ئه‌حمه‌د كایا دیموكراتی ماندو
ئه‌حمه‌د كایا دیموكرات و ئازادیخواز، هونه‌رمه‌ندی پڕفرۆش‌ترین كاسێت له مێژوی توركیا به یه‌كێك له داڕێژه‌رانی سه‌بكی موزیكی (پرۆتێست ) ، له‌مێژوی توركیا دێته‌ئه‌ژمار. هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگ ئه‌حمه‌دكایا له‌ساڵی (1957) له شاری مه‌لاتیه هاتۆته دنیاوه.پێنجه‌مین و دوا هه‌مین منداڵی خێزانه‌كه‌یان بو، له‌ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه ئاشنایه‌تیی له‌گه‌ڵ سازیباغڵه‌مه په‌یدا كرد. یه‌كێك له‌گۆرانیه‌كانی سه‌رده‌می منداڵی كایا ، گۆرانیه‌ك بو كه‌بۆ برا گه‌وره‌كه‌ی (یاشار) داینابو كه‌شیعرێكی له‌م شێوه‌یه‌ی هه‌بو: ڤولكس واگۆنیك ده‌كڕم نێوی لێ ده‌نێم یاشار…
له ته‌مه‌نیی هه‌رزه‌كاریدا به‌هۆی هه‌ل ومه‌رجی سه‌ختیی ژیانی خێزانه‌كه‌یانه‌وه ، ناچار بون مه‌لاتیه جێبێڵن و ڕوبكه‌نه ئه‌ستانبول. باوكی پێشتر له‌مه‌لاتیه له كارخانه‌یه‌كی ڕستن و چنیندا كاری ده‌كرد، له‌ئه‌ستانبوڵ به‌شۆرینی ئۆتۆمبێل ، گوزه‌رانی خێزانه‌كه‌ی به‌ڕێوه ده‌برد.
كایا ، بۆخَۆی له‌باره‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌وه ده‌ڵێ: ڕۆژانه كه له قوتابخانه ده‌گه‌ڕامه‌وه ماڵێ ده‌مبینی باوكم سه‌رگه‌رمی شۆرینی ئۆ تۆمبێله ، زۆر نیگه‌ران ده‌بوم و له دڵی خۆمدا ده‌مگوت كاتێ گه‌وره‌بوم پێشانگایه‌ك بۆباوكم ده‌كڕم تا بۆخۆی سه‌ربه‌ست بێت و كه‌س فه‌رمانی به‌سه‌ر دا نه‌كا.
به‌ڵام ئه‌م ئاره‌زوه‌ی كایا ، له خه‌ونێك زیاتر نه‌بو، چونكه هێنده‌ی نه‌برد باوكه به‌مه‌رگی خۆی كایا و خێزانه‌كه‌ی جێهێشت و كایاش كه‌بچوكترین ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌ی بو ، له‌هه‌لومه‌رجێكی زور سه‌خت و دژوار‌دا ده‌ژیا. بۆخۆی له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: ئه‌و ڕۆژانه ته‌نانه‌ت بۆ پاره‌ی كرێ پاسیش داده‌مام.
سه‌رده‌می لاوێتی كایا ، هاوده‌م بو له‌گه‌ڵ كوده‌تا سه‌ربازیه‌كه‌ی (كنعان ئیڤرن) كه‌شه‌پۆلێكی توندی سه‌ركوت وخه‌فه‌قان ، كه‌ش و هه‌وای سیاسی توركیای گرتبۆوه.
ئه‌لبومی یه‌كه‌می ، به‌توندی دژی ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه‌زاڵه بو كه‌سایه‌ی به‌سه‌ر كه‌ش و هه‌وای توركیادا كردبو. به‌گوته‌ی خۆی هیچ ئومێدێكی به‌وه نه‌بو كه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه پێشوازی لێ بكرێت و ته‌نیا مه‌به‌ستی ئه‌وه بوه ده‌نگی ناره‌زایه‌تی خۆی به‌دژی هه‌ل و مه‌رجی زاڵ ، له‌ڕێگه‌ی گۆرانیه‌كانیه‌وه ڕابگه‌یه‌نێت، كه‌سه‌ره‌تا هیچ كام له كۆمپانیاكان و ناوه‌نده‌كانی بڵاو كردنه‌وه ، ئاماده نابن سه‌رمایه‌ی خۆیان له‌به‌رهه‌مێكدا بخه‌نه‌گه‌ڕ كه‌نازانن ئه‌و گۆرانیانه سه‌ر به چ سه بك و شێوازێكن. سه‌ره‌نجام له‌ساڵی 1985 به‌یارمه‌تی هاوڕێَكانی ئه‌لبومێكی گۆرانیه‌كانی به‌نێوی (مه‌گری مناڵه‌كه) بڵاو كرده‌وه. چه‌ند ڕۆژ دوای بڵاو بونه‌وه‌ی ئه‌لبومه‌كه‌ی ، كارمه‌ندانی ئاسایشی توركی ، به‌بیانوی بونی چه‌ند گۆرانیه‌كی سیاسی له‌ئه‌لبومه‌كه‌یدا كه‌وتنه كۆكردنه‌وه‌ی كاسێته‌كانی له‌بازاڕه‌كاندا. سه‌ره‌نجام دوای ناڕه‌زایه‌تیه‌كی زۆر ، فرۆشتنی كاسێته‌كانی ئازاد كران. هه‌ر ئه‌م كار و كاردانه‌وه‌یه‌ش بوه هۆكاری زیاتر ناساندنی كایا له‌لای خه‌ڵكی و له‌گه‌ڵ پێشوازیه‌كی تاڕِاده‌یه‌ك باش ، به‌ره‌و ڕِو بۆوه، ئه‌مه‌ش بوه دڵگه‌رمیه‌كی زیاتر بۆی. لێره به‌دواوه ، كایا بوه ده‌نگی ناڕازی چینی چه‌وساوه‌ی كۆمه‌لگا و كورده ماف خوراوه‌كان. گورانی و سرودی كرده چه‌كیًك به دژی سیاسه‌تی نابه‌رابه‌ری و چه‌وسانه‌وه‌و كپكردنی ده‌نگی كورده‌كان. به‌گۆرانیه‌كانی دوژمنانی ئازادی ئازار ده‌دا. له‌م ڕێگایه‌شدا چه‌ندین جار ده‌سگیر و زیندانی ده‌كرێت و لێَی ده‌پێچرێته‌وه و ئه‌لبومه‌كانی ڕاده‌گیرین و كۆنسێرته‌كانی لێ هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه. جارێك له به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیونیدا گوتی: من نا‌ترسێم من كفنی خۆمم هه‌میشه له گه‌ڵ خۆمدا هه‌ڵگرتوه، هه‌میشه به سه‌ر لێواری كه‌نده‌ڵانێكدا ڕێ ده‌كه‌م، هه‌رده‌م ئاماده‌ی مه‌رگم له پێناوی ئازادی‌دا.
ئه‌و جارانه‌ش كه‌حكومه‌ت مۆڵه‌تی ساز كردنی كۆنسێرتی ده‌داتێ ، له‌سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا له گه‌ڵ پێشوازی بێوینه‌ی خه‌ڵكیدا به‌ره‌و ڕوو ده‌بێته‌وه. زۆر جاران به‌پێخواسی له سه‌ر شانۆ ده‌بینری و هه‌ردو په‌نجه‌كانی به‌نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتن هه‌ڵده‌برێ. له‌گۆرانیه‌كانیدا زۆرجۆر ستایل به‌كار دێنێ. له‌موزیكی فۆلكلۆری و ناوچه‌ییه‌وه بگره تا ڕاپ و ڕۆك. كه له‌هه‌مویاندا سه‌ركه‌وتوو بو ..جگه له‌كاره‌كانی خۆی ،سودی له‌شیعر و گۆرانیه‌كانی كه‌سانی ناسراوی وه‌ك (نازم حیكمه‌ت ، ئورهان ولی ، ئه‌حمه‌دعارف ، ئه‌نوه‌رگوكچه ، حسن حسینی گیل ، ئاتیلا ئیلهان ، نواز چلیك ، ئوولكو تامیر ، یوسف هایال ئوغلو و، جان یوجل ، علی جینار، ئورهان كوتان و هاوسه‌ری وه‌فاداری (گولته‌ن كایا) ، وه‌رگرتوه. ئه‌لبومه‌كانی له‌ِریزی باشترین ئه‌لبومه‌كانی ساڵدا جێده‌گرن. هه‌رگۆرانیه‌ك كه ده‌یچڕێ ڕوداوێك و كێشه‌یه‌ك به دوای خۆیدا دێنێ. له دادگاكان‌دا داوای له‌سه‌ر تومار ده‌كه‌ن. بۆخۆی له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: ناو نیشانی دووه‌می من ، فه‌رمانگه‌ی ئه‌منیه‌ت و ئاسایشی توركیایه. له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌م گیر گرفتانه‌ی كه بۆیان ساز ده‌كرد ، له‌و ماوه كورته‌ی ته‌مه‌نی هونه‌ری خۆیدا ، توانی چه‌ندین ئه‌لبوم به‌رهه‌م بێنێ كه بریتین له (مه‌گری مناڵه‌كه) ، (دڵته‌نگی بۆ غه‌مه‌كان) ، (گۆرانی سپێده) – كه شیعره‌كانی ئه‌م ئه‌لبومه‌ی هی ئولكو تامر بون كه به‌هۆی هه‌بونی فیكری سیاسی له‌زینداندا چاوه‌روانی په‌تی سێداره‌ی ده‌كرد – (ئه‌وساته هه‌ر ده‌گا) ، (دیموكراتی ماندوو) كه دیموكراتی ماندو نێوی یه‌كێك له گۆرانیه‌كانی نێو ئه‌م ئه‌لبومه‌ی بو و دواتر له‌مه‌وه نازناوی دیموكراتی ماندوو به‌كایاوه لكا .(هه‌ڵده‌ستینه‌سه‌رپێ) ، (به‌ختیار) ، (دیواری عه‌شق)،(ڕیستاله‌كان) ، (گرفتاری به‌ڵا بوم (بمدۆزه‌وه) ، (ئه‌ستێره‌ومانگه‌شه‌و) ، (به‌رامبه‌ردوست ودوژمن) ، (ماڵاوایی) ، ( لێم نزیك مه‌كه‌وه‌گه‌رناده‌سوتێی) ، (گۆرانیه‌كانم بۆ َكێوه‌كان).
سه‌ره‌نجام حكومه‌تی توركیا ناچار ده‌بێ شتێكی جارسكه‌ر به‌نێوی ئه‌حمه‌د كایا و گۆرانیه‌كانی ، كه زۆربه‌یان زوڵم و سته‌م و بێدادیان ڕیسوا ده‌كرد ، قبوڵ بكا.
ئاماده بونی كایا ، له‌هه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فیزێونیدا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر ئاماری بینه‌رانی ده‌برده سه‌رێ ، چاوپێكه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ر ڕۆژنامه‌یه‌كدا ، به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو ڕێژه‌ی فرۆشتنی ئه‌و ڕوژنامه‌یه‌ی زیاد ده‌كرد. له زۆربه‌ی وڵاتانی دنیادا كۆنسێرت و ئاهه‌نگ ساز ده‌كات و له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و ئامانج و ڕێگایه‌ی كه له‌سه ره‌تاوه باوه‌ڕی پێی هه‌بوو، درێژه‌ی به كاره‌كانی ده‌دا. له‌ماوه‌ی ئه‌وچه‌ند ساڵه‌دا چه‌ندین خه‌ڵاتی ڤیستیڤاله‌كانی ناۆخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وه‌رگرتبو. تاوه‌كو سه‌ره‌نجام له ئه‌لبومی (گۆرانیه‌كانم بۆ كێوه‌كان) ، كه له‌ساڵی 1994 دا ڕیكوردی پڕ فرۆشترین ئه‌لبومی سه‌ده‌ی توركیا ده‌شكێنی و زیاتر له1500000 لێ ده‌فروشرێ. دواتریش له‌ساڵی 1998 دا خه‌ڵاتی یه‌كه‌می باشترینه‌كانی ساڵ به‌هۆی ئه‌لبومی (ڕوبه‌ڕو له گه‌ڵ دۆست و دوژمن ) له‌لایه‌ن (ئه‌نجومه‌نی ڕۆژنامه‌نوسان) وه وه‌رده‌گرێ ، كه گۆرانی (گیده‌ریم) ده‌ڕۆم ، له‌و ئه‌لبومه‌یدا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌بو .
له‌و ڤیستیڤاڵه‌شدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ئه‌و به ِره‌گ و ریشه كورده و هه‌ر به‌وهۆیه‌شه‌وه له‌ئه‌لبومه تازه‌كه‌شیدا گۆرانیه‌كی كوردی به‌ناوی (كاروان) ، ئاماده‌كردو و زۆر كومپانیای موزیكیش هه‌ن كه ئاماده‌ن بۆی بڵاو بكه‌نه‌وه. وه‌هه‌روه‌ها ده‌ڵێ له نێو توركیاشدا شتێك هه‌یه ناوی كوردوستانه و منیش له‌گوتنی ئه‌م قسانه‌م به‌و كه‌سانه‌ی كه نایانه‌وێ ڕاستیه كان ببینن ، هه‌رگیز ماندو نابم،
دواتریش ڕه‌خنه‌ی له كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆن گرت كه‌كلیپه‌كانی په‌خش ناكه‌ن ده‌بێ له‌م باره‌یه‌وه وه‌ڵامی خه‌ڵكی بده‌نه‌وه. .
ئه‌م قسانه‌ی ئه‌حمه‌د كایا ، بونه هۆی توڕه‌بونی ناسیۆنالیسته توندڕه‌وه‌كانی نێو هۆڵی ڤیستیڤاله‌كه.
دوا به دوای قسه‌كانی كایا ، نۆره‌ی سه‌ردار ئارتاج بو كه‌ئه‌ویش خه‌ڵاتی په‌پوله‌ی زێڕینی ڤیستیڤاڵه‌كه‌ی وه‌رگرتبو. سه‌ردار دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه به‌ره‌و سه‌كۆكه وه‌ڕێكه‌وت وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ قسه‌كانی ئه‌حمه‌د كایا ده‌ستی كرد به‌خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند شیعرێك كه هه‌موی ستایش و پیاهه‌ڵدان بو به‌سه‌ر ئه‌تاتوركدا. ڕوون بو كه ئه‌و شیعرانه‌ی له دژی قسه‌كانی كایا خوێنده‌وه. دوای ئه‌وه‌ش كه‌وته گوتنی مارشی سه‌ربازی ده‌وڵه‌تی توركیا. به‌م كاره‌شی كه‌ش و هه‌وای نێو هۆڵی مه‌راسیمه‌كه‌ی له دژی ئه‌حمه‌د كایا گۆڕی. له‌م نێوه‌دا هێندێك له هونه‌رمه‌ندانی تورك كه ئاماده‌ی مه‌راسیمه‌كه بون ، ده‌ستیان كرد به هوتاف كیشان: (خائین بڕۆ گوم به). پاشان هێرشیان برده سه‌ر كایا. له‌و كاته‌دا كایا زۆر ته‌نیا بو ، تاكه پشتیوانیی گوڵته‌نی هاوسه‌ری و ئازادی بون. به‌ڕونی دیار بو كه پیلانێكی له پێشدا نه‌خشه بۆكیشراو له ئارادایه. سه‌ره‌نجام پۆلیس كایای له‌ده‌ستی هێرشبه‌ران ڕزگار كرد و له گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا به‌دڵێكی پڕ خه‌م و به‌چاوێكی پڕ له‌گریانه‌وه به‌سواری تاكسیه‌ك گه‌ڕانه‌وه ماڵێ. ڕۆژی دواتر هێرشی ڕوژنامه‌كان له‌دژی كایا ده‌ستیان پێكرد. ڕۆژنامه‌ی (حوڕیه‌ت) نوسیبوی: (ئه‌ی بێشه‌ره‌ف ئه‌م كاره‌ت ڕه‌وا نه‌بو ). كه ڕۆڵێكی زۆرخراپی گێرا له‌ِروی هاندان و ژه‌هراویتر كردنی ڕقی ناسیونالیسته توركه‌كان به‌رامبه‌ر به كایا. دادگای ئه‌منیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی توركیا فه‌رمانی ده‌سگیر كردنی كایای به هۆی ڕوداوه‌كه‌ی ئه‌و شه‌وه‌و تومه‌تی چه‌ندین ساڵ پێشتری ده‌ركرد و له‌ژێر بارانێكی به‌خوڕدا كاتژمێر چواری به‌یانی ، كایایان له‌ماڵ ده‌ركرد و گرتیان. به‌ڵام دوای چه‌ند كاتژمێرێك پارێزه‌ره‌كانی به كه‌فاله‌ت ئازادیان كرد. دادگا بڕیاری دا له 30 نیسانی 1999 له دادگا ئاماده بێت. ڕوون و ئاشكرا بو كه‌دادگا به‌دوای بیانویه‌كدا ده‌گه‌ڕا تا كایای پێ تاوانبار بكات و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش كه بریار بو كایای له‌سه‌ر دادگایی بكه‌ن ، بریتی بون له سازكردنی كونسێرتێك له ساڵی 1993 به مه‌به‌ستی پشتیوانی كردن له پ.ك.ك ، گوتنی گۆرانی به زمانی كوردی ، به‌رز كردنه‌وه‌ی دو په‌نجه به نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتن. ئه‌حمه‌د كایا له ڕۆژی دیاریكراودا له‌به‌رده‌م دادگادا ئاماده ده‌بێت. دانیشتنی دادگاش ڕاسته‌وخۆ له ته‌له‌فیزێونه‌كانه‌وه په‌خش ده‌كرێت. خه‌ڵك به‌رگرینامه‌كه‌ی ئه‌ویان گوێ لێ ده‌بێ ، به‌ڵام ئه‌مجاره گۆرانی ناڵێ ، به ڵكو قسه‌كانی به‌وێنه‌ی شه‌پۆله‌كانی زه‌ریا ، جار جار ئارام و جار جار ده‌خرۆشین و هه‌مو شتێك پێكداده‌ده‌ن له‌به‌شێكی به‌رگرینامه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: له ساڵی 1985 وه گۆرانی ده‌ڵێم ، هاوسه‌ر و دو كچی ته‌مه‌ن 12 و 17ساڵم هه‌یه ، سه‌دان گۆرانیم هه‌یه كۆنسێرت و ئاهه‌نگم له‌زۆر وڵاتان ساز كردوه 17 ئه‌لبومم هه‌یه كه به‌ملیونان دانه‌یا ن لێ فروشراوه ، چه‌ندین جار له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه به باشترین هونه‌رمه‌ندی ساڵ ده‌ستنیشان كراوم 42 ساڵه له توركیا داده‌نیشم ، به‌توركی بیرم كردۆته‌وه ، به‌توركی نوسیومه به‌توركی گۆرانیم گوتوه ، من موزیككارم خۆم به‌هیچ شوێنیك له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ئه‌م جیهانه‌وه نابه‌ستمه‌وه ، هاوڵاتیه‌كی ئه‌م جیهانه‌م ، هه‌ست و نه‌ست و نرخی مرۆڤ لای من گرنگن ، نه‌ك هۆز و بنه‌ماڵه‌و نه‌ته‌وه و زمانێكی دیاریكراو. دڵم هێنده گه‌وره‌یه كه‌جێگای پێشوازی له شته جوانه‌كانی نێو فه‌رهه‌نگ و باوه‌ڕ و گۆرانیه‌كانی هه‌موو دنیای تێدا ده‌بێته‌وه. تۆمه‌تێكیان داوه‌ته پاڵم كه كه ژیانمی هه‌ڵگێراوه‌ته‌وه ، تۆمه‌تی خیانه‌ت. به كه‌سێكی ئاژاوه‌چی و غوڵامێكی ئه‌ڵقه له گوێی و بێ ئه‌ده‌ب و بێ ئه‌قڵ و شێت وه‌سفیان كردوم. كه ئه‌مانه هیچیان له‌هیچ وڵاتێكی پێشكه‌وتووی ئه‌م جیهانه‌دا ، به تاوان ناژمێردرێن. من له ئه‌لبومه نوێیه‌كه‌مدا گۆرانیه‌كی كوردیم گوتوه ، ئه‌ویش به‌و هۆیه ساده‌یه‌ی كه كه‌سێكی كوردم ، كه ئه‌و گورانیه‌م كلیپ كردوه و پێموایه له‌نێوماندا كه‌سانێكی زۆر هه‌ن كه حه‌ز ده‌كه‌ن ئه‌م به‌رهه‌مه له كه‌ناڵه‌كانیانه‌وه په‌خش بكه‌ن ، گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كه‌ن ده‌بێ گومان له كورد بون و مرۆڤ بونیان بكرێت. ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه تۆمه‌تی خیانه‌ت ده‌ده‌نه پاڵم و به‌م قسانه‌شیان هه‌ست ونه‌ستی هۆگرانی من ده‌بزوێنن و جیاوازی چینایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی دروست ده‌كه‌ن ، كه‌مینه نین؟ ئه‌و ملیۆنان كه‌سه‌ی كه گوێ له گۆرانیه‌كانی من ده‌گرن ، خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته نین؟ ئه‌وساته من له هوڵه‌كه زۆر له‌و قسانه‌توڕه بوم كه ده‌یانگوت خائین برۆ ده‌رێ. چونكه ئه‌و كه‌سانه هه‌ر كاتێك گوێیان له وشه‌یه‌كی كوردی ده‌بێت ، ده‌ست ده‌كه‌ن به جنێو دان. هه‌ر لێره‌وه به‌و كه‌سانه ده‌ڵێم تا ئه‌وان هه‌قیقه‌تی بونی كورد قبوڵ نه‌كه‌ن ، منیش دوا جارم نابێت. به‌باوه‌ڕی من هه‌ر ئه‌م جۆره كه‌سانه بون كه ده‌سته‌واژه‌ی برایه‌تییان له نێوماندا سڕیه‌وه و بونه هۆكاری درزێك له فه‌رهه‌نگی هاوبه‌شی وڵاته‌كه‌مان. به‌هێز ترین چه‌كی ده‌ستی هونه‌مه‌ندێك گۆرانیه‌كانیه‌تی. من لێناگه‌ریم ئه‌م جۆره لێكدانه‌وانه بۆ گۆرانیه‌كانم بكرێت. بیری لێ بكه‌نه‌وه! گه‌ر هاتباو ڕامگه‌یاندبا گۆرانیه‌كی ئیتاڵی یان عه‌ره‌بی و ئینگلیزی ده‌ڵێم ، پێتان وابو ئه‌م هات و هاوه‌ره‌یان له دژی من وه‌ڕێخستبا ؟؟؟ من هه‌میشه گۆرانی كۆمه‌ڵایه‌تیم گوتوه ، هه‌ر شتێك له‌وڵاته‌كه‌مدا ڕویدابیت و لایه‌نێكی خراپه‌ی هه‌بوبێت به ئاشكرا ناڕه‌زایه‌تی خۆمم له سه‌ری ده‌ربڕیوه. هه‌ركاتێكیش پێشكه‌وتن و گه‌شه كردنێكم بینیبێ ، ڕای خۆمم له‌سه‌ر ده‌ربڕیوه ، ده‌بینن ئه‌مه له گۆرانیه‌كانیشمدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و گورانیه‌كانیشم هه‌ڵگری هه‌مان په‌یامن. ئه‌م تۆمه‌ته هه‌وڵی هێندێك كه‌ناڵه كه به‌وردی تاوتوێی قسه‌كانم ده‌كه‌ن تا درامایه‌كی ته‌له‌فیزێونی لی ساز بكه‌ن. ئه‌گه‌ر من له ته‌واوی كۆنسێرته چه‌ند هه‌زار كه‌سیه‌كانمدا ، شتێكم گوتبو كه ببێته هوكاری درز خستنه نێو خه‌ڵكه‌وه ، ئه‌وا ده‌متوانی قبوڵی بكه‌م كه ئه‌م تومه‌تانه‌ی بۆیان داتاشیوم ڕاستن … به‌ڵام وانیه. ئه‌گه‌ر بێت‌و ده‌قی ڤیدیۆیی ڕوداوه‌كه‌ی ئه‌و شه‌وه ، به بیر و هزرێكی ڕۆشنه‌وه ، سه‌یربكرێ و هه‌ڵسه‌نگێنری ، ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌مه پیلانه و ئه‌م تۆمه‌تانه ، بنه‌مایه‌كی دروستیان نیه. له‌مێشكی خۆتاندا به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ن ، ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندێك له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دا ڕایگه‌یاندبا ئیدی له‌مه‌ولا گۆرانی به‌شێوه‌ی بلوز یان جاز ده‌ڵێ وه‌ك من دوچاری ئه‌م چاره‌نوسه ده‌بۆوه؟ پێیان ده‌گوت جیاوازی له‌نێو خه‌ڵكدا دروست ده‌كه‌یت ؟ موزیك زمانێكی جیهانیه ، هیچ گۆرانیه‌ك ناتوانێ خه‌ڵكی جیهان لێك دابرێ و درز و كه‌لێن له نێوانیان دا دروست بكات. ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و شه‌وه ساتیك بۆ ویجدانیان بگه‌رێنه‌وه و ده‌ست له‌دابه‌ش كردنی مرۆڤه‌كان بۆ ئیمه و ئه‌وان ، هه‌ڵگرن ، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه كۆمه‌ڵگایه‌كی دروست و پیشكه‌وتوترمان ده‌بێت.
هه‌روه‌ها كایا له وه‌ڵام به تۆمه‌تی به رزكردنه‌وه‌ی په‌نجه‌كانی به نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتن ده‌ڵێ: ئه‌م تۆمه‌ته ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه هونه‌رمه‌ندان له هه‌مو شوێنیكی ئه‌م دنیایه‌دا سه‌بك و شێوازی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه هه‌ریه‌ك به شێوازیك خۆشحاڵی خۆی ده‌رده‌برێت منیش له‌كۆنسێرته‌كانمدا ئه‌و كاره به‌نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتنی خۆم و به‌خێرهاتنی ئاماده‌بوانی كۆنسێرته‌كانم ، ده‌كه‌م. كه ئه‌مه بۆته یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی من. كه ئێستا له دنیاشدا بۆته نیشانه‌ی ده‌ربڕینی خۆشحاڵی زۆرێك له یاریزانانی وه‌رزش و هونه‌رمه‌ندان. ئه‌م نیشانه‌ی حه‌وته ، جگه له ٍده‌ربڕینی هه‌ستی خۆشی و سه‌ركه‌وتن ، نابێ لێكدانه‌وه‌یه‌كی تری بۆ بكرێت. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به تۆمه‌تی پشتگیری كردن له
پ .ك.ك.گوتی : ته‌نیا و ته‌نیا به داهاتی ئه‌لبوم و كۆنسێرته‌كانم بژێوی خۆم و ماڵ و منداڵه‌كانم دابین ده‌كه‌م. جگه له‌مه ده‌رامه‌تێكی ترم نیه و ئه‌و قسانه به درۆ ده‌خه‌مه‌وه. ته‌نانه‌ت یه‌ك (په‌ن) یم له هیچ حیزب ڕێكخراوێك وه‌رگرتبێ. هه‌روه‌ها كایا له‌به‌شێكی تری قسه‌كانیدا ده‌ڵێت : به‌ڕای من نوسه‌رانی ده‌ستور و یاسای توركیا ، ده‌بێ وه‌ڵامی ئه‌م نوكته گاڵته جاڕیه بده‌نه‌وه. ده‌بێ خه‌ڵك بزانێت كه ئه‌وان چه‌نده دورن له جیهانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی چیتر خه‌ڵكی نیگه‌رانی دابه‌ش بونی وڵاته‌كه‌ی نه‌بیت به‌هۆی گورانیه‌كی كوردیه‌وه. ده‌بێت ئه‌م جۆره تێڕوانینه بۆ هونه‌ر و موزیك ، له به‌ین بچێت. ده‌بێ بواری هه‌ناسه‌دان بهێڵنه‌وه بۆ هونه‌رمه‌ندان. دواتر كایا گوتی :ئه‌گه‌ر ڕاستیه‌كان ببینین ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه ژیانێكی باشتر و وڵاتیكی پێشكه‌وتوترمان ده‌بێت. له‌وانه‌یه منیش لێره به دواوه گۆڕانكاری به‌سه‌ر گۆرانیه‌كانمدا بێنم به‌ڵام ئایا ده‌كرێ من به‌و هه‌مو كۆت و پێوه‌نده‌وه هه‌ست به ئازادی بكه‌م؟ ئه‌م دادگایه به‌م هه‌موو كه‌م و كوڕیانه‌یه‌وه كه ته‌واوی یاسا و ڕێساكانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی جیهانی به‌هێند نه‌گرتوه. منیش لێره به دواوه ئه‌م وڵاته جێده‌هێلم كه‌تێیدا به خائین و ئاژاوه‌چیم بزانن. ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مای تێروانینێكی هه‌ڵه له‌به‌رهه‌میك ، كه‌چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌رهه‌مم هێناوه . دوای به‌رگرینامه‌كه‌ی كایا ، بێده‌نگییه‌كی قوڵ باڵ به‌سه‌ر دادگادا ده‌كێشێ.دوای 5 خوله‌ك دادگا دانیشتنی دواتری خۆی دوا ده‌خا بۆ 15ی ژوئه‌ن.
مه‌رگی پڕ له گومانی كایا
كایا دوای چه‌ند ڕۆژێك له‌دادگایكردنی ، به‌مه‌به‌ستی زنجیره كۆنسێرتێك به‌ره‌و فه‌ره‌نسا وه‌ڕێده‌كه‌وێ. دادگای ئه‌منیه‌تی میلی توركیا له دانیشتنی دواتریدا كه ئه‌حمه‌د كایا تێیدا ئاماده نابێت ، بڕیاری 10 ساڵ زیندانی بۆ ده‌رده‌كات. بێ‌ئاگا له‌وه‌ی كه ئه‌م هونه‌رمه‌نده مه‌زنه ئیدی هه‌رگیز ناگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر ئه‌و خاكه‌ی كه عیشق و خۆشه‌ویستیه‌كی زۆری بۆی هه‌بوو. له ڕێكه‌وتی 16/11/1999 ته‌رمی كایا له ژوری میوانخانه‌یه‌ك له‌پاریس ده‌دۆزنه‌وه. هۆكاری مه‌رگی وی ده‌گه‌رێننه‌وه بۆ جه‌ڵده‌ی دڵ. به‌ڵام ئاشقانی ئاشتی و ئازادی و زۆرێك له دیموگراته بێده‌نگراوه‌كانی جیهان ده‌زانن هۆكاری مه‌رگی كایا چی بو. ته‌رمه‌كه‌ی له گۆرستانی (برلاشنز ) له پاریس به خاك ده‌سپێرن هه‌زاران كیلۆ مه‌تر دور له‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌خۆشیده‌ویستن. له‌م یه‌ك دوساڵه ی دواییدا ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌وڵیدا ته‌رمه‌كه‌ی بگه‌رێنته‌وه توركیا به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی ڕه‌زامه‌ندی نیشان نه‌داو گوتی : توركیا شایسته‌ی ئه‌وه نیه مرۆڤێكی مه‌زنی وه‌ك كایا بگرێته‌خۆ.
دوای مه‌رگی كایا به هه‌وڵ و كۆششی هاوسه‌ره‌كه‌ی ، دو ئه‌لبوم له گۆرانیه‌كانی بڵاو بونه‌وه به‌نیوی ( ؟ ) (تۆش هێندێك بگری ) دواتریش له توركیا ئه‌لبومیك بڵاو بۆوه به ناوی (گوێ بگره سه‌رزه‌مینی خوشه‌ویستم) كه تێیدا 20 كه‌س له‌هونه‌رمه‌نده لاو و ناسراوه‌كانی توركیا ،20 گورانی ئه‌حمه‌د كایایان گوتبۆوه. مێژوی موزیكی توركیا هه‌رگیز ئه‌حمه‌د كایا له‌یاد ناكات به هۆی ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی كه له‌سه‌ر مێژوی سیاسی و هونه‌ری ئه‌و وڵاته‌دا داینا .. ئه‌مه‌ش یه‌كێك له گۆرانیه‌كانی كایایه به‌ناوی ده‌رۆم
ده‌ڕۆم
ئیدی له گه‌ڵ تۆدا ئارام ناگرم
ئێوارانێك ملی ڕێ ده‌گرم و ده‌ڕۆم
ڕۆژی دوایی ئه‌مه‌ت له گه‌ڵدا یه‌كلایی ده‌كه‌مه‌وه
ده‌ستت لێ هه‌ڵده‌گرم و ده‌ڕۆم
****
ئیدی هیچ خوت نیگه‌ران مه‌كه
وه‌ك ئاو بێده‌نگ و ئارام و له سه‌رخۆ
له سه‌ر نوكی په‌نجه‌كانم شۆڕ ده‌بمه‌وه‌و ده‌ڕۆم
***
شاد بژی له‌مه‌ودوا بێ من
نه جه‌سته‌م جێ ده‌مێنی نه‌جه‌فام
ئه‌مجار ئیدی گله‌یت لی ناكه‌م
له توڕه‌یدا دانم به سه‌ریه‌كدا ده‌گرم و ده‌ڕۆم
***
تۆ ڕه‌نجه‌كانی من له نێو ده‌به‌ی
خۆم دوچاری كاره‌سات ده‌كه‌م و ده‌ڕۆم
وه‌كو فیشه‌ك وه‌ك سه‌ره‌نێزه
كێ‌و ئاسا ده‌ته‌قمه‌وه و ده‌ڕۆم
***
ئه‌گه‌ر هه‌مو شتێكیش له ده‌ست ده‌م
دوایی به‌م عیشقه دێنم و ده‌ِرۆم
ڕۆیشتنم ئارام و بێده‌نگ نابێت
ده‌رگاكه پێك داده‌ده‌م و ده‌ڕۆم
***
ئه‌و گۆرانیه‌ی بو تۆم چڕی
له سازه‌كه‌می ده‌كه‌مه‌وه‌و ده‌ڕۆم
ده‌زانیت حه‌زم له گریان نیه
ڕوخسارم ده‌شێوێنم و ده‌ڕۆم
***
هه‌مووسه‌گ و باڵنده‌كانم
له پارچه‌ی گیانم ده‌كه‌مه‌وه‌و ده‌ڕۆم
هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی لێم وه‌رگرتوی
ده‌یده‌مه‌وه ده‌ستت و ده‌ِرۆم
***
لای تۆ خۆم ناكه‌م به دڕك
بونم له ئاگر هه‌ڵده‌كیشم و ده‌ڕۆم
نیگه‌ران مه‌به نه‌فره‌تت لێ ناكه‌م
تۆ له میشكی خۆمدا خاڵی ده‌كه‌مه‌وه‌و ده‌ڕۆم
nagmkaya@yahoo.com
وه‌رگیرانی له فارسیه‌وه /ئازاد نجم /ڕانیه
سه‌رچاوه/ دیوارها سخن نمیگویند /ترجمه یغما گلرویی_ایدین اقاخانی/ نشرنگا