Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
ئیبن عەرەبى بەرهەمهێنەرى زمانێكى نوىَ

ئیبن عەرەبى بەرهەمهێنەرى زمانێكى نوىَ

Closed

  عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا…..

 دوورە پەرێزى سروشتى سۆفییانەیە، كۆچكردنێكى ویژدانى تایبەتە لە نێو ناخى تاكایەتى سۆفیدا. ئەو دوورە پەرێزییە لاى سۆفى شێوەیەكى رەمەكیى هەیە و لە دوو دەرئەنجامدا دەردەكەوێت: یەكەم، كەشفكردنى سۆفییە كە بۆ ژیان و ئەزموونى تایبەتى خۆى دەگەڕێتەوە، هەر لەوێشەوە كەشفكردنەكە دەبێتە كەشفكردنێكى تایبەت بە خۆى. دووەم تاك بوونى سۆفییە لە بەكارهێنانى زمانى تایبەتى كە زمانێكە لە ئەزموونى تایبەتییەوە دێتە بەرهەم، بۆیە زۆر بە كەمى دەبینرێت كە سۆفییەك زمانى یەكێكى دیكەى بۆ بمێنێتەوە، بەڵكو هەر سۆفییەك تەعبیر لە حاڵەتى تایبەتى و ئەزموونى تایبەتى خۆى دەكات. هەر سۆفییەك بە پێى ویژدانى خۆى قسە لە چەمكەكان دەكات، چونكە كوڕى زەمەنى خۆیەتى… تەنها دوو لەوانە نەبێت كە (ئیبن عەرەبى)  و (غەزالى)ین، یەكەمیان زمانى كەشفكردنى بۆ جێهێشتووین ، دووەمیان زمانى مامەڵەكردن، یان كردەى دڵ لە مامەڵەكردن لەگەڵ مەحبوب، بەمجۆرە غەزالى تەواوكەرى زانستى مامەڵەكردنە و ئیبن عەرەبى تەواوكەرى زمانى كەشفكردنە.
 ئەزموونى سۆفیگەرى لە جەوهەردا هەوڵێكە بۆ تەجاوزكردنى سنوورە ئاساییەكانى ئایین، ئەو سنوورانەى كە بە رواڵەتە ئاسایى و باوەكانى ئیمان رازییە، لە داوا شەرعییەكان و قەدەغەكراوەكانى ئایین كورت دەكرێتەوە، یان ئەوەى كە پێیدەڵێن ئەمەكدارى بۆ داوا شەرعییەكان و وەستان لە سنوورى فەرمانەكاندا، لێرەدا سۆفى ئاواتى تەجاوزكردنى ئەو سنوورانەى ئیمانە، تاكو لەو رێگەیەوە بە سنوورى هەستەكان بگات، بێگومان ئەوەش بۆ خۆى لە هەردوو ئاستى (تێگەیشتن) و (راڤەكردن) دژبوونەوەیەك لە نێوان ئەزموونى ئایینى و ئەزموونى سۆفیگەرى درووست دەكات، دەشىَ هەردوو چەمكى تێگەیشتن و راڤەكردن بە زاراوەى (ئاماژە)و (دەستەواژە) پەیوەست بكەین، یەكەمیان هەر تەنها ئیحایە، واتە دیارى ناكرێت، هەمیشە مانا بە كراوەیى دەهێلێتەوە، بەڵام دەستەواژە مانا دیارى دەكات و دواجار هەر لە رێگەى دیارى كردنەوە دایدەخات، وەك دیارە ئەو جیاكارییەى نێوان زاراوەى ئاماژەو دەستەواژە لە سەر بنەماى ئەو جیاكاریەیە كە سۆفى لە نێوان ماناى (دیار)و (نادیار)ى دەقى قورئانى جەختى لێدەكاتەوە .
 هەڵبەتە پەیوەندى نێوان تەسەوف و فەلسەفە، یان عەشق و عەقڵ هەر وەكو پەیوەندى نێوان عەقڵ و سروشت پەیوەندییەكى ئارام نەبووەو ئارامیش نابێت. بە دیوەكەى دیكە ئەگەرچى پەیوەندى نێوان من و بوون، خود و بابەت، پەیوەندییەكى مەعریفییە، بەڵام بوون لە دیدى سۆفیدا بابەتێكى دەرەكى نییە كە لە رێگەى عەقڵ یان لۆژیكەوە لێى نزیك بكەوینەوە، هەر چەندە عەقڵ سەرچاوەى مەعریفەیە، بەڵام خامۆشكەرى مەعریفەشە، كەواتە هەرچەندە رووبەرى نێوان مرۆڤ و جیهان بەر تەسك بێتەوە رووبەرى مەعریفە بەرفرەوانتر دەبێت، بەو مانایە دوا پلەى كەمالى مەعریفە لە یەكبوونى تەواوى نێوان خودى عارف و ئەو شتەى كە پێویستە بناسرێت خۆى هەڵدەگرێتەوە. لە بەر هەندىَ سۆفى پێیوایە دنیا روویەكى دیار و روویەكى نادیارى هەیە، دەبێت كەسى عارف هەوڵى دۆزینەوەىو بەرفرەوانكردنى رووە نادیارەكە بدات، بۆ ئەوەش دەبێت لەخودى خۆى تێپەڕێنێت.
 هەموو سەردەمێك گرفتى تایبەت بەخۆى هەیە، گفتوگۆى نێوان بیریاران لە كۆى ئەو گرفتانە درووست دەبێت، بەڵام زەمەنى سۆفى لە زەمەنى فەلسەفى جیایە، وەك چۆن كۆمەڵگەى سۆفى لە گۆمەڵگەى كۆمەڵایەتى جیا دەكەوێتەوە. سۆفى لە بەرامبەر گرفت و زەمەنێك دەوەستێت كە هەر لە ئادەمەوە تا رۆژى دوایى درێژ دەبێتەوە، لە كۆمەڵگەیەكدا دەژى كە زیندووەكانى تێكەڵ مردووەكانى دەكات، هەر لەوێشەوە عارف ئەو كەسەیە كە شتە سەرسوڕهێنەرەكانى نادیارى بۆ رووناك دەبێتەوە.
 وەك گوتمان ئیبن عەرەبى زمانى كەشفكردنى بۆ بەجێهێشتووین، بەڵام وەك هەر سۆفییەك واى لەو بۆماوەیە كردووە كە هەڵگرى تایبەتمەندى خۆى بێت، ئەوەش تەواو لەگەڵ كۆكەرەوەكان پێچەوانە دەكەوێتەوە چونكە كۆكەرەوەكان راستەوخۆ بە كۆكردنەوەى دەق و راڤەكردن خۆیان خەریك دەكەن، نەك بە كەشفكردن. بەڵام ئیبن عەرەبى كە دەست بۆ دەستەواژەیەكى كۆن دەبات وەك چۆن هەیە وەریناگرێت، بەڵكو بەدواى بنەچەو پایەو جیاوازییەكانیدا دەگەڕێت و گفتوگۆى لە بارەوە دادەمەزرێنێت هەروەها لە رێگەى مەعریفەو جیهانبینى سۆفیانەى خۆیەوە دووبارە ناونراوەكان ناو دەنێتەوە، بەمجۆرە تەواوى بۆماوە دەخاتە ژێر سێبەرى خۆى و لە رێگەى مامەڵەكردن و هونەركارى نوێباو و بەرفرەوانكردن و بەرزكردنەوەى ئاستەكانەوە، زمانێكى نوىَ بۆ رێبازى سۆفیگەرى دێنێتە ئاراوە.
 مێژووى فیكرى مرۆڤایەتى مێژووى گواستنەوەكانە، كە بیریاران بەرهەمیان هێناوە، هەموو گواستنەوەیەكیش ئاسۆیەكى دیكەى نوىَ دەخاتەوە، هەروەها مێژووى فەلسەفەو زانستیش لە مێژووى ئەو گواستنەوانە بەدەر نییە، بۆ نموونە (سوقرات) تازەترین گواستنەوەیە لە فیكرى یۆنانى كە لە گەردوونەوە بەرەو مرۆڤ گواستوویەتەوە. (دێكارت) و (كانت) نوێترین گواستنەوەن كە بوونەتە لانەى فەلسەفەى نوىَ، (نیوتن) لە فیزیا….بەمجۆرە هەر كەسىَ بتوانێت فیكر لە پانتاییەكەوە بۆ پانتاییەكى دیكە بگوازێتەوە، ئەو كەسە رێچكەى مێژووى فیكر بەرجەستە دەكات، دیارە ئیبن عەرەبى یەكێك بووە لەو كەسانە كە فیكرى سۆفى لە مامەڵەكردنەوە بۆ كەشفكردن گواستۆتەوە، زمانى سۆفى لە زمانى ناخ و زمانى مامەڵەكردنەوە بەرەو زمانى ئاسۆكان و بینینەكان بردووە، ئەوەش بۆتە هۆى ئەوەى كە توێژەران پێیانوابێت ئیبن عەرەبى دابڕانى لە ئەزموونى سۆفیگەرى پێشوو درووست كردووەو چونكە ئەزموونێكى تایبەت بەخۆى بە ناوى سۆفیگەرى هێناوەتە ئاراوە، هەر لەوێشەوە نەیدەگوت با سەیرى ئاسۆ بكەین، یان دەبێت ئەزموونى سۆفى لە رەفتارگەرییەوە بەرەو كەشفكردن بكەینەوە، ئەوەش لەوێوە دێت كە (دیار) زمان نابەخشێت، بەڵكو ئەوە زەوییە كە زمانى بە هەموو دەستەواژەو زاراوەكانەوە لە سەر شین دەبێت، بەڵام دەشىَ بپرسین كە ئەو دیارە بینراوە كامەیە؟ چۆن لە سەر ئەو بینراوە دەستەواژەكان هاتنە كایەوە؟
 ئەگەر پرسى یەكەم، ناسنامەى بینراو بخاتە روو، ئەوە پرسى دووەم بە دواى چۆنێتى بوونى دەستەواژەى بینراودا دەگەڕێت.
 ئیبن عەرەبى پیاوى بینراوەكانەو بەردەوام شت دەبینێت، بینراوەكان لێى جیا نابنەوە، هەر لەوێشەوە كۆى بیروڕاكانى لە بینین هەڵناوە، چونكە مرۆڤى سۆفى دەبێت خودى خۆى تێپەڕێنێت لە پێناو ناسینى جیهان و ناسینى خودى خۆیشى، ئەوەش لە گەیشتن بە دۆخى فەنا بوون بەرجەستە دەبێت و پێویستى بە سىَ قۆناغى سەرەكى هەیە: ئاشكرابوون، دەركەوتن، بینین. لە دۆخى یەكەمدا بوونى رەها كە بوونێكە بە هۆى جیهانى شتەكانەوە پەردەپۆشكراوە، ئاشكرا دەبێت، مرۆڤ لەو قۆناغەدا جوانى و شكۆى یەزدان كە جوانى و شكۆیەكى رەهایە ئاشكرا دەكات. لە دۆخى دووەمدا نوورى یەزدان دەردەكەوێت لەگەڵ تەجەللاى ئەو نوورە تاڵە تیشكەكان دەردەكەون كە هەر تاڵێك دەچێتەوە سەر شتێك و سەر بوونەوەرێك بۆ نموونە نوورى رۆحەكان دەردەكەون كە بە پەردەى جەستەكان داپۆشراون. لە قۆناغى سێیەمدا تەجەللاى نوور دەبینرێت و لە دڵى عارف دەبریسكێتەوە تا ئەو ئەندازەیەى هەست بە بوونى خۆى ناكات و بە تەواوى بووندا پەرش و بڵاو دەبێتەوەو هەموو پەیوەندییەكى هوشیارانە بە جیهانەوە لە دەست دەدات، ئەو دۆخە لاى هەندێك عارف كاتییەو لاى هەندێكى دیكە هەمیشەییە … بەو مانایەش مەعریفەى سۆفى مەعریفەیەكە لە سەر بنەماى ناسینى راستەوخۆى بوون دامەزراوە، كە پێكهاتەكانى بوون لە یەكەیەكى یەكتەواوكەردا دەبینێت و لە یەكیان جیا ناكاتەوە. هەر بەمجۆرە دنیاى ئیبن عەرەبى لە حەقیقەتى تاكەكان پێكدێت، دنیایەكى سیفەتئامێزە، سیفەت تێیدا وازى لە وەسفكراو هێناوەو بۆتە ئیزافەى وەسفكراو، بەو مانایەش وەسفكراو لە سیفەتەكەى ئازاد نییە، چونكە ئەگەر واز لە سیفەتەكەى خۆى بهێنێت لە بەندایەتى خودى خۆى دەردەچێت، بۆ نموونە هەموو سیفەتێكى مرۆڤ حەقیقەتگەلێكى تاكە لە رێگەى خوازەوە بۆى زیاد كراوە لە بەر هەندىَ بە خەڵقكردنى نوىَ ناوى دەبردرێت. كەواتە دنیاى بوونەوەران دنیایەكى سیفەتگەرایە، بۆ نموونە مرۆڤ هەتا بوونیشى سیفەتێكە بۆ مرۆڤبوونى زیاد دەكرێت، وەك چۆن زەمەن و ژیانەكەى بۆ زیاد دەكرێت، هەر ئەو درووست بووە نوێیەش دەیپارێزێت، بەڵام كاتێك خوا ویستى لەناودەچێت.  بەمجۆرە دەگەینە ئەوەى كە ناخود خاوەنى بوونى خودەو دواتر هیچ شتێك لە گەردووندا خودى نییە، كەواتە گەردوون لە تاكە حەقیقەتێك پێكهاتووەو بەردەوام هەیە، ئەو حەقیقەتە تاكانەش هەندێكیان سادەن و هەندێكیان ئاوێتەن بە شێوە پاكەكەى لە دنیاى هەستپێكراودا نین، بەڵكو یەك بە سەر ئەویدیكەدا هەیە. بەو مانایە بوونى دیاریكراو لە حەقیقەتە تاكە ئیزافەكراوەكان پێكهاتووە، لە گەردوونى دیاردا مرۆڤى پەتى كە تەنها حەقیقەتى مرۆڤایەتى هەبێت بوونى نییە، بەڵكو لە رێگەى كۆمەڵێك سیفەتەوە وەسف دەكرێت، لێرەدا ئەو سیفەتەى كە بوونى پىَ وەسف دەكرێت خودى بوون نییە، لەگەڵ حەقیقەتى مرۆڤایەتیش یەك ناگرێـتەوە بەڵكو ئیزافەیەكە و خراوەتە سەر مرۆڤایەتى و هەموو ساتێك قابیلى لەنێوچوونە، بەو مانایەش تاكە وەسفى هەموو حەقیقەتى هەبوون، نەبوونییە، بۆیە كاتێك لە ئیبن عەرەبى دەپرسن تۆ كێى؟ دەڵێت: عەدەمى دیار!!
 كەواتە هەموو بوونەوەران حەقیقەتیان لە وەسفەكانیانەوە، لە وەسفە ئیزافە بۆكراوەكانیانەوەیە، لە رەچەلەكەكانیانەوە. بە دیوەكەى دیكە وەك چۆن لە بینراوى گشتیدا ئیزافەو رەچەلەك هەیە، بە هەمان شێوە لە زمانى نوىَ ئیزافەو رەچەلەك هەیە، وەك گوتمان بینین بە سەرەتاى لەدایكبوونى زمانى ئیبن عەرەبى دەژمێردرێت، بەڵام كاتێك دیمەنێك دەگێڕێتەوە پشت بە فۆرمەلەكردنى رستەى ناوى دەبەستێت، هەر لەوێشەوە گێڕانەوەى دیتراوەكانى لەو زاراوانە بەدەر نییە كە بەرهەمیان دێنێت، ئەو هەر تەنها دیتراوەكان ناگێڕێتەوە بەڵكو ناو لە هەموو حاڵەتێك و هەموو سیفەتێك و رێژەیەك دەنێت، ناونان لاى ئیبن عەرەبى گرنگترین بەشێكە لە تەعبیركردنى دیتراوەكاندا، چونكە ناونان خاڵە وەك ختم و چاپ. ناونان وەك ناو لە یادەوەریدا دەمێنێتەوە، دواى ئەوەى دیتراوەكان لەنێو دەچن، ناو وەك نیشانە بۆ ناونراوە دەمێنێتەوە، ئەوەى دەگێڕدرێنەوە نامێنن، بەڵام ناو دەمێنێتەوە.
 نووسەرى خاوەن دید، بیریارى خاوەن فەلسەفە، دەستەواژەو زاراوەكانى دەمێنێتەوە، جا چ لە مەعریفە وەدەستى هێنابێت، یان لە رێگەى عەقڵ و بیر و دیتنەوە كەشفى كردبێت. ئیبن عەرەبى بە زاراوە دیتراوەكانى خۆى لە ئەفسانەو خودێتیەوە بۆ گەیشتن بە بابەتگەرایى هەنگاوى ناوە، لە هەموو گەیشتن و گوازتنەوەیەكیش هەر دەبێت ناو هەبێت، بۆیە دەڵێین زمان ناوە، لە سەرەتاشەوە هەر ناو بووە، سەرەتا ناو پێكهاتەى بوونى زمان بووە، هەر لە سەر ئەو بنەمایە ئیبن عەرەبى لە رێگەى ناونانەوە مۆركێكى بابەتى بە دەقەكانى خۆى دەبەخشێت، لەوێشەوە دەق لە ئاستى نادیارى خەیاڵى بەرەو ئاستى ئامادەگى مەعریفى دەگوازێتەوە، چونكە ناو گەواهى لە سەر بوونى ناونراو دەدا، عەقڵمان دركى دەكات، لە رێگەى دەست بۆ بردنى ماناى ناونراوەوە بە وجودى ناونراو دەگەین. هەڵبەتە ئیبن عەرەبى لە رێگەى هەڵبژاردنى زاراوەكانەوە دەستەواژەكانى خۆى هەڵنەكۆڵیووە، بەڵكو لە رێگەى ئیلهامەوە وەدەستى هێناون. سوعاد ئەلحەكیم لەو كتێبەیدا دەڵێت: ئیبن عەرەبى هەر تەنها بابەتى بە ئیلهام بۆ نەهاتۆتە خوارىَ، بەڵكو وشەشى لە رێگەى ئیلهامەوە بۆ هاتووە، وەك چۆن بەردەوام لەگەڵ دیتراو و رووداو و گوتراوەكاندا ژیاوەو هەر لەو دیتراوانەشەوە دەستەواژەو زاراوەى هێناوەتە بەرهەم، بەڵام چ لە رێگەى ئیلهامەوە بەرهەمى هێنا بێت و چ لە بەردى زمان هەڵیكۆڵیبێت هەر دەبێت توێژەران لە سەر ئەو بەرهەمهێنانە بوەستن چونكە هەر ئەوە دواتر بۆتە زمانى سۆفیگەرێتى.
 زمانى ئیبن عەرەبى دوو رێگەى بۆ نوێكردنەوە بەكار هێناوە: یەكەم، زاراوەى كۆنى وەرگرتووەو ماناى نوێى پێبەخشیوون، وشەى گشتى وەرگرتووەو ماناى تایبەتى پێداوە. دووەم، بەرهەمێنانى وشەى نوىَ لە رێگەى دەستەواژە زاراوەى داهێنراو، كە پێشتر لە ئارادا نەبووە، واتە ناونانى نوىَ و دەستەواژەى نوىَ بۆ ناونراوى نوىَ. 
 بەمجۆرە زمانى سۆفیگەرى لەو زاراوانە بونیادنراوە كە لەسەر یەك بێژە كار دەكەن و گۆڕدراون بۆ زاراوەیەك كە لە شێوەى دەستەواژەدان، ئەو دەستەواژانەش لە سىَ شێوەدا خۆیان دەنوێنن:
 1-خستنە سەر: دەستەواژەیەكە لە دوو بێژە درووست دەبێت یەكێكیان دەخرێتە سەر ئەویدیكەیان، بۆ نموونە ناوێك دەخرێتە سەر ناوێكى دیكە وەك: رووبارى قورئان، دەریاى رۆحەكان…
 2-رێژەگەرى:دەستەواژەیەكە لە دوو بێژە پێكهاتووە یەكێكیان دەدرێتە پاڵ ئەویدیكە وەك: دەركەوتنى خود…
 3-وەسف: دەستەواژەیەكە لە دوو بێژە پێكهاتووە، یەكێكیان وەسفى ئەویدكە دەكات، لێرەدا وەسف دەستەواژەیەكى زاراوەییە، ناو لە دەلالەتكردنى ناونراوەوە بۆ دەلالەتكردنى ناونراوێكى دیكە دەگوازێتەوە، بۆ نموونە: دەستەواژەى زەوى بەرفرەوان، لێرە وشەى بەرفرەوان وەسفى زەوى ناكات، بەڵكو كاتێك وەك وەسف دەیخەیتە سەر زەوى لەو حاڵەتە ناوى زەوى لە دەلالەتى زەوى دەكاتەوەو دەیگۆڕێت بۆ زەوییەكى تایبەت…
 ئیبن عەرەبى پێیوایە هەموو تاكە بێژەیەك دەلالەت لە خود دەكات و لە بنەڕەتدا ناوى ئەو خودەیە، بەڵام ئەو دەیگۆڕێت بۆ سیفەتەكەى یان حاڵەتەكەى یان پایەكەى…بۆ نموونە: شەو، دەستەواژەیەكە دەلالەت لە ناوى خودى شەو دەكات، واتە ئەو ماوەیەى كە لە ونبوونى خۆر تا دەركەوتنى درێژە دەكێشێت، بەڵام ئیبن عەرەبى ئەو ناوە لە خودى شەو دەكاتەوە، یان بەتاڵیدەكاتەوەو دەیكاتە ناو، بۆ سیفەتى شەو، بەمجۆرە ناوى خود بۆ ناوى سیفەتى تایبەتى ئەو خودە دەگۆڕێت، كەواتە ئەگەرچى شەو دەلالەت لە كاتێكى دیاریكراو دەكات، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێتە سیفەتێك بۆ نادیارى و نهێنى… ئەو گۆڕانكارییە لە ناو لە دەلالەتى خودەوە بۆ دەلالەتى حەقیقەتگەلێك كە ناونراو پێى هەڵدەسێت ناچێتە نێو دنیاى رەمزو ئاماژەوە وەك لاى هەندێك لە توێژەران قسەى لێكراوە، چونكە ئیبن عەرەبى دنیاى رەمز نابینێت، بەڵكو دنیاى وەسف دەبینێت، واتە ناو دەلالەت لە ناونراو ناكات، بەڵكو دەلالەت لەو سیفەتە تایبەتییە دەكات كە ناونراو لەخۆیدا هەڵیگرتووە، ئەو گۆڕانكارییە ئاسۆیەك لە بەرامبەر زمان دەكاتەوە، چونكە لە برى ئەوەى تاك بە تەنها بمێنێتەوەو دەلالەت لە تاكە خودێك بكات بە پێى ژمارەى حەقیقەتەكانى یان سیفەتەكانى بەرفرەوان و لە نێو كۆمەڵێك خودى جۆراوجۆر راست دەبێتەوە، بەمجۆرە لاى ئیبن عەرەبى دنیاى هەبووەكان دنیایەكى ئاوێتەییەو تاكە دەستەواژە وجودى نییە، هەر لەوێشەوە زاراوەو دەستەواژەكان لە دەلالەتكردنى خود وەك خود، بۆ دەلالەتكردن لە خود وەك سیفەت، یان حاڵەت، یان پایەى دیاریكراو دەگۆڕێت، ئەو گۆڕانكارییەش لە بەرژەوەندى دەوڵەمەندكردنى فەرهەنگى زمان دەكەوێتەوە.
 كەواتە ئیبن عەرەبى لە رێگەى دیتنەوە ئاوێتەكانى سروشتى لێكجیا دەكاتەوەو ئاوێتەكانى بۆ سادەترین دەستەواژە شیدەكاتەوە، وەك چۆن سادەیى پێكهاتەكان دەبینێت و بە زمانى خۆى وێنەى ئەو شیكردنەوەیەو پێكهاتەیە دەكێشێت…لێرەوە دەگەینە ئەوەى كە هەموو مەوجودێك وشەیەو لە پیت پێكهاتووە، پیتەكانیش حەقیقەتگەلى تاكین…مەوجود وجودى نییە، لە هەست درووست دەبێت، بەڵام تەنها بە تەواوى لە پێكهاتەى حەقیقەتە تاكەكان نەبێت درووست نابێت، وەك چۆن وشە تەنها لە پیت نەبێت درووست نابێت. بەمجۆرە لە سەر فۆرمەلەكردنى ئەو ئاوێتەیە بە هۆى خستنەسەر و رێژەگەرایى و وەسفەوە زمانێكى نوىَ درووست دەكات.
 بەكورتى دەتوانین لە رێگەى ئەو كتێبەوە بڵێین ئیبن عەرەبى:
 1-ئامادەگى سۆفى لە ئامادەگى ناخەوە بۆ ئامادەگى ئاسۆ گواستۆتەوە.
 2-زمانى سۆفى لە زمانى ویژدانەوە بەرەو زمانى وجودى بردووە.
 3-گواستنەوەى بیژەى تاك لە دەلالەتى خود بۆ دەلالەتى ئەو مانایەى كە لە خودەوە دێتە بەرهەم، بەو مانایەش توانیوویەتى زمان و ئاسۆى زمان بە شێوەیەكى بەرفرەوان بكاتەوە.
 سەرچاوەو پەراوێزەكان:
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.