ئۆبــــاماو ستراتیژی ئیدارەی قەیران … حەمە غەفور
بردنەوەی ئۆباما:
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ٦ی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا گەلێک تایبەتمەندی گرنگو چارەنووس سازی لەنێو خۆیدا جێکردۆتەوە. تایبەتمەندییەک کە ڕاستەوخۆ کاریگەری بەسەر ڕەوشی ناوخۆی ئەمریکاو لە هەمان کاتدا بەسەر هەلو مەرجی سیاسی جیهانو خەباتی چینی کرێکاری جیهانیشەوە جێئەهێڵێت. بەپێچەوانەشەوە خودی هەڵبژاردنی ئەم خولەی سەرۆکایەتی ئەمریکاش لەژێر کاریگەری ڕەوشی سیاسی جیهانو گۆڕانکاری لە ڕیزبەندی هێزو هاوسەنگیە جیهانیو ناوچەییەکان، شان بە شانی بارودۆخی کۆمەڵایەتی جیهانو جێگاوڕێگای خەباتی چینی کرێکاری جیهانیو ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانیش، چی لەناوخۆی ئەمریکاو چی لە ووڵاتانی ئەوروپاییدا چۆتەپێشەوە. فاکتەری گرنگتریش لە چەشنی قەیرانی دارایی جیهانو پێشهاتو گۆڕانکارییەکانی دوای شۆڕشی تونسو میسر، مۆرکی خۆی داوە لەم هەڵبژاردنە.
کەمپینی ئۆباما لەم هەڵبژاردنەدا بۆ گرتنەپێشی ستراتیژی ئیدارەکردنی قەیرانەکانی ئەمریکا بوو بۆیە سەرکەوت بەسەر ڕۆمنیدا. لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا ئەم ستراتیژە نوێیە بە گۆڕینی ستراتیژی ملهوڕی سەربازیو وەشاندنی گورزی پێشگیرانە، کە ڕێبازی کۆماریخوازەکان بوو، بۆ ستراتیژی هاوسەنگ ڕاگرتنی جیهان، ڕێبازی دیموکراتەکان، ناوی لێنرا. ئەمریکای ئەمڕۆ پێویستی بە سازماندانی باڵانسێکی سیاسی جیهانییە کە خۆی لە لووتکەی هەڕەمی دەسەڵاتەکانەوە بێت نەک تاکە ملهوڕی جیهان. بۆ ئەم مەبەستە دانوستان، هەماهەنگیو سازیش لازمە لەگەڵ پۆڵەکانی چەشنی ڕووسیاو چین..تد.
ئۆباما ئەبێتە سەرۆکی ئیدارەکردنی ئەمریکای سەردەمی قەیرانەکان. سەرەڕای جیاوازییەکانی هەردوو حزبی کۆماریو دیموکراتەکان، بەڵام لەم قۆناغەدا چینی بۆرژازی ئەمریکا پێویستی بە کەسایەتی ئۆباما هەیە هەتا کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی سیاسی ئەمریکاو هێزهاوسەنگی جیهان بەشوێن لەدەستدانی پێگەی سەرکردایەتی جیهان لە جەنگی عێراقدا بکات. هەڵبژاردنەوەی دووبارەی ئۆباما بۆ سەرۆکی چوار ساڵی ئاییندەی ئەمریکا لێرەوە سەرچاوەی گرتووە، نەک نفوزو خۆشەویستیی ئۆمابا بەهۆی بەرزکردنەوەی دروشمی “گۆڕان”و ئەو خۆشباوەڕییەی کە لەنێو خەڵکی ئەمریکاو چینە زەحمەتکێشەکانی جیهاندا دروستی کردووە. لە ڕوانگەی چینی بۆرژوایی ئەمریکاو هەردوو حزبی دیموکراتخوازو کۆمارییشەوە کەسایەتیی ئۆباما پێویستییەکی هەنووکەییو چارەنووس ساز وێناکراوە بۆ ئیدارەکردنی سیاسەتو ستراتیژی ئەمریکاو چینی بۆرژوازی ئەمریکایی دوای شکستی سیاسەتی ملهوڕی سەربازی لە عێراق. ڕۆڵی ئۆباما بە پلەی یەکەم ئیدارەدانی ستراتیژی نوێی ئەمریکاو پێڕەوکردنی ستراتیژی هاوسەنگ ڕاگرتنی جیهانو شکاندنەوەی ئاکامەکانی قەیرانی ئابووری جیهانە بەسەر چینی کرێکارو توێژە کەمدەرامەتەکانی ئەو ووڵاتەدا.
چاوەڕووانیی:
چەند مانگێکە جیهان لە ئاستی سیاسیدا بە توندی کەوتۆتە ژێر کاریگەری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکاوە. سەرتاپای خشتەو کایەکانی سیاسەتی جیهانی بە سەرجەمی کاراکتەرەکانیشیەوە چوونەتە حاڵەتی چاوەڕوانییەکی قووڵەوەو بە ووردی چاودێری کەمپینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکاو ئاماکامەکانی ئەکەن. ئەم چاوەڕوان ڕاوەستانە بەدیار ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکاوە واقعیەو لەجیی خۆیدایە. چونکە ئەمریکا دەوڵەتێکی گەورەی ئیمپریالیستییە. لە هەمان کاتیشدا زلهێزێکی گەورەو کاریگەری جیهانەو ڕۆڵو کاریگەری سەرەکیشی هەیە لە داڕشتنی سیاسەتی جیهانیو لە دیاریکردنی مەیدانەکانی ڕووبەڕوو بوونەوە سیاسیو کۆمەڵایەتیو تەنانەت سەربازییەکانیش.
هۆکاری سەرەکی ئەم حاڵەتی چاوەڕوانییەی جیهان لە چەند خاڵێکی گرنگدا خۆی ئەنوێنێت؛ یەکەم، ئەمریکا خۆی دەوڵەتێکی گەورەو کاریگەرە لە ئاستی جیهاندا. دووهەم، جیهان خۆی یەکپارچە کەوتۆتە دۆخی ئاڵو گۆڕو وەرچەرخانی سیاسیو کۆمەڵایەتییەوە، وەکو دەرەنجامی ناکۆکییەکانی سیستەمی سەرمایەدای. ساڵی ڕابردوو جیهانی عەرەبی دوو شۆڕشی کۆمەڵایەتی بێوێنەی لە دوو ووڵاتی تونسو میسردا بەخۆیەوە بینییوە کە نەک هەر جیهانی عەرەبیو خۆرەڵاتی ناوەڕاست، بگرە ئەمریکاو ئەوروپایشی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. ڕەوشی شۆڕشگێڕانە لە تونسو میسر ئومێدو ئارەزووی پەژموردەی چینی کرێکارو توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگاکانی جیهانی بە پێویستی شۆڕشو دەستبردن بۆ کارو سیاسەتی شۆڕشگێڕانە جارێکی تر گەشاندەوە. مەوداکانی ئەم وەرچەرخانە لە باکوری ئەفریقاو لە خۆرەڵاتی ناوەڕاستدا سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوەو ڕیزبەندی هێزە سیاسییە جیهانییەکانی بەرەوڕووی قەیرانو گرێو گۆڵی کۆمەڵایەتیو سیاسی تازەو چارەنووس ساز کردۆتەوە. هەروەها جووڵانەوەی داگیرکردنی وۆڵ ستریت لە ئەمریکاو بزوتنەوەی ئاکیوپای، ناڕەزایەتیو مانگرتنە کرێکارەکانی ئەوروپاو خۆپیشاندانەکانی یۆنان، ئیسپانیا، ئیتالیاو فەڕەنسا خەباتی چینایەتی کرێکارانی بەدژی سەرمایەداری بردۆتە ئاستێکی باڵاترەوە. سێهەم، خۆشباوەڕییەکی فراوان کە لە ئاستی جیهاندا جێکەتووە بە تواناییو ئاستی بڕشتی سیاسەتی ئەمریکا وەکو دەوڵەتێکی گەورەی جیهانی بۆ وەڵامدانەوە بە کێشەو مەسەلەو گرێو گۆڵەکانی ئەمریکاو جیهان. هەروەها خۆشباوەڕی بە خودی کەسایەتی ئۆباما لە سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئەمریکادا.
خۆشباوەڕی بە ئۆباما:
داستانی ئەم خۆشباوەڕییە بە ئەمریکاو ئۆباما ئەمەیە، کە گوایا ئەم دوو کاراکتەرە لێکهەڵپێکانیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ووڵاتەدا دەسەڵاتو تواناییەکی جادوگەریی لە دەستی ئۆبامادا کۆئەکاتەوە کە توانایی وەڵامدانەوەی ئەفسانەییو ساحرانەی ئەبێت بۆ گرێو گۆڵەکانی جیهان، بە قەیرانی ئابووری ئەمریکاو ئەوروپا، کێشەو پرسە هەڵواسراوەکانی چەشنی فەلەستین- ئیسرائیل، لوبنان، قەیرانی حکومەت لە عێراق، قەیرانی ئەتۆمی ئێرانو مەسەلەی کوردو جەنگی سوریاو کێشەی پەکەکەو تەنانەت لەنێو ڕۆشنبیرانی ناسیونالیستی کوردیشدا بڵاوە گوایا پرسی دەوڵەتی کوردی بۆ گشت پارچەکانی کوردستانیش بۆتە یەکێکی تر لە گرفتاریەکانی خۆرەڵاتی ناوین.
یەکەمین کاردانەوەی بەرجەستەبوونی ئەم خۆشباوەڕییە، ڕاگەیاندنی خۆشحاڵی کۆبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا بوو لە شاری دەوحەی ووڵاتی قەتەر بە سەرکەوتنی ئۆباما. پێئەچێ ئۆپۆزیسیۆنی سوریا ئومێدو ئیرادەیەکی زیاتریان لا دروست بووبیت گوایا بە سەرکەوتن بەسەر ڕژێمی بەشار ئەسەددا بەشێوەیەکی جادویی بەهۆی بردنەوەی کێبەڕکێی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەلایەن ئۆباماوە.
بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی سوریاو حزبو شاخە کوردیەکانی ئەو ووڵاتە ئەو کاراکتەرانەن کە ئەمریکا لەڕێیانەوە بەنیازە سووریا لە میحوەری ئێران دەربهێنێتو بیخاتە سەر میحوەری تورکیا- سعودیە- قەتەر، ئەگەر بەنرخی دەیان هەزار قوربانیو داڕمانی بنەماکانی کۆمەڵگای شارستانیش بۆی تەواو بێت. بەگوێرەی لۆژیک ئەمە کارێکی سەختو درێژخایەن ئەبێت لەنێو ئەجێندای ئەمریکادا کە بڕیارە لە چوار ساڵی داهاتوودا ئۆباما کار لەم پڕۆژەیەدا بکات. ئۆباما دوای سەرکەوتنی ئێستا ئیمکاناتی تازەی لەبەر دەستدایە بۆ بردنەپێشی ستراتیژی نوێی ئەمریکا لە خۆرەڵاتی ناوەڕاستدا. یانی کارکردن بۆ بەرقەرار بوونی هاوسەنگییەک لە ناوچەکەدا لەجێگای نەهجی زەبری سەربازی کۆمارییەکان. خۆشباوەڕی بە ئەنجامدانی کاری جادووگەریانە لەلایەن ئۆباماوە ئەو ئیمکانیاتەی بۆ هەموار ئەکات سەرەڕای فاکتۆری گرنگی دیکەش. بەڵام فاکتۆری کات بۆ ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکاریانە سەرچاوەی خۆشباوەڕی زۆر ترە کە بەشو لقەکانی تری بۆرژوازی لە ئاستی لۆکاڵو ناوچەییدا ئەتوانن لە نێو جەماوەری خەڵکی کرێکارو دەستتەنگی کۆمەڵگاکاندا بیچێنن.
لادانی بژارەی سەربازی:
لەو ڕووەوە کە ئێران جێگاو ڕۆڵێکی ستراتیژیو کاریگەری هەیە لە خۆرەڵاتی ناویندا، وە ناوەندی سیاسەتی ئەو ناوچەیە پێکئەهێنێت کە لەژێر دەستی ئیسلامی سیاسیدایە، ستراتیژی نوێی ئەمریکا ئەخوازێت کە بژارەی سەربازی بخاتەلاوەو گەمارۆی ئابووری بەکار بهێنێت بۆناچارکردنی ئێران بە نزیکبوونەوە لە میحوەری ئەمریکا. بەتایبەت کە ئیسلامی سیاسی براوەی سەرەکییە لە پێشهاتەکانی جیهانی عەرەبیدا. وە ئەمریکاو ڕۆژئاواش وەکو نوێنەری ئاییندەی چینی بۆرژوازی جیهانی عەرەبیو خۆرەڵاتی ناوین قبوڵیان کردووە.
بەڵام زۆرێک لە دەستەو تاقمی قەومپەرستی کوردی نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، ئەگەر چی تائێستا ئومێدی خۆیان لەسەر هێرشی سەربازی ئەمریکاو ئیسرائیل هەڵچنیبوو بۆ سەر ڕژێمی ئیسلامی ئێران، هەتا بە عێراقیزەکردنی ئێران بەنانو نەوایەک بگەن، بەڵام بێ سێو دوو بەشێوەی ئۆتۆماتیکی ئومێدەکانیان لێرە بەدواوە گرێئەدەنەوە بە سیاسەتی گەمارۆی ئابوورییەوە کە بژارەی سەرەکی ئۆباماو دەوڵەتی ئەمریکا ئەبێت لەجێگای گورزی سەربازی. چونکە لە سیاسەتی نوێی ئەمریکادا بەتایبەتی دوای شکستی کۆماریەکان، ڕێگاچارەی سەربازی لەلایەن ئۆباماوە خراوەتە کەنارەوە. ئەگەرچی سیاسەتی برسی کردن لەڕێی گەمارۆی ئابوریەوە، سیاسەتێکی کۆمەڵکوژی شێنەییەو دەستی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانیش واڵاتر ئەکات بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازیو بزووتنەوەی سەرنگومیی ڕژێمی ئیسلامی ئێران.
تەنگژەی سیاسی عێراقو چارەنووسی حکومەتو دەسەڵاتداری لەو ووڵاتە بەسراوەیە بە چارەنووسی سوریاو ئێرانەوە. چونکە لەگەڵ شکستو پاشەکشەی ئەمریکا لە عێراق، ئێران بۆشایی سیاسی ئەو وولاتەی لەبەرژەوەندی خۆی قۆستەوەو پێگەی خۆی لەو ووڵاتە لەڕێگای هێزە شیعییەکانەوە پتەوتر کردووە. لەم چەند مانگەی چاوەڕوانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، نووری مالکی بە هاندانی ئێران دەستی داوەتە کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتەکان لەژێر چنگی خۆیدا لە ناوەند، لە لایەکی تریشەوە بۆتە پردی گەیاندنی هاوکاری سەربازیو لۆجیستیکی ئێران بۆ ڕژێمی ئەسەد.
مەسەلەی کورد:
پرسی کوردیش لە مێژە لەلایەن ئەمریکاو زلهێزەکانی تری جیهانەوە وەکو کێشەو مەسەلەی ناوخۆیی ئەو ووڵاتانە سەیرکراوە کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە. هاتنەئارای هەرێمی کوردستان دەرەنجامی ملهوڕی سەربازی ئەمریکا بوو لە عێراق کە ئێستا وەها نەماوە. هەڵوێستگیری پارتی دیموکراتو یەکێتی نیشتمانی سەبارەت بە پرسی کورد لە تورکیاو سوریا باشترین بەڵگەی ئەم حوکمەیە.
لە پەیوەند بە مەسەلەی کوردەوە لە هەر چوار پارچەکەی کوردستانیش، سەرەڕای واقعی بوونی تایبەتمەندی کێشەی کورد لە هەر یەک لەو ووڵاتانەدا، ئیمکانی بازدان بەسەر ئەو واقعەدا بۆ هیچ کەسێک لەئارادا نییە. بە تایبەتیش پرسی هێنانەپێشی دەوڵەتی کوردیو ئەویش بۆ کوردستانی گەورە، جگە لە بانگەشەیەکی پانکوردستانی باڵە ناسیونالیستییەکانی نزیک لە پەکەکە لەپێناو برەودان بە خۆشباوەڕی قەومیو باوەشێن کردنی بەرچاوتەنگی نەتەوەپەرستانە هیچی تر نییە. خەڵکی کوردزمان لە گشت پارچەکانی کوردستاندا دەبێ ڕاچڵەکێنو چیتر فریوی بانگەشەی حزبە قەومییەکان نەخۆن کە ڕزگاربوونی کوردیان گرێداوە بە نییەتی ئەمریکاوە لە نەخشەی نوێی خۆرەڵاتی ناوەڕاستدا. واقعی ترو لۆژیکیانەتر دەبێ جیهانی ئێستا بخوێنرێتەوە. جیهان دوای نەمانی هەژموونیی ئەمریکا، پێویستی بە هاوسەنگییەکی جیاواز هەیە لە ڕابردوو. هێشتا ئۆباماو ئەمریکا سەرقاڵی قەرەبوو کردنەوەی زەرەرو زیانو داخزانی پێگەی ئەمریکان لە خۆرەڵاتی ناویندا. بەم حاڵەیەوە چۆن ئەکرێت پرسی باسکردن لە دەوڵەتی کوردی بخرێتە بەردەم ئۆباما، چی جای ئەوەی دڵی پێ خۆش بکرێت!
پارتیو سیاسەتی دووفاقی:
پارتی دیموکراتییش لە هەرێمی کوردستان وەکو سەنتەری هێزە کوردیەکانی عێراق مامەڵە ئەکاتو ئەرکی خۆی وەکو ئەندامی میحوەری ئەمریکا تورکیا سعودیە لە سوریا جێبەجێ ئەکات. هاوکاری ئۆپۆزیسیۆنی سوریاو هێزە کوردیە دژبەرەکانی سوریاو پەکەکە ئەکات بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەی هەرێمی کوردستان دووبارە نەکەنەوە. بەڵێنی بە تورکیا داوە هەرێمێکی تر لە سوریا بۆ کوردەکان دروست نەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا کە لەنێوخۆی عێراقدا ماوەیەکی درێژە تەنگژەی توند کەوتۆتە نێوان بارزانیو مالکییەوەو کار گەییشتۆتە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە ناوچەکانی کەرکوکو خانەقین، بەڵام پارتی پردی پەیوەندی لەگەڵ ئێران ئەبەستێ. نێچیرەوان بارزانی لەگەڵ وەفدێکی پارتیدا سەردانی تارانی کردووەو بەدواشیدا وەفدێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. بڕیارە مەسعود بارزانیش سەردانی ئێران بکات. هەروەها دەوڵەتی تورکیا نێچیرەوان بارزانی بانگێشت کردوە بۆ ئانکەرە. نێچیرەوان بارزانی بانگێشتی ئەحمەدی نەژادی کردووە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
ئەگەرچی لە ڕاگەیاندنەکانەوە ناوەرۆکی ئەم سەردانانەی سەرکردەکانی پارتی زۆرتر وەکو مامەڵەی بازرگانیو گۆڕینەوەی هاوکاریی هاومەرزبوون وێنائەکرێتو بارە سیاسییەکەی کەمڕەنگ ئەکرێتەوە، بەڵام گەرموگوڕی ناوچەکە لەڕووی سیاسییەوە بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنەوەی ئۆباما بە سەرۆکی ئەمریکا، ئەم چاوشارکێیەی پارتی لەگەڵ ڕایگشتی کوردستان دەردێک تیمار ناکات. ئەم هەڵوێستە دووفاقییەی پارتیو مەسعود بارزانی ئاماژەی بەرچاون بۆ بێئاسۆیی حزبەکانی جووڵانەوەی کوردایەتیو ئاییندەی ئەم هەرێمە لەنێو هاوسەنگییەک کە ئەمریکاو ئۆباما بەنیازن بەرپای بکەن لە خۆرەڵاتی ناویندا. بەدیاریکراویش هانابردن بۆ لای ڕژێمی ئیسلامی ئێران، کە سەنتەری پڕۆژە نوێیەکەی ئۆبامایە بۆ کارکردن تیایدا، بەڵگەن بۆ دوودڵیو بێئومێدیی پارتی لە میحوەری ئەمریکا-تورکیا- سعودیە. لەم نێوەدا یەکێتی نیشتمانی محافەزەکارەو زیاتر دوای ڕووداوەکان ئەکەوێو چاوەڕێی ئاکامی پێشهاتەکانەو کەمترین ڕۆڵی بەرچاو ئەکەوێت.
١٤نۆڤەمبەر٢٠١٢
حەمە غەفور
hamagafur@gmail.com