بۆ مەرگی دانا جەمال، دەسەڵات و خەمی خوێندکارو خوێندنگا…!!
ڕۆژی شەممە بەرواری ١٣ ئوکتوبەری ٢٠١٢ هەواڵێکی دڵتەزێن ڕایچڵەکاندین، دیوارێکی قوتانخانەی ئامادەیی ئالان لە هەڵەبجەی تازە، بەسەر چەند خوێندکارێکدا ڕوخاوە ، سەرەنجام بەداخەوە دانا جەمالی تازە لاو ودڵپڕ لە هیوا بووە قوربانی بێدەربەستی دەستەی بەڕێوەبەری خوێندنگاو پەروەردەی شارەزوور.
زۆرجار ڕووداوە سروشتییەکانی ناوچە جیاجیاکانی دنیا لە جۆری بومەلەرزەو لاوفاو، یانیش باری دەرونی خراپ و ناجێگیری کەسێک بووەتە هۆی بە بارمتە گرتنی ژیانی خوێندکاران و کەوتنەوەی کارەسات و گیان لەدەستدانی خوێندکاران. کەخۆشبەختانە تا ئێستا لە کوردستان هیچکام لەو ڕووداوانە ڕووینەداوە، بەڵام لەبەرامبەردا بەداخەوە ئێستا لە کوردستان لە سایەی دەسەڵاتێکی گەندەڵدا، لاوەکانمان دەبنە قوربانی کەمتەرخەمی دەسەڵات و وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بەچاوپێخشانێکی خێرا بەسەر هەلومەرجی قوتانخانەکانی کوردستاندا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەمڕۆ هیچ هەلومەرجێکی سەلامەتی و تەندروستی لە بەشی هەرەزۆری قوتابخانەکانی کوردستاندا بەدی ناکرێت، نەک هەر لە گوندو شارۆچکەکان، بەڵکو لە شارە گەورەکانیشدا، خۆێندکاران لەگەڵ هەمان هەلومەرجدا ڕووبەڕوون ودەستوپەنجە نەرم دەکەن، قوتابخانەی هەولێری نموونەیی یەکێک لەو نمونانەیە، کە بەڕاستی مایەی شەرمەزاری دەسەڵاتێکە کە ناتوانێت پێداویستییەکانی منداڵان و لاوەکانمان دابین بکات و خۆی بەبەرپرس بزانێ بەرامبەر بە ژیانی هاوڵاتییەکانی.
ئێمە لەسەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی قوڵمان بۆ خێزان وکەسوکاری دانا جەمال و هاوڕێ و هاوپۆلەکانی، پەروەردەی شارەزوور و دەسەڵاتدارانی کوردستان بە بەرپرس دەزانین لە پاراستنی سەلامەتی خوێندکاران و دابینکردنی خوێندنگای ئامن و بینای گونجاو بۆیان، لەهەمانکاتدا پشتیوانی تەواو لە داخوازیەکانی خوێندکارانی ئامادەیی ئالان دەکەین.
شێرزاد فاتح
سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان
Sherzad.fatih@gmail.com
www.childiraq.com