Skip to Content

Thursday, May 2nd, 2024
خۆم … دلۆڤان عەلی

خۆم … دلۆڤان عەلی

Closed
by November 15, 2012 هۆنراوە

 

 

 

 

گوزەرێکی شومە

ژانێکی بێ کۆتایە

ئەم زیندەگیە بۆنی مردنی لێدێت

ئەمشەو هەورێکی شوم دایکردۆتە باران

منی بێ لانەی جگەرسوتاو

شوێنێکم نیە بۆی بچم

خۆم وەکو منداڵێکی (ئامەد) دێتە بەرچاو

هەر بەتەمای خۆشی بێت و زیندەگیشی پڕ لە کارەسات بێت

خۆم وەکو منداڵێکی (مەهاباد) دێتە بەرچاو

لەترسی سێدارە خۆی لەپەنا دارێکدا شاردۆتەوە

غەریبێکی جگەر سوتاوم

زامەکانم لە ژماردن نایەن

ئای عەشق دەستی بەزەیت چەندە کورتە

لە تەنیایی تەنیاترم

لەپاڵ ئەم هەموو تێکشکان و

خۆنوسینەوەو زامانەدا

بۆ چرکە ساتێک دڵخۆشیت ثێ ڕەوا نەبینیم

من ئێستاکە لەم ماسکەی خۆم بێزارم

بۆ ماسکێکی تر دەگەڕێم

لەوەی خۆم میهرەبانترو

گەشبینترو دڵخۆشتر

من ڕەشەبا بە ئاسپایی نابینم

ئەگینا پێم دەگوت

هاوڕێ ئەگەر ئەم جارە هاتیتەوە

لەگەڵ خۆتدا بمبە بۆ مەنفا

لەوێ گۆڕێک چاوەڕێمە

عەشق نە خوای هەیە و

نە ویژدان و نە یاسا و نە بەزەیی

مرۆڤ لەت و پەت ئەکات و

ئەیدات بەدەم (با)وە

مناڵیش وەکو عەشق وایە

هەر زوو جێتدەهێڵێت و 

دەتداتە دەست زەمەنێکی هیچەوە

پاساریەک دەنوک لە زامەکانم وەردەدات

نازانێت من چیم و کێم

ئەگەر هەستی بە من کردبایە

دەهاتە لامەوە پێی دەگوتم

زیندەگی هەر ئەوەیە و هەر ئاوایە

من باوەڕم بەوە نیە کە دەڵێن

ژن پیاو پیر ئەکات

لەمندا ژنێک هەیە

ئەوەندەی کە لە زیندەگیدا دێم و دەچم

ئەو دەمبزوێنێ ژیانم لا دروست دەکات

بەڵام هەر تەنیاو بێتاقەتم

مرۆڤ لە بوونی خۆی تێناگات

بیر لە خۆی ناکاتەوە

دەنا تێدەگەیشت ئەم هەموو پوچیە بە ناوچاوانیەوە

مانای زیندەگی نادات

هەندێ جار شەرم لە بوونی خۆم دەکەم

ئەم هەموو دڵشکان و

تەریق بوونەوەو بەدەماکەوتنانە

کەچی زیندەگی هەر بەردەوامە

لە تەنیایی و لە هیچی دا

کچێک پێی گوتم پێم بڵی ژیان چیە؟

پێم گوت چیت بۆ باسکەم

ئەو زامانەی کە ئێستا ساڕێژ نەبوون

یان ئەو دڵشکانانەی دووبارە دەبنەوە

جاری وا هەیە دەڵێم

ئاخۆ کەی دوعایەکی تر دووبارە بێتەوە

بەناوی شەرەف و دین و نامووس

خەڵتانی خوێنی کەن

لەم وڵاتەی مندا

ژن کوشتن پەڵەیەکی ڕەشە بەناو چاوی زەمەنەوە

هەندێ جار کە بەڕێگادا دەڕۆم

توشی کچێکی شارەکەم دەبم

دەڵێم ئاخۆ ئێستا چ ڕاز و نیازێکی لەدڵدایە

نازانێت لەکن کێ باسی بکات و کەس نیە گوێی بۆ بگرێت

ئاخۆ چۆن خۆی دەخواتەوەو

خەم تا بینی دێت و بێتاقەتی دەکات

ماڵی ئێمە لا کۆڵانێکدایە

نازانن فەلسەفە و ڕوناکبیر و

فیکر مانای چیە

لێرەش هەر خۆم تەنیام

ژنێک 

لەسەری کۆڵانەکەمانەوە

دوکانێکی عەتری داناوە

خەڵکی بەدەم بۆنکردن

بە بەرامەی عەترەوە مەست دەبن

منیش هەر وەکو جاران

بۆنی مردنم بۆ دێت

چونکە تۆ لێرە نیت

عەشق چی پێنەکردم

سنورە تێکەڵاوەکانی پێبەزاندم

هەموو یاساکانی پێشکاندم

کە جەستەم جێی زامی پێوە دیار بوو

ئەو خۆی لێ ئەشاردمەوە

ئای عەشق چی پێنەکردم

تەواو

ئیدی زیندەگی و عەشق

گەمەیەک بوون کۆتاییان پێهات

جگە لە پوکانەوەی ڕۆح و

تەریق بوونەوەی دوای بەدەماکەوتن

هیچیان فێرنەکردین

هیچیان بۆ جێنەهێشتین دوای خۆیان

من ئەمه هەموو تێکشکانەم بینی

ئەم هەموو درۆ ڕەنگا و ڕەنگانە و

ئەم هەموو خۆشمدەوێیە هیچانە

تەنها جەستەم زیندووە ئێستاکە

ڕۆحم دەمێکە جێی هێشتووم

من ئێستاکە تەنها هاوڕێیەکم ماوە

ئەویش ئەم هەموو غەدرانەی بینی

جانتای سەفەری پێچاوەتەوە

ئەیهەوێت بڕوات و ڕونەکاتەوە ئەم وڵاتە هیچە

ئای هاوڕێی لەمێژینەم ئەی شیعر

کە تۆ بڕۆی من لێرە چیبکەم

گوی بۆ درۆی سەرکرەدەکان بگرم

یان رەفزی ئەو کچانەی وەڵامی خواش نادەنەوە

ئای زیندەگی و عەشق چیان پێنەکردین

ئاسان نیە دوای ئەم هەموو زامانە پێکەنین

ئاسان نیە دوای ئەم هەموو تێکشکانانە دەستپێکردنەوە

ئاسان نیە دوای ئەم هەموو بەدەماکەوتنانە هەستانەوە

سوهراب دەڵێت؛

(عاشق هەمیشە تەنیایە)

ئەگەر وابێت تەنیایی ڕۆژێک

دەست دەکات بە بینمداو دەمخنکێنێت

سەیرە دوای ئەم هەموو زام و پوکانەوەی ڕۆحە

کچێک هاتۆتە ژیانمەوە

دەیهەوێت دڵخۆشم کات و

تەنیایم بۆ ئەبەد لێ دورخاتەوە

ئەو کچێکی ڕوخۆشی کەڵەگەتی سپیە

جار جارە شیعرێک دەنوسێت و

جار جارەش حەکایەتێکم بۆ دەگێڕیتەوە

جاری واش هەیە دەمهێنێتە بزەو پێکەنین

ئەو بۆ بەخشندەیی میهرەبانترە لە هەموو شتێک

من لەو کاتەی ئەو هاتۆتە ڕۆحمەوە

ئێواران باوەشێک شیعر تێمدەئاڵی

پاساریەکان ئیرەیم پێدەبەن 

گوڵەکانی باخچە لێمڕادەمێنن و

ماچ باوەشم بۆ ئاوەڵا دەکات

من ئێوارانی پایز لەگەڵ ئەودا

یەکتری گەڵا باران دەکەین

هەردووکمان دەچینە ڕۆحی یەکتریەوە

بەم پایزە

گەلا نەبێت هیچ شتێک دڵخۆشمان ناکات

ماچ نابێت دەممان ناگات بە لێوی یەکتری

من لە ڕۆحی ئەودام 

ئەویش لە ڕۆحی مندایە

 

 

 

 

ئۆکتۆبەری ٢٠١٢ دلۆڤان قەڵادزەیی

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.