برینه‌کانی که‌رکووک هه‌میشه ده‌کولێنرێنه‌وه
چه‌ند مانگێکه، حوکوومه‌ته‌که‌ی نووری ئه‌لمالیکی، سه‌رۆکوه‌زیرانی عیراق، سه‌رقاڵی دامه‌زراندنی هێزێکی سه‌ربازییه، که به بۆچوون و نه‌خشه‌ی خۆی و هاوبیرانی، پارێزگاریی ئاسایش و ئارامیی ئوستانه‌کانی که‌رکووک، تکریت و دیاله بکات. مالیکی ئه‌و هێزه‌ی دامه‌زراندوو و ڕه‌وانه‌ی ئه‌و دهڤهرانهیشی کرد. له خورماتووه‌وه ده‌ستپێکرد و خودا ده‌زانێ له کوێ ته‌واو ده‌بێ! ئه‌و هێزه ناوی دیجله‌ی لێنراوه و ئه‌و دهڤهرانهیشی له‌شکری دیجله‌ی بۆ نێردراوه و ده‌نێردرێ، ڕێک ئه‌و ناوچه دابڕێنراوانه‌ی کوردستانن، که نه‌گه‌ڕاونه‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.
بیرۆکه‌ی دامه‌زراندنی هێزی دیجله له کن نووری ئه‌لمالیکی، بیرۆکه‌یه‌ک نییه هه‌ڵقوڵاوی دوێنێ و ئه‌مڕۆ بێت، به‌ڵکه ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کی کۆنتر و له‌مێژینه و قووڵتری، له سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی عیراقدا هه‌یه. له‌شکری عیراق، هه‌رچه‌نده کورد بۆ خۆی له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه تا ئه‌مڕۆ نۆره‌یه‌کی مه‌زنی له دامه‌زراندن و به‌هێزکردن و ژیاندنهوهیدا هه‌بووه و هه‌یه، له‌ژێر فه‌رمانده‌ی هه‌ر که‌سێکدا بووبێت و به هه‌ر ناوێکه‌وه بووبێت، له‌وه‌تی هه‌یه، له ساڵانی 1920کانه‌وه، هه‌میشه چه‌کمه‌ی له‌سه‌ر سنگی خه‌ڵکی کورد بووه و هه‌میشه خاکی کوردستانی کردووه‌ته ئامانج و هه‌میشه به گیانی داگیرکردن و تاڵانی و سووتاندنی خاک و وێرانکردنی وڵاته‌وه هاتووه بۆ کوردستان. ڕه‌نگه ئه‌و له‌شکره له 2003وه و له دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه، ئیدی بڕێک پشوویه‌کی به خۆی دابێ و به‌و جۆره ڕووی له کوردستان نه‌کردبێ، به‌ڵام نه‌کردنی ئه‌و کاره ناکاته ئه‌وه‌ی، که بیرۆکه‌ی داگیرکردن و ئه‌نفال و سه‌رکوتکردنی کورد، له کن به‌رپرسانی به‌غدا نه‌مابێ.
بیرۆکه‌ی هێرشکردن و داگیرکردن، له مێشکی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدادا هه‌ر ماوه، چونکه ئه‌وان تێگه‌یشتنیان بۆ چه‌مکی ده‌وڵه‌ت، هه‌ر تێگه‌یشتنه نه‌ریتییه‌که‌یه، که بڕوای به ده‌وڵه‌تێکه، ته‌واوی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست ناوه‌نده‌وه بێت و هه‌موو وڵات له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی ناوه‌نددا بێت. بوونی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک یه‌که‌یه‌کی کارگێڕی به ناوی فیدرالییه‌وه له وڵاتێک‌دا، که هه‌رێمی دیکه‌ی بێجگه له‌و کوردستانه تێدا نییه، بۆ ده‌سه‌ڵاتی عیراق، وه‌ک دانیشتنه له سه‌ر ڕایه‌خێکی دڕکاوی یا وه‌ک قووتدانی گوێزان و بزماره و قایل‌بوون پێی و قه‌بووڵکردنی، کارێکی ئاسان نییه. فیدرالییه‌ک، که کورد”هیچ نه‌بێ خه‌ڵکی کورد” بیری لێ ده‌کاته‌وه، فیدرالییه‌که له‌سه‌ر بنه‌مای دوو نه‌ته‌وه و دوو خاک، عه‌ره‌ب و کورد، عیراق و کوردستان پێک دێت، لێ له باشترین حاڵ‌دا، ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا، ئه‌گه‌ر بیر له فیدرالییش بکاته‌وه، ئه‌وا فیدرالییه‌که، وه‌ک فیدرالی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌ڵمانیا و ئه‌وانه ده‌بێنێت، واته: فیدرالییه‌ک ته‌نیا له ڕووی کارگێڕییه‌وه بڕێک سه‌ربه‌خۆیی به ئوستانه‌کان یا چه‌ند ئوستانێکی یه‌کگرتوو بدرێ، که ئه‌وه‌ش هیچ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ نانێوه‌نده‌کی”اللامرکزیة”یه‌که‌ی عه‌بدوسسه‌لام عارفدا نییه.
که‌رکووک، دیاله و تکریت، ئه‌و سێ ئوستانهن، که به‌شی زۆری خاکه‌که‌یان له باشووری کوردستان دابڕێنراون. بێجگه له‌و سێ ئوستانه، ئوستانی مووسڵ و بڕێکی کووت و بڕێکی عه‌ماره‌ش، له خاکی کوردستان و خه‌ڵکی کوردستان دابڕێنراون. به‌رینایی و پانایی ئه‌و ده‌ڤه‌ره دابڕێنراوانه‌ی کوردستان، له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی، که هه‌رێمی کوردستانی”دهۆک، هه‌ولێر و سلێمانی” لێ پێکهاتووه زیاتره. دوای 2003 و ڕووخانی سه‌ددام حوسه‌ین و ڕێژیمه‌که‌ی، ده‌بوو رێبهریهتیی سیاسیی کورد، یه‌که‌م کارێک و یه‌که‌م هه‌نگاوێک، که بیری لێ کردباوه و هه‌ر پێشتر نه‌خشه‌ی بۆ دانابا و ئاماده‌یی بۆ کردبا و خه‌ڵکی کوردستانی بۆ ڕاهێنابا، گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه بوو، که گرنگترین کارێک بوو، ده‌بوو کرابا. سه‌رکردیه‌تیی سیاسیی کورد، ئه‌وه‌ی نه‌کرد و له‌بری ئه‌وه، وه‌ک حیزب و وه‌ک چه‌کداری حیزب و هه‌رکه‌سه‌و بۆ خۆی و بێ هاوئاهه‌نگیی، ڕوویان له‌و ده‌ڤه‌رانه کرد. ئیدی تاڵان و چه‌پاو و شاردنه‌وه‌ی فایلی پێوهنددارانی نێو حیزبه‌کان له‌گه‌ڵ حوکوومه‌تی به‌عس و ده‌ستگا سیخوڕییه‌کانیدا، یه‌کێک بوو له کاره هه‌ره گرنگ و خێراکان، که حیزبه کوردییه‌کان و چه‌کداره‌کانیان ئه‌نجامیان دا. به‌وه ئه‌و ده‌ڤه‌رانه له‌بیر کران و درانه ده‌ست ڕۆژگار و چاره‌نووسی نادیاره‌وه. له‌بری دروستکردنی کوردستان و گێڕانه‌وه‌ی ته‌واوی دهڤهرهدزراوهکانی و ماڵی خۆ قایمکردن، سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسیی کورد”کوچک له ئاگر گه‌رمتر” که‌وته هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌کی ماندوویینهناسانهوه بۆ دروستکردنه‌وه‌ی عیراق، که دوای ڕووخانی به‌عس، داری به‌سه‌ر به‌ردییه‌وه نه‌مابوو. موعه‌ممه‌ر ئه‌لقه‌ززافی، یادی به‌خێر، هه‌ر ئه‌وده‌م گوتی، کورد له شاییه‌که، به‌بێ نۆک هاتنه ده‌رێ، مه‌به‌ست ئه‌وه بوو کورد هیچیان نه‌کرد و “ده‌ست له گونان درێژتر” له‌و پاشاگه‌ردانییه‌دا، که سه‌گ ساحیبی خۆی نه‌ده‌ناسی و وڵات بێ خاوه‌ن بوو، هیچیان به هیچ نه‌کرد و نه‌یانتوانی ماڵی خۆیان دروست بکه‌ن. ئه‌وان عیراقیان دروستکرده‌وه و کوردستانیان دایه‌وه ده‌م عیراقه‌وه! ئه‌وان له‌شکری عیراقیان دروستکرده‌وه، که ده‌بوو هه‌رگیز دڕنده‌یی ئه‌و له‌شکره له‌بیر نه‌که‌ن و زارۆکه‌کانیان و نه‌وه‌کانیشیان له دڕنده‌یی و نامرۆڤایه‌تی و هۆڤیهتیی ئه‌و له‌شکره ئاگادار بکه‌نه‌وه، لێ مخابن، نه‌ک هه‌ر له‌بیریان نه‌کرد، به‌ڵکه بۆنه هۆی دروستکردنه‌وه‌ی و شانازی‌کردن به دروستکردنه‌وه‌ی! دهڤهرگهلی دابڕێنراو به دابڕاوی مانه‌وه و وه‌ک پینهوپهڕۆیهک بۆ ئه‌و ڕه‌وشه مادده‌ی 58 و دواتر مادده‌ی 140 له ده‌ستووری عیراقدا دانرا، گوایه به‌وه کێشه‌ی ئه‌و ناوچانه چاره‌سه‌ر ده‌کرێت.
ساڵانێکه مادده‌ی 140 وه‌ک کراسه‌که‌ی عوسمانی لێهاتووه. له هه‌موو بۆنه و بوار و ده‌رفه‌تێکدا، له لایه‌ن کورده‌وه، باسی لێوه ده‌کرێ و به ده‌رمانێکی سیحری و یه‌کاویه‌کی چاره‌سه‌رکردنی ته‌واوی ده‌رده‌کانی عه‌ره‌باندن و گێڕاندنه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ره دابڕێنراوه‌کانی کوردستان داده‌نرێت. مادده‌ی 140 وه‌ک مادده‌یه‌کی قانوونی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی تێکدانی نه‌خشه‌کانی ئوستانه‌کانی عیراق، که له لایه‌ن ڕێژیمی به‌عسه‌وه ئه‌نجامدرابوو، هاته گۆڕێ. ڕێژیمی به‌عس سنووری به‌شێک له ئوستانه‌کانی عیراقی گۆڕیبوو و هه‌ندێ شارۆچکه و ناوچه و گوندی له‌م ئوستانه‌وه خستبووه سه‌ر ئوستانێکی دیکه و لهئوستانێکی دیکه‌وه بڕێکی لێدابڕیبوو و به ئوستانێکی دیکهیهوهی نووساندبوو. وه‌ها گۆڕانێک به‌شێک له ئوستانه‌کانی عه‌ره‌بساتنی عیراق و کوردستانی به‌رکه‌وتبوون.
گۆڕینی ئه‌و ئوستانانه له عیراق، به کوردستانهکهیشییهوه، تا ئێره، وه‌ک یه‌ک کار و یه‌ک کارڕایی و یه‌ک کرده و یه‌ک ڕه‌وش، دێته به‌رچاو، لێ له‌نێوان گۆڕینی سنووری ئوستانی تکریت و ڕه‌مادی و که‌ربه‌لای عه‌ره‌بستانی عیراق و که‌رکووکی کوردستاندا، جیاوازییه‌کی یه‌کجار زۆر هه‌یه و دوو ڕه‌وشی ته‌واو جیاواز و له‌یه‌ک دوورن. گۆڕینی نه‌خشه‌ی که‌ربه‌لا و ڕه‌مادی و تکریت، ته‌نیا گۆڕینێکی جیۆگرافییه و چ پێوه‌ندێکی به خاک و نه‌ته‌وه و زمان و فه‌رهه‌نگ و مێژووه‌وه نییه، به‌ڵام گۆڕینی که‌رکووک، گۆڕینی خاک، مێژوو، زمان، فه‌رهه‌نگ و نه‌ته‌وه‌یه و له‌سه‌ر حیسابی ته‌واوی ئه‌وانه‌یه. که‌رکووک، بۆ ئه‌وه‌ی له مێژوویه‌کی کوردستانی و له فه‌رهه‌نگێکی کوردی و له زمانی کوردی و له خاکی کوردستان و له نه‌ته‌وه‌ی کورد داببڕدرێت، گۆڕینی تێدا کراوه. که‌رکووک گۆڕدرا بۆ ئه‌وه‌ی کوردستانیه‌تی لێ بسێندرێته‌وه و له کوردستانیه‌تیی بسڕدرێته‌وه. ڕه‌مادی یا که‌ربه‌لا، ئه‌گه‌ر ئاواییه‌کی ئه‌م خرابێته سه‌ر ئه‌و و چه‌مێکی ئه‌و خرابێته سه‌ر ئه‌م، چ گۆڕانێک له نه‌ته‌وه و مێژوو و فه‌رهه‌نگ و زمانی خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه و خاکه‌که‌یاندا نه‌هاتووه‌ته گۆڕێ.
مادده‌ی 140 ته‌نێ ڕاپرسی و ده‌نگدان نییه له سه‌ر هه‌ڵبژاردنی عیراق یا کوردستان له‌لایه‌ن کهرکووکییانهوه، به‌ڵکه پێش ده‌نگدان، ده‌بێ ڕه‌وشی که‌رکووک و جیۆگرفیای که‌رکووک بگێردرێته‌وه بۆ باری پێش عه‌ره‌باندن و به‌عساندن و له‌تله‌تکردنی که‌رکووک. ده‌بێ شارۆکه‌کانی کفری، که‌لار، خورماتوو و چه‌مچه‌ماڵی له که‌رکووک دابڕێنراو، به ته‌واوی گونده‌کانیانه‌وه، بگێردرێنه‌وه سه‌ر که‌رکووک. ده‌بێ عه‌ره‌بی ده‌هه‌زاری و ئه‌وانه‌ی له که‌رکووک و ناوچه‌کانی سه‌ر به که‌رکووک چێنراون و ئه‌وانه‌ی له ساڵانی پێش 1968ه‌وه هه‌نارده‌ی که‌رکووک کراون، بگێڕدرێنه‌وه بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی لێیه‌وه هاتوون. ده‌بێ ئه‌و کورد و تورکمانانه‌ی له که‌رکووک وه‌ده‌رنراون، هه‌موو بگێردرێنه‌وه بۆ که‌رکووک. ده‌بێ ته‌واوی زه‌وی و خاک و ماڵ و هه‌موو شتێکی داگیرکراوی کورد و تورکمانانی که‌رکووک، که عه‌ره‌ب بردوونی، بگێردرێنه‌وه بۆ خاوه‌نه‌کانیان. ده‌بێ هیچ شوێنه‌وارێکی به‌عساندن و عه‌ره‌باندن له که‌رکووکدا نه‌هێڵرێ و بنبڕ بکرێ. دوای ته‌واوی ئه‌و کارانه ئه‌وجا ده‌نگدانه‌که بکرێ. ئه‌و کارانه‌ی، که ده‌بێ پێش ئه‌نجامدانی ده‌نگدان بکرێ، هیچی نه‌کراوه. عه‌ره‌ب هه‌ر له جێگه‌ی خۆیانن و ڕۆژانه زیادیش ده‌که‌ن. ناوچه دابڕاوه‌کانی که‌رکووک، که بڕێکیان له بنده‌ست ده‌سه‌ڵاتی کورد خۆیدان، که ده‌بوو هه‌ر ده‌سبه‌جێ دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس بخرابانایهوه سه‌ر که‌رکووک، هێشتا نهگهڕێنراونهوه و هێشتا سه‌ر به سلێمانی(که‌لار، چه‌مچه‌ماڵ) و دیاله(کفری، خانه‌قین) و تکریت(قادرکه‌ره‌م، له‌یلان)ن نه‌ک سه‌ر به که‌رکووک. شوێنه‌واری عه‌ره‌باندن نه‌سڕاوه‌ته‌وه و زه‌وی و موڵکی داگیرکراوی کورد و تورکمان تا ئێستا وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه. تا ئێستاش خه‌ڵک نازانن ئه‌و ده‌نگدانه‌ی، سه‌رانی کورد و مادده‌ی 140 باسی لێوه ده‌که‌ن کوێ ده‌گرێته‌وه! ئایا ته‌واوی ئوستانی که‌رکووکی جاران(که‌رکووکی ئێستا + که‌لار، کفری، چه‌مچه‌ماڵ و خورماتووی دابڕێنراو) ده‌گرێته‌وه یا ئوستانی که‌رکووکی ئێستای عهرهبێنراو و له‌تله‌تکراو ده‌گرێته‌وه یا ته‌نێ شاری که‌رکووک ده‌گرێته‌وه!
سه‌رانی کورد، به مۆرکردنی مادده‌ی 140، هه‌رچۆنێکیش بخرێته کاره‌وه و ئه‌نجام بدرێ، ددانیان به‌وه‌دا نا و چوونه ژێر باری ئه‌وه‌ی، گۆڕانگهلێک به سه‌ر که‌رکووکدا هاتوون، ڕێک وه‌ک ئه‌و گۆڕانانه‌ن، که به سه‌ر ڕه‌مادی و که‌ربه‌لادا هاتوون. به‌و کاره، کێشه‌ی که‌رکووک و کێشه‌کانی ڕه‌مادی و که‌ربه‌لا، یه‌کسان کران و وه‌ک هاوتایه‌ک ته‌ماشاکران. مۆرکردنی مادده‌ی 140، که سه‌رانی کورد پێیانوایه ده‌سکه‌وتێکی زۆر مه‌زن و سه‌رکه‌وتنێکی گه‌لێک گه‌وره‌یان بۆ کورد، مۆر کردووه و وه‌ده‌ستهێناوه، دداننانێکه به‌وه‌ی، که سه‌رانی کورد گومانیان له کوردستانیه‌تی که‌رکووک هه‌یه! چونکه به گوێره‌ی ئه‌و مادده‌یه ده‌بێ ڕاپرسی و ده‌نگدان له‌سه‌ر که‌رکووک بکرێ، که ئایا خه‌ڵکی که‌رکووک ده‌یانه‌وێ که‌رکووک له‌گه‌ڵ عیراقدا بمێنێته‌وه یا بخرێته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی که‌رکووک بڕیاریاندا، که‌رکووک نه‌خرێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، ئیدی کورد، به ڕای سه‌رانی کورد، که هه‌میشه جه‌خت له سه‌ر قایل‌بوون و پابه‌ندبوونیان به بڕیاری خه‌ڵکی که‌رکووکه‌وه ده‌که‌ن، ده‌بێ ده‌ستبه‌رداری که‌رکووک ببێت!
ده‌نگدان له سه‌ر کوردستانیه‌تیی که‌رکووک، که سه‌رانی کورد زۆر به دڵنییاییه‌وه داکۆکی لێ ده‌که‌ن و هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن و زۆریان پێ گرنگه، “دیاره ده‌نگدانه‌که، نه‌ک که‌رکووک” باوه‌ڕنه‌بوونه به کوردستانیه‌تیی که‌رکووک، ده‌نا تۆ ئه‌گه‌ر که‌رکووک به کوردستان بزانیت و به ماڵی خۆتی بزانیت، هه‌رگیز ده‌نگدانی له سه‌ر ناکه‌یت. هیچ خاوه‌ن ئاوه‌زێک له‌م جیهانه‌دا ده‌نگدان له سه‌ر ماڵی خۆی و شتێک به هی خۆی و موڵکی خۆی بزانێت ناکات. ده‌نگدان له سه‌ر کوردستانیه‌تیی که‌رکووک ده‌رگه ده‌خاته سه‌ر پشت بۆ ده‌نگدان له سه‌ر عه‌نکاوه و هه‌رمۆته و جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌پپه و مه‌نده‌لی و گومار(گوندێکی تورکماننشینه له ده‌ڤه‌ری کفری) و ده‌یان شوێنی دیکه‌ی مانه‌ندی ئه‌وانه، که جاڕی جیابوونه‌وه‌ی خۆیان له کوردستان بده‌ن و هه‌ریه‌که‌و کۆماری سه‌ربه‌خۆی خۆیان ڕابگه‌یه‌نن.
مادده‌ی 140 په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌شه به توێڵی(ته‌وێڵی، ناوچه‌وانی) سه‌رانی کورده‌وه و مۆرکردنیشی، سڕینه‌وه‌ی مێژوو و تێکدانی نه‌خشه و شێواندنی فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکی کوردستانه.
هه‌ر له دوای مۆرکردنی مادده‌ی 140ه‌وه تا ئه‌مڕۆ، هه‌زاران ماڵه کورد، له‌و شوێنانه‌ی، که ئه‌و مادده عه‌نتیکه‌یه‌ی 140 ده‌یانگرێته‌وه و سه‌رانی کورد گه‌لێک پێی که‌یفخۆشن، وه‌ده‌رنراون. جه‌له‌ولا، حه‌ویجه، مه‌نده‌لی، سه‌عدییه، قه‌ره‌ته‌پپه، خورماتوو، مووسڵ، شه‌نگار، نموونه‌گه‌لێکی زیندوو و له‌به‌رچاون، که سه‌رانی کورد به زه‌قی چاویان لێیه و جووکه‌یان لێوه نایه‌ت.
به ناوی مادده‌ی 140ه‌وه، به ملیاران دۆلار به‌سه‌ر خه‌ڵکدا دهبهشێنرێتهوه. عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندن و داگیرکه‌ری که‌رکووک، پاره‌ی مادده‌ی 140 وه‌رده‌گرن، به ناوی ئه‌وه‌ی ده‌ڕۆنه‌وه بۆ وڵاته‌که‌ی خۆیان(خوارووی عیراق). کورد له سلێمانی و که‌لار و هه‌ولێر دانیشتووه، لێ به ناوی مادده‌ی 140ه‌وه، هه‌زاران دۆلار وه‌رده‌گرێت. سه‌دان جڤین و کۆمیته و گردبوونه‌وه و گه‌شت و کارمه‌ند و مشه‌خۆر، له‌سه‌ر حیسابی مادده‌ی 140 ده‌له‌وه‌ڕێن و گیرفان پڕ ده‌که‌ن و خۆ به سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژاردا باده‌ده‌ن و به‌ڵێنی درۆیان پێ ده‌ده‌ن. سه‌دان خانوو و ته‌لار و ئۆتۆمبیل و ئامێری گرانبه‌ها، ده‌خرێته خزمه‌ت ئه‌وانه‌ی له بازنه و کارگێڕی و پرۆسێسی مادده‌ی 140دا کار ده‌که‌ن. ته‌واوی ئه‌وانه میلیۆنان دۆلار و پاره‌ی خه‌یاڵیی تێده‌چن، به‌ڵام کورد، ته‌نێ پاره وه‌رگرن هیچی دیکه‌یان نه‌گه‌ره‌که. خودای ده‌کرد نه‌ک که‌رکووک، دهۆک و هه‌ولێر و سلێمانییش، داگیر ده‌کران.
سه‌رانی کورد، ده‌یانه‌وێ وا خه‌ڵکی کورد تێبگه‌یه‌نن، که عه‌ره‌ب بۆ خۆیان زۆر پیاوانه ده‌ڕۆنه‌وه و ئه‌و خاکه‌ی داگیریان کردووه، ده‌ده‌نه‌وه خاوه‌نه‌کانی، لێ کێ که‌رکووک جێ ده‌هێڵێت و ده‌ڕواته‌وه بۆ ئه‌و دۆزهخستانهی لێیه‌وه هاتووه. عه‌ره‌ب له که‌رکووک ڕووینران، چێنران، تۆوکران، گه‌رایان دانا. گه‌راکانیان ترووکان و ساڵ به ساڵ زیادیان کرد. ئه‌وان، که هه‌نارده‌ی که‌رکووک کران، په‌یامی گۆڕینی زمان و خاک و فه‌رهه‌نگ و مێژوویان، له‌گه‌ڵ خۆیاندا پێ بوو. ئه‌وان وه‌ک میوان نه‌هاتن. ئه‌وان هاتن بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خۆیان ببنه خاوه‌نماڵ و کورد بکه‌ن به میوان. ئێستا ئه‌وان خاوه‌نماڵن.
سه‌رانی کورد، به مادده‌ی 140، مادده‌یه‌کی بێهۆشکه‌ر و مۆرفینێکیان دایه خه‌ڵکی کورد. به‌و مادده‌یه‌وه خه‌ڵکیان مه‌ست کردووه و ئه‌مڕۆ و سبه‌ی به که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره دابڕێنراوه‌کانی دیکه‌وه ده‌که‌ن.
کورد، چ وه‌ک ده‌سه‌ڵات و چ وه‌ک خه‌ڵک و چ وه‌ک میدی،ا تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌وه پێک نه‌هاتووه، که به‌و ده‌ڤه‌ره دابڕێنراوانه‌ی کوردستان بڵێ: ده‌ڤه‌ره دابڕێنراوه‌کانی کوردستان، یا ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی کوردستان، به‌ڵکه به چه‌ندین جۆر ناو ده‌برێن: “ناوچه ناکۆکی له‌سه‌ره‌کان”، “ناوچه جێناکۆکه‌کان”، “ناوچه کێشه‌له‌سه‌ره‌کان”، “ناوچه کوردییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ریم”، “ناوچه تێکه‌ڵه‌کان”، ته‌واوی ئه‌و ناوانه، هه‌رچه‌نده ڕه‌سمی و قانوونییش بن و هه‌رچه‌نده سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسیی کورد بۆ خۆیشی مۆری کردبێ، بێجگه له ناوچه دابڕێنراوه‌کانی/دابڕاوه‌کانی کوردستان، ناوگه‌لێکن، گومان له کوردستانیبوونی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه ده‌که‌ن و ناوگه‌لێکن، تا ڕاده‌یه‌ک له سه‌ر زاری عیراقییان و خه‌ڵکانی دژه کوردستانیه‌تی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، خۆش دێن. کورد بۆ خۆی نه‌ده‌بوو وه‌ها ناوگه‌لێک به زاریدا هاتبا. ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان، بۆ خۆیانن، که گرنگیی به‌و ناوانه و واتاکانیان ناده‌ن. وشه‌ی هه‌ولێر له‌وه‌تی کورد هه‌یه به‌کار براوه و هیچ کوردێک به شاری هه‌ولێر ناڵێ: ئه‌ربیل، که‌چی هه‌ولێر له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه بووه به ئه‌ربیل و ده‌سه‌ڵات ناتوانێت بیکاته‌وه به هه‌ولێر. له که‌رکووک ئێستاش گه‌ڕه‌کی به‌عس(حي البعث) و گه‌ڕه‌کی قادسییه(حي القادسیة) و گه‌ڕه‌کی عورووبه(حي العروبة) و گه‌ڕه‌کی عه‌سکه‌ری(حي العسکري) و گه‌ڕه‌کی واسیتي(حي الواسطي) و گه‌ڕه‌کی فه‌یله‌ق(الفیلق) و ده‌یان ناوی دیکه‌ی له‌و جۆره، وه‌ک نیشانه‌یه‌کی زه‌قی عه‌ره‌باندن و به‌عساندن و سه‌رده‌می سه‌ددام حوسه‌ین، ماونه‌وه و کورد نه‌یتوانیوه بیانگۆڕێت و زۆر بێشه‌رمانه بۆ خۆیشی، که له میدیاکانی خۆیه‌وه باسی ئه‌و شوێنانه ده‌کات، ڕێک به به‌عس و قادسییه و عورووبه ناویان ده‌بات.
هه‌ڵپه و په‌له‌په‌لی دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له ده‌ڤه‌ره‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌وه و هه‌ناردنی بۆ تورکیا، هه‌نگاوێک بوو و هه‌نگاوێکه، بۆ دابڕان و دوورکه‌وتنه‌وه له که‌رکووک و ده‌ستبه‌رداربوون لێی. ئه‌وان(ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد) به‌و کاره‌یان، که‌رکووکیان فه‌رامۆش کردووه و پێیان گرنگ نییه، چونکه ئه‌وان ته‌نێ له ڕووی ئابووری و خێروبێر و پاره و گیرفان و قازانجه‌وه ده‌نۆڕنه هه‌موو شتێک. ئه‌وان وه‌ک خاوه‌ن کۆمپانیا و سه‌رمایه‌دارێک هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن و ته‌نێ پاره و قازانجیان مه‌به‌سته. بۆ ئه‌وان که‌رکووکی دڵ و قودس، خاک نییه، مێژوو نییه، فه‌رهه‌نگ و خه‌ڵک و زمان نییه، ته‌نێ نه‌وته‌که‌یه، که نه‌وتی خۆیان له هه‌رێمه‌که‌ی خۆیاندا دۆزییه‌وه، ئیدی چش له که‌رکووک و مووسڵیش فت.
پۆڵ برێمه‌ر، فه‌رمانڕه‌وای عیراق دوای ڕووخانی سه‌ددام حوسه‌ین و ڕێژیمه‌که‌ی، ده‌ڵێ:”گێڕانه‌وه‌ی که‌رکووک بۆ ڕه‌وشی پێش عه‌ره‌باندنی له کن بارزانی بووه‌ته ئه‌رکێکی پیرۆز. ئه‌و له گوته‌یه‌کیدا ده‌یگوت:”که‌رکووک قودسی کوردستانه”. پێم گوت:”له جیهاندا یه‌ک قودس هه‌یه و ئه‌ویش به ته‌نیا خۆی هۆی گه‌لێ کێشه‌یه:، پێشنیازم بۆ کرد، ده‌ستبه‌رداری ئه‌و لێکچوواندنه ببێت” . پێموایه لێکچوواندنی که‌رکووک به قودس، ده‌ربڕینی جه‌لال تاڵه‌بانییه و هی بارزانی نییه، هه‌رچه‌نده گرنگیش نییه هی کامیانه، به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه، هه‌ر که‌سێ گوتبێتی، بۆ ئه‌وه گوتراوه، که عه‌ره‌ب هه‌مان ئه‌و کاره به که‌رکووک و کوردستان و کورد بکه‌ن، که ئیسرائیل به قودس و فلستین و فلستینییهکانی ده‌کات، واته: بیرخستنه‌وه و هاندانێکی عه‌ره‌به. ڕێک بۆ ئه‌وه‌ی، کورد که‌رکووک فه‌رامۆش بکات و ده‌ستبه‌رداری ببێت، ده‌نا خۆ هه‌موو که‌س ڕه‌وشی قودس ده‌بینێت و ده‌زانێت چ فهلاکهتێکێتی به‌ده‌ست ئیسرائیله‌وه و ده‌شزانێ هاواری عه‌ره‌ب و موسوڵمانان بۆ قودس ته‌نیا”ئه‌م نانه به‌و ڕۆنه”یه و هیچی دی! وێناکردنی که‌رکووکیش به قودس، چاره‌نووسی که‌رکووک، له چاره‌نووسی قودس، خاستر ناکات!
گێڕانه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ره دابڕێنراوه‌کانی کوردستان، بۆ سه‌ر کوردستان، هه‌رگیز به وتووێژ و دانوستاندن نه‌کراوه و ناکرێت و نایه‌ته دی و کارێکه له ئاسنی سارد کوتان زیاتر له هیچی دیکه ناچێت. ساڵی 1970، بارزانی(مه‌لا مسته‌فا)، چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی، ئیدی به هه‌ر هۆیهکهیهوه بێت، دواخست و دواتر، کێشه‌که هه‌ر وه‌ک خۆی مایه‌وه و ئه‌و ده‌ڤه‌رانه نه‌گه‌ڕانه‌وه سه‌ر کوردستان. به‌ڵام بارزانیی هه‌میشه جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کرده‌وه، که ئه‌گه‌ر کورد جه‌نگ بکات، ده‌بێ له پێناوی که‌رکووکدا بیکات و هه‌میشه‌ش ئه‌وه‌ی ده‌گوته‌وه، که که‌رکووک ئه‌گه‌ر تاکه یه‌ک کوردیشی تێدا بمێنێ، هه‌ر کوردستانه. ئه‌و جه‌ختکردنه‌وه‌یه‌ی ئه‌و له‌سه‌ر خاک و مێژوو و جیۆگرافیا و فه‌رهه‌نگ و زمان بوو. جه‌ختکردنێک بوو، خاک کرابووه بنه‌مای کوردستانیبوونی که‌رکووک. ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کوردستان، ده‌ستیان له جیۆگرافیا و خاک و مێژوو شۆردووه و ئێستای که‌رکووکێکی عهرهبێنراو، که پتر له نیو میلیۆن عه‌ره‌بی تێدایه و له‌توپه‌تکراو، که هه‌ر پاژێکی دراوه‌ته ده‌م ئوستانێکهوه(سلێمانی، تکریت، دیاله) له‌به‌رچاو ده‌گرن و ده‌یانه‌وێ ده‌نگدانی له‌سه‌ر بکه‌ن. تاکه یه‌ک عیراقی ناکورد، به کوردستانیه‌تیی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه قایل نییه و نابێت. ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، وه‌ک مێژووی سه‌ده‌یه‌کی پێکه‌وه‌ژیانی باشووری کوردستان و عیراق سه‌لماندی، ته‌نیا به هێز ده‌گێڕدرێنه‌وه. ساڵی 2003 و کاتێک به‌عس ڕووخا، له‌بارترین و باشترین هه‌ل هاتبووه گۆڕێ، به‌ڵام سه‌رانی کورد به تلیاکی قودس و دڵ، خه‌ڵکی کوردیان مه‌ست کرد و که‌رکووکیان ڕاده‌ستی به‌غدا کرد. حوکوومه‌تی به‌غدا له قایمکردنی جێ پێی خۆی و پتر ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی که‌رکووک، هه‌رگیز سارد نه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵکه به هه‌موو و توانست و هێزێکی خۆیه‌وه، وه‌ک سه‌رده‌می به‌عس و به خۆ لێ گێلکردن و خۆکه‌ڕکردن و چاونووقاندنی، سه‌رانی کورده‌وه، هه‌میشه په‌لوپۆی زیاتر ده‌هاوێ و بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێت.
سیاسه‌تی سه‌رکرده‌یه‌تی کورد به‌رانبه‌ر که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره دابڕێنراوه‌کان، سیاسه‌تێکی چه‌وت و ناڕوون و بێ نه‌خشه بوو. بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، ده‌بوو سیاسه‌تی گێڕانه‌وه‌ی سهنتیمیتر به سهنتیمیتر و میتر به میتر پێڕۆ کرابا. له‌گه‌ڵ کاتدا و هه‌ر جاره ده‌بوو کورد هه‌نگاوێک چووبایه پێش و بسته خاکێکی بگه‌ڕاندایه‌ته‌وه سه‌ر کوردستان. گرتنه‌وه‌ی قهرهتهپپهیهک، جهبارهیهک، سهعدییهیهک، جهلهولایهک یا خورماتوویهک، بۆ کورد چ سه‌ختییه‌کی هه‌بوو و هه‌یه! ئه‌و شوێنانه‌ی، که حوکوومه‌تی به‌غدا خوێنی بۆ ده‌ڕێژی، که‌رکووک و مووسڵن، ده‌نا مه‌گه‌ر خانه‌قینیش نه‌که‌وته‌وه ده‌ستی کورد، ده‌ی خۆ هیچیش ڕووی نه‌دا و حوکوومه‌ت له ئاستی کڕ بوو. ڕانه‌کێشانی مه‌یل و دڵی تورکمان و عه‌ره‌به ڕه‌سه‌نه‌کانی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره دابڕێنراوه‌کان به لای کورددا و پشی پشی و مه‌رایی بۆ عه‌ره‌به هه‌نارده‌کانی که‌رکووک، که ته‌واوی کێشه‌کانی که‌رکووک و هه‌موو کارێکی ته‌قینه‌وه و کوشتن و ڕووخاندن و خراپه‌کاریی له که‌رکووکدا له ئه‌ستۆی ئه‌واندایه و ئه‌وان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، چه‌وتییه‌کی دیکه‌ی هه‌ره مه‌زنی سیاسه‌تی سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسیی کورد بووه، که تا ئه‌مڕۆش درێژه‌ی پێ ده‌درێ.
دامه‌زراندنی هێزی دیجله و ناردنی چه‌ک و هێز و له‌شکر بۆ ده‌ڤه‌ره دابڕێنراوه‌کانی کوردستان، ئه‌گه‌ر سه‌رانی کورد خۆیانی لێ گێل نه‌که‌ن، بۆ یه‌ک شته، ئه‌ویش ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ته‌واوی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه و خستنیانه ژێر ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی به‌غداوه و به‌هێزکردنی ناکوردان و نه‌یارانی کورد له‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا و به‌ره‌به‌ره‌ش هه‌ڵکه‌ندنی کوردانی دانیشتووانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه له جێگه‌ی خۆیان و ناچارکردنیان بۆ کۆچکردن بۆ هه‌رێمی کوردستان. له 2003وه ئه‌و سیاسه‌ته له لایه‌ن به‌غداوه پێرۆ ده‌کرێ. جه‌له‌ولا و سه‌عدییه و مه‌نده‌لی و مووسڵ و خورماتوو و قه‌ره‌ته‌پپه و ده‌یان شوێنی دیکه‌ی کوردستان، کوردبژار ده‌کرێن و کورد لێیان وه‌ده‌رده‌نرێن و ده‌کوژرێن و سه‌رانی کورد خه‌می هیچیان نییه. هێزی دیجله و ته‌واوی هێزه‌کانی عیراق له خزمه‌ت کرده‌ی پاکتاوکردن و کوردبژارکردنی ئه‌و دهڤهرانهدان.
دروستکردن و ئافراندنی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و تێوه‌گلاندنی خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر له‌و کێشانه، یاری و کرده‌یه‌که، گه‌لێ جار له لایه‌ن سه‌ردارانی نه‌ته‌وه‌وه و دیکتاتۆره‌کانه‌وه، بۆ داپۆشینی هه‌ڵه و گه‌نده‌ڵی و خراپه‌کاریی خۆیان، جێبه‌جێ ده‌کرێ. هه‌م سه‌رانی هه‌رێمی کوردستان و هه‌م ئه‌لمالیکی، هیچ کامیان پاشه‌ڵیان پاک نییه و به هه‌زاران داوی گه‌مار و پیس و نانیشتمانییه‌وه گرێدراون. هه‌ردوولایان ئه‌مڕۆ فووی پێدا ده‌که‌ن و خه‌ڵک له خۆ خڕ ده‌که‌نه‌وه. ئه‌لمالیکی به‌م کاره‌ی بووه‌ته هۆی یه‌کخستنی هه‌ڵوێستی عه‌ره‌ب و هه‌موو عیراقییه‌کانی دیکه‌ی بێجگه له کورد و بۆ کوردیش ئه‌مڕۆ ته‌نانه‌ت خه‌ڵکه ئۆزیسیۆنهکهشی هاتووه‌ته ڕیزی ده‌سه‌ڵاته‌که‌وه. ئه‌مڕۆ ده‌بی خه‌ڵکی کورد له‌وه تێبگات، که ئه‌و فیدرالییه‌ی سه‌رکرده‌یه‌تییه‌که‌ی ساڵانێکه شانازیی پێوه ده‌که‌ن، بۆ خۆی بنه‌مای کێشه‌کانه، نه‌ک چاره‌سه‌ر و که فیدرالی خۆشاردنه‌وه‌یه له کرداره بنه‌ڕه‌ت و گرنگه‌که‌ی، که ده‌بوو زۆر له مێژه ئه‌نجام درابا و که فیدرالی ئیدی کاتی به‌سه‌ر چووه. ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی 2003 نه‌قۆزرایه‌وه، ئێستا هاتووه‌ته پێش. سه‌رانی کورد، ئه‌مڕۆ، ئه‌گه‌ر سازشکار و درۆزن و ترسنۆک نین، هه‌لی له‌مه باشتر نایه‌ته پێش. خه‌ڵکی کورد، پێویستی به‌وه نییه چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی سازشکارانه‌ی سه‌رکرده‌کانی بێت، به‌ڵکه ده‌توانێت بۆ خۆی جڵه‌وی کاره‌کان بگرێته ده‌ست و هه‌م داگیرکه‌ر له ناوچه‌دابڕاوه‌کان وه‌ده‌رنێ و ئه‌و ناوچانه بگێڕێته‌وه باوه‌شی کوردستان و هه‌میش کوردستان، له سهردارانێکی گه‌ندڵ و ساشکار و بازرگان، ڕزگار کات. هه‌رچه‌نده جه‌نگ بۆ خۆی خۆش نییه و هه‌میشه خه‌ڵکی هه‌ژار و بێده‌سه‌ڵات و لاواز ده‌بنه سووته‌مه‌نیی، به‌ڵام جه‌نگ هه‌یه به ملدا دێت و ده‌بێ بکرێ. ئه‌و جه‌نگه‌ی، که ده‌بێ ڕۆژێک له ڕۆژان بۆ که‌رکووک بکرێت، ئێستا کاتیه‌تی و ده‌بێ بکرێت. ده‌بێ کورد به هێز و چه‌ک و جه‌نگ، ته‌واوی به‌شه دابڕێنراوهکهی باشووری کوردستان(که‌رکووک، مووسڵ، دیاله و تا ده‌گاته تکریت و کووت و عه‌ماره، واته: ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی که ڕۆژێک له ڕۆژان کوردستان بوون)، هه‌مووی بخاته‌وه بن ده‌ستی خۆی و ته‌واوی عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندنی لێ وه‌ده‌رنێ، ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی له وڵاتانی به‌ڵتیک و کۆماره‌کانی نێو سۆڤیێتی جاران کرا. دوای ڕووخانی سۆڤیێت و سه‌ربه‌خۆبوونی کۆماره‌کانی نێو سۆڤیێت، به‌شێکی زۆری ڕووسگهلی دانیشتوانی ئه‌و کۆمارانه، که ئه‌وانیش وه‌ک عه‌ره‌بی که‌رکووک، بۆ ڕووساندنی ئه‌و نه‌ته‌وه و کۆمارانه هه‌نارده‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه کرابوون، وه‌ده‌رنران و گه‌ڕانه‌وه وڵاتی ڕووسیا. دوای ئه‌نجامدانی وه‌ها کارێ، ئه‌وده‌م ئیدی، کورد “ماڵی خۆی قایم ده‌کات و سه‌گێ هاوسێ ماڵ ناکاته دز” و ده‌توانێت، دوای ڕاپرسییه‌ک و ده‌نگدانی ته‌واوی دانیشتووانی باشووری کوردستان به هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایین و خه‌ڵکه جۆراوجۆره‌کانییه‌وه، جاڕی جوادابوونهوه و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان بدات. پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه، واته: هه‌موو سازش و به‌ڵێن و دانوستاندن و ته‌قه‌ڵ و پینه‌وپه‌ڕۆیه‌کی کێشه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌کان، ته‌نیا ده‌ستبه‌رداربوونه لێیان و وازهێنانه له کوردستانیهتییان. ئه‌مڕۆ نه‌ک سبه‌ی له‌بارتره، بۆ ئه‌و جه‌نگه و کورد بۆ خۆی ده‌بێ ده‌سپێشخه‌ر بێت له‌وه‌دا و بۆ خۆی ده‌بێ ئاگره‌که‌ی خۆش کات. ڕۆژێک دره‌نگتر، ده‌کاته به‌هێزتربوونی زیاتری به‌غدا و دابڕانی یه‌کجاره‌کی له‌و ده‌ڤه‌رانه.
ئه‌لمالیکی، بێجگه له داگیرکردنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه و وه‌ده‌رنانی کورد لێیان، ده‌یه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی کورد و هێزی کورد بگه‌ڕێنێته‌وه ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی، که هه‌رێمی کوردستانی پێ ده‌گوترێ، واته: ته‌نێ دهۆک، هه‌ولێر و سلێمانی و هێڵی 36 به کورد ڕه‌وا ببینێ و ته‌نێ ئه‌و ده‌ڤه‌ره به وڵاتی کورد دابنێت. ئه‌و ده‌یه‌وێت، کورد ناچار و ته‌نگاو بکات بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌ڤه‌ره دابڕێنراوه‌کان ههڵیانبڕێت و ده‌ستبه‌رداری ببن و بکشێنه‌وه و دوای ئه‌وه‌ی، که ده‌ستیان له که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره دابڕێنراوه‌کان ده‌بڕێت، ناچار بن جاڕی پێکه‌وه هه‌ڵنه‌کردن و ته‌ڵاق و جیابوونه‌وه له عیراق بده‌ن. ئه‌وه بیریکه، ئه‌لمالیکی و هاوبیرانی و ته‌واوی عه‌ره‌بیش پێی گه‌یشتوون و ئه‌وان، ئه‌و هه‌رێمه، وه‌ک گونێکی قۆڕ، وه‌ک دوومه‌ڵێک، وه‌ک شێرپه‌نجه، وه‌ک گه‌ڕی و گولی و تیراوی، ته‌ماشا ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێ ڕۆژێک زووتر، له کۆڵ‌یان ببێته‌وه. ئه‌وان هه‌رگیز له به ده‌وڵه‌تبوون و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و سێ ئوستانه‌ی هه‌رێم، ناترسن و لارییان نییه و سه‌ددام حوسه‌ینیش لاریی له‌وه نه‌بوو و ڕه‌نگه زۆرێکی خه‌ڵکی دهۆک و هه‌ولێر و سلێمانیش لارییان نه‌بێت. به‌غدا و عه‌ره‌ب و ته‌واوی ناکوردان، که‌رکووکیان بۆ گرنگه و ئه‌و سێ ئوستانه‌ی هه‌رێم به گه‌ڕه‌کێکی که‌رکووک ناگۆڕنه‌وه. بۆ کوردێکی که‌رکووک، مووسڵ، خانه‌قین، مه‌نده‌لی، شه‌نگار، به‌دره‌ش، ده‌وڵه‌تێکی کوردستانی بێ ئه‌و ده‌ڤه‌ره دابڕێنراوانه، چ به‌هایه‌کی نییه و پووڵێکی قه‌ڵب ناهێنێت. ده‌بوو هه‌موو کوردی ته‌واوی کوردستان، له‌گه‌ڵ کوردانی که‌رکووک و مووسڵ و خانه‌قین و مه‌نده‌لی و شه‌نگار و به‌دره‌دا، هاوڕا و هاوبیر و هاودید و هاوئاوات و هاوخهون بوونایه، لێ ئایا وایه!
ئه‌لمالیکی، به هه‌ڵبژاردنی ئه‌فسه‌رێک، که پێشتر له سه‌رده‌می سه‌ددام حوسه‌ین و 1996 و له 31 ئابدا له هه‌ولێر بووه و نۆره‌یه‌کی له‌به‌رچاوی هه‌بووه له‌وه‌ی که له‌و ڕۆژه‌دا ڕووی داوه، په‌یامێکی گاڵته‌ئامێزی ئاشکرا بۆ سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسی کورد ده‌نێرێ. ئه‌و به‌م یارییه‌ی ئێستای، ته‌واوی عه‌ره‌بی له دووی خۆی خڕ کردووه‌ته‌وه. شیعه و سوننه‌ی له‌گه‌ڵه و هه‌موو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته یه‌کیان گرتووه. کورد تا که‌رکووک(مه‌به‌ستم له که‌رکووک، که‌رکووک خۆیه‌تی و وه‌ک نیشانه‌یه‌کیش بۆ ته‌واوی ده‌ڤه‌ره دابڕێنراوه‌کانی کوردستانه)، نه‌گه‌ڕێنێته‌وه ئامێزی کوردستان، هه‌رچه‌ندی گوشاری بخرێته سه‌ر و ته‌نگاویش بکرێت، هه‌رگیز حه‌ق نییه باس له جیابوونه‌وه له عیراق و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان بکات.
30-11-2012
—————————
بریمر، السفیر بول، عام قضیته في العراق، ترجمة عمر الأیوبي، دار الکتاب العربي، بیروت، 2006، ص344.