Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
ورته‌ ورتی مردن …. رزگار جه‌باری

ورته‌ ورتی مردن …. رزگار جه‌باری

Closed
by October 30, 2012 ئەدەب

 

 

 

به‌ده‌م هێواشبوونه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانه‌وه‌

توتنی دوا گه‌ڵا نێرگسه‌ كۆنه‌كانی ده‌روونم ده‌پێچمه‌وه‌ و…

سیگارێكی تازه‌ تازه‌ی لێ ده‌كێشم

لێگه‌ڕێ دووكه‌ڵی فه‌رامۆشی…

فرمێسكه‌ بێ‌ واتاكان هه‌ڵوه‌رێنێته‌ گۆمی مه‌رگه‌وه‌

بۆنی په‌تا…خه‌یاڵه‌ تاریكه‌كان له‌بار به‌رێت

لێگه‌ڕێ هه‌ناسه‌…خوێنی ماڵاوایی تێ بزێت

وه‌كو ئه‌و باڵنده‌ كێوییانه‌ی میراتی په‌ڕیان لێ زه‌وتكراوه‌.

ئه‌گه‌رچی سه‌ختره‌ له‌ رچینی وه‌رزی گۆشه‌گیری

كه‌ بیر له‌ێ‌ ده‌كه‌مه‌وه‌…

گۆڕ باشترین ته‌پڵه‌كه‌

پڕ بێته‌وه‌ له‌ سوتووی ئه‌م جه‌سته‌ شه‌كه‌ته‌

لێگه‌ڕێ…روح ببێته‌وه‌ به‌و هه‌ڵمه‌ی

له‌ دۆنی خوناودا..نیگای یارپه‌پوله‌یه‌ك ده‌دزێ 

په‌نجه‌كانیش به‌ خاك

له‌ یه‌كه‌م هه‌ناسه‌ی ئه‌م سیگاره‌ شیرینه‌دا…

به‌و كرمه‌ خه‌یاڵپڵاوه‌ پێده‌كه‌نم

بیر له‌ خواردنی دڵم ده‌كاته‌وه‌

دڵێك…(ئه‌و) پڕی كردبوو له‌ ترپه‌ی تاڵاو…تامی ته‌نیایی

      ……….

به‌ده‌م دوا تروسكه‌ی هه‌ناسه‌وه‌…

ئاوڕێكی كورت له‌ ئاسۆیه‌كی درێژ ئه‌ده‌مه‌وه‌

هێشتا پێناسه‌ی دیكه‌ ماوه‌…بیبه‌خشم به‌ هه‌تاو

پیاسه‌ی حه‌زێك ماوه‌ نهێییه‌كان بدركێنم

گرێیه‌كان به‌رواڵا بكه‌م…وه‌ك جادوویه‌كی پوچه‌ڵكراو

به‌م په‌نجه‌ وشكانه‌وه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی ته‌ڕ بۆ عاتیفه‌ هه‌ڵده‌مه‌وه‌

به‌ دوای هه‌ناسه‌یه‌كی تازه‌ بگه‌رێم بۆ ته‌عبیری خه‌ونی سه‌فه‌ر

ده‌رفه‌تێك ماوه‌…له‌گه‌ڵ میهره‌بانی شه‌و ئاشت ببمه‌وه‌

خۆم له‌ تریفه‌ی ئه‌و باڵندانه‌ بگه‌وزێنم…

ره‌گه‌زیان ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر دره‌ختی مانگ

ئه‌و ده‌نكه‌ وشانه‌یان بۆ روو بكه‌م

له‌ قووڵایی بووندا هه‌ڵمگرتوون

ده‌نگم..به‌ بۆنی نشتیمانی باران موتوربه‌ بكه‌م.

به‌ ده‌م كوژانه‌وه‌ی مانگ

راز و نیاز له‌گه‌ڵ په‌پووله‌ قه‌یره‌كان ده‌گۆڕمه‌وه‌

ده‌بمه‌ ته‌ته‌ر له‌ نێوان ئه‌ستێره‌كانی دڵشكان

ده‌چمه‌وه‌ كۆڵانه‌ خۆڵاوییه‌كی یاری

بۆ ئه‌و ده‌مانه‌ی یه‌كجاره‌ دێنه‌وه‌ به‌ریاد

به‌ده‌م مردنه‌وه‌:

تاڵه‌ ره‌شه‌كانی سه‌ر و 

خاڵه‌ سپییه‌كانی دڵم به‌راوورد ده‌كه‌م

راده‌وه‌ستم له‌به‌ر ئاوێنه‌ی حوزن

به‌ دانیشتنه‌وه‌…میسكی ته‌نیایی له‌ روح ده‌سووم

به‌ راكشاوییه‌وه‌…له‌گه‌ڵ شادومانی جووت ده‌بم

    …….

به‌ده‌م په‌شیمانییه‌وه‌:

قومێك له‌ نشتیمان ده‌ده‌م

پڕ ده‌م له‌ تامی سێوێكی یاخی 

خه‌یاڵ…به‌ چاوی ئه‌و سه‌وز ده‌بێته‌وه‌

خاڵی ده‌بمه‌وه‌ له‌ مۆسیقای ئێواره‌

له‌ نیوه‌ رێگای مه‌یخانه‌دا دڵم ده‌بێته‌وه‌ به‌ هه‌ڵم

هێواش هێواش

بوونم ده‌چۆڕێته‌وه‌ ناو باده‌ی مانگه‌وه‌

     ……….

                                     1\11\2011

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.