Skip to Content

Saturday, March 2nd, 2024
عیشقی تۆ …و. لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان

عیشقی تۆ …و. لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان

Closed
by November 11, 2012 ئەدەب

 

 

 

شیعری خۆشەویستی

زۆر خۆشە

بەیانییەک هەموو بە تەنیا 

لە خەو هەستین و

پێویست نەکا بە کەس بڵێی 

خۆشم دەوێی

وەختێ چی دیکە خۆشتناوێن.

 

 

عیشقی تۆ

عیشقی تۆ 

کەسێکی دیکە پیویستییەتی

من نا.

 

تکایە

تۆ بیرم لێدەکەیتەوە

هێندەی ئەوەی

من بیر لە تۆ دەکەمەوە؟


تکایە -٢-

تکایە مەیە و مەمبینە

وەختێ لەژێر کانیی و ئەستێرەکان

 دەمرم و دەنێژرێم،

و مندڵە چکۆڵانەکان پێ دەکەنن

تکایە! 

 

 

پیاو

 

بە کڵاوەکەی سەرییەوە

پێنج ئینج

لە تاکسییەک بڵندتر بوو.

 

 

سالیڤا

کچێک لە تەنوورەیەکی 

تا سەر ئەژنۆی سەوزدا،

زۆر بە جوانیی،

بەشەقامەکەدا ناڕواتە خوارێ.

 

ڕۆمیۆ و جولێت

 

گەر بۆم بمری،

بۆت دەمرم،

گۆڕەکانمان وەک دوو عاشق دەبێ

 جلکەکانیان لە جلشۆرێکدا پێکەوە بشۆن

گەر تۆ سابوونەکەت هێنا

من لەکە لێکەرەوەکە دێنم.

 

شیعرێکی جوان

دەچمە ناو جێخەوەکەم 

لە -لۆس ئەنجیلیس،-

بیر لە تۆ دەکەمەوە.  

 

 

ڕەنگ وەک دەستپێک

 

عیشق فەرامۆشکە،

دەمەوێ بمرم

لە ناو قژی زەردت.

 

گی، تۆ زۆر جوانی کە باران دەبارێت

 

ئۆه، مارسیا

دەمەوێ پرچی زەردی درێژی جوانت

لە قوتابخانە بخوێندرێ،

بەم چەشنە منداڵەکان فێر دەبن کە خودا

وەک مۆسیقا لەناو پێستدا دەژی

و وەک چەنگ-ی بەر خۆرەتاوێ دەنگی لێوە دێ.

دەمەوێ ئاوهایی بێ

کارنامەی قوتابخانە.

 

 

ئەمبولانس هایکۆ

 

یەک پارچە بیبەری سەوز

لە قاپە دارینەی زەڵاتەکە

کەوتە خوارەوە

ئەمە چی تێدایە؟

 

 

باران دەبارێت لە خۆشەویستییدا

من نازانم ئەم هەستە چییە،

بەڵام گومانی خەراپ لە خۆم دەکەم

وەختێ دەمەوێ کیژێکم

 زۆر خۆشبووێت.

 


دوایین سەرسوڕمان

دوایین سەرسوڕمان ئەوەیە

 وەختێ نەختە نەختە لەوە بگەی

کە چی دیکە شتێ نییە سەرت وەسوڕمێنێ.

 

مەڕ

سێ مەڕان لە کێڵگەیەک

لەتەنیشت لەوحەی “بۆ فرۆشتن” دەلەوەڕێن

مەڕەکان بەو پێنسانە دەچن لە مشتی منداڵێکدان

کە هەرچی دڵی بیخوازێ پێیان دەکڕێ.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ڕیچارد براوتیگان (١٩٣٥- ١٩٨٤)

 

ڕیچارد گاری براوتیگان، ڕۆمانووس و شاعیری پۆستمۆدێرنی ئەمریکایی لەماوەی ساڵانی سەست بۆ حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، لە “تاکۆما، واشینگتۆن” لە دایک بووە، گەورە بووە و لە ماوەی دڵگریی و نادیارییەکانی “خەمۆکی مەزن- Great Depression” و “جەنگی دووەمی جیهانی”دا ژیاوە. 

زۆر جاران “براوتیگان” وەک نووسەری بەکاربەری گاڵتەجاڕیی و هەست و سۆزی بێ هاوتا لە تێڕوانیینی بۆ ئومێد و ئەندێشەکردن ناوزەند دەکرێ [تەنانەت لەچاوپێکەوتنێکدا، ژنەکەی براوتیگان دەڵی؛ کە ئەوی لەبەر ئەو گاڵتەچاڕیەتە خۆشویستووە و شووی پێ کردووە!] 

براوتیگان خاوەنی دە کتێبی شیعر، یازدە ڕۆمان و یەک کۆمەڵە چیرۆکە “تۆڵەسەندنەوە لە مێرگ (١٩٧١)”، شێوازی نووسینی پەخشان بە روونی لە نووسینەکانیدا دیارە و گێڕەرەوە، گێڕەرەوەیەکی ئپیسۆدییە و کەسی یەکەمە. مێتافۆر، ساتیر، زمانی سادە و کۆمیدیای ڕەش؛ ئیلیمێنت- ڕەگەزە سەرەکیییەکانی نووسینی براوتیگانن.

ڕۆمانی “ڕاوی ماسی سەلەمۆن لە ئەمریکا (١٩٦٧)” شاکاری ماوەی تەمەنی “ڕیچارد براوتیگان”ە.

 

لە سێپتەمبەری ساڵی ١٩٨٤ خۆی کوشت.      

 

 

 

پێنس: پارەیەکی کۆنی بریتانیا-یە.

تێبینی: لە پاشکۆی ‘ئەدەب و هونەر’ی ڕۆژنامەی ‘کوردستانی نوێ’دا بڵاوبۆتەوە.

 

 

سەرچاوە:

http://www.poemhunter.com/richard-brautigan/poems/

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.