Skip to Content

Monday, September 16th, 2024
قه‌یرانی زمانی ستانداردی کوردی

قه‌یرانی زمانی ستانداردی کوردی

Closed
by April 22, 2008 گشتی

 عامر باجه‌ڵان – سوید……

ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ ڕێکه‌وتی 17/ 4  ووتارێکی بڵاو کردبوو به‌ناونیشانی ( ئاسۆ مێزگردێك له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیرانی دهۆك ساز ده‌کات  کرمانجی و سۆرانی به‌ربه‌ستی زمانی ستانداردی کوردی  ) سازدانی عه‌لی سدیق .
 پێش چوونه‌ ناو بابه‌ت ، سوپاسی تایبه‌ت بۆ ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ و ئه‌و ماڵپه‌ڕ و ڕۆژنامانه‌ی بایه‌خ ئه‌ده‌ن به‌ زمانی ستانداردی کوردی و به‌رده‌وام ووتار له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاو ده‌که‌ن، به‌تایبه‌تی له‌م ماوه‌ هه‌ستیاره‌دا ، که‌ زمانی ستانداردی کوردی به‌رامبه‌ر قه‌یران و مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه‌ ، له‌تبوونی زمانی ستانداردی کوردی ، خوێندن و نووسین به‌ دوو شێوه‌ ، سۆرانی و بادینی  ، له‌ داهاتووش به‌ چوار شێوه‌ . چوونکه‌ مافی ڕه‌وای خۆیانه‌ ناوچه‌ی هه‌ورامان له‌ داهاتوو زمانی ستانداردی کوردی  به‌شێوه‌ی هه‌ورامی به‌کار بێنن ، نه‌ك ته‌نها ئه‌وه‌ ، به‌ڵکو چه‌ند ڕۆشنبیرێکی هه‌ورامی داواخوازن دیالێکتی هه‌ورامی له‌ زمانی کوردی جیا بکه‌ن و ببێته‌ زمانێکی سه‌ربه‌خۆ .

 له‌ به‌غداش ئێستا چه‌ند مامۆستا و زمانه‌وانێکی لوڕی فێری کورده‌ فه‌یلی و مه‌نده‌لییه‌کان ئه‌که‌ن چۆن کوردی بخوێنن و بنووسن به‌ شێوه‌ی لوڕی . چونکه‌ لوڕستانی ئه‌مبه‌ر به‌شی باشوور له‌  شاری خانه‌قینه‌وه‌ و ناحیه‌کانی قۆره‌توو و مه‌یدان و سه‌عدییه‌ و جه‌له‌ولا وشارۆچکه‌ی مه‌نده‌لی وبه‌له‌دروز و  قه‌زانییه‌ و به‌دره‌ و جه‌سان و عه‌لی غه‌ربی ، ئه‌و زنجیره‌ سنوورییه‌ی کوردستان که‌ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی ، له‌ ده‌شتی‌ که‌لاره‌وه‌ به‌ره‌و شاری خانه‌قین وپارێزگاکانی دیاله و کوت و عه‌ماره‌ ده‌گرێته‌وه‌ شێوه‌ی ئاخافتنیان لوڕییه‌ . ‌داهاتوو ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌ست نیشان کرا زمانی ستانداردیان ئه‌بێته‌ لوڕی ، گه‌ر بێت و ڕۆشنبیرانی بادینی دووپات بن له‌سه‌رئه‌وه‌ی زمانی ستانداردی کوردی له‌ ناوچه‌ی بادینان ته‌نها به‌ کرمانجی بێت ، که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خزمه‌تی زمانی ستانداردی کوردی له‌ کوردستان ناکات به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ داهاتوودا کێشه‌ی گوره‌تر دروست ئه‌کات .

 جێی سه‌رنجه‌ پێویسته‌ ڕۆشنبیرانی بادینی له‌ بیریان نه‌چێت ڕێژه‌ی لوڕی له‌بادینی زیاتره‌ له‌ به‌شی باشوورو له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك له‌ بادینان زمانی ستانداردی کوردی کرمانجی بێت ، هه‌ر له‌و ڕوانگه‌وه‌‌ پێویسته‌  ڕۆشنبیرانی بادینی مافێك که‌ بۆ خۆیان ڕه‌وایه‌ بۆ دیالێکته‌کانی تریش ڕه‌وا بێت . ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌که‌ بۆ دابه‌ش بوونی ئه‌م پارچه‌ ڕزگار کراوه‌ی کوردستان بۆ چوار هه‌رێمی له‌ یه‌ك دابڕاو وله‌ یه‌ك جیا . 

له‌و دانیشتنه‌دا‌ ڕۆشنبیرانی بادینی که‌ بریتی بوون له‌ حه‌سه‌ن سلێفانی ، سه‌رۆکی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد – لقی دهۆك ، یاسر حوسێن ، نووسه‌ر و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌ زمانی کوردی ، محه‌مه‌د عه‌بدوڵلا ، نووسه‌ر و شاره‌زا له‌ بواری زمانی کوردی ، موحسین عه‌بدولره‌حمان ، نووسه‌ر و چیرۆك نووس ، سه‌باح ئه‌تروشی ، ڕۆژنامه‌ نووس . هه‌موو یه‌ك هه‌ڵوێستیان هه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌کارهێنانی زمانی ستانداردی کرمانجی له‌ بادینان و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی تری کوردستان .

سه‌ره‌تا سه‌رۆکی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد لقی دهۆك کاك حوسێن یه‌کێك له‌ گله‌ییه‌کانی ، هه‌ندێك که‌س و لایه‌ن هه‌ن که‌ ده‌یانه‌وێت زمانی سۆرانی به‌سه‌ر ئێمه‌ بسه‌پێنن که‌ ئه‌وه‌ش حه‌ق نییه‌ . من به‌ زمانی خۆم قسه‌ ده‌که‌م و تۆش به‌ زمانی خۆت قسه‌ بکه‌ ، هیچ کێشه‌یه‌کمان نییه‌ به‌ڵام گله‌ییم له‌ ڕۆشنبیران و قوتابیانی سۆرانی ئه‌وه‌یه‌ ، بۆچی ئێمه‌ی بادینی ده‌بێت سۆرانی بخوێنین و دیوانێکی شاعیر به‌سۆرانی بخوێنین و تێشی بگه‌ین ، ئێوه‌ش به‌ کرمانجی نه‌خوێنن .

 گله‌ییه‌کی تری کاك حوسێن ، بۆچی کورده‌کانی ئێمه‌ کاتێك ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان پێیان ده‌ڵێن ده‌ته‌وێت به‌ کرمانجی بخوێنی یان به‌ سۆرانی ؟ بۆچی لای ئێمه‌ وایه‌ ده‌بێت مافی ملیۆن و نیوێك که‌س حه‌رام بکرێت !!  گله‌ییه‌کی تری کاك حوسێن بۆ کوردی سۆرانی حه‌ز ده‌کات ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی و زمانه‌کانی تر فێر بێت به‌ڵام نایه‌وێت کرمانجی فێر بێت . 

وه‌ڵامی گله‌ییه‌کانی کاك حوسێن ، دڵنیای کاك حوسێن ئه‌که‌م هه‌موو ڕۆشنبیر و ئه‌ده‌ب دۆستی کورد ، به‌رهه‌مه‌کانی شاعیرانی کرمانجی به‌رده‌وام ده‌خوێنن وه‌ك  شاعیری گه‌وره‌ی کورد ئه‌حمه‌دی خانی خاوه‌ن یه‌کێك له‌ به‌ناوبانگترین داستانی کوردی  موم و زین ، هه‌روا مه‌لای جه‌زیری و جگه‌رخوێن و شاعیرانی تری کرمانجی که‌ ڕێز و پله‌یان له‌ شاعیرانی  دیالێکته‌کانی ترکه‌متر نییه‌ . 

 دڵنیای کاك حوسێن ئه‌که‌م بادینانیه‌کان له‌ئۆروپا به‌گشتی زمانی کوردی به‌شێوه‌ی سۆرانی ده‌خوێنن نه‌ك به‌ کرمانجی ، چونکه‌ کرمانجی به‌ لاتینیه‌ و تایبه‌ته‌  بۆ کورده‌کانی به‌شی باکوور ، هه‌ر له‌و ڕوانگه‌وه‌ من خۆم مامۆستای زمانی کوردیم و کوڕ و کچێکم هه‌یه‌ و هه‌موو هاوڕێکانیان که‌ بادینین به‌ شێوه‌ی سۆرانی ده‌خوێنن ، زۆر جوان به‌ سۆرانیش قسه‌ ده‌که‌ن ، به‌ پێچه‌وانه‌ی بیر و بۆچوونه‌کانی ڕۆشنبیرانی بادینی له‌کوردستان .

کاك حوسێن ده‌ڵێت ڕێژه‌ی ئێمه‌ی بادینی یه‌ك ملیۆن و نیوه‌ ..!! بۆ چوونی تایبه‌تی خۆم ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ی کورد به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕه‌خنه‌ له‌ به‌ره‌ی تورکمانی نه‌گرین که‌ ئه‌ڵێن ڕێژه‌ی ئێمه‌ی تورکمان له‌ عێراق زیاد له‌  سێ ملیۆن و نیوه‌ .

کاك موحسین عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌ڵێت خوێندکارانی ئێمه‌ ، یه‌کێکیش له‌وانه‌ کچه‌که‌ی خۆم که‌ له‌ پۆلی شه‌شی ئاماده‌ییه‌ ، هه‌موو بابه‌ته‌کانی جوگرافیا و ئابووری و مێژوو…. هتد وه‌ك شیعر له‌ به‌ر ده‌کات و هیچ لێی تێناگه‌ن ، چوونکه‌ به‌ سۆرانییه‌ .

پرسیارم بۆ به‌ڕێزی زیاد له‌ 37 ساڵه‌ خوێندن له‌ هه‌موو کوردستان که‌ به‌یه‌ك زمانی کوردی ستاندارد بوو، بۆ هیچ کێشه‌یه‌ك ‌نه‌بوو له‌ هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان ، من خۆم که‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکان خوێندکاری به‌شی زمانی کوردی بووم له‌ زانکۆی سالاحه‌دین ده‌یان خوێندکاری بادینیمان له‌ گه‌ڵ بوو ، خوێندکارانی هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان له‌و بنکه‌ زانستییه‌ کۆ بووبینه‌وه‌ ، هه‌موو به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ بووین له‌ دوا ڕۆژ خزمه‌تی زمانی کوردی بکه‌ین .

 که‌س له‌ خه‌یاڵی نه‌بوو ، ئه‌و بۆچوونه‌ نا‌ زانستیانه‌ی‌  سه‌باره‌ت به‌ زمانی ستانداردی کوردی که‌ ئێستا ڕۆشنبیرانی ده‌ڤه‌ری بادینان بیری لێ ئه‌که‌ن و به‌ داخێکی گه‌وره‌وه‌ پرۆفیسۆرو پسپۆره‌کانی زمان له‌ بێده‌نگیدان که‌ پێش ده‌یان ساڵ ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستیان نه‌بوو ، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌  ….!!!   

هه‌ر له‌و دانیشتنه‌دا ڕۆشنبیرانی تریش هه‌مان بۆچوون و هه‌ڵوێستیان هه‌بوو و دوو پات بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نین ئه‌وسیسته‌می په‌روه‌رده‌یه‌ بگۆڕن که‌ دایان ناوه‌ ،  زمانی ستانداردی کوردی به‌ شێوه‌ی کرمانجی ‌بێت له‌ ناوچه‌ی بادینان .

ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌موو کوردێکه‌ هه‌ر‌یه‌که‌و له‌ ڕێی خۆی هه‌وڵ بدات ڕێگرێك بێت به‌رامبه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ که‌ ته‌نها خزمه‌تی دوژمنان و نه‌یارانی کورد ده‌کات ، به‌تایبه‌تی له‌م قۆناغه‌دا و له‌م بارو دۆخ و هه‌ل و مه‌رجه‌ هه‌ستیاره‌ی کوردستاندا ، که‌ فاکته‌ری ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان له‌ نا ئارامیدایه‌ . ئه‌رکی سه‌ره‌کیش ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵات ، که‌ پێویسته‌ هه‌موو فشارێك به‌کار بێنێت . چوونکه‌ مه‌ترسی له‌ به‌کار هێنانی  دوو زمانی ستانداردی کوردی به‌ سۆرانی و بادینی ، له‌ مه‌ترسی دوو حکومه‌ته‌که‌ی جاران زیاتره‌ .

عامر باجه‌ڵان – سوید
Amerbajalan1@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.