Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
فرۆشی رۆمانی هاری پۆتەر گەیشتە 450 ملیۆن دانە

فرۆشی رۆمانی هاری پۆتەر گەیشتە 450 ملیۆن دانە

Closed

 

 

 

بەسەرهاتی رۆمانی هاری پۆتەر خۆی لە خۆیدا حکایەتێکی مەزنە. ئەو کتێبەی کەسەرەتا لەلایەن چەند دەزگاییەکی پەخشی بەریتانییەوە رەفزکرایەوە، کتێبێک کە هیچ کام لە دەزگاکان ئامادەنەبوون بڵاوییبکەنەوە، ئەو دەزگایەشی کە سەرەتا ئامادەبوو بڵاویبکاتەوە، هێندە ترسنۆکانە چاپیکرد ، کە تەنها 500 !! دانەیان لێ چاپکرد.

سەربوردەی ژیانی ژنە نووسەری ناوداریی  ئینگلیزیی Joanne K. Rowling جوانە رۆلینگ ، یەکێکە لەبەسەرهاتە مەزنەکانی ژیانی نووسەران. ئەو ژنەی کە لە لێواریی هەژاریی و دەستکورتیی دەژیا ، ژنێک کە خۆیی و منداڵەکەی بە سۆسیال دەژیان، ئەمڕۆ بۆتە دەوڵەمەندەترین ژنە نووسەری ئینگلیزی و جیهان. ئەو ژنەی کە لە کۆڵانە تارییکەکانی لەندەندا پەراوێزخرابوو، هەموو دەرگاکانی خۆشبەختیی بە ڕوویدا داخرابوو، ئەمڕۆ هەموو میدیاکانی جیهان دەرگاکانییان بۆ کردۆتەوەو هیوادارن کە بۆ یەک چرکەش بێت لەگەڵیدا بدوێن. ئەوە ئەدەب بوو کە ئەم ژنەی لە لێواریی هەژاریی و پەراوێزیی ڕزگارکرد و، کردییە یەکێک لە ئەستێرە پرشنگدارەکانی ئینگلاند و جیهان . 

Joanne K. Rowling جوانە رۆلینگ لە 31 یولیۆی 1965 لە شارۆچکەی Yate یاتە لەدایک دەبێت . باوکی کرێکاربووە لە کارگەی ئۆتۆمبیلی رۆڵ رۆیس ، دایکیشی لە موختەبەرێکی پزیشکی کارمەند بووە. جوانە رۆلینگ ژیانێکی منداڵی زۆر ئاسودەی هەبووە. هەر لە منداڵییەوە هۆگری چیرۆک و ئەدەب بووە. لە تەمەنی 5 ساڵیدا چیرۆکێکی منداڵانە دەنووسێت . هەر لەمنداڵییەوە لە وانەی زماندا زیرەک بووە، بەڵام لە ماتماتیک و سپۆرت( وەرزش) دا لاوازبووە.  

دایکی ئاواتەخوازبووە کە رۆژێک لە رۆژان جوانە ببێتە نووسەر ، ئەویش لە کۆتاییدا توانیی ئەم ئاواتەی دایکی بهێنێتە دی . ساڵی 1983 زمان و ئەدەبی فەرەنسی لە زانکۆی Exeter دەخوێنێت. ساڵی 1987 زانکۆ تەواو دەکات. پاشتر دەچێت بۆ پاریس و ماوەی ساڵێک لەوێندەر دەژی . لەو ماوەیەدا جوانە کۆمەڵێک کاری جۆراجۆر دەکات . پاشان دەگەرێتەوە بۆ لەندەن  و  بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بیرۆی رێکخراوی ئەمنستی ئەنتەرناسیۆنال کاردەکات .  پاشان ساڵی 1990 دەچێتە پۆرتوگال و لە وێندەر لە قووتابخانەیەکی ئینگلیزی ، وانەی زمانی ئینگلیز دەڵێتەوە. 

ساڵی 1992 Jorge Arantes دەناسێت ، ئەمیش رۆژنامەنووسێکی پۆرتوگالییەو لە تەلەڤزیۆنی پۆرتوگال کاردەکات . هەر ئەو ساڵەش خێزان پێکەوە دەنێن . لێ جوانە لە ژیانی خێزانیدا سەرکەوتوو نابێت و پاش ئەوەی کچێکیان دەبێت ، ساڵی 1993 لە مێردەکەی جیادەبێتەوە. پاشا دەگەرێتەوە بۆ لەندەن.

دیسانەوە ژیانی ناخۆشی  و هەژاریی و پەراوێزخستن ، ڕووبەروی جوانا دەبێتەوە. لەو ماوەیەدا چەند هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی کارێکی دەستبکەوێت بەڵام سەرکەوتوو نابێت . هەربۆیە هەوڵ دەدات لە پەیمانگایەکدا ، کۆرسێکی تایبەت بۆ پێگەیاندنی مامۆستایانی دەستبکەوێت ، بەو هیوایەی وەکو مامۆستایەک کاری دەستبکەوێت . بەڵام سەرکەوتوو نابێت و ناچار بە پارەی سۆسیال دەژی.  ئەویش وەکو هەموو خەڵکانی سۆسیالی لەندەنی ، ژیانێکی هەژارانە لە گرانترین شاری جیهاندا بەسەر دەبات . هەتا دێتیش هیوای باشبوون و خۆشگوزەرانی دوور دەبێت1.

 

بیرۆکەی رۆمانی هاری پۆتەر/

دیارە جوانە پێشتر چەند چیرۆکێکی نووسی ، لێ پاشان بەدڵی نەبوو هەموویان دڕاند. بەڵام لە ساڵی 1990 دا بیرۆکەی نووسینی رۆمانی هاری پۆتەر لە دایک دەبێت. ئەو دەیویست رۆمانێک بنووسێت کە باس لە  مێرد منداڵێکی ئەفسووناویی بکات . لە ساڵی 1995 دا یەکەم بەشی رۆمانەکەی تەواوکرد. سەرەتا بردی بۆ یەکێک لە دەزگاکانی پەخشی منداڵان ، بەڵام ئەو دەزگایە ئامادە نەبوو چاپی بکات ، چونکە بەلایانەوە کارێکی لاوازبوو. 

پاش ئەوەی کتێبەکەی بۆ چەند دەزگایەکی تری پەخش بردی ، بەڵام هیچ کامییان ئامادە نەبوون کە بۆی بڵاوبکەنەوە. لەکۆتاییدا ساڵی 1996 دەزگای Bloomsbury Publishing  ئامادەبەن بۆی چاپبکەن. هەرچەندە ئەمانیش سەرەتا رەفزیان کرد. بەڵام دواتر وەریدەگرن . بەڵام ئەمان ترسیان دەبێت کە کتێبەکە نەفرۆشێت ، چونکە ژنێک بنووسی ئەم کتێبەیە ، ئەوان دەترسن کە منداڵان کتێبی ژنان نەکڕن، هەربۆیە دێن یەکەم ناوی لێ لادەبن و تەنها ناوی “بنەماڵە” فامیلی دەنووسن . هەربۆیە هەتاوەکو ئەمرۆش لەسەر کتێبەکانی بەناوی ((J.K.Rowling. دەنووسرێت. 

سەرەتا هێندە بە ترسەوە چاپی دەکەن کە تەنها 500 ! دانەی لێ چاپدەکەن . بەڵام  پاش دوو رۆژ دەزگای پەخش و بڵاوکردنەوەی ئەمریکی Scholastic  نامەیەکی بۆ دەنێرن و داوای لێدەکەن کە مافی چاپکردنی ئەم رۆمانەیان بدەنێ ، لەبەرامبەردا 100 هەزار دۆلاری بۆ دەنێرن. کاتێک جوانە کە ئەم هەواڵە دەبیستێت ، بەهیچ شێوەیەک باوەڕ ناکات . وا دەزانێت گاڵتەی پێدەکەن ، لێ پاشان بۆی دەردەکەوێت کە فریشتەی بەخت هاتۆتە سەرشانی و دەرگای  خۆشبەختی لێکراوەتەوە. 

450 ملیۆن دانە /

ئەمرۆ رۆمانی هاری پۆتەر هەموو سنوورەکانی بەزاند. بۆ زیاتر لە 73 زمانی جیهانی وەرگێراوە. تەنها لە ئەڵمانیا  لە ساڵی 1997 وە هەتاوەکو ئەمرۆ  نزیکەی 31 ملیۆن دانەی لێ چاپکراوە.  لەگەڵ چاپ بوونی هەربەشێکی ، کە لە 7 بەش پێک دێت، هەموو کتێبخانەکان پڕدەبوون لە خەڵکی و بە پەرۆشەوە خەریکی کڕین و خوێندنەوەی رۆمانی هاری پۆتەر بوون .  هەفتەی پێشوو رۆژنامەی ڤێلتی ئەڵمانی ڕایگەیاند، کەلە دوا ئامارەکانی ئەم رۆمانە ، لەماوەی 15 ساڵی ڕابوردوودا ، فرۆشی  رۆمانی هاری پۆتەر گەیشتە 450 ملیۆن دانە .2 ئەمەش ژمارەیەکی زۆرەو هیچ وەختێک رۆمانێک نەگیشتۆتە ئەم سنوورە. 

دیارە پاشتر ئەم رۆمانە کرایە فیلم و سەرکەوتنی باشیشیی بەدەستهێنا. ئەمڕۆ نەک تەنها جوانە بەڵکو ئەوکەسانەشی کە ئەم رۆمانەیان کرد بە فیلم و رۆڵیان لەم فیلمەدا بینی ، بوونەتە ئەستێرەیەکی گەورەی میدیاکانی جیهان. بەدڵنییایەوە ئەمڕۆ جوانە رۆلینگ ناسراوترین و گەشاوەترین ئەستێرەی  ئینگلزییە، کەبەئاسمانی هەموو جیهاندا دەگەشێتەوە.  

هیوادارین رۆژێک لە ڕۆژانیش ئەم رۆمانە بکرێتە کوردیی و خوێنەری کوردیش بەم رۆمانە ناودارەی جیهان ئاشنا بێت .  

 

ئەردەڵان عەبدوڵا

Ardellen4@yahoo.de

 

سەرچاوە:

1.www.Wikipedia.org.Deutsch. J.K.Rowling

www.Welt.de. “Pottermania” – 450 Millionen Bücher in 15 Jahren.2

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.