Skip to Content

Tuesday, November 5th, 2024
كورته‌ وه‌ڵامێك بۆ كتێبه‌كه‌ی برایم جه‌لال

كورته‌ وه‌ڵامێك بۆ كتێبه‌كه‌ی برایم جه‌لال

Closed
by September 6, 2012 گشتی

 

كتێبی چه‌پكێك له‌ مێژووی كۆمه‌ڵه‌ ساڵی رابردوو له‌لایه‌ن برایم جه‌لاله‌وه‌ نووسراوه‌‌و له‌دوو توێی 500 لاپه‌ڕه‌ییدا له‌ شاری سلێمانی بڵاوكرایه‌وه‌، ئه‌م كتێبه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ بلاوكردنه‌وه‌یدا به‌هۆی ئاماژه‌دان به‌ كۆمه‌ڵێك هه‌ڵه‌‌و ناڕاستییه‌وه‌ له‌لایه‌ن چه‌ندین كه‌سه‌وه‌ بووه‌ مایه‌ی ره‌خنه‌‌و له‌چه‌ندین لاشه‌وه‌ وه‌ڵامداریه‌وه‌، من به‌ش به‌حاڵی خۆم وه‌لامی ئه‌و ناڕاستییانه‌ ده‌ده‌مه‌وه‌ كه‌ له‌باره‌ی خۆم و له‌ رێگای منیشه‌وه‌ خه‌لكانێكی تریشی گرتیته‌وه‌و له‌ كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێكردووه‌ ، هاوكات مه‌به‌ستمه‌ له‌ كۆتایی نوسینه‌كه‌دا ئه‌و كه‌موكورییانه‌ بوورژێنم كه‌ له‌سایه‌ی هه‌بوونی كه‌سانی نادپه‌روه‌ر له‌ناو ده‌سه‌ڵات‌و سیستمی سیاسیی‌و ئیداری وڵاتدا چاره‌سه‌رنه‌كراون، یان ویست‌و ئیراده‌ی چاره‌سه‌ركردنیان بێهێزه‌، هیوادارم هه‌ر كه‌سێك كه‌ قۆناغێكی دیاریكراوی مێژوو ده‌نوسێته‌وه‌ راستگۆ‌وتر بێت له‌گه‌ل خۆی و گواستنه‌وه‌ی دیارده‌و رووداوه‌ مێژووییه‌كانیشدا.

له‌م وه‌ڵامه‌مدا شێوه‌ی ئاخاوتنی ئاسایی به‌كاردێنم بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن كتێبه‌كه‌و خوینه‌رانی به‌رێز به‌شێوه‌یه‌كیتر لێكدانه‌وه‌ی بۆ نه‌كه‌ن، به‌وه‌ی كه‌وا من یه‌ك میسقال نیگه‌ران بووبم سه‌باره‌ت به‌و زانیارییه‌ ناڕاستانه‌ی كه‌ له‌ باره‌ی ئێمه‌وه‌ له‌ ناوه‌رۆكی ئه‌و كتێبه‌دا هاتوون ،هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكار بووه‌ كه‌ به‌ شێوازێكی ئه‌ده‌بی نه‌منووسیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی  به‌شوێن وشه‌و دارشتنی رسته‌دا بگه‌رێم.

بله‌ی برا له‌لاپه‌ره‌ی (436 )ی كتێبه‌كه‌تدا (چه‌پكێك له‌ مێژووی كۆمه‌له‌) هۆكاری سه‌ره‌كی شكانی هێزی پێشمه‌رگه‌ت له‌ شه‌ره‌كانی ماكۆك‌و كولاوی دێوانه‌و شاخی سیشار جگه‌ له‌و براده‌ره‌ی كه‌ به‌ فه‌رمانده‌ی تیپ ناوت بردووه‌، بۆ ئه‌و كه‌رته‌شت گێرایته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ من به‌رپرسی بووم‌و به‌شكانی ئێمه‌ش ته‌واوی هێزی پێشمه‌رگه‌ شكابیت !!! پاشان ئێمه‌ش ته‌سلیم بووبینه‌ته‌وه‌و بووبین به‌ جاش..!!.

بله‌ گیان خه‌لك گه‌ر لێوه‌كانی وشك بن، به‌ زمان مه‌ساجیان بۆ ده‌كات‌و نه‌رم‌و شلیان ده‌كاته‌وه‌ ،كه‌چی من ئێستا پێویستم به‌ مه‌ساجی زمانه‌ كه‌ له‌ ئاستی ئه‌و ناراستیانه‌دا له‌گه‌ڕ كه‌وتووه‌و جووله‌ی تێدا نه‌ماوه‌ به‌لام خۆشبه‌ختانه‌ په‌نجه‌كانم له‌ گه‌ڕ نه‌كه‌وتوون.

ئازیزم له‌وه‌ زیاتر پێم نانووسرێت كه‌ له‌ دلی خۆمدا دوعا بكه‌م و بلێم …بله‌ی برا ده‌ك پشیله‌ ویژدانت بخوات!..كوره‌ خۆ مال خشتوور ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شداری ئه‌و شه‌ڕانه‌مان نه‌كردبوو! ئه‌وه‌ چۆن دلت هات ئه‌و بوختانه‌مان بۆهه‌ڵبه‌ستیت! من له‌وكاته‌دا ئیشووكاری دادوه‌ریم پێ سپێردرابوو له‌ ژیانمدا فه‌رمانده‌ی كه‌رت نه‌بووم، به‌ڵكو كه‌رتێكی دادگامان هه‌بوو،جگه‌ له‌ به‌شداری چالاكی پێشمه‌رگایه‌تی ئه‌ركی پاسه‌وانی و راپه‌راندنی كاروباری دادگاشی له‌ ئه‌ستۆ گرتبوو كه‌ فه‌رمانده‌كه‌یشی ئامۆزایه‌كم بوو به‌ناوی محمد وه‌لاشی ئه‌ویش پێش شه‌ڕه‌كانی بێتواته‌ كاتێك مام جه‌لال باره‌گای هاته‌ بۆتێ ته‌واوی ئه‌و كه‌رته‌ی بۆ پاسه‌وانی برده‌ لای خۆی.من خۆم تاكو ته‌نیا له‌ دادگا مابوومه‌وه‌ پاش  گفتوگۆكانیش مام جه‌لال چووه‌ سورداش‌و پاشانیش بۆ ئاوه‌ژێ، به‌شێكی ئه‌و كه‌رته‌شی هه‌ر له‌گه‌لدا بوون‌و به‌شه‌كه‌ی تریشی بۆ پاراستنی باره‌گاكانی مه‌لبه‌ند له‌ بۆتێ مابوونه‌وه‌ ئه‌و شه‌ڕانه‌ی كه‌ باست كردوون من خۆم یه‌ك سنووری ده‌ستكرد لێیان دوور بووم‌و خه‌لكی دۆلی پلینگانیش ده‌زانن كێ به‌شداری ئه‌و شه‌رانه‌یان كردووه‌‌و ئێستاش من به‌ پێویستی نازانم ناویان بێنم چونكه‌ ناوی شكانت لێ هیناون‌و واته‌ هه‌لاتوون كه‌ ئه‌و وشه‌یه‌ بۆ زانیاریت ته‌نها بۆ شه‌ری جه‌بهه‌یی به‌كاردێت ئێمه‌ش هیچ كاتێك شه‌ری جه‌بهه‌ییمان به‌ واتای جه‌بهه‌یی نه‌بووه‌.

بله‌ گیان با ئێمه‌ش وه‌كو جه‌نابت ده‌ستی نووسینمان نه‌بێت! به‌لام سه‌یره‌ پێشبینی ئه‌وه‌ت نه‌كردووه‌ كه‌ لانیكه‌م توانای چه‌ند رسته‌یه‌كی شڕمان ده‌بێت وه‌لامت بده‌ینه‌وه‌،ئه‌وه‌ گریمان له‌به‌ر كوێره‌وه‌ری خۆمان و به‌ پێچه‌وانه‌ی جه‌نابت ئه‌و توانایه‌شمان نه‌بێت، به‌لام ئه‌گه‌ر خواردن له‌گه‌ل كۆێراندا خۆشیش بیت! ده‌بێت شتێكیشی بۆ خوا تێدا بێلیه‌وه‌!

بله‌ گیان ئه‌ی ئێمه‌ پێكه‌وه‌ له‌ ئه‌لمانیا نه‌بووین؟هه‌ی خودا لێتهه‌لنه‌گرێت!! جیاوازیمان هه‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ چه‌ند مانگێك له‌ دوای من گه‌یشتیته‌ ئه‌و ولاته‌،خۆ جه‌نابیشت ئه‌گه‌ر تاكوو پاش ئه‌نفاله‌كان بمابایته‌وه‌،محه‌مه‌د وه‌لاشی‌و كه‌رته‌كه‌شت له‌ قاسمه‌ره‌ش‌و ده‌وره‌وپشتی ده‌بینی و له‌ پێش چاوت ون نه‌ده‌بوو. زۆریشم پێ سه‌یره‌ كه‌ خۆت زۆر به‌ میانڕه‌وو نه‌رمونیان وێنا كردووه‌! كه‌چی ناسراو بووی به‌ یه‌كێك له‌ تووندڕه‌وه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ باڵه‌كانی تر، كه‌ به‌راده‌یه‌ك له‌ بیرووباوه‌ڕدا وشك بووی. لێم زیز مه‌به‌ ئه‌گه‌ر بلێم كێبركێت له‌گه‌ل ده‌سكه‌چیله‌ی ئاگر ده‌كرد!!له‌راسیتدا ویستم په‌نا بۆ دادگا ببه‌م بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ت‌و پێشمه‌رگه‌كانی به‌رێزیشت وه‌كو گه‌واهیده‌ر پشتیان پێ ببه‌ستم،به‌لام به‌ینی خۆمان بیت له‌گه‌ل كه‌سدا دوو هه‌فته‌ هه‌لتنه‌كرد تاكو ئه‌مرۆ فریام بكه‌وتبانه‌!

بله‌ گیان سێ سیمای سه‌ره‌كیم له‌ كتێبه‌كه‌ی به‌رێزت تێبینی كردووه‌:-

 1-له‌ لاپه‌ڕی یه‌كه‌مه‌وه‌  تاكو دوا لاپه‌ر كلاشینكۆفه‌كه‌ت سوار كردووه‌‌و له‌هه‌ر شوێنێكدا خشپه‌یه‌ك هاتبێت یان له‌ گوێت زرینگابیته‌وه‌ ده‌ستڕێژه‌كی بێ سێره‌ت تێگرتووه‌ و حیكایه‌تێكی گه‌وره‌و گرانت بۆهه‌ڵبه‌ستووه‌!

2-له‌و كتێبه‌دا زۆر دادپه‌روه‌ر بوویت مه‌گه‌ر له‌بیرت چووبێت ده‌نا كه‌سێكت ده‌رباز نه‌كردووه‌ ناوت نه‌هێنابیت‌و له‌ كه‌ولت نه‌دابیت.هه‌ر باش بوو ده‌سه‌ر نه‌چووی و به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست پێ بكه‌یت له‌كه‌ولی خۆشت نه‌داوه‌!

3- زۆر  له‌وانه‌ی ئه‌و جۆره‌ بیره‌وه‌ریانه‌ ده‌نووسنه‌وه‌ گه‌واهیده‌ریان یان هه‌ر به‌خۆیان بوون یان مردووی گۆڕستانانن، كه‌چی به‌رێزت زۆر بێباك و بوێرانه‌ رووداوه‌كانت به‌دوای یه‌ك رێز كردوون‌و بێئه‌وه‌ی یه‌ك تۆز گوێت پێ دابێت  ئه‌وانه‌ی كه‌ ناویان ده‌هێنیت ئه‌و وتانه‌ت پشتراست ده‌كه‌نه‌وه‌  یان نا!. 

كاتێك له‌ ئه‌لمانیا بووین زۆر جار له‌ میانه‌ی نوكته‌و قسه‌ خۆشه‌كانت كه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ تامه‌زرۆ گوێم بۆت شل ده‌كرد هه‌ناسه‌م بۆ راده‌گرتی! باسی ئه‌وه‌شت ده‌كرد كه‌وا سه‌رقالی نووسینه‌وه‌ی مێژووی كوردیت‌و ئه‌وه‌نده‌ په‌ڕه‌ی خورشیدیت نووسیوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌راستی و راشكاوانه‌ له‌ جه‌نابت فێر بووم په‌ڕه‌ی خورشیدی مانای چیه‌ به‌ڵام برایمی ئازیزم كه‌س نازانی واری خێروو شه‌ڕ له‌كوێیه‌؟، ئه‌گه‌ر ده‌مزانی ناوی منیشت له‌ناو ئه‌و په‌ڕه‌ خورشیدیانه‌ جێ كردۆته‌وه‌ به‌ خه‌یال منت كردۆته‌ جاش‌و راده‌ستی حكومه‌تت كردوومه‌ته‌وه‌،هه‌وڵم ده‌دا به‌ بیانوی چاو پێداخشاندنێك لێم وه‌رده‌گرتیت‌و بابه‌ته‌كه‌ی خۆم ده‌سڕییه‌وه‌، گوومانی تێدا نه‌ده‌بوو له‌كاتی پێداچوونه‌وه‌تدا هه‌ستت پێنه‌ده‌كرد چونكه‌ ته‌نها رووداوه‌ راسته‌كان هه‌ستیان پێ ده‌كرێت‌و ئه‌وانی تر له‌بیر ده‌چنه‌وه‌ وه‌كو راوچیه‌كه‌ی كه‌ گوایه‌ نێچیرێكی كووشتووه‌ و قاچی گرتوون‌و له‌سه‌ر شانی دانابن‌و به‌ره‌و مال گه‌راِبێته‌وه‌، له‌و كاته‌دا پرسیارێكیان ئاراسته‌كردبوو، پاشان پرسیویه‌تی ئاخۆ له‌ كوێ بووه‌؟ پێیان وتوه‌ قاچت گرتبوون ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌كی تر ته‌واوی كردووه‌!!

ئازیزم ئه‌گه‌ر موالیده‌كه‌ی خۆت وه‌كو نووسیوته‌  نه‌چووبێته‌ ئاوێ، كه‌ئیشه‌ڵڵا نه‌چۆته‌ ئاوێ  كه‌واته‌ هیشتا نه‌گه‌یشتوویته‌ خانه‌ی به‌ساڵاچووان! هه‌ربۆیه‌ش خه‌لك قسه‌‌و نووسینه‌كانت به‌ هه‌ند وه‌رده‌گرن‌و وه‌لامت ده‌ده‌نه‌وه‌ بۆیه‌ وه‌كو برایه‌كی خۆت داوات لێده‌كه‌م بۆ چاپێكی تر نووسینه‌كه‌ت نه‌ك هه‌ر له‌ هێلینگ و بێژینگ،به‌لكو له‌ سه‌ره‌دیشی بده‌ تاكو  شتێكی پوخته‌ی لێبێته‌وه‌.بله‌ گیان مرۆڤـ له‌ خوای داوایه‌ كێشه‌یه‌كی له‌ كۆل ببێته‌وه‌و له‌ بیری خۆی بباته‌وه‌،كه‌چی جه‌نابت به‌دووای كێشه‌ له‌بیرچوه‌كاندا ده‌گه‌رێی‌و زیندوویان ده‌كه‌یه‌وه‌ هه‌روه‌كو خۆت گۆته‌نی كه‌ونه‌ كای به‌با ده‌كه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ له‌ زیان زیاتر خزمه‌تی هیچ بیروو بۆچوون‌و هه‌لوێستێك ناكات. به‌رای من ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ باس له‌و باروودۆخه‌ی ئێستامان ده‌كه‌ن ده‌بێت راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ خزمه‌تی ئه‌و ئه‌زموونه‌مان بكه‌ن هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بوو كتێبه‌كه‌ت له‌سه‌ر مێژووی ئه‌زموونی ئه‌و هه‌رێمه‌ بوایه‌ له‌پاش سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ تاكو ئێستا، له‌سه‌ر- سه‌روه‌ت‌و سامان‌و داهاته‌كانی –خه‌رجی‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانی-سیاسه‌تی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی-گه‌نده‌لی‌و ده‌ست ده‌چۆك وه‌رهینان به‌رامبه‌ری‌و چاونوقاندن- ئاستی ئازادی‌و سه‌ربه‌ستی تاك‌و پاراستنی مافه‌كانی-ئاستی پێگه‌یاندن‌و په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌ی نوێ بۆ گرتنه‌ده‌ستی جله‌وی ده‌سه‌لات‌و پێشكه‌وتن‌و گۆرانیه‌كانی ژیان به‌ره‌و دانه‌بران له‌ پێشكه‌وتنه‌كانی جیهان-ژماره‌ی ئه‌و ملێۆنێرو ملیاردێرانه‌ی كه‌ هه‌مانه‌و ئه‌وانه‌ی كه‌ 250 دیناری برێمه‌ریش وه‌كو رۆژانه‌ ئه‌ده‌نه‌ دوو مندالی قوتابخانه‌یان-باسی هه‌لسووكه‌وتی به‌رپرسه‌كانت  بكردایه‌ – چۆن داده‌نیشن – چۆن هه‌لده‌ستن‌و سواری شلخه‌ی ئۆتۆمبێڵان ده‌بن- چۆن خۆیان ده‌گووشن تا بزه‌یه‌كیان له‌ لێوان داده‌تراشن‌و موجامه‌له‌یه‌كی ده‌ستكرد بنوێنن-شێوه‌ی به‌خێرهاتن‌و مالئاواییان له‌ خه‌ڵك- وه‌لامدانه‌وه‌ی به‌ده‌گمه‌نی به‌ ناچاری ته‌له‌فۆنه‌كانیان-به‌ینیان له‌گه‌ل راستی‌و به‌لێنه‌ كورتبره‌كانیان- شه‌ڕ كردنیان له‌ كاتی گه‌یشتنی خه‌رمان له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ده‌سه‌لات كه‌ كه‌س نابیته‌ برای كه‌س–به‌خشینی پله‌و پایه‌ بۆ خزم‌و كه‌س‌و ئاغاو به‌لێ راگره‌كانیان له‌ جیاتی په‌یڕه‌وكردنی پێوه‌ری تیكنۆكرات‌و په‌رۆشی خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی- به‌راوردی ده‌وڵه‌ته‌ سۆسیالیسته‌كانت بكردایه‌ چۆن له‌و زیندانه‌ گه‌وره‌و باروودۆخه‌ دواكه‌وتووه‌ی هه‌یان بوو به‌ ماوه‌یه‌كی پێوانه‌یی گه‌یشتنه‌وه‌ ولاته‌ ئه‌ورووپیه‌ رۆژئاواییه‌كان‌و ئێمه‌ش پاش زیاتر له‌ (20) ساڵی حوكمرانیمان هێشتا ئه‌زموونه‌كه‌مان هه‌ر تازه‌ زاوایه‌!- باسی ئه‌وه‌ت بكردایه‌ چۆن ئه‌و جۆره‌ ئه‌زموونانه‌ شانازی به‌ هه‌بوونی گه‌ره‌نتی نێوده‌وله‌تی ده‌كه‌ن بۆ پاراستن و دلنیابوون له‌ دوارۆژیان ئێمه‌ش ژماره‌ی كونسوولخانه‌كانمان‌و كۆمپانیاكانی وه‌به‌رهێنانی بیانی له‌ بواری نه‌وت به‌ گه‌ره‌نتی نێوده‌وله‌تیان تێده‌گه‌ین!!… هتد.

به‌لێ ئازیزم شتێكت له‌و بابه‌تانه‌ بنووسیایه‌ هه‌ر به‌رپرسه‌ی شتێكت له‌سه‌ری هه‌بوو ئه‌وه‌نده‌ت به‌ زه‌قی ناوت ببردایه‌‌و به‌ گه‌وره‌ییت بتنوسیبایه‌ تا په‌ڕه‌یه‌كی خورشیدیت پێ پر ده‌كرده‌وه‌، له‌ هه‌لسوكه‌وتی ئه‌مرۆیانت هه‌لێنجابایه‌ كه‌ كاتێك له‌ شاخ سینگی خۆیان به‌ر گولله‌بدایه‌، رێژه‌ی چه‌ند له‌ سه‌دی له‌به‌ر تێنووێتی گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌لات بۆ كوردایه‌تی مابوویته‌وه‌! ئه‌گه‌ر منیش نیازێكی له‌و باره‌یه‌وه‌م هه‌بووبیت ئه‌وه‌ وه‌كو یارمه‌تیده‌رێك بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ت له‌ خزمه‌ت جه‌نابتدا ده‌بووم، به‌لام ئه‌زانم ئه‌مه‌یان ناكه‌یت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆشت هه‌ر به‌رپرسی، چونكه‌ برای به‌رێزم كه‌ ده‌لێم هه‌موو نووسینێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بارۆدۆخی ئێستاوه‌ هه‌بیت ده‌بێت له‌ خزمه‌تی  گه‌شه‌كردن وپێگه‌یاندنی ئه‌و ئه‌زموونه‌ماندا بیت ئه‌زموونێك كه‌ هه‌وڵی بۆ بدرێت له‌ ژێر سیسته‌مێكی دیموكراسی رێره‌و بكات‌و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌لایه‌تی و سه‌روه‌ری یاساو پاراستنی مافی تاك و كۆمه‌ل و ئازادی بیرووراو ده‌ربرین  فه‌راهه‌م بكات، چیمان داوه‌ له‌ گۆرباتشۆف و بریسترۆیكاكه‌ی بووبێته‌ هۆی رووخانی سیسته‌می ولاته‌ سۆسیالیسته‌كان یاخۆت نا، ئه‌وه‌نده‌ی بیری خۆت له‌ ئه‌لمانیا تێدا سه‌رقال كردبوو دووژمنایه‌تی ئه‌و گۆرباتشۆفه‌ قوربه‌سه‌ره‌ت ده‌كرد،ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ت بیر له‌و ئه‌زموونه‌ كردبێته‌وه‌و دوژمنایه‌تی گه‌نده‌ڵیت كردبێت ئه‌وه‌ ده‌بێت ده‌ستخۆشیت لێبكرێت!مه‌رجیش نیه‌ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ كتێبان بیخوێنیته‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌مینی واقیعدا جێبه‌جێ بێت،ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ نه‌بوو ده‌بێت كتێب له‌گه‌ڵ واقیعدا بگونجێنرێت، نه‌ك واقیع به‌شه‌ق له‌گه‌ڵ نووسینی كتێبدا بگونجێنرێت.

برام ئه‌وه‌ی له‌ شاكاره‌كه‌تدا زۆر سه‌رسامی كردووم، ئه‌و شێوه‌و شێوازه‌ی لێكۆلینه‌وه‌یه‌ته‌ سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی نێوان كۆمه‌ڵه‌ی ئێران‌و دیموكرات كه‌ توانیوته‌ به‌ گوێ هه‌ڵخستن‌و خۆماتكردن به‌ دره‌نگانی شه‌و  له‌ په‌نا ده‌رگه‌ی ماڵاندا بگه‌یته‌ ئه‌نجامێكی باش !! شتێكی سرووشتیه‌ كه‌ هه‌ر ماڵه‌و به‌پێی هه‌واداری خۆی بۆ ئه‌م لایه‌ن‌و لایه‌نی تر باسی ئه‌م كێشه‌یه‌ی كردبێت، به‌لام ده‌بێت خه‌ڵكی ئه‌و دێیه‌ی كه‌ تێیدا لێكۆلینه‌وه‌كه‌ت ئه‌نجام داوه‌ لایه‌نگر یان هه‌واداری هیچ كام له‌ هه‌ردوو لایان نه‌بووبن و وه‌كو نێركه‌ كاردی له‌و گۆڕه‌دا شین بووبن؟!! تاكو توانیبێتت پشت به‌ زانیاریه‌ گوێ بیسته‌كانی دوای ده‌رگاكانیان ببه‌ستی!! ئازیزم هه‌رچه‌ند ئێره‌ جێگای ئه‌و داواكاریه‌ نیه‌،به‌لام خۆم بۆناوه‌ستێ‌، پر به‌دڵ داوات لێده‌كه‌م پێكه‌وه‌ ئیشی پارێزه‌رایه‌تی بكه‌ین جه‌نابت پسپۆری به‌دواداچوونی په‌ڕاوی لێكۆلینه‌وه‌به‌ له‌ دادگاكانی لێكۆلینه‌وه‌دا، كه‌ به‌ڕاستی ئه‌و لێكۆلینه‌وه‌یه‌ی جه‌نابت داهێنانێكی تازه‌یه‌ له‌بواری لێكۆلینه‌وه‌دا! ده‌بێت توێژینه‌وه‌و باسی له‌سه‌ر بكرێت و به‌ ده‌یه‌ها نامه‌ی ماسته‌روو دوكتۆرای له‌سه‌ر بنووسرێت به‌ناونیشانی (رۆلی خۆ ماتكردن له‌ بواری لێكۆلینه‌وه‌دا)!! بله‌ی برا به‌راستی له‌به‌ر سه‌رقالی پارێزه‌رایه‌تیم  ئه‌و كاته‌ زۆره‌م  نه‌بوو بیر له‌و ولامدانه‌وه‌ت بكه‌مه‌وه‌،كه‌چی دواجار له‌به‌ر دوو هۆی سه‌ره‌كی بڕیارمدا ئه‌و وه‌لامه‌ ساده‌و ساكاره‌ت بده‌مه‌وه‌،یه‌كیان فشارێكی زۆری محمد وه‌لاشیم له‌سه‌ر بوو ئه‌و فه‌رمانده‌ كه‌رته‌ی كه‌منت به‌ خه‌یاڵ له‌جێی ئه‌و دانابوو، دووه‌میان ئه‌و وشه‌ی جاشایه‌تیه‌ی به‌كارت هێنایه‌و به‌ناهه‌ق به‌سه‌رمانتدا بڕیووه‌، ئه‌گه‌ر به‌گه‌نده‌لچی وه‌سفی ئێمه‌ت بكردایه‌، ئه‌وه‌ زۆر به‌ ئاساییمان وه‌رده‌گرت له‌وانه‌بوو به‌ شێوه‌یه‌كی تر لێكمان دابایه‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستت ئاماژه‌ كردنه‌ بۆ هه‌ڵكه‌وته‌و لێهاتووییمان‌و وه‌كو پێهه‌ڵدانێك له‌قه‌ڵه‌ممان دابایه‌!!

بله‌ی برا زۆرم پێ سه‌یره‌ كه‌ ئێمه‌ به‌شداری ئه‌و شه‌ڕانه‌مان نه‌كردووه‌و باست كردووین،كه‌چی ئه‌وانه‌ی به‌شداریان كردووه‌ ناوت نه‌هێناون! ناكات بله‌ی ئازیز ئه‌مه‌ش به‌ خه‌باتی چینایه‌تیت هه‌ژمار كردبیت،راسته‌ هه‌مان هه‌واره‌ به‌لام هه‌مان به‌هار نیه‌، سه‌رده‌مێك بوو له‌ سایه‌ی ئه‌و به‌رگه‌ شۆرشگێرییه‌ ئاگر لێباریووه‌و درووشمه‌ بریقه‌دارانه‌دا توانیتان جێگای ئاغای كۆن بگرنه‌وه‌و له‌ شوێنی كاوله‌ خانوه‌ له‌ قوروو به‌رد درووست كراوه‌كانیاندا كۆشك‌و ته‌لاری رازاوه‌ به‌ حه‌لان‌و مه‌رمه‌ر درووست بكه‌ن‌وببن به‌ ئاغای به‌رپرسی زه‌مانی عه‌وله‌مه‌،ئێمه‌ سیسته‌می ئاغایه‌تیمان به‌جێهێشت چونكه‌ رێگر بوو له‌به‌رده‌م گه‌شه‌كردن‌و گۆڕانه‌كانی كۆمه‌لگا نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه‌ جێگامان بگرنه‌وه‌،هه‌رچه‌ند ئێمه‌ به‌به‌شی خۆمان رازین چونكی سه‌رمان سووككه‌‌و له‌ ناوه‌كه‌ زیاتر هیچی ترمان نیه‌ ئه‌ویش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه‌دا نیه‌  له‌سه‌رمان هه‌لبگیرێ هه‌ر بۆیه‌شه‌ كاتێك باسی گه‌نده‌لی‌و شه‌فافیه‌ت‌و بردنی سه‌روه‌ت‌و سامان‌و گرێبه‌ست‌و به‌زم‌و ره‌زمه‌كان ده‌كرێت تا دامان ناگریت‌و به‌شه‌وو نیووه‌ شه‌وان مولكه‌كانمان به‌ ناوی ئه‌م‌و ئه‌وی تر بكه‌ین‌و خه‌می پاره‌كانیشمان نیه‌ بۆ كوێیان راپه‌رینین‌و یاخود راده‌ستی كێیان بكه‌ین،تا باله‌خانه‌ی به‌رز به‌رز به‌ناوی خۆیان پێ درووست بكه‌ن،به‌لام له‌هه‌مان كاتیشدا ناتوانین ره‌وڕه‌وه‌ی مێژوو بوه‌ستێنین!! باروو دۆخی زاتی‌و بابه‌تی ئێمه‌ش پێگه‌یشتووه‌ كه‌ ده‌ست بده‌ینه‌ خه‌باتی چینایه‌تی به‌ هیوای ئه‌وه‌ی جێگاتان بگرینه‌وه‌!!به‌لام په‌یمان بێت كاتی جێگامان گرتنه‌وه‌!! له‌ ئێوه‌ زیاتر له‌ خه‌می خه‌لكی كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتیه‌كانیدابم..له‌ پێناویدا ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمبێت بیكه‌م.. به‌ سیاسه‌تكردنی به‌لێن قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌م،سزای جێبه‌جێ نه‌كردنی به‌لێنه‌كان ده‌رده‌كه‌م..به‌ میرات به‌ حیزب بوون هه‌لده‌ته‌كینم،دووباره‌ تاكه‌كان په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌م..حیزب‌و حكومه‌ت له‌یه‌ك نه‌ناس ده‌كه‌م،به‌ موئه‌سه‌ساتكردنی داموو ده‌زگاكان ده‌ست پێده‌كه‌م.. گه‌ڵ به‌ هۆشیاری گرینگی هه‌لبژاردنه‌كان په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌م..له‌ جیاتی خه‌رجیه‌كانی كۆنسێرتی ده‌نگ په‌یدا كردن ئه‌و پاره‌ هه‌لڕشتنه‌ له‌و بواره‌دا سه‌رف ده‌كه‌م..هه‌لبژادنه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌ك رێكیان ده‌خه‌م كه‌ دۆراوو پێشی براوه‌ ئه‌نجامه‌كان قبول بكه‌ن ، یه‌كتر له‌ ئامێزدا گیربكه‌ن،پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پرَۆسه‌یه‌ له‌ گه‌ل‌و نیشتمان بكه‌ن..رۆژنامه‌و كه‌ناله‌كانی تری میدیای ئازاد ده‌كه‌مه‌ چه‌كی ده‌ستی بێ چه‌كان پارێزگاریان پێ له‌ ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌ل و نیشتكان ده‌كه‌م..په‌رله‌مانتاره‌كانیش ده‌رگای بانكه‌كانیان بۆ والا ده‌كه‌مه‌وه‌، تا چیتر بیر له‌ زیادكردنی مووچه‌و ده‌رماله‌و وه‌رگرتنی شوقه‌و ڤیللا نه‌كه‌نه‌وه‌.. به‌ یاسای (اصلاح زراعی) چیتر زه‌وی‌و زار دابه‌ش ناكه‌م،پاره‌و پوولی بانكه‌كان بلۆك ده‌كه‌م،كۆشك‌و ته‌لاروو باله‌خانه‌ به‌رز به‌رزه‌كان به‌ش به‌ش ده‌كه‌م..هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌روه‌ت وسامانی دونیایان به‌ناوه‌ خاوه‌نی هیچیش نین له‌ كتێبی سه‌یروو سه‌مه‌ره‌كانی سالانه‌ی دونیایان تۆمار ده‌كه‌م..ئه‌وانه‌ی زه‌وییان به‌ گرێبه‌ستی(مساگحه‌) وه‌رگرتووه‌و رۆژی دوواییش خه‌ت خه‌تێن‌و مه‌تربازیان تێدا كردووه‌ هه‌ر مه‌تره‌ی  به‌ نرخێكی خه‌یالیان له‌ پێش چاوی هه‌مواندا فرۆشتووه‌ ئه‌وانه‌ خه‌لكی بوێرن نۆتی شوجاعه‌یان له‌به‌ر ده‌كه‌م…هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ناوی گه‌نده‌ڵی دوورخراونه‌ته‌وه‌و له‌ ماڵ پاڵیان لێداوه‌ته‌وه‌‌و سه‌ره‌مانگان مووچه‌كانیان راده‌ست ده‌كه‌ن چیتر مووچه‌ نایه‌ته‌ ماله‌كانیان ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌ كۆل ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌..گرێبه‌ستی كۆمپانیاكان ئه‌وه‌نده‌یان ده‌گوشم  ئه‌وه‌نده‌یان ده‌گوشم تا له‌ داخان هاوار ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ی ژێر به‌ڕه‌ ده‌هیننه‌ سه‌ڕ به‌ڕ‌و نهێنیه‌كان ئاشكرا ده‌كه‌ن…هه‌موو شه‌راكه‌ته‌كان له‌ شه‌ریكی لكاویان پاك ده‌كه‌م له‌سه‌ر ته‌پوو تۆزی دارمانیاندا په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌ندرووستی تری بازرگانی درووست ده‌كه‌م..هاورده‌كردنی سه‌ره‌تان له‌ كوردستان قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌م نرخی پاكه‌تێكی جگه‌ره‌ بۆ سه‌د دۆلار به‌رز ده‌كه‌م..ئه‌و بازاره‌ به‌ ناو ئازاده‌ عه‌یار كوردیه‌ش  به‌و وێڵیه‌ لێناگه‌رێم سنوورداری ده‌كه‌م دوور له‌ خواست و به‌رژه‌وه‌ندی چه‌پره‌وانی دوینێ به‌و ره‌هاییه‌ی به‌ره‌و  سه‌رمایه‌داری نابه‌م.. چیتر لێناگه‌رێم دكتۆره‌كان مێشه‌وان بن‌و ره‌شوو رووتیش مێشی غه‌لێف رۆژانه‌ بیانبڕنه‌وه‌ نه‌خۆشیه‌كانیشیان وه‌كو خۆیان بمێننه‌وه‌..ئامێرێك درووست ده‌كه‌م هه‌ر به‌رپرسێك گه‌نده‌ل بیت و دژی گه‌نده‌لیش قسه‌ بكات فیكه‌ له‌دووای فیكه‌ی بۆ لێبدات..ئه‌وانه‌ی ساخته‌كاری ده‌رمانیشیان كردووه‌ هه‌موو رۆژێ به‌ دڵ له‌ خوای مه‌زن ده‌پاڕێمه‌وه‌ پاش هه‌موو ئیعدام كردنێكیان زیندووشیان بكاته‌وه‌..ئه‌و ئه‌ندازیارانه‌ی كه‌ خیانه‌تیان له‌گه‌ل پیشه‌كه‌ی خۆیان كردووه‌ پرۆژه‌ی ته‌واو وه‌رناگرن بۆ ژێر به‌ ژێر ناته‌واویش وه‌رده‌گرن به‌ ژێر به‌ژێر به‌ رۆله‌ی ئه‌و نیشتمانه‌یان چیتر هه‌ژمار ناكه‌مه‌وه‌.. هه‌ر كه‌سێكی له‌ پله‌كانی فه‌رمانبه‌ری وه‌كو راكێت به‌ره‌و ژوور كشا چاودێریه‌كی وردی ده‌كه‌م ماستاوچیه‌ ئاغاو به‌لێی راگرتیه‌ ده‌ری ده‌كه‌م.. ئه‌وه‌ی خزم‌و كه‌س‌و كارمه‌ له‌ هه‌موو پله‌و پایه‌كانیان بێبه‌ش ده‌كه‌م ..داواكراوی دادگاكانیش حه‌شار ناده‌م هه‌رچی زووتره‌ ئاماده‌ی پێش دادگایان ده‌كه‌م..گه‌لی خۆشم ئه‌وه‌نده‌ به‌ زاناو دانا تێده‌گه‌م هه‌ر هه‌نگاوێك بهاوێژم هه‌زار حیسابی بۆ ده‌كه‌م.. بۆ هه‌ر هه‌ڵه‌و سه‌رپێچیه‌ك حاشا ناكه‌م هه‌زار جار داوای لێبووردنی لێ ده‌كه‌م.. كێبركێ له‌سه‌ر زیاتر خزمه‌تكردنی ولات به‌ پیرۆزترین خه‌باتی تێده‌گه‌م كوتله‌و كوتله‌كاری ناو حیزبه‌كان حه‌رام ده‌كه‌م چیتر یاری به‌خوینی شه‌هیدان قبول ناكه‌م..ئه‌و ژنه‌ پێشمه‌رگانه‌ی كه‌ تاڵ و تفتی شاخیان كێشا له‌گه‌ل پیاوه‌كانیان له‌ خۆشیشدا ژنی دووه‌میان به‌سه‌ر هێنان په‌یكه‌ری زێریان بۆ درووست ده‌كه‌م.. خاوه‌نه‌كانی ئینته‌رنێتیش سزایان بۆ ده‌برمه‌وه‌ چیتر لێناگه‌ریم هاولاتیان له‌ چاوه‌روانی هاتنی بابه‌تێك خه‌وی شیرین بیانباته‌وه‌.. كۆمپانیاكانی مۆبایلیش به‌و خه‌یاله‌یان ناهێلمه‌وه‌ ببنه‌ خاوه‌ن به‌شی داهاتی  هه‌موو مالێك پشكی شێریان به‌ گیرفاندا شۆر بیته‌وه‌..مه‌رجه‌كانی ئه‌ندازیاری بۆ درووست كردنی كۆمه‌لگاكانی نیشته‌جێ بوون به‌ یه‌ك موو لێ لاناده‌م، ئه‌وانه‌ی ئێستاش له‌سه‌ر ره‌وڕه‌وه‌یه‌كی ئاسنیان چه‌سپ ده‌كه‌م بۆ دووری شار پالیان ده‌ده‌م،میلله‌تی خۆم له‌ به‌لای كاولبوون به‌سه‌ریاندا رزگار ده‌كه‌م..هه‌موو شه‌قامه‌كانیش جووت ساید ده‌كه‌م به‌ گیانێكی وه‌رزشوانی ته‌ماشای قوربانیانی رووداوه‌كانی هاتوو چۆ ناكه‌م..وه‌ره‌قه‌ی ته‌زكیه‌ی حیزبی هه‌موو فه‌رمانبه‌رێك وه‌رده‌گرم‌و ده‌یسوتێنم، كه‌سایه‌تی خۆی بۆ ده‌گێرمه‌وه‌، وابه‌سته‌كی گه‌ل‌و نیشتمانی له‌ ئامێزێ ده‌گرمه‌وه‌..كۆبوونه‌وه‌ی حیزبی له‌ بنكه‌و باره‌گاكانی هێزی چه‌كدار قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌م،به‌ كاره‌ساتی هه‌ژمار ده‌كه‌م ئه‌وه‌ی بشكات روتبه‌كانی له‌ گیرفانی قۆپچه‌به‌ند ده‌كه‌م به‌ره‌و مالی ده‌نێرمه‌وه‌..ئه‌وجار دێمه‌ سه‌ر دادگاكان هه‌ر خۆم ده‌زانم چۆنیان رێك ده‌خه‌م..چۆن دادوه‌ران پێ ده‌گه‌یه‌نم و ژماره‌یان هه‌ر زۆر ده‌كه‌م..بێ لایه‌نیان ده‌سه‌لمێنم و وابه‌سته‌كیان قبول ناكه‌م..چۆن دادگاكان ده‌كه‌م به‌ دڵ كۆمه‌لگاش به‌ جه‌سته‌كه‌ی هه‌موو شاده‌ماره‌كانی ژیانیان پێدا تێپه‌ر ده‌كه‌م..هه‌موو بریاری دادگاكانی پێداچونه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ به‌ تێروو ته‌سه‌لی ده‌نوسمه‌وه‌ به‌ خویندنه‌وه‌ی هه‌موو ته‌مێك بره‌وێنمه‌وه‌..په‌یمانگه‌ی دادوه‌ریش وه‌ك بیلبیله‌ی چاوم ده‌بیت بایه‌خی پێ بده‌م پێوه‌ری وه‌رگرتنی خویندكارانی به‌ فلته‌رێكی تر گولبژێر بكه‌م..وانه‌ی زیاتر پیاده‌ ده‌كه‌م هه‌ر به‌ته‌مای وانه‌كانی یاساییان تێپه‌ر نه‌كه‌م..ده‌سكاری یاسای ده‌سه‌لاتی دادوه‌ریشت بۆ ده‌كه‌م..صنف‌و اصنافی دادوه‌ران ته‌نها بۆ مووچه‌ كاری پێ ده‌كه‌م بۆ دانی پله‌و پایه‌ی دادوه‌ری پێوه‌ری ئه‌زموون‌و توانای یاسایی په‌یره‌و ده‌كه‌م..گواستنه‌وه‌و جێگۆڕكه‌پێكردنی دادوه‌ران به‌بێ هۆكار په‌سند ناكه‌م..دادگاكانی كارگێریشت ده‌گێرمه‌وه‌ بۆ سه‌ر ده‌سه‌لاتی دادوه‌ری چیتر وه‌زاره‌تی دادیان لێ به‌رپرس ناكه‌م..یاسایه‌كیش بۆ دواكاری گشتی ده‌رده‌كه‌م سه‌ربه‌خۆی‌و بێلاینیان دابینده‌كه‌م ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌ركه‌كانیان به‌ كوفرێكی كۆمه‌لایه‌تی تۆمار ده‌كه‌م ..ژماره‌ی دادوه‌رانی ته‌میزیشت سێ به‌رابه‌ر‌و چوار به‌رابه‌ر زیاد ده‌كه‌م هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك به‌سه‌ر سێ چوار ده‌سته‌ دابه‌ش ده‌كه‌م.. ئه‌وه‌نده‌ كاتی زۆریان له‌ ژێر ده‌ستی ده‌هێلمه‌وه‌ هه‌موو داوایه‌ك په‌ڕ به‌ په‌ڕ  به‌ لائیحه‌ی پارێزه‌ریش زۆر به‌ وردی بخویننه‌وه‌.. هه‌ر داوایه‌ك گه‌یشته‌ ته‌میز نابێت جێگای خۆی گه‌رم بكات به‌ بریاردان تێپه‌ریده‌كه‌م.. دادوه‌رانی دادگای ته‌میزیش لێناگه‌رێم به‌و ئاسانیه‌ بۆ ئه‌م دادگایه‌ باز بده‌ن.. هه‌ر خۆم ده‌زانم به‌ چ پێوه‌رێك دایان ده‌مه‌زرێنم‌و ده‌ست به‌كاریان ده‌كه‌م.. لێناگه‌رێم چیدیكه‌ په‌راوی لێكۆلینه‌وه‌ش به‌ پشتی كیسه‌ل بگوازرێته‌وه‌ ده‌زگایه‌كی تایبه‌تی بۆ درووست ده‌كه‌م..هه‌موو بوارو كایه‌كانی ژیان هه‌لیان ده‌سه‌نگێنم‌و ده‌ستكاریان ده‌كه‌م.. لاپه‌ره‌یه‌كی نوێش بۆ هه‌موو به‌رپرسێك ده‌ستپێده‌كه‌م به‌ جیاوازی هه‌ڵس و كه‌وت و وتاره‌كانی دوینێی شاخ و ئه‌مرۆیان ئیحراج ناكه‌م..مه‌رج نیه‌ هه‌رچی بۆشم وتراو گه‌ڕاوه‌، به‌ راست و درووستی تێبگه‌م..ئه‌گه‌ر وتیان تازه‌ ده‌رچووێكی زانكۆیان كرد به‌ به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ توند توند گوێی خۆم ده‌گرم‌و ده‌لێم به‌ چاوی خۆشم  ببینم بروا ناكه‌م!..بله‌ی برا نابڕێته‌وه‌ من چی ده‌كه‌م،هه‌ر خۆم ده‌زانم چی ده‌كه‌م..شێتانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌م..له‌ داخی خاك‌و ولاته‌كه‌م ئاگر ده‌ویژدانی سه‌رجه‌م بێویژدانان به‌رده‌ده‌م.. بله‌كه‌ ئه‌گه‌ر خوا ده‌كات جێگاكه‌ی تۆم گرته‌وه‌ مه‌رج بێت جارێكی تر لێنه‌گه‌رێم زستان بێت ئه‌گه‌ر هاتیش ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و كوردستانه‌دا بێ به‌فرو باران بێت.

 


پارێزه‌ر: ئیحسان وه‌ڵاشی

حاكمی پێشووی شۆڕش

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.