دیدار له‌گه‌ڵ د.هیمداد حسێن
* ئه‌و هۆكارانه چین واده‌كه‌ن ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیمان پێشنه‌كه‌وێت؟ چیبكرێت بۆ پێشخستنی؟
– بێگومان پێشكه‌وتن و دواكه‌وتنی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی وا به‌سته‌ی ناوه‌ندی ئه‌ده‌بی و ئاستی روناكبیریی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌ندی رۆشنبیریی كوردیی له ئاستێكی باڵادا نیه له‌چاو ئه‌ده‌بیاتی دراوسێكانی و جیهانیدا، دیاره ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك هۆكاری ده‌ره‌كی و ناوخۆیی هه‌یه، به تایبه‌تی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌ی سیاسی و جوگرافی و سیاسه‌تی وڵاته زلهێزه‌كانی ناوچه‌كه به‌رامبه‌ر كورد و ناهۆشیاری و خۆماندوونه‌كردنیش له‌ولا بوه‌ستێ. ئه‌مه‌ش وایكردووه بزاڤه ره‌خنه‌ییه‌كه‌ش وه‌كو پێویست نه‌بێت. دیاره ئه‌وه‌ش راسته كه تۆ ده‌قی ناوازه و داهێنه‌رانه و خاوه‌ن روانینی تازه‌ت كه‌م و ده‌گمه‌ن بێت، حه‌تمه‌ن ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییشت لاواز ده‌بێت. سروشتی مرۆڤی رۆژهه‌ڵاتییش وابه‌سته‌ی پێوه‌ندییه خێڵه‌كییه‌كانه و زیاتر باری هه‌ڵچوون و سایكۆلۆژی و خزم خزمێنه‌و هۆز و شار و گه‌ڕه‌ك كار له بڕیاره‌كانی ده‌كات و جۆرێك له لایه‌نگیری پێوه دیاره. له سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌دا (سیاپۆش)، كه دواتر ده‌ركه‌وت مامۆستا (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د)ه، ره‌خنه له شاعیرانی كلاسیكی كورد ده‌گرێت به‌وه‌ی رێوشوێنی شاعیرانی رۆژهه‌ڵاتیی موسڵمانیان هه‌ڵگرتووه و له شێواز و قاڵبیی شیعری و كێش و سه‌روا و سه‌نعه‌ته‌كانی شیعرییدا سیما و شه‌قڵ و رۆشنبیریی كورده‌وارییان پێوه دیار نییه، كاریگه‌ری زمان و هونه‌ره‌كانی شیعری عه‌ره‌بی باڵا ده‌سته، به‌و واتایه‌ی ئه‌گه‌ر شیعرێكی كلاسیكی كوردی وه‌ربگێڕینه سه‌ر زمانێكی تر شتێكی كوردیی تێدانییه پێی بناسینه‌وه، له كاتێكا كورد بۆ خۆی خاوه‌نی كه‌له‌پوورێكی ده‌وڵه‌مه‌نده له كێشی خۆماڵی فۆلكلۆری …هتد. ئه‌گه‌رچی ئه‌م بۆچوونه‌ی (سیاپۆش) به‌بارێكی تردا ره‌خنه‌یه له كاریگه‌ری مه‌زهه‌ب و هه‌ستی خۆ به‌كه‌مزانین و ره‌تكردنه‌وه‌ی لاساییكردنه‌وه و خۆنه‌ناسینه، هاوكات ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین بۆچی مامۆستا به‌ناوی خوازراوه‌وه ره‌خنه‌ده‌گرێت، دیاره ئه‌مه‌ش هۆكارگه‌لێك هه‌ن كه وایله مامۆستا كردووه به‌ناوێكی خوازراوه‌وه ره‌نخه بگرێت، ره‌نگه دیارترینیان ئه‌وه‌بێ كه مامۆستا زانیویه‌تی، هه‌زمكردن‌و قه‌بوڵكردنی ره‌خنه گرانه له‌نێوماندا.
چی بكرێت بۆ پێشخستنی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی؟ ئه‌مه پرسیارێكه وه‌ڵامێكی درێژی ده‌وێ، به‌ڵام به كورت و كرمانجی (رووناكبیری) و هه‌وڵی به‌رده‌وام بۆ خوێندنه‌وه و هه‌ڵمژینی هه‌وای رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌كانی دی، هه‌روه‌كو له سه‌رده‌می رۆمانییه‌كانه‌وه (كانتیلیان) وه‌كو ره‌خنه‌گرێكی دیار و به‌رچاوی ئه‌وێ رۆژێ جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی ئه‌و هه‌نگاوه، واتا سوود وه‌رگرتن له ئه‌ده‌بیاتی ئه‌وانی تر ده‌كاته‌وه تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی نه‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ربان و ساپیته‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌نێو ببات، به‌ڵكو نه‌هێڵین هۆشیارییمان بۆگه‌ن بكات و له بازنه‌یه‌كی ته‌سكدا بخولێته‌وه. هه‌ر ئه‌و ره‌خنه‌گره‌و ته‌نانه‌ت( هۆراس) ی هاونیشتمانیشی وه‌رگێڕانی ده‌قی سه‌ركه‌وتوو و لاساییكرنه‌وه‌ی نموونه‌ی داهێنانه‌كان به پێویست ده‌زانن. بۆیه ئێمه‌ش بۆ رزگاربوون له قه‌یرانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌و هه‌نگاوانه یارمه‌تیده‌ر ده‌بن.
– به‌گشتی بیركردنه‌وه‌ی كورد سه‌باره‌ت به ڕه‌خنه چۆنه، هاوكات ڕه‌خنه لای كورد چییه؟ گه‌ر سه‌رنجی بیری كورد بده‌ین، تاچه‌ند هه‌ست به‌دیدو روانین و هاندان ده‌كرێت بۆ ره‌خنه‌گرتن و پرسیاركردن؟ واته ئایا كه‌لتووری كورد تا چه‌ند كه‌لتوورێكی ڕه‌خنه به‌رهه‌مهێنه؟
– ره‌خنه‌و چه‌مكی ره‌خنه بۆ خۆی چه‌مكێكی جیوه‌یی هه‌یه‌و رێژه‌ییه، ده‌كرێ به‌هه‌ردوو باری چاكی و خراپییه‌وه لێكبدرێته‌وه، خۆ له‌بواری ئه‌ده‌بییشدا وه‌ك چالاكییه‌كی مرۆڤایه‌تی له‌و روانینه به‌ده‌ر نییه، كورد وه‌كو هه‌ر میلله‌تێكی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، تا بینه‌قاقای نقومی ئه‌فسانه‌یه‌و بیر‌و هزری كوردیش به‌هۆی ناهۆشیاری و په‌روه‌رده‌ی شارستانیه‌تی كۆنی وڵاتی میزوپۆتامیاو مه‌ڵبه‌ندی كلتوور‌و ئایینزاكانی ناوچه‌كه لێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی به‌و ئاقاره‌دا گوزه‌ری كردووه، بۆیه له‌كۆندا فه‌لسه‌فه‌یش له‌گه‌ڵ ئه‌فسانه‌دا لێی ده‌كۆڵدرایه‌وه، به‌و واتایه‌ی ئه‌فسانه لێكدانه‌وه‌ی مرۆڤی به‌رایی بووه بۆ دیارده‌كانی ژیان و گه‌ردوون به واتا ماددی و میتافیزیكییه‌كه‌یه‌وه، ئه‌فسانه له‌لایه‌كی تره‌وه ترسی له ده‌ربڕین و گومانی دروستكردووه، كوردیش هه‌میشه وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی خێڵه‌كی و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی گوند ترسی ده‌ركردن و راونان و بێ نانكردن به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی باڵا شه‌رمن و ترسنۆك بووه له ره‌خنه‌گرتن، دیاره خۆ كاریگه‌ری مه‌زهه‌ب و ئایینیش بیری ره‌خنه‌ی هێنده‌ی تر كپكردووه‌و خه‌فه‌كردووه، كه نه‌توانێ ده‌قه پیرۆزه‌كان به‌چاوی گومان و ره‌خنه‌ییه‌وه سه‌رنجبدا، ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌شی بووبێ له ناخیدا په‌نگی خواردۆته‌وه‌و نه‌بۆته پرسیارێكی فه‌لسه‌فی له‌دواتردا، له‌ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌رییشدا بیرته‌سكی و ده‌ست رانه‌گه‌یشتن به زانیاری، بۆیه سه‌یر نییه بڵێین كلتووری كورد كلتوورێكی ره‌خنه به‌رهه‌مهێن نه‌بووه، دیسانه‌وه پێوه‌ندی به‌قۆناغه‌كانی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و رووناكبیریی كورده‌وه هه‌یه، زوو به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان له‌ئه‌ده‌بیاتی سه‌رزاره‌كی و له‌فۆلكلۆری كوردیدا ئه‌و ئازادی و ره‌هاییه ره‌نگیداوه‌ته‌وه وه‌ك ره‌خنه‌گرتن له‌په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌نجه درێژكردن بۆ شته تابووكراوه‌كان، به‌ڵام زۆرجار قوربانی و كاره‌سات تا مه‌رگی كه‌سه‌كانی لێكه‌وتۆته‌وه، وه‌كوپێشتر ئاماژه‌م پێكرد په‌یوه‌ندی خێڵه‌كی په‌یوه‌ندی خوێن و خزمایه‌تی و رێزگرتن په‌یوه‌ندی زاڵ و باوی ناو كورده‌واری بووه، بۆیه ترسی به‌زاندنی ئه‌و سنوورانه ئاسان نه‌بووه پێویستی به كه‌سانی یاخی بووه، زات و وێرانێكی تیا بێت.
*ئێستای ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟ پێتوایه ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیمان له‌چ ئاستێكدا بێت؟
– بێگومان (ئێستا) هه‌میشه ره‌نگدانه‌وه‌ی رابردووه‌و له‌سه‌ر ئه‌و بنیاتنراوه، ئه‌گه‌ر له‌ڕابردوودا خاوه‌ن كلتوور‌و مه‌عریفه نه‌بووبین، خاوه‌ن تیۆر‌و هزری ره‌خنه‌یی نه‌بووبین (ئێستا)یش لاواز ده‌بێت، ئه‌ده‌بی كوردی نووسراو بۆ خۆی مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه‌و چوارینه‌كانی بابا تاهیری هه‌مه‌دانی جێگه‌ی گومان نییه، كه‌هه‌زار ساڵێك به‌ر له ئه‌مڕۆیه (935-1027ز)، به‌رده‌وام ژانری شیعری جه‌سته‌ی فراوانی ئه‌ده‌بی كوردی داپۆشیوه، شیعر تاكه ژانر بووه قه‌درو قیمه‌تی بووه‌و نیشانه‌ی باڵاده‌ستی و سه‌نعه‌تی ئه‌ده‌بی و ده‌ربڕی هزری كورد بووه، شیعر بۆ خۆی زمانی سۆز‌و خه‌یاڵ و ده‌سته‌واژه‌ی هونه‌ریی بووه، به‌پێچه‌وانه‌ی په‌خشانه‌وه، به‌هه‌موو هونه‌ره‌كانییه‌وه، كه زمانی ژیری و بیركردنه‌وه‌ی قووڵ و رامان و لێ وردبوونه‌وه‌ی فیكریی بووه، دره‌نگ كه‌وتووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی ئێمه له دووتوێی شیعره‌وه ده‌ستیپێكردبێ، هه‌ر له پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌كانی بابا تاهیره‌وه، كه‌پرسیار له یه‌زدان ده‌كات و داوای دادپه‌روه‌ری ده‌كات و ره‌خنه‌كانی ئه‌حمه‌دی خانی بۆ قه‌واره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رجه‌سته‌كردنی هزری نه‌ته‌وه‌یی و ره‌خنه‌كانی حاجی قادری كۆیی بۆ منداڵێكی زمانی دایكی نه‌زانێ، ئه‌مانه هه‌نگاوی یه‌كه‌می ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی ئێمه بوون، دواتر له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی چاپه‌مه‌نی و رۆژنامه‌وانیی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له كتێبـی (ئه‌نجومه‌نی ئه‌دیبان)ی ئه‌مین فه‌یزی و وتاره‌كانی شێخ نوری شیخ صالح له‌بابه‌ت تیۆری ئه‌ده‌بی له‌سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م و هه‌وڵه‌كانی ره‌فیق حیلمی و عه‌لائه‌دین سه‌جادیدا، بناغه‌یه‌كیان بۆ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی دانا، ئه‌مانه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، ره‌خنه‌ی میزاجی و بڕیاردان بوون و زۆرجاریش به‌لاساییكردنه‌وه‌ی میلله‌تانی دراوسێ به‌تایبه‌تی له‌یاساو ده‌ستووره‌كانی ره‌خه‌ی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی و فارسییه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتبوو، چونكه ئه‌و ره‌خنه‌گرانه سه‌رچاوه‌ی رۆشنبیرییان له‌و زمانانه‌وه وه‌رگرتبوو.
ئێستای ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیی قۆناغێكی باشی بڕیوه، ره‌نگه وه‌كو پێویست له ئاست گۆڕانكاری و نوێخوازی شیعر‌و ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا نه‌بێت، به‌ڵام جێگه‌ی گومان نییه ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری و دامه‌زراوه رۆشنبیرییه‌كان و ژماره‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان و پێوه‌ندی رۆشنبیریی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ زمانه ئه‌وروپاییه‌كان و ئه‌ده‌یبانی ئه‌و میلله‌تانه‌و چه‌ندین هۆكاری سیاسی و ئابووری تر، ئاسۆیه‌كی تازه‌یان له‌به‌رده‌م ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا كردۆته‌وه، ئه‌گه‌ر جاران شاعیری كورد به فه‌قێیه‌تی و مه‌لایه‌تی له دێیه‌كی دووره ده‌ست و له به‌یازێكدا چه‌ند دانه شیعرێكی خۆی له سووچی مزگه‌وتێك یان حوجره‌یه‌كدا ده‌شارده‌وه‌و بۆ ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی و به‌ده‌ستهێنانی زانیاری شاران و وڵاتان ده‌گه‌ڕا، ئه‌مڕۆ سه‌رچاوه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری زۆرتر بوون ، هه‌روا ئاگاداربوون له‌ڕه‌وتی پێشكه‌وتن، فراوان بوونی سنووری ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری و ده‌قئاوێزانی كلتووری ئاسۆیێكی فراوانتریان به ئه‌ده‌بیاتی كوردیی به‌خشیووه، ئێستا به‌چاوپۆشین له‌وه‌ی هه‌ندێجار پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و ناوچه‌گه‌ری و شارشارێنه‌و ره‌فاقه‌تی، كه له‌ئاكامدا بڕیاری ره‌خنه‌ی نادروستی لێده‌كه‌وێته‌وه، یان هاوهه‌ڵوێستی ئایدیۆلۆژی به‌تایبه‌تی له‌ساڵانی حه‌فتاكان به‌دواوه وه‌كو ده‌ردێكی كوشنده ئه‌ده‌بیات و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی كوردی گرته‌وه تا به‌ئه‌مڕۆش ئه‌و په‌تایه ماوه، به‌تایبه‌تی نووسه‌رانی چه‌پ، به‌رگرییان له‌هه‌ندێ شاعیر ده‌كردو هه‌ندێ شاعیری به‌هره‌مه‌ندو نوێخوازیش بوونه قوربانی ئه‌و بۆچوونانه.
*پێتوایه ره‌خنه‌گرانی كورد له‌ناو زانكۆكاندا یان له‌ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ؟ به‌واتایه‌كی تر ئایا زانكۆ ره‌خنه‌گری به‌رهه‌مهێناوه؟ پێتوایه زانكۆ نه‌یتوانیوه ره‌خنه به‌مانا زانستییه‌كه‌ی دروست بكات؟
– سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم، تێڕوانینێكی هه‌ڵه لای هه‌ندێ رۆشنبیر‌و ره‌خنه‌گرو ئه‌دیبـی كورددا دروست بووه، زانكۆ كارگه و فابریقه نییه، شاعیر و ره‌خنه‌گر به‌رهه‌م بێنێ، هاوكێشه‌یه‌ك نییه وه‌كو كیمیا پێمان بڵێ هایدرۆجین و ئۆكسجین ئاوی لێ دروست ده‌بێ، خوێندكاری زانكۆ پێویستی به‌خۆڕۆشنبیركردن و خۆپێگه‌یاندن و خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام هه‌یه، له‌چۆنیه‌تی ده‌ست راگه‌یشتن به ته‌كنه‌لۆژیای گه‌یاندنی نوێ و فێربوونی زمانی بێگانه، ساڵانه له زانكۆكانی فه‌ره‌نساو روسیا له به‌شه‌كانی ئه‌ده‌ب و زماندا هه‌زاران خوێندكار ده‌رده‌چن، به‌ڵام ئایا هه‌موویان ده‌بنه: جان جاك رۆسۆو ڤۆلتیرو دیدرۆو هۆگۆ و تۆدۆرۆف و بیلنسكی و رۆمان یاكۆبسن و باختین؟، بێگومان نه‌خێر، ئه‌ده‌ب و داهێنانی ئه‌ده‌بی چالاكییه‌كی فه‌ردی و تاكه كه‌سییه، ره‌خنه‌ی كوردی له‌ناو زانكۆیشه، له‌ده‌ره‌وه‌ی زانكۆیشه. ئه‌ركی زانكۆ چۆنیه‌تی فێركردنی خوێندكاره به میتۆدی زانستیی، كه‌ئه‌وه ده‌ردێكی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردییه، ئاشناكردنه به‌ڕێوشوێنی زانستی و كلیلێكه بۆ ئه‌وه‌ی راسته‌ڕێی ئه‌ده‌بیاتی پێ نیشان بدات.
من وه‌كو مامۆستایه‌كی زانكۆ، به‌پێی ئاگاداریم له تێزی خوێندكارانی خوێندنی باڵای به‌شه كوردییه‌كانی زانكۆكانی كوردستان كاری زۆر جوان كراوه، چ له بواری ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكی كوردی و چ له‌ئه‌ده‌بیاتی نوێ‌دا، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه به‌شی زۆری ئه‌و تێزانه (دكتۆرا‌و ماسته‌ر) چاپ نه‌كراون و خوێنه‌ری كورد ئاگای لێیان نییه، ته‌نانه‌ت دوا تێزه‌كانی ره‌خنه‌ی نوێ، له‌تیۆری ده‌ق و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه گه‌رایی و پۆست مۆدێرنێته له‌باره‌یانه‌وه نووسراون و به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی له‌سه‌ر ده‌قی كوردی پیاده‌كراون ، بۆیه ئه‌م بڕیاره به‌و ره‌هاییه له‌باره‌ی زانكۆكانی كوردستانه‌وه دروست نییه، نابێ ئه‌وه‌یشمان له‌بیر بچێت، كه‌هه‌ندێ له‌و مامۆستایانه ئاماده‌ییه‌كی باشیان له‌ناوه‌ندی ئه‌ده‌بی و كۆڕ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبـی ره‌خنه‌ییدا هه‌یه.
* بوونی چه‌ندین تیۆری نوێی رەخنه‌یی تا چه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی‌و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌بووه؟ وه ئایا به‌و تیۆره نوێیانه ده‌توانین هه‌موو ده‌قێكی ئه‌ده‌بی راڤه بكه‌ین (ته‌نانه‌ت ده‌قه كلاسیكیه‌كانیش)؟
– بوونی تیۆری نوێی ره‌خنه‌یی له‌ڕۆژئاوا نیشانه‌ی پێشكه‌وتنی بیر‌و هزری نوێی مرۆڤایه‌تی و روانینی نوێی شارستانیه‌تی مه‌سیحییه، كه دوای پێشكه‌وتنی به‌رچاوی ته‌كنه‌لۆژی پێویستی به‌گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ رۆحی بزری تاكه‌كان، كه پێشتر له به‌رهه‌می نووسه‌رانی بوونگه‌رایی و پووچگه‌رایی و به تایبه‌تی له رۆمانه‌كانی كافكا دا جوان ده‌ركه‌وتووه. ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و تیۆرییانه له‌ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا به‌داخه‌وه زۆرجار به‌هه‌ڵه و تێنه‌گه‌یشتنه‌وه ده‌ركه‌وتووه، هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه، قۆناغه‌كانی گه‌شه‌ی بیر به‌ئاستێكی جیاوازی له كۆمه‌ڵه رۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا تێپه‌ڕیوه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌شی زۆری ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی حه‌زو ویستی به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و تیۆرییانه‌یان له‌ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا هه‌یه، په‌نایان بۆ زمانی بنجی نه‌بردووه‌و له‌ڕێگه‌ی زمانی عه‌ره‌بی و فارسییه‌وه ده‌خوێننه‌وه‌و وه‌رده‌گێڕن، ئه‌مه‌ش گرفتێكه ئاڵۆزییه‌ك له‌تێگه‌یشتن دروست ده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه چار نییه ده‌بێ نوێخوازی سه‌ركه‌وێ، به‌ڵام به‌تێگه‌یشتن و به‌نكۆڵی نه‌كردن له‌كلتووری رابردوو و بزرنه‌كردنی سیما تایبه‌تییه‌كان و ره‌سانه‌یه‌تی ده‌قی ئه‌ده‌بی كوردی، خۆ له‌و ساڵانه‌ی دواییدا چه‌ندین هه‌وڵ بۆ پێكه‌وه گرێدانی رابردوو به‌ئێستا له‌ئارادایه بۆ راڤه‌كردن و شیكردنه‌وه‌ی ده‌قه زیندووه‌كانی نالی و مه‌حوی و جزیری و خانی و وه‌فایی، به‌تیۆرییه نوێیه‌كانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی جیهانی، ئه‌مه راستییه‌كی تریش دووپات ده‌كاته‌وه ئه‌ده‌بیات سیما‌و خه‌سڵه‌تێكی گشتی و جیهانی هه‌یه، سیما نه‌ته‌وه‌ییه‌كان رێگر نین له‌وه‌ی هه‌ر ئه‌ده‌بیاتێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌بازنه‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌ربچێ و به‌ره‌و بازنه‌یه‌كی گه‌وره‌تری ئه‌ده‌بی جیهانی و به جیهانی بوونی هه‌نگاو بنێت، ئه‌و تیۆرییه ره‌خنه‌ییه تازانه زیاتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی ده‌قدا ده‌كه‌ن و ره‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانی و به‌تایبه‌تیش ورده‌كاری و كۆده‌كانی زمان شی ده‌كه‌نه‌وه‌و ریزكردنه‌وه‌ی ئه‌و پارچانه به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ریی و چۆنیه‌تی دروستكردنی روانینی گشتی لای خوێنه‌ر، هه‌روا دیاریكردنی (شیعرییه‌ت) له‌و ده‌قانه، به واتایه‌ی ئه‌و ره‌گه‌زانه چین ،كه له ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا هه‌ن و له ده‌قێكی نا ئه‌ده‌بی جیای دكه‌نه‌وه. ئه‌م بابه‌ته ساڵانێكی زۆر له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له‌لایه‌ن شكلۆڤسكی و رۆمان یاكۆبسن و باختین و تۆدۆرف و جۆلیا كریستیڤاو.. بووه جێگه‌ی بایه‌خ،هه‌موویان دوای وردبوونه‌وه‌و سوود وه‌رگرتن له‌تیۆرییه زمانه‌وانییه‌كانی (سۆسێر) روانینێكی تازه‌یان به بواری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی جیهانی به‌خشی، كه بێگومان ئه‌ده‌بیاتی میلله‌تانی رۆژهه‌ڵاتیش، كه‌ئه‌ده‌بیاتی كوردیش به‌شێكه له‌وان سوودمه‌ند بووه له‌وه.
* ده‌توانین بڵێین ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی گرفتی میتۆدی هه‌یه؟
– یه‌كێ له‌و پێوه‌رانه‌ی ره‌خنه‌ی زانستی و نازانستی له‌یه‌كتر جیاده‌كاته‌وه، بوونی میتۆده، كه به‌داخه‌وه، چه‌مكی ره‌خنه‌یی كه خۆی له‌خۆیدا بریتییه له‌ئینساكلۆپیدیایی بوونی كه‌سی ره‌خنه‌گر، به‌تایبه‌تی هۆشیاری ره‌خنه‌گری دنیای نوێ، به‌پێی سروشتی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان وا ده‌خوازێ شاره‌زایی زانسته پێكه‌وه گرێدراوه‌كانی وه‌كو سۆسیۆلۆژیاو سایكۆلۆژیاو ئه‌نترۆپۆلۆژیای رۆشنبیری و ئه‌تنۆگرافیای ماددی و مه‌عنه‌وی كولتووری نه‌ته‌وه‌یی بێت، له ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا‌و به‌تایبه‌تی له ڕووپه‌ڕی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا خه‌ڵكانێك هه‌ن زۆرزانن و ده‌نووسن، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی میتۆدێكی دیاریكراویان هه‌بێت په‌یوه‌ندی له‌نێوانی بۆچوونه‌كانیاندا هه‌بێت، ئه‌مه له‌ڕابردوو ئێستایشدا دووباره ده‌بێته‌وه‌و هه‌یه. له شیكردنه‌وه‌ی ده‌قێكدا هه‌رچی زانیاریێكی به خه‌یاڵیدا دێت ده‌یخاته روو ره‌خنه له ئایدیۆلۆژیا و زمان و بیركردنه‌وه‌و پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی نووسه‌ر و ته‌نانه‌ت ده‌چێته سه‌ر مناڵ و كه‌س و كاری نووسه‌ره‌كه‌ش،ئه‌م جۆره به‌ناو ره‌خنه‌یه ده‌مێكه له ئه‌ده‌بیاتی جیهانیدا نه‌ماوه.دوو تێروانینی جیاواز له ئه‌ده‌بیاتی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوادا هه‌یه، له رۆژئاوادا ته‌نیا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رۆحی داهێنان یان تازه‌گه‌ری و خودی (ده‌ق)دا ده‌كرێت،بۆ نموونه (رامبۆ) له ته‌مه‌نێكی كه‌مدا له ته‌مه‌نی نۆزده ساڵیدا له ئه‌ده‌بیاتی فره‌نسیدا ده‌ستی به شیعری نوێ كردووه و ئاراسته‌ی شیعری فره‌نسیی گۆڕیوه، هاوڕێكانی (ڤێرلین) و (مالارامێیه) و ئه‌وانی دی به سه‌رسامییه‌وه له توانا و به‌هره‌ی ئه‌و ده‌دوێن . عه‌زراپاوه‌ند وه‌كو شاعیرێك به ئاشكرا له هه‌ڵوێست و بۆچوونه‌كانیدا پشتگیری له فاشییه‌ت ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه نه‌بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی داهێنانی ئه‌و كه‌م بكاته‌وه و به بایه‌خه‌وه له توانای شیعریی ئه‌و ده‌كۆڵنه‌وه. له ئه‌ده‌بی كوردییدا مێژوونووس و ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی زۆر به تووندی هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر شاعیرێك و وه‌كو بڵێی گوناهێكی زۆر گه‌وره‌ی كردبێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژی خۆی له سۆسیالیستییه‌وه بۆ ناسیۆنالیستی گۆڕیوه. بۆیه ئه‌و رامانانه پێویستیان به پێداچوونه‌وه هه‌یه‌و میتۆدی زانستییش له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا رۆحی ره‌خنه‌یه.