Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
کاتێک بۆ فەلسەفەکردن … ئازاد حەمە

کاتێک بۆ فەلسەفەکردن … ئازاد حەمە

Closed

 

 

 

گرینگە ئێمەی کورد لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ، لە ڕۆژی جیهانی فەلسەفەدا، کە خەسڵەتێ گەردوناوی وەرگرتووە، لەڕوانگەی فەلسەفییەوە تێڕامان لە کات بکەین و، هاوکات بشپرسین کەی دەکارین کاتێک بۆ فەلسەفەکردن ببینینەوە؟ ئێمە ئەم پرسیارە لەسەر ئەو بناغەیە دەکەین کە پێویستمان بە فەلسەفەکردنە، پێویستمان بە کاتێکە فەلسەفەیتیایبکەین.چونکە فەلسەفەکردن لەگشت ڕووێکەوە وەختیەتی. پێویستمان بەوەیە دانبەوەدابێنین لە فەلسەفەکردن دواکەوتووین، بەوەی کە تێهزرینی فەلسەفی هونەرە، تێڕامان و هزرەڤانیکردن لە هونەرە باڵاکانن. دیرۆکی ڕاستەقینەی فەلسەفەش لێرەوە دەستپێدەکات.پێویستی مرۆڤ کە بۆ فەلسەفە هیچکات لەبنناێت ئەمە هەلومەرجێکی دروستکردووە تێهزرینی فەلسەفی لای مرۆڤ بەردەوام کات. بۆئەوەی ئەم وەختە بێتەدی فەلسەفە پێویستە دژ بە ترسەکان، دژ بەو هەڕەشانەی لە فەلسەفە دەکرێن، بکەوێتەگەڕ ئەگەرنا فەلسەفەکردن بێمانادەبێت. گەر کاتێکمان بۆ فەلسەفەکردن لەبەردەستدابێت توانایئەوەمان دەبێت سنووری و بواری فەلسەفە بەرین و قووڵکەین. کە کاتێک بۆ فەلسەفەکردن تەرخاندەکەین لەوە دەگەین لەناو فەلسەفەدا کە گەلێ بەهای گەردووناوی هەیە ئەم بەهایانە پێویستە گەشەیانپێبدرێ. کە کاتێکمان بۆ فەلسەفەکردن هەبێت ئەو دەمە تێدەگەین فەلسەفە مافمان دەداتێ بیربکەینەوە، فەلسەفە مافی ڕەخنەکردن و ڕوونکردنەوەمان پێدەبەخشێ، فەلسەفە پێگەی ڕووبەڕووبوونەوە و هەڵوێستەکردنمان لابەهێزدەکا. ئەو دەمەی کاتێک بۆ فەلسەفەکردن دابیندەکەین پرسیار لەسەر  هەنووکەی هزری کوردی هاوچەرخ دەکەین کە بۆ؟ و چۆن؟ ئەم هزرە نەبووە بە بەشێک لە تێهزرینێ فەلسەفی. پرسیار لەوەدەکەین ئەم هزرە کۆنە یان تازە؟ منەورە یان تاریک؟ داهێنەرە یان ڕووخێنەر؟ وەرگرە یاخود بدەر؟ بەپێیئەوەش فەلسەفە دەکارێ بناغە بۆ هزرێ ڕەخنەی، هزرێ ڕەخنەی ڕاسیۆنال ، دانێت پێویستمان بە تەرخانکردنی کاتە بۆ فەلسەفەکردن. وەکیتریش، هزری ڕەخنەی مانای بۆ گەشەی تێهزرینی فەلسەفی هەمیشە هەبووە. فەلسەفە دەشێ وەک سەرچاوەی نوێکردنەوەی هزریش تەماشاکرێ بەس ئێمە لەمە ناگەین گەر کاتێکمان بۆ فەلسەفەکردن تەرخاننەکردبێت. هەربۆیە پێویستە دانبەو ڕاستیە مێژوویە بێنین کە فەلسەفە بەدرێژای مێژوو کاری لەسەر نەشونمای هزری مرۆڤ کردووە. هزرەڤانانیش گومانیانلەوەدا نییە کە پرسیار لەسەر کاریگەری فەلسەفە لەسەر هزری مرۆڤ پرسیارێ شیاوە چونکە هزری مرۆڤ لەژێرکاریگەری فەلسەفەدا گەشەدەکات و فەلسەفە لەڕێگای خۆیەوە کاریگەری بەسەر ژیانی ڕۆژانەوە بەجێهێشتووە. هەروەها ململانێیێ هزری تایبەت بە سرووشتی بوونمان بوونی هەیە کە فەلسەفە توانای گفتووگۆکردنی ئەم لایەنەی بێبڕانەوە هەبووە. لێرەوە فەلسەفە دەگات بە ماناخوڵقان. گەیشتنیش بە مانا ئەمە فەلسەفەیە چونکە ئەو زانینەی فەلسەفە دەیەوێ پێیبگات زانینێ مانادارە و ،وەکیتریش زانین دەبێ مانا بەرهەمهێنەربێت. فەلسەفەکردن و دروستکردنی یان بەرهەمهێنانی مانا خەمە گەورەکەی فەلسەفەن. لەڕێگای فەلسەفەکردنەکانەوە مانا بەرهەمدێن و، بەهۆی ئەو مانایەنەشەوە بیرمەندان بەو ئامانجە دەگەن لە فەلسەفەکردن هەیانبووە. بەڵام ماناکان لە دیدی بیرمەندانەوە وەک خۆیان نامێننەوە و گۆڕانیان دێتە سەر. بۆیە فەلسەفەکردنەکانیش جێگیر و نەگۆڕن. ڕوونیشە مانا لەڕێگای پشکنینەوە دێتەسازاندن. فەلسەفە و پشکنین بەدووی نهێنیەکان بەشێکن لە پرۆسێسی مانا خوڵقان. مانا خوڵقانی فەلسەفی دەروازەکردنەوەیە لە تێهزرینەکانمان. بۆیە مانای فەلسەفە تێکەڵە لەتەک ڕووداوەکانی ناو گەردوون و بوونی مرۆڤ. بەس خودی فەلسەفە شای ڕووداوەکانە. فەلسەفە ڕووداوی ڕووداوەکانە. تایبەتمەندی ئەم لایەنەش لەوێدایە کە ئەوی ئەم مانایە بۆ فەلسەفە لەشێوەی زانین هەر لەسەرەتاوە دەخوڵقێنێ نهێنی بوونمانە. بوونی ئێمە لە جیهانا هەمیشە پرسیارێ فەلسەفی گەورەی سازاندووە. بوونی ئێمە لە جیهانا و پێوەندی ئێمە بە بوونی ئەویترەوە لەم جیهانە ئەمەش پرسیارێ فەلسەفی گەورەی ترە. ئەم تێگەیشتنانە چرۆی هزریمان تیاناسازێنن گەر لێخوردبوونەوەمان لە بەها مرۆییە گەردووناویەکان نەکردبێ. تووخمی فەلسەفەش بەجۆرێ بونیادنراوە ئەو دەمەی مرۆڤ فەلسەفە دەکات گوزارە لە خودی خۆیدەکات. مرۆڤ هەر لە سەرەتای سەرەتاکانەوە، لەوکاتەوەی فەلسەفەی داهێناوە، پێویستی بەم گوزارەلێکردنە لە دۆزی خۆی هەبووە. واتە فەلسەفە بۆئەوە هەیە تا مرۆڤ تیۆریزە بەسەر بوونی خۆیەوەکات. ڕاستە کردەی فەلسەفەکردن کردەێ خۆییە ،چرکەێکە لە هوشیاریێ خودی، لە بیرکردنەوەیێ تاکی ڕەخنەییانەی ئازاد بەس تووخمی هەمیشەی ئەم کردەیە یان زانینی فەلسەفی لەسەر عەقڵ دەوەستێ و بۆیە ئەوە هەمیشە پرسیارێ فەلسەفییە کە عەقڵ چیپێدەکرێت؟ بۆ فەلسەفە کار لەسەر بەرهەمهێنانی عەقڵێ گەردووناوی دەکا؟ بەمجۆرە ئەو دەمەی کاتێک بۆ فەلسەفەکردن دەستنیشاندەکەین بەو تێڕامانەش ئاشنادەبین سەروەری فەلسەفە سەروەری عەقڵە. کە باوەڕ بە فەلسەفەدێنین واتە لێدەگەڕێین عەقڵ دادوەریبکات. فەلسەفە کە کردەێکە لە تێڕامانێ عەقڵی پووخت ئەمە وەڵامە بۆ ئەو پرسیارەش کە دەڵێ: بۆ دەبێ ئێمە بایەخ بە فەلسەفە بدەین؟ ئەم پرسیارە لەوشوێنەوە سەردەردێێ کە فەلسەفەکردن بۆئەوەیە تا هۆشمەندییمان قووڵکەینەوە. ئەم هۆشمەندیەش، یاخود فەلسەفە وەک چالاکیێ ڕوناکبیری کە پەرە بە بیری ڕەخنەی مرۆڤ دەدات، تەنیا لەپێناوی خۆماندا نییە. لێرەوە فەلسەفەکردن گرێماندەداتەوە بە ئەویترەوە. لێرەوە فەلسەفە ووتنی دەبێ لەسەر پێوەندییەکانمان. تا کاتێکیش بۆ فەلسەفەکردن تەرخاننەکەین لەو سەمەرییە تێناگەین ئەوی فەلسەفە تایبەت بە پێوەندیەکانی مرۆڤ ڕاڤەیدەکات. مرۆڤ لە جیهانا بەپێی گرینگی لەم جیهانە بریتییە لە پێوەندی. پێوەندیەکانی مرۆڤ یان ڕەووشتیین یان جوانکاری یانیش ئێپستمی(زانینی). ئەم پێوەندیانە بۆ مرۆڤ گرینگیێ زۆرپێکدێنن. چونکە لەڕێگای ئەو پێوەندییانەوە دەکارێ کارەکانی خۆی ڕێکخات. ئەو دەمەی مرۆڤ باشە یان خراپەێک دەکات خۆی بە پێوەندییە ڕەووشتیەکانەوە دەبەستێتەوە وەلێ کاتی پێوەندیەکان لەسەر بناغەی شتی هەستی پێکدێنێ ئەوە خۆی لە قەرەی پێوەندیە جوانکاریەکان دەدات کەچی کاتێ پێوەندیەکانی دەگەنە سنووری زانست و زانین و شتە لۆژیکیەکان ئەم مرۆڤە بیەوێت و نەیەوێت بەهۆی پێوەندیە ئێپستیمیەکانیەوە ئەم لایەنانە ڕێکدەخات. بۆیە ئێمە لە ئێستادا بەپێچەوانەی گشت تێگەیشتنە ناپێویستەکان لەسەر فەلسەفە پێویستمان بە تەرخانکردنی کاتێکە بۆ فەلسەفەکردن. تا گشت ئەو بیرۆکانە ڕەتکەینەوە قسە لە ناشتنی فەلسەفە دەکەن.

 

آ یۆنسکۆ ساڵی 2002 بڕیاریدا سێهەمین پێنجشەمەی مانگی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم) بکات بە ڕۆژی جیهانی بۆ فەلسەفە کە ڕێکەوتی 15 ی ئەم مانگە دەکات. لەوکاتەوە ڕۆژی جیهانی فەلسەفە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بووە بە ڕۆژێک بۆ ئەنجامدانی کۆنفڕانس و ڤیستڤاڵی فەلسەفی. ئۆفیسەکانی یۆنسکۆ لەم ڕۆژەدا دونیایێک چالاکی لەشێوەی مێزگرد و سمینار و کۆنفڕانس بۆ  گفتووگۆکردنی ئەوی بە فەلسەفەوە بەندە ئەنجامدەدەن. ڕۆژی جیهانی فەلسەفە ڕۆژێکە لەپێناو نرخاندنی هزری فەلسەفی هاتۆتەسازاندن. 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.