Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
کوردایەتی! …نووسینی:جیهاد محەمەد و سۆران کۆستە

کوردایەتی! …نووسینی:جیهاد محەمەد و سۆران کۆستە

Closed
by October 3, 2012 گشتی

 

 

کوردایەتی دەستەواژەیەکی ناسیۆنالیستی نزیکە لەڕەگەز پەرەستییەوە، هەروەها بەشێکی گەورەی بەرپرسیارێتییەکانی شکستی خەباتی سیاسی پێویست بۆ گەیشتن بەمافەکانی گەلێک بەدرێژای مێژووی پتر لە٦٠ ساڵی ڕابردوو دەکەوێتە سەر هەڵگرانی ئەم دەستەواژەیە. کوردایەتی ئەو دەستەواژەیەیە کە ئەنجامی لاوازی بیرکردنەوەی سیاسی و کورتبینی لەبواری نیشتمانپەروەری و درک نەکردن بەخەباتی چینایەتی خەڵکی نیشتمانێکی گەورەدا هاتوەتە بەرهەم. وەک وشە لەسەر دەستی دەسەڵاتێکی ستەمکارەوە هاتوەتە مەیدانی کاری سیاسیەوە و پاشان کراوەتە زاراوەیەکی بەکاربراو  و هەمیشە بیانوو بوە بۆ یەخسیرکردنی هێزە بگۆڕەکان لەناو پێکهاتە کۆمەڵایەتییە جۆربەجۆراکانی نیشتمانێکدا کە هەموومان پێی دەڵێین کوردستان. 

ئێمە لەم تێکستەدا لەسەر بەشێکی چکۆلانەی ئەم دەستەواژەیە دەوەستین، چەند دووریەکی لێکدەدەینەوە و ئومێدمان وایە لەداهاتوو خەڵکی زیاتر کاری لەسەر بکات و وردتر لەم پرسانە بکۆڵرێتەوە، چونکە ئەم جۆرە بابەتانە پرسی زۆریان لەخۆگرتوە بێ وردبوونەوە لێیان، لەسەر میتۆدێك ژیانی سیاسیمان بەڕێوەدەچێت کە ئاکامێکی درووستی نابێت لەگەڵ ئامانجەکانماندا. ئەم وشەیە سیمبوڵێکە بۆ کۆی ئەو تاوانە مێژووییانەی لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی کوردستانەوە بەرامبەر بە خەڵک و دانیشتوانی کوردستان کراوە. ئەم وشەیە ئەو ئەدات و تەکنیکەی لەپێکهاتەیدا شاردوەتەوە کە چ لەسەر ئاستی خێزان، چ لەسەر ئاستی تێکڕای کۆمەڵگا و بەهۆیەوە توانراوە ڕەنج و کار و وزەی خەڵکی بخاتە خزمەت دەستەیەکی ستەمکاری بازرگانەوە، کەبەباشی توانیویانە پرسی ناسیۆنالیستی بەقازانجی خۆیان و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵک پەراوە بکەن. لەم تێکستەدا دەستەواژەی کوردایەتی دەکەینە دەروازەیەک بۆ دربڕینی خواستێک لەگۆڕانکاری فکری و سیاسیدا کەلەلایەک کۆمەکێکی چکۆلانە بە پرسی سیاسی خەڵک دەکات، و لەلایەکیش لەتوانایدا هەیە ڕێڕەوی داوا و خواستە نیشتمانی و “نەتەوەییەکان” ڕاست بکاتەوە.

ماوەتەوە بڵێین، دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستاندا بەتەنیا لەو دەسەڵاتە فەرمییەدا قەتیس نەبووە کەحوکمڕانی کوردستانی کردبێت! بەڵکو بەشێکی گەورەی دەسەڵاتی سیاسی کوردستان لەدەست هێزە کوردستانییەکان و پارتە کوردییەکاندا بووە کە هەمیشە حوکمڕانی سیاسیانەی خەڵکی کوردستانیان کردوە لە ڕێگەی بڕیارەکانیانەوە. لەهەندێ باردۆخی مێژوویدا تەنیا حوکمڕانی ناوچە گوندنشینەکانیانکردوە و زۆرجاریش دەسەڵات و بڕیاری سیاسیانەیان کاریگەری لەسەر شارەکان داناوە و هیچ هەڵەش نییە، گەر بڵێین زۆرجار کاریگەرییەکانی ئەو دەسەڵاتە تا پایتەختەکانی داگیرکاری و بۆ ناو ژیانی کوردستانیانی تاراوگەش درێژ بووەتەوە.

کورد نەتەوەیەکە لەڕووی دیمۆگرافیەوە بەگەورەترینی ئەو نەتەوانە هەژمار دەکرێت کەبێ دەوڵەتن. ئەم جۆرە لەهەژمارکردن بۆ خەڵکی دەرەوەی کوردستان جێی سەرسوڕمانە و بۆ تێکڕای دانیشتوانەکەی خۆیشی جێی پەژارە و تێڕامانە. ئەوەی سەیرە پتر لە چل ملیۆن دانیشتوانی نیشتمانێکی هاوبەش و یکگرتووی جوگرافی و هاومێژوو و هاوزمان لەدۆخی بندەستیدا ژیانیان بەسەر بەرن و بەهۆی داگیرکارییەوە لەبڕێکی زۆری مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش بن. لێرەدا ئاماژە بە پرسێکی گرنگ دەدەین ئەوەش دیمۆگرافیا و مافە، وەک ژمارە بۆ ئێمە گرنگە نییە کە پتر لە چل ملیۆن دەوڵەتیان نەبێت، گرنگ ئەوەیە هەبوونی دەوڵەت مافێکە لەمافە سیاسی و فەرهەنگییەکانی ئەم چل ملیۆنە، خۆ ئەگەر ئەم چل ملیۆنە زۆر لەوەش کەمتر بوونایە، مافە بنەڕەتییەکانیان بۆ بوونی دەوڵەت و سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردن هیچی لێ نەدەگۆڕا. وەک بیرکردنەوەیەکی مرۆڤدۆستانەش دەتوانین بڵێین دەوڵەت لە خۆیدا هیچ مانایەکی تری نابێت جگە لەوەی کە فۆرمێکی سیاسییە بۆ پەراوەکردنی ماف و سەروەری و کەرامەتی مرۆییانەی دانیشتوانەکەی. 

لەلایەکی ترەوە، دەبێت لەیادمان بێت مرۆڤدۆستی و مافەکانی مرۆڤ و کولتوور و سیاسەتی نەتەوەیەکیش مەرج نییە تەنیا لە فۆرمە سیاسییەکەی دەوڵتدا بەدیبهێنرێت! زۆرێک لە نەتەوە و گەلانی دنیا ئەو فۆرمەسیاسیەی دەوڵەتیشیان بۆ خۆیان دروست نەکردوە و بەڵام هەموو مافە بنەڕەتیەکانی نەتەوەییەکیشیان بەدەستهێناوە. لەنمونە دیارەکانی ئەم نەتەوانەش هەموو ئەو نەتەوانەیە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانی بەلجیکا و سویسرا و ئەڵەمانیادا دەژین، یان وەک سامییەکانی وڵاتانی سوید و نەرویج و فینلاند. لەسادەترین ئیستی ئێمەدا  مافی مرۆییانە و کولتور و سیاسیانەی هەر گەل و نەتەوەیەک دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خودی خۆی کە ئازادانە بڕیاری لەسەر بدات.

کورد وەک نەتەوە بەتەنیا ناژی لەسەر خاکێک کە ناوی کوردستانە، بەڵکو چەندین و جۆرەها نەتەوەی تریش لەم پانتاییەدا ژیان بەسەر دەبەن و لەوەش گرنگتر ئەوەیە لەپاشەڕۆژدا ژمارەی ئەو نەتەوە و نەژادانەی دێنە کوردستانەوە لەفراوان بووندان. سروشتی کۆمەڵگای مرۆیی و پێشکەوتنەکانی لە دۆخێکی بەردەوامدایە. بەپێی  هەندێک توێژینەوەی زانستی: (لەماوەی پەنجا ساڵی داهاتوودا لەکۆمەڵگاکانی ئەوروپای خۆرئاوادا لەدایک بوویەکی نوێ نابینینەوە لەباوانێک لەدایکبووبێت کە هاو نەژادی پەیت بن.) ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕینی پێکهاتەی کۆمەڵگا مرۆییەکان لەدونیادا و زیاتر بەرەو کۆمەڵگای بەمرۆیی بوو دەچن نەک کۆمەڵگای نەژادزادەیی.

لەو نمونەیەی پێشوودا گەر کۆمەڵگای فەرنسی بۆ نمونە وەربگرین، ئەوا دەڵێین کۆمەڵگایەکی لێ پێکدێت لەبڕی هەرەزۆریدا فرە ڕەگەزو فرە ئەتنیک دەبێت، بەڵام ئەمە واناکات زمانی فەرەنسی و کولتووری فەرەنسی و مێژووی فەرەنسا …تاد گۆڕانی گەورەیان بەسەردا بێت بەجۆرێک ئیدی نەناسرێتەوە. بەواتایەکی تر، تایبەتمەندییەکانی گەلی فەرنسا لە ناوناچن و وەک خۆشیان نامێننەوە، بەڵکو دەوڵەمەندتر دەبن ئەنجامی ئاوێتەبوونی لەگەڵ تایبەتمەندی هەموو ئەو ڕەگەزە نوێیانەی تر کە دێنە ناو ئەو جوگرافیایەوە. ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر و ئەزموونکراوە کە هەتا تایبەتمەندییەکانی هەر گەلێک داخراوبیت بەڕووی خۆیدا، ئەوا زیاتر لە ژێر هەرەشەی فەوتان و لە ناوچوون و پووکانەوەی کولتووریدا دەبێت، بەپێچەوانەشەوە کرانەوە دەرفەتی گەشە و بوژانەوە زیاتر دەکات. ئەم ڕاستیە لەگەڵ درووستبوونی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتیەوە تا ئیستا یەکێکە لەخەسڵەتەکانی چەمکی بەجیهانیبوون و لەپەیوەندیە سیاسییە نێودەوڵەتیەکاندا بەڕوونی ڕەنگیان داوەتەوە. کوردستانی ئێمە زۆر لەمێژە ڕووبەڕوە لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریەدا و لێرەوە دەستەواژەی کوردایەتی تێکڕای ئەو نەتەوە و نەژاد و خەڵکەی فەرامۆش کردوە و دەکات کەلە پانتایی کوردستاندا ژیان بەسەر دەبەن و لەڕووی مێژووییەوە خاوەنی ئەو جوگرافیایەن وەک هەموو تاکێکی کورد، یان کە لە داهاتوودا دەبنە خاوەنی جوگرافیا و مێژووی ئایندەی کوردستان. دیسان ڕووبەڕوە لەگەڵ دونایی نوێدا، دونیای جیهانگیریی کە ئەم دونیایە زۆر جار نەک تەنیا سنوری نەتەوە بەڵکو سنووری گەلانی دونیا دەبەزێنێت و هێڵێکی دیاریکراو نامێنێتەوە بۆ گەلێکی دیاریکراو تا قەتیس بمێنێت لە چوارچێوەی جوگرافیا داخراوەکەی خۆیدا. بۆیە جارێکی تر تێرمی کوردایەتی لاوازە و نەیتوانیوە لەگەڵ بەرەوپێشچووندا هەڵبکات، کە بۆ ئایندە و دونیای نوێ ئاستەنگەکانی هەڵکردن و خۆگونجاندنی زیاتری بەرەروڕوودەبێتەوە.

کوردایەتی وەک کردارێکی دابڕاو، لەژێر چەندین پرسیاری جۆر بەجۆردایە. ئەوانەی کوردایەتیان کردوە یان دەیکەن و بە کردار و خەباتێکی دیاریکراوی هەژمار دەکەن، خودی خۆیان نازانن دەرگیری چ ئاستەنگ و کۆسپ درووستکردنێکن بۆ خەباتی نیشتمانی، ئەمانە هەمووی بەناوی نەتەوەپارێزیەوە. دەبینین دواتر “کوردایەتی، دەستەواژە کۆنەکەی نێو خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد چەند بارە دەکرێتەوە لە پێناوی ڕزگاریی تەواودا لە هەموو جۆرەکانی چەوساندنەوە بەگشتی و چەوساندنەوەی نەتەوەیی بە تایبەتی!” تێکڕای ئەم پرۆسەیە، وەک قەدەغەکردنی زمانی دایک، سڕینەوەی کولتور، شێواندنی دیموگرافیای ناوچەکانی کوردستان، لە شێوەی بەعەرەبکردن و بە تورک و بە فارسکردنی دێهات و دڤەرە جیاوازەکانی کوردستان. کوردایەتی وەک تێرمێکی سیاسی هیچی جیاواز نییە لەکۆی ئەو رک و کینە نەژادپەرستییەی کە تورکەکان و فاشیستە نەتەوەچیە عەرەب و فارسەکان بەرامبەر بە گەلی کوردستان بە درێژایی پتر لەسەد ساڵ زیاترە بەکاریان هێناوە، تا دەگاتە ئەو ئاستەی کە بیر لە پاکتاوی ڕەگەزی ئەم گەلە بکرێتەوە و ئەم بیرکردنەوەیەش بۆ چەندین جار پراکتیزە بکرێت لەشێوەی کۆکوژی و ئەنفال و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و جینۆسایدی جۆراوجۆردا. 

کۆی ئەم پرۆسانە بوونەتە هۆی کاولکاری ئابووری و لاوازی کولتووری نیشتمانی کوردستان و ئەم پرۆسیەش هۆکارێکی باشە بۆ بەردەوامی کۆلۆنیاڵی و بەردەوامی داگیرکاری و چەوساندنەوەی ئابووری لەسەر کوردستان. لەو نمونانەی کاولکاری، کاولکاری ئابوورییە؛ وێرانکردنی چەندین هەزار گوند و شارۆچەکە و شارە دێ و سوتاندنی سەدان ڕەز و باخ و زەوی کشتوکاڵی و کوێرکردنەوەی دەیان سەرچاوەی ئاوی سازگاری خواردنەوە کشتوکاڵی ولەناوبردنی هێزی مرۆیی و پەرتەوازەکردنی هزرە ژیرەکانی کۆمەڵگاکە چ لەڕێگەی بەرنامەی تایبەتەوە، چ لەڕێگای گوشارخستنە سەر خەڵکەوە بووبێت. ئاشکرایە کەلەبەرامبەر دەستەواژەی کوردایەتیدا دەستەواژە هاوشانەکانیشی ڕۆڵی خۆیان بینیوە، وەک عروبە و کەمالیزم و لووتبەرزیی فارسی. لەو جوگرافیا دراوسێیانەی کوردستاندا دەستەواژە ناسیۆنالستیەکان بۆ فراوانکردنی پاوانکارییەکانی چینی سەردەست بەکارهاتوون. بەڕێوەچوونی بازرگانیکردن بە سیاسەتی نەتەوە پارێزییەوە کە بەشێکە لەکولتووری سیاسی ناوچەکە، بوەتە یەکێک لە باشترین ڕێگەکان لەپاڵ ململانێی مەزهەبی و حیزبیدا بۆ چنینەوەی سەروت و سامانی زۆر و زەوەندی سەرزەمینی و ژێرزەمینی ئەو وڵاتانە. لە لای چینێکی سەردەست کەلەکۆندا بەناوی عروبەوە ئێراقی بەیەک پارچە دەهێشتەوە، ئەمڕۆش بەناوی یەکپارچەیی ئێراقەوە، عروبەیی سیستەمی ئەو ئێراقەی جاران دەچەسپێنێت. یان بڕاونینە وڵاتێکی وەک ئێران، یەک نەتەوەیی ئێرانی هەمان شێوازی ژیانی سیاسی پیادە دەکات بە جۆرێکی تر و بە بۆن و بەرامی ئیمپراتۆریەتی سەفەویەوە… هەروەها لە پاراستنی ڕەگەزی تورکی پاقژیشدا بەهەمان جۆرە!! ئەمانە تێکڕا درێژەیان بە سیاسەتێکی گڵاوی نامرۆییانە داوە لە ناوچەکەدا‌، کە هەموو ئەمانە قەومچێتی و نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستیان بە جۆرێک کردوە کە گوێیان بە هیچ بەهایەکی مرۆیی نەداوە نە بۆ ئەتنیک و نەتەوە جیاوازەکانی ناو خۆیان.

ئەم سیاسەتە مەوداکەی فراوانترە لەوەی ئێمە تەنیا سەیری بەدبەختییەکانی گەلی کوردستان بکەین، چونکە هەر چۆن ئەم تاقمە سەردەستانە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە گەلی کورد و ئەرمەنی و ئازەری جینۆساید بکەن، خۆ ئەگەر بۆیان بەدیار کەوتبێت کە گەلی عەرەب زمان، تورک یان فارس زمانیش دەنگێکی ئازاد بەرزدەکەنەوە، ئەوا بەڕوویاندا نەپرینگاونەتەوە و هەمان کردەوەی ستەمکارانەیان بەرامبەر بەنەتەوەکانی خۆشیان کردوە. ئەم کردەوانە لەدەسەڵاتی کوردایەتی پارێزی کوردستانیشدا سەرەتاکانی بەدیار کەوتوون، بەتایبەت لەهەرێمی کوردستاندا. ئەمە هەمووی لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییە چاوچنۆکییە قاچاخچییەکانی خۆیان و کۆمپانیا و دەوڵەتانی سەرمایەداری دونیادا بوە، کە هەمیشە پشتیوانیان بوون بۆ مانەوەیان و پارستنیان لەسەر کورسییەکانی حوکمڕانی. دەوڵەتی پۆلیسیی و سەرکوتکەری ئازادیی گشتیەکانی خەڵکی و دیکتاتۆریەت و حوکمی تۆتالیتاری ئەم قەومچی و ڕەگەزپەرسانە لە دونیای دوو جەمسەری جارانی سۆڤەیت و  ئامریکادا پارێزراو بوون، بەڵام ئەمڕۆ لەدونیای سەرمایەدارییدا باشتر پارێزراون و برەویان پێدراوە و پێگەی تایبەتیان لە بەناو نەتەوە یەکگروتەکاندا بۆ کراوەتەوە. 

لەکوردستاندا دەستەواژەی کوردایەتی بۆ کڕینی هێزی سۆز و دەنگی ناڕەزایەتی دژ بە چەونساندنەوەی نەتەوەیی و چینایەتی و مرۆیی پاوانکراوە.  لە لایان تاقم و دەستە و حیزبگەلێکەوە، وزە و توانای کۆمەڵگای یاخای بەدکارانە بەکارهاتوە. لە ڕاستیدا دەنگی ناڕەزایەتی دەنگێک بوە بۆ ئازادی و ڕزگاری تەواوی گەلی کوردستان لەهەموو جۆرە چەوساندنەوەیەکی چینایەتی و سیاسی و کولتری و نەتەوەیی …تاد، بەواتایەکی تر چەوساندنەوەی ڕاستەوخۆی مرۆڤ بۆ مرۆڤ بەهەموو واتاکانیەوە. دواجار بە هۆی بەدکارانەی بەکارهێنای ئەم دەنگە زیندوەی خەڵکی کوردستانەوە لەژێر ئاڵای “کوردایەتیدا” ڕەنگاڵەیەکی سەرابییان درووستکردوە کە خەسڵەت و حەقیقەتی شۆرش و بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی ئەم گەلە ستەمدیدەیە لەبار براوە و باشترین بازرگانی سیاسی پێوەکراوە. کۆتا سوود و بەرژەوەندی ئەم ڕەفتارە بەناوی سیاسەتەوە بەتەنیا بۆ پلەداری و بڵندباڵایی چەند کەس و خێزانێک ئەنجامدراوە. ئەوەی  بەسادەیی دەردەکەوێت ئەوەیە کە بەشی زۆری قوربانییەکان خەڵکی کوردستان بۆ کوردایەتی پێشەکشیان کردوە، بەڵام چینێکی فیوداڵی بنەماڵەیی جارێک بە ناوی شەرعیەتی شاخەوە و جارێکیش بە ناوی شەرعیەتی دەنگدانێکی ساختەوە تا ئەمڕۆ حوکمی کوردستان دەکەن. بەم جۆرە لەهەردوو باری ناو کوردستان و ناو دەوڵەتە سەردەستەکانی کوردستاندا خودی دەستەواژەکان سەرچاوەی زیان گەیاندن بوون بە پرسە نەتەوەییەکانیان بەر لەهەرشتێکی تر و هۆکاری سەرەکی بوون بۆ شاردنەوەی گرفت و ململانێ چینایەتیەکان. 

ئێمە خەڵکی کوردستان بەهەموو ئەو نەتەوانەوە کەتێیدا ژیان بەسەر دەبەین لەدۆخێکی بەردەوامی نەزانیدا دەژین، ئەگەر باوەڕمان وابێت گرفتی ئێمە گرفتێکی نەتەوەییە، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کەنەزانین گرفتەکانمان گرفتێکی نەتەوەیین. لەوانەیە ئەم پارادۆکسە گەر تەنیا بەسادەیی لێی بڕوانین جۆرێک لەدربڕینی شێتانەی پێوەدیار بێت! بەڵام لەڕاستیدا و لەم سەردەمەدا گرفتێکی نەتەوەیی نییە، کەبناغە و هۆکارەکەی بۆ گرفتی ئابووری و چینایەتی نەگەڕێتەوە. پرسی چینایەتی لەگەڵ گەشەسەندنی جیهاندا گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتوە و لەسەر ئاستی جیهانی جیاوازی چینایەتی بەدی دەکرێت، کەلەزۆر شوێنی وەک کوردستاندا بە پرسی نەتەوەیی و هەندێ جار بە پرسی مەزهەبی و ئەوەندەی لەناوچەیەکدا بگونجێت بە پرسی لۆکاڵی جیاواز جیاواز پەردەپۆش کراوە. لە بنەڕەتدا کێشەی ئابووری و ئایدۆلۆجی فراوان لەناوچەکەدا بەدی دەکرێن کەزۆر سامناکتر و قورسترن لەسەر گەلانی ناوچەکە و بەئەندازەیەکیش هۆکارن بۆ قولکردنەوەی قەیرانی پرسە نەتەوەییەکانیان! بەم پێوانەیە پرسی کورد و کوردستانیان سەرەتا پرسێکی نەتوەیی نییە. لەهەمان کاتدا نەتەوەییشە، چونکە هەمیشە پرسە نەتەوەییەکانن کە بەکارهاتوون لەدرێژەدان بە گرفت و قەیرانەکانی خەڵکی کوردستان، کەوایکردوە گرفتە لاوەکییەکان پێش گرفتە سەرەکییەکان بکەون، هەرەوەها پرسی بازرگانی سیاسی لەدەستی بازرگانەکانی جەنگدا بمێنێتەوە! دواجار ئەو هاوکێشە کۆلۆنیالی و ئیمپریالی و پۆست ئیمپریالیانە بەردەوامن لەفۆرم و داڕشتە و سینارۆی جیاوازدا.

مێژووی مرۆڤایەتی ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهان بە گۆڕانی گەورەدا دەگوزەرێت و ئەو نمونانەی باسمانکردن بەشێکن لەو گۆڕانکارییە گەورانە. ئەم گۆڕانکاریانە خۆڕێکخستن و ملمانێی سیاسیی و کۆمەڵایەتی زۆر لەخۆی دەگرێت. لەم سەدەیەدا، هێشتا گەلی کوردستان لە ژێر هەڕەشەی کەسانی سیاسی دیاردایە، لەنمونەی ئەوانە کەسێکی دیاری شیعەی “دۆستی گەلی کورد”، وەک جەلالەدین سەغیر! تا ئەمڕۆش ئەم سەغیرانە خەون بەوەوە دەبینن کە ئیمامی مەهدی بگەڕێتەوە و سەرپەرشتیی شەڕی موسڵمانان بکات، بەوەوە ناوەستن، بەڵکو شەڕەکەیان هەر لەگەڵ گەلی کوردستاندایە و بەهەڵگەڕاوەکان لە دینی ئیسلام ناویان دەبەن، چوونکە دەترسن داوای سەربەخۆیی بکەن! گەر کەسێک ژیرانە لەگرفتەکان تێبگات و وردەکاریەکانی بۆ ڕوون بن زۆر باش درک بەمەترسی ئەم کێشانە داکات و دەزانێت چەند دوورمان دەخاتەوە لەکێشە بنەڕەتییەکان!

کوردستانیان، ئەو گەلەی کە بە ژمارە گەورەترینە لە دونیادا و تا هەنوکەش نەگەیشتوە بە ئامانجە نیشتمانییەکانی خۆی و نەیتوانیوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆدا ژیانێکی سەربەخۆ دامەزرێنێت، زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، کوردستانیان بەرژەوەندی گەورەتریان هەیە کە خۆی لەبەرژەوەندی نیشتمانی و هاوڵاتی بوون و ئازادی و یەکسانی و چەندین پرسی تردا دەبینێتەوە وەک سامانی نیشتمانی خەڵک و سەروەری سیاسی و …تاد. تێکڕای ئەم خواستانە لەکوردایەتیدا شوێنیان نابێتەوە، بەپێچەوانەوە هەمیشە بەبیانووی دژایەتی کوردایەتی هەموو ئەو مافانە زەوتکراون و پەراوێز خراون، بەڵام لەبنەڕەتەوە بە هۆکاری بەرژەوەندیی پەرستی چینە سەردەست و بازرگانەکانی کایەی سیاسی ناوچەکە و دیسان بە هۆکاری بەرژەوەندی دەوڵەتە زلهێز و پاوانکارەکان خەفە کراون. وەک یاسایەکی بەردەوامی کۆلۆنیالی “ئاشووبی بەردەوام، دەرگایەکی لەسەرپشتە بۆ هاتنە ناوەوەی هێز دەکاتەوە”. لەم ڕێگایەوە هەمیشە لەهەوڵدان تا کوردستان و ناوچەکەش بکەن بە پارێزەری بەرژەوەندیەکانی خۆیان، هەرکاتێک دەوڵەتێک لەم دەوڵەتانە بەرامبەر بە بەرژەوەندیەکانی ئامریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوای سەردەستدا بوەستێتەوە، ئەوا پشتیوانی لە گەلی کورد دەکەن و گڕی بزوتنەوەکەیان بۆ خۆش دەکەن! هەر کاتێکیش بە ڕێکەوتنێکی ژێر بەژێر یان بە  ئاشکرا ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەت ودەوڵەتە سەردەستەکانی ناوچەکەدا ئەنجام بدەن، ئەوا بە ئاسانی پشت لەم گەلە دەکەن و دەیانخەنە دۆخێکەوە کە بەکاریان دەهێنن لەڕێگای سەرکردایەتییەکەوە کە بەئاسانی ئامادەی نۆکەریی بێت، ئەوە ئەگەر مل کەچ بوون! ئەگەریش نا ئەوا دەیانخەنە خانەی تیرۆریستییەوە. 

یەکێک لە سەرمایە ڕەمزییەکانی گەلی کوردستان گیانی بەرەنگارییە بەرامبەر ستەمکاران، بەتایبەت بەرنگاری ستەمکاریی لەلایەن دەسەڵاتی ڕەگەزپەرستانەی نەتەوە سەردەستەکانی عەرەب و تورک و فارس. بەڵام بە داخەوە هەمیشە ئەم سەرمایە ڕەمزییە دەرخواردی ئەو “کوردایەتییە”دراوە کە بازرگانی سیاسی ڕێکخستوە لەنیوان بازرگانە کوردستانییەکان و بازرگانە دەرەکیەکاندا بەتایبەت دەوڵەتەکانی ناوچەکە.  ئەم سەرمایە ڕەمزیە کە دەتوانین  پێی بڵێن “شۆڕشی درێژمەودای ڕزگاری گەلی کوردستان”، بریتی بووە لەتوانست و هێزی گەلی کوردستان بۆ دەستەبەری مافەکانی خۆی، لەپێناسەی شتێک ئاڵێنراوە، کەتەنیا ناویان ناوە شۆڕش و هیچی تر. دواتر بە فۆرم و لاساییکردنەوەی شۆڕشگێڕێتی خودی سەرمایە ڕەمزیەکەش جارێکی تر بەکار دەبرێتەوە، بۆنمونە ئەوەی پێیوتراوە سەرکردایەتی شۆڕشی کورد سوودێکی بێ وێنەیان لە قوربانیە گەورەکانی گەلی کورد بینیوە، وەک بۆردومانی قەڵادزێ، کارەساتی هەڵەبجە، قەتل و عامی دەرسیم و دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینی عاموداو ئەنفال و لەناوبردنی بارزانییەکان …تاد. ئەگەر چی خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ یەکەمین جار بوو لەلایەن خەڵکەوە سنوور بۆ ئەم بازرگانیانە دابنرێت، بەڵام تا ئێستاش وەک پیویست ئەم پرسانە نەخراونەتە بەر باسی ورد و کاریان لەسەر نەکراوە.

ئەم شۆڕشە جگە لەپارێزگاری لەگەلی کوردستان، چەندین پرۆسەی گەشەسەندنی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و ئابووری پەک خستوە. باری ناچارییە کەوای کردوە، ئەم شۆڕشە ئەو ئاکامەی هەبێت کە بە درێژایی زیاتر لە سەد ساڵە بەرامبەر بە ژێر دەستەیی و چەوساندنەوەی نەتەتەوەیی و مرۆیی خۆی وەستابێتەوە. لە سۆنگەی ئەم ڕاستیە ڕوونەوە، زۆر دەمێکە دەستەواژەی “کوردایەتی” دەستەواژەیەکی زۆر نزم و کورت وکوێر و ناشایستەیە بۆ تێکۆشان وخەباتی گەلی کوردستان. لەبەرامبەردا، مافی بڕیاردانی چارەنووسی هەر گەلێک، مافێکە لە مافەکانی جارنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، ئەم مافە لە زۆر شوێنی دونیادا پراکتیزەکراوە و زۆر گەلی دونیاش توانیویانە بەهەرەمەندبن لێی و ڕزگاری نیشتمانی بەدەستبهێنن. مافی چارەنووس، مافێکی گەردوونیە و پەیوەندی بە بوونی کۆمەڵگایەکەوە هەیە کە بیخوازێت. 

بەم جۆرە گەلی کوردستانیش دەبێت لەو مافە بێ بەری نەبێت و بتوانێت بەدەستی بهێنێت و بە ئارەزوی خۆی و بە گوێرەی بەرژەوندییەکانی بریاری چارەنوسی خۆی بدات. کە دوا وێستەگەی ئەو بڕیارە دامەزراندنی دەوڵەتە، نەک شتێکی تر. لەبەرامبەردا گەر کوردایەتی بەرەو هەر دەرئەنجامێکی تری بردبین لەشێوەی خودموختاری و فیدراڵی و تەنانەت کۆنفیدراڵیشدا، ئەوە دەستەواژەکە ڕۆڵی کەرەستەیەکی بینیوە کە بۆ پەراوێز خستن و ملکەچکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان بوە. بۆیە دەستەواژەی “کوردایەتی” ئەم مافە لاواز دەکات، ئەم مافە بێ مانا دەکات، ئەم مافە نزم دەکاتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە گەلی کوردستان بخاتە سەنگەری ڕەگەزپەرستی و نەژادپەرستییەوە وەک هەر یەک لە ڕژێمە سەردەستەکانی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە. ئەم دەستەواژەیە زیاتر نییە لە سۆزێکی بێ بنەما و هەڵچون و توڕەبوونێک کە لەم رۆژەدا کاریان پێ ناکرێت، ئەم دەستەواژەیە دەستەواژەیەکی زۆر بێ بنەما و نازانستی و نالۆژیکییە، ئەم دەستەواژەیە مافی گەلی کوردستانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و سەربەخۆیی تەواو لاواز و بێ بەها کردوە. بۆیە پێویستە لەبەرامبەر بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە و پرۆسە و پاشهاتەکانیدا بە خۆماندا بچیینەوە.

ئەگەر مەسەلەکە کورد بوونی نەتەوەیی زۆرینەی ئەم گەلەیە، دەبێت کورد بوون چ زیانێکی گەورەی دابێت لە پێشکەوتنی ژیان، یان لە مرۆڤایەتی بوونی گەلانی دونیا و گەلانی ناوچەکە و چ مافێکی پێشێلکردبن و لەکوێدا ئەوان زیانیان بەرکەوت بێت؟ تا دواجار بەرامبەر بەم گەلە بوەستنەوە و نەیەڵن سەر هەڵبڕێت و بەئەندازەیەک بیچەوسێنەوە تا دەگاتە ئاستی جینۆساید! ئایا گەلێکی چل ملوێنی لەناوچەکەدا کەزمانی فەرمیان کوردی بێت، کە لە زۆر کۆنەوە و بەدرێژایی هەزاران ساڵ هاوبەش بووبن لەمێژوی ناوچەکەدا و لەمێژووی شارستانییەتی میزۆپۆتامیادا چ زیانێک لەشەریکە بەشەکانی ئەو شارستانییەتە دادات؟ چ ئاستەنگێکی دروستکردوە بۆ پێشەکەوتن و پەرەسەندنی ناوچەکە؟ بەجۆرێک بگاتە ئەو ئاستەی هەموو ئەوانیتر بەپشتیوانی پیلانی گەلانی سەردەستی دونیا و دەوڵەتانی دەوروبەر دابەشیبکەن بەسەر خۆیاندا و پارچە پارچەی بکەن و هەوڵبدەن ڕێشەکێشی بکەن تا پلەی سڕینەوە؟ 

پێشتر ئاماژەمان بەوەداوە کەژیانی جیهان بەرەو یەکانگیری و یەک پارچەیی دەچێت، ئەمەش بەو واتایە نییە کە جیهان دەبێتە یەک دەوڵەت، بەڵکو بەرەو سیستەمێکی هاوشێوە دەچێت بە ئەندازەیەک یەک یاسا هەڵیدەسووڕێنێت. زۆر لەمێژە سیستەمی ئابووری جیهانی یەکانگیرە و یاسایەکی هاوبەشی هەیە، بەڵام ئەمڕۆ بەهاوشێوەیی سیستەمە ئابووریەکە بەرەو هاوشێوەیی دەچین لەگرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری و فەرهەنگییەکانیشدا، تا دەگاتە فراوان بوونی فەرهەنگی نێونەتەوەیی. سیستەمێکی هەرەمی لەهەر کۆمەڵگایەکدا هەیە و بەگشتی هاوزاڵی سەرمایەداری و ڕەوتی سەرمایەداری ئەمڕۆی جیهانی تەنیوە. ئەمرۆ هەموو جیهان دابەش دەبن بەسەر دوو جۆر لەشێوە ژیاندا، ژمارەیەکی کەمی دانیشتوانی پڕبژێوی و ژمارەیەکی زۆری کەمبژێوی. ئەمە لەسەر ئاستی باکور و باشووری زەوی پیادەبووە. سیستەمێکی حوکمڕانی لەئارادایە، کە دەوڵەتێکی وەک ئەمریکا لەهەموو چکۆلە و گەورەیەکدا دەست لەتەواوی کایەکانی ژیانی خەڵک وەردەدات. ئەوەش بەڕێگای ڕاستەوخۆبێت وەک ئێراق و ئەفغانستان و لیبیا، یان ناڕاستەوخۆ بێت وەک میسر و تورکیا و هەندێکیش لەوڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپایی. ئەم سیستەمە چینایەتییەی جیهان زۆر لەمێژە لەسەر فۆرمی جۆراوجۆر پەراوەدەکرێت، لەقۆناغێکیدا کۆلۆنیالی ڕاستەوخۆ بوو، لەسەرددەمی جەنگی سارددا، جەنگی ناوچەیی بوو لەئێستاشدا جەنگی بەناو دیموکراتی و جەنگێکی گەورەی ئابوورییە کەماڵە و ماڵ و بەرامبەر هەموو کەسێک بەرپاکراوە.

لەم پێوەندەدا لەسایەی کوردایەتیدا هەمیشە خەباتی چینایەتی فەرامۆشکراوە  کەبەشێکی گەورەی کێشە و گرفتەکانی خەڵکی کوردستانە. ئەوە گرفتی بژێوی خەڵکی کوردستانە بەڵام بیانوی کورد بوون کراوەتە ڕێگایەک بۆ مانەوەی ڕەوشی ژیانی خەڵکی کوردستان لەدۆخێکی دواکەوتوودا. ئەم ڕووداوە بەسەر زۆرێک لەگەلانی دونیادا هاتوە بەتایبەت گەلانی ڕۆژهەڵات و باشووری زەوی، بەڵام ئێمە لێرەدا پرسەکەمان پرسی کوردبوون و تەڵەزگەی کوردایەتییە. پرس و خەباتی نەتەوایەتی گەلی کوردستان بەبێ یەکلاییکردنەوەی دادوەری و هەژاندنی پرسە چینایەتی و ئابووریەکانی یەک بست بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە نابینێت. هۆشیاری نیشتمانی و چینایەتی یەکێکە لەو ڕێگایانەی خەڵکی کوردستان بتوانن بەڕوونی و بێ دوو دڵی دەرد و گرفتەکانی خۆیانی پێبناسنەوە. ئەو شۆڕشگێڕ و قارەمانەی درک بە گرفتە ئابووریەکان و کێشە توێکاری و چینایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردی دەکات، دەتوانێت بزانێت پرسی نەتەوە و نیشتمانێک بەبێ پرسە چینایەتی و ئابووری و فەرهەنگیەکانی هەموو خەڵکی کوردستان چارەسەر ناکرێت. واتە بۆ چارەسەرکردنی پرسە نیشتیمانیەکان، سەرەتا پێویستمان بەچارەسی کێشەکانی ناوەوەی کۆمەڵگایە، کەرامەتی  مرۆڤەکان پارێزراوبێت، مرۆڤەکان خاون کار و بژێویەکی شایستە و ڕێزدار بەخۆیان بن، ڕێزی سیاسی بەوپەری ئازادییەوە فەراهەم کرابێت بۆ هەمووکەس… بەوجۆرە تاکی هاوڵاتی بەباشی دەتوانێت هاوبەشی بکات لەکایەی سیاسیدا، مرۆڤەکان تێروتەسەل دەبن و ژیانێکی بەختەوەری هەمیشە بێترس و لەرزیان بۆ مسۆگەر دەکرێت، ئاسایشی نەتەوەیی ڕوون و ئاشکرا دەبێت و کردەوەکانی دیاردەبن و دەستگایەک دەبێت خەڵک خۆی هەڵیدەبژێرێت ودەنگی پێدەدات.  لێرەوە چکۆلەترین داخوازی خەڵک دەبێتە داخوازی مافی چارەنووس لە فۆرمە یاساییەکەیدا و داخوازی بەدەوڵەت بوون لە فۆرمە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەیدا. 

بەدرێژایی مێژووی ناوچەکە خەڵکی کوردستان سەرباری چەوساندنەوە و بەتاڵان بردنی ڕەنج و تێکۆشانیان بەردەوام لەژێر گوشاری جیاوازییەکی گەورەدا ژیانیان بەسەربردوە، بەڕادەیەک جیاوازیان لەنێواندا کراوە کەلە ئازادییە ڕێژەییەکانیشیاندا بێبەش و گورزخواردوو بوون. هاوڵاتیان لەبەر بازرگانی پرسی کوردایەتیش دووچاری کەموکورتی خزمەتگوزاری بوونەتەوە، لەوناوچانەشدا کە بازرگانە سیاسیەکانی کوردستان باڵادەست بوون تا ئەوپەڕی توانا جیاوازی چینایەتیان پێڕەوکردوە. تەنانەت لەخودی شۆڕش و پێکهاتەکانی شۆڕشیشدا زۆرترین جیاکاری لەسەر بنەمای دەستەگەری و خێڵ و پلەوپایە و ئەوجۆرە جیاکاریانە ئەنجامدراوە. وەک نیشتمان و نەتەوەیەکیش لەبەرژەوەندی و بەناوی خەباتی کوردایەتیەوە بەباشترین شێوە بازرگانی بە پرسەکانیانەوە کراوە، چەندین ماشێنی ڕاگەیاندنی بۆ خراوەتەکار. لەزەقترین و دیارترینیاندا دۆخی دانوستانەکانی شۆڕشی کوردستان بوە، لەنێویاندا ڕێکەوتنامەکانی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بوە لەگەڵ سیستەمە داگیرکار و هێزە ڕەگەزپەرستەکاندا. لەنمونەی ڕێکەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ و چەندینی تری لەوجۆرە تا ئامڕۆ کە ٢٠١٢ یە.   

لەلایەکی ترەوە گەر بڕوانینە هاوکێشە بازرگانی ــ سیاسیەکان لەناو خودی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، ئەوا قەباڵە بازرگانیەکانی پرسی کوردایەتیش بەباشی تێدەگەین. بۆنمونە، ئایا ئەوە بەرژەوەندی چینایەتی نییە کە هەمیشە بازرگانە سیاسییەکانی سوپای تورکیا و حیزبەکەی دەوڵەت باخچەلی و چەندین لە بازرگانانی سیاسی کەمالیستی دەچێنن لە ناو گەلی تورکیادا بۆ داژایەتی کردن و سرینەوەی ئەمی تر کە گەلی کوردستانە؟ هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدان هیچ جۆرە ڕێکەوتنێک دروستنەبێت لە نێوان گەلی تورکیا و گەلی کوردستاندا، چونکە ئەم بەشکردنە بازاڕی بازرگانییە سەربازی و سیاسییەکانی ئەوان بەردەوام دەکات.. دواجار ئەم مامەڵەیە لەکێشەی بێ چارەسەر و بەردەوامی حکومەتی تورکی و هێزی سیاسی پەکەکەدا ڕەنگ دەداتەوە، بەزەقکردنەوەی پرسی کوردایەتی و تورکایەتیش، هەموو بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووریەکانی دوو گەل دەکەوێتە بەر مەترسی. باجی ئەم دۆخە سیاسی و ئابووریە بە ڕەگەزپەرستیکراوە دەبێت هونەرمەندێکی شێوەکار بیدات، دەبێت لەململانێی نێوان دوو وەرزشەواندا ڕەنگبداتەوە. 

دەرئەنجام ئەم شەڕە نەگریسانە بەردەوامبن و ئەو بازرگانە سیاسیانەش لەسەرەوە بەبێ ئازار و ئەرک بتوانن سەروەت و سامانی ئەم جەنگە ماڵوێرانکارە بۆ بازرگانە حوکمڕانەکانی ناوچەکە دەچننەوە. ئەمە تێکڕا دەبێت لەپەراوێزی پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی ئامریکا و دەوڵەتانی زلهێزی دونیادا بەڕێوەبچێت، کە تێکڕا تەنیا سوود لە نائارامی ناوچەکە دەبینن. دواجار هێزە شۆڕشگێڕە ملکەچ نەبوەکان دەخەنە خانەی تیرۆریستییەوە و هەموو هێزێکی دەستەمۆش بەشەرعی دەناسێنن و ڕێگەی پەیوەندییان بۆ سانادەکەن.  ئەوەی دەمانەوێت باسی بکەین ئەوەیە کە بە هەموو پێوەر و شیکارییە لۆژیکیەکان گەیشتنی گەلی کوردستان لەباکور یان باشور یان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە مافە ڕەواکانی خۆیان تەنانەت ئەگەر ئەو مافانە بگاتە ئەو ئاستەی کە خۆیان بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێک بدەن بۆ خۆیان، هیچ زیانێک لە گەلانی دراوسێی کوردستان نادات. بەڵام ئارام بوونەوەی ناوچەکە، پێکەوە ژیانی گەلی کوردستان و گەلانی تر بە بڕیارێکی ئارەزوومەندانەی خۆیان چ لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا بێت، یان لە چوارچێوەی چەند دەوڵەتێکدا یان چەند کۆنفیدراڵێکدا بازرگانانی کایەی سیاسی و بەرژەوەندیەکانیان دەخاتە بەردەم مەترسی گەورە.

چەوساندنەوەی گەلی کوردستان و دابەشکردن و پارجە پدارچەکردنی دەگەڕیتەوە بۆ بەرژەوەندیەکانی جارانی دەوڵەتە کۆلۆنیالییەکان کە هەموو ئەم ناوچانەیان کۆلۆنی کردبوو. گەلی کوردستان هیچی کەمتر نەبوو لە گەلانی ناوچەکە لە ڕووی زەین و زیرەکی و تواناو چالاکییەوە، گەلی کوردستان هەر وەک گەلانی تری ناوچەکە مەحکومی هەمان بارودۆخی ژیانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بووە.  بەڵام بەهۆی بەرژەوەندخوازی بەریتانیا و فەرنسای کۆلۆنیالیزمییەوە ئەم گەلەیان دابەشکرد. تا هەمیشە ئەم ناوچەیە نائارام بێت، هەمیشە بۆمبێکی لەسەرپێ بێت و چۆن بیانەوێت و چۆن لە بەرژەوەندییاندا بێت هەرشەی تەقاندنی پێبکەن. هەروەک چۆن بینیومانە کەی ئامریکا و بەریتانیا ویستبیێتیان پاڵپشتی گەلی کوردیان کردوە، لەهەرکاتێکیشدا لە بەرژەوەندیان نەبووبێت بە تیرۆریست حسابیان بۆ کردوە. بۆ نمونە هەر وەک چۆن گەلی کوردی باشور ئەنفال و جینۆساید کرا بە بەرچاویانەوە و یەک ناڕەزایەتیشیان دەرنەبڕی، بەڵام کاتێک ویستیان سەدام حسین بروخێنن، ناوچەیەکی ئارامیان بۆ گەلی کوردستان لەباشور دروست کرد، ئەم جۆرە هەنگاوانە زیاتر لەپێناو لاوازکردنی سەدام بوون نەک لەپێناو بەهێزکردنی گەلی کوردستاندا. لەم بارەیەوە دەکرێت چەندین وردەکاری زیاتر بنووسین و بەڵگەی زانستی بخەینە ڕوو لەڕووی داهێنان و پێشکەوتنێکەوە کە ئەو کات کوردستان دەیتوانی پێیان بگات بەر لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لەنمونەی ئەمانە پرۆگرامی نەوت بەرامبەر خۆراکی ١٩٩٦، بەرنامەی نەوت بەرامبەر بەخۆراک!.

هەمووشمان دەزانین “بەرژەوەندی” دەوڵەتەکانی دونیا و ناوچەکە بە مانای بەرژەوەندی “چینێکی سەردەست” دێت، بە مانای بەرژەوەندی دەیان کۆمپانیای گەورە گەورە دێت کە بە دوای ئەوەوەن ئەم ناوچەیەی کە بەهێزترین سەرچاوەی وزەیە ” نەوت” نا ئارامبێت بۆ ئەوەی خۆیان بە هەرزان بەدەستیبهێنن و هاوکاتیش بیکەن بە بازاڕی گەورە بۆ فرۆشتنی کەلوپەلەکانیان و چەک و تفاقە سەربازیە بەسەرچوەکانیانی تیادا ساغ بکەنەوە. لەسادەترین هۆ و دەرئەنجامدا دەبینین ئەگەرەکانی جەنگی ناوخۆ و نێوان لایەنەکان لەناوچەکەدا دەبێت بەردەوامی هەبێت.

کەواتە چەونساندنەوە و بێ مافی و پارچە پارچەکردنی گەلی کوردستان بنەماکەی ململانێی چینایەتییە، پێش ئەوەی ململانێی نەتەوەیی بێت، ململانێی نەتەوە سەردەستەکانە لەگەڵ نەتەوە ژێر دەستەکاندا بەواتا ئابوورییەکەی، بۆیە بەکارهێنانی دەستەواژەی “کوردایەتی” لاوزکردنی تێکۆشان و خەباتی گەلی کوردستانە دژ بەو فاکتەرە سەرەکییەی کەتەنانەت نەتەوەی کوردی پێ دەچەوسێنرێتەوە و بەهۆیەوە دەکرێت بە هاوڵاتی پلە دوو، کە زمانی کوردی پێ قەدەغەدەکرێت و دەبێتە بەهانەی جینۆساید کردن. چکۆلەترین داوای سیاسی و خەباتگێڕانە ئەوەیە لە جیاتی بەکارهێنانی دەستەواژەی”کوردایەتی” دەبێت تێکۆشان بێت بۆ سەندنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی کوردستان، بە دەستی خۆی و بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆی لە ڕاپرەسییەکی تەواو ئازاد و دوور لە دەستێوردانی هیچ هێز و دەوڵەتێکی دەرەکیدا.

لێرەوە بەدی دەکەین کە ڕیتمی خەبات پێویستی بەگۆڕانی جەوهەری هەیە، هەوڵدان بۆ سەندنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی کوردستان لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا بێت و جێگەی دەستەواژەی”کوردایەتی” بگرێتەوە. لەسادەترین پێوەردا دەڵیین “کوردایەتی” ئەو دەستەواژەییەی کە گەورەترین قوربانی بۆ درارو ئەنجامەکەشی ئەو ئیدارە گەندەڵەی کوردستانی ئێستایە کە لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیدا دەستی لەگەڵ دووژمنان و ناحەزانی سەدان ساڵەی گەلی کوردستاندا تێکەڵ کردوە، کەلەڕاستیدا بەدرێژایی مێژوو لەم ڕوەوە هیچ کەمتەرخەمییەکیان نەکردوە. تێکڕای ئەم حوکمڕانیە و میتۆدکانی بەڕێوە بردن تێیدا لە پێناوی بەرژەوەندییە چاوچنۆکەکانی خۆیاندایە تا ئەوپەڕی بێڕیزی و بێحورمەتی بە خەڵکی کوردستان، کۆمەڵگای کوردستانیان کردوە بە کۆمەڵگای ژنکوژی، بە کۆمەڵگایەکی بێ کارەبا، گەندەڵ پڕ نەخۆشی و تەژی لەدواکەوتن. ئەوەی جێی نیگەرانی گەورەیە ئەوەیە کە بەردەوام پاساو دەهێننەوە کە گوایە گەندەڵی لەکولتوور و خەسڵەتی گەلی کوردستاندایە و ئەوان تاوانبار نین، یان گەلێکی گەورە بە سوکایەتیەوە بە سەگ دەشێوێنن. ئاخر بەئەدگاری کێ ڕەوایە دەسەڵاتێک ئەوەندە دەیە حوکمڕان بووبێت و هێشتا گلەیی کولتووری لەخەڵک بکات؟  لەپوختەو کورتیدا ئەمە بەرهەمی خەبات و تێرمی کوردایەتییە.

 

لە دوا وێستگەی ئەم تێکستەدا ئێمە دەڵێین:

یەکەم/ ئێمە بە تەواوەتی بڕوامان بە مافی ڕەوای گەلی کوردستان هەیە لەهەر شوێنێکی کوردستاندا دەوڵەتێک داگیری کردبێت. باشترین خەباتیش بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەی خەڵکی کوردستان، جەختکردنەوەیە لەسەر مافی چارەنوسی ئەم گەلە کە دەبێت ئەو مافە بۆ گەلی کوردستان خۆی بگەڕێتەوە و خۆی بڕیاری لەسەر بدات و هیچ دەوڵەت و هێزێکی سیاسی لە دونیادا بۆی نییە بڕیای لەسەر بدات. بۆیە لامان وایە کە باشترین و ڕەواترین خەباتی ئەم گەلە لەمڕۆدا بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی ئەم گەلە بۆ خۆی بێت، تاکی هاوڵاتی لەکوردستاندا خۆی سەرپشکبێت و چۆنی بەلاوە باشبێت بەو جۆرە بڕیاری خۆی بدات. بە دڵنیایەوە ئەم خەباتکردنە و ئەم هەوڵدانە زۆر هەڵدەگریت کە لەوانەیە هەڵەبێت ئێمە بەتەنیا بچینە سەر باسی هەموو وردەکاریەکانی.

دوەم/ ئێمە باوەڕمان وایە کە هەر خەبات و هەوڵێک بۆ سەندنەوەی ئەو مافە (مافی بڕیاردان لەسەر چارەنوسی گەلەکەمان) دەبێت لەسەر بنەمایەکی مرۆییانە بێت، بەو مانایەی کە هاوڵاتیانی کوردستان ئەو مرۆڤانەن کە بێبەشکراون لە مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان. سەندنەوەی ئەم مافە پێش ئەوەی مافێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بێت، مافی تاک بە تاکی مرۆڤەکانی کوردستانە، بۆیە لە خەبات و تێکۆشاندا بۆ سەندنەوەی ئەو مافە دەبیت هاوڵاتی کوردستان تەوەری سەرەکی بێت، نەک هیچ دەستە و ئەتنیک و یان هەر هەڵاوێردکردنێک بە بیانووی جیاکارییەوە. دووبارە دەڵێین ئەم بابەت و تەوەرەش قسە و باسێکی یەجگار زۆر هەڵدەگرێت.

سێیەم/ دەستەواژەکانی “کوردایەتی و مافەکانی چارەنووس” بۆ خۆیان دەتوانرێت زۆرترین قسەو باسیان لەسەر بکرێت و لەزۆر بواری پسپۆڕیدا توێژینەوەی باشیان لەسەر پێشکەش بکرێت. ئەم بابەتانە بەئەندازەیەکی زۆر هەستیارن، بۆیە وردەکاری زیاتری جێدەهێڵین بۆ کەسانی تر تا بەسەلیقەی جیاوازتر لە ئێمە، دەربارەی بدوێن و هەموو کوچە و قوژبنێکی شی بکەنەوە، خۆ ئەگەر کەسیش دەستی بۆ ئەم دوو بوارە فراوانە نەبرد کە ئیمە کوتای ئەم بابەتەمان پێهێناوە، ئەوا ئێمە ناچارین بە گوێرەی سەلیقەی خۆمان قسە لەسەر وردەکاری زیاتر بکەین لە بابەتێکی تردا، یان لە چەندین بابەتێکدا کەدرێژەی ئەم تێزانە بێت. 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.