دڵشاد عه‌بدوڵڵا ئه‌و شاعیره‌ی که ته‌نها شیعر ده‌نووسێت
ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا…….
هیچ کاتێک وه‌کو ئه‌مڕۆ شیعری کوردی تووشی قه‌یران و شکست نه‌بووه. ئا له‌وکاته‌ی که‌به سه‌ده‌یا که‌س خه‌ریکی شیعرنووسینن ، که‌چی هێشتا شیعری کوردی ، خۆی له‌ناو زه‌لکاوێکی خنکاودا ده‌بینێته‌وه. ئێمه‌ی کورد ته‌نها دوو شێواز یان دوو وێنه‌ی شاعیرمان لاهه‌یه. شاعیرێک یان شێوازێکی شیعری ، که‌هه‌میشه خۆی خستۆته پاڵ ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌وه‌و، هه‌تا توانی بێتی به‌ده‌نگی به‌رز هاواری کردووه ( بژی ده‌سه‌ڵات). شه‌ورۆژ به‌سه‌ر باڵای مه‌سئوول وئاغاکانی ده‌سه‌ڵاتداراندا ، شیعر هه‌ڵده‌دات. ههرلهپهنا ده‌سه‌ڵاتیشدا ناوبانگی ده‌رکردووه. جا گرنگ نییه گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته کێ بێت. له‌شه‌ست و حه‌فتاکاندا پارتی و بارزانی بوو، لێ له هه‌شتاو نه‌وه‌ته‌کاندا یه‌کێتی و تاڵه‌بانی بوو. جۆره شاعیرێکی تریش یان شێوازێکی تری شیعری ئه‌وه‌یه، که‌هه‌میشه دژی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌نووسێت.هه‌تا توانیویه‌تی له‌ناو کوچه‌و کۆڵان و مه‌یدانه‌کاندا له‌ناو ئاپۆره‌ی خه‌ڵکیدا ، به‌ده‌نگی به‌رز هاواری کردووه ( بڕووخێت ده‌سه‌ڵات). زۆرجاریش شاعیر لهزمانیشیعر ده‌رده‌چێت ، ده‌بێته (جنێو ، قسه‌ی ناشرین و هووتافات و قسه‌ی سه‌رجاده). گرنگ نییه کێیه باڵی ئۆپۆزسیۆن ، به‌ڵکه گرنگ ئه‌وه‌یه دژی ده‌سه‌ڵات بێت. له‌شه‌ست و حه‌فتاکاندا جه‌لالی بوو دژی پارتی و بارزانی ، له هه‌شتاکانیش شیۆعی و پارتی بوو ، دژی یه‌کێتی و جه‌لال تاڵه‌بانی.له‌لایه‌کی تره‌وه سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه ، لای ئه‌م ڕێبازه شیعریه زۆرئاسان بووه و هیچ کێشه‌یه‌کیش نه‌بووه بۆشاعیرانی ئه‌م دوو ڕه‌وته. شاعیرێکی که‌ساسی ئه‌م ڕه‌وته شیعریه، له هه‌شتاکاندا،به مام جه‌لالی ده‌ووت (پۆلپۆت*)، که‌چی له کۆتایی نه‌وه‌ته‌کاندا، کاتێک یه‌کێتی سووکه وه‌زیفه‌یه‌کیان پێ به‌خشی ، نازناوی ( ماندێلای رۆژهه‌ڵاتی!) لێنا. ئه‌م دوو ڕێبازه شیعریه سه‌قه‌ته ، هه‌تاوه‌کوو ئه‌مرۆش باڵی کێشاوه به‌سه‌ر ته‌واوی شیعری کوردی‌دا. هه‌ر ئه‌م دوو رێبازه شیعریه‌ش ، شیعری کوردیان تووشی ئه‌م قه‌یرانه گه‌وره‌یه کردووه. به‌کوردیه‌که‌ی ئێمه ته‌نها شاعیری ( قه‌ره‌باڵغ وهۆسهمان ) ده‌وێت و حه‌زمان له شیعره‌کانیه‌تی . ئاله‌م هۆسه و ههراگهورهیهدا ، به ڕێکه‌وت چاوم به کتێبێک که‌وت ، که ته‌نها شیعر بوو. کتێبێک کاتێک پیاو ده‌یخوێنێته‌وه ، هه‌ست ده‌کات که هونه‌ری به‌رزی شیعری تێدایه . کتێبێک که‌ته‌نها به زمانی به‌رزی شیعر نووسراوه. ئه‌و کتێبه‌ش که‌چاوم پێکه‌وت ( بهفرهلۆک) ی شاعیری گه‌وره‌مان دڵشاد عه‌بدوڵڵا بوو. ماوه‌یه‌کی زۆر بوو به‌ته‌واوی وازم له جیهانی شیعر هێنابوو. لێ کاتێک به‌فره لۆکی دڵشاد عه‌بدوڵڵام خوێنده‌وه ، جارێکی تر ئاشنای کردمه‌وه به دونیای شیعر. هه‌ربۆیه بڕیارم دا ، به‌دوای کتێبه‌کانی دا بگه‌ڕێم و بیانخوێنمه‌وه. له کتێبخانه‌ی سه‌نته‌ری کولتووری شاری مانهایم ، کۆمه‌ڵێک دیوانی شیعری ئه‌م شاعیره به‌رێزه‌م ده‌ستکه‌وت. شانسێکی باشترم بۆ ڕێکه‌وت ، کاتێک زستانی ئه‌م ساڵ له شاری مانهایم ، چاوم به‌م شاعیره بهرێزهکهوت. جۆری خوێندنه‌وه و ناسینی له‌نزیکه‌وه ، هێنده‌ی تر به‌ره‌و ده‌ریای شیعری ڕاکێشام . من لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م ، به به‌له‌می شیعری ، خۆم بخه‌مه ناو ده‌ریای دڵشاد عه‌بدوڵڵاوه. دیاره لای من هه‌مووکاتێک ده‌بێت به بۆچوونێکی ڕه‌خنه‌گرانه بۆ که‌س و شته‌کان بڕوانین. پێم وایه پیرۆزترین که‌سیش ده‌بێت ڕه‌خنه‌ی لێ بگرین و که‌سیش سه‌رو ڕه‌خنه‌وه نییه، ته‌نانه‌ت ده‌بێت ڕه‌خنه‌ش له خوا بگرین.( دیاره ئه‌گه‌ر هه‌بێت!).
بهفرهلۆک
دیاره من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم شیعر ببرێته بورجی عاجه‌وه به‌ڵام بێ بایه‌خ و به‌هه‌ند نهزانینیشی په‌سه‌ند نییه. شیعر یه‌که‌م هه‌وڵی تاکه بۆ ده‌رچوون له سیحری کۆ …
شیعر شه‌ڕی که‌س ناکا
بینای جوانی داده‌ڕێژێ له‌ده‌وری پاکیدا….1
ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی دڵشاد عه‌بدوڵڵا ، یه‌که‌م بیۆگرافی(ژیاننامه)ی کوردیه ، که‌به‌شێوازێکی به‌رزی شیعری نووسراوه. دیاره ئێمه‌ی کورد له‌م ژانره گرنگه‌ی ئه‌ده‌بدا زۆر هه‌ژارین ، هه‌رچه‌نده له‌م دوایه‌دا چه‌ند هه‌وڵێکی گرنگ له‌م بواره‌دا نێراوه. لێ ئه‌م بیۆگرافیهی دڵشاد ، جۆرێکی تره له هونه‌ری بیۆگرافی. دڵشاد عه‌بدوڵلا توانیویه‌تی به شێوازێکی جوان و وێنه‌ی شیعری ، ته‌مه‌ن و یاده‌وه‌ریه‌کانی خۆیمان بۆ بگێرێته‌وه. به شێوازێکی شیعری به‌رز ، وه‌سفی کۆڵان و سینه‌ماو دوکانه‌کانی هه‌ولێرمان بۆ ده‌کات . کاتێک ده‌یخوێنیته‌وه ، وه‌کوو رۆمانێک یان چیرۆکێک، خوێنه‌ر ڕاده‌کێشته ناو کتێبه‌که‌وه.
کورترین شیعر
یه‌کێک له‌و هونه‌رانه‌ی که دڵشاد عه‌بدوڵڵا شاره‌زایه‌کی باشی تێدا هه‌یه، نووسینی کورته شیعره. به‌شێکی زۆری ئه‌م کورته شیعرانه ، له دێرێک ، یان دوو سێ ووشه پێکدێت. زۆرجار زانستی مه‌نطق زاڵه به‌سه‌ریاندا.
جگه‌ره
شه‌وێکه به دیار مۆمێکه‌وه ده‌توێته‌وه
گه‌رمیان
ژنی جل ڕه‌ش ناسنامه‌یه‌تی2
شیعر
ناتوانێ ڕسته‌یه‌ک بنووسێ
گه‌رم و گوڕبێ
ئه‌گه‌ر له‌بن زمانی‌دا
چه‌ندین ڕسته‌ی ساردوسڕی سهرنهبڕیبێ
کورسی
له‌دار بێ یا ئاسن
هه‌ر ده‌شکێ
ئیرهاب
خه‌نجه‌ر ناتوانێ بپه‌یڤێ
زمانی نییه
شمشێر ناتوانێ دادپه‌روه‌ربێ
ویژدانی نییه 3
به‌ڵام زۆرجاریش له‌م کورته شیعرانه ده‌که‌وێته هه‌ڵه‌وه‌و ، خوێنه‌ر له مانا و مه‌به‌ستی دێره شیعره‌کان تێناگات . یان زۆرجار هیچ مانایه‌کی نییه .
کو‌لتوور
ڕووباره کو‌لتوور
ڕابردووی نییه
هه‌مووی ئێستایه
چۆن کو‌لتوور رابردووی نییه ؟ چۆن هه‌مووی ئێستایه ؟ لێره‌دا شاعیر به‌هه‌ڵه له‌مانای کو‌لتوور تێگه‌یشتووه .
پرسیار 2
ئه‌وه چ بوو ،
پاشا جارێک نه‌کوژرا
هه‌موو جارتهسلیم بوو ؟4
چۆن پاشا نه‌کوژراوه ؟ مێژووی مرۆڤایه‌تی پڕیه‌تی له کوشتن و سه‌ربڕینی پاشاکان .
هونه‌ری وه‌سف
شاعیر له هونه‌ری وه‌سفکردندا توانایه‌کی باشی هه‌یه ، لێ زۆرجاریش وه‌سفه‌کانی ته‌م ومژی و ئاڵۆزیان پێوه‌دیاره .
دوعا
بمتوانیبا
هه‌ورم ناوده‌نا (دوعا)
کهباریبا
تهڕببا هه‌موو شت به‌فرمێسکی5
سه‌ره‌تای شیعره‌که جوانه و ، وه‌سفێکی جوانی شه‌هیدبوونی دوعای کردووه. شوبهاندنی دوعا بهههورێك و، فرمێسکه‌کانی به‌باران ، وه‌سفێکی جوانه . به‌ڵام به‌بڕوای من ئه‌و ( تهڕببا) یه زیاده . مادام (باریبا) هه‌یه ، ئیتر پێویستی به تهرببا نه‌ده‌کرد.
میوان
له‌ئاوێنه‌ی ژووره‌که‌مدا
یه‌کێک ته‌ماشای خۆی ده‌کا!
که‌س وا له‌سه‌ر خۆم نهدییووه
سورو سپی
که‌ڵه‌گه‌ت و هه‌نیه بڵند 6
(له‌سه‌رو خۆم نهدییووه) هه‌ڵه‌یه ، (لهسهروخۆمهوه نه‌دیووه)، ڕاسته یان جوانتره .
(هه‌نیه) هه‌ڵه‌یه ،هێنده ڕاسته .
شیعری ناڵپارێز
زه‌وی گچکه ،
گچکه کردۆته‌وه به‌قه‌د نانێکی هه‌ورامی 7
نانی هه‌ورامی گچکه نییه، به‌ڵکه گه‌وره‌یه به‌ڵام باریک و ناسکه .
زاڵبوونی بیری ئایینی
له‌چه‌ند شیعرێکدا هه‌ستده‌که‌یت ، که بیری ئایینی زاڵه به‌سه‌ر شیعره‌که‌دا. به‌تایبه‌ت له‌شیعره‌کانی (خاچ و حوسێن) زۆر زاڵه .
حوسێن تینووبێ ؟
زمان پژا،
بێ فێربوونی ناوی حوسێن؟
زه‌وی چل رۆژ گریا و تۆ ئاگات لێنه‌بوو
خۆر چل رۆژ گیرا
باڵنده چل ڕۆژ ده‌نووکیان به‌سترا
ئاوی فورات
لهکهربهلاوه پڕ ده‌بێ له‌بۆنی
ده‌سته‌سڕی عاشقان و
پڕ ده‌بێ له مهووال
(ڕوقیه ) داوای کرد باوکی ببینێ
سه‌رێکی بڕاویان
له‌سه‌ر سینیه‌کی مس دانا‌و
پێشکه‌شیان کرد
سه‌ربازێکی شیعه لێی تێکده‌چێ
کێهان دڵی حوسێنهو
کێهان دڵی خۆیه‌تی 8
ئاله‌م جۆره شیعرانه ، شیعه‌کان له‌کاتی لاوانهوهو سنگکووتان بۆ حوسێن ده‌یڵێنه‌وه. ئه‌م شیعره زیاتر له شینی حه‌سه‌ن و حوسێنی شیعه‌کان ده‌چێت . ده‌بوایه شاعیر به شێوازێکی تر باسی ئه‌م یاده‌ی بکردایه. چونکه داڕشتنی له‌م جۆره شیعرانه ، ده‌چێته قاڵبی مه‌زهه‌بگه‌ری و سه‌له‌فیه‌تی ئیسلامیه‌وه.
دووباره‌بوونه‌وه
هه‌رچه‌نده دڵشاد عه‌بدوڵڵا که‌متر له‌شاعیرانی تر ، ووشه و ده‌سته‌واژه دووباره ده‌کاته‌وه .به‌ڵام له‌چه‌ند شیعرێکیدا تووشی دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌کی زۆربووه. بۆنموونه له شیعری (سیاحهتتنامهو ناڵپارێزدا) به‌زه‌قی دووباره‌بوونه‌وه ده‌رده‌که‌وێت.
سیاحهتتنامه
له تۆفان و تۆفان دا
ئه‌ستێره‌کان سه‌رسامن له‌به‌ر په‌نچه‌ره،،،،
ناڵپارێزم
ئه‌و ئێواره‌یه ئێواره‌ی منه
ئه‌و هه‌موو ساڵانه ساڵێکیان
ئه‌و هه‌موو مانگانه ،،،
هه‌ر په‌ڕه‌و دێڕه‌کانی خۆی
هه‌ر دێڕه‌و وشه‌کانی خۆی
هه‌ر وشه‌و پیته‌کانی خۆی 9
قه‌سیده یان په‌خشانه شیعر
گه‌رچی من هیچ کاتێک ئه‌هلی قه‌سیده یان په‌خشانه شیعر نیم . به‌ڕاستی هیچ کاتێک چێژ له شیعری درێژ نابینم . شیعرێک دوو لاپه‌ڕه زیاتر بوو حه‌زی لێ ناکه‌م . هه‌ندێ شاعیر هه‌یه ، زیاتر له 30 لاپه‌ڕه ڕه‌ش ده‌کاته‌وه ، کاتێک ده‌یخوێنیته‌وه نازانیت باسی چی ده‌کات . به‌ڵام به‌گشتی قه‌سیده‌کانی دڵشاد عه‌بدوڵڵا ، تاڕاده‌یه‌کی که‌م لام خۆش بوون . چه‌ند قه‌سیده‌یه‌کی جوانی نووسیوه ، له‌وانه ( شه‌وی دووه‌م ، زمڕوتی پشت هه‌ور 10 . ناڵپارێز. 11. )
زمانی شیعری
دڵشاد عه‌بدوڵڵا به زمانێکی پاک و ئاسان شیعر ده‌نووسێت ، خۆی هێنده به ووشه‌و ده‌سته‌واژه‌ی ئاڵۆز و گرانه‌وه خه‌ریک ناکات . هه‌رئه‌مه‌ش وا له‌خوێنه‌ر ده‌کات ، که چێژ له شیعره‌کانی وه‌ربگرێت . زمان لای دڵشاد ته‌نها بۆ وه‌سفکردن و ڕازاندنه‌وه‌ی شیعر به‌کارده‌هێنرێت . ته‌نهاو ته‌نها بۆ گه‌یاندنی په‌یامێکی پیرۆزه به خوێنه‌ره‌کانی . به‌داخه‌وه هه‌ندێک شاعیر خۆیان زۆر به ووشه‌و ده‌سته‌واژه‌ی ئاڵۆزه‌وه خه‌ریک ده‌که‌ن ، واده‌زانن کاتێک به‌م شێوه زمانه بنووسن ، شیعره‌کانیان ره‌واجی زیاتر ده‌بێت .
زاڵبوونی شێوه‌زاری سلێمانی به‌سه‌ر شیعره‌کانیه‌وه
ئه‌وه‌ی که‌من هه‌ستم پێ‌کرد و به‌زه‌قیش له شیعره‌کانیدا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌وه‌یه ، کهشێوهزاری سلێمانی ،زاڵه به‌سه‌ر شیعره‌کانیه‌وه. هه‌رچه‌نده شاعیر خۆی خه‌ڵکی هه‌ولێره ، که‌چی به‌زمانی سلێمانی شیعر ده‌نووسێت . به‌پێچه‌وانه‌ی نووسه‌رانی هه‌ولێره‌وه ، شێوه‌زاری هه‌ولێری له نووسینه‌کانیدا ده‌رناکه‌وێت . بۆنموونه له شیعره‌کانی عه‌بدوڵڵا په‌شێو ، چیرۆکه‌کانی شێرزاد حه‌سه‌ن دا ، شێوه‌زاری هه‌ولێری زاڵه به‌سه‌ر بهرههمانیاندا. به بڕوای من ئه‌م زاڵبوونی شێوه زاره‌ی سلێمانیش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که، ماوه‌یه‌کی زۆر چ وه‌ک ئاواره‌یی یان خوێندن له‌سلێمانی ژیاوه.
سیاسه‌ت
دڵشاد عه‌بدوڵڵا نه ستایشی هیچ حیزبێک یان مه‌سئوولێکی کردووه ، وه نه جنێو یان قسه‌ی ناشرینی به هیچ حیزبێک یان مه‌سئوول وسهرکردهیهک ووتوه. ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا ، خاڵێکی به‌هێزی داوه‌تێ . به‌ڵام له‌هه‌مان کاتیش‌دا نه‌ده‌بوو به‌و شێوه‌یه له‌ئاست کاره‌سات و نه‌هامه‌تیه‌کانی وه‌کوو ( براکوژی و جاشایه‌تی بۆ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و، گه‌نده‌ڵی سیاسی ) بێ ده‌نگ بێت .
کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان
دڵشاد عه‌بدوڵڵا زۆر به‌که‌می مه‌رحه‌بایی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان وه کوو ( کوشتنی ژنان ، ناعه‌داله‌تی ، چه‌وسانه‌وه‌ی منداڵان ، تیرۆری نووسه‌رو رۆشنبیران ، گرانی بازاڕ ) کردووه. هیوادارین له داهاتوودا که‌مێک ئاوڕ له‌م بوارانه‌ش بداته‌وه . چونکه ئه‌وه‌ش ئه‌رکێکی پیرۆزی نووسه‌ران و رۆشنبیرانی گه‌له‌که‌مانه ، که له ئاست کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بێ ده‌نگ نه‌بن و هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی بدده‌ن .
له‌کۆتاییدا ده‌بێت ئه‌وه‌بڵێم که دڵشاد عه‌بدوڵڵا ، توانیویه‌تی ڕێبازێکی نوێ بۆ خۆیی و شیعری کوردی دابنێت . ڕێبازێک که زۆر جیاواز له‌و ڕێبازه باوه‌ی ، کهههتاوهکوو ئێستاش زاڵه به‌سه‌ر زۆربه‌ی شاعیرانی کوردا. هیوادارم ڕه‌خنه‌و سه‌رنجه‌کانم به‌دڵێکی شاد‌و گه‌وره‌وه ، وه‌ربگیرێت.
سه‌رچاوه‌و په‌راوێز:
*
پۆڵپۆت. سیاسهتمهدارو سه‌رۆکی خمیری سووری که‌مبۆدی بوو. به‌یه‌کێک له دڕنده‌ترین پیاوی جیهان ناوبانگی ده‌رکردووه. له‌ساڵانی حه‌فتاو هه‌شتاکاندا ، زیاتر له سێ ملیۆن که‌س بوونه قووربانی سیاسه‌ته دڕندانه‌کانی پۆلپۆت و خمیری سوور .
1. بهفرهلۆک . دڵشاد عه‌بدوڵڵا. چاپخانه‌ی ئاراس .هه‌ولێر . 2006
2. رۆژنامه‌ی چاو‌دێر ڕه‌خنه. ژماره 110. 07.04.2008
3. دیوانی گۆمی پوونگ ، کتێبی گه‌وره عاشقان، دڵشاد عه‌بدوڵڵا. چاپخانه‌ی سه‌رده‌م ، سلێمانی ، 2004 .
4. هه‌مان سه‌رچاوه.
5. رۆژنامه‌ی چاو‌دێر ڕه‌خنه. ژماره.110 . 07.04.2008
6. بزربوونی ناوێک . دڵشاد عه‌بدوڵڵا. چاپخانه‌ی سه‌رده‌م . سلێمانی . 2001 .
7. بهفرنووس . دڵشاد عه‌بدوڵڵا . چاپخانه‌ی سه‌رده‌م . سلێمانی .1999 .
8. بزربوونی ناوێک . دڵشاد عه‌بدوڵڵا. چاپخانه‌ی سه‌رده‌م . سلێمانی . 2001 .
9. بهفرنووس . دڵشاد عه‌بدوڵڵا . چاپخانه‌ی سه‌رده‌م . سلێمانی .1999
10. شه‌وی دووه‌م . دڵشاد عه‌بدوڵڵا. چاپخانه‌ی سه‌رده‌م . سلێمانی . 2000 .
11. بهفرنووس . دڵشاد عه‌بدوڵڵا . چاپخانه‌ی سه‌رده‌م . سلێمانی .1999