خه‌ڵکی کوردستان له چوارچیوه‌ی موغامه‌ره‌ی بارزانی دا!
ئه‌مرۆ خه‌ڵکی کوردستان بیانه‌وێت یان نا له چوارچیوه‌ی کایه‌یه‌کی سیاسی نێو نه‌ته‌وه‌ییدان. ئه‌وان بێ ئاگا له بڕیاری سیاسی سه‌رۆکی هه‌رێم که‌وتونه‌ته نێو داوی یه‌کێک له گه‌وره‌ترین کایه سیاسییه‌کانی ناوچه‌که‌و جیهانه‌وه. سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ، که له‌هه‌مانکاتدا سه‌رۆکی هه‌رێمه، به ئاشکرا خۆی خستۆته پاڵ یه‌کێک له ته‌وه‌ره سیاسی و سه‌ربازییه‌کانی ناوچه‌که‌و جیهانه‌وه‌و ڕۆژانه به شێوه‌یه‌کی پراتیکی کاری بۆ ده‌کات به بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت گوێ بداته په‌رله‌مانه‌که‌ی خۆی که هه‌میشه ستایشی ده‌کات، وه به نوێنه‌رانی خه‌ڵکی کوردستان ناوزده‌یان ده‌کات. بێ ئه‌وه‌ی گوێ بداته ڕاگه‌یاندن و قسه‌کانی خۆی له‌هه‌مبه‌ر ئه‌وه‌ی که به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان ناکاته قوربانی کێبه‌رکیی وولاتانی ناوچه‌که. ئه‌م سیاسه‌ته‌ی بارزانی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه شاراوه نه‌بوو، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی ڕۆشن له هه‌ڵهاتنی هاشمی یه‌وه ده‌ستپێکردو ورده ورده کارته‌کانی تری راکێشا. بارزانی به‌ئاشکرا پێشوازی له عبدالباسط سيدا ده‌کات که سه‌رۆکی مه‌جلیسی نیشتمانی سورییه و ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن تورکیا‌و ئه‌مه‌ریکاوه به‌ڕیوه‌ده‌برێت به پاره‌ی قه‌ته‌رو سعودییه‌و سه‌رۆکایه‌تی سوپای ئازادی سوریا ده‌کات، که سیاسه‌ت و به‌رنامه‌یان هه‌مان شیواز‌و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکی یه که له ناوه‌راستی ساڵه‌کانی ده‌یه‌ی هه‌شتاکانی قه‌رنی ڕابوردوودا، سی ئای ئه‌ی چه‌کداره‌کانی کۆنترای پێکهێنا دژ به ده‌سه‌ڵات له نیکاراگوادا، وه‌ک گروپێکی هه‌ڵقه له‌گویی ئه‌مه‌ریکی و له پێناو جێخستنی سیاسه‌تی خۆیدا. له هه‌مانکاتدا ئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا په‌لکێش ده‌کات بۆ شاری که‌رکوک به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ حسابێک بۆ حکومه‌ت وده‌سه‌لاتی عێراق بکات که خۆی هاوبه‌شه له پێکهینانی دا‌و به ئاشکرا ڕاده‌گه‌یه‌نێت که “کورده‌کان” له سوریا چه‌کدار ده‌کات، دیاره ئه‌و گروپانه‌ی که دار ده‌ستی خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر نا ئێستا هه‌موو شاره کوردنشینه‌کانی سوریا به‌ده‌ست په‌که‌که‌وه‌یه…ئه‌مه به‌جیا له کایه‌ی سیاسییه‌کانی به ئابوری، واته به نه‌وت و کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان که زیاتر له 40 کۆمپانیا له کوردستان کارده‌که‌نو چواریان له گه‌وره‌ترین کۆمپانیا جیهانییه‌کانن، ئاکسۆن مۆبیل و شیفرۆن ی ئه‌مه‌ریکی و گۆلف کیستونی به‌ریتانی و، تۆتالی فه‌ره‌نسی…. که ئه‌م سیاسه‌ته به‌شیکه له‌هه‌مان سیاسه‌تی ئیستراتیژی بارزانی و لێی جیانابێته‌وه. واته له پشت گرێبه‌سته نه‌وتییه‌کانه‌وه له هه‌لومه‌رجی ئێستادا سیاسه‌ت بوه به پێشه‌نگ نه‌ک ئابوری، هه‌ر بۆیه چاله نه‌وتییه‌کانی کوردستان هه‌رزان فرۆش یا له ڕاستیدا فه‌رهود ده‌کریت له لایه‌ن ئه‌و کۆمپانیانه‌وه.
رؤشنه ئه‌م بریاره سیاسییه‌ی بارزانی بڕیارێکه ڕاسته‌وخۆ پراتیکیه‌و کاری پێده‌کات به بێ ئه‌وه‌ی بگه‌رێته‌وه بۆ لای هیچ لایه‌نێکی سیاسی ته‌نانه‌ت ئه‌و لایه‌نه‌ی که ڕیکه‌وتنی ئیستراتیژی هه‌یه له گه‌ڵیدا، ئه‌وه په‌رله‌مانه‌که‌ی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی بێ ئاگایه له هه‌موو شتێک، په‌رله‌مان سفری دوای فاریزه‌ش نییه، چونکه ئه‌و سفرانه‌ش به‌هایه‌کیان هه‌یه. به‌م پێیه بارازنی بۆته فه‌رمانڕه‌وای موتڵه‌قی کوردستان و تاکڕه‌وانه له جیاتی خه‌ڵکی کوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌کانی بڕیار ده‌دات له‌سه‌ر مه‌سه‌له گه‌لێکی سیاسی هێجگار چاره‌نوسساز، بارزانی به‌مکاره‌ی نه‌ک ته‌نها باوه‌ری به ” ده‌ستێوه‌ردان هه‌یه له کاروباری ووڵاتانی تردا” به‌ڵکو به پراتیک و به چه‌ک ده‌خاڵه‌تی ڕاسته‌وخۆ ده‌کات له کاروباری سوریادا، ئه‌مه‌ش ئه‌و درۆ گه‌وره‌یه ده‌سڕێته‌وه که هه‌میشه له سه‌ر زمانی سه‌رۆک و گه‌وره به‌ر پرسانی ووڵاتانه که” ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری وولاتانی تردا قه‌ده‌غه‌یه”!! وه به‌شێکه له پرنسیبی ڕێکخستنی په‌یوه‌ندی نێو ده‌وڵه‌تییه‌کان به‌پیی ده‌ستوری نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان. به‌هه‌ر حاڵ باسی من لێره‌دا ئه‌و نییه که ئه‌م سیاسه‌ته‌ی بارزانی که له خواره‌وه رۆشنی ده‌که‌مه‌وه سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت یان نا، به‌لام ئه‌و خه‌ڵکی کوردوستانی خستۆته نێو چوارچیوه‌و کایه‌یه‌کی سیاسی ناوچه‌یی و جیهانییه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداربن، چ جا بگا به‌وه‌ی که پرسیان لێ بکریت و ڕه‌ئیان وه‌ربگیرێت.
بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له نێو ئیستراتیژی ئه‌مه‌ریکیدا
ئیستراتیژی ئه‌مه‌ریکی، هه‌رهه‌مان ئیستراتیژی ساڵی نه‌وه‌ته‌کانه، “نیزامی نوێی جیهانی” به‌سه‌رکردایه‌تی ئه‌مریکا، جیاوازییه‌که ته‌نها له میکانیزمه‌کانی جیبه‌جێکردندایه، ئه‌وکات و تا نیوه‌می ده‌وره‌ی دووه‌می سه‌رۆکایه‌تی بۆشی کوڕ ئه‌م ئیستراتیژییه له ڕیگای جه‌نگی پێس وه‌خته‌وه Preemptive War “الحرب الاستباقیة” ده‌برایه پێشه‌وه، له کاتی ئۆبامادا ئه‌م میکانیزمه گۆرا به حوکمی شکسته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی ئه‌مه‌ریکا له عێراق و ئه‌فغانستان وهه‌روه‌ها داکشانی وه‌زنه‌ی ئابوری ئه‌مه‌ریکا له ئاستی جیهانیدا، بۆ میکانیزمی جه‌نگی ناعم”نه‌رم” هه‌رچه‌نده زۆر خوێناوییه، به‌لام له عه‌قیده‌ی ئه‌مه‌ریکیدا، باسی خوێن ته‌نها خوێنی سه‌ربازه‌کانی خۆیه‌تی، به جه‌نگی ناتۆ له لیبادا ده‌ڵین جه‌نگێکی نه‌رم…به هه‌رحال دوای ده‌رکه‌وتنی هێزی گه‌وره‌ی شۆرش له میسر‌و تونس و پشتگیریکردنی موباره‌ک و عابدین تا دوا هه‌ناسه و سه‌رنه‌که‌وتنی ئه‌م سیاسه‌ته‌و و سوک بوونی زیاتری جێگا‌و ڕیگای ئه‌مه‌ریکا له جیهانی عه‌ره‌بدا، ئۆباما له دوای ڕوخانی موباره‌کو سه‌رکه‌وتنی قۆناغی یه‌که‌می شۆرش له‌و ووڵاته‌دا ڕایگه‌یاند که ” به‌رژه‌وندییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا دژایه‌تی نییه له‌گه‌ڵ هیواوو ئامانجه‌کانی گه‌لاندا”. لیره‌وه ئه‌مه‌ریکا دوای شۆرشی تونس و میسر، میکانیزمی ئاماده‌ی تازه” کۆنی” خۆی به‌کارده‌هێنیت، که پشت نا به‌ستێت به جه‌نگی ڕاسته‌خۆی هێزه‌کانی خۆی به‌ڵکو پشت ده‌به‌ستێت به پێکهێنا‌نی سوپای کۆنترا که پێشتر له ناوه‌راستی سالاکی هه‌شتاکاندا له به‌رانبه‌ر حوکمڕانی ئه‌وکاتی نیکاراگوادا به‌کاری هێنا. سوپای هه‌ڵقه له‌گوێ به‌لام ئه‌مجاره‌یان له ژێر ناوی شۆرشدا، سوپا‌و حه‌شاماتی دژه شۆرش‌و تاسه‌ر کۆنه‌په‌رست به ناوی شۆرشه‌وه لغاویان به‌رده‌درێت به پاره‌و پولێ ئالسعود و قه‌ته‌ر ده‌که‌ونه گیانی ده‌سه‌لاته مه‌وجوده‌کان له لیبیا و له یه‌مه‌ن وه دواجار له سوریا، که ناوی سوپای ئازادیان به‌سه‌ردا داده‌بڕیت و له باری سیاسیشه‌وه له لایه‌ن مه‌جلیسی نیشتمانی سوریاوه وه‌ک ناوێکی ” نیشمانی” به‌ڕیوه‌ده‌برین. له باری ئایدۆلۆژی و سیاسیشه‌وه هیزه‌کانی ئیسلامی سیاسی له ئیخوانه‌وه بگره تا وه‌هابییه‌کان تلیاکی ئه‌م پرۆژه سیاسیه‌ی ئه‌مه‌ریکان و به‌م پێیه غه‌نوشیه‌کان له تونس و مه‌رسیه‌کان له میسر‌و عه‌رعوره‌کان له سوریا‌و قه‌رزاوییه‌کان له ئاستی جیهانی عه‌ره‌بدا ده‌بنه چاوگی بیر‌و سیاسه‌تی ئه‌م بزوتنه‌وه کۆنترایانه، ئه‌لجه‌زیره‌و ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ش و سه‌دان قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی نوسین فرۆش له ژێر لافته‌ی دیمو‌کراتیدا ده‌بنه بڵندگۆ.
ئه‌م بزوتنه‌وه‌ی ئێستا له سوریا ڕۆژانه خه‌ریکی کوشتن‌و بڕینه، بزوتنه‌وه‌یه‌کی تاسه‌ر کۆنه‌په‌رست و دژه شۆرشه، ئامرازێکی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکایه بۆ دوباره دابه‌شکردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و جیهانی عه‌ره‌ب به پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ڕۆژئاوا‌و به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریکا… هه‌مان سایکس –بیکۆیه به‌لام به میکانیزمێکی دیکه ئه‌وکات شه‌ریفی” ناشه‌ریفی” مه‌ککه بوو له ساڵانی 1916-1918 که هه‌مان نه‌خشه‌ی به‌ریتانی بوو بۆ دابه‌شکردنه‌وه‌ی میراتی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی ، دابه‌شکرانی جیهان له نێوان زلهێزانی ئه‌وکاتدا به تایبه‌ت به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسادا. ئه‌مڕۆ ئیستراتیژی ئه‌مه‌ریکی له ڕیگای ئیسلامی سیاسییه‌وه ده‌چیته پێشه‌وه. شه‌یتانی ئه‌کبه‌رو ئیسلامی سیاسی پێکه‌وه کلکیان گرێ داوه. به‌لام ئه‌وکات دابه‌شکردنه‌وه‌ی ناوچه‌که وه به‌رژه‌وندی زلهێزه‌کان له پێکهێنا‌نی ده‌وڵه‌تدا مه‌یسه‌ر ده‌بوو، ئه‌مرو، به پشت به‌ستن به ئایدیا‌و بیری پۆست مۆدرێنیزم، بڕیاره ئه‌م ده‌وله‌تانه له‌تو په‌تبکرێنه‌وه، له‌سه‌ر پایه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌ک و ئاین و تائیفه دوباره ناوچه‌که له بێژه‌نگ بدرێته‌وه به‌پێی ناوچه نه‌وتییه‌کان، سنوریان بۆ دیاریبکرێته‌وه، عێراق وه سودان وه لوبنان نمونه‌ی سه‌ره‌تایی ئه‌م میکانیزم‌و سیاسه‌ته‌یه بۆ جێبه‌جێکردنی هه‌مان ئیستراتیژی که له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ‌کرد. کۆنتراکانی سوریا ئامرازی جێبه‌جێکردنی داکێشانی نفوزی روسیا‌و چینن له ناوچه‌که‌دا وه دواتر ئێران. جه‌نگێک که ئه‌مڕۆ له سوریا به رێوه ده‌چیت نه‌ک هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به ژیانێکی باشتر‌و ئازادتره‌وه نییه بۆ خه‌ڵکی سوریا به‌ڵکو ڕاسته‌وخۆ دژ به‌ویستو خواستی خه‌ڵکی سوریاوه، ئه‌مڕۆ پاش له‌بارچونی شۆرشه‌کانی میسر‌و تونس ئه‌نجامه‌کانی ده‌بینین هه‌م له‌و ووڵاتانه‌و هه‌م له لیبیا‌و له یه‌مه‌ن وه له سوریا هه رئێستا له سه‌ر ده‌ستی کۆنتراکانی ئه‌مه‌ریکاو ئالسعوددا خه‌ڵکی بێ‌تاوان به ئاشکرا ده‌کوژرێت و کۆنه‌په‌رسترین فه‌رهه‌نگی کۆمه‌لایه‌تیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت، شوناسنامه‌ی تائیفی و ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی که له سوریادا هیچ کامیان نه‌بوبونه قه‌زییه‌یه‌کی کۆمه‌لایه‌تی ئێستا بۆته واقعیه‌تێکی ده‌رده‌ناک. چینی ده‌سه‌لاتداری ئه‌مرۆی سوریا، که حزبی به‌عس سه‌رکردایه‌تی ده‌کات، سه‌رمایه‌دارییه، به شیوه‌ی دیکتاتۆری خیزانی به‌ڕیوه‌ده‌برێت. ڕۆشنه که ئه‌م سیسته‌مه پێویسته بروخیت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی سوریا باشتر و ئازادتر بژین، ئه‌مه‌ش پێویستی به هاتنه مه‌یدانی ڕاسته‌وخۆی کرێکاران و خه‌ڵکی نارازی سوریا ده‌بێت به ده‌وری سیاسه‌تو جیهه‌تێکی کۆمۆنیستیدا، مه‌رجی یه‌که‌می بزوتنه‌وه‌یه‌کی له‌م چه‌شنه بڕینی ده‌ستی کاریگه‌ری سعودیه‌و قه‌ته‌رو تورکیایه، بڕینی ده‌ستی ئێرانه…. وه خۆجیاکردنه‌وه‌ی سیاسی و فکرییه له بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی به هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه، له وه‌هابییه‌کان ئیخوانییه‌کان و ئه‌وانی دیکه و هه‌روه‌ها ناسیونالیزمی عه‌ره‌ب که ئێستا فه‌رمانڕه‌وایه له سوریا. مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه ئه‌وه‌یه که ئه‌رکی فه‌وری کۆمۆنیسته‌کانه له ناوچه‌کدا که ئیعتبار بگه‌رێننه‌وه بۆ شۆرش ، ئه‌مڕۆ شۆرش بوه به ئاشوب، بوه به کوشتارگای خه‌ڵکی بێ تاوان، بوه به ویردی سه‌رزمانی کلینتۆن و ئۆباما‌و تیرۆریزمی ئیسلامی، شۆرشی سه‌رده‌می ئێمه پێویسته ئیعتباری واقعی و کۆمه‌لایه‌تی له نیو دڵی بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری دا به شیوه‌یه‌کی پراتیکی وه‌ربگرێته‌وه. ئه‌مانه گه‌وره‌ترین وانه‌یه‌کن که پێویسته به‌شی پێشره‌وی بزوتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه فێری بن نه‌ک له سوریا به ته‌نها به‌ڵکوو له هه‌موو ناوچه‌که‌دا.
بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له عیراق وه به‌تایبه‌تی بارزانی‌و باڵه‌که‌ی له‌نێو ئه‌م کایه‌دا مه‌له‌وانی ده‌کات، که پریه‌تی له گێژاو و ڕاسته‌وخۆ پشتی کۆنتراکانی گرتوه وه‌ک عاده‌تی هه‌میشه‌یی خۆی به‌لام ئه‌مجاره بارزانی به‌ناوی سه‌رۆکی کوردستانه‌وه خه‌ریکه ئه‌مکاره ده‌باته پێشه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه باری سیاسی و ئاراسته‌ی بارزانی بێت ئه‌وه‌چاڵه نه‌وتییه‌کان و سیاسه‌تی له به‌رانبه‌ر مه‌رکه‌زدا ئه‌م ئیستراتیژییه‌ی کامل ده‌کات. ئه‌م ئیستراتیژییه‌ی بارزانی بۆ هێنانه خواره‌وه‌ی نفوزی ئێرانه له عێراق و ناوچه‌که‌دا و له پاڵ سعودیه‌و تورکیا و قه‌ته‌ردا له جوارچیوه‌ی هه‌مان ئیستراتیژی ئه‌مه‌ریکیدا قه‌راری گرتوه، وه‌ک کۆنتراکانی سوریا. جێگا‌و ڕیگای بارزانی‌و بزوتنه‌وه‌ی بورژوازی کورد هه‌ر ئه‌و جێگا‌و ڕیگایه‌یه که مه‌جلیسی نیشتمانی سوریا هه‌یه‌تی له ئێستادا وه ته‌نانه‌ت نه‌ک دواتر. به‌لام ئه‌مه له کاتێکدایه که هێشتا هه‌لومه‌رجی سوریا ماویه‌تی یان زۆری ماوه. که هێشتا ئیران باڵا ده‌ستی گه‌وره‌و پله یه‌که له عێراقدا وه سنوره‌کانی ئێرانیش له گه‌ڵ کوردستان نه‌گۆره، په‌یمانه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له کاتی ڕودانی هه‌ر ئالوگۆرێکدا ناتوانێت فریای بارزانی بکه‌ویت و ئاشبه‌تاڵی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی سالێ 1975دا مێژوییه‌کی کۆن نییه. هه‌لو مه‌رجه‌که گۆراوه، هیز هاوسه‌نگی نێوان زلهێزه‌کانی جیهان گۆراوه، ئاڵوگۆڕه‌کان بروسکه ئاسا له ئاستی جیهانی و ناوچه‌ییدا ده‌گۆڕێن و ڕوده‌ده‌ن.
به‌ڵام بارزانی دواین کارتی خۆی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ڕاکێشاوه، وه‌کوو ئه‌وه‌ی له نۆزده‌دا ڕابکێشیت، ده‌یگرێت یان نا ئه‌وه‌یان جێگای لێکدانه‌وه‌ی سیاسی نییه له ئێستاوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕۆشنه ئه‌وه‌یه که بارزانی باڵه‌که‌ی له پاڵ کۆنه‌په‌رسترین ووڵات‌و هێزو ئاڵوگۆری سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی ناوچه‌که‌دان…. ئه‌و له پاڵ هیزه تیرۆریستییه ئیسلامییه‌کان و وه‌هابییه‌کان و ئیخوانییه‌کانی سوریا‌و ناوچه‌که‌دا وه‌ستاوه و پشتگیریان ده‌کات به‌ڵآم له هه‌ولیرو دهۆک یه‌کگرتوو ده‌سوتێنێت، ئه‌م سیاسه‌ته دوو فاقه‌یه وه‌ک ماری کۆبرا دره‌نگ یان زوو به ڕووی خۆیدا هه‌ڵده‌شاخێت و خه‌ڵکی کوردستانێش تیوه ده‌گڵین.
سیاسه‌تێک که ئێستا ده‌توانێت له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستاندا بێت، ته‌نها سیاسه‌تی کۆمۆنیستییه. به‌ڵام سیاسه‌تی کۆمۆنیستی له یه‌که‌م هه‌نگاویدا کۆکردنه‌وه‌و ڕێکخستن و ئاماده‌کردنی به‌شی پێشره‌وی بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری و خه‌ڵکی ناڕازییه به ده‌وری ئه‌و سیاسه‌ته کۆمۆنیستییه‌دا. سیاسه‌تێک که پشتی به‌ستوه به دابڕانی ته‌واو له وه‌همی نه‌ته‌وه و بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی، له‌باری سیاسی و فکری و فه‌رهه‌نگییه‌وه، که پشتی به‌ستوه به هێزی ڕیکخراوو ئاماده‌ی بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری له پێناو دابینکردنی ده‌سه‌لاتی کرێکاریدا له کوردستان. ئه‌مکاره له هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆدا مانای هه‌تنه مه‌یدانی خه‌ڵکی کوردستانه به‌ڕووی به‌رزانی وحزبه‌که‌ی وگشت ده‌سه‌لاتی بۆرژوازی کورد بۆ ئه‌وه‌ی له ئاکامه مه‌ترسیدارو زیانبارو موغامه‌ره‌کانی بارزانی به‌دوربن وجارێکیتر نه‌بنه‌وه بابه‌تی کاره‌ساته ماڵوێرانی‌و تراژیدیه‌کان، ده‌بێ خه‌باتی خۆیان ، توندکه‌نه‌وه وبۆ کۆتایی پێهێنانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به ڕیزی یه‌کگرتوو شۆڕشگێرانه‌ی خۆیان له‌مه‌یداندا یه‌کگرتوانه‌و ڕێکخراوو ڕابگرن و وه‌ک هێزێکی بڕیارده‌ر بۆبه‌ده‌سته‌وه‌گرتنی چاره‌نوسی ئه‌مڕۆ وداهاتووی خۆیان تێ‌بکۆشن. بارزانی ده‌یه‌وێت له وڕێگایه‌وه که له‌سه‌ره‌وه باسکرا به ده‌وڵه‌تی کوردی خۆی بگات واته له ڕێگه‌ی ئیمزای سی ئای ئه‌ی و پنتاگۆن‌و میتی تورکییه‌وه که وه‌کو پێشتر وتومه هیچی تێدا نابێت بۆ خه‌ڵکی کوردستان. له هه‌مانکاتدا ئه‌مڕۆ کاتی ئه‌وه‌یه که کۆمۆنیزم له کوردستان به ئاسۆی خۆیه‌وه بێته مه‌یدان و له ڕێگای سیاسه‌تی جیابونه‌وه‌ی کوردستانه‌وه ببێته پێشه‌نگی بزوتنه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تی خه‌ڵکی کوردستان دژ به ده‌سه‌ڵاتی ناسیونالیزم. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه خه‌ڵکی کوردستان جارێکی دیکه ده‌رگیر ده‌بنه‌وه له گه‌ڵ نه‌هامه‌تی جۆراوجۆر له وانه شه‌ری ناوخۆ، ئاواره‌یی، له باشترین باردا ئه‌و ده‌وله‌ته‌یه که بارزانی ده‌کاته شیخ نشینه‌کانی که‌نداو.
11ئۆگست 2012
سامان که‌ریم
Saman.karim5@gmail.com