زامى دار بەڕوو….نووسینی :سهعید ئهمانی
خوێندنەوەیەكى كتێبى "زامستان"ى ڕەحیم لوقمانى
ن:سەعید ئەمانى……
تۆ گوتت من
تەریدەى خاكى هەندەران
ئاوارەى نێو تاریكترین كوچەى دنیام
بەڵام ئەمن لەخاكو شارو زێدى خۆم
غەریب غەریب
تەنیاى تەنیام
زامستان، كۆمەڵە شێعرى بەڕێز ڕەحیم لوقمانى، لەتوێى 130 لاپەڕەداو بەساڵى 1383 ى هەتاوى، لەلایەن چاپەمەنى گۆران، لەشارى سنە چاپ و بڵاو كراوەتەوە.
ڕەحیم لوقمانى ناوێكى ئاشناو جێى ڕێزى كۆمەڵگاى ئەدەبى كوردستانى ئێرانە و چ لە ڕێگاى شێعرو نووسراوەكانیەوە، و چ لە رێگاى بەشدارى چالاكانە و خاوەن هەڵوێستانەیەوە، لەزۆربەى كۆڕو كۆبوونەوە ئەدەبیەكاندا، بەباشى دەیناسنو پێویست بەناساندن نییە.
ئەوەى لێرەدا مەبەستمانە قسەوباسێكى كورتە لەسەر كتێبى "زامستان" لەچەند ڕوانگەیەكەوە. نە دەمانەوىَ و نە لەدەستمان دىَ یەك بەیەكى شێعرەكانى ئەم كتێبە بدەینە بەرباس و شێكردنەوە، بەڵكو ڕوانینێكى گشتى یە بەسەر فەزاى گشتى نووسراوەكاندا و چەشنێك ناساندنى ئەو كۆمەڵە شێعرەیە بەخوێنەرانى ئازیز.
ڕەنگە ئەركى شێعر، بەدیوێكى دا، گەیاندنى پەیامى مرۆڤایەتى بێت، ئەگەر بەدیوەكەى دیكەیدا دەرككردنى ئەو شتانە بێت كەدەرك نەكراون. یان بەچەشنێكى تر وێناكرابێتن و تەفسیرى جیاوازیان هەڵگرتبىَ. هەندىَ دەقو نووسراوە هەن گۆڕانى زەمەن و مێژوو .. هتد، كاریان لێناكات، بەڵام نووسین هەیە تووشى داخوران و داڕمان دەبێت و لەسەردەمێكى تردا ناخوێندرێتەوە. ئەمەش زیاتر ئەو بەرهەمانە دەگرێتەوە كەلەئاستێكى گونجاودا ڕۆنەچوونەتە قووڵایى مناسباتەكانى كۆمەڵگاوە و تەنیا بەشێوەیەكى ئێحساسىو ڕووكەش خۆیان لەقەرەى گرفتو ناهەنجاریەكان داوە.
فەزاى گشتى "زامستان" بەروونى ئەوەمان بۆ دەردەخات كەئەم كۆمەڵەشێعرە بەشێوەیەكى گەلێك گونجاو، و دەركى وشیارانەى ئازارە سیاسی، چینایەتى و كۆمەڵایەتی یەكان توێشوى رێگاى هەرمانى دەستەبەر كردووە و تا زەمانێك چەوسێنەرێك وجوودى هەبىَ، تا زەمانێك بێعەدالەتى سایەى ڕەشى بەسەر كۆمەڵگاوە قورسایى بكات، بانگەوازى بەرەنگارى و ڕاسان بەدژى زاڵمان و چەوسێنەران بیسەركێى مابىَ، درێژەى ژیانى "زامستان" مسۆگەر كراوە.
"زامستان" نە بەقیلاوى ڕەشبینى و خۆ تەریك گرتندا رۆچوە و نە جەغزى بەدەورى خۆیدا كێشاوە و نە پێیوایە بەشووشە بەندى تەنیایى دەورى داروە و بەنزیك بوونەوەى هەر دەنگى پێیەك، ئەم حەسارە شووشەییە، دەچرژىَ!!. بوێرانە دخاڵەت گەرە و سەبارەت بەگەیشتن بەئازادى و ڕزگاربوون لەم ژیانە پڕمەینەتى و نابەرابەریە، پاراوى هیواوهومێدە و باوەڕێكى پتەوى بەدەربازبوون هەیە.
كۆمەلەشێعرى "زامستان" جەستەیەكى دەرزى ئاژنى گشت ئەو ئازارانەیە كە بەردەوام بەدەست ئەو مناسباتە ناعادلانەیەوە، كە دەسەڵات داران و چەوسێنەران بەسەر كۆمەڵگایاندا سەپاندووە، چەشتوویەتى.
لەهەلومەرجێكدا كە هێندێك نووسەر و بەناو ڕووناكبیر، ئێستاو بەڕاشكاوى، خۆبەدەستەوەدان و سەرنەواندن بۆ دوژمنانى جەماوەرى زۆرلێكراو بەچەشنێك بەرەنگاربونەوە و لەبەرژەوەندى گشتیدا دەبینن، تێكۆشانو خەباتى سەربەرزانە دەدەنە بەر ڕەخنە "زامستان" لە دژوارترین هەل ومەرج دا، وانەى شێعرى (دار بەڕوو) مان بۆ دەست نیشان دەكات و پێمان دەڵىَ نەبینە پواز و دەسكى تەور بۆ لێك ترازاندنى ڕیزى یەكگرتوومان.
ڕەنگە شاعیر لەم شێعرەدا بەسەرهاتێكى ژیانى ڕاستەقینەى خۆى، یان، هاوڕێیەكیمان بۆ بگڕێتەوە، شایەدیش زادەى ئەندێشەى خۆى بىَ. دەكرىَ لەسەر دەمێك دا شاعیر گشت مەوقیعیەتە لەبارەكانى ژیانى لەپێناو ئەم نەبوونە پواز و دەسكى بیورەدا، لەدەست دابىَ، و بەم شێوەیەى بۆ ئێمە دەرببڕىَ، تا دەرسى لێوەربگرین.
"دار بەڕوو"
لە دارستان ویستیان
دار بەڕوویەك ببڕنەوە
دەمى بیور
هەر نەیتوانى زامدارى كا
مشارێكى تازە سویان هێنا سەرى
ئەویش گیرگەى تێدا شكا
كەشەو داهات،
داربەڕوو، بەشەمچەى هەور
ئاگرێكى بەردا خۆىو
بوو بەخۆرى نێو دارستان
بۆ بەیانى
نوسراوێكى بۆ یارانى جێ هێشتبوو
لێی نوسیبوو:
وامن گڕى عەشقم بەردایە گیانى خۆم
چونكە نەمویست
ببمە هۆرە و دەسكى بیور
بۆ جەستەى هاوڕێكانى خۆم
نووسین ناتوانىَ تەنیا پشت بەستن بەئیلهام و هۆشى نووسەر بێت، ئەگەر پێمان وابىَ نووسین خۆرسكەو دەخوڵقىَ، لەهەڵەداین. نووسین تەنیا وەهمێكى ئیلهام كراو نییە، بەرهەمێكى ڕەسەن، پێویستە چۆڕاوەى ژیان و خۆشى و ناخۆشیە ئەزموونكراوەكانى بێت. هەر نووسینێك دەبىَ ئامانجێكى لەپشتەوە بێت، باكگراوندێكى مەعریفى تێدا بژى دەنا دەبێتە دەقێكى مردوو.
بەرهەمەكانى دوو توێى "زامستان" بەشێوەیەكى بەرچاو، ئەم بۆشاییانەیان پڕ كراوەتەوە و لەهێندێك شوێندا قورسایى ئەم بارە لقەكانى ئەو باخەى داهێناوە. ئەگەر بمەوىَ نموونە بێنمەوە گەرەكەبەشێكى زۆرى شێعرەكانى لێرەدا نێو نووسكەم.
"زامستان" لەگەڵ ئەوەدا كە زمانێكى، لەبارى ماناییەوە، تایبەت بەخۆى هەیە، بەڵام لەبارى فۆرمو دارشتنەوە لەژێر كاریگەرى هێندێك لەشاعیرانى پێش خۆى دایە. ئەگەر بمانەوىَ ئاماژە بە یەكێكیان بكەین پێویستە قامك بۆلاى سوارە ڕابدێرین. نموونەى ئەو شێعرانەش كەهەست دەكرىَ لەسەبكى سوارەوە نزیك بن بریتین لە: سوارە پووشینە، تاسەو كەمەند. ئەم لەژێر تەئسیردابوونەش ناكرىَ وەك خالێكى لاواز چاو لێبكرىَ، چون بەوتەى ئەفلاتوون و ئەرستوو شتێك بەناوى داهێنان، لەئەدەبیات دا، بوونى نییە. پێیان وایە كەسروشت داهێنانە و هونەرمەند و ئەدیبەكان لاسایى دەكەنەوە. ئەوان پێیان وایە كەمرۆڤ ئەوەندەى توانایى لاسایى كردنەوەى هەیە توانایى داهێنانى نییە. هەڵبەت ئەوانیش، سەبارەت بەم مەسەلەیە، جیاوازى بۆچونیان هەیە، كە جێى باسى بابەتەكەى ئێمە نییە. ئەوەى مەبەستى ئێمەیە ئەوەیە كەگشت لاسایى كردنەوەیەك دەقاودەق نییە، بەڵكو، بەشى زۆریان بەئاوێتەبوونى بۆچوونى لاسایى كەرەوە، بەرەو كامڵتربوون پاڵپێوە دەندرىَ، كە ڕێچكەگرتنى "زامستان" دەكرىَ لەم ڕوانگەیەوە بدرێتە بەر سەرنج.
لەیەك سەدەى ڕابردوودا تەنیا نیما و گۆران دەكرىَ وەك دوو لوتكەى ئاڵوگۆر پێكهێنەر لەشێعرى فارسى و كوردىدا چاولێبكەین. دەنا ئەوانیتر، بەشاملۆ، فروغ و سوارەشەوە، لەڕاستاى كامڵتر كردنى ئەو داهێنانو ئاڵوگۆر پێكهێنانە دا كاریان كردووە.
كاتىَ شێعر لەدایك دەبىَ، بەرلەوەى قەڵەم ناوكى ببڕىَ، زمان رۆحى پێدەبەخشىَ و خەیالێك پەروەردەى دەكات و هەستەكان گوڵ و خۆشەویستى و جوانى پێدەدەن. لەگەڵ ئەمانەدا لە شێعرەكانى "زامستان"دا سنوورى حەرام و بڤەكان دەشێكن و خەیاڵەكانیش پڕ دەبن لەئەسپى سەركێش و سركى جورئەت و ئاوى بوێرى ئاژین دەبێتە خاكەوشكەكانى ترس و بەدڵ پیاسەیەكى تەڕى پێدا دەكات (وەك شێعرى "من پشكۆیەك لەو ئاگرەم كەئاسنیش دەتاوێنىَ"). شێعرەكانى دووتوێى ئەم كتێبە خاوەنى چەندین تێروانین و خەون و پیاسەكردنن كە دەكرىَ بڵێین هیچ كام لەپیاسەكانى ترى، عەقڵ دەركى پێنەكردوە و لەو گۆشەنیگایەوە تێى نەڕوانیون.
هەستێكى كە وەك هەستى تاكى نووسەر، لە شێعرەكانى "زامستان" دا، لەگەڵیان رووبەڕوو دەبین، بەڕادەیەك كۆمەڵایەتى، هەمەگانى و گشت گیرن، كە ئەگەر نووسەر، ڕاستە وخۆش باسى گرفتەكانى ژیان و دەروونى خۆیشى كردبىَ، دیسان ئەم تاكە ونە و هالەیەكى هەمەگانى وەسەر دەكشىَ. هەر ئەمەش، بەبڕواى من، دەبێتە زامنى تەمەن درێژ كۆمەڵە شێعرى "زامستان".
كارل ئەسكامبرگ، دەڵىَ: ئەگەر شێعرێك ورووژێنەر بێت و لەكاتى ڕوودان لە زەیندا، هاوكارى دروستبوونى هزرەكان بكات و تاكیش بۆ كردار هانبدا، ئەوكات ئەركى خۆى بەباشى بەجىَ گەیاندووە. دەتوانین ئەو پێناسەیە بدەینە شێعرەكانى "زامستان" و خوێندنەوەیان بمان خورۆشێنىَ.
شاعیر، وەك تاكێكى نێو كۆمەڵگا لەڕێگاى هەستەكانیەوە مامەلە لەگەڵ هەموو كێشە و كەم و كوڕیەكانى نێو كۆمەڵگادا دەكات، دەست بردن بۆ كێشەكانى زۆرینەى خەڵك و ڕاستگۆبوون لەدەربڕین دا، دەتوانىَ ڕەمزى سەركەوتنى شاعیر لەبوارى شێعر نووسین دبىَ. "زامستان" لەم بوارەش دا سەركەوتووە و نووسەر شێعرى لەسەر ئەساسى ئێحساسى كەسێكى تر نەهۆندۆتەوە، بەڵكو ئەو بابەتانەى ورووژاندوە كەخۆى لەناخەوە هەستى پێكردون.
لەكۆتایشدا بەپێویستى دەزانم ئاماژەیەك بۆ ڕواڵەت و بەرگى كتێبەكەش بكەم. ئەم كتێبە وەك ڕەمزى بانگەوازى بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوە، دەنگێكى نامۆیە بەنیسبەت ئەو بەرهەمانەى لەگەڵ كەش هەواى پڕ لەسانسۆر و خەساندندا، بەچاپ دەگەن و هاوتەریبن لەگەڵ هەلومەرجەكەدا، و لەتیراژى زۆرو بەبەرگى ڕەنگاوڕەنگەوە دەكەونە بازاڕەوە. هەر بۆیە بەشێوەیەكى ئاشكرا بىَ مەیلى بونگا مۆدێرنە چاپەمەنیەكانى بەڕوخسارەوە دیارە و بەتایپێكى نامۆدێرن و ڕواڵەتێكى دەستكورتانەوە بڵاوبۆتەوە.
ئەمەش دیسان ڕاستگۆیى نووسەر و ڕاوەستاوى ئەونیشان دەدات. دڵنیام ئەم سیما فەقیرانەیە پەیامى تایبەتى خۆى پێیە، و بایەخى كتێبەكەى، بەلاى بەردەنگە ڕاستەقینەكانیەوە، بەچەند قات بردۆتەسەر و خوێنشیرین ترى كردوە.
سەرچاوەكان:
-ئەدەبو هونەرى كوردستانى نوىَ ژوومارەكانى:
389- 399- 404
-ئایندەى ژومارە 53