
ژن له‌ته‌وڕاتدا….. سارا فه‌قێ خدر
كتێبی (( چیرۆكه‌كانی ناو ته‌وڕات )) یه‌كێكه له‌كتێبه ده‌گمه‌نه‌كانی نوسه‌رو رۆماننوس (جهبارجهمال غه‌ریب) كه‌له‌ساڵی 2012 چاپكراوه وپهنجهرهیهكه بۆ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌و هونه‌ری گێڕانه‌وه له‌ئایینه‌كاندا .ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه بێجگه‌له پێشه‌كی ،له شانزه به‌ش پێكدێ .هه‌ندێكیان چیرۆكه‌كانی
نێو تهوڕاتن و ئه‌وانی دیكه لێكدانه‌وه‌و شیكردنهوهن .
سه‌ره‌تا وه‌ك كتێبێكی ئاسایی ده‌ستم به‌خوێندنه‌وه‌ی كرد .دواتر بۆم روونبۆوه،كه بابه‌ته‌كانی
سه‌رنجڕاكێشن ولێكدانه‌وه‌ی وردیان تێدایه ده‌رباره‌ی گێڕانه‌وه له چیرۆكداو په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌فسانه‌و ئایین وكاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئاراسته‌كردنی مرۆڤ . هه‌رچه‌نده نوسه‌ر له‌كۆتایی پێشه‌كیه‌كه‌یدا ده‌ڵێ:” “”‘من رایهكانم بۆئه‌وه نانوسم كه‌س لێمه‌وه فێربێ “. به‌ڵام ئه‌مه به‌ویستی ئه‌و نییه ومرۆڤ گهربخوازێ ،ده‌توانێ زۆرشت له‌و كتێبه‌وه فێربێ.وهه‌ندێ شت ببیستێ كه پێشتر به‌رگوێی نه‌كه‌وتوون . لێرهدامهبهست ته‌نیا ده‌قه‌كان نین ،چونكه چیرۆكه‌كانی ته‌ورات له‌ئایینه ئاسمانییه‌كانی دیكه‌شدا دووبارهبونهتهوه.
به‌ڵام شیكردنه‌وه‌كانی نوسه‌رو ئه‌و پرسیارانه‌ی ده‌یانكا ،ناچارتدهكا بیربكه‌یته‌وه و ههستبكهی شتێكی نوێ ده‌خوێنیته‌وه .بۆنمونه له‌لاپه‌ڕه 27 ی كتێبه‌كه‌دا ،له‌باسی سزادانی حه‌وا له‌لایه‌ن خواوه‌نده‌وه ،نوسراوه :”ئازاری سكپڕی حه‌وا زیاددهكاو ده‌بێ به‌ژانه‌وه منداڵی ببێ.” نوسهردهڵێ :لێره‌دا له‌وشه‌ی زیادكردنی ژان تێناگه‌م ،چونكه حه‌وا هیچ منداڵبوونێكی پێشتری نییه .
له‌شوێنێكی دیكه‌ی چیرۆكی ئاده‌م وحهوادا،هه‌رچه‌نده نوسه‌ر ئاماژه‌ی پێنه‌كردووه ،به‌ڵام پرسیارێك دروستده‌بێ .به‌پێی چیرۆكه‌كه پێشئه‌وه‌ی ئاده‌م وحه‌وا له‌دره‌ختی چاكه‌و خراپه بخۆن،چاویان نه‌كراوه‌ته‌وه ! به‌ڵام له‌لاپه‌ڕه‌ی 13 و 25 دا هاتووه :”ماره‌كه به‌ژنه‌كه‌ی ئاده‌م ده‌ڵێ:خواده‌زانێ ئه‌و رۆژه‌ی ده‌یخۆن چاوتان ده‌كرێته‌وه و ئیتر وه‌ك خواتان لێدێ.ده‌زانن چاكه وخراپه چییه .ژنه‌كه كه بینی داره‌كه بۆ خواردن باشه‌و چاو ئاره‌زوی ده‌كا و وات لێده‌كا دانا ببی ، جا لهبهرهكهی كرده‌وه‌و خوارد ی و دای بهمێردهكهشی كهلهگهڵیدابوو .ئه‌ویش خواردی .ئیتر چاویان كرایه‌وه‌و زانیان كه رووتن .”
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه :ئایا كه‌چاویان نه‌كراوه‌ته‌وه ،ژنه‌كه چۆن بینی وچاوی ئاره‌زووی كرد ؟ بڵێی ئه‌و بینینه مه‌به‌ست لێی بینینی چاو نه‌بێ .
لایه‌نێكی گرنگی دیكه له‌و كتێبه‌دا ،روونكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی ژنه له‌چیرۆكه‌كانی ته‌وڕاتدا .هه‌روه‌ها نوسه‌ر پێش دواچیرۆكی كتێبه‌كه‌ی، وتارێكی تایبه‌تی له‌سه‌ر ژن به‌ناوی (ژن ،بنیاتنهراتی دونیا ) وه نوسیوه .و له‌لاپه‌ڕه‌ی 227 هه‌تا 242 ی بۆ ته‌رخانكردووه و ده‌ڵێ :”له‌وتاری ئه‌مجاره‌مدا ته‌وڕات وه‌ك جیهانێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌بینم و له ته‌واوی ئه‌و دنیایه‌دا بۆ وێنه‌ی ژن ده‌گه‌ڕێم “.
نوسه‌ر له وتاره‌كه‌یدا ئه‌و راستیانه ده‌خاته‌ڕوو كهتهوڕات له‌په‌نای ژیانی پێغه‌مبه‌رانه‌وه ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی وئایینی و ئابوری نیشانداوه .هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كان پیاوبوون و گوتاری زاڵ ره‌گێكی پیاوانه‌ی هه‌یه و سزاكان بۆئافره‌ت توندترن .سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش ئه‌وه ژنه وێنه‌كان ته‌واو ده‌كا و له‌ته‌نیشت ههمووپێغهمبهرێكهوه ژنێك یان زیاتر هه‌بووه .دواتر باسی بنه‌چه‌و ره‌چه‌ڵه‌ك ده‌كا ،كه پیاو ناوی خانه‌واده‌و ناوی پێغه‌مبه‌ران ده‌پارێزێ وژن ته‌نیا كێڵگه‌یه‌كه بۆ چاندن و عهمبارێكه بۆ هه‌ڵگرتنی منداڵ .به‌ڵام سه‌ره‌ڕای شاردنه‌وه‌ی، ژن به‌شداری له كاركردن ونه‌وه خستنه‌وه‌دا هه‌بووه .له ژنه گرنگه‌كانی ناو ته‌وڕات ئاماژه‌ی به‌چه‌ند ناوێك داوه . له‌وانه :” حه‌وا –ژنی نوح- ژنی لوت-سارا(ژنی ئیبراهیم) –هاجه‌ر(كه‌نیزه‌ی سارا) –رڤقه(ژنی ئیسحاق)-راحێل و لێئه(دووخوشك ودووژنی یاقوب) –تامار (بوكی یه‌هودا) و دینه(كچی یاقوب).”نوسه‌ر چیرۆكی هه‌ندێك له‌و ژنانه‌ی سه‌ربه‌خۆ باسكردووه‌و هه‌ندێكیشیان له‌گه‌ڵ روداوه‌كانی دیكه‌دا باسكراون.ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ چیرۆكی هه‌ریه‌ك له‌و ژنانه‌ی ناو ته‌ورات ،به‌بارودۆخی ئه‌مڕۆی ژنانه‌وه ببه‌ستینه‌وه .
1- حه‌وا لهپهراسووی ئاده‌م و بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ته‌نیایی وئاسوده‌یی ئاده‌م دروستكراوه .ئه‌مه رێك ئه‌و بۆچوونه پیاوسالاریه‌ی ئه‌مرۆیه كه،ژن موڵكی پیاوه‌و بۆ خۆشگوزه‌رانی ئه‌و و منداڵا خستنه‌وه دروستبووه .
2- سارا هیچ منداڵی له ئیبراهیم نه‌بوو .بۆیه كه‌نیزه‌كه‌كه‌ی خۆی ،كه هاجه‌ره‌ی میسری بوو ،دابهئیبراهیم و رێگه‌یدا منداڵی لێی ببێ .ده‌كرێ ئه‌مه به‌ڕه‌گی په‌یدابوونی فره‌ژنی دابنرێ،كه دواتر له‌ئاینی ئیسلامدا به‌ته‌واوی چه‌سپاو وایلێهات نه‌ك ته‌نیا بۆ منداڵبوون ، به‌ڵكو بۆ تێركردنی ئاره‌زووی پیاویش ئه‌مه بكرێ .نموونه‌ش ئه‌و پیاوانه‌ن كه له‌یه‌ك كاتدا چوار ژنیان هه‌یه .نوسه‌ر سارا به‌شاژنی ناو ته‌وڕات ناوده‌با .به‌وه‌ی كه‌كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی ئیبراهیم هه‌بووه و خواوه‌ندیش سزای نه‌داوه و پشتیوانی لێكردووه .به‌دیوێكی تردا ده‌كرێ بڵێین سارا نموونه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی ئه‌مڕۆیه كه بۆخۆیان ژن بۆ مێرده‌كانیان ده‌خوازن ،تا منداڵیان ببێ .
بەڵام لەبەر بێده‌رامه‌تی و بێنواییی ،له‌ژێرسایه‌ی مێرده‌كانیاندا ده‌مێننه‌وه و ئازاری ده‌رونی ده‌چێژن .تا وایان لێدێ ،له‌كه‌سێكی نه‌رم و نیانه‌وه ده‌بن به چه‌وسێنه‌ر و ئه‌گه‌ر وه‌ك سارا بۆیان بكرێ ،ژنی دووه‌م زه‌لیل ده‌كه‌ن . ئه‌گه‌رنا بۆخۆیان زه‌لیل ده‌بن .له‌هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا ژن ده‌بێته قوربانی !.
هه‌روه‌ها نوسه‌ر ده‌ڵێ:سارا تاكه ژنی ناو ته‌وڕاته كه رێوره‌سمی ناشتنی بۆده‌كرێ .ئه‌مه راسته نه‌ك هه‌ر رێوره‌سم به‌ڵكو ئیبراهیم به‌سه‌ریشیدا ده‌گری .ئه‌ویش نموونه‌ی پیاوانی ئه‌مڕۆیه كه‌له‌كاتی مردنی هاوسه‌ریاندا ،شیوه‌ن ده‌كه‌ن و له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌میشدا هاوسه‌رگیری ده‌كه‌نه‌وه .هه‌روه‌ك ئیبراهیم له‌و ته‌مه‌نه زۆره‌یدا كردی .
3- نوسه‌ر له‌باسی رڤقهی ژنی ئیسحاقدا ده‌نوسێ :” رڤقه له‌په‌نهاندا خۆی بڕیارده‌ره .تاده‌گاته ئه‌وه‌ی ده‌سكاری سیستمی پێغه‌مبه‌رایه‌تی دهكاو رێڕه‌وی ژیانی سروش یان پهیامهێنهرهكان ده‌گۆڕێ .”
رڤقه نموونه‌ی رۆڵبینینی ژنه به‌نهێنی وله پشت په‌رده‌وه و بۆی نییهبهئاشكرا بڕیاربدا .بۆیه له‌كاتی سهرنهكهوتنیدا خۆی بۆ نه‌فره‌ت ئاماده ده‌كا .ئه‌مڕۆش ژنانێك هه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌خواسته‌كانیان ،په‌ناده‌به‌نه به‌ر هه‌وڵ وپیلانی نهێنی و هه‌ندێجار نه‌شیاو ،له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش زۆرێك له‌پیاوان ،سیفه‌تی فێڵباز و جادوگه‌ر و مه‌كرباز ده‌خه‌نه پاڵ ژنان .
4-له‌چیرۆكی هاجه‌ردا كه‌پێشتر له‌گه‌ڵا سارا دا باسكرا ،نوسه‌ر ده‌ڵێ :”ئیراده‌ی هاجه‌ر له‌هه‌موویان زیاتر (كۆنترۆڵ) كراوه .هاجه‌ر ناچاره به‌و ژێرده‌سته‌ییه رازی بێ ،چونكه مافه‌كانی ئه‌و له ژێرده‌سته‌ییدا ده‌درێن “.
لێره‌دا ده‌پرسین كام ماف ؟.. ئه‌وه‌ی كه‌كه‌سایه‌تی فه‌رامۆشكراوه ، ئه‌وه‌ی كه‌س لێی ناپرسێ داخوا سهرجێیكرنی ئیبراهیمی پێخۆشه یان نا، ده‌یه‌وێ منداڵی ببێ یان نا ،یان ئه‌وه‌ی چونكه كۆیله‌یه جارێك بهسكپڕی وجارێكیش له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌ی ئاواره ده‌كرێ ؟. بێگومان ئه‌و ژیانی بێمافی و كۆیلایه‌تیه‌ی هاجه‌ر ،تائه‌مڕۆش میراتی زۆرێك له‌ژنانی نه‌خوێنده‌وارو دووره‌ده‌ستی ناوچه‌كانی جیهان و كوردستانه .
5-چیرۆكی دینه‌ی كچی یاقوب نموونه‌ی نه‌ریتی توندوتیژی و كوشت و بڕه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی شه‌ره‌ف . ئێستاش دوای تێپه‌ڕبوونی هه‌زاران ساڵ ،ئه‌و نه‌ریته دزێوه له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا به‌تایبه‌تی كورد،درێژه‌ی هه‌یه .هه‌روه‌ها كێشه‌ی ده‌ستدرێژی سێكسی بۆسه‌ر ژنان ،هه‌روه‌كو به‌سه‌ر دینه‌دا هاتووه .
6-روویه‌كی دیكه‌ی ژن له‌ته‌وڕاتدا یاخیبوون وده‌رچوونه له یاساكانی خواوه‌ندو نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی .ه‌روه‌ك له‌چیرۆكی ژنی لوت و چیرۆكی تامار(بووكی یه‌هودا) دا ده‌رده‌كه‌وێ .كاتێك لوت و ژنه‌كه‌ی وكچه‌كانی، پێش وێرانكردنی له‌شاری سه‌دوم ده‌رده‌چن ،به‌پێی فرمانی خواوه‌ند نابێ ئاوڕبده‌نه‌وه .به‌ڵام ژنه‌كه‌ی پاش ماوه‌یه‌ك له‌رۆیشتن ،ئاوڕێك بۆدواوه ده‌داته‌وه ،كه‌له‌وانه‌یه له‌په‌رۆشی بووبێ بۆ شاره‌كه‌ی ،به‌ڵام رووبه‌ڕووی سزایه‌كی توند ده‌بێته‌وه و ده‌بێ بهستوونێك له‌خوێ !.
هه‌رچی تاماره به‌هه‌ستیارترین و ترسناكترین شێوه یاخی ده‌بێ. ده‌یه‌وێ تۆڵه لهیههودای خه‌زووری كه پێغه‌مبه‌ربووه،بكاته‌وه .چونكه دوای دووجار بێوهژنبوونی به‌هۆی مردنی دووكوڕی یه‌هوداوه ،یه‌هودا بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر تامار له‌ماڵی باوكی داده‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێ بێ تا كوڕی سێیه‌می گه‌وره‌ده‌بێ .به‌ڵام كه‌گه‌وره‌ش ده‌بێ ،كه‌س له تامار ناپرسێته‌وه .دیاره ژنیش وه‌ك میرات بووه و بۆی نه‌بووه شوو به‌كه‌سێكی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خێزانی مێرده‌كه‌ی بكاته‌وه .كاتێكیش یه‌هودا ژنه‌كه‌ی ده‌مرێ ،ده‌یه‌وێ سه‌ردانی (تیمنه) بكا ،ئه‌و شوێنه‌ی تاماری لێ یه.تامار به‌مه ده‌زانێ و خۆی له خه‌زوری ده‌گۆڕێ .به‌رگی بێوه‌ژنی داده‌نێ و رووپۆشێك ده‌پۆشێ و وه‌ك ئافره‌تی سووك خۆی ده‌رده‌خا . وا له یه‌هودا ده‌كا له‌گه‌ڵی بنوێ .مۆر‌و قه‌یتان وگۆچانهكهشی به بارمته لێوه‌رده‌گرێ .دوای تێپه‌ڕبوونی سێ مانگ ،بهیههودا راده‌گه‌یه‌نن كه بووكه‌كه‌ی داوێنپیسی كردووه‌و سكی پڕه .ئه‌ویش فرمان ده‌دا بیهێنن بیسوتێنن .تاماریش نهێنییه‌كه ئاشكرا ده‌كا وده‌ڵێ ئه‌وه‌ی من له‌گه‌ڵی نوستووم خاوه‌نی ئه‌مانه‌یه .یه‌هوداش مۆر‌و قه‌یتان و گۆچانه‌كه‌ی خۆی ده‌ناسێته‌وه !.
لێره‌دا ته‌نیا لێكدانه‌وه‌ی نوسه‌ر به‌سه بۆ به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه به‌بارو دۆخی ئه‌مڕۆوه :- “ئه‌و كوێرییه كلتوریه تائێستا به‌رۆكی پیاوی به‌رنه‌داوه .پیاو له كلتوری نێرسالاریدا بهجلهكانیهوه ده‌ژی .به‌هه‌یبه‌ته‌وه حوكم ده‌كا .به‌ڕواڵه‌تی پڕفێڵ وكهتنكارییهوه خۆی باده‌دا.پیاو له‌ڕواڵه‌تدا هه‌موو ئازادییه‌كان ،هه‌موو شه‌ره‌ف و بهخشندهییهكان،ناوبانگ و خۆڕاگری وحۆپارێزییهكانی ده‌وێ و شانازییان پێوهدهكا .به‌ڵام له‌ناوه‌وه له‌و په‌ڕی ریسواییدا ده‌ژی .به‌لای یه‌هوداوه خودی كرداره‌كه ریسوایی نییه ،به‌ڵكو ئاشكرابوونی حه‌یاچوونه .ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكی (جدی ) مرۆڤه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی خودا له‌خۆی.هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: تاكه چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشانه ،دانه‌وه‌ی جه‌سته‌یه به‌مرۆڤ خۆی .ستاندنه‌وه‌ی جه‌سته‌یه له‌كۆمه‌ڵگا وخێزان و دین .”
7- نوسه‌ر ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی له‌ته‌وڕاتدا ده‌ڵێ : “زۆركه‌م باسی پێكه‌وه نه‌گونجانی ژن و مێرده‌كان كراوه .له‌هه‌مان كاتیش‌دا زۆركه‌م باسی خۆشه‌ویستی كراوه .بۆ یه‌كه‌مجار وشه‌ی خۆشه‌ویستی له‌نێوان یاقوب و راحێڵدا به‌كاردێ .له‌و پێناوه‌شدا یاقوب حه‌وت ساڵ خزمه‌تكاری ده‌كا .كه‌چی له‌به‌ر نه‌ریتی باو كه‌ده‌بێ كچی گه‌وره له‌پێشدا شووبكا .،باوكی راحێل ،دوای حه‌وت ساڵه‌كه له‌جیاتی راحێل ،لێئه‌ی كچه گه‌وره‌ی بۆ له‌په‌رده ده‌كا .كه‌سیش ناتوانێ ژنه‌كه‌ی لێوه‌رگرێته‌وه.ناچار حه‌وت ساڵی دیكه‌ش خزمه‌تكاری ده‌كا ، تا راحێلیش به‌ده‌ست دێنێ.”
لێره‌دا خۆشه‌ویستی قوربانی گه‌وره‌ی پێویست بووه كهچوارده ساڵ خزمه‌تكاری و چاوه‌ڕوانی بووه له‌لایه‌ن یاقوبه‌وه .بۆ راحێلیش له‌ده‌ستدانی هه‌ستی خوشكایه‌تی وجێگرتنه‌وه‌ی بووه به هه‌وێساری ململانێ و ركابه‌ری .
له‌كۆتایی وتاره‌كه‌یدا نوسه‌ر ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه هه‌رچه‌نده زه‌مه‌نێكی درێژ به‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌دا تێپه‌ڕیوه ،به‌ڵام په‌یوه‌ندی ژن و پیاو زۆركه‌م گۆڕانی به‌سه‌رداهاتووه .كه‌واته پێشكه‌وتنی (فكر) كارێكی زۆر قورسه .ده‌شێ شێوازی ده‌ربڕینی لهسهدهیهكی دیكه‌دا جیاوازبێ ،به‌ڵام جه‌وهه‌ری بیركردنه‌وه‌كه هه‌ریه‌كه .
دوا ئه‌نجام كه له‌و خوێندنه‌وه‌یه پێیده‌گه‌ین ،ئه‌وه‌یه كه‌ناكرێ هۆكاری ئه‌و تێڕوانینانه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ ژن هه‌یه ،له‌ڕه‌گی ئایینی به‌دووربگرین .هه‌رچه‌نده لهئایینهكانی دوای ته‌وڕاتدا گۆڕان به‌سه‌ر نه‌خشه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ژن و پیاودا هاتووه ،به‌ڵام نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی ژن له‌چه‌وساندنه‌وه رزگاری ببێ . ئه‌مه‌ش به‌و مانایه نییه ،كه هۆكاره‌كانی دیكه‌ی پشت ئه‌و دیارده‌یه فه‌رامۆش بكه‌ین .