هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌نگاوه‌ران كۆنترین كتێبخانه‌ی ئیسلام ده‌كاته كاولاش
شاری تیمبوكتو له رۆژئاوای سه‌رزه‌وینه رهشتاڵهكهی ئافریقیا، شوێنێكه به پێی رپۆرتی روژنامهوان و دیمه‌نی كامێرا‌كان بێت، پڕه له راز و پڕه له جوانیی رۆمانتیكی بیابان. تیمبوكتو ئامێزی به‌سه‌رهات و مێژووه. سه‌دان ساڵه تۆماری گرنگی كولتوری له‌و شوێنه له‌سه‌ر یه‌ك كه‌ڵكه ده‌بن و زه‌خیره‌ی به نرخ بۆ دیرۆكی كو‌لتور و زانست ده‌خه‌مڵێنن. به پێی لێدوانی شاره‌زایان و دیمه‌نی ئه‌و رۆژنامه‌وانانه بێت سه‌ردانی شاری تیمبوكتویان كردووه، شاره‌كه خاوه‌نی زانكۆیه‌كی گرنگ و مه‌ڵبه‌ندێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی توێژینه‌وه‌ی زانستییه. له باشوری بیاباندا، ئه‌و شاره هه‌ر له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه مه‌ڵبه‌ندێكی گرنگی كو‌لتور و زانیاری بووه.
كۆنترین كتێبخانه‌ی ئیسلام ئێستا له‌و شاره، واته له شاری تیمبوكتو دایه. ئه‌و كتێبخانه‌یه شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌دان ساڵه‌ی میراتیی زانستی ئیسلامییه. كاری زانستی چه‌ندین نه‌وه له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ی كتێب پارێزراوه. كتێبخانه‌ی ئه‌و شاره به سه‌دان ده‌ستنووس و كتێب و به‌ڵگه‌ی دیرۆكی تێدایه. ئه‌و به‌ڵگه و كتێبگهله گۆڤانی لێكتێگه‌یشتنی هزری ئیسلامیی لیبرال پێشان ده‌ده‌ن له‌و ناوچه‌یه.
به‌ڵام ئێستا ئه‌و شاره، كتێبخانه‌كه‌ی، زانكۆكه‌ی و دیرۆكه‌كه‌ی له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ترسناكی رێكخراوێكی توندڕه‌و دان، رێكخراوێك ناویان له خۆیان ناوه “ئه‌نسار ا‌لدین” و سه‌ر به رێكخراوی القاعیدهن. رێكخراوی ناوبراو خۆیان وه‌كو باسكی “مه‌غریب”ی القاعیدهن نێوزه‌د ده‌كه‌ن. پیاوانی توندڕه‌وی رێكخراوی “ئه‌نسار ا‌لدین” كه ئێستا له‌و هه‌رێمه‌ی وه‌ڵاتی مالی ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته ده‌ست، هه‌موو شتێك ده‌سووتێنن و ده‌ڕوخێنن كه له‌گه‌ڵ جیهانبینی ئه‌واندا نه‌گونجێت. ئه‌وان به‌شێكی گرنگ له دیرۆك و كولتوری به نرخی خۆیان وێران ده‌كه‌ن. ئه‌وان ئه‌و زێده به زانست ئاوه‌دانه ده‌كه‌ن به كاولاش. به‌شێكی گرنگی خوێندنگه و خه‌ڵوه‌تگه‌ی شاره‌كه و هه‌روه‌ها گۆڕستانی شاره‌كه‌یان شێواندوه و وێرانیان كردوه. ئه‌و شوێنانه بوون به خۆڵه‌مێش و جارێكی تر دروست نابنه‌وه و بۆ هه‌میشه له‌نێو چوون. به‌شێك له‌و رووداوانه به دیمه‌ن به راگه‌یاندنه‌كانی جیهان گه‌یشتوون.
به‌رپرسی یه‌كه‌می رێكخراوی “یونێسكۆ” ئیرینا بۆكۆڤۆ له‌و باره‌یه‌وه به هه‌ستی پڕ له خه‌مه‌وه رایگه‌یاند:
“ئه‌و هێرشه له دژی هه‌موو مرۆڤایه‌تی”.
بێگومان شاری تیمبوكتو ده‌كه‌وێته ژێر سه‌یوانی میراتی كه‌ونارای كولتوری رێكخراوی یۆنێسكۆوه.
له‌و رۆژه‌وه‌ی پیاوانی رێكخراوی “ئه‌نسار ا‌لدین” له‌و هه‌رێمه ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته ده‌ست، تۆقاندن و ترسی قوڵ به‌سه‌ر هه‌موو سیمایه‌كی ژیاندا سه‌رده‌سته. له‌و رۆژه‌وه سه‌رباری وێرانیكردنی ئه‌و شوێنه‌وارانه، ئه‌وان سه‌رقاڵی تێكدانی بانكه‌كانن، ئه‌لكهول و جگه‌ره و موزیكیان قه‌ده‌غه كردووه. سه‌رباری ئه‌وانه‌یش دادگای فه‌رمی ده‌وڵه‌تیان هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه و ئیتر “فیقهی ئیسلامی” دادوه‌ر و ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و بواره‌یه.
به‌ڵام هاودژی له كرده‌وه‌كانی ئه‌و پیاوه شه‌ڕانگێزانه‌دا ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان، واته رێكخراوی “ئه‌نسار ا‌لدین” به یارمه‌تی و كۆمه‌كی “تواریگهكان” هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات، له كاتێكدا، تواریگهكان-ی ئه‌و ناوچه‌یه ئیسلام بوونیان له‌و په‌ڕی لیبرال بوون و میهره‌بانی دایه. تواریگهكان گروپێكی موسولمانی به نێوبانگن بۆ لێكگه‌یشتن و ناتوندوتیژی له‌و سه‌رزه‌وینه رهشتاڵهیهدا. كه‌چی جه‌نگاوه‌رانی “ئه‌نسار ا‌لدین” به روحی پڕ له رقه‌وه هێرش بۆ سه‌ر میراتی كولتوریی جیهان ده‌كه‌ن و ناوه‌نده رووناكه‌كانی زانست ده‌كه‌ن به كاولاش.
سیروان ره‌حیم