Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
پیاوانی ئاینی لە چیدا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە؟

پیاوانی ئاینی لە چیدا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە؟

Closed
by October 3, 2012 گشتی

 

 

 

پیاوانی ئاینی لە مێژە لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیان کار لەسەر چەواشەکاری ڕاستیەکان دەکەن. لە ناو کۆمەڵگادا ئەو ڕاستیانەی کە وەکو ڕۆژی ڕووناک دیارە ، بە دیوێکی تردا باسی دەکەن ، بەم شێوە گاڵتە بە عەقڵی ئیمانداران دەکەن . هۆیەکەشی نزمی ئاستی ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگای ئیسلامییە. لە ڕێگەی مزگەوت و ڕاگەیاندنە ئیسلامیەکانەوە کاریان لەسەر عەقڵیەتی باوەڕداران کردووە، لە لایەک بە چەواشە کردن، لە لایەکی ترەوە دوورخستنەوەی ئاینی لەو پەیامەی پێویستە لەسەری کە  جێبەجێی بکات. ئەم چەواشەکاریانە جاران لە لایەن هەندێک پیاوانی ئاینییەوە دەکران کە ئاگایان لە دونیای دەرەوە نەبوو، بەڵام ئێستا بە بەرنامە لەلایەن پیاوانی ئیسلام سیاسی بەناوی بانگخوازی ئیسلامیەوە دەکرێن. ئەوەی جێی داخەوە هەندێک لەمانە مامۆستای زانکۆن لە کوردستان. لەو چەواشەکاریانەی پیاوانی ئاینی بۆ نموونە توانیویانە لە کوردستان باوەر بە موسڵمانان بهێنین کە  پارتە بەناو نیشتمانییەکان وەکو پارتی دیموکراتی کوردسان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و گۆڕان پارتگەلی عەلمانین کە ئەمە درۆیەکی شاخدارە . چونکە نە لەبەرنامە و  نە لەپراکتیکی ئەم حزبانە عەلمانییەت بوونی نییە. پێش هەموو شتێک عەلمانی جیاکردنەوەی ئایینە لە دەسەڵات، (دەڵێن دەسەڵاتی عەلمانی لە کوردستان شکستی خواردووە، ئەگەر حکومەتی عەلمانی تاوەکو ئێستا دەروستنەبووبێ ، ئیتر چۆن شکست دەهێنێ؟)*ئەمە بۆ ئەوەی  بڵێن  هەر حکومەتێک  پارتێکی عەلمانی بەڕێوەی ببات گەندەڵ دەبێت . لەهەمان کاتدا باس ئەو وڵاتانە ناکەن لەسایەی عەلمانیدا دادپەروەری تێدا بەرقەرارو ئارامە. لەناو دەوڵەتی عەلمانی ڕێزی هەموو ئایینەکان پارێزراوە ، هەروەها ئاین بۆ مەرامی سیاسی بەکار ناهێنرێت هەروەکو ئێستا لە کوردستان  هەموو حزبەکان بۆ ئەو مەرامە بەکاری دەهێنن.

پیاوانی ئاینی توانیویانە باوەڕ بە هەندێک خەڵک بهێنن کە ڕۆژئاوا دوژمنی سەرەکی ئیسلامە. وەهەرچی نەهامەتی برسێتی و شەرێک کە توشی موسڵمانەکان دێت، هۆکارەکەی ڕۆژئاوایە. لە کاتێکدا  پیاوانی ئاینی و سیاسی ئیسلامی کە تەنگاو دەبن ڕوو لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکەن. تەنها لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا زیاتر لە 18 هەژدە ملیۆن موسڵمان بە ئازادی دەژێن ، بەئازادی نوێژ دەکەن بە ئازادی مزگەوت درووستدەکەن .لە سەر بودجەی ئەوڵاتە دەژێن، کە زۆربەی لەباجی خەڵکی مەسیحییەوە دابین دەکرێت! تەنانەت لە جادەکان بە ئاشکرا پەرتووکی ئاینی بڵاو دەکەنەوە داوا لە خەڵک دەکەن ببن بە موسڵمان. ئایا لە چ وڵاتێکی ئیسلام ڕێگە دراوە مەسیحیەکان بەئاشکرا داوا لە موسڵمانان بکەن ببن بە مەسیحی. تەنانەت توانیویانە لە ئەورپاش چەواشەکاری بکەن بەوەی ئاینی ئیسلام  وەکو ئاینی تۆلێرانس بناسێن . لە ئەوروپا پیاوانی ئاینی وەکو مەسیحیەک قسەدەکەن بەمجۆرە توانیویانە ژمارەیەکی کەم ئەوروپی پێ چەواشە بکەن، لە کاتێکدا بەپێی قورئان موسڵمان هیچ ئاینێکی تر قەبوڵ ناکات. هەروەها نابێت وڵاتێکی ئیسلامی پیاوێکی مەسیحی یان غەیرە ئیسلامی بەڕێوەی ببات.

هەروەها توانیویانە باوەڕبە موسڵمانەکان بهێنن کە نەهامەتیەکانی موسڵمان  دوورکەوتنەوەی موسڵمانە لە ئاینی ئیسلام. دوورکەتنەوەیە لە حوکمی ئیسلامی ، لە کاتێکدا مێژووی ئیسلام مێژووی شەڕو تاڵانکردن وکوشتن ونادادپەروەری بووە. لەهەموو سەردەمەکان موسڵمانەکان لەسەر دەسەڵات کوشتاریان بووە. یەکێک لەوانە شەڕی ڕووداوی جەمەل کە لەنێوان چوار لەو دە کەسەی، کە خۆیان هێشتا لە ژیان مابوون موژدەی بەهەشتیان پێدرا !  بەرپابوو. لەو شەڕەدا زیاتر لە پێنج5 بۆ 10 دە هەزارموسڵمان کوژران . خۆ ئەوکاتە ئەمریکا یان بەریتانیا هەر نەبوون تا بڵێن پلانی ئەوانە!.

هەروەها پیاوانی ئاینی توانیویانە باوەڕبەخەڵك بهێنن کە هەرچی داهێنان وزانستیکی ئەم دونیایە هەیە، لە هەموو بوارەکان، کافرەکان! لە ئیسلام وقورئان وەریانگرتووە!!!! نزیکەی ملیارونیوێک موسڵمان هەیە، بەدرێژایی ئەو 1430ساڵە ، ڕۆژی پێنچ جار نوێژ دەکەن کەچی بۆ جارێکش بیریان لەوەنەکردووە، بۆ ئەوانەی لەکاتی نوێژدا ئازاری ئێسکیان هەیە، بەرماڵێکی پزیشکی دروستبکەن. تاوەکو لە ئەڵمانیا لە شاری کالسرۆ ئەو بەرماڵەیان دروست کرد. یابانیش دەستەشۆرێکی* دروستکردووە کە دوای دەست وقاچ شۆرین یەکسەر وشکی دەکاتەوە. ئەمە بچوکترین کارە دەبوایە بیریان لێبکردایەتەوە ، چونکە زۆر لە موسڵمانەکان قاچیان توشی  نەخۆشی پێست بووە.  چونکە لەدوای دەستنوێژ قاچیان وشک ناکەنەوە. ئەوە باس لەوەناکەین هەرچی پێداویستیەکانی ژیان هەیە، لە دەرەوەی دونیای ئیسلام دروستکراوە.

زانست بەردەوام لە گۆڕاندایە، بەڵام ئاین نەگۆڕە دەقەکانی قورئان ناتوانرێت دەستکاری بکرێ، بەڵام زانست لەهەموو بابەتێک زیاتر پێویستی بە لێکۆڵینەوەو ڕەخنەگرتن هەیە . ئیسلام گەر کرا بەزانست، ئیتر لە ئاین دەردەچێ،

پیاوانی ئاینی وایان لە موسڵمانەکان گەیاندووە کە ئاینی ئیسلام ڕۆژبەرۆژ لەزۆربوون و بەروپێشچوون دەچێت، لەلایەکەوە دەڵێن هۆی گەندەڵی کۆمەڵایەتی دوورکەوتنەوەیە لە ئیسلام! لە  لایەکی ترەوە دەڵێن ئیسلام ڕۆژبە ڕۆژ بەرەو پێشەوە دەچێ!!!.

لە کاتێکدا وڵاتە ئیسلامییەکان لە باری زانستی وئابوری و خۆشگوزەرانی لە دوای وڵاتەکانی ترەوەن.  بەپێی زۆرێک لە هەواڵەکان لە وڵاتانی ئیسلام ئیلحاد بەرەوزۆربوون دەچێ، مانەوەی موسڵمانیش بەستراوەتەوە بە ڕێگەگرتن لە ئازادیەکانی بیرورا.

 هەندێک لە پیاوانی ئاینی موسڵمانەکانیان وا تێگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا کەس نەیتوانیوە هەڵەیەک لە قورئان بدۆزێتەوە! لەکاتێکدا بەهەزاران کتێب ولێکۆڵینەوەی زانستی و ڕەخنەیی لەبارەی ئیسلامەوە بڵاوبوونەتەوە بێئەوەی بهێڵن  ئەو کتێبانە لە وڵاتانی ئیسلامی بڵاوبێتەوە . لە کاتێکشدا کتێبێک یان وتارێکی ڕەخنەیی دەکەوێتە بازاڕەوە یەکسەردەست دەکەن بە توندوتیژی نواندن بەرامبەرنووسەرەکە و کتێبەکە لە بازاڕ کۆدەکەنەوە  بێئەوەی بتوانن بەدێڕێکش وەڵامی بدەنەوە.

 

 

تاهیر رەحیم

تێبینی : بۆ نووسینی ئەم وتارە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە

 

عادل باخەوان  چاوپێکەوتنی تەلەفزێۆنی  کەناڵی knn….

http://www.youtube.com/watch?v=vMMFYlvrX0I&feature=share

لە  رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوبوەتەوە

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.