Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
لە (بەهاری عارەبی) دوو (دەرسی پاییزی) بۆ کـورد

لە (بەهاری عارەبی) دوو (دەرسی پاییزی) بۆ کـورد

Closed
by October 30, 2012 گشتی

 

 

         هەرچەند ڕۆژێک بوو پەیکەرە نابووتەکەی (صدام حوسین) لە گۆڕەپانی (ئەندەلۆسی) بەغدا بە دەستیی سەربازە ئەمەریکاییەکانەوە بە عاردی دادراو وردوخاشبوو بوو، لە شاری (دبلن)دا چاوم بە (خالید فەیلی)کەوت، کە بەرپرسی دۆسییەی مافی مرۆڤی – عیراقییەکان بوو ، لە بەرنامەی کاری ڕێکخراوەکەم تۆژییەوە کە دەبێ دوای روخانی ڕژێمی بەعس چۆن چۆنی بێ. ئەو پیاوە وەک فیشەکەشێتە بە ڕوومدا تەقیەوەو هاواری کرد:” دکتاتۆر روخا، تازەی کێ مافی مرۆڤ پێشێل دەکا، دهۆڵ دڕاو دەنگی بڕا، رێکخراوەکەمان پێچایەوە تا هەتایە.” وەلێ سەد حەیف و مەخابن، دڕەندەی و بێویژدانی و قەساوەتی تاوان و تیڕۆرو زولم و زۆری نەپساوەی دوای ڕژیم ، دەر حەق بە خەلکی سڤیلی بێدەسەڵات ، لە ژن و منداڵ و پیروکەنەفت و بیگوناه، وایکرد هەبێ بڵێ “سەد خۆزگە بە کفن دز.” کورتبینی و لە دەستدانی توانی بینینی نیشانە دوورەکان و زوو لەبیرچوونەوەی ڕابردوو (سێ) خەسڵەتی زکماکی دانیشتوانی رۆژهەڵاتی ناوەندن – بە کوردیشەوە- . بەڵێ بە تاکید دەڵێم دەکرا ڕی لە ڕوودانی کارەساتە نەخوازراوەکانی دوای ڕژێم بگێرێت و رۆژی عیراقییەکان و ئێمەمانانیش بەوە نەگات کە ئیمڕۆ کافری پێ موسوڵمان دەبێ! نە بوونی هیچ ڕووئیەیەک و نەخشەیەک بۆدوای سەدام و پەلاماردانی گورگانەی  پشتێن ئەستوورو عەگالەبەسەرەکانی دەسەڵاتدارو چەکدارو دەستڕۆیشتوو بۆ وەچەنگهێنانی زۆرترین تاڵان و غەنیمە ودیهێنانی پیسترین دەستکەوتی شەخسی  و پشتوەرگێران لە خاک و نەتەوەو ئایین و کەلتورومێژوو وایکرد بکەونە چاڵی هەڵەی ئەتۆوە کە تا رۆژی مەحشەر دەبێ بەحەسرەتەوە بن لێیدەربێن.

       کە دەرسمان لە روخانی ڕژێمی بەعس وەرنەگرت ، هێشتا ، نەچووە بچێ، با دەرسێک لە ڕووداوەکانی (بەهاری عارەبی) وەرگرین و بۆ چەند چرکەێک دووربین بین و ڕابردوو لە بیرنەکەین. هەمووتان رۆژانە پێ بە پێ لەگەڵ تازەرووداوەکاندا ڕێدەکەن و شتەکان بە چاوی خۆتان ڕاستەوخۆ لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنەکانەوە دەبینن، بۆیە نامەوێ هیچ کلک و شاخیان بۆ بکەم. ئەو ڕووداوانە پڕن لە عیبرەت ، وەلێ (دوو عیبرەت) بەڵامەوە زێدە بایەخدارن و جێگای هەڵوەستەن:

 یەکەم: ئەو دەهۆڵ وزوڕنایەیی ئەمەریکاییەکان و هێندێ لە وڵاتانی رۆژئاوا ،لە ژێر دروشمی ( ڕۆژهەڵاتی ناوەندی دیموەکرات) دەیانکوتا ، نەک هەر هەواو بوو، بەلکو درۆوفیشارێکی زۆر گەورەبوو، هەرهەموو دەزگاکانی وەزارەتەکانی بەغدا سووتێنران جگە لە بارەگای وەزارەتی نەوت نەبێ، هەر چوار ئیقلیمی عیراق بەرەلاکرا بێ خودان و بێ پاسەوان مایەوە جگە لە گەورەتین قونسولخانەی ئەمەریکاییەکان نەبێ لە کەرکوک! هێشتا (یووئێن) بریاری بەکارهێنانی هێزی نەدا بوو، فڕۆکەکانی (فەرەنسا) نیوەی وڵاتی (لیبیا)یان ئازاد کردبوو. ئەدی خێرە وا لە خەڵکی سڤیلی سوریا دەکەن؟ بەهار هەر بەهارە،  عارەب هەر عارەبەو، راپەڕین هەر ڕاپەڕینە! یەكێک لە گەورەپیاوەکانی خۆمان لە خوتبەیەکدا فەرمووی:” ئەو رۆژە بەسەر چوو دەسەڵاتداران بە ناوی کێشەو وەزعی ناوخۆ ، خەڵکانی بێ تاوان قەتل و عام بکەن. ئیمرۆ چەکوشی ئەمەریکاییەکان و رۆژئاوا ئامادەیە.” واپێدەچی یا ئەوەتا خەڵکی سوریای بێ گوناه لە مرۆڤ و ئاژەل و ژینگە بەدەرن، یان ئەوەتا چەکوشەکە هەر ئەو کاتە دێتە مەیدان کە کارگەو فابریقەو سەربازگەکانی خۆیان موحتاجی وەشانی ئەو چەکوشە بن. عیبرەتەکەی ئەو دەرسە بۆ ئیمەی کورد ئەوەیە: هیچ دوور نییە لە بێ بەرژەوەندی خۆیان  ، رۆژێ کوردستانەکەمان بکەنە سوریاو ( یوئێن ) و ئەمەریکاو رۆژئاواش بچنەوە سووری سڕ بوون و خەوتنەوە. ئاگاداربن ئیمە هێندە خۆشەویست بین لە دڵی ئەواندا وەک هێندێ دەیانەوێ وامان  لێبکەن بە لای لایەی ئەوانەوە لە باوەشیاندا سەرە خەوی خۆش بکەین!

 دووەم: لەشکرێکی بە‌هێزی یەکرێزی بێ پەرێزی خەوتوو بەروواڵەت و بە خەبەر لە واقیعدا، خۆی بۆ ئەو سات و ئانە مەڵاسداوە کە خۆی بێتە سەرخوانی حازری و بەرنامەوپەیرەوی خۆی بەسەر  جوگرافیاو مێژوودا بسەپێنێ، خوانەکا  رۆژ بگاتە ئەو رۆژە بە سەدان ساڵ دەگەرێنەوە دواوەودەبێ هەر سەرزەنشتی خۆمان بکەین و بە رانبەر مێژووش روو ڕەشدەردەچین. !

 وەڵێ هێشتا نەچووە بچی کورینە!

Facebook: fazil shawro

فــازیــل شــەوڕۆ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.