
یه‌كه‌مین بیره‌وه‌ری من له‌گه‌ڵ كتێبدا
له گۆشه‌ی هه‌فته‌ی پێشوودا باسی كتێب و یاده‌وریم كرد، ده‌مه‌وێت له‌م گۆشه‌یه‌دا باسی یه‌كه‌مین بیره‌وه‌ری خۆم له‌گه‌ڵ كتێبدا بكه‌م. یه‌كه‌مین بیره‌وه‌ری من له‌گه‌ڵ كتێبدا، یه‌كه‌مین بیرهوهریشمه له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستییدا. به دیاریكراوی باسی ساڵی 1984 ده‌كه‌م، ئه‌و كاته من له قۆناغی هه‌رزه‌كارییدا بووم. یه‌ك لایه‌نه و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئاماژه‌یه‌كم پێ گه‌یشتبێت، كچێكم خۆش ویست. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌م باری دارایی ماڵی ئه‌و كچه له باری دارایی ماڵی ئێمه باشتر بوو، هه‌م بۆ خۆم بڕوام وا بوو كچه‌كه له من جوانتره، هه‌ستم به جۆرێك له خۆبه‌كه‌مزانین ده‌كرد. تاكه ڕێگایش له‌و كاته‌دا كه بۆ ڕزگاربوون له‌و هه‌سته، به خه‌یاڵ و بیری مندا هات، ڕێگایه‌ك بوو به ناو كتێبدا ده‌ڕۆیشت و له ئامێزی نووسیندا ده‌گیرسایه‌وه. به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و كچه ئاگای له هیچ شتێك بێت، من لای خۆمه‌وه، هه‌م شۆڕشی خۆشه‌ویستی و هه‌م جه‌نگم له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رپا كرد بوو. ئامانجی شۆڕشی خۆشه‌ویستییه‌كه‌م ئه‌وه بوو ئه‌و كچه بكه‌م به هاوبه‌شی ژیانم. ئامانجی جهنگهكهیشم ئه‌وه بوو، له به‌رامبه‌ر دوو سه‌رمایه‌كه‌ی ئه‌ودا، كه من نه‌مبوون، بگه‌م به سه‌رمایه‌یه‌ك كه ئه‌و نه‌یبێت. نه‌ك هه‌ر ئه‌و كاته، ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێت، من جگه له‌و سه‌رمایه ڕوحییه‌ی كتێب و نووسین پێیان به‌خشیم، هیچ سه‌رمایه‌یه‌كی دیكه‌م بۆ كۆ نه‌كرایه‌وه. تا ئێستا و پێم وایه تا ههتایشه، هیچ شتێك له ماڵی مندا نابینرێت له كتێب بایه‌خدارتر. به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كجاریش، ته‌نها یه‌ك قسه‌ی دڵم بۆ ئه‌و كچه بكه‌م، ئه‌و ڕۆیشت و بۆ هه‌تا هه‌تایی له ژیانی من چووه ده‌ره‌وه، به‌ڵام كتێب مایه‌وه. كتێب بوو به‌و هاوڕێ ئازیز و دڵنشینهی كه نه‌یهێشت دوای ڕۆیشتنی ئه‌و كچه هه‌ست به ته‌نیایی بكه‌م. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، كتێب نه‌یهێشت ئیدی هه‌رگیز له‌به‌رده‌م هیچ كه‌سێكدا هه‌ست به كه‌می بكه‌م. ئه‌وه‌ش سه‌رمایه‌یه‌كی ڕوحیی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه كه هه‌رگیز هیچ سه‌رمایه‌یه‌ك هاوشانی نابێت. ئه‌گه‌ر كتێب هیچ شتێكی دیكه‌ی پێ نهبهخشیبم و پێشم نه‌به‌خشێت، من تا ماوم خۆم به قه‌رزارباری كتێب ده‌زانم، چونكه توانی له گرێی خۆبه‌كه‌مزانین ڕزگارم بكات و هاوسه‌نگیم بۆ بگێڕێته‌وه.
محه‌مه‌د كوردۆ
*گۆشه‌ی ڕاز و نیاز، كوردستانی نوێ، ژماره (5897) 5 / 10 / 2012