
بۆ ئەوانەی لە عەشق دان …وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : ناڵە حەسەن
گۆرانی عەشق
وەرە لەگەڵ مندا پیاسە بكە
وەك كازیوە پایزییەكان
یان وەك ئەو ڕەنگە سوورە قورمزییەی
ئاسمانی داگرتووە و
ڕێگاكانی بە سێبەر داپۆشیوە
من و تۆ ,
دەتوانین ڕێبكەین و خەون ببینین .
یان لە سەرووی هەندێك لە بای خەرەندان
كە بەسەر دەریاكان دا ڕەت دەبن
وەرە لەگەڵ مندا بڕِوانە
وەك لاساری ئەو شەپۆڵانەی
كە دەڕژێنە سەر لمەكان
وەرە دەستت بێنە و ئازیزم
لێم نزیك بەرەوە .
یان وەك دوا تیشكەكانی خۆرەتاو
كە دوور دەكەونەوە
یان وەك ئەو ئێوارەیەی كە لە نێو شەودا دەتوێتەوە و
شەو بێدار دەكاتەوە
لە ژێر ئەو ئەستێرانەی لە كەناران دەبریسكێنەوە
ئینجا ماچم بكە , ئازیزم
دەی دیسان , جارێكی تریش
لە نێو ئامێزت توند ڕامبگرە
ئەو دەمەی گۆرانیەكانم دەچڕم
من دەمزانی خەونەكانم دێنەدی
دەبمە هی تۆ .
Katherine Nelson Davis
حەوتی بەیانی
یەكەم جار كە تۆ
سیمای منت بینی لە بەیانیەكی زوودا
تێشكاو و لۆچگرتوو و بسك ئالۆز بوو
من وامزانی , تازە هەموو شتێك بەسەر چووە
بەڵام پاش ئەوەی كە تۆ
بە نەرمی ماچت كردم , وەك خۆرەتاو لە نێو تەم دا
ئینجا زانیم ,
كە هەموو شتەكان تازە دەستیان پێكردووە .
Kenneth Holt
عەشق
تیشكی خۆرە ,
سەما دەكا لە نێو دڵ دا
قسە دەكا لە بێدەنگی دا
خۆشی سەرە پەنجەكانی تۆیە
دۆزینەوە و بەخشینە لە نهێنیە دڵتەڕەكان
ڕۆشنایی ئەستێرەیە ,
دەدرەوشێتەوە لە بیردا
زەردەخەنەیەكە لە سەر ڕۆحی تۆدا .
Barbara Plump
ماڵی شیعر
لەو شوێنەی عەشق ماڵێك دەدۆزێتەوە
كە شتەكان جوانن
وەك ڕۆینە سەربان پێكەوە
وەك چوونە خوارەوە بە تەنیا و بە پێخاوسی لە شەودا
بۆ پرسیار كردن لە قوفل
وەك ڕوانینە ئاو و هەوا
باران لە پەنجەرەكان دەدا
بەفر بە شووشوكانەوە دەڵكێ
با گۆرانی دەڵێ
( عەشق ئەوكاتە جوانە كە باران دەبارێت )
وەك ئەوەی لە بەرامبەر یەكتری دانیشتبین و
یەكتری جێنەهێلین
وەك ئەوەی لە بەیانیان لە نێو جێگاكەمان نەیەینەدەرێ و
وون نەبین
( جگە لەو كاتانەی لەگەڵ نەرمە گریانی كاتژمێردا )
وەك ئەوەی ئەم گوارەكانی ئەوی دۆزیبێتەوە
وەك ئەوەی ئەویش گۆرەوییەكانی ئەوی دۆزیبێتەوە
بە تەواوی تێك ئاڵابن لە نێو چەند دیوارێك دا
زایەڵەی ژووری خەوتنیشیان گەیشتبێتە هۆڵەكان … !
Maxine Lewis
سەرچاوە : The Joy of marriage
Poems for people in love
Selected by : Barbara Kunz Loots