
یادکرنەوەی بەو شێوەیە زەبرێکی کوشندەیە لە ئازادی بیرکردنەوە
بەدواچوون
ئاسۆ بیارەیی
سوێد ١٥-٩-٢٠١٢ سوێد
ماجستیر لە دەروونناسی کۆمەڵگە
سڕینەوەی خەبات و تێکۆشانی لایەن و ڕێکخراو و خەڵکانی دی، گوێنەدان بە ههمەڕەنگی سیاسی و لەقکردنی ڕایەڵی پێوەندی میژوویی هێزە بزوینەرەکان، نەک تەنها کۆمەڵگە دەگێرێتەوە بەرەو پاشەوە بەڵکو هوشیاری لە تاک زەوت دەکات و پانتایی بیرکردنەوەی لێ تەسک دەکاتەوە. لە یانزەی سێپتەمبەری ئەمساڵ پارتی، لە چەند ئاهەنگە حزبی و بنەماڵییەکدا، خرۆشانێکی جەماوەری سازکرد، کە گوایە ههمیشە پێشرەوی بزوتنەوەی کوردی بووە، گەورەترین دەستکەوتی بەتەنێ، بۆ کوردستان دەستەبەر کردوە. لێرەدا من باسی بە فێرۆدانی سامانی کوردستان ناکەم کە لەو ئاهەنگە حزبیانەدا سازکراون، ئەوە بەجێدەهێڵم بۆ کەسانی شارەزا لەو بوارە.
لە ههڵسەنگاندێکی سۆسیوسیاسیدا، پارتی دەیەوێت ئەو پەیامە بە کۆمەڵگەی کوردی و تاکەکان بدات، کە بەبێ وی هیچ بزوتێک لە ناو کوردستان نەکراوە و دەیەوێ مێژووش بەوشێوەیە بە گوێی ئەندام و لایەنگرانیدا بچرپێنێ. ڕەنگە ئەوە بۆ پێڕێک سەرکردەی ئەوە حزبە کە خۆبایین و یان کۆمەڵێک کە ئاگایی و هوشیاری سیاسیان نزمە تا ڕادەیەک سەربگرێ، بەڵام بۆ زۆرینە، کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێ و زۆرجاریش دەبێتە جێگەی گاڵتەجاڕی(شکستی) سیاسی و بگرە لە زەماوەندی ناو خێڵک تێپەڕ ناکات و بەلابردنی پەڕۆ ڕەنگاو ڕەنگەکان ئاسەواری لە هزری خەڵکدا نامێنێ.
سازکردنی خرۆشانێکی وا زەبەلاح، بێگومان جێی شادی خودی بنەماڵە و حزبە، کەوەک دوو ڕوی درواێک تەواوکەری یەکترین، مافێکیشە، بەڵام و کۆمەڵێک پرسیارگەلی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و..هتد لە بیری تاکی کوردیدا دروست دەکات. ههرهیچ نەبێ هێزێکی نەیار(سەوز) و چەند پارتییەکی دی بەوپەڕی توانایانەوە قوربانی و شەهیدیان داوە، ئەو شێوە شایلۆغانە، سرینەوەی تەواوی خەباتی حزبێکی وەک حزبی هیوا و شیوعی و ووردە بۆرژاو و کەسایەتیە کوردییەکانە، کە ههر ئەوانیش دامەزرێنەری ئەو ههستە نەتەوەیی بوون و ناساندنی لە نێو خەڵکدا و بە جیهانی دەروە، نەک پارتی وەک حزب و بنەماڵە، کە بەداخەوە ئەمڕۆی خۆی بەڕابەرو خاوەنی دەزانێ. ئەو کاتەش ئیبراهیم ئەحمەد و چەند کەسێکی دی و چەپی کوردستان کە پارتییان دروست کرد، بارزانی یەکەم(مەلاموستەفا) هەر ئاگاشی لێنەبووە تا کو دوای هاتنەوەی لە شورەوەی ١٩٥٨ کرایە سەرۆکی ئەو حزبە. کردنی مەلاموستەفا(بارزانی یەکەم) بە سەرۆکی پارتی هۆکاری عەشیەرەتی و ئاستی پاشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی ئەوسا بووە، چونکە ههستێکی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان بەرجەستە و دیار نەبووە( بروانە ئەیوب بارزانی ١٩٥٨- ١٩٧٥ لا ٥١ تا ٥٢) و ( مسعود البارزانی، الحرکة التحریریة الکوردیة). کەواتە چەپەکانی کوردستان ئەو حزبەیان دروستکرد،،لە ئیرانیش ههروەها حزبی دیموکرات وەکو باڵێکی تودە دروستکرا (بروانە بەڵگەنامەکانی حزبی تودە ١٩٦٠) ..دواتریش جیابوونەوە. لەبیر نەچێت قاسملۆ ئەندامێکی نهێنی تودەیی بوو، دواترجیابووە. پارتیش ههر بەو جۆرە دروست بوو، چەپەکان و بۆرژوای بچوک و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە دروستیان کرد، تەنانەت ئەندامەکانی بنەماڵەی بەرزانی تا ئەمڕۆش زۆربەیان نازانن ئامانجی ڕێکخراوەییە و دیموکراتی چیە، چونکە ئەوان زیاتر بایەخ بە تەریقەی ئاینی نەقشبەندی دەدەن، ئەمە ڕاستییەکە دەبێ دوور لەسۆز و نەیاری پەسەند بکرێ..بە تایبەتی لەلایەن ئەو پارتیانەوە کەمێ خاوەن پێشینەی ڕۆشنبیری مێژووین و هەندێکێشیان کە وەک فەلەکەدین کاکەک، بەدران حەبیب، سەرۆقادر و کاروان عەبدولا شیوعی بوون، ئەگەر خۆڵ نەکەن چاوی خەلکەوە. هەروەها کادیرانی ناو ههرێمی حزبی شیوعی عیراق لە ههندێ شار و کۆڕدا لە باتی کادیری پارتی ڕۆلیان دەبینی(ههرچهندە ئەوە یەکێکە لە خاڵە ڕەشەکانی ئەو حزبە) کە دەبوو خۆیان جڵەو بگرێنە دەست.
ئەم شایلۆغانە ئەیلولیە زەردەی پارتی گەڕانەوەیە بۆ خانەی یەکەمی بەرفراوانکردنی دابونەریتی خێڵەکانی سەدەی ناوەڕاست و بۆنە ئاینییەکان، ئەدی ئەگەر وانیە چی لە شینی کەرنەڤاڵە خوێناویەکانی شیعە کەمترە کە سەدەها سالە بۆ حەسەن و حوسین دەگرین و خۆیان بە موسڵمانی ڕاستەقینە دەزانن؟
ئەو جۆرە کەرنەڤالە تاکڕەوانە هۆکارێکە بۆ پەراوێزکردنی هێزە بزوینەرەکانی دی کۆمەڵگە، جورێکە لە خۆ سەپاندن بەسەر خەباتی ئەوانی دیکەدا کە تادوێنی ڕۆژانە زۆرانیان لەگەڵ مردن و بەرگرییان دەکرد و بەشێکی گرنگی پرۆسەی بەرگرین بوون، بەتایبەتی لەپرۆسەی نەگریسی ئەنفالدا. پارتی دەیەوێت پیمان بڵێ کەئەوان و سەرکردەکانیان گەنجینەیەکی پڕ سەروەرییان لە ئەنباری گۆڕانکاری فەرهەنگی کۆمەڵگەی گەلی کورددا تۆمارکردوە. ئەی کوا؟ کامەیە سیما بنەڕەتیە نوێیەکانی ئەو شۆڕشە، ئەگەر شۆڕش بووبێ، خەرمانی بەرەو پێشچوون و ئەو نوێکارییە لە کوێوە دەبینرێ دوای ئەو ههموو قوربانیە؟