
بۆ ئەوەی زمانی کوردیی بەدەردی ماددەی 140 نەبردرێت!
ئەم بابەتە، لە ئاوێنەی ژمارە”٣٤٣” ی ١٨ی سێپتێمبەری ٢٠١٢ دا بڵاو بووەتەوە.
چوار ساڵ لەمەوبەر کۆمهڵێک نووسهر، کەمپەیینێکیان بۆ بههای بەفهرمییکردن و به ستاندهردکردنی زمانی کوردیی ئاراستهی دەسەڵاتی سیاسیی و حکومەتی هەرێم بەڕێکرد. پرسی به فهرمییکردنی زمانی کوردیی بوو به بابهتی رۆژهڤ و میدیای کوردیی و تا ههنووکهش درێژەی هەیە. مخابن دوای ئهو ههموو مشتومڕە سیاسیی و کولتوورییە، دوای دەیان لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیی و کتێب نووسین و سێمینار و چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیی و میدیای جۆراروجۆری تر، کە لهسهر دۆخی زمانی کوردیی کران و دهکرێن، کهچیی حکومهتی هەرێم و حیزبی دەسەڵاتدار و لایهنی پێوەنددار به “زمان”ەوە نهک ههر ههنگاوێکیان بۆ چارهسهری ئهو پرسه سیاسییە کولتوورییه نیشتمانییه نههاویشتووه، بهڵکو به هۆی چهندین کۆنفرانسی حیزبیی و بەئایدیۆلۆژییکردنی پرسی زمان، رەهەندی بەستاندەردکردنی زمانیان بهرهو ئاستەنگی زیاتر بردووه. ههر بۆیه خهریکه دۆخی زمانی کوردیی وهک کهرکوک و ماددهی 140ی لێدێت و دهبێته حیکایهتێکی بێهووده. ئەگەر حکومهتێک نهتوانێت بڕیارێکی سیاسیی و قانوونیی بۆ چارەنووسی زمان بدات، ئهوه تێدامانی( dilemma )سیاسیی نییه؟
ئێستا کۆمەڵێ نووسهر و سیاسیی وەک “گرۆیەک” بۆ پاراستنی زمانی کوردیی بانگهوازێکیان نووسیوه، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سساسیی هانبدەن لە پاراستنی زمانی کوردییدا بە ئەرکی خۆی هەستێ. ئێمە بەشێک لە داواکارییەکانیان بە دروست دەزانین و حەزیشمان دەکرد لەگەڵیاندا ئیمزای بکەین ئەگەر سەرنج و پێشنیارەکانی ئێمەیان لەبەرچاو بگرتایە. بۆیە لێرەدا وەک جۆشدان و پاڵپشتییەک بۆ بانگەوازەکەی ئەوان و وەک هەندێ سەرنجی زمانەوانیی و سیاسیی و کولتوورییش، دەمانەوێ هەندێ وردەکاریی زمانیی و سیاسیی باس بکەین.
ئەوانەی لە ناو کورددا، قسە لەسەر فیکرو مەعریفەو فەلسەفە دەکەن، ههروهها رووناکبیره ناسیۆنالیستهکان، کەمترین قسەیان لەسەر زمانی کوردیی کردووە. لە کاتێکدا بەزەخیرەی زمان دەیانەوێ دهق بنووسن. بەشێکی ئەم بێدەربەستییە بۆ تێنەگەییشتن لە ڕۆڵ و بەهای سیاسیی و کولتووریی زمان دەگەڕێتەوە، بەشێکیشی پێوەندیی بە دەست بەکڵاوگرتن و پاراستنی بهرژهوهندیی تایبهتیی و خۆنەکردن بە خاوەنی پرسێکی زۆر هەستیارو کاریگەری وەک “زمان” دەگەڕێتەوە، کە هەموو بوێرییهکی سیاسیی و مەعریفیی لێ بڕیون. هاوکاتیش ههر ئهو نووسهرانه لە دوای راپەڕینەوە بەگشتیی و لە چوار ساڵی رابردوودا بەتایبەتیی کە زۆرترین قسەوباس لەسەر زمانی فەرمیی و پەروەردەو نووسین کراوە، کەسیان نووسینێکی ئەوتۆیان نەنووسیوە. لە کاتێکدا، دەیان زاناو پسپۆری بوارە جیاوازەکان و رووناکبیره فرە رەهەندەکانی گەلانی دنیا، کەم تا زۆر قسەیان لەسەر ” زمان” و ئەرک و وەزیفە سیاسیی و کولتوورییەکەی کردووە.
لەسەر ناوەڕۆکی کەمپەیینی برادەرانی “گرۆ”، ناکرێ زمانی کوردیی لەهیچ پارچەیەکی کوردستاندا بە رەهەندی نەتەوەیی قسەی لەسەر بکرێ، تا رەهەندە نیشتمانییەکەی لەچوارچێوەی جیۆگرافیای پارچە جیاوازەکاندا بەجیا لەبەرچاو نەگیردرێت. بەواتایەکی تر، کورد له ههر پارچهیهکدا هەلومەرجی سیاسیی و کولتووریی و جیۆگرافیی، وایلێدەکات بەناچاریی لە هەنووکە و داهاتوویەکی نزیکدا، بیر لە زمانێکی نەتەوەیی نەکاتەوە، بەڵکو بۆ هەر پارچەیەک، بیر لە زمانێکی نیشتمانیی (بەتایبەت بۆ کوردستانی باشوور- هەرێمی کوردستان) بکرێتەوە.
ئێمه جهخت لهسهر ئهوه دهکهینهوه، که زمانی کوردیی لە ئاستی سیاسیی و کولتوورییدا لەجیۆگرافیای هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردییەکاندا، دەبێ لەڕووی سیاسیی و قانوونییەوە ساغبکرێتەوە. کۆنفرانس و ئەکادیمیا و زمانزان و زمانەوان و کوردییزان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان، هەموویان هەڵخەڵەتاندن و بە لاڕێدابردنی پرسە سەرەکییە سیاسییەکەیە، کە ئیرادەی نیشتمانیی لەدەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا بوونی نییە. چۆن دەکرێ دەسەڵاتێک بە ئەجێندای حیزبیی و ئایدیۆلۆژیی و بەزیندووکردنەوەی عەشیرەتگەریی، خوێندنەوەی بۆ ئەرک و مەوداکانی زمانێکی فهرمیی و ستاندەرد هەبێ، تا بەو شێوەیە موجامەلەی سیاسیی و زمانەوانیی لەگەڵدا بکرێ؟ دەسەڵاتی کوردیی بەگشتیی و پارتیی بەتایبەتیی، زمانی کوردیی لە ناوقەدەوە بڕیوەتەوە، دوو پەروەردە و دوو زمانی جیاوازی کوردیی، لەیەک هەرێمی سیاسیی دیفاکتۆدا، دروستکردووە. چۆن دەکرێ بەرچاوڕوونیی نیشتمانیی بۆ پرسێکی چارەنووسسازی وەک زمان هەبێ؟
ئێمە هاوڕاین لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا، کە ئەلفوبێی تورکیی-لاتینیی زیانێکی سیاسیی و کولتووریی گەورەی لە ئەدەب و زمانی کوردیی داوە. لە بناغەوە زمانی کوردیی لێک هەڵتەکاندووە و بە دوو ئاقاری جیاوازدا بردوویەتی، بەڵام چۆن ئەو ئەلفوبێیە تورکیی لاتینییە بە لاساییکردنەوەی کەمالیزم بەسەر کوردانی کوردستانی باکووردا ساغکرایهوه، بەهەمان میتۆدیش نابێ سیاسەتی زمانیی تێکەڵ بە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی وکۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزم بکرێ. هاوکات که دهڵێین ئهلفوبێی تورکیی-لاتینیی زیانی هەبووە، نابێت وهک بێڕێزییکردن به ئاخێوهرانی کوردستانی باکوور بخوێندرێتهوه، چونکه زۆرێک لهوانهی که خهریکی خۆڕنینهوهن بۆ به جووتستاندهردکردنی زمانی کوردیی، ئهو دهربڕینانە چهواشه دهکهن.
بەواتایەکی تر، عەقڵانییەت ئەوەیە کە زمانی کوردیی لە کوردستانی باشوور و رۆژهەڵاتدا، نیشتمانییانە بە بناغەی کرمانجیی ناوەڕاست ساغبکرێتەوە، لە کوردستانی باکوور و کوردستانی سوریەشدا بە کرمانجیی ژووروو گەشەی پێبدرێ. بۆیه ئهرکی دهسهڵاتی کوردیی و به تایبهتییش وهزارهتی پهروهرده و رۆشنبیرییه، سهرهتا وهک ههنگاوێک بڕیار لهسهر به فهرمییکردنی رێنووسێکی هاوبهش بدات وهک زمانێکی فهرمییش به قانوونیی بکات، تا چیتر زمانی کوردیی ئەتک نهکرێت و ههر شار و دهڤهرێک، زمان و رێنووسی جیاواز بەکار نەهێنن. دیارە بەکەڵکوەرگرتن لە هەموو دایەلێکتە جیاوازەکانی زمانی کوردیی، بەتابەتییش بادینانیی و هەورامیی و کەڵهوڕیی، دەکرێ لای کەم، زمانێکی ستاندەرد، لەڕووی سیاسیی و قانوونییەوە لەهەرێمی کوردستاندا ساغبکرێتەوە.
لە دوور مەوداشدا، ئهگهر پهرۆشییهکی هاوبهشی نهتهوهیی ههبێ، زمانی فهرمیی هەرێم، وهک هەوێنێک بۆ رۆنانی یەک زمانی نووسین بۆ تەواوی نەتەوەی کورد بهکاربهێنرێ. بهمجۆره لە مەودای نزیک و دووردا، ئەگەر ئیرادەی نەتەوەیی و سیاسیی کاریزما هەبێت، ئەوە به لای کەمهوه زمانێکی هاوبەشی نووسین و دهق بۆ سەرجەم پارچەکانی کوردستان، بەدانانی یەک دایەلێکت بە بناغەی سەرەکیی رێزمانیی و بەهاوکاریی تەواوی دایەلێکتەکانی تر بۆ خزمەتکردنی ئەو زمانە، بە ئەجێندایەکی نەتەوەیی باڵا دەستنیشان دەکرێ.
ئەگەر ئەو ئیرادە سیاسییە نەتەوەییە لەناو کورددا نەبێت، گومانی تێدا نییە، لە ماوەیەکی نزیکدا، زمانی کوردیی وەک ئاردی ناو دڕكی لێدێت، هەروەک نەتەوە جیاوازەکانی “ئۆغوز ” یان دروستتر بگوترێ وەک تیرە کۆنەکانی “ئۆغوز oghuz ” یاخود” تیرە تورکەکان- ئوغور Ugor- “، بەسەر زمانە جیاوازەکانی (گرووپی زمانی تورکیی) تورکیی،عوسمانیی غاغاوز Gagauz ، تورکە مێسخەتەکان Meskhetian Turks، گرووپی زمانە ئازەرییەکان، گرووپی زمانە تورکمانییەکان، تورکمانەکان، ئۆزبەکییەکان، تورکە خوراسانییەکان”، گرووپی ئۆغوزەکانی باشوور، گرووپی سالارچەکان”salar ” و دەیان لقوپۆپی تر لەچەشنی زمانی تەتەرییەکان، قەشقەییەکان، قیپچاکییەکان Kypchak و دەیان زمان و دایەلێکتی بچکۆلەی تر، دابەش دەبێت.
ئەم دایەلێکتانە، دانە بەدانەیان بوونە بەزمانی سەربەخۆ، لەوڵاتانی جیاوازدا زمانی فەرمیین، تەنیا و تەنیا پێوەندییەکیان بەیەکەوە هەبێت، بەهەموویان دەگوترێ گرووپی زمانە جیاوازەکانی رەچەڵەک تورک یان ئۆغوزەکان، یاخود ئۆغورەکانیان پێدەگوترێ. لێرەدا دەبێ بە ئەعسابێکی ساردەوە بەنەوەکانی داهاتووی کورد بگوترێ، ئێوە زمانێکی یەکگرتووی کوردیی هەرگیز نابینن، بەهۆی سیاسەتی تایەفیی و ناوچەگەرایی حیزبە سیاسییەکانی پارچە جیاوازەکانی کوردستانەوە.
هاوکات، کەمپەیینی ئەو گرۆیە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ” ئەزموونی کوردستانی باشوور بکرێتە بنەمایەک بۆ هەموو نەخشەکانی پێوەندییدار بەزمانی کوردییەوە”. لەڕاستییدا ئەزموونی هەرێم لە ئاستانەی زماندا زۆر شکستخواردووە. دوو پەروەردە و سیستمی خوێندن، لە هیچ گۆشەیەکی دنیادا بۆ یەک زمان، بۆ یەک نەتەوە، تەنیا دایەلێکتەکانیان جیاواز بن، بوونی نییە. باشترە بگوترێ سیاسەتی زمانیی و کولتووریی ( language and cultural policy ) بۆ پارچەکانی تری کوردستان، لە ناواخنی ئەو زمانە ستاندەردەی هەرێمی کوردستانەوە هەڵبهێنجرێ، چونکە ئهو زمان و ڕێنووسهی ئهمڕۆ له کوردستانی باشوور پێی دهنووسرێت، مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە، دەقی مەزنی دەیان شاعیر و نووسەرو کەسایەتیی کورد لە دوو پارچەی کوردستانی باشوور و رۆژهەڵات بەم زمانە ستاندەردە نووسراوە. باشتره ئهم زمانه لهڕووی ئەکادیمیی و زانستی زمانناسییەوە دەستی پێدا بهێنرێ و بەهاوکاریی سەرجەم زاراوەکان بکرێته زمانی فهرمیی، که لهڕاستییشدا بە بێ بڕیارێکی سیاسییش، هەر ئێستا زمانێکی تەواو ستاندەردە.
جەختکردنەوە لەسەر ئەلفوبێی ئارامیی-عەرەبیی، کە له کوردستانی باشوور و رۆژههڵاتدا رۆحی زمانی کوردیی پێ خهمڵێنراوه، خەزێنەیەکی مێژوویی و کولتووریی سەتان”سەدان” ساڵەیە و ناکرێ بە چاولێکەریی لە کەمالیست و ناسیۆنالیستە تورکەکان، یان وەک هەندێ بەناوی مۆدێرنیزمەوە بانگەشەی بۆ دهکهن، پێیانوایە به لاتینییکردنی ئهلفوبێی کوردیی، به مۆدێرن و ئهوروپیی دەبین، رۆحی زمانی کوردیی بکوژرێ. ئەوەی برادهرانی “گرۆ” ئاماژهی پێدهکهن، پێوەندیی بهوهوە نییه، کە کورد زۆرینهی موسڵمان و رۆژههڵاتیی بێ. پهرۆشیی بۆ به فهرمییکردن و دهستپێوهگرتن به زمانی کوردیی له کوردستانی باشووردا، پێوەندیی به ئایین و ئایدیۆلۆژیاوه نییه، بهڵکو پێوەندیی به بههای کولتووریی و نیشتمانییهوه ههیه. لەهەمان کاتیشدا ئەلفوبێ ئەو بایەخە سیاسییەی نییە، ئەوەندەی ساغکردنەوەی سیاسیی و قانوونیی زمانی کوردیی لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە، بایەخی مێژوویی و سیاسیی و زمانیی هەیە.
زمانێکی ستاندەرد، کۆدێکی نیشتمانیی هاوبهشە بۆ کۆی هاووڵاتییانی کوردستانی باشوور و کوردستانی رۆژهەڵات، بەداخەوە هێشتا لە کوردستانی باکووردا، بەهۆی هەڕەشەی نیۆ-کەمالیستەکانەوە لە سڕینەوەی کورد، زمان ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخساوە. لەئاسی هەرێمدا ئهوه ئهو زمانه هاوبهشه نیشتمانییهیه که دهتوانێت ئهو جومگه لێکترازاوانهی دهڤهر و شارهکانی کوردستان بهێنێتهوه ناو زمان و دواتریش بۆ ناو رۆحی نیشتمان و نەتەوە شۆڕبکرێتەوە. ئهو جهسته نیشتمانییهی که ههر له دوای راپهڕینی خهڵکی کوردستانهوه، حیزبی کوردیی، لەڕێی شهڕی خۆکوژیی و بهرژهوهندیی ناوچەیی و بنەماڵییەوە بهسهر چهندین دهڤهر و شار و ئیدارهدا دابهشیانکردووه.
لەدوای کەمپەیینی” ستاندەرددایزی زمانی کوردیی” لە ٢٠٠٨ دا، هەر خودی دەسەڵاتی بێباک و ناوچهگەریی کوردە، کە ئەو جۆرە کۆنفراسانە لەسەر ئەلفوبێی تورکیی-لاتینیی، لێرەو لەوێ سازدەکات، بۆ مانۆڕی تایەفیی و ناوچەگەرایی، تا جێ پێی خۆی لە کوردستانی باکووردا بکاتەوە و لەو رێگەیەشهوە هەندێ تۆراو و دڵشکاو لە پەکەکە کۆبکرێنەوەو کۆنفراسیان پێ ساز بکرێ و جێپێی حیزبێکی وابەستەی سیاسیی لەکوردستانی باکوورو کوردستانی سوریەدا بکرێتەوە. بۆیە ئەو جۆرە کۆنفراسانە، کە کەمترین زمانناس و زمانەوان و رۆشنبیرانی کورد لەخۆ دەگرن، بە زیان بۆ زمانی کوردیی دەشکێنەوە.
لەکۆتاییدا، ئێمە سەرەڕای ئەوەی پاڵپشتیی لە هەندێ بۆچوونی برادەرانی ئەو گرۆیە دەکەین، سەرنجەکانمان زیاتر لەو ئاقارەدا کۆدەکەینەوە، کە دەسەڵاتی سیاسیی ناکرێ بە نەبان سەیر بکرێ. ئەوە دەسەڵاتی سیاسییە ئەو کۆنفراسانە لەسەر زمان بەڕێدەخات، ئەوە مێنتاڵیتی حیزبخوازیی و دهڤهرپهرستیی و شوانکارەیی حیزبی کوردییە، کە هاندەرو دەست لەپشتدەری گرووپی جووتساندەردەکانی زمانی کوردییە، کە زۆر ناعەقڵانییانە، دوور لەهەموو ئەدگارێکی ئەکادیمیی و زمانەوانیی، چەلەحانێی زمانناسیی لەسەر ئەوە دەکەن، زمانی کوردیی، بەرەو فرە ستاندەریی یان لای کەم بەرەو جووتستاندەردیی ببەن. بڕوای سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە ئەلفوبێی تورکیی لاتینیی، وهک برادهرانی ئهو گرۆیه ئاماژهی بۆ دهکهن، ئەو شێرپەنجەیە نییە کە لەزمانی کوردیی داوەو چارەسەری نەبێ، بەڵکو شێرپەنجەی سەرەکیی ئەوەیە کە خودی دەسەڵاتی سیاسیی لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا، بەکردەوە زمانی کوردیی لە بواری پەروەردەو خوێندندا بە ئەجێندای سیاسیی وناوچهگهریی و نانیشتمانیی و تایەفیی، کەرتوپارچە کرد.
گۆران عهبدوڵلا،ههندرێن، یاسین بانیخێڵانیی و کامیار سابیر