بیرکردنەوە لۆژیکییانە
بیرکردنەوەکان’آوەک یەک نیین. توانای زانستی یان ئاستی پەروەردەیی تاک هەروەها دۆز و ژینگەی ڕوناکبیری و کۆمەڵایەتی مانای خۆیان بۆ بنیادنانی بیرکردنەوەکانمان هەیە. ناشێ ئێمە بەردەوام هەموو وەک یەک بیرکەینەوە. کارەساتبارە لەوەش نەگەین جیاوازی لە بیرکردنەوە پێویستە. لەمەش مەترسیدارتر ئەوەیە لەوە حاڵینەبین هاوشێوەی تەگەرەیە لەبەردەم هاتنەدونیای بیرکردنەوەی دروست. بەس لەو شوێنەی بیرکردنەوەکانمان هاوشێوەن پێویستە پرسیاری بۆ؟ دروستبێت. ئەم بۆ؟ یە لە تێگەیشتنمانا چەکەرەناکات تێڕمانمان لەوە نەکردبێت چەند گرینگ و مانادارە خۆ لەو جۆرە بیرکردنەوانە بەدووربگرین دووبارە و هاوشێوەن. بۆئەوەی لەمە بێینەدەرێ ، واتە خۆمان لە بیرکردنەوەی سەرپێی و کاوێژئامێز بپارێزین پێویستمان بە سەرلەنوێ بیرکردنەوەیە. ڕوونتربڵێین پێویستمان بە بیرکردنەوەیە لە بیرکردنەوە. خودی بیرکردنەوە لە بیرکردنەوەش خۆی وەک ماهیەتی فەلسەفە نیشاندەدات، یان فەلسەفە هەر لەگەڵ دەرکەوتنی خۆی وەک بیرکردنەوە لە بیرکردنەوە دەرخستووە. بەگوزارشێ تر، فەلسەفە کە هات جەغتێ زۆر لە بیرکردنەوە کرا و لەگەڵ گۆکردنی ناوی فەلسەفەش واتای بیرکردنەوە لە هزری فەلسەفەدا بوو بە واتاێ چەقبەستوو. بۆیە ئەستەمە بیرکردنەوە لە فەلسەفە دورخرێتەوە. ئەستەمە و بێئەندازە بێماناشە تەقەلای داماڵینی فەلسەفە لە بیرکردنەوە بکرێت. بۆئەوەی فەلسەفە هەبێت پێویستە بیرکردنەوە ئامادەبێت بۆئەمەش پێویستمان بە عەقڵە. عەقڵ بیرکردنەوە دەسازێنێ و ئەمەش دەبێت بە سازێنەری کردە فەلسەفیەکان و بناغەش بۆ فەلسەفەکردن دادەڕێژێ. فەلسەفەکردنەکانمان کە بیرکردنەوە دەدەن داوامانلێدەکەن سنوورەکان ببەزێنین و چوارچێوەکان تێکبشکێنین تادەگەین بەوەی گرینگ و پێویستە. چییە ئەو شتەی گرینگ و ئەمجار پێویستیشە؟ ئەو شتەی گرینگ و ئەمجار پێویستە گەیشتنە بە ڕاستی. ڕێگاکانی گەیشتن بە ڕاستی جیان چونکە بیرکردنەوەکانی مرۆڤ جیا و ناجۆرن. با بیرکردنەوەکان جیا و ناجۆر بن بەس پێویستمان بەوەیە بە ئاکام (دەرئەنجام) بگەین. لێرەوە دەتوانین بڵێین بە ئاکامگەیشتن ئەو شتەیە ئەوەمان بۆ ڕاڤەدەکات بۆ شتەکان گرینگ و پێویستیشن؟ دیارە بەئاکامگەیشتن کارێ سانا نییە لێ مرۆڤی هاوچەرخ گەلێ ئامراز و شیاوی بۆ گەیشتن بە ئاکامەکان لەبەردەستدایە. ئاکامەکان کە گرینگە باوەڕپێکراو و پەسەندکراو بن لەڕێگای ئەو بیرکردنەوەیەوە پێیدەگەین پێیدەووترێت بیرکردنەوەی لۆژیکی. لێرەوە دەگەینە ئەو شوێنەی پێویستمان بە داڕشتنی چەند پرسیارێ بناغەی دەبێت لەوانە: بۆ پێویستە بیربکەینەوە؟ ئەمجار بۆش پێویسترە بیرکردنەوەکانمان لۆژیکیانە (مەنتیقیانە) بن؟ هەروەها چۆن دەتوانین لۆژیکیانە بیربکەینەوە؟ و چۆن دەکرێ لۆژیک لەناو بیر دا ئامادەبوونی هەبێت؟ پێشئەوەی کارلەسەر وەڵامدانەوەی پرسیارەکانکەین بەچاکی دەزانین ئەوە شرۆڤەکەین کە بیرکردنەوە چی دەگەێنێت. دەکرێ بووترێت بیرکردنەوە کردەێ مرۆیی و چالاکیێ عەقڵی ئەم مرۆڤەشە. بەماناێکیتر، پرۆسەی بیرکردنەوە پرۆسەێ تاکی و خۆییە و بەری کردەی دەرکپێکردنی خود خۆیەتی. خودی پرۆسەی بیرکردنەوە لە کۆنتێکستی ئەو ژینگەیەوە دوور نییە بیرکردنەوەکەی تیا چرۆدەکات. ئەوەی ئێمەش لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە بیرکردنەوەکانمانە. بیرکردنەوە لای مرۆڤ لەگەڵ کاتا نەشونماێ زۆریکردووە و مرۆڤ بە گەلێ جۆر لە بیرکردنەوەش ئاشنابووە (بیرکردنەوەی ویژدانی، بیرکردنەوەی زانستی، بیرکردنەوەی داهێنانی، بیرکردنەوەی ڕەخنەی و… ). پێدەچێت لەگەڵ گشت گەشەێکیش کە هاتۆتە سەر ژیانی تاکەکان تاهەنووکەش بۆ گەلێگ ئەوە پرسیاربێت بۆ بیردەکەینەوە؟ بیرکردنەوەکانی مرۆڤ ئەو کاتە چەکەرەی کردووە کە ڕووبەڕووی دیاردە و ڕووداوەکانی ناو بوون و ژیان بۆتەوە. واتە مرۆڤی سەرەتایی کە بیریکردۆتەوە و تەنانەت مرۆڤی هاوچەرخیش کە بیردەکاتەوە بۆئەوە بووە و بۆ ئەوەیە کە هەڵوێستەبنووێنێ، ئەڵبەتە بەلەبەرچاوگرتنی گشت جیاوازیێ لەنێوان مرۆڤی سەرەتای و هاوچەرخدا. بۆ هەردوو مرۆڤەکانیش ئەم هەڵوێستەکردنەپێویستی بە بیرکردنەوە بووە ئەمەش تێگەیشتنی لای مرۆڤ دروستکردووە. گەر پرسیاری “کەی زانین دەستپێدەکات؟”یش هەمیشە پرسیارێ بووبێت بۆ فەلسەفەی نوێ(1) پرسیاری کەی بیرکردنەوەش دەستپێدەکات مانای خۆی لە فەلسەفەدا زێدە گەورەیە.
ئەوی لایسەوە تایبەت بە بیرکردنەوە ووتمان داوامانلێدەکات پێناسەی “بیر” بکەین. بۆیە دەپرسین بیر چییە؟ بیر بەشێکە لە دەرک لای مرۆڤ. ئەمەش تێکڕای ئەو کردە زەینیانە دەگرێتەوە عەقڵ لە مرۆڤ دا بەرهەمیدێنێ. ڕوونتر بڵێین، بێ بیرکردنەوە مرۆڤ ناکارێ بەهیچ تێگەیشتنێ لەسەر جیهانی دەرەوەی خۆی بگات. گشت بیرکردنەوەێکی مرۆڤیش ئاڕاستەێکی دیاریکراوی خۆی هەیە. ئاڕاستەکانی بیرکردنەوە لە مرۆڤێکەوە بۆ ئەویتر لێکناچن. تەنیا لێرە نابێ ئەوە لەیادکەین کە پێوەندی لەنێوان بیر و زمان دا هەیە و ئەم پێوەندیەش بۆ فەلسەفە لە یۆنانیەوە تا هەنووکە شتێبەرچاوییە(2).بەماناێکیتر، بیر و زمان پابەندی یەکن و لۆژیکش کە ووتنە بریتیە لە زمان. ووتنەکان لە ڕێگای زمانەوە بەیاندەکرێن و بیریش توانای تێگەیشتن و بڕیاردانی دەبێت. بیر بەتەندروستنابێت گەر دەروون ، گیان، ماندوو و ناساغبێت. کە بیردەکەینەوە پێویستمان بەوەیە دەرکمانکردبێت ئەو دەمەش کە دەرکدەکەین تێگەیشتنمان لا دەڕسکێ و پاشئەوەش پێویستمان بە بڕیاردانە. بڕیاریشدەدەین چونکە کێشە دەبینینەوە. ئەو بڕیارەی لەم حاڵەتەدا دەیدەین دادوەرین. بۆئەوەی دادوەریەکانمان دروست و ساغبن پێویستمان بە لۆژیکیبوونە. باشە بۆ لۆژیکیبوون؟ یاخود بۆ دەبێت هەوڵبدەین لۆژیکیبین؟ لۆژیکیبوون کارێ سادە نییە و گەلێش هەوڵدەدەن لۆژیکیبن لێ نازان چۆن دەکارن ئەمەبکەن. دیارە بە لۆژیکیبوونی بیرکردنەوەکانمان کارێئەوتۆدەکات بیرمان کۆنکرێت و پووخت بێت.پێویستی بۆ بە لۆژیکیبوون سەرچاوە لەوەوە دەگرێت لەڕێگای بیرکردنەوەی لەمجۆرەوە توانای دادوەریمان بەسەر شتەکانمانەوە دەبێت. ئەم دادوەریەش کە لۆژیکی دەبێت دەکارین تێگەیشتنمان لەسەر ئەو شتە هەبێت دەخوازین چارەسەریبۆبدۆزینەوە. لۆژیک کە دەتوانێ بیرکردنەوەی سەلیم و دروست پێکبێنێ پشت بە بەڵگە و سەڵێمنە دەبەستێت. بەمشێوەیە، ئەو ئەرگومێنتەی (بەڵگەیەی) بیرکردنەوەی لۆژیکی پێیدەگات نە سواوە و نەش دووبارە بەڵکو پەسەندکراو و سەڵمێنەئامێزە. ئەمەش وادەکات بەهۆی بیرکردنەوەی لۆژیکییانەوە بە دەرئەنجامی کۆنکرێت بگەین. دەرئەنجامێکیش کە بەری بیرکردنەوەێ کۆنکرێت بووبێت بیرکردنەوەێ پووختە و ئەمەش ئەو بیرکردنەوەیەیە کە لۆژیکییە.
بەمشێوەیە ئەو وەختەی لۆژیکییانە بیردەکەینەوە پووختیش بیردەکەینەوە. لەم پووختبیرکردنەوەیەدا شتێک دەستنیشاندەکەین، شتێک کە پێویستە بزانرێت و دیاریکرێت. لەڕێگای ئەم شێوە بیرکردنەوەیەوە وەڵامگۆیێک پێکدێنین و ، بەڵگەش بۆ ئەم وەڵامگۆیەمان مسۆگەردەکەین. کەوابێت کە لۆژیکییانە بیردەکەینەوە سەڵمێنەکان دەخەینەبەردەست تا شتێ ڕەتکەینەوە یان ساغکەینەوە. لێرە پێویستمان بە بەکاربردنی ئەو هێزە ڕاسیۆنالیەشە (عەقڵانی) کە تیاماندایە. بەڕاسیۆنالبوون کۆکە لەتەک بەلۆژیکیبوون دا. بیرکردنەوەی لۆژیکییش بەجۆرێ عەقل ئاڕاستەدەکات هیچ جۆرە بیرکردنەوەێکیتر ئەوەی پێناکرێت (3).
کاتێ بیرکردنەوەی لۆژیکییانە دەبێت ئەم بیرکردنەوەیە لەلاێ بابەتی دەبێت و لەلاێ تریش بیرکردنەوەکە دەرئەنجامی لۆژیکی لێوەوەبەردێت. دەرئەنجامەکان وابەستەی بۆچوون و پێوانە شەخسییەکان نابن. ئەمەش وامانلێدەکات پشت بە حاڵەتەکانی ئەو کەسە نەبەستین و پشتیش بەوەنەبەستین کە پێماندەڵێت “بەپێی ئەوە”. کەوابێت بیرکردنەوەی لۆژیکی لەسەر بناغەی ئیحتیمالات دروستنابێت. ناشێ لۆژیکییانە بیرکەینەوە و بشڵێین ئیحتیمالە ئەو شتە ئاوا بێت و یاخود ئیحتیمالیشە ئاوا نەبێت. سێهەم لایەنیش ئەوەدەبێت کە بیرکردنەوە لۆژیکی دەبێت کاتێ ئەو بیرکردنەوەیە یەکلەدواییەکانە دەبێت. چونکە بەمجۆرە نەبێت بیرکردنەوەکە بە دەرئەنجام ناگات. واتە بیرکردنەوە لۆژیکی نابێت. کەوابێت لۆژیکییانە بیرکردنەوە ڕێگەلەوەدەگرێ لە بیرکردنەوەکانمان دا دەمدەمیبین. ئەڵبەتە بۆ ئەوەی بیرکردنەوەکانمان لۆژیکییانە خۆیاندەرخەن پێویستمان بەوەدەبێت “ئیدیاکانمان لەگەڵ گوزارەکانمان (دەبڕینەکانمان) دا یەکبگرنەوە”.
وێرایئەوەی، بیرکردنەوەی لۆژیکی بەرهەمی نەشونمای شێوەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤە و خۆی وەک فۆڕمێ لە بیرکردنەوەی باڵاش نیشاندەدات. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لای مرۆڤ لەو دەمەوە چەکەرەیکردووە کە ویستوویەتی لە هۆکاری کێشەکانی خۆی بگات و چارەسەری گونجاو و بنیادنراو لەسەر پشکنین و لێووردبونەوە بەدەستبهێنێ. ئەم پشکنین و لێووربوونەوەیەش کار لەسەر عەقڵ دەکات. چونکە عەقڵ ئامرازی بیرکردنەوەکەیە نەک سۆز و ویژدان.
لۆژیکییانە بیرکردنەوە نامانخاتە بەردەم دوو یان سێ حاڵەت لە بیرکردنەوەوە. هەروەها کە لۆژیکییانە بیردەکەینەوە ناکۆکئامێزانە بیرناکەینەوە و ئەوی هەشە وەک خۆی وەریدەگرین یان پەسەندیدەکەین. کە 3+ 3 بکات 6 هیچکات ناشێ بیربکەینەوە دەکات 4 یان 5 چونکە 6 تاکە وەڵامێ یان بیرکردنەوەێ لۆژیکییانەیە بۆ دەرئەنجامی کۆکردنەوە 3+ 3. بەمڕەنگە کە لۆژیکییانە بیردەکەینەوە کۆتایبەوەدێنین ناکۆکئامێزانە بیرکەینەوە. هەوێنی لۆژیکییانە بیرکردنەوە کۆک بیرکردنەوەیە نەک بەپێچەوانەوە. لایەنێتری لۆژیکیانە بیرکردنەوە بریتییە لەدانهێنان بەوی پێیدەگەین. کە لۆژیکییانە بیردەکەینەوە شوێنی گومانکردن و ئیحتیمالات وونە. لێ لێرەوە دەکرێ پرسیاری تر دروستبێت بۆ تێکشکانی ، یان گومانککردن، لەوی پێیگەیشتووین. چونکە گەلێک پێیانوایە لە ژیانا یەک لۆژیکی بوونی نییە ئەوی بوونی هەیە چەند لۆژیکییە. بۆنموونە، لۆژیکی هەژارەکان و لۆژیکی دەوڵەمەندەکان، لۆژیکی نەوەی کۆن و لۆژیکی نەوەی تازە، لۆژیکی ئاسمانی و لۆژیکی نائاسمانی و … .
سەرباریئەوە، لۆژیک تێگەیشتنیشە لەسەر جیهان هەروەها لۆژیک فۆڕم بە بیرکردنەوە دەدات ئەمەو لۆژیک ووتنی ووتنێ سەلیم و دروست دەگەێنێ و بریتییشە لە بیرێ ڕوون و کاریگەر و، لەکۆتایشدا لۆژیکییانەش بیرکردنەوە واتە ڕوون و کاریگەرانە بیرکردنەوە (4). لۆژیک تەنیا لە جیهانی فیزیاییدا نییە بەڵکو لۆژیکی پێشهەموو شتێک لە بیری مرۆڤ دا پەنهانە. واتە لە ژیانا ئامادەیە. لەسەرێترەوە لۆژیک پێوەندی بە گەشەیژیانی مرۆڤی ڕۆژئاوای و پێشهەمووشتێک بە نەشونمای زانیستی ڕۆژئاوایشەوە هەیە. ئەڵبەتە لۆژیک ئەوەشمان بیردەخانەوە کە زانست هەیە و گەشەی زانست لۆژیکی بەدیهیکردووە. هەر بۆیە لێرە پێویستە هێما بۆئەوەشبکەین، هاوبەشیێ زۆر لەنێوان بیرکردنەوەی لۆژیکی و بیرکردنەوەکانی وەک زانستی، ڕەخنەی و بیرکاری (ماتماتیکی) دا هەیە.بەڵام بیرکردنەوەی لۆژیکی جیایە لە بیرکردنەوەی ڕووکەش یان سەرەتای و هەروەها بیرکردنەوەی ویژدانیش (سۆزاوی). سێستەمی خوێندن یان پەروەردەش دەتوانێ لۆژیکیبوون لە کەسەکانا بنیادبنێ (5). کەوابێت ئەوی بەجۆرێ لۆژیکی بیەوێت کێشەێ چارەسەرکات قورسایێ زۆر دەخاتە سەر لۆژیک. واتە ووتنی هەڵە ووتنێ لۆژیکی نییە ئەمەش نیشانەیە لەسەرئەوەی لە هزرمانا ئەوی ڕاستە لە نادروست جیاماننەکردۆتەوە. کەوابێت، بۆئەوەی لە ماهیەتی، لە ڕاستی شتێک بگەین پێویستمان بە لێخوردبونەوەیە لەم شتە.پێویستمان بە ناسینیەتی، بە باوەڕکردن بەوەی ئەو شتە هەیە و ڕاستە. دواتر ئەوەش چۆن ئەو شتە ئیستدلالکەین. ئەمە ئەوەدەگەێنێت لۆژیک توانای ناسینەوە و دەستنیشانکردنمان تیادروستدەکات. لێرە لۆژیکی ووتن خۆی وەک پێوانەی یاخود قەپانی ووتن نیشاندەدات. بەپێیئەوە ئەوی هەڵەیە خۆی وەک هەڵە نیشاندەدا و ئەوەش کە دروستە لە هەڵە ناکات.
بۆئەوەی لۆژیکیانە بیربکەینەوە ڕەنگە پێویستمان بە زانینی تیۆریش هەبێت. چونکە زانینە تیۆریەکان بەشێوازی چۆنیەتی لۆژیکیبوون چەکدارماندەکەن. ئەم شێوە زانینە توانستی گفتووگۆی لۆژیکیمان تیادەڕسکێنی و یارمەتیشمان دەدات هەڵە لە ڕاست جیاکەینەوە بێئەوە هەڵەی تر دروستکەین. چونکە ئەوی دەیڵێین ناشێ ببێ بە وتنێ لۆژیکی گەر بە بەڵگە و سەڵمێنەوە ئەو ووتنە پشتڕاستنەکەینەوە. ئەوی پشتڕاستیشیدەکەینەوە دەبێ بە دەرئەنجام. گشت لۆژیکیش کاربۆئەوەدەکات دەرئەنجاممان لا شیرینکات. بۆئەوەی لۆژیکی بیرکەینەوە پێویستمان بەوەیە دانبە گرینگی دەرئەنجام (ئاکام ) بێنین. چاوپۆشین لە دەرئەنجام وادەکات ئەوی پێمانوابووە لۆژیکی بووە دەبێ بە نالۆژیکی. لێرەوە دەشێ بووترێت کە بیرکردنەوەی لۆژیکی و نالۆژیکی دوو بیرکردنەوەی دژەبەیەکن و هیچکات یەکناگرنەوە. ناکۆکی نێوان ئەم دوو بیرکردنەوەیە پێوەندی هەر بەوەوە نییە بیرکردنەوەی لۆژیکی وێڵی دەرئەنجامە بەڵکو ئەوەش کە بیرکردنەوەی لۆژیکی لەگەڵ بیری ڕاسیۆنالی دا دەستلەملانە. هەرچی بیرکردنەوەی نالۆژیکیشە لەگەڵ سەرپێی و تووندڕەوی و ڕووکەشیدا دەستلەملانە.
ئازاد حەمە/ سپانیا
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
آ ئەم نووسینە بە دوو بەش لە ژمارەی 385 و 386 ی ڕەخنەی چاودێری 2012 دا بڵاوبۆتەوە.
1.Keith Ansell Pearson. Deleuze and Philosophy: The Difference Engineer.Routledge. 1997،p. 5.
2.Svante Nordin. Filosofins historia. Studentlitteratur. Lund. 1999، s.88.
3. Marilyn vos Savant. The Power of Logical thinking. St. Martin’s Griffin. 1997، xix.
4.D.Q.Mclnerny. Being Logical: A Guide to Good Thinking. Random House Trade Paperbacks. 2005، p .xi.
5.گەلێ لە توێژەرەوەکانیش پێیانوایە گرینگیدان بە مادەی ماتماتیک لە قووتابخانەکان یارمەتیدەرە بۆ نەشونمای بیری لۆژیکی لەناو قووتابیان دا. لە ساڵی 1973 لە ئەمەریکا 774 کەس دکتۆرایان لە بیرکاری کردووە و ئەم ژمارەیە لە ساڵی 1993 دابەزیوەتە 475 ( هەمان سەرچاوەی ژمارە 3 ی لایسەرەوە لا xiv).