Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
فەلسەفە چی یە ….  نایجل واربورتون

فەلسەفە چی یە …. نایجل واربورتون

Closed
by November 13, 2012 فەلسەفە

 

 

 

 

فەلسەفە چی یە؟

فەلسەفە چی یە؟ ئەمە بەشێوەیەكی ڕۆشن پرسیارێكی دژوارە.یەكێك لە ئاسانترین ڕێگاكانی وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە ئەوەیە بڵێین فەلسەفە ئەو شتەیە كە فەیلەسوفان پێوەی سەرقاڵن،و دواتر سەرنج لە نوسینەكانی پلاتۆن، ئەریستۆتێلیس،دێكارت،هیوم،كانت،ڕاسل،ڤیتگنشتاین،سارتەر،و فەیلەسوفانی دیكەی بەناوبانگ بدەین،.هەرچەندە ئەگەر تۆ تازە دەستت بە خوێندنەوەی فەلسەفە كردبێ، مومكین نییە ئەم وەڵامە زۆر سوود بە تۆ بگەێنێت، چونكە ڕەنگە تۆ هیچ كام لە نوسینەكانی ئەم فەیلەسوفانەت نەخوێندبێتەوە،تەنانەت ئەگەر شتێكی ئەوانیشت خوێندبێتەوە هێشتا ڕەنگە دژواربێت بڵێین ئەوان لە چیدا هاوبەشن،ئەگەر تایبەتمەندیەكی پەیوەنیدار هەبێت هەموویان پشكیان تێیدا هەبێت.شێوازێكی دیكە بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە ئەوەیە بڵێن وشەى فەلسەفە لە گریكییەوە هاتووە ومانای “خۆشەویستی بۆ دانایی” دەگەێنێ.بەڵام ئەم وەڵامە بە بەراورد بەوەی بڵێین فەلسەفە ئەو شتەیە كە فەیلەسوفان پێوەی سەرقاڵن ئاڵۆزە و كەمتر دەتوانێت بۆ ئێمە یارمەتی دەربێت.لەبەرئەوە چەند سەرنجێكی گشتی لەمەڕ ئەوەی بزانین فەلسەفە چی یە پێویستە. 

فەلسەفە چالاكی یەكە: ڕێگایەكی هزرینە لەبارەی جۆرگەلێكى بڕاوە لە پرسیارەكان. دیارترین تایبەتمەندی ئەوەیە بڵێین فەلسەفە بەكارهێنانى ئارگیومێنتی لۆژیكی یە.فەیلەسوفان بەشێوەیەكی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ ئارگیومێنتدا دەكەن: ئەوان یان ئارگیومێنت دادەهێنن یان ئارگیومێنتی خەڵكانی دیكە ڕەخنە دەكەن یان بەهەردووكیانەوە دەكارێن.لەگەڵ ئەوەشدا فەیلەسوفان چەمكەكان شیكار و ڕوون دەكەنەوە.وشەى فەلسەفە زۆرجار بەمانایەكی فراوانتر بەكار دەهێنرێت وەك لەوەی كە بریتی بێت لە جیهانبینی گشتی كەسێك لەبارەی ژیان، یان شتێكی دیكە بێت كە ئاماژە بە هەندێك لە فۆرمەكانی مستیسیزم بدات. من لێرەدا وشەی فەلسەفە بەو مانا فراوانە بەكارنابەم: ئامانجی من ڕوون كردنەوەی هەندێك لە بەشە گرینگەكانی گفتوگۆیە لە نەریتی هزردا كە لە گریكی كۆن دەستی پێكرد و تا سەدەی بیستەم گەشەی پێدراوە و لە ئەوروپا،ئەمەریكای باكور،ئستوڕالیا و نیوزلانددا كاریگەریان هەبووە.

جۆری ئەو شتانە چین كە فەیلەسوفان لەم نەریتەدا كار لەسەر ئەوە دەكەن تا قسەی لەبارەوە بكەن؟ ئەوان زۆرجار ئەو باوەڕانە تاقیدەكەنەوە كە ئێمە لە زۆرترین كاتدا قبووڵیان دەكەین.ئەوان پەیوەندیان بەو پرسیارانەوە هەیە كە بەشێوەیەكی ئازاد پێی دەڵێن “مانای ژیان”،پرسیارگەلێك لەبارەی ئاین،ڕاست و هەڵە،سیاسەت،سروشتی جیهانی دەرەكی، عەقڵ،زانست،هونەر،و بابەتە جۆراوجۆرەكانی دیكە.بۆ نموونە زۆربەی خەڵكی بە بێ ئەوەی پرسیار لە باوەڕە بنچینەییەكانیان بكەن،وەك پرسیاری ئەوەی ئایا كوشتن هەڵەیە دەژین.بەڵام ئایا بۆچی كاری كوشتن هەڵەیە؟ وهیچ پاساوێك هەیە بڵێین كوشتن هەڵەیە ؟ ئایا لە هەموو دۆخێكدا ئەم كارە هەڵەیە؟ هەرچۆنێك بێ ئایا مەبەست لە هەڵە چی یە؟ ئەمانە پرسیارگەلی فەلسەفین.زۆربەی باوەڕەكانمان كاتێك تاقی دەكرێنەوە،بە بوونیادگەلی تۆكمە دەیان دۆزینەوە،بەڵام هەندێكیان پێچەوانەی ئەوەن.لێكۆڵینەی فەلسەفە تەنیا یارمەتی ئێمە نادا تا بەشێوەی ڕوون لەبارەی پێش داوەریەكانمان بیربكەینەوە،بەڵكو یارمەتیشمان دەدات تا بە شێوەیەكی ورد باوەڕەكانمان ڕوون بكەینەوە.لەم پڕۆسەدا دەتوانین توانایەك بۆ قسەكردن سەبارەت بە ژمارەیەكی فراوان لەبابەتەكان گەشە پێ دەین كە لێهاتوویەكی سوودبەخشە و دەتوانین بۆ ئەوانی دیكەی بگوازینەوە.

فەلسەفە و مێژووەكەی

لەسەردەمی سۆكرات بەدواوە زۆر فەیلەسوفی مەزن بوونیان هەبووە ومن ناوی چەند كەسێك لەوانم لەسەرەتای پەرتووكەكەمدا هێنا.پەرتووكێكی سەرەتایی لەبارەی فەلسەفە دەتوانێت بەشێوەیەكی مێژوویانە لە بابەتەكە نزیك ببێتەوە،و هاوكارییەكانی ئەم فەیلەسوفانە لە سیستەمێكی كرۆنۆلۆژیانەدا شیكاربكات،بەڵام ئەوەی من لێرەدا دەیكەم ئەمە نییە.من شێوازێكی بابەتدار بەكار دەبەم،شێوازێك كە لە جێگەی مێژوو بایەخ بە پرسیارە فەلسەفییە تایبەتەكان دەدات.مێژووی فەلسەفە بابەتێكی دڵفڕێن و گرینگە كە ئێمە ئارەزووی دەكەین و زۆرینەی تێكستە كلاسیكەكانی فەلسەفە بەرهەمە مەزنەكانی ئەدەبیشن: دیالۆگە سۆكراتییەكانی پلاتۆن،بیركردنەوەكانی دێكارت،توێژینەوە لەبارەی تێگەیشتنی مرۆڤی هیوم،و زەردەشت وای وتی نیتشە،تەنیا چەند نموونەیەكن و بە هەموو پێودانگێك هەموویان وەك بەرهەمی دیار نوسینی كاریگەرن.لەكاتێكدا لە لێكۆڵینەوەی مێژووی فەلسەفەدا بەهایەكی گەورە هەیە،ئامانجی من لێرەدا ئەوەیە چەند میكانیزمێكت پێ ببەخشم  تا خۆت لەبارەی بابەتە فەلسەفییەكان بیربكەیتەوە وەك لەوەی ڕوونی بكەمەوە كە فەیلەسوفانی مەزن چۆن لەبارەی ئەوان هزریون.ئەم بابەتانە تەنیا بۆ فەیلەسوفان گرینگ نین، بەڵكو ئەوان بەشێوەیەكی سروشتی لە دەرەوەی دۆخی مرۆییەوە دێنە ئاراوە و زۆربەی ئەو خەڵكانەی كە هەرگیز پەرتووكێكی فەلسەفیان نەخوێندۆتەوە بەشێوەیەكی خۆڕەس لەبارەی بیردەكەنەوە.

هەموو لێكۆڵینەوەیەكی جدی لەبارەی فەلسەفە بەشدارە لە ئاوێتەی مێژوویانە و لێكۆڵینەوەی بابەتدار، لەبەرئەوە ئەگەر ئێمە ئارگیومێنت و هەڵەكانی فەیلەسوفانی پێشین نەناسین،ناتوانین هیواداربین بەوەی هاوكارییەكی گەورە بۆ فەلسەفە بكەین.فەیلەسوفان بەبێ هەندێك زانیاری لەبارەی مێژوو هەرگیز پێش ناكەون: ئەوان بێ ئەوەی بزانن دەكەونە هەمان ئەو هەڵانەوە كە پێشتر ڕوویان داوە.زۆرینەی فەیلەسوفان تیۆرییەكانیان بە لێكۆڵینەوە لە هەڵەى كاری فەیلەسوفانی پێش خۆیان گەشە پێدەدەن،هەرچەندە لە پەرتووكێكی بچووكی وەك ئەمە مەحاڵە وەكویەك مامەڵە لەگەڵ كاری ئاڵۆزى هەموو بیریارەكان بكرێت،لەبەرئەوە خوێندنەوەی زیاتر لە كۆتایی هەر بەشێكدا پێشنیاركراوە و ئەوەش یارمەتی خوێنەر دەدات تا ئەو بابەتانەی كە لێرەدا گفتوگۆكراون بخاتە چوارچێوەیەكی میژوویانەی فراوانترەوە.

بۆچی فەلسەفە بخوێنین؟

زۆرجار دەوترێت هیچ سوودێك لە خوێندنى فەلسەفەدا نییە،لەبەرئەوەى زۆرینەى فەیلەسوفان بە تەمەڵی دادەنیشن و زیاتر قسەى ناگرینگ لەبارەى ماناى وشەكانەوە دەكەن. لەوە ناچێت ئەوان هەرگیز بە هیچ دەرەنجامێكی گرینگ بگەن و بەشێوەیەكى تایبەتى هاوكاریان لەكۆمەڵگادا هیچ نییە.ئەوان هێشتا قسە لەبارەى هەمان ئەو گرفتانەوە دەكەن كە لە گریكى كۆندا بایەخیان پێدراوە.لەبەرئەوە لەوە ناچێ فەلسەفە هیچ شتێك بگۆڕێ،فەلسەفە هەموو شتێك وەك ئەوەى هەیە جێدەهێڵێ.

ئایا هەرگیز خوێندنى فەلسەفە بەهاى هەیە؟ پرسیاركردن لە گریمانە بنچینەییەكانى ژیانمان تەنانەت دەتوانێت مەترسیدار بێت: ڕەنگە ئێمە هەست بكەین ناتوانین كارێك ئەنجام بدەین،و بەهۆی ئەو پرسیارانەوە ئیفلیج ببین.لە ڕاستیدا كاریكاتوری فەیلسوف كەسێكی زیرەكە لە پەیوەندى بە هزری زۆر ئەبستڕاكتەوە كاتێك بە ئاسوودەیی لە ئۆكسفۆرد یان كامبریج لە ژووری پشووى مامۆستایان لەسەر قەنەفەیەكی ڕاحەت پاڵی داوەتەوە،بەڵام سەبارەت بە كارە پڕاكتیكیەكانى ژیان نائومێدكەرە: كەسێك كە دەتوانێ ئاڵۆزترین پاسجەكانى فەلسەفەى هێگڵ ڕوون بكاتەوە،بەڵام ناتوانێ هێلكەیەك بوكڵێنێ.

ژیانى لێكۆڵراوە

تاكە هۆكاری گرینگ بۆ خوێندنى فەلسەفە ئەوەیە كە فەلسەفە پەیوەندى بە پرسیارە بنچینەییەكانى ماناى بوونمانەوە هەیە،زۆربەمان هەندێك كات لە ژیانماندا پرسیارگەلی فەلسەفیانەی بنچینەیی لە خۆمان دەپرسین. بۆچی ئێمە لێرەین؟ ئایا هیچ بەڵگەیەك بۆ بوونى خودا هەیە؟ ئایا هیچ مەبەستێك بۆ ژیانمان هەیە؟ چی وا دەكات شتەكان ڕاست یان هەڵەبن؟ ئایا یاساشكێنى پاساوى هەیە؟ ئایا ژیانمان تەنیا خەونێكە؟ ئایا عەقڵ لە جەستە جیاوازە،یان ئایا ئێمە تەواو بوونگەلی ماددین؟ چۆن زانست پێش دەكەوێ؟ هونەر چی یە؟ و تاد… 

زۆرینەى خەڵكى كە فەلسەفە دەخوێنن بڕوایان وایە گرینگە هەر یەك لە ئێمە ئەم پرسیارانە لە خۆی بكات، تەنانەت هەندێك قسە لەوە دەكەن كە ژیانێك لێی نەكۆڵیتەوە نایهێنێ بیبەیتە سەر. بەردەوام بوون لەسەر بوونێكى ڕۆتینیانە بێ لێكۆڵینەوەى ئەو پڕەنسیپانەى لەسەری بیناكراون،ڕەنگە وەك ئەوە وابێت تۆ ئۆتۆمۆبیلێك بئاژوویت كە هەرگیز باش كاری نەكردبێ،ڕەنگە متمانەى تۆ بە برێك وكاری مەكینەى ئۆتۆمۆبیلەكە دروست بێ،چونكە ئەوان تا هەنوكە باش كاریان كردوە،بەڵام لەوانەیە متمانەكەت بەتەواوەتى لە جێی خۆیدا نەبووبێت،واتە برێكەكەت خەوشی هەبێ و نەتوانیت بەكاری بهێنى كاتێك زۆر پێویست پێیەتى،هاوشێوەى ئەمە ئەو پڕەنسیپانەیە كە ژیانى تۆی لەسەر بیناكراوە و ڕەنگە بەتەواوى باش بن،بەڵام تاكاتێ كە تاقیت نەكردونەتەوە(لێت نەكۆڵیونەوە)،ناتوانیت لێیان دڵنیابیت.

هەرچەندە،تەنانەت ئەگەر تۆ بە شێوەى جدى گومان لە دروستى ئەو گریمانانە نەكەیت كە ژیانتى لەسەر ڕۆنراوە، ڕەنگە بە بەكارنەهێنانى هێزى هزری خۆت ژیانت خراپ بكەیت.زۆرینەى خەڵكى هەوڵێكى وەها دەدۆزنەوە،یان نیگەران دەبن ئەو پرسیارە بنچینەییانە لە خۆیان بپرسن.ئەوان دەشێت بە بڕیارە نێگەتیڤەكانیان شاد و ئاسوودبن،بەڵام كەسانى دیكەش هەن ئارەزوویەكى بەهێزیان هەیە تا وەڵامى ئەو پرسیارە فەلسەفیە تاقەت پڕوكێنانە بدۆزنەوە كە لایان دروست دەبن.

چۆن فێربین بهزرین(learning to think)

هۆكارێكى دیكە بۆ ئەوەى فەلسەفە بخوێنین ئەوەیە كە فەلسەفە ڕێگایەكى باش ئامادەكات تا ئێمە بەشێوەیەكى زۆر روون لەبارەى زۆر بابەت بهزرین.

مێتۆدەكانى هزری فەلسەفیانە دەتوانن لە چەندین جۆر دۆخدا سوودبەخش بن.لەبەرئەوە بەهۆی شیكاركردنى ئارگیومێنتەكان بۆ پشتیوانى كردن یان دژی هەر دۆخێك ئێمە لێهاتوویگەلێك فێردەبین كە دەتوانین بۆ بەشەكانى دیكەى ژیانى بگوازینەوە.زۆربەى خەڵكى كە فەلسەفە دەخوێنن بەردەوام لێهاتووییە فەلسەفییەكانیان لەكارە جیاوازەكان،و مەسەلەى یاسایی ، پڕۆگرامى كۆمپیوتەر،ڕاوێژكاری،خزمەتى مەدەنى،و ڕۆژنامەنوسی – دا بەكار دەهێنن، لە هەموو ئەو بەشانەدا شەفافیەتى هزر سەرمایەیەكى گەورەیە.فەیلەسوفان پێشبینیەكانیان بەكار دەهێنن كاتێك سەرنج لە هونەر دەدەن كە لەبارەى سروشتى بوونى مرۆیی بەدەستى دەهێنن. ژمارەیەك فەیلەسوف وەك ڕۆمان نووس،ڕەخنەگر،شاعیر،دەرهێنەری فیلم و شانۆنامە نووسیش كەسانى سەركەوتوو بوون.  

لەزەت

هۆكارێكى دیكە بۆ خوێندنى فەلسەفە ئەوەیە بەلاى زۆر خەڵكەوە سەرقاڵ بوون بە فەلسەفەوە دەتوانێ چالاكییەكى زۆر لەزەت بەخش بێ.بۆ ئەم بەرگری كردنە لە فەلسەفە شتێك هەیە بوترێت.ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە فەلسەفە بۆ چالاكییەكى فەلسەفیانە بە هاوتاى چارەسەركردنى نەخشەیەكى مەتەڵ ئاسا كورت بكرێتەوە.هەندێك جار شێوازى فەیلەسوفان بۆ بابەتى فەلسەفە دەتوانرێت زۆر هاوشێوەى ئەمە ببینرێت: هەندێك لە فەیلەسوفانى پیشەیی بیركردنەوەیان بە چارەسەركردنى مەتەڵە لۆژیكیە ئاڵۆزەكانەوە خەریكە وبەشێوەیەكى ئۆتۆماتیكى ئەمە وەك ئامانجێك دەبینن،و چارەسەرەكانیان لە گۆڤارە ئاڵۆزەكاندابڵاودەكەنەوە.هۆكارێكى دیكە ئەوەیە هەندێك لە فەیلەسوفان لە زانكۆكاندا كار دەكەن و خۆیان وەك مرۆڤى كار دەبینن،و زۆرجار نوسینی سادە بڵاودەكەنەوە،چونكە ئەوە ڕێگەی پێشكەوتن وبەرزبوونەوەیان پێدەدات(بڕی بڵاوكردنەوى نوسینەكانیان هۆكارێكى دیاریكەرە بۆ بەرزبوونەوەى پلەیان) ئەوان كاتێك دەبین ناویان لەسەر نوسینەكانیان چاپ كراوە و موچە و پلەیان لەگەڵ بەرزبونەوەیان زیادى كردوە لە خۆشیان باڵ دەگرن.بەڵام بەخۆشحاڵیەوە زۆرینەى فەیلەسوفان لەسەروى ئەم ئاستەوەن.

ئایا فەلسەفە دژوارە؟ 

زۆرجار فەلسەفە وەك بابەتێكى دژوار شیكار دەكرێت.لە فەلسەفە دا چەند جۆرێكى جیاواز دژواری هەیە،ودەتوانین خۆمان لە هەندێكیان لابدەین.

لەیەكەم سەرنجدا ئەوە ڕاستە كە زۆرینەى ئەو گرفتانەى فەیلەسوفانى پیشەیی پەیوەندیان لەگەڵیدا هەیە بریتی یە لە سوود وەرگرتن لە ئاستێكى تەواو باڵاى هزری ئەبستڕاكتى.هەرچەندە ئەمە تاڕادەیەك بۆ هەموو جۆرە بە دواداچوونێكى عەقڵانیش ڕاستە:لەم ڕوانگەوە فەلسەفە لەكایەكانى دیكەى وەك فیزیك،ڕەخنەى ئەدەبی،پڕۆگرامى كۆمپیوتەر،جیۆلۆجی،ماتماتیك،یان مێژوو جیاوازنییە.بۆ ئەمانە و بەشەكانى دیكەى خوێندنیش وایە،نابێ دژواری هاوكارییە بنچینەییە گەورەكان بۆ بابەتەكە وەك بەهانە بۆ ڕەتكردنەوەى مەعریفەى خەڵكى ئاسایی لەبارەى پێشكەوتنەكانى ئەم بوارە بەكار بهێنین،یان نابێت ڕێگە لەوان بگرین تا مێتۆدە بنچینەییەكانیان فێرببن.

هەرچەندە جۆری دووەمى دژواری پەیوەندى بە فەلسەفەوە هەیە و دەتوانین خۆی لێ لابدەین.فەیلەسوفان هەمیشە نوسەرانى باش نین.زۆربەیان تائەوپەڕی لە گواستنەوەى ئایدیاكانى خۆیان توانایان نییە.هەندێك جار ئەمە بەهۆی ئەوەیە كە ئەوان تەنیا ژمارەیەكى كەم لە خوێنەرانى تایبەتمەند وەك گوێگر دەبینن،هەندێك جاریش بەهۆكاری ئەوەیە ئەوان شێوازێكى ئاڵۆزى ناپێویست بەكاردەهێنن كە بەشێوەیەكى سادە سەری ئەو كەسانە دەشێوێنێ كە لەگەڵیدا ئاشنانین.ئەگەر وشە تایبەتەكان بەكاربهێنین دەتوانێت سوودبەخش بێت بۆمان تا خۆمان لە ڕوون كردنەوەى ئەو چەمكە تایبەتانە بەدووربگرین كە ئەوان هەموو كاتێك بەكاری دەهێنن.هەرچەندە لەناو فەیلەسوفانى پیشەییدا بەدبەختانە ئارەزوویەك هەیە تا لەبەر خۆیان ئەو وشە تایبەتانە بەكاربهێنن.زۆربەیان دەستەواژەى لاتینى بەكاردەهێنن لەكاتێكدا هاوماناى ئینگلیزى زۆرباش هەیە،هەندێك جار پەرەگرافێك بە وشەگەلی نائاشنا ڕێك دەخرێ و ئەم وشانە بە ڕێگاى نائاشنا بەكاردەهێنرێ و لەم بارەشەوە دەشێت خوێنەر تووشی ترس بكات.هەندێك فەیلەسوف لەوە دەچێ بە زمانێك قسە بكەن و بنوسن كە خۆیان دایان هێناوە،ئەمە دەتوانێ فەلسەفە بە بابەتێكى زۆر دژوار وەك لەوەى كە لە ڕاستیدا هەیە نیشانی خوێنەر بدات. 

سنورەكانى فەلسەفە : فەلسەفە دەتوانێ چی بكات   

هەندێك خوێندكاری فەلسەفە بەشێوەیەكى ناعەقڵانى چاوەڕوانى زۆریان لە فەلسەفە هەیە.ئەوان چاوەڕێن تا فەلسەفە وێنەیەكى تەواو و تێروتەسەلیان لە دۆخى دژواری مرۆڤ بداتێ.ئەو خوێندكارانە لایان وایە فەلسەفە مانای ژیانیان بۆ ئاشكرا دەكات و هەموو لایەنێكى بوونى ئاڵۆزى مرۆڤیان بۆ ڕوون دەكاتەوە.هەرچەندە،هەنوكە خوێندنى فەلسەفە دەتوانێ پرسیارە بنچینەییەكان لەبارەى ژیانمان ڕوون بكاتەوە،بەڵام ناتوانێ هیچ شتێكى وەك وێنەیەكى تەواو،ئەگەر لەڕاستیدا شتێكى وەها هەبێت بە ئێمە ببەخشێت.خوێندنى فەلسەفە ئەلتەرناتیڤى خوێندنى هونەر، ئەدەب، مێژوو، سایكۆلۆژیا،ئەنتڕۆپۆلۆژیا،سۆسیۆلۆژیا،سیاسەت و زانست نییە.ئەم بابەتە جیاوازانە سەرنجى خۆیان لەسەر لایەنە جیاوازەكانى ژیانى مرۆڤ چڕدەكەنەوە و جۆرگەلی جیاوازى بۆچوون دەخەنەڕوو.هەندێك لە لایەنەكانى ژیانى مرۆڤ مل بۆ شیكاری فەلسەفیانە نادا و ڕەنگە هیچ جۆرە شیكاریەكى دیكەش نەتوانی دەڕۆستى بێ.دواجار گرینگە چاوەڕوانى زۆرمان لە فەلسەفە نەبێت.

 

 وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: صباحی مەلاعەوڵا

 

سەرچاوە

ئەم نوسینە وەرگێڕانى پێشەكى ئەم پەرتووكەیە:  

 

Philosophy – The Basics

Introduction

  Nigel Warburton

Third edition

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.