڵ بکات، تاکو نه‌یانپه‌رژێته سه‌ر ئه‌وه‌ی بیرێک له حاڵی خۆیان بکه‌نه‌وه. دیاره جیاوازییەکی زۆر له‌نێوان گۆرانی شاد و ئه‌م جۆره گۆرانییه بێ ئاستهنادا هه‌یه که نه شیعریان له شیعر ده‌چێت و نه ده‌نگه‌کان ده‌نگن و نه ئه‌دا و وێنه‌گرتنیان شایانی بیستن و بینینە، مه‌گه‌ر ئەوەندە هەبێت، به‌هۆی جه‌سته‌ی مێینه‌وه، گهرەکیان بێت ڕاوی ئارەزووە متبووەکانی هه‌رزه‌کاری پێ بکه‌ن و هیچی تر.. که‌چی له‌م سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌م موزیک و گۆرانییه ئاستنزمانه لەپاڵ ئەدەبی ئاستنزم و زنجیرە درامای ئاستنزم و فیلمی ئاستنزم و شێوەکاریی ئاستنزمدا، زۆر به ئاسانی وڵاتیان پڕ کردووه و جێیه‌ک بۆ هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی جیددی نه‌ماوه‌ته‌وه و سه‌ریشیان له وه‌رگر (خوێنەر) تێکداوه. چونکە خوێنەر و وەرگری کورد، ئەمەندەیان ئەدەبی ئاستنزم خوێندەوە، ئەمەندەیان هونەری ئاستنزم بیست و بینی، بۆخۆیشیان بوون بە وەرگرو خوینەری ئاستنزم. تۆ سەیرکە، جاران هەر دەنگ ناسازی نێرینە میزاجی کوردەواریی تێکدەداین، ئێستا ژمارەیەک دەنگ ناسازی مێینەیشی هاتووەتە سەر!
حەمەفەریق حەسەن