
ئێمه خه‌ساوه‌كانی چێژین!
چێژ بابه‌تێكی هه‌ره ستراتیژییه، ئه‌و تاكه ئامانجه‌یه كه مرۆڤ له پێناویدا ده‌ژی و ته‌نانه‌ت ده‌شمرێ، كێشه گه‌وره و بچووكه‌كانی ئاده‌میی له‌سه‌ر زه‌وی دوور و نزیك راسته‌وخۆ و نا راسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به چێژه‌وه.
چێژ له خواردن، له خه‌وتن، له خه‌یاڵكردن، له رۆیشتن، له هاتن، له گه‌شتكردن، له خواردنه‌وه، له رزگاربوون له پاشه‌رۆ، له سێكس، له ئازایه‌تی و سه‌ربه‌رزی، له وه‌چه‌نانه‌وه، له راوكردن، له یاریكردن، له وه‌رزش، له خۆڕازاندنه‌وه، له بۆنكردن، له نزا و عیباده‌تكردن، له بینینی شتی جوان، له كڕین، له فرۆشتن، له گه‌ڕان به دوای نهێنییه‌كان، له بینین، له بیستن، له سه‌ركه‌وتن، له كۆكردنه‌وه‌ی سامان، له ره‌نگ، له ئاو، له گه‌رمی، له ساردیی، له فێنكی، له ئاگر، له‌خاك، له خۆڵ، له هه‌وا، له فڕین، له بیركردنه‌وه، له وێناكردن، له ……..ته‌نانه‌ت له خۆبچووككردنه‌وه و ملكه‌چی و ئازار و مردنیش.
قه‌ده‌ری ئێمه‌ی مرۆڤ هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه بووه كه له درێژایی ژیانماندا باڵانسی خۆمان به پێوه‌ره‌كانی چێژ راگرین، چون یه‌كه‌م گورز كه به‌ر بابهگهورهمان كه‌وت ده‌ستبردنی بوو بۆ ئه‌و شته‌ی به دڵ حه‌زی لێی بوو و هه‌ر ئه‌وه بوو خواردی، ئیتر چی دی كه‌سێكی زیندوو و حهزۆكیی ئه‌به‌دیی نه‌مایه‌وه و بوو به مرۆڤێكی كۆتاییدار و هه‌موو وجودی به‌سترایه‌وه به چێژ و تا ئه‌وه‌نده‌ی له ژیان ده‌مێنێته‌وه ده‌بێ عه‌یاری خۆی به چێژه‌كان بداته‌وه، مه‌گه‌ر نا ئه‌مجاره‌یان له كۆتاییدا چێژه‌كان بۆی ده‌بن به ئاگر و له نێویدا بێكۆتا ده‌سووتێ و ده‌بێ به شتێكی تر.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه (چێژ) به‌ستراوه‌ی دنیایه‌ك مه‌رج بووه كه‌سه‌كان ده‌بوایه فه‌راهه‌میان كه‌ن مه‌گه‌ر نا ئه‌وه (ئازار) ه له به‌رامبه‌ردا قووت ده‌بێته‌وه و نایه‌وێ تای ته‌رازووه‌كه به لای چێژدا بكه‌وێ.
دوانه‌ی (چێژ و ئازار) مرۆڤبوونی ئێمه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستاوه و هه‌میشه ئه‌وه چێژه دهمانجووڵێنێ و ئه‌وه‌ش ئازاره لێی دوور ده‌كه‌وینه‌وه وسنوورهكانمان نیشان ده‌دات. هه‌ر یه‌كه له‌م دوانه‌یه ده‌بن به پرنسیپ و له‌وێ رۆژێوه له به‌رامبه‌ر یه‌كن مرۆڤ بیری كه‌وتۆته كار و رێوشوێنی ئاگالێبوونیانی گرتۆته به‌ر.
ئه‌ریك فڕۆم ده‌ڵێ: چێژ ئه‌و بنه‌مایه‌یه كه رێنوێنی ئیش و كاره‌كانی مرۆڤ ده‌كا چ له رووی واقیعییه‌وه چ له رووی ستاندارده‌وه، ئهریستیپۆسAristippus یه‌كه‌م كه‌س بووه له چوارچێوه‌ی تیۆری چێژدا قسه‌ی هه‌بووبێ، بڕوای وابوو كه گه‌یشتن به چێژ و دووركه‌وتنه‌وه له ئازار ئامانجی ژیان و پێوه‌ری به‌هاكانن، چێژهكانیش لای ئه‌و هه‌نووكه‌یین.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م بینینه زۆر ساده‌یه هه‌روه‌ك خودی فڕۆمیش پێیوایه چون راسته‌وخۆ چێژ و خۆشی به ئه‌زموونه هه‌نووكه‌ییه‌كانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌كی فه‌لسه‌فیانه‌یه بۆ قسه‌كردن و ئیش له‌سه‌ركردنی.
تێڕوانینی ئهریستیپۆس لای چێژناسهكان زۆر نارسیسیانه و ته‌نانه‌ت به‌ستراوه‌ی حه‌زه خودییهكانه، ئه‌وه‌ی كه پێوه‌ری بابه‌تیی بۆ بنه‌ماكانی چێژ دانا ئه‌بیكۆر بوو كه فڕۆم له كتێبی مرۆڤ له پێناوی خۆیدا به‌م شێوه‌یه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كا و ده‌ڵێ : له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه چێژ لای ئه‌بیكۆر ئامانجی ژیانه به‌ڵام هه‌ر چێژێك له خۆیدا چاكه‌یه‌كه بۆ خۆی، ناشبێ هه‌موو چێژه‌كان هه‌ڵبژێرین.
ئه‌بیكۆر كه ده‌ڵێ نابێ هه‌موو چێژه‌كان هه‌ڵبژێرین مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو كه هه‌ندێكیان ده‌بن به مایه‌ی قهڵسكردنمان و دواتر ئازار چێشتنمان، ئه‌م بینینه تێمان ده‌گه‌یه‌نێ كه مرۆڤه‌كان به سرووشتی خۆیان حه‌ز به وه‌رگرتنی چێژ ده‌كه‌ن و هه‌میشه‌ش هه‌ر له‌و پێناوه‌دان و هه‌ر به سرووشتی خۆشیان خۆیان له ئازار دوور ده‌گرن و چێژیش لای ئه‌بیكۆر ئه‌وه نییه كه لای كۆرینائییهكانی وه‌ك ئهریستیپۆس هه‌بوو كه ژیانی به ته‌واوی به وه‌رگرتنی چێژه‌وه به‌ستبۆوه به‌ڵكو لای ئه‌بیكۆر چێژ ئه‌وه‌یه كه چۆن خۆمان له ئازار دوور بگرین و له رووی رۆحیشه‌وه چێژ وه‌رگرین. خۆ دوورگرتن له ئازار ئه‌وه نییه كه له‌به‌ر بینین و پێشبینی كردنی تۆ چێژه‌كان پشتگوێ خه‌یت به‌ڵكو ئه‌و مانایه‌شی هه‌یه كه تۆ هه‌ر كاتێك له نه‌بوونی شتێك‌دا یا له پێویستی شتێك‌دا ئازار بنۆشی ئه‌وا هه‌وڵی له خۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و ئازاره ده‌ده‌یت.
ئه‌وه‌تا سوكراتیش له گفتوگۆی ئۆتیدیم Euthideme دا ده‌ڵێ: تێنوێتی و برسێتی و ئاره‌زووی سێكسی و بۆنه شه‌وانه‌ییه‌كان تاكه هۆیه‌كانی چێژن كه هه‌ستیان پێده‌كه‌ین له رێگه‌ی خواردنه‌وه وخواردن و جووتبوون و حه‌سانه‌وه و خه‌ودا كاتێك چاوه‌ڕێی ئه‌و پێویستیانهمان كرد و بۆیان به ئازار بووین ئه‌وا تا ئاستێكی باش چێژیان لێ وه‌رده‌گرین.له گفتوگۆی برۆدیكۆسیشدا سوكرات ده‌ڵێ: ماندووبوونه نه‌ك به‌رده‌وام پاڵدانه‌وه حه‌زی خه‌ومان لا درووست ده‌كا حه‌زه‌كانی دیكه‌ش هه‌ر به‌م شێوه‌یه به‌ڵام فۆكۆ له په‌راوێزی ئه‌م گفتوگۆیانه له پاڵ وه‌دیهێنانی چێژه‌كان زه‌رووره‌تی زێدهنهڕۆیشتن ئاماژه پێده‌دا.
ئه‌م زێده نه‌ڕۆیشتنه مانای پابه‌ندی و ره‌چاوكردن ده‌گرێته‌وه. به‌ره‌و چێژ رۆیشتن و خۆدوورگرتن له ئازار ته‌واوی هاوكێشه‌كانی ژیان هاوسه‌نگ ده‌كاته‌وه و مرۆڤه‌كان له‌هه‌ر سه‌ر زه‌مینێك بن و له هه‌ر چ هه‌ل و مه‌رجێكی جوگرافی و مێژوویی و كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا بن ئه‌وا له‌به‌ر ئه‌م هاوكێشه‌یه خۆیان رێك ده‌خه‌ن و ئاسته‌كانی پابه‌ندی و ده‌رچوون لێیان رووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و یاسا و رێسایانهیان ده‌كاته‌وه كه هه‌ر له بنچینه‌وه له‌و هاوكێشه‌یه كه‌وتوونه‌ته‌وه.
مرۆڤ وه‌ك بوونێكی بایۆلۆژی هه‌میشه له ژێر په‌ستان و گوشاری ئه‌و حه‌زه غهریزیانهیه كه تاوی ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌و نائارامیی و شڵه‌ژانه‌ی تاو نا تاوێك تووشیان ده‌بێ رزگاری كه‌ن، فڕۆید ناوی له‌م پاڵنه‌رانه ناوه پێداویستیneeds و پێیوایه به‌رده‌وام ئه‌م ماشێنه كه جه‌سته‌ی تاكه له‌كاردایه و هه‌میشه‌ش له دوای باڵانسی خۆی ده‌گه‌ڕێ كه‌ی پێویستییه‌كه وه‌دیهات یا هه‌روه‌ك فڕۆید ده‌ڵێ تێر بوو ئه‌وا كه‌سه‌كه ئارام ده‌بێته‌وه و ئۆقره ده‌گرێ . ئه‌م روانینه له دیدگایه‌كی حه‌تمیانه‌ی بیۆ سایكۆلۆژییهوهیه و له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیشه‌وه مرۆڤه‌كان هه‌میشه پێداویستیی جۆراوجۆریان هه‌یه و له دوای دابینكردنیان ده‌گه‌ڕێن به پێی ئه‌و مۆدێلانه‌ی فڕۆید ناوی ناون منی باڵا Super Ego . له‌م تێڕوانینه‌دا فڕۆید سه‌رسامی بینینه‌كانی گۆستاف فیخنهره كه هه‌وڵی ده‌دا هه‌رده‌م هه‌ست و مه‌شاعیر و سۆزه‌كان به یاسا فیزیكییه‌كانه‌وه ببه‌ستێته‌وه و له گه‌ڕانه‌وه‌شی فڕۆید بۆ غه‌ریزه و زه‌رووره‌تی باڵانسهكانی له‌م روانینه‌ی فیخنهر كه‌ڵكی بینیوه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه خۆی هه‌ر له بنچینه‌وه باكگراوندێكی پزیشكانه‌ی ده‌ماری هه‌بوو و ئه‌م كاریگهرییهشی گواسته‌وه نێو روانینه سایكۆلۆژییه‌كانی.
مادام مرۆڤه‌كان هه‌میشه له نێوان ئه‌م دوانه‌ی چێژ و ئازاردا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن ئه‌وا ده‌كرێ بڵێین ئه‌م بوونه‌ی نێوی مرۆڤه به به‌رده‌وامی له نێوان بهرداشێكدایه و وه‌ڵامی هه‌ردووكیان به پێی بونیاده كولتوورییه‌كانی خۆی ده‌داته‌وه.
له كتێبیFacts and theories of psychoanalysis كه له كتێبی ئه‌خلاق لای فڕۆید ئاماژه‌ی بۆ كراوه ئه‌م هاوكێشه‌ی چێژ و ئازاره به سیستمی رێڕۆیشتنی ئاو له رێچكهیهكهوه به هۆی په‌مپێك چوێنراوه: ئاو له ده‌می لوولهیهكهوهA ده‌چێته ژووره‌وه و ده‌بێ له ده‌رچه‌ی B بێته ده‌ره‌وه به‌ڵام كاتێك كه دهرچهكه بگیرێت ئه‌وا ئاوه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی تر و له ده‌رچه‌ی C رێگه بۆ خۆی ده‌كاته‌وه.
رێك ئه‌م وێنه‌یه به‌سه‌ر حه‌ز و چێژه‌كان لای فڕۆید جێبه‌جێ ده‌بێ و ئه‌و پێیوایه ئه‌مانه پێداویستین مرۆڤه‌كان بیانه‌وێ یان نا له ژێر په‌ستانی ئه‌واندان هه‌ر بۆیه ده‌بێ به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان وه‌ڵامیان بدرێته‌وه مه‌گه‌ر نا رێچكه و ده‌رچه‌ی تر بۆ خۆیان ده‌دۆزنه‌وه. فرۆید هه‌روه‌ك جۆزیف بریستۆ له كتێبی ره‌گه‌زگه‌راییSexuality ئاماژه‌ی به رایه‌كی ماقولی ئه‌وداوه كه له شێوه‌ی پرسیاره و هه‌ر له كتێبی ئه‌ودیو بنه‌مای چێژه‌كانی خۆشی وه‌ریگرتووه ده‌ڵێ: چۆن چۆنی تاكه‌كان له رووی ده‌روونییه‌وه خۆیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن؟.
خۆ به‌ڕێوه‌بردن له رووی ده‌روونییه‌وه رێك مانای ئه‌و عه‌قڵه ده‌گه‌یه‌نێ كه كه‌سه‌كان پێویستیان پێیه‌تی تاوه‌كو ئاستێكی باش و ماقولیان له حه‌زه‌كانیان له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌ست كه‌وێ نه‌وه‌كا له به‌رامبه‌ردا تووشی ئازار و مه‌ینه‌تی بن، خۆ به‌ڕێوه‌بردن مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه تاك چۆن چۆنی له‌و هێزانه تێده‌گا كه دهیجولێنن و چۆنیش ئاراسته‌یان ده‌كا و ئه‌و ئامانجانه‌ش چین كه بۆیان ده‌جوولێ؟ خۆ به‌ڕێوه‌بردن گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ی تاكه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌كه‌ی تری نێو خۆی و له هه‌مان كاتیش‌دا كاركردنه له پێناو وه‌دیهێنانی چێژ و خۆشییه‌كان كه سات نا ساتێ پێویستی پێیان ده‌بێ و ده‌بێ ده‌رخواردیان دات.
برسێتی یا تینوێتی یا پێویستییه سێكسییه‌كان و هه‌ستكردن به ئه‌من و ئارامیش هه‌میشه هه‌روه‌ك ئه‌براهام مازلۆ ده‌ڵێ له پێویستییه بنچینهیبیهكانن و هه‌ر كاتێك جه‌سته‌مان هه‌ستی به كه‌موكوڕیی له‌و لایه‌نانه كرد ئه‌وا جۆرێك له ئازار روومان تێده‌كات و ده‌شڵه‌ژێین و هه‌ر ئه‌م شڵهژانهشه جوڵه‌مان لا درووست ده‌كات و به‌ره‌و ئامانجێك كه له خۆیدا چێژه ئاراسته‌مان ده‌كات، جگه له‌مه پێویستییه كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژییهكانیش هێزێكی زۆریان لا كۆبۆته‌وه و ده‌توانن بمانجوولێنن. ئه‌م دوو جۆر پێویستییه سه‌رخان و ژێرخانی كهسێتین و به‌راستیش مازلۆ لێره‌دا تا ئاستێك داهێنانێكی نوێی كردووه كه توانیویه‌تی هه‌ردوو لایه‌نی بایۆلۆژی و ده‌روونی له پێویستییه‌كان له قوچهكهكهیدا كۆكاته‌وه و به‌یه‌كه‌وه كه‌سێكی ساغ و هاوسه‌نگ و گونجاوی هه‌م له‌گه‌ڵ خۆی هه‌م له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و ده‌ره‌وه‌ی خۆی لێ درووست بكات.
له میكانیزمی گونجاندا خود رووبه‌ڕووی چه‌ندین راستی و خواستی واقیعی ده‌بێته‌وه ئه‌وانیش به‌یه‌كه‌وه هه‌رچی ناوه‌وه داوایان لێده‌كا به ده‌ره‌وه‌ی ده‌به‌ستنه‌وه و ئا لێره‌دایه به راست عه‌قڵ دێته مه‌یدان و وه‌ك پرنسیپێك رۆڵی سه‌ره‌كی خۆی له‌م جه‌نگه‌دا ده‌بینێ كه له‌نێوان خودی تاك و منی خۆیدا هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه به‌رقه‌راره.
سه‌ره‌تا ئه‌گه‌رچی مرۆڤ بوونێك بووه ئاماده‌باشییه‌كی عه‌قڵیی هه‌بووه وه‌لێ له وه‌ڵامی چێژدا عه‌قڵی به‌كار نه‌هێناوه و وه‌ك رهفتارگهراكان ده‌ڵێن هه‌ر له چوارچێوه‌ی (وروژێنه‌ر و وه‌ڵام) دا جوڵاوه‌ته‌وه، به‌و پێیه‌ی عه‌قڵ دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه و كه‌سێكی دیكه‌یه له ناوه‌وه‌ی خۆمان هه‌میشه عهیارمان ده‌دات و له نێوان شه‌ڕی براكاندا كه (من و خود) ن یا (چێژ و ئازار)ن رۆڵی دادوه‌رێكی به هه‌یبه‌ت ده‌بینێ، به‌ڵام هه‌میشه ئه‌و كه‌سه نییه بتوانێ جڵه‌ویان بكات چون له زۆر هه‌ڵكه‌وت و داكهوتدا گوێی پێ ناده‌ن. سه‌ره‌نجام منه باڵاكان دێنه مه‌یدانی شه‌ڕه‌كه و له‌و نێوه‌دا و له‌وه‌ته‌ی ئه‌م شه‌ڕه به‌رپایه هه‌رچی خوێنی ئه‌م سه‌رزه‌مینه هه‌یه له‌و شه‌ڕه كه‌وتۆته‌وه و تا ئه‌به‌دیش خوێن هه‌میشه ئه‌و مهرهكهبهیه كه مێژووی چێژ و ئازاری پێ ده‌نووسرێته‌وه.
هه‌ر یه‌كه له چێژ و ئازار راسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به توانا ئیدراكییهكانی تاكی روحلهبهر و ئه‌وه شت یا هێزهكانن وروژان دروست ده‌كه‌ن و سه‌ره‌نجام كه‌سه‌كان به‌ره‌و ئاراسته‌كانیان ده‌جولێن، به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌رچی له سه‌ره‌تاوه فه‌لسه‌فه خۆی كردۆته خاوه‌نی ئه‌و بنه‌مایانه كه‌چی له بنچینه‌دا په‌یوه‌ستن به جووڵه داینامیكییهكانی تاك و ئه‌وه كه‌سێكی پهیبهره كه په‌ی به شتێك ده‌بات و دواتر ده‌وروژێ و پاشان مانایه‌كی كه وه‌ك خۆی لێی تێده‌گا پێ ده‌به‌خشێ، كه‌واته چێژ و دواتر ئازاریش سه‌ره‌تاكه‌یان به قه‌د كه‌سه‌كان كۆنه و هاوسه‌نگییه ده‌روونی و جه‌سته‌ییه‌كان به‌ستراوه‌ی ئه‌و دوانه‌یه‌ن و ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستاش مرۆڤه‌كان ده‌جولێنێ هه‌ر ئه‌وانه‌ن. چێژ پێویستییه‌كه تۆ وه‌ك جه‌سته ده‌ته‌وێت تاوه‌كو وه‌ك زیندوویه‌ك بمێنیته‌وه و هه‌میشه ئه‌و ماشێنه كه جه‌سته‌یه بتوانێ له په‌یداكردنی ئینێرژی دابێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و ماشێنه هه‌یه له جوڵه‌دابن و نه‌وه‌ستن، كه‌واته چێژ بابه‌تێكی وجودییه و مانی ئێمه وه‌ك بوونێكی فیزیكی سه‌ره‌تا به‌ستراوه‌ی دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی چێژهكانه و نه‌بوونی چێژیش وه‌ك ئه‌وه وایه مرۆڤ له حاڵه‌تێكی پچڕاندا بێت و له‌و حاڵه‌ته‌شدا كێشه‌كه ده‌بێ به كێشه‌یه‌كی وجودی و مه‌ترسییه‌كانیش بۆ سه‌ر وجودی تاكه‌كان ده‌بن. دوای ئه‌وه هه‌رچی له ده‌ره‌وه‌ی تاك هه‌یه و ئه‌و له به‌رخورد دایه له‌گه‌ڵیان ئه‌وه بابه‌ته بۆ چێژ، به‌ڵام ئاسووده‌یی و نا ئاسووده‌یی تاكه‌كان به جۆری چێژه‌كان به‌ستراوه‌ی ئاستی قبووڵكردنی ئه‌ون بۆیان له هه‌موو لایه‌نێكه‌وه.
ئه‌فلاتوونیش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م دوانه‌یه سێ توخمی سه‌ره‌كی ده‌ست نیشانكردووه كه هه‌میشه ئه‌مانه‌ن تاكه‌كان وه‌ك بوونێكی ئینسانی راده‌گرن ئه‌وانیش( عه‌قڵ و تووڕه‌یی و شه‌هوانییه‌ت)ن كه له هه‌ندێ شوێندا به هێزه‌كانی ( عه‌قڵ و گورز و شه‌هوه‌ت) یش ناویان دێت. ئه‌و له گفتوگۆی تیماوسیشدا ده‌ڵێ: هۆی دابه‌زینی ده‌روون بۆ ئه‌م دنیایه زۆرن له‌وانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوناهێكی گه‌وره‌ی كردووه بۆ ئه‌وه‌شه كه سزای ئه‌م لادانانه وه‌رگرێ.
ئه‌فلاتوون پێیوایه گورز ده‌كه‌وێته نێوان عه‌قڵ و شه‌هوه‌ت و هه‌ر جاره لای یه‌كێكیان ده‌گرێت و رۆڵی دادوه‌ریان له نێواندا ده‌بینێ، ئه‌و سرووشتی تاكه‌كانیش له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م سێ هێزه دابه‌ش ده‌كات و ده‌یانخاته سێ پۆله‌وه فه‌رمانڕه‌وا و سه‌رباز و ره‌عیه‌ت، پاشان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م سێ هێزه‌ی ده‌روون سێ فه‌زیله‌ت داده‌نێ ، له‌به‌رامبه‌ر عه‌قل حیكمه‌ت و به‌رامبه‌ر تووره‌یی و گورز ئازایه‌تی و به‌رامبه‌ر شههوانییهتیش پاكیزه‌یی.
لای ئه‌فلاتوون ئه‌وه تاكه‌كانن تاوه‌كو له‌سه‌ر زه‌وی بن باجی ئه‌و هه‌ڵانه ده‌ده‌نه‌وه كه نه‌یانتوانیوه خۆیان له به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی شه‌هوه‌تدا راگرن و هه‌ر بۆیه‌ش له‌سه‌ر زه‌وی كه‌وتوونه‌ته ژێر گورز و تووڕه‌یی خالقه‌وه و ده‌بێ رۆژێك دابێ به ته‌واوی پاك بنه‌وه مه‌گه‌ر نا ئه‌م دیمه‌نانه هه‌میشه به‌رده‌وام ده‌بن. جگه له‌وه‌ش ئه‌فلاتوون ژیرانه توانیویه‌تی ئه‌و هێزانه بناسێ و به هۆیانه‌وه هه‌وڵیداوه له چوارچێوه‌ی سیستماتیزه‌كردنی ده‌روونی تاكه‌كان سیستمێكی فراوانتر له نێو كۆمه‌ڵگه به‌رقه‌رار بكات تاوه‌كو هێزی عه‌قڵ و فه‌زیله‌ی حیكمه‌ت جڵه‌وی كاره‌كانی له ده‌ست بێت و ئاراسته‌كان به‌ره و چێژه رۆحی و كۆمه‌ڵایه‌تی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی داهێنانه ئینسانییه‌كان ئاراسته بگرن.
ئیبن سینا له كتێبی (ئاماژه و ئاگاییه‌كان) دا ده‌ڵێ : چێژوه‌رگرتن دوای ده‌رككردن دێت و هه‌ر له‌ویشه‌وه درووست ده‌بێت، ئه‌و ده‌ڵێ چێژ وه‌رگرتن جۆرێكه له ئیدراك كه كه‌سی په‌یبه‌ر ده‌ستی ده‌كه‌وێت ئه‌ویش له ئه‌نجامی ئه‌و شتانه‌ی كه ده‌یورووژێنن، چون به‌لای ئه‌وه‌وه ورووژێنهرهكه تام و چێژێكی خۆی هه‌یه و به هه‌مان شێوه‌ش چێژ شتێكی ورووژێنه‌ره، هه‌ر بۆیه ده‌روون چێژ له هه‌موو ئه‌و شتانه وه‌رده‌گرێت كه په‌یان پێ ده‌بات و گونجاون به‌لای ئه‌وه‌وه، ئه‌وه‌ش كه كه په‌ی بهشت نه‌بات چێژ نابات و دواتر ناشتوانێ خۆشه‌ویستی بكا.
هه‌ر ئیبن سینایه پێیوایه جۆری چێژه‌كان به پێی هێزه جۆراوجۆره‌كانی مرۆڤ ده‌گۆڕێن هه‌سته‌كان چێژ له‌و شتانه وه‌رده‌گرن كه هه‌ستیان پێده‌كه‌ن و ئارامییان پێده‌به‌خشن و هه‌شه چێژ له تووڕه‌بوون و تۆڵه‌كردنه‌وه وه‌رده‌گرێت و هه‌شه له خواردن و سێكس، چێژه روحییهكانیش پێگه‌ی خۆیان له نێو ئه‌م دنیای چێژه‌دا هه‌یه و حه‌زكردن به دیداری مه‌حبووب و تاوانه‌وه له خۆشه‌ویستی ئه‌ودا و فه‌نابوون له‌و پێناوه‌دا ئه‌و چێژه ناكۆتایهیه كه عاشق له دوایه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ساتێكیش له‌و خۆشی و چێژه رووحییه دانه‌بڕێت، له‌و جۆره چێژه‌دا كه عه‌لی حه‌رب ناوناوه چێژی عه‌قڵیشی پێ ده‌ڵێ كه من پێموایه ئه‌وه‌نده‌ی چێژه‌كه رووحییه ئه‌وه‌نده عه‌قڵی نییه چون هه‌میشه له‌و جۆره چێژه عیرفانییهدا سنووری نێوان خود و بابه‌ت نامێنێ و هه‌ردو سه‌ری چێژ به‌خش و چێژوه‌رگر له‌یه‌كتردا ده‌توێنه‌وه و فه‌نا ده‌بن ، به‌ڵام چێژی عه‌قڵی ئه‌وه‌یه كه كه‌سی عاقڵ هه‌میشه بابه‌ته‌كانی چێژی لێ ون نابێت و سه‌ره‌داو جه‌مسه‌ره‌كانی ده‌ناسێته‌وه.
ئیبن سینا سێ جۆر ده‌روونمان پێ ده‌ناسێنێ ئه‌وانیش ( ده‌روونی رووه‌كی و ده‌روونی ئاژه‌ڵی و ده‌روونی قسه‌كه‌ر یا ئیلاهی) ن و رووهكییهكهیان ئه‌وه‌یه كه حه‌زی له خواردن و خواردنه‌وه‌یه و ئاژهڵیهكهش حه‌زی له سێكس و تووڕه‌یی و رق و تۆڵه و سه‌ركه‌وتن و سه‌ركردایه‌تی و ده‌روونی ئیلاهیش كه به قسه‌كه‌ریش ناوی ده‌با حه‌زی ده‌سكه‌وتنی زانست و ناسینی خودایه.
ئه‌م پۆڵێنه‌ی ئیبن سینا له‌وه‌ی ئه‌فلاتوون نزیكه و ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ كه له مێژووی هزری ئینسانی‌دا جۆری چێژدار و چێژوهرگرهكان هه‌میشه به‌ستراونه‌ته‌وه به سرووشت یا پێكهێنه‌ره‌كانی وجود و ده‌روونی مرۆڤه‌كان له‌ڕووی حه‌ز و چێژهكانیان بوونه‌ته پێوه‌رێك بۆ ناسینی خوده‌كان و هه‌روه‌ها جۆری كهسێتییهكانیشیان، به‌راستیش له تاكدا تاوه‌كو ئێستا هه‌ر ئه‌و سێ سه‌رچاوه‌ی هێزه‌ن تاوێ ململانێی یه‌كتر ده‌كه‌ن و تاوێكیش له‌گه‌ڵ یه‌كتر ئاشت ده‌بنه‌وه و هه‌وڵی راگرتنی هاوسه‌نگییه‌كه ده‌ده‌ن.
له ئاینی ئیسلامیشدا سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م سێ جۆره هێزه كه له بنچینه‌دا بۆ رێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیسپلینی كۆمه‌ڵگه دیاركراون له قورئاندا ئاماژه‌یان پێده‌دات و له‌به‌رامبه‌ری سێ هێزه‌كه‌ی ئه‌فلاتوون ئه‌م سێ هێزه وه‌ك( ده‌روونی ئه‌مر به خراپه و لۆمهكهر و دڵنیاكه‌ره‌وه- الاماره بالسوو واللوامه و المگمئنه) ناویان هاتووه.
فڕۆید و چێژ
هه‌موو كردارێكی ده‌روونی كه له تاكدا ده‌رده‌كه‌وێ یا پێیهه‌ڵده‌ستێ بۆ بنه‌مای چێژ ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌ر جووڵه‌یه‌ك له تاكه‌وه سه‌رهه‌ڵدا به‌و پرنسیپه ئیش ده‌كات.
ئه‌م بینینه تیۆرییه‌ی فڕۆید كه ته‌واوی تێڕوانینی ئه‌وی له‌باره‌ی مرۆڤ و كرداره ده‌روونییه‌كانی له‌سه‌ر بیناكراوه به حه‌تمی پێمان ده‌ڵێ كه ئه‌وه چێژه ژیانی له پێناودا درووست بووه و هه‌ر ئه‌وه چێژیشه مرۆڤ به سرووشتی خۆی بۆی ده‌جوڵێ و ژیان لای ئه‌و مانای چێژ ده‌گه‌یه‌نێ و هه‌رچی له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ش به ده‌ستی مرۆڤ درووست بووه و به‌رده‌وام له پێناویشیدایه هه‌ر چێژه جولێنهرهكهی و دواتر كۆمه‌ڵگه وه‌ك خودێكی گه‌وره‌تر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كه خۆپارێزی و پێشكه‌وتن و به‌یه‌كه‌وه ژیان و به‌یه‌كه‌وه جوڵانه كار له پێناو هه‌رچی زۆرتر چێژوه‌رگرتن ده‌كات به‌ڵام هه‌میشه جێگۆڕكێی چێژه‌كان و په‌سه‌نكردنی یه‌كێكیان به‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌یان یا ناچیزگرتنی یه‌كێكیان و فه‌رامۆشكردنی، داب و نه‌ریت و پهیوهندییهكۆمهڵایهتی و سیستم و شارستانییه‌ت و شتی دیكه‌ی له‌و بابه‌ته‌مان بۆ دێنێته پێشێ.
فڕۆید له نیشتنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌ماكانی چێژ و بایه‌خیان له هه‌ڵسووڕانی پڕۆسێسه ده‌روونییه‌كانی تاك ئه‌گه‌رچی ئاماژه به رایه‌كانی گۆستاف فیخنهر ده‌دات و له كتێبی ئه‌ودیو پرنسیپی چێژدا باس له هه‌ندێ له رایه‌كانی ئه‌و ده‌كات و زیاتر له‌سه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی ( ئاره‌زوو بۆ جێگیریی) فیخنهر ده‌وه‌ستێ كه‌چی له‌سه‌رێكی تره‌وه هه‌ر له‌و كتێبه‌دا پێمان ده‌ڵێ كه راسته له مێژووی هزری ئینسانی‌دا زۆر قسه و را له‌باره‌ی چێژه‌وه هه‌بوون وه‌لێ ئه‌وه‌ی ئێمه (فڕۆید) له‌باره‌ی چێژه‌وه پێیگه‌یشتووین زیاتر هه‌وڵ و تێكۆشینه‌كانی خۆمان و ئه‌زموونه‌كانی ئه‌و رۆژانهمانن كه تیایاندا ژیاوین و ئه‌وانه‌ی تر به‌و قوڵییه‌وه نه‌چوونه‌ته بنج و بنه‌وانی بابه‌ته‌كه.
فڕۆید ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌ڵێ و ئاماژه به مێژووی هزری مرۆڤایه‌تی له باره‌ی چێژه‌وه ده‌كات، به‌ڵام سه‌ره‌داوه‌كانی هزری ئه‌و و تێڕوانینه‌كانی نه‌ك به‌ته‌نها ده‌چنه‌وه سه‌ر فیكری ئه‌بیكۆر و ئهریستیپۆس به‌ڵكو ریشه‌ی ئاینی و ته‌نانه‌ت ئه‌فسانه‌یی به‌تایبه‌ت ئه‌فسانه‌ی یۆنانیان پێوه دیاره و له رووی به‌كارهێنانی هێماییه‌وه ژیرانه سوودی له سیمبوله ئه‌فسانه‌ییه‌كان وه‌رگرتووه و له‌گه‌ڵ دیارده و خه‌سڵه‌ته ده‌روونییه‌كان گونجاندوونی.
ئاره‌زو بۆ جێگیریی فیخنهر ئاوێته چه‌مكێكه ئاماژه‌یه هه‌م بۆ بوونی ئاره‌زوو لای تاكه‌كان و له‌ولاشه‌وه هه‌م بۆ پاراستنی ئه‌و جێگیرییه‌ی كه هه‌میشه تاكه‌كان له‌و دۆخه‌دا ئارامن و ئۆقره ده‌گرن، ئه‌م روانینه‌ی فیخنهر له‌رووی مێژووییه‌وه له هی فڕۆید كۆنتره و ریشهشی هه‌ر له فیخنهرهوه نه‌ڕواوه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌وانه‌یه زیاتر ئۆرگانیزه‌ی كردبێت و خستبێتییه قالبێكی زیاتر زانستییه‌وه و به لایه‌نه فسیۆلۆژییهكهی جه‌سته‌ی به‌ستبێته‌وه.
غه‌ریزه لای فڕۆید
غه‌ریزه بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی ره‌فتاره‌كانی تاكه لای فڕۆید و هه‌ر ئه‌وانن پاڵمان پێوه ده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك بوونێكی بزۆز ده‌ركه‌وین، كاتێ له برسان ئازارمان پێده‌گات ئه‌وه ترسه له‌و ئازاره وامان لێده‌كات ئه‌لته‌رنه‌یتیڤی گونجاوتر بۆ گێڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگیمان كه چێژی خواردنه به‌كار به‌رین، كاتێكیش هه‌ر یه‌ك له پاڵنه‌ره فسیۆلۆژییه‌كانی دیكه وه‌ك سێكس و خواردنه‌وه و حه‌سانه‌وه دهمانجولێنن ئه‌وا حه‌زی چێژ بینینه به‌ره‌و سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م چێژه‌مان ده‌بات. ئه‌مانه هه‌موویان بۆ ئه‌وه‌ن تاوه‌كو به‌رده‌وام لهگهڕدابین و هه‌ر كه شڵه‌ژاین یه‌كسه‌ر نه‌ك ته‌نها به هۆشیارییه‌وه به‌ڵكو له‌رووی ناهۆشیشهوه به‌ره‌و ئه‌و مه‌به‌ستانه بچین كه بۆ دۆخی ئاساییمان ده‌گێڕنه‌وه.
هه‌ڵه نابین ئه‌گه‌ر پێمان وابێ له فڕۆید دا یه‌كێتییه‌كی مێژوویی له فیكری مرۆڤایه‌تی و ته‌نانه‌ت یه‌كێتییه‌كی كولتووری و پیتانێك له نێوان فه‌لسه‌فه و ئه‌فسانه و مێژوو و زانست و پزیشكی و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و سایكۆلۆژیا و لایه‌نه‌كانی تری مه‌عریفه‌ی مرۆیی ده‌دۆزینه‌وه. ئه‌و له دوو رووه‌وه له ژێر كاریگه‌ریی فسیۆلۆژیادایه یه‌كێكیان خوێندنی به زۆرییه‌تی له‌سه‌ره‌تادا له بواری پزیشكی و سووربوونی باوكی بوو تا ببێته پزیشك وه‌ك هه‌موو ئه‌و جووله‌كانه‌ی ئه‌وێ رۆژێ ئه‌و حه‌زه‌یان هه‌بوو، ئه‌وه‌ی دیكه‌یان سه‌رسامبوونی بوو به گۆستاف فیخنهری پزیشكی بایۆفیزیك و ده‌روونناس به‌ر له ناسینی ده‌روونناسی وه‌ك زانست.
سیگمۆند فڕۆید ئاماژه به دوو جۆر غه‌ریزه ده‌كا ئه‌وانیش غه‌ریزه‌كانی ژیان و مردنن، غه‌ریزه‌كانی ژیان به‌ره‌و چێژ و خۆشه‌ویستی و ئیرۆتیكییهت و موڵكداری و وه‌چه‌نانه‌وه و ….تاد مان ده‌به‌ن و ئه‌وانه‌ی مردنیش حه‌زی وێرانكاری و دژكاری و مهرگدۆستیمان لا په‌ره‌پێده‌ده‌ن، ئه‌م دوو چه‌مكه‌ی ژیان و مردن له رووی سایكۆلۆژییه‌وه ته‌واو به‌ستراوه‌ی هه‌ردوو بنه‌مای چێژ و ئازارن كه له درێژه‌ی هزری مرۆڤایه‌تیدا به چه‌ندین شێوه باسیان لێوه‌كراوه و ده‌ربڕاون.
مرۆڤ به سرووشتی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی ئازاری برسییه‌تی و تێنوێتی و سێكس و ماندووبوون نه‌چێژێ هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات تێر بێت له هه‌موو ئه‌م بوارانه و له‌ولاشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دوور بێت له سه‌رزه‌نشت و سزا و لێپێچینه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵگه به هێزێكی دیكه كه عه‌قڵه هاوسه‌نگی خۆی ده‌پارێزێ و وه‌ك فیخنهر ده‌ڵێ له رووی ده‌روونییه‌وه جێگیر ده‌مێنێته‌وه.
فرۆید له زۆربه‌ی كاره‌كانی خۆیدا پشتی به فاكته‌ره‌كانی سێكس و خودی غه‌ریزه به‌ستووه و به هۆیانه‌وه كه‌سێتی شیكردۆته‌وه و پێیوابووه هه‌ر ئه‌وانه‌ن دیاركهری ره‌فتاره‌كانی تاك و بونیاده‌كانی پێكده‌هێنن.
ئاراستهگرتنی كه‌سێتی هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد لای تاك له دوو پاڵنه‌ر یا وردتر بڵێین غه‌ریزه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت:-
1- پاڵنه‌ری مانه‌وه كه له چه‌ندین هێزه‌وه خۆی ده‌نوێنێت كرداره زیندهگییهكانی تاك ده‌پارێزن و ناوی ناوه غه‌ریزه‌ی ژیان و به هێزێكی زینده‌گی كه ده‌ربڕی ململانێ سێكسییه‌كانه خۆی نیشان ده‌دان كه پێیده‌ڵێن: (لیبیدۆ)
2- غه‌ریزه‌ی مردن:- كه بریتییه له سه‌رچاوه‌ی دژكاری و چاره‌سه‌ری كۆتایی بۆ شڵه‌ژان و گوشاره‌كانی ژیان لای ئه‌و مردنه و مرۆڤ هه‌میشه له‌و ئاراسته‌یه‌دا مه‌رگ دۆست ده‌بێت و زیاتر ئه‌م رێچكه گرتنه ئه‌نجامی سه‌رنه‌كه‌وتن و شكسته‌كان و كهوتنهكانییهتی له غه‌ریزه‌ی ژیان.
ئه‌ڵقه‌ی به یه‌كگه‌یشتن له نێوان هه‌ردوو جۆری هێز واته (سنووری نێوان ده‌روون و جه‌سته) له تێگه‌یشتنی فڕۆیددا بۆ غه‌ریزه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (غه‌ریزه) له بنچینه‌دا نواندنێكی عاقڵانه‌یه بۆ ئه‌و ورووژێنه‌رانه‌ی له نێو جه‌سته درووست ده‌بن. هه‌ر بۆیه بووه‌ته توخمی سه‌ره‌كیی یا ( یه‌كه‌ی بنچینه‌یی بۆ كه‌سایه‌تی) و هه‌ر ئه‌وه هێزی پاڵنه‌ر و بزوێنه‌ری كه‌سایه‌تییه و ره‌فتار ده‌هاژوا و ئاراسته‌ی ئامانجه‌كانی ده‌كات. كه‌واته غه‌ریزه‌كان جۆرێك له هێزی فیزیكین پێداویستییه‌كانی جه‌سته به ئاره‌زوو و مه‌یله‌كانی عه‌قڵه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه، هه‌ربۆیه پڕۆسێسه عه‌قڵییه‌كان رووخساری پڕۆسه جه‌سته‌ییه‌كانن و لێره‌شدا به ئاشكرا كاریگه‌ریی فیخنهر ده‌دۆزینه‌وه.
كاتێك جه‌سته پێویستی به شتێك ده‌بێت ئه‌وا تاك دووچاری شڵه‌ژان و گوشارێك ده‌بێت، ئامانجی غه‌ریزه له هه‌موو حاڵه‌تێكدا تێركردن و فه‌راهه‌مكردنی پێداویستییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی شڵهژانهكانه، ئێمه به‌رده‌وام هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه‌مانه هاوسه‌نگیی جه‌سته راگرین و پارێزگاریی لێبكه‌ین تاوه‌كو له شڵه‌ژان و ناهاوسهنگییهكان بیپارێزین.
ئه‌و هێزانه‌ی تاك هه‌ڵده‌سووڕێنن
فڕۆید هه‌ندێك پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیی كه سێ 3 بونیاد بوون زیادكرد كه بریتین له:- id-ego-super ego
id * بریتییه له سیستمی ره‌سه‌ن و بنچینه بۆ كه‌سێتی، لای فڕۆید ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر چه‌مكی نه‌سته‌وه. id ئه‌مباری هه‌موو غه‌ریزه‌كانه و هه‌رچی وزه‌ی زینده‌گیی و ده‌روونی هه‌یه libidos له‌وێدایه. ئه‌م بونیاده راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به دابینكردنی پێداویستییه جه‌سته‌ییه‌كان و مرۆڤ هه‌وڵده‌دا له رێگه‌ی تێركردنی پێداویستییه‌كانیه‌وه ئه‌و شڵه‌ژانه‌ی هه‌یه‌تی ئاسایی بكاته‌وه. Id به پێی پرنسیپی (چێژ) كارده‌كا و ده‌جولێته‌وه، به مانا هه‌وڵده‌دا خۆی له ئازار دوور بگرێ و هه‌رچی زیاتر چێژ هه‌یه وه‌ده‌ستی بهێنێ ئه‌ویش له رێگه‌ی بایه‌خدانی به دابه‌زاندنی ئه‌و شڵه‌ژانه‌ی لای خۆیه‌وه دووچاری هاتۆته‌وه. Id هه‌وڵده‌دا به په‌له پێداویستییه‌كانی خۆی تێر بكا و باوه‌ڕی به دواخستنی تێركردنیان نییه به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت ته‌نانه‌ت ئه‌و هۆیانه چه‌نده ئه‌خلاقی و كۆمه‌ڵایه‌تیش بن. Id پێكهاته‌یه‌كی خۆپه‌رسته و هه‌میشه له دوای چێژ وێڵه و هیچ ده‌رككردنێكی بۆ واقیع نییه و هیچ حیسابێكیش بۆ ئیعتیباراته ئه‌خلاقییه‌كان ناكات.
* من-ego :- خۆی له عه‌قڵ و عهقلانییهتدا ده‌بینێته‌وه. هۆشێكی واقیعی لایه و به پێی پرنسیپی واقیع ده‌جولێته‌وه و پێی ده‌ڵێن كه‌سه عاقڵهكهی كه‌سێتی. كاره‌كانی بریتین له كۆسپ خستنه به‌رده‌م حه‌زه‌كانی id ئامانجی یارمهتیدانییهتی له گه‌یشتنه دابه‌زینی پێویستی ئاستی شڵه‌ژانی ده‌روونی لای ئه‌و چ له رووی كاته‌وه چ له رووی شوێنه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من ego ده‌رك به واقیع ده‌كا هه‌ر بۆیه بڕیار له‌و كات و شێوازانه ده‌دات كه به هۆیانه‌وه غه‌ریزه‌كان به شێوه‌یه‌كه باشتر و په‌سه‌ندتر له رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه تێر ده‌بن. Ego هه‌وڵده‌دا خواست و ئاره‌زووه‌كانی id دوا بخات به شێوه‌یه‌ك بگونجێ له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی واقیع( فڕۆید id و ego ی به ئه‌سپ و سواره‌كه چواندووه).
* منی باڵاsuper ego :-بریتییه له لایه‌نی ئه‌خلاقی و به ویژدان ده‌ناسرێ و تاك له ته‌مه‌نی 5 و 6 ساڵیدا فێری ده‌بێ سه‌ره‌تا له بنه‌ماكانی ئه‌و ره‌فتارانه دروست ده‌بێ كه(باوان) بۆ منداڵان دایده‌ڕێژن. منی باڵا ره‌نگده‌ره‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی تاكن به باش و خراپ و تاڵ و شیرینییه‌وه كه له رێگه‌كانی پڕۆسه‌ی به‌كۆمه‌ڵایه‌تیبوون فێریان ده‌بێ، كه هه‌ردوو میكانیزمی پاداشت و سزا له كه‌سایه‌تی تاكدا ده‌یچه‌سپێنن. منداڵ بنه‌ما و بنچینه‌كانی ره‌فتار و فرمانه‌كان له باوانه‌وه فێر ده‌بێ و هه‌ر كاتێكیش هه‌ستیكرد به كارێكی دووره ئه‌خلاقی هه‌ستاوه هه‌ست به گوناه ده‌كات. منی باڵا له پێناوی چێژ هه‌وڵ نادات واته نه ئه‌ركه‌كانی id ده‌كات و نه هی ego ش ، به‌ڵكو هه‌وڵ بۆ هێنانه ئارای كه‌ماڵی ئه‌خلاقی ده‌دا و به‌رده‌وام ئه‌م هه‌وڵه له خودی تاكدا بوونی هه‌یه.
ته‌نها سه‌رنجمان له‌سه‌ر ئه‌و پۆڵێنه‌ی فڕۆید بۆ ئه‌و هێزانه‌ی ههڵماندهسووڕێنن له‌و پرسیاره ده‌رده‌خه‌ین :- ئایا له ناساندن و ده‌رخستنی ئه‌م هێزانه فڕۆید له نهسهقهكانی ئهریستیپۆس و ئه‌بیكۆر و ئه‌فلاتوون و ئینجا چه‌مكه ئایینیه‌كانی نێو ته‌ورات و ئینجیل و قورئان سوودی وه‌رنه‌گرتووه یا هه‌ر نه‌بێ له‌وێوه بۆ میكانیزمه‌كانی كۆنتڕۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌گه‌ڕاوه تاوه‌كو له‌گه‌ڵ تێڕوانینه‌كانی خۆی به‌راوردیان بكات؟.
سێكس و شارستانییه‌ت لای فڕۆید
لای فرۆید زیاترین رووبه‌ری چێژه‌كان سێكس ده‌یبات و هه‌ر ئه‌وه‌شه وایكردووه دنیایه‌ك ره‌خنه و توانجی تیۆریی له لای زانا و فه‌یله‌سووف و رێچكه هزرییه‌كانه‌وه ئاراسته بكرێ، له سووڕی ژیانی خۆیدا تاك به (5) قۆناغی هه‌ستیاری گه‌شه‌ی ده‌روونی و سێكسی‌دا تێده‌په‌ڕێت و به حه‌تمی كه‌س ده‌بێ به سه‌لامه‌تی لێیان بگوزه‌رێ ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا خه‌سڵه‌تی قۆناغێك بۆ ئه‌وه‌ی تر ده‌بات و سه‌ره‌نجام كه‌سێكی نا هاوسه‌نگ و له دواییشدا عوسابی لێده‌رده‌چێت.
چێژ لای ئه‌و له جوگرافیای جه‌سته‌دا هه‌ر كاته له ناوچه و شوێنێك و ئه‌ندامێكی دیاریكراوی ئه‌و جه‌سته‌یه‌یه، سه‌ره‌تای منداڵیی له ده‌مه‌وه چێژه‌كان وه‌رده‌گرێ و ده‌یانناسێته‌وه و دواتر كۆم و ئینجا ئه‌ندامی نێرینه و دواتر ده‌كه‌وێته قۆناغی سڕبوونی سێكسیی و ئینجا پێ ده‌نێته هه‌رزه‌كاری و تیایدا ده‌كه‌وێته گه‌ڕان به دوای په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زه‌كه‌ی تر تاوه‌كو چێژه سێكسییه‌كانی وه‌ده‌ست بێنێ.
سێكس تینێكی زیندهگیانهیه لای فڕۆید و ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتووبێت له فه‌راهه‌مكردنی ئه‌م چێژه تا ئاستێكی باش ئه‌وا ساغه و ئه‌وه‌ش نا ئه‌وا عوسابیه، ئه‌وه سێكسه دهمانجوولێنێ و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان رێك ده‌خات و داهێنانمان پێ ده‌كات و وامان لێده‌كات یه‌كتریمان خۆش بوێت و به دنیایه‌ك ئومێدیشه‌وه به دنیاكه‌ی ئه‌وسه‌رمان ده‌به‌ستێته‌وه، له به‌رامبه‌ریشدا هه‌ر ئه‌وه چێژی سێكسه دهمانڕوخێنێ و رقمان به هۆیه‌وه له یه‌كتر ده‌بێته‌وه و دووچاری دنیایه‌ك شه‌ڕ و كاولكاری و ماڵوێرانیمان ده‌كاته‌وه.
سێكس لای فڕۆید بونیادێكی فسیۆلۆژیانهی هه‌یه و په‌یوه‌سته به چه‌ندین گۆڕانكاری بیۆلۆژیكییهوه و تاك ناچاری رهفتارگهلێك ده‌كه‌ن كه به ره‌فتاری سێكسیی ده‌ناسرێنه‌وه. ئه‌و سێكس ئه‌وه‌نده بچووك نابینێ به ته‌نها بیبه‌ستێته‌وه به جووتبوونی نێرێك و مێیه‌ك یا كرده‌ی وهچهنانهوهوه به‌ڵكو ئه‌و پاڵنه‌ره لای ئه‌و تێكه‌ڵی هه‌موو وجودی تاك بووه و به چه‌ندین شێوه ده‌ریده‌بڕێ و ته‌نانه‌ت لای ئه‌و سێكس بابه‌تێكی وجودییه.
هێربێرت ماركۆزه كه یه‌كێك له هه‌وادارانی هزری فڕۆیدییهت بوو پێیوایه هه‌ردوو غه‌ریزه‌كه‌ی ژیان و مردن لای فڕۆید به‌رانبه‌رن به هه‌ردوو چه‌مكی بوون و نه‌بوون له‌فه‌لسه‌فه‌دا.
ئه‌وه غه‌ریزه‌ی ژیانه له به‌رانبه‌ریدا ئێمه هه‌ین و بوون به ماناكانی خۆیه‌وه هه‌یه و ئه‌وه‌ش غه‌ریزه‌ی مردنه له به‌رانبه‌ریدا نه‌بوون واته عه‌ده‌مه و تیایدا تاكه‌كان له بێماناییدان و بۆشاییه‌كی گه‌وره ده‌كه‌وێته ژیانیانه‌وه. له تێڕوانینی ماركۆزه بۆ سێكس لای فڕۆید پێیوابووه كه فڕۆید هه‌میشه سازشی له‌گه‌ڵ لۆگۆس(عه‌قل) دا كردووه و تێڕوانینه‌كانی له‌سه‌ر شارستانییه‌ت و مه‌ده‌نییه‌ت و ئه‌خلاق و ویژدان سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌ن. ئه‌گه‌رچی ماركۆزه له‌گه‌ڵ به‌ڕه‌ڵاكردنی سێكسی‌دا بووه و وایزانیوه به‌م شێوه‌یه مرۆڤه‌كان چیتر دووچاری كێشه‌ی ده‌روونی و عوسابی نابن و بابه‌ته چهپاوهكانیان نامێنن، وه‌لێ ئه‌و هه‌روه‌ك خۆیشی ده‌ڵێ زۆربه‌ی سه‌رنجه‌كانم له‌سه‌ر سێكس له ئه‌زموونی كه‌سیی خۆمه‌وه وه‌رگرتوون.
لای فڕۆید چێژی سێكس به‌رپرسی یه‌كه‌می درووستكردنی كه‌سێكی هاوسه‌نگه و هه‌ر له منداڵیه‌وه تاكه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌یله گه‌وره ده‌بن و په‌روه‌رده و شێوازی به‌كۆمه‌ڵایه‌تیكردنی خێزانه‌كانه ره‌وتی گه‌شه‌ی ئه‌م لایه‌نه دیارده‌كات.
فڕۆید له چیڕۆكی كوشتنی باوكهكهیدا له ته‌وته‌م وتاپۆ ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ كه گلدانه‌وه‌ی هه‌رچی چێژه‌كان لای باوك وای له منداڵه‌كان كرد پلان بۆ كوشتنی باوكیان دانێن و ئه‌م ئازاره‌ی له‌و باره‌یه‌وه ده‌یانچێشت ناچاری كردن هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌م جۆره بكه‌ن و له به‌رانبه‌ر زه‌وتكردنی چێژه‌كان كوشتن و رشتنی خوێن بوو به وه‌ڵامێكی گونجاو، كاتێكیش باوك ده‌كوژن كه‌سیان ناتوانن وه‌ك باوكیان بكات و سه‌ره‌نجام نائارامییه‌كی ده‌روونی گه‌وره روویان تێده‌كا و هه‌ست ده‌كه‌ن گوناهێكی گه‌وره‌یان كرد و هه‌ر ئه‌م گوناهه‌یه له ناوه‌وه ده‌یانخواته‌وه و له نێو خۆیاندا په‌یمان و به‌ڵێن به یه‌كتر ده‌ده‌ن تا ئه‌به‌د جارێكی تر گوناهی له‌م جۆره نه‌كه‌ن چون ئازاری ویژدان دهیانتلێنێتهوه.
ئه‌م تلانه‌وه‌یه و هه‌ستكردن به‌م گوناهه گه‌وره‌یه لای فڕۆید سه‌ره‌تایه‌كه بۆ ده‌ركه‌وتنی ئه‌خلاق و تاپۆ كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌هاییه‌كان و لێیه‌وه سیستم تاهاتووه بۆ به‌رزه‌فتی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌ره‌ی سه‌ندووه.
ئه‌م جۆره له سیستم و خۆ به‌رزه‌فتكردن و هه‌سته به گوناه هه‌میشه تاكی ئاده‌میی له دڵه‌ڕاوكێیه‌كی به‌رده‌وامدا هێشتۆته‌وه چون له‌وێ رۆژێوه تاك فێری ئه‌وه بوو قوربانی به حه‌ز و غه‌ریزه‌كانی خۆی بدات تاوه‌كو بتوانێ سیستم بینا بكات و شارستانییه‌ت به‌رقه‌رار بكات.
شیاوترین پێناسه لای فڕۆید بۆ شارستانییه‌ت بریتییه له قوربانیدانی به‌رده‌وامی تاكه‌كان به حه‌ز وغه‌ریزه سێكسییه‌كانیان و له پێناوی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و سهرخانانهی به به‌رهه‌مه عه‌قلییه‌كان ده‌ناسرێن.
ئه‌م حاڵه‌ته پێیده‌ڵێن باڵابوون Sublimation و تاك له جیاتی ئه‌وه‌ی له ده‌رچه ئاساییه‌كانه‌وه حه‌زه سێكسییه‌كانی خۆی به‌تاڵ كاته‌وه باڵا ده‌بێ به‌سه‌ر ئه‌م حه‌زه و هه‌رچی توانا ده‌روونی- سێكسییه‌كان هه‌یه ده‌یخاته خزمه‌ت كارێكی داهێنانكاری و دواتر ئه‌م كاره بۆی ده‌بێ به سیمبوولێك لێیه‌وه له‌سه‌ره‌وه‌ی كه‌سه‌كانی تر ده‌رده‌كه‌وێ و ئه‌مه‌ش له خۆیدا به‌كاربردنێكی عاقڵانه‌ی هێزه سێكسیه‌كه‌یه به‌ڵام له بوارێكی دیكه‌دا.
فڕۆید لێره‌دا دوو نهێنیمان بۆ ده‌دركێنێ یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه كه ئه‌م هێزه لیبیدۆییه ده‌توانێ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌رچه ئاساییه‌كانی خۆیه‌وه ئینسانبوونی عاقڵانهمان بۆ ده‌رخا و قودره‌تی عه‌قڵ به‌سه‌ر غه‌ریزه‌دا نیشان بدات ئه‌وه‌ی تریشیان ئه‌وه‌یه كه شارستانییه‌ت له‌سه‌ر قوربانییه‌كانی ئینسان به سێكس درووست ده‌بێ و مرۆڤه‌كان هه‌میشه تواناكانیان له‌و بواره ده‌چه‌پێنن و سه‌ره‌نجام له‌ودیویشه‌وه دنیا پڕی ده‌بێ له كه‌سی عوسابی و دژكار و ناهاوسه‌نگ له رووی كه‌سی و سێكسیه‌وه.
له‌م رایه‌دا زۆربه‌ی زانا ده‌روونناس و كه‌سانی گه‌وره‌ی فیكر له‌گه‌ڵ فڕۆید ناكۆكن ، به تایبه‌ت ئه‌ریك فڕۆم پێیوانییه به‌ته‌نها سێكس و چه‌پاندنه‌كانی رۆڵیان هه‌بێ له‌سه‌ر بیناكردنی شارستانییه‌ت و پێیوایه شه‌ڕانگێزی و دژكاری ره‌گی دیكه‌ی غه‌یره سێكسیان هه‌یه و په‌یوه‌ستن به كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری. هه‌ربۆیه فڕۆم له كتێبه‌كه‌ی خۆی (ئه‌ناتۆمی حه‌زی وێرانسازیی مرۆڤ) دا ئاماژه به ته‌نها نه‌بوونی رۆڵی سێكس ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌م ناكۆكییه‌ش كه‌چی رۆڵی سێكس و حه‌زه مرۆییه بیۆلۆژیكییهكان كاریگه‌ری راسته‌قینه‌یان به‌سه‌ر كۆی ره‌فتاری تاك به تاكی مرۆڤه‌وه هه‌یه و ئه‌وه پێویستییه بنه‌ڕه‌تییه بایۆلۆژییهكانن كه ژێرخانی كه‌سێتی پێكده‌هێنن و ئه‌گه‌ر تاك هه‌روه‌ك ماسلۆش ده‌ڵێ ئه‌م بناغه‌یه‌ی پته‌و نه‌بێ ئه‌وا له رووی سه‌رخانی كهسێتیشهوه كه پێویستییه ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن له‌رزۆك ده‌بێت و هاوسه‌نگ نامێنێته‌وه.
گرنگ ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌م حه‌تمی بینینهشی بۆ رۆڵی سێكس و چه‌پاندنه‌كانی له شارستانییه‌تدا فڕۆید هه‌روه‌ك ماركۆزه پێیوایه سازشی له‌گه‌ڵ عه‌قڵدا هه‌بووه و له زه‌رووره‌تی پاراستنی ئه‌و ده‌سكه‌وته مه‌ده‌نیانه‌ی له ئه‌وروپا و خۆرئاوا هاتوونه‌ته دی هه‌میشه ده‌وروبه‌ری خۆی له مه‌ترسی كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له ده‌ست تاكه كه‌سێك ئاگاداركردۆته‌وه و پێیوابووه ده‌بێ یه‌كانگیرییه‌ك بۆ پاراستنی ئه‌م ده‌سكه‌وته هه‌بێ. ئه‌م رایه‌ش له راستیدا پێمان ده‌ڵێ كه ئه‌وه عه‌قڵه به‌ڕێوه‌مان ده‌بات و بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام چێژ له ده‌سكه‌وته‌كانی عه‌قڵ ببه‌ین ئه‌وا ده‌بێ هه‌میشه چێژهكانمان به عه‌قلانیی بكه‌ین و هه‌ر ئه‌ویش دادوه‌ری یه‌كلاییكه‌ره‌وه بێت.
ئێمه چۆن چێژ وه‌رده‌گرین؟
چێژ له سێكس
سێكس وه‌ك وه‌زیفه‌یه‌كی بایۆلۆژی له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا به‌پێی سیستمی به‌هایی و كولتووری كۆمه‌ڵگه‌كه و ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت داب و نه‌ریته‌كان رێكخراوه و ئه‌مه‌ش له بنچینه‌دا كۆمه‌ڵێك ستراتیژن له پێناوی به‌رزه‌فتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سانسۆری ره‌فتار و حه‌زه غه‌ریزییه‌كان گیراونه‌ته به‌ر.
ئاراسته گۆڕینی مرۆڤی سه‌ره‌تایی له بوونێكی بایۆلۆژی و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواسته سرووشتییه‌كان بۆ بوونێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه ده‌بێ هه‌ڵوێست و قسه‌ی خۆی هه‌بێ له به‌رامبه‌ر خۆیی و یاسا سرووشتییه‌كان ئه‌وه‌ی خواستووه كه ئیدی ده‌بێ تاكه‌كان سه‌ره‌تا له خۆیانه‌وه ده‌ست پێبكه‌ن و یه‌كه‌مجار خۆیان له ناوه‌وه ببه‌زێنن و له‌به‌رانبه‌ریدا وه‌ك كه‌سێكی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ركه‌ون ئینجا سیستمی به‌رزه‌فت په‌ره پێبده‌ن و وه‌ك جه‌سته‌ی گه‌وره‌تری به ئاگا ده‌ركه‌ون.
هه‌موو سیستمه‌كانی به‌رزه‌فت له هاوكێشه‌كانی چێژ‌و ئازار و سه‌رچاوه‌كانیانه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، هه‌موو ئه‌و فه‌یله‌سووف و زانایانه‌ی له پێشه‌وه قسه‌مان له‌سه‌ر كردن و قسهكانیانمان خسته روو له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه ئه‌وه ماڵوێرانییه‌كانی چێژه وای له تاكی ئاده‌میی كردووه هه‌میشه له خۆ رێكخستنهوهدا بێت و گۆڕینی له به‌رگێكه‌وه بۆ یه‌كێكی دیكه مانای گه‌شه‌كردنی میكانیزمهكانییهتی بۆ دۆزینه‌وه‌ی فۆڕمی دیكه‌ی دیسپلین تاوه‌كو به‌رده‌وام جوانتر له پێشتر ده‌ركه‌وێت.
چوارچێوه مه‌رجه‌عییه ئه‌فسانه‌یی و ئاینی و ئایدیۆلۆژی و زانستی و كولتووری و داب و نه‌ریته‌كانیش وه‌چه‌ی ئه‌م غهزرینهی مرۆڤه‌كانن له خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی ئیدی ئینسان بچێته به‌رگێكی دیكه‌وه كه (ئینسانه).
تا ئێستا غه‌ریزه‌ی سێكس به ده‌یان بیچم و فۆڕمی سه‌یر سه‌یره‌وه خۆی نیشان داوین و ئه‌وه‌ی له‌و ده‌مانه‌دا ئێمه‌ی كوردی تیاین هه‌ندێ دیوی ره‌نگاو ره‌نگی هه‌یه هه‌وڵ ده‌ده‌ین تێبگه‌ین كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی یا باشتر وایه بڵێین پیاو و ژنی كورد تا چه‌ند توانیویانه ئه‌م جۆره چێژه به راحه‌ته‌وه موماره‌سه بكه‌ن و ته‌نانه‌ت وه‌ریگێڕنه سه‌ر دیوه كولتوورییه‌كه‌ی؟ .
به پێی هاوكێشه‌كانی هێز و چێژ هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییه هه‌مه‌جۆرانه‌ی پیاویان پێ بووه‌ته بكه‌ری ژماره یه‌ك(1) له هه‌ڵسووڕاندنی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌میشه له به‌رژه‌وه‌ندی پیاو كه‌وتوونه‌ته‌وه و هه‌ر بۆیه‌ش له هه‌ڕه‌می داب و نه‌ریتی كوردهواری خۆماندا هه‌ر دوو سه‌ری جه‌مسه‌ره‌كه واته نێر و مێ به سایكۆلۆژییه‌تی موڵكدارییه‌وه سه‌یری یه‌كتر ده‌كه‌ن و به تایبه‌ت ئه‌وه پیاوه جڵه‌وی كۆمه‌ڵگه‌ی به ده‌سته‌وه‌یه و هه‌ر بۆیه‌ش سێكس حه‌زێكه ئه‌و بڕیار له‌سه‌ر موماره‌سه‌كردنی ده‌دا هه‌م له‌رووی كات و هه‌م له رووی شوێنه‌وه و هه‌ر ئه‌و بینینه خاوه‌ندارێتییه ئافره‌تی كردووه به بابه‌تێك بۆ نیشتنه‌وه‌ی شهبهقییهتی ئیروتیكی خۆی و ئه‌ویش وه‌ك بوونێكی سێكسیی له به‌رامبه‌ر خۆی نابینێ و ئه‌م هه‌سته ته‌نانه‌ت ئه‌م عه‌قلییه‌ته په‌ڕیوه‌ته‌وه نێو زمان و له گوتاری میللی و فۆلكلۆریشمان زۆر به روونی دیاره، ئه‌وه‌تا پیاو به ژن ده‌ڵێ ژنه‌كه‌م و ژنیش به پیاو ده‌ڵێ مێرده‌كه‌م و ئه‌م نهزعه موڵكدارێتییه وایكردووه هه‌ردوولا بۆ یه‌كتر ببن به شت و له رووی رووحییه‌وه كه له بنچینه‌دا سێكس له پاڵ وروژانه بیۆلۆژییهكهی جهنبهیهكی رووحی هه‌یه و جۆرێك له توانه‌وه‌ی دوو كه‌سه له یه‌كتردا Identification یا خود تێكه‌ڵ بوونه له یه‌كترداIncorporating .
له‌م هاوكێشه‌یه‌دا ئه‌وه مێیه هه‌رگیز هه‌ست به موڵكدارێتی بۆ خودی خۆی ناكا و پێیوایه ئه‌و شتێكه له پاڵ شته‌كانی تر و هی كه‌سانی تره و هه‌ر ئه‌وانیشن ده‌توانن سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ی پێوه بكه‌ن و كه خۆشی به هی پیاو ده‌زانێ ههستكردنییهتی به‌وه‌ی پێویستی به‌م پیاوه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی خۆی پێ له پیاوه‌كانی تر بپارێزێ نه‌ك له گه‌ڵ یه‌كتردا و له نێو یه‌كتردا بژین.
ئه‌م جۆره عه‌قلییه‌ته له نێو كولتووری ئێمه‌دا كه‌سێتییه‌كی باوی بۆ به‌رهه‌مهێناوین كه زیاتر مه‌یلی به‌لای كۆكردنه‌وه و گلدانهوهدا ده‌چێ و تا ئێستاش كه‌سێتی زاڵ و باو لای ئێمه له‌و جۆر و تایپه‌ن.
فڕۆم ده‌ڵێ: خۆشه‌ویستی به عه‌قلییه‌تی خاوه‌ندارێتیی بریتییه له زاڵبوون و ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه خۆشمان ده‌وێت و كه‌سه‌كه بكات به هی خۆی و به‌ندی بكات.
فڕَۆم پێیوایه ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر خۆشه‌ویستیدا ده‌چه‌سپێ رێك به‌سه‌ر ژنهێنان و شووكردنیشدا ده‌چه‌سپێ. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی كه تاك خۆشیشی ده‌وێت و هه‌ستێكی رۆمانسیی و شه‌به‌قیی بۆی هه‌یه به هی خۆتی ده‌زانی و ئه‌م به هی خۆ زانینه هه‌ستێكی سلبیی و پاتریاركیانه و ته‌نانه‌ت گلدانهوهگهراییه و تیایدا هه‌م خۆشه‌ویستی و هه‌م ژنهێنان و شووكردنیش نابن به بابه‌تێكی وجودی و له رووی رووحییه‌وه مانای راسته‌قینه‌ی خۆیان پێ نادرێت زیاتر هاوسه‌نگییه‌كی به‌رژه‌وه‌ند ته‌له‌بانه‌ی هه‌ردوولایه و له راستیشدا ئه‌وه خۆشه‌ویستی نییه موماره‌سه ده‌كرێت به قه‌د ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌كی موڵكداریانهیه و زۆر جاری وا ده‌بێت مرۆڤ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی خۆی خۆش ده‌وێت ته‌نانه‌ت كه بێ گیانیشن، به‌لام ئه‌وه‌ی راستییه له خاوه‌ندارێتیدا ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌یه كه ئه‌و شته‌ی هه‌ته! ئاساییه كاتێك بێت نهتمێنێ و له ده‌ستی بده‌ی .
په‌یوه‌ندییه سێكسییه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریدا له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه خێزانییه‌كاندا رێكخراون و ئه‌م فۆڕمه‌ش تا ئاستێكی هه‌ره فراوان فۆڕمێكی یونیڤێرساڵه و له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ خێزانی به زه‌روور زانیوه په‌یڕه‌و ده‌كرێ، وه‌لێ ئه‌وه‌ی لای ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی پهیمانێكه تیایدا هه‌ردوولا پابه‌ندی رێككه‌وتنێكی ئه‌خلاقین به‌وه‌ی كه دڵسۆز بن بۆ یه‌كێتی خێزان و نانه‌وه‌ی وه‌چه و خیانه‌ت نه‌كردن له ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه خێزانییه‌كان و تێكۆشین له پێناوی به‌رز راگرتنی پایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و درووستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆیاندا ئه‌وه‌نده ژن و مێرد رۆشنبیریی سێكسیان نه‌بووه تاوه‌كو بایه‌خ به‌و وروژانه بده‌ن كه هێزێك به‌ده‌ر له ئیراده‌ی خۆیان ده‌یانهه‌ژێنێ و بژارده‌ی جیاجیایان ده‌خاته خه‌یاڵ و زینده خه‌ونه‌كانیان تاوه‌كو به‌ره‌و تێركردنی بچن.
ئه‌گه‌رچی هه‌میشه تێكسته ئاینییه‌كانیش سنووری بۆ كرده سێكسییه‌كان داناوه و له ئه‌ئویل و تهفسیراتهكانیشیاندا به په‌یمانێكی ره‌ها و ئه‌به‌دیان نه‌زانیوه چون تا ئه‌و ئاسته‌ی نێر و مێیه‌ك به‌یه‌كه‌وه ده‌گونجێن ئاساییه ئه‌گه‌ر به‌یه‌كه‌وه بمێننه‌وه وه‌لێ ئه‌گه‌ر قورسایی په‌یمانه‌كه بهلایهكیان هه‌ڵنه‌گیرا ئه‌وه بۆیان هه‌یه له په‌یمانێكی دیكه‌دا ده‌سبه‌رداری یه‌كتر بن. به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ی له پشت ره‌فتاری تاكه‌كانی ئێمه‌وه‌ن داب و نه‌ریتن و تا ئێستاش ئه‌و تایپه له هێز و ئه‌و جۆره له ده‌سه‌ڵات فه‌رمانڕه‌وایی ده‌روونی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری كۆمه‌ڵگه ده‌كات و ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئه‌وه‌نده‌ی له په‌یوه‌ندی ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره ئابووری – سیاسییه‌كان ده‌چێت ئه‌وه‌نده خۆی له ئۆرگانێكی ئیرادهویدا ئۆرگانیزه نه‌كردووه.
هۆی سه‌ره‌كیی ئه‌م په‌یوه‌سته‌گییه بۆ عه‌قلییه‌ت و نه‌زعه‌ی موڵكدارێتی ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئه‌وه‌ی له‌م هاوكێشه‌یه‌دا كێشی قورستره كه پیاوه له گۆشه‌یه‌كی تاغوتیانهوه سه‌یری سێكس ده‌كات و جه‌سته‌ی مێ وه‌ك رووبه‌رێك بۆ موماره‌سه‌كردنی گرێیه‌كانی خۆی له ده‌سه‌ڵات به‌كارده‌هێنێت و له‌وه‌شیاندا زۆر سادیانه چێژی سێكسیی وه‌رده‌گرێت و كرده‌ی سێكسیی لای ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ی زاڵبوون و سه‌ركه‌وتنه به‌سه‌ر مێدا و وه‌دیهێنانی ره‌هه‌ندێكی پاتریاركیانه و نێرانه و خۆ نمایشكردنییهتی به‌وه‌ی ئه‌وه نێره بكه‌ری ژماره (1) و ئه‌وه نێره زوڕڕییه‌تی لایه و لای ئه‌وه‌وه ژیان به‌رده‌وامیی پێده‌درێت و ئه‌وه‌ش مێیه بده‌ر و وه‌رگر، جا بۆیه ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ندییه‌كی بیۆڕوحیانه نیه و له زه‌رووره‌تی پێویستی هه‌ردولایان به دامركاندنه‌وه‌ی ئه‌و حه‌زه‌وه نه‌هاتووه.
ره‌گه‌كانی ئه‌م جۆره عه‌قلییه‌ته له كۆمه‌ڵگه‌ی ترادیسیۆنی ئێمه‌دا زۆر قوڵن و له كۆنه‌ست و یادگه‌ی ده‌سته‌جه‌معیماندا قووڵ رۆچوون، ئه‌م په‌یوه‌ندییه ناهاوسه‌نگه‌ی نێر و مێ له عه‌داله‌تی چێژبهخشیدا بۆ تێڕوانینه پاتریاركییهكان له‌و باره‌یه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه، مێ هه‌ر له بنچینه‌وه ئیراده‌ی ده‌رخستن و ده‌ربڕینی ئه‌م جۆره حه‌زه‌ی نه‌بووه و ته‌نها نێره‌كان بوون ته‌نانه‌ت سنووردارانه ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌كیان له‌و جۆره چێژه كردبێت ئه‌ویش له بواری قسه‌ی نه‌سته‌ق و ئه‌ده‌بیاتی زاره‌كی و هه‌ندێ جاریش له تێكسته فۆلكلۆرییه‌كان ره‌نگیان داوه‌ته‌وه.
مێیه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ئه‌وه‌نده بۆیان نه‌بووه ته‌نانه‌ت ئیروتییهكی سرووشتی خۆیان له جه‌سته‌ی خۆیاندا نمایش بكه‌ن نه‌وه‌كا نێره‌كان به‌و ره‌فتارانه‌یان بورووژێن و كه‌چ ره‌فتارییان لێ بكه‌وێته‌وه. ئه‌گه‌رچی له كوردهواری خۆماندا هه‌ندێ كولتووری ناوچه‌یی بواری ئه‌وه‌ی داوه له هه‌ندێ سرووتی ههررهوهزی و كشتوكاڵیدا هه‌ردوو ره‌گه‌ز بۆ یه‌كتر ده‌ركه‌ون و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ ورده په‌یمانی خۆشه‌ویستیش له نێوانیان بكه‌وێته‌وه ، وه‌لێ له‌وه ده‌رناچێ كه هه‌موو ئه‌م بهیهكگهیشتنانه له كۆتاییدا بهیهكگهیشتنێكن له پێناوی په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ڵێنێك كه هه‌م بهیهكهوهنانی هێلانه‌یه‌كی لێ ده‌كه‌وێته‌وه هه‌م هه‌وه‌سێكی سرووشتی بۆ به‌ریه‌ككه‌وتنێكی بایۆلۆژی خێرا كه هه‌میشه ئه‌م جۆره به‌ریه‌ككه‌وتن و جووت بوونانه به فه‌رهه‌نگێكی سێكسیی و نه‌زعه‌یه‌كی عادیلانه و دیموكراسیانه له به‌شینه‌وه‌ی چێژدا ره‌نگڕێژ نه‌كراون، بگره ته‌نانه‌ت له یه‌كه‌م به‌ریه‌ككه‌وتنی سێكسی‌دا جا چ به‌ریه‌ككه‌وتنی شه‌رعی یا نا شه‌رعیش بووبێ ئه‌وا بكه‌ر وه‌ك پارتیزانێك ده‌رده‌كه‌وێ و ده‌سته‌ویه‌خه له بهریهككهوتنیاندا شۆرتێكی كارۆ سێكسیی گڕێكیان تێ به‌ر ده‌دات و هه‌رگیز ئه‌و خۆشییه كه له توانه‌وه‌ی دوو حه‌زه، له توانه‌وه‌ی دوو هه‌ڵچووه، له بهریهككهتنی دوو جه‌سته‌یه، ناگه‌نه ئه‌و ساتانه‌ی تیایدا وه‌ك باشلا‌ر وته‌نی له ناوه‌وه كڵ و پۆی ئاگره‌كه‌یان خامۆش بێته‌وه.
له په‌یوه‌ندییه سێكسییه شه‌رعییه‌كانی ئێمه‌دا ئه‌گه‌ر نێر و مێش ته‌واو حهڵاَڵی یه‌كتریشن كه‌چی جۆرێك له كبریائی نێرانه و باوكسالارانه و شه‌رمنانه ده‌كه‌وێته نێوانهكهوه هه‌ردوو جه‌سته و ته‌نانه‌ت هه‌ردوو رۆحهكهش ده‌كه‌ونه‌وه ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و سنوورانه‌ی له نێوان ئه‌و دوو ره‌گه‌زه هه‌ن و بواری ئه‌وه ناده‌ن چێژ به‌مانا سایكۆلۆژی و رۆحییه‌كه‌ی ته‌نانه‌ت له نهێنیترین و شاراوه‌ترین ساته‌كانی خۆشی‌دا موماره‌سه بكرێت، ئه‌م ته‌گه‌ره كولتووری و ئه‌خلاقییه پڕ كبریائانه هۆكارن له‌وه‌ی تائێستاش و له ئینسانیترین ساته‌كانیشدا كه نێر و مێیه‌ك ته‌واو موماره‌سه‌ی مرۆڤبوونی راسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن سێكس نه‌بێت به بابه‌تی چێژ و هه‌ر له سنووری پابه‌ندبوونه كاهینانهكهیدا بمێنێته‌وه.
ئه‌م راستیانه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه تاوه‌كو ئێستا سیستمێكی رێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و ئهلتهرنهیتیڤهی ده‌ست نه‌كه‌وتووه كه به هۆیه‌وه تاكه‌كان هه‌م خودی خۆیان وه‌ك سه‌نته‌ری خۆیان بپارێزن و هه‌م بتوانن به‌شێكی زۆری حه‌زه ئینسانییهكانیشیان بهێننه دی ، وه‌دیهێنانی راده‌ی زۆرتری ئه‌م حه‌ز و غه‌ریزانه به‌و ئازادییه‌ی ویلیه‌م رایش و هێربرت ماركۆزهش نییه بۆ په‌یوه‌ندییه سێكسییه‌كان.
ده‌بێ له‌وه حاڵیبین كه هه‌ردوو ره‌گه‌زی نێر و مێ دوو بوونن به جیا هه‌ردوولا به بێ ئیراده‌ی خۆیان له ساته‌وه‌ختی جیاجیادا ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری گه‌ڕان به دوای حه‌زه‌كانیان و دابینكردنیان ، هه‌ر یه‌كه له‌م دوو بوونه له‌یه‌كتر چێژ وه‌رده‌گرن و ئه‌م ساته‌وه‌ختانه‌ش ساته وه‌خته ئینسانییه راستهقینهكانن، مرۆڤه‌كان ده‌توانن پاڵنه‌ره‌كان بناسن ئه‌گه‌ر له خودی خۆیان تێگه‌یشتبن، ده‌توانن ره‌فتاره‌كانیان بۆ راسته‌ڕێكردنی ئه‌م پاڵنه‌رانه بگونجێنن ئه‌گه‌ر هه‌رچی توانا خودی و عه‌قلی و سایكۆلۆژییه‌كانی خۆیان بناسن، ده‌شتوانن ئامانجه‌كانیان ئاشكرابكه‌ن ئه‌گه‌ر پێیان وابێ مانه‌وه‌ی ئه‌وان و ئاستی به‌هێز و ساغ مانه‌وه‌یان پابه‌ندی ئه‌م زه‌رووره‌ته سرووشتی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه، هه‌ر بۆیه مرۆڤه‌كان ده‌توانن ئه‌م ساته وه‌خته وجودیانه‌ی خۆیان به گه‌وره‌تر راگرن و ئاركیۆلۆژیانه مێژووه پڕ قوزهڵقورتییهكهی پاكتر بكه‌نه‌وه.
چێژ له خواردن
خواردنیش ئه‌گه‌ر پێداویستییه‌كی بایۆلۆژییه و ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی برسیمانه و ده‌گه‌ینه خواردن و ده‌خۆین چێژ و خۆشی و فهراحناییهكمان پێده‌گات، چۆنییه‌تی په‌یداكردنی و ئینجا ساز و ئاماده‌كردنی و دواتر خواردنیشی ده‌كه‌وێته ئاستی كولتوور و هه‌ر ئه‌وه شێوازه جیاجیاكانی خواردن و ئاماده‌كردنی و ئینجا خواردنیمان بۆ به شێوه‌یه‌ك رێك ده‌خات كه پێیانه‌وه بناسرێینه‌وه.
كولتووری خواردن لای ئێمه وه‌ك سیاسه‌ته كۆنه كۆمهڵایهتییهكهمان بووه، چۆن وه‌ك نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه ئێمه‌ی كورد هه‌ر به‌ته‌نها مه‌به‌ستمان بووه به زیندوویی بمێنینه‌وه و نهفهوتێین له خواردنیشدا هه‌ر مه‌به‌ستمان رزگاركردنی جه‌سته‌ی خۆمان بووه له لاوازبوون و نه‌خۆش نه‌كه‌وتن و مانه‌وه وه‌ك بوونێكی ته‌نها بایۆلۆژی، له‌م ستراتیژییه‌ته هه‌ل پهرستانهیهدا تاكه‌كان نه گرنگی به جۆری خواردنه‌كه ده‌ده‌ن و نه به شێوازی ئاماده‌كردنی و ته‌نانه‌ت نه به سرووت و ساته‌كانی خواردنیشیان، له‌و حاڵه‌ته‌دا چێژ بردن له خواردن ده‌بێته بابه‌تێكی لاوه‌كی و له‌به‌ر تێئاخنین و پڕكرنی گه‌ده بۆ ئه‌وه‌ی تاماوه‌یه‌ك برسیت نه‌بێته‌وه ئه‌وه‌نده بایه‌خ به‌و ساته وه‌خته رۆحیانه ناده‌یت كه چێژ وه‌رگرتنه و له‌یه‌كتر جیاكردنه‌وه‌ی تام بۆیهكانه.
ساده‌یی خواردنه كوردهوارییهكانمان و ئاسانی وه‌ده‌ستهێنان و ساز و ئامادهكردنیشیان باشترین نموونه‌ی ئه‌م ساته خێرا تێپه‌ڕانه‌ی خواردنهكانمانن. له سفره رازاندنهوهشدا تاوه‌كو ئێستاش سفره‌ی كوردان وه‌ك نیشانه‌یه‌ك له فه‌رهه‌نگی خواردن له نێو سفره‌ی نه‌ته‌وه و گه‌لانی تر ناناسرێته‌وه. راسته ئێمه كۆمه‌ڵێك خواردنمان هه‌ن كه به خواردنی كوردان ناسراون و وه‌ك تاكه‌كانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه به‌هی خۆمانیان ده‌زانین و ته‌نانه‌ت ناوه ناوه بۆشیان به په‌رۆش ده‌بین و هه‌وڵی وهدهستهێنانیشیان ده‌ده‌ین، وه‌لێ چێژبردنمان بۆیان چێژێك نییه ئارامییه‌كی رهوانیمان پێ ببه‌خشێ و له رووی سایكۆلۆژییه‌وه بمانحهسێنێتهوه، ته‌نها حهسانهوهیهك هه‌بێ له زۆر خواردنه‌كه‌یه و كاتێكیش ته‌واو بووین له خواردن ده‌ستێك له ورگمان ده‌ده‌ین و به‌ملا و به‌ولادا هه‌ڵیده‌سه‌نگێنین كه ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م ئاماژه‌یه نیشانه‌ی پڕبوونی گه‌ده‌یه ئه‌وه‌نده نیشانه‌ی تێربوون و چێژ وه‌رگرتن نییه.
له دابه‌شكردنی ژهمهكانیشدا په‌یوه‌ستبوونێكی لاهوتیانه‌ی پێوه دیاره كه سه‌ره‌تا و ناوه‌راست و كۆتایی رۆژی كردووه به ساته‌كانی برسیبوون له كاتێكدا ئه‌وه جه‌سته‌یه له وروژانێكی غه‌ریزیدا داوای خواردنمان لێده‌كات و له ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دانییه فێری ئه‌وه بین كه‌ی برسیمان ده‌بێ و كه‌ی دهوروژێین به‌ڵكو خشتهبهندیكردنی خواردن له كولتووری ئێمه‌دا داب و نه‌ریتێكی سته‌مكارانه‌یه له جه‌سته و جۆرێك له موماره‌سه‌كردنێكی مازۆخیانهیه.
چێژی خواردن هه‌روا ساته‌وه‌ختی تێپه‌ڕ و كه‌م بایه‌خ نین، هه‌موو سه‌رزه‌مینێك به جیاوازی پێكهاته‌ی كه‌ش و هه‌واكه و جوگرافیا و جیۆلۆژیای خاكه‌كه‌ی و جۆری پێكهاته سرووشتییه‌كه‌ی رووه‌كی تایبه‌ت به خۆی و سه‌رچاوه‌ی خواردنی تایبه‌تی ده‌بێت و تاكه‌كانیش به‌و پێیه‌ی بوونگهلێكن له‌و سه‌رزه‌مینه كه‌وتوونه‌ته‌وه بێگومان له ژێر كاریگه‌ریی هه‌موو پێكهاته سرووشتییه‌كانی سهرزهمینهكهیانن به ئاو و خاك و هه‌وا و ئاگرهكهشییهوه، ئه‌م ئاماژه‌یه‌م قه‌ناعه‌تێكی میتۆلۆژی نییه به چوار پێكهاته بنچینه‌ییه‌كه‌ی سرووشت ئه‌گه‌رچی له شیكاره ده‌روونییه‌كانی باشلاریشدا مرۆڤه‌كان ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌یان وه‌ك ئارچیتایپی سه‌ره‌تایی پێوه دیار ده‌مێنێت و باشلا‌ر وته‌نی هه‌ر نه‌بێ له زینده خه‌ونه‌كانیاندا ده‌رده‌كه‌ون، وه‌لێ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌مان ده‌بێ هه‌بێ كه تام و چێژ بردنیشمان له خواردن له نه‌ته‌وه و گه‌لان و كۆمه‌ڵگه‌ی تر جیایه و هه‌ندێ شت هه‌یه ئێمه ده‌یخۆین و پێمان به له‌زه‌ته و كه‌سانی نێو نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌ی تر نایخۆن و بێ‌زیان لێی ده‌بێته‌وه ، ئه‌م پۆڵێنه كولتوور دیاریده‌كات و هه‌ر بۆیه‌ش كولتوور ئه‌گه‌ر نه‌شتوانێ فێری ئه‌وه‌مان بكات كه برسیمان بێت ئه‌وا ده‌توانێ ئه‌وه‌مان فێركا كه چۆن چۆنی چێژ وه‌رگرین و له چی له‌زه‌ت به‌رین و له چیش بسڵه‌مینه‌وه؟.
كولتوور ده‌توانێ وامان لێبكات زیاتر بایه‌خ به خواردن بده‌ین و هه‌ر ژهمێكمان له سرووتی رۆحانیانهی خۆشدا به‌سه‌ر به‌رین و سفرهكانیشمان ئه‌وه‌نده جوان بڕازێنینه‌وه بتوانین حه‌زه‌كانمان بۆ چێژوه‌رگرتن به‌كار به‌رین نه‌ك بۆ ورگ زلكردن. له‌م شێوه ئێستاتیكییهی خواردندا دنیایه‌ك ده‌لالاتی جوان ده‌ده‌ین به په‌یوه‌ندییه ئینسانییه‌كان و بۆنه‌ی خۆشتر و پڕجۆشتریش له‌سه‌ر خواردن بۆ له‌یه‌كتر حاڵیبوونی زیاتر و گفتوگۆی واڵاتر و گه‌یشتن به تێز و پێشنیازی باش ده‌خولقێن.
حیكمه‌ت له چێژبردنی له‌م جۆره ناساندنه‌وه‌ی سه‌ر له نوێمانه به‌وه‌ی ئێمه ئیدی كه‌سی تازه‌ین و ده‌بێ له هه‌موو ساته‌وه‌خته‌كانی ژیانمان چێژ وه‌رگرین و نه‌هێڵین بهتاڵاییهك له ژیانمان بمێنێته‌وه چێژ تیایدا ون بێت.
چێژ له بینین
ئایا ئێمه چاوه‌كانمان بۆ بینین و ناسین و دیاركردن و له یه‌كتر جیاكردنه‌وه‌ی شته‌كان به‌كار ده‌هێنین؟ یاخود له به‌كارهێنانی چاودا شاره‌زانین و له‌و هه‌سته‌وه‌ره باڵایه چێژی سرووشتیی خۆی وه‌رناگرین؟.
له چاوه‌كانی ئێمه‌دا دنیایه‌ك ترس و رارایی ده‌خوێندرێنه‌وه مێژووه‌كه‌یان له‌وانه‌یه بۆ سه‌ره‌تای درووست بوونمان وه‌ك نه‌ته‌وه یا كۆمه‌ڵگه بگه‌ڕێته‌وه، چاوه‌كانمان له‌زه‌ت له بینین وه‌رناگرن به‌قه‌د ئه‌وه‌ی یا خه‌ڵكیان پێ ده‌ترسێنین یا ئه‌وه‌تا ترسیان له خه‌ڵك تیا ده‌بینین.
ئه‌م جۆره به‌كارهێنانه‌ی چاوه لای ئێمه له به‌كاربردنی پشیله و گورگ و مه‌ڕ ده‌چێت و به كورتی به‌كارهێنانێكی سه‌ره‌تایی و خۆ پارێزیانهیه نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی جوانیه‌كانی دنیایان پێ ببینین و چێژیان پێ له كه‌وتنه سه‌ر هه‌ر شتێك وه‌رگرین، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها پێیان ببینین و به‌س.
ته‌نها بینین وبه‌س مانای ئه‌وه‌یه ئه‌م هه‌سته‌وه‌ره باڵایه نه‌توانراوه به شێوه‌یه‌ك رام بكرێ له پاڵ رۆشنكردنه‌وه‌ی به‌رده‌م و ئاسۆی بینینه فیزیكییه‌كان هه‌میشه له خزمه‌تی مانا به‌خشیندا بێت بۆ هه‌رچی ده‌كه‌وێته پێشی و ئینجا به هۆیه‌وه ده‌كرێ مرۆڤ وه‌ك زمانێكی تر به‌كاری بهێنێ و ئه‌وه‌نده زه‌حمه‌ت نه‌خاته به‌ر زمان و ده‌م و پێیوابێ حاڵی‌بوون و په‌یوه‌ندیكردن هه‌ر له ئه‌ستۆی ئه‌واندایه و به‌س.
چاو فراوانترین ئاسۆی له وه‌رگرتنی پێدراو یا وروژێنه‌ره‌كانی ده‌ور و به‌ر هه‌یه و له كرده‌ی پهیبردندا چاو رۆڵی ژماره(1) ده‌بینێ و ئه‌و هه‌سته‌وه‌ره وردترین و راستترین وێنه‌كانی حه‌قیقه‌ت ده‌گوازێته‌وه، له كولتووری ئێمه‌دا فێری ئه‌وه كراوین له رێگه‌ی چاوه‌وه ئاگاداری خۆمان بین و وریای مه‌ترسیه‌كانی ده‌ورمان بین نه‌وه‌كا ئازارێك یا زیانێكمان پێبگات، هه‌ر بۆیه چاوه‌كانمان تاوه‌كو ئێستا رۆڵی كامێرایه‌كی چاودێری ده‌گێڕن نه‌وه‌كا هۆكارێك بۆ ناسین و ناسینه‌وه و گواستنه‌وه‌ی وێنه‌كانی ده‌ور و به‌ر و له سه‌رووی ئه‌مانه‌شه‌وه چێژ بردن له بینینی جوانییه‌كان و حه‌ساندنه‌وه‌ی مێشك و رامانه فیزیكی و میتافیزیكییهكانمان.
سه‌یركردن له كولتووری ئێمه‌دا نه‌چووه‌ته بواری فێربوون و به‌ته‌نها خراوه‌ته نێو ئه‌ده‌بیاتی ترس و تۆقینه‌وه، چۆن به ده‌م قسه و ده‌نگه‌كان ده‌رده‌بڕین و له ڕێگه‌یه‌وه كرده‌ی ئاخاوتن ئه‌نجام ده‌ده‌ین و به ده‌ست فێره گرتنی شته‌كان و به قاچیش فێری رۆیشتن ده‌بین ئه‌وا به چاویش ده‌بوایه فێری ئه‌وه كراباینایه كه چۆن سه‌یری خۆمان و ده‌ره‌وه‌ی خۆمانی پێبكه‌ین و به‌و ئه‌ندامه‌ی له‌شه چۆن په‌یوه‌ندیی بگرین؟.
نه‌زانینی به‌كارهێنانی چاو جۆرێك له‌و بێبه‌ش بوونه ههستییهیه كه له درێژه‌ی مێژووی كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی ئێمه‌دا دووچاری بووینه‌ته‌وه و دنیایه‌ك قه‌ده‌غه خراونه‌ته به‌رچاومان ئه‌ویش له دیدگای حه‌رام و زاڵبوون به‌سه‌ر ده‌روون و سه‌لماندنی تواناكانمان له‌سه‌ر كۆنتڕۆڵ. هه‌ر بۆیه چه‌پاندنی ئه‌و شتانه‌ی بۆمان نییه لێیان رامێنین و وێنه‌كانیان وه‌ك خۆیان بگوازینه‌وه، له نه‌ستی ئێمه‌دا ماونه‌ته‌وه و هه‌میشه وه‌ك فڕۆید ده‌ڵێ له ده‌رچه‌ی جیاجیاوه هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌م په‌ستانه رزگاریان بێت و جارجاره‌ش وه‌رده‌گه‌ڕێنه سه‌ر شێوازی سه‌یر سه‌یر له ته‌ماشاكردن و به‌كارهێنانی چاو.
دیارده و شێوازه‌كانی سه‌یركردن و به‌كاربردنی چاو له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌دا زیاتر ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م تێڕوانینه‌ی سه‌ره‌وه‌ی پێوه دیاره و ئه‌وه‌تا له بازاڕه‌كان چۆن له‌یه‌كتر راده‌مێنین و كوڕ و پیاوه‌كانمان چۆن چۆنی سه‌یری ژن و كچه‌كان ده‌كه‌ن و وه‌ك ئه‌وه وایه تۆ له‌به‌رده‌م كه‌سێكدا بی كه ئه‌وه‌نده تینووی بینینه هه‌ر ده‌ڵێی قه‌د ژن و كچی نه‌دیوه ، زۆر جاری واش بووه نه‌زانینی سه‌یركردن و بینین بووه‌ته هۆی شه‌ڕی گه‌وره گه‌وره و خه‌ڵكی تیادا كوژراوه و برینداركراوه. سه‌یركردنی نا ئاسایی بۆ هه‌ر كه‌سێك تێپه‌ڕینه له‌سه‌ر ئازادییه‌كانی ئه‌و و سڵهماندنهوهیهتی به‌وه‌ی ئه‌و له ژێر چاودێری خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌تی و له راستیشدا ته‌نانه‌ت ده‌زگا هه‌واڵگری و سیخوڕیه پسپۆڕه‌كانیش شێوازی زۆر پڕۆفیشناڵیان هه‌یه له‌سه‌ر به‌كاربردنی چاو بۆ مه‌به‌سته‌كانی خۆیان.
سه‌یركردن و بینین هونه‌ری خۆیان هه‌یه و ئه‌وه هه‌ڵبژارنه‌كانی تاكه پێی ده‌ڵێ چی ببینێت و چیش نه‌بینێت ، چون چاوكهوتنه سه‌ر هه‌ر شتێك و نائاساییانه به‌كارهێنانی چاو هه‌م باش په‌ی نه‌بردنی كه‌سی بینه‌ر بۆ بابه‌تی بینرا و هه‌م خراپ حاڵی‌بوون و په‌یبردنی بینراوه له به‌رانبه‌ر بینه‌ر، هه‌ر بۆیه چاوه‌كان كه ده‌كه‌ونه سه‌ر شته‌كان بۆ ئه‌وه نییه ئازار له بینینه‌كان وه‌رگرن به‌قه‌د ئه‌وه‌ی پێویستیان به چێژوه‌رگرتنه به شێوازی چاو له پێدراوه‌كانی ده‌ور و به‌ر، چاو زمانێكی دیكه‌یه و یه‌كێكه له ئه‌ندامه ئه‌كتیڤه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن له نێوان مرۆڤه‌كاندا و چۆن مرۆڤه‌كان له ئه‌نجامی پرۆسه‌ی به كۆمهڵایهتیبووندا فێری ئه‌وه بوون قسه بكه‌ن و به‌و هۆیه‌وه له‌یه‌كتر حاڵیبن ئه‌وا چاویش وه‌ك زمان و وه‌ك ده‌ست ده‌بێت به یه‌كێك له زمانه‌كانی جه‌سته و هه‌میشه به هۆیه‌وه هه‌م ماناكان به‌رهه‌م دێن و هه‌م له مانا و ده‌لالاته‌كانی كه‌سانی به‌رامبه‌ر حاڵی ده‌بین.
چاوی شه‌رمن ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یه كه‌سێكمان له به‌رانبه‌ره مێژوویه‌ك له په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وایان كردووه ئه‌م چاوانه شه‌رمنانه هه‌ڵبێن و شه‌رمنانه سه‌یری دنیای ده‌ره‌وه بكه‌ن و شه‌رمنانه‌ش بتروكێن، چاوی كه‌سه زیت و چالاكهكانیش هه‌میشه زه‌ق و كراوه‌ن و دانانه‌وێن و به‌رده‌وام وێنه له‌سه‌ر وێنه‌ی خۆی نمایش ده‌كات و ئینجا وێنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆشی ئازایانه ده‌گوازێته‌وه نێو زه‌ینی خۆی.
چاوی ترسنۆك و ترساویش ئاسۆییانه له شته‌كان رانامێنێ و به‌رده‌وام تیچاو به‌كار دێنێ و لهرزۆكانه ده‌كه‌وێته سه‌ر وروژێنه‌ره‌كانی ده‌ور و به‌ر.
چاوه‌كانی ئێمه شه‌رمنانه سه‌یری دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن، چون هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وا فێر بوون زیاده مه‌سره‌فیی له سه‌یركردن نه‌كه‌ن و له‌وانه‌یه چاو فێڵبازانه بمانباته سه‌ر شتی وه‌ها كه كاریگه‌ری بۆ سه‌ر شت و شوێنی تر هه‌بێت و هه‌ر بۆیه‌ش تا شه‌رمنانه به‌كاریان بهێنین ئه‌وا كاڵاكانمان باشتر ره‌واجیان ده‌بێت.
ترسنۆكانهش له دنیا راده‌مێنین ، چون ئه‌وه ترسه وای كردووه رووبه‌ری نه‌ستمان هه‌زاره‌ها ئه‌وه‌نده‌ی رووبه‌ری هه‌ست فراوان بێت و ئه‌م ترسنۆكانه بینینه كۆمه‌ڵێك گرفتی له كۆڵ كردووینه‌ته‌وه وه‌ك رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كێشه‌كان و بڕیاردان و ئازایانه داهێنان و هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌م شێوازه له بینین دووری خستووینه‌ته‌وه له خۆ تێهه‌ڵقورتان و به‌ره‌و پیرچوونی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان.
كه‌واته هونه‌ری بینین هونه‌رێكه فێری ده‌بین و كولتوور ئه‌ته‌كێتی بهكاربردنیمان بۆ ده‌ڕازێنێته‌وه و وامان لێده‌كا له‌وه حاڵی بین كه هه‌ر بینینێك مانایه‌كی هه‌یه و هێمایه‌كه له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندیكردنی هاوسهنگانهدایه.
چێژ له بیستن
ئێَمه چی به گوێیه‌كانمان ده‌بیستین و ئه‌م هه‌سته‌وه‌ره‌ی دووه‌مه چۆن به‌كارده‌هێنین؟
سه‌ره‌تا گوێكانی ئێمه بۆ قوڵاغیمان بووه له ده‌نگه سرووشتییه‌كان و وه‌ك هه‌ر گوێیه‌كی بایۆلۆژی به‌كارهاتوون، ئه‌و ده‌نگانه‌ی دێنه گوێمانه‌وه هه‌ر یه‌كه لای خۆیه‌وه ریتم و به‌زمێكی خۆی هه‌بووه و به‌و پێیه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له كۆنه‌وه تایپێكی زینده‌گیانه‌ی لادێی بووه و سه‌رقاڵی كشت و كاڵ و ئاژه‌ڵداری بووه هه‌ر بۆیه ئاشناترین ئه‌و ده‌نگانه‌ی له گوێمان زرنگابنهوه ده‌نگه سرووشتییه‌كانی باران و ره‌شه‌با و زریان و هه‌ور و مه‌ل و باڵنده و گیانه‌وه‌ران و شتی له‌م بابه‌ته بوون، ئه‌م نه‌غمه سرووشتیانه له پاڵ نهمهتییهتی داب و نه‌ریته‌كانمان بۆ زه‌مه‌نێكی زۆر به‌م شێوه‌یه‌ی هێشتووینه‌ته‌وه و هه‌میشه‌ش له‌و تایپه‌ی ژیانه‌دا و به‌پێی داب و نه‌ریتی باومان گوێمان بۆ سه‌ردوولكه و حه‌یران و ته‌راتیلی ئاینی و شین و به‌زم و رهزمهكانی شایی و ئاهه‌نگ و حیكایه‌ت و دواتر شانامه و داستانه ئازایه‌تییه‌كانی پاڵه‌وانانی نێو میتۆلۆژیا گرتووه.
گوێكانمان له‌م زه‌مه‌ندا ته‌نها ئاشنای ئه‌و ده‌نگانه بوون و پیس نه‌بووبون به ژاوه ژاو و ده‌یانتوانی چێژ له هه‌ر یه‌كه له‌م ده‌نگانه وه‌رگرن و تاكی ئه‌و سه‌رده‌می ئێمه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یه‌كی ئیجابی ورووژێنه‌ره‌كانی سرووشت بووه و له‌به‌ر سنوورداری كولتوور و نه‌توانینی وه‌به‌رهێنانی زیندوو له‌سه‌ری نه‌یانتوانیوه ده‌نگ بگوازنه‌وه ئاستی باڵاتر كه تواناكانی تاكی تیا وه‌ده‌ر ده‌كه‌وێ هه‌ر بۆیه داهێنانی كوردیمان له بواری گواستنه‌وه‌ی ئاسته‌كانی ده‌نگ و ئاواز و نه‌غمه و شێوازه‌كانی دیكه‌ی بیستن له قۆناغی سرووشتییه‌وه بۆ قۆناغی ده‌ست و قامه‌تی مرۆیی تیا به‌دیناكرێت.
ئه‌م هه‌سته‌وه‌ره چۆن له‌سه‌ره‌تادا به ملكه‌چی و گوێڕایه‌ڵی ده‌نگه سرووشتییه‌كان راهاتبوو ئێستاش خه‌سڵه‌تی گوێڕایه‌ڵی و ملكه‌چی واز لێنه‌هێناوه و نه‌یتوانیوه له‌و ده‌نگانه تێ‌بگا كه دێنه گوێی و هه‌میشه هه‌ر سه‌ری بۆ له‌قاندوون، له مۆنۆلۆگی نێوان خۆیی و خودی خۆیدا تاكی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ی ئێمه هه‌ر گوێی له ده‌نگی خۆی بۆته‌وه و به‌س و نه‌یتوانیوه ئه‌وه ده‌ستنیشان بكات كه خوده شاراوه‌كه‌ی ناوی چی لێ ده‌وێ و چپێیخۆشه به‌چی چێژی بیستنی پێ ببه‌خشێ.
ئه‌و حیكایه‌ت و داستانگه‌له‌ی له رابردوودا فێری ئه‌وه‌یان كردبووین ته‌نها و ته‌نها هه‌ر گوێڕایه‌ڵ بین ئێستا هه‌مان حیكایه‌ت و داستانن به‌ڵام له داڕشتنی دیكه و له ئاوازی نوێتر خزاون، گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌مان هه‌ڵوێستیان لێمان ده‌وێ كه تاعه‌تی گوێیه بۆ ئه‌و ده‌نگه سنووردارانه‌ی ده‌یبیستێ، لێره‌دا گوێگر جگه له وه‌رگرێكی سلبیی و كه‌سێكی مردوو چیتر نییه چون بۆی نییه ئه‌وه‌ی بیستی به شێوازی دیكه بیڵێته‌وه و ئه‌وه‌ی بۆ هه‌یه وه‌ك بیستی بیڵێته‌وه، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی تاكه‌كان به‌سرووشتی خۆیان هه‌ر یه‌كه به شێوه‌یه‌ك ده‌بیستێ و به شێوه‌یه‌كی جیاش ده‌یگوازێته‌وه سه‌نته‌ره مانابهخشهكانی مێشك و دواتر به شێوه‌یه‌كی زۆر جیاوازتر په‌یان پێ ده‌بات، له بیستندا مرۆڤه‌كانی ئێمه به ته‌نها پرتهیهك وه‌ك قه‌له‌موون هه‌موو علو علوی به دوادا ده‌ڵێنه‌وه و ئه‌م تایپه كلاسیكه‌ی بیستن له كولتووری ئێمه‌دا كرده‌یه‌كی تهلقینیی بووه و هه‌ر بۆیه تاوه‌كو ئێستا نهیپهڕاندووینهتهوه به‌ری بیستن له‌سه‌ر ئه‌و ئاوازانه‌ی خۆمان دایان ده‌نێین و هه‌ر خۆشمان دابه‌شكردنی ده‌نگیان بۆ ده‌كه‌ین.
له گردبوونه‌وه مرۆییهكانماندا كه ئێمه ناوی شارمان لێناون ژینگه‌یه‌كی پیسی ئه‌وتۆ به‌رقه‌راره كه گوێ به‌ری ناگرێ و ناچار وه‌ك كه‌ڕ و لاڵێك ده‌بێ به نێویدا تێپه‌ڕی مه‌گه‌ر نا ئه‌گه‌ر بۆ چه‌ند چركه ساتێك هه‌ست له گاڵه‌گاڵ و ژاوه‌ژاو بگریت له‌وانه‌یه بهرینهگریت و كاردانه‌وه‌ی خراپت هه‌بێت.
گه‌وره‌بوونی نائاساییانه‌ی شاره‌كانمان و رێكنه‌خستنی هاتوچۆ و له‌بارنه‌بوونی هه‌ل و مه‌رجه‌كان ، بازاڕ و شوێنهگشتییهكانی ئێمه‌یان كردووه به جه‌نجاڵیه‌ك كه هه‌ر له رۆژی مه‌حشه‌ر ده‌چێ كه‌س ئاگای له كه‌س نییه و هه‌ر كه‌س له فیكری خۆیدایه! له‌و جۆره كه‌شه‌دا گوێ هه‌موو شتێك ده‌بیستێ و هیچیش نابیستێ، ناتوانێ له نه‌غمه و ریتمی ده‌نگه جۆراوجۆره‌كان تێبگات و ئه‌م جیانه‌كردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیش عه‌قڵمان لێ ون ده‌كات و ناتوانی به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌به‌رانبه‌ریدا شتێكت هه‌بێت بۆ گوتن.
هۆڕنی ئوتوموبیل و هاواری عه‌ره‌بانچی و فرۆشیاره گه‌ڕۆكه‌كان و شتی دیكه‌ش ئارامی له گوێ هه‌ڵده‌گرێت و ئه‌م هه‌سته‌وه‌ره به‌رزه به‌رده‌وام له‌م كه‌شه رام بووه و تا ئاستێك كه دیقه‌تی تاكه‌كان ده‌ده‌یت له‌گه‌ڵی راهاتوون و به‌لایانه‌وه ئاساییه. ئه‌م ئاساییبوونه هه‌مان نهمهتییهتی جارانه و ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی تاكی ئێمه نایه‌وێ به گوێ شت وه‌رگرێت و له‌ڕێگه‌یه‌وه شت فێربێت، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی به‌سه ئاگای له خۆی بێت نه‌وه‌كا شتێكی به‌ركه‌وێت و ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ته‌واو میكانیزمێكی خۆپارێزییه و گوێ ناباته ئاستی هۆكارێكی هه‌ره‌گرنگ بۆ ناسین و ناسینه‌وه و ئیدراك و په‌یبردن به هه‌رچی ده‌نگه له ده‌ور و به‌ر.
له ئۆرگانه كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و فه‌رهه‌نگی و سیاسیه‌كانیش ئه‌م بێگوێییه ده‌بینینه‌وه و ئه‌وه‌تا قوتابی تاوه‌كو ئێستا گوێگرێكی گوێڕایه‌ڵ و سلبییه و بوونێك نییه له‌به‌رانبه‌ر مامۆستادا قسه بكات و له‌پاڵ وردبوونه‌وه و پاولۆڤرێری وته‌نی شۆڕبوونه‌وه به نه‌غمه‌ی ئاوازی قسه‌كانی به‌رانبه‌ر نۆره‌ی قسه‌ی بێت و بكه‌وێته وتووێژێكی ئینسانی و دیموكراسیانه له‌گه‌ڵ مامۆستادا، ئه‌وه‌ی ده‌یبنین و تا ئێستا سه‌رنجی ده‌ده‌ین سرووتێكی تهلقینییه و نه مامۆستا وه‌ك نوێنه‌ری سیستم له پۆل و نه قوتابیش له‌و ئاسته نین هیچیان گوێیان له یه‌كتر بێت و ئه‌وه‌ی له‌و هه‌ڵوێسته‌دا ونه به‌راست گوێیه و ده‌نگه‌كانیش هه‌ر له چوارچێوه‌ی رێز و حورمه‌ت بۆ مامۆستا و پابه‌ند بوون به مه‌رجه‌كانی قوتابیبوون و پیرۆزی ژوور چیدیكه نین.
له سیمیناره ئهكادیمییهكانیشدا له زانكۆكان ئیتیكی گفتوگۆ زۆر به كه‌می په‌یڕه‌و ده‌كرێ و ته‌نانه‌ت حیوار هه‌ر یه‌ك لایه‌نه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌ردوو لای گفتوگۆكانیش له‌گه‌ڵ یه‌كتر بدوێن، چون هیچیان گوێ بۆ یه‌كتر ناگرن و ناتوانن بێده‌نگی خۆیان له‌كاتی ئاخاوتنی به‌رانبه‌ردا كۆنتڕۆل بكه‌ن تاوه‌كو (ڤرێری) وته‌نی له‌و بێده‌نگییه‌دا یه‌ك به‌یه‌ك وشه‌كانی به‌رانبه‌ر شیبكه‌نه‌وه كه هه‌ر یه‌كه بۆ خۆیان وه‌ك باشلا‌ر ده‌ڵێت وێنه‌یه‌كه و پێویستی به‌وه هه‌یه لێیوردبینه‌وه تاوه‌كو حاڵیبین.
ئه‌گه‌ر گوێگرتن ئه‌و نهێنییه بێ كه گفتوگۆ و له‌یه‌كتر حاڵی‌بوون ده‌بێ بۆی فه‌راهه‌م بێ ئه‌وا چه‌مكی دیموكراسی وه‌ك فۆڕمێك له فۆڕمه‌كانی به‌یه‌كه‌وه ژیان له هه‌موو شتێك زیاتر پێویستی به گوێیه و به‌و هۆكاره و باش به‌كارهێنان و باش به‌خێوكردنی ده‌كرێ به خۆمان بڵێین بوونێكی ئیجابی و وه‌رگرێكی چالاك، به پێچه‌وانه‌وه كه‌سێك نه‌زانێت گوێكانی به‌كار بهێنێت و نه‌یزانیبێ به خێویان بكات ئه‌وا كه‌سێكی ناهاوسه‌نگه و له‌رووی دهرووندرووستیشهوه شڵه‌ژانی ده‌روونی هه‌یه . به‌و پێیه‌ش بێت ئه‌وا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه كه گوێ له خۆی ناگرێ و ناشزانێ گوێ بۆ گفتوگۆ و فێربوون به‌كار بهێنێ ئه‌وا بونیادێكی نادیموكراسی هه‌یه له رووی ره‌فتارییه‌وه و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كیش تاكه‌كانی نه‌زانن سوود له ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی خۆیان وه‌رگرن و نه‌شتوانن خۆیان له‌و رووه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رن ئه‌وا چۆن چۆنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ساغ و داینامیكی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
سیمینار و گوتار و پڕۆسێسه سیاسیهكانیشمان ئه‌وه‌نده‌ی شۆڕكردنه‌وه‌ی فه‌رمان و گوێڕایه‌ڵییه بۆ ده‌نگی هه‌ره باڵا ئه‌وه‌نده وت‌و وێژی گوێیه‌كان نییه له‌گه‌ڵ یه‌كتر و له‌م سرووته نهمهتییهش كه هه‌ر له بنچینه‌وه به میرات بۆمان ماوه‌ته‌وه كه‌سی ژماره (1) له ئۆرگانی سیاسی‌دا زۆرترین ئازادی قسه‌كردنی هه‌یه و كه‌مترین ماوه‌شی هه‌یه بۆ گوێگرتن ، كه‌سه باڵاكانی ئێمه زۆر كه‌متر پێویستیان به گوێ هه‌یه و به ته‌نها چاو قه‌ناعه‌تیان هاتووه و هه‌ر بۆیه‌ش زیاتر به چاو بیرده‌كه‌نه‌وه و كه‌متر رۆڵی گوێ له به‌رخورده ئاساییهكانیاندا ده‌بینین، لێره‌دا داخستنی گوێ لای كه‌سی باڵا له ئۆرگانی سیاسیی و واڵاكردنی كه‌سی وه‌رگریش بۆ گوێكانی تاوه‌كو هه‌رچی باش و خراپه بیبیستێ جۆرێك له نه‌هاتنه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كتری لێ كه‌وتۆته‌وه و له ناخه‌وه هه‌ردوولا له بیستنی ده‌نگه‌كانی یه‌كتر قه‌ڵس و بێتاقه‌ت ده‌بن .
ریتمه سیاسیه‌كانی وڵاتی ئێمه له‌وه‌ته‌ی هه‌ن له هه‌مان میلۆدیدا ماونه‌ته‌وه و ناكرێ بخرێنه ئاوازی دیكه و هه‌ر بۆیه‌ش بیستنیان وه‌ك ده‌نگه هه‌ره ئاساییه‌كانی لێهاتووه كه هه‌رگیز كه‌ڵه موویه‌ك له جه‌سته‌مان ناوروژێنن.
كه‌واته به‌و پێیه بێ نه ئۆرگانی سیاسیی كه‌كاری ئه‌وه‌یه هه‌میشه گوێی نوێ بۆ ده‌نگه‌كانی خۆی بدۆزێته‌وه له خه‌می ئه‌وه‌دایه با له‌مه‌ولا به گوێكانمان چێژی خۆشتر و ده‌نگی نه‌رمتر ببیستین و نه خه‌ڵكه‌كه‌ش ئه‌وه‌نده به ئاسانی گوێكانیان خاوێن ده‌بنه‌وه و له‌مه‌ولا بۆ ئه‌و ده‌نگانه ته‌رخانیان ده‌كات كه هه‌ر وشه‌یه‌كی وێنه‌یه‌كی نوێ بێ بۆی.
گوێیه مۆسیقییهكانیشمان هه‌موو جۆره ده‌نگێك ده‌بیستن و ئاشنان به دنیایه‌ك میلۆدی بیانی دوور و نزیك و له‌سه‌ر ئه‌وه رانه‌هاتوون حه‌زیان له ئاوازه كوردییه‌كان بێت و تا دێت گوێكانمان نامۆتر ده‌بن له به‌زم و ره‌زمی كوردانه و ئه‌وه‌تا ده‌نگ و ئاوازه توركی و فارسیی و عه‌ره‌بی و شتی تریش هه‌ژموونیان خستۆته سه‌ر گوێكان و بكه‌ر و كه‌سانی بواری موزیكیش هه‌روه‌ك ئۆرگانه باڵاترهكانی سه‌ره‌وه‌ی خۆیان نه‌یانتوانیوه بایی ئه‌وه‌نده هێز به‌رهه‌م بێنن ناچارمان كه‌ن گوێیان بۆ بگرین و چێژ له ئاوازه‌كانیان وه‌رگرین، جگه له‌وه له‌به‌ر بێهێزی فه‌رهه‌نگی كوردی له مه‌یدانی فه‌رهه‌نگی جیهانیدا نه‌یانتوانیوه كه‌سی غه‌یره كورد وا لێبكه‌ن حه‌ز به بیستنی موزیكی كوردی بكات و سه‌ره‌نجام له ونبوون و غیابی عه‌قڵی كوردی له بواری هونه‌ری موزیكدا ناچار گوێیه‌كان بۆ ده‌نگی دیكه شل ده‌بن و ئه‌مه‌ش له بنچینه‌دا مه‌ترسییه‌كی زۆر گه‌وره و وێرانكه‌ره و پێشبینی تاوانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌ی لێده‌كرێت.
كه‌واته گوێ له‌م سه‌رزه‌مینه‌دا هه‌ر به‌م شێوه‌یه رام بێت و تا دێ شتی نامۆی دوور له چێژی سرووشتیانه‌ی كوردهواری ببیستێ ، ئه‌وا ئاسایی ده‌بێ له مه‌ولا گومانمان بكه‌وێته سه‌ر دینامیكییه‌ت و چالاكی عه‌قڵی خۆمان و پێمانوابێ عه‌قڵی كوردی عه‌قڵێك نییه بۆ نوێبوونه‌وه و داهێنان و چێژ وه‌رگرتن و چێژ به‌خشین.
چێژ له بیركردنه‌وه
كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر هه‌ر به سرووشتی خۆی له درووستبوونیه‌وه تاوه‌كو ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ پشتبه‌ستووی سرووشت بووبێ و هه‌رچی ویستبێتی ئاسان له ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌ستی كه‌وتبێ، كه‌متر بیر له‌وه ده‌كاته‌وه چی بكا و چی نه‌كات و هه‌ر بۆیه‌ش پلانه‌كانیشی وه‌رزیی ده‌بن و به پێی خواسته‌كانی سرووشت ژیانی خۆی رێكده‌خات.
بیركردنه‌وه كرده‌یه‌كی باڵای عه‌قلییه و هه‌میشه گه‌ڕانی مێشكی مرۆڤه به دوای په‌یوه‌ندی تازه له نێوان زانیاریه‌كانی ئه‌مباری كردوون و له دوا ئه‌وه‌یه وێنه‌ی تازه‌تر له‌سه‌ر ئه‌و وێنانه درووست بكاته‌وه كه پێشتر له یادگه‌یدا ئه‌مبار بوون، مرۆڤ به سرووشتی خۆی بوونه‌وه‌رێكی بیركه‌ره‌وه‌یه و ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تای درووستبوونیشیدا زیاتر هه‌سته‌كانی به‌ڕێوه‌یان بردووه ئه‌وا ئاماده‌گیی ویراسی ئه‌وه‌ی هه‌بووه فێره قسه بێت و دواتر له كاتێكی دیاریكراودا ئهبستراكتیانه بیربكاته‌وه.
سكینه‌ر ده‌ڵێ: ئه‌وه ئهنجامهكانن ره‌فتاره‌كانی تاكیان له‌به‌ر ده‌پێورێ و هه‌ر بۆیه كه‌سێك كه ئه‌نجامی كردارێك یا ره‌فتارێكی خۆی ده‌بینێته‌وه و به باش و ماقول هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێ ئه‌وا چێژێكی تایبه‌تی لێ وه‌رده‌گرێت و ئه‌وه هه‌ر ئه‌م چێژه‌یه وای لێده‌كات دیسانه‌وه ره‌فتاره‌كه دووباره بكاته‌وه. كه‌واته بیركردنه‌وه‌ش به‌و پێیه‌ی یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه هه‌ره باڵاكانی مرۆڤه له‌هه‌ر ئهنجامێكیدا كه به ئاره‌زوو و حه‌زی تاك بگه‌ڕێته‌وه چێژ وه‌رده‌گرێت و ئارامییه‌كی ده‌روونی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری خۆماندا به‌و پێیه‌ی به‌رده‌وام ئێمه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یه‌كی سرووشتی ورووژێنه‌ره‌كانی ده‌وروبه‌رمان بووین و ئه‌گه‌ر تیشكمان به‌ر چاو كه‌وتبێ ئه‌وا چاومان نووقاندووه و گه‌رمیمان گه‌یشتبێته جه‌سته دووركه‌وتووینه‌ته‌وه و دڕكێك یا دهرزییهكیشمان له له‌ش چه‌قیبێ ئه‌وا راچڵهكیوین و دووپشك یا مارێكمان بینیبێ كوشتوومانه و ……تاد، ئه‌وا له‌و نێوه‌دا بیر له‌وه نه‌كراوه‌ته‌وه ئه‌م جۆره سه‌رچاوانه‌ی ئازار با به داهێنانێكی عه‌قڵیی چاره بكرێن، ته‌نها دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌كی سرووشتیانهمان وه‌ك میكانیزمێك گرتۆته به‌ر و له‌و باره‌یه‌وه بیركردنه‌وه نه‌بۆته هۆی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی ستراتیژیانه.
بیركردنه‌وه هه‌میشه ئیشكردن بووه له‌سه‌ر زانیارییه كۆن و ئه‌مباركراوه‌كان تاوه‌كو بتوانی هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد له په‌یوه‌ندی تازه‌دا فۆڕمی دیكه له بیرۆكه و تێز و پێشنیار بێنه ئاراوه به‌ڵام ئه‌گه‌ر تاكه‌كان هه‌میشه هه‌ر یه‌ك شێواز بۆ به‌رخوردی خۆیان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر به‌كاربهێنن ئه‌وا نیشانه‌ی شه‌پڕه‌ی عه‌قڵ و سستی بیركردنه‌وه‌یانه.
شێوازی به‌رهه‌مهێنانی ئێمه له بواره جیاجیاكانی ژیان زۆر كه‌متر گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و هه‌ر بۆیه تایپێكی گرتووه ئه‌م تایپه تا ئه‌م دواییانه وه‌ك شوناسێكی زه‌ق پێمانه‌وه لكابوو و كاتێكیش له‌م گۆڕانكارییه خێرایانه‌ی ئێستا له دنیا رووده‌ده‌ن نه‌مانتوانی دووره په‌رێز بین میكانیزمی له‌گه‌ڵ رۆیشتنمان وه‌ك باشترین میكانیزم وه‌رگرت و ئه‌مه‌ش له خۆیدا به‌ڵگه‌ی نه‌زۆكی هزر و بیركردنه‌وه‌یه و نه‌بوونی بژارده‌ی كوردیی له رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت.
هزری له‌گه‌ڵ رۆیشتن خه‌سڵه‌تێكی زه‌قی نێوه‌ندی سیاسیی و رۆشنبیری و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌یه و هه‌ر بۆیه‌ش خۆمان له‌به‌ر هیچ ناگرین و به‌رهه‌می عه‌قڵیی خۆمان ناتوانین له نێو به‌رهه‌مه عه‌قلییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان نمایش بكه‌ین.
ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی چێژ له دۆزراوه و داهێنراوه هزرییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان وه‌رده‌گرین ئه‌وه‌نده‌مان له به‌رهه‌میی بریكردنهوهكانی خۆمان نییه تاوه‌كو لهزهتێكمان بداتێ و ئه‌م جۆره چێژبردنه نا خۆماڵیهش جۆرێك له ته‌سلیمبوونی هزریمانه به تایپه هزرییه به‌هێزتره‌كان و په‌نابردنه بۆ میكانیزمه‌كانی ملكه‌چیی و خۆ به‌كه‌م زانین.
ئه‌م چێژبردنه پاسیڤه ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره به‌وه‌ی ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه خه‌سڵه‌تێكی مهراییكهرانه و خۆ به بچووك زانیمان لا زه‌ق بۆته‌وه و سه‌ره‌نجام وه‌ك بوونێكی بیرنه‌كه‌ره‌وه نیشانمان ده‌دات، مه‌گه‌ر نا بۆچی ئێمه به گشتی چێژی ئارامیی به‌خش له سیاسه‌ت ناكه‌ین و ئه‌وه‌نده‌ش دڵمان به كاڵای خۆمان نابێته‌وه و له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و پابه‌ندییه نیشتمانی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیی و ئهخلاقییهكانیشمان كێشه‌ی گه‌وره گه‌وره‌مان هه‌یه؟.
له رووی كولتووری و رۆشنبیریشه‌وه ، كه‌مترین به‌رهه‌می هزریی كوردی له بازاڕی رۆشنبیری ده‌بینین و ته‌نانه‌ت ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه و ده‌سه‌ڵاتی فه‌رهه‌نگیش كه وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه فهرههنگییهكانن ئه‌وه‌نده‌ی تام له به‌رهه‌می ده‌ره‌وه‌ی خۆمان ده‌كه‌ن ئه‌وه‌نده له تامی كوردانه شاره‌زاییان نییه چون له بنچینه‌دا نه‌مانزانیوه چێژی كوردانه له بواری هزر و بیركردنهدا چۆنه و چۆن بووه؟.
چێژ له خه‌یاڵ
خه‌یاڵ دابڕان نییه له واقیع به‌قه‌د ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامییه‌تی و تیایدا تاكی هۆشیار ئیش له‌سه‌ر وێنه ئه‌مباركراوه‌كانی یادگه و بینینه عه‌قلییه‌كانی خۆی ده‌كات و به میكانیزمی شیكاریی Analyses هه‌ڵیان ده‌وه‌شێنێته‌وه و دواتر له په‌یوه‌ندی تازه‌تردا و به میكانیزمی ههڵنانهوه له وێنه‌ی نوێ‌دا سیناریۆیان بۆ داده‌ڕێژێته‌وه.
له خه‌یاڵدا له دنیا ماتریاڵییه راسته‌وخۆكه جیاده‌بینه‌وه وه‌لێ ئه‌و بابه‌تانه‌ی یا ئه‌و وێنه خه‌یاڵیانه‌ی ده‌یانبینین نوێنه‌ر و نماینده‌یان له واقیع و یاده‌وه‌رییه‌كانی ئێمه‌دا هه‌یه و ته‌نها له‌و سیناریۆیه‌دا په‌یوه‌ندیی نێوان توخمه‌كان ئاڵوگۆڕی ده‌كه‌ن و بیچم و گه‌وهه‌ری دیكه‌مان ده‌ده‌نێ .
خه‌یاڵیش كرده‌یه‌كی عه‌قڵیی باڵایه و هیچ كاتێك بابه‌تێكی جیا نییه له عه‌قڵ، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری داهێنانه ئینسانییه گه‌وره‌كان زاده‌ی خه‌یاڵن و ئه‌وه هه‌ر خه‌یاڵیشه له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ هه‌یه گیرۆده‌یه‌تی و به‌رده‌وام پرسیار له‌سه‌ر پرسیار ده‌وروژێنن و تاكه‌كه سه‌رقاڵ و ناچاری وه‌ڵامه‌كان ده‌كات.
خه‌یاڵه‌كانی ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی له‌چوارچێوه‌ی شوێندا قه‌تیس بوون، ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ستی زه‌مه‌ن نه‌بوونه و زۆر كه‌متر له‌وه تاكی كورد خه‌می ئه‌وه‌ی بووه ئه‌وه زه‌مه‌نه تێده‌په‌ڕێ و ئه‌و ئه‌گه‌ر مشورێكی خۆی نه‌خوا جێده‌مێنێ و هه‌ر له نێو بهتاڵاییهكانی زه‌مه‌ندا ده‌مێنێته‌وه. زۆربه‌ی بابه‌ته‌كانی خه‌یاڵی ئێمه گه‌ڕانن به دوای ئه‌و ئارامییه ده‌روونییه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای بوونمانه‌وه ونمان كردووه ئه‌ویش ترسمان بووه له مانه‌وه‌ی خۆمان وه‌ك بوونێكی زیندوو.
ترس له هێزه سرووشتییه‌كانی وه‌ك باران و لافاو و گه‌رما و به‌فر و با و ….تاد، هه‌روه‌ها ترس له هێزه مرۆییه‌كانی ده‌وروبه‌ری دوور و نزیك و هه‌میشه ئه‌و ترسه دڵه‌راوكێیه‌كی ئه‌وتۆی لا درووستكردووه كه‌متر رۆحی به‌رگری و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لا هێشتۆته‌وه، هه‌ر بۆیه‌ش ئاستی پابه‌ندی و په‌یوه‌سته‌گیی تاك و كۆمه‌ڵی ئێمه به‌شوێنه‌وه لاواز دیاره و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له شوێنێك نهماوینهتهوه.
له خه‌یاڵه‌كانی خۆماندا به دوای ئه‌و شوێنانه ده‌گه‌ڕێین كه حه‌سانه‌وه‌ی رۆحی و ده‌روونی و ته‌نانه‌ت جه‌سته‌یی تیایه و سنووری خه‌یاڵیش ئه‌گه‌ر ناكۆتایه و تۆ له خه‌یاڵی خۆتدا دوورتر له سنووره‌كانی گه‌ردوونیش ده‌توانی بڕۆی كه‌چی خه‌یاڵی تاكی ئێمه هه‌ر له ده‌وروبه‌ری سنوره‌كانی خودی خۆی بووه و هه‌ر بۆیه‌ش له‌وه‌ته‌ی هه‌ین زۆر كه‌م به‌رهه‌می عه‌قڵ و خه‌یاڵی خۆمان له هه‌ردوو بواری ماددی و مه‌عنه‌ویدا بینیوه‌ته‌وه. له خه‌یاڵی سیاسیماندا هه‌موو ئه‌و فۆڕمانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیان تیا به‌رجه‌سته بووه و دواتر نه‌ته‌وه و گرووپه مرۆییه‌كان خۆیان تیایدا ئۆرگانیزه كردووه ئێمه نه‌مانبینیوه و تا ئه‌م دواییه‌ش و رێك دوای ئه‌وه‌ی مۆدێله سیاسییه‌كانی ناسیۆنالیزم به‌سه‌رچوون هه‌ر خه‌یاڵمان لای فۆڕمه كلاسیكییه‌كانی به‌رجه‌سته‌بوونی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانه و ئه‌م شێوانه‌ش خه‌ریكه خه‌سڵه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی رێكخراویشمان لێ ون ده‌كات. له خه‌یاڵی كۆمهڵایهتیشماندا بیرمان له‌وه نه‌كردۆته‌وه كه یادگه و هه‌ستمان یه‌كخه‌ین و ئیش له‌سه‌ر داهێنانی سیستمی به‌هایی و ئه‌خلاقی و كولتووریی یه‌كگرتوو بكه‌ین و كۆمه‌ڵگه وه‌ك له‌شێكی زیندوو نیشانی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان بده‌ین. له خه‌یاڵی كولتووریشماندا نه‌چووینه‌ته ئه‌و مه‌یدانه‌ی خۆمان وه‌ك بوونێكی كولتووریی و مێژوویی به‌رجه‌سته ده‌رخه‌ین و ئه‌وه‌تا تاوه‌كو ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ بۆ سه‌لماندنی شوناسی خۆمان به گومانین و قسه‌ی ئه‌م و ئه‌و وه‌ك به‌ڵگه‌ی بوونمان لێره و له‌وێ دێنینه‌وه ، خۆمان وه‌ك راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گری مێژوویی و جوگرافی نه‌سه‌لماندووه و ئه‌وه‌نده‌ی خه‌یاڵ ده‌مانباته‌وه سه‌ر كاڵا كولتووری و فه‌رهه‌نگییه‌كانی ده‌وروبه‌ر ئه‌وه‌نده ناچێته سه‌ر كولتوورێكی كوردانه.
كه‌واته خه‌یاڵی ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی ده‌مانترسێنێ و بیرمان ده‌شێوێنێ ئه‌وه‌نده هزرمان تیژ ناكاته‌وه و ته‌نانه‌ت وای لیكردووین هه‌وڵی كوشتن‌یان بده‌ین و نه‌هێڵین منداڵه‌كانیشمان خه‌یاڵ بكه‌ن و به گوته‌ی خۆمان داڵغه‌یان بفڕێت. ئه‌م ته‌كنیكه‌ی خهیاڵكوشتنه فۆبیایهكه تا ئێستا نه‌مانتوانیوه خۆمان له‌سه‌ر ئه‌وه رابێنین چۆن چۆنی چاره‌ی بكه‌ین و وا بكه‌ین ئیدی له‌مه‌ولا با خه‌یاڵ په‌ره پێبده‌ین و ته‌نانه‌ت له پرۆگرامه‌كانی خوێندن و ئۆرگانه‌كانی دیكه‌شدا ئه‌م شێوازه باڵایه له بیركردنه‌وه بگه‌شێنینه‌وه، له دنیای پێشكه‌وتودا پرۆگرامی جیاجیا و تایبه‌ت هه‌ن بۆ په‌ره‌پێدانی خه‌یاڵ لای تاكه‌كان و ئه‌وه‌تا له تاقیكردنه‌وه‌كانی هزری داهێنانیشدا ره‌سه‌نایه‌تی Originality به سه‌ره‌كیترین و راستترینی ئه‌و بواره داده‌نرێ كه هزری به‌هێز و بیهێزی پێ له یه‌كتر جیا ده‌كرێته‌وه، له تاقیكردنه‌وه‌كانی ره‌سه‌نایه‌تی هزریدا ته‌واوی پرسیاره‌كان بۆ ئه‌وه‌ن بزانن كه‌سه‌كه خه‌یاڵی تاكوێ بڕ ده‌كات، بۆ نموونه دوو له‌م پرسیارانه به‌م شێوه‌یه‌ن:- ئه‌گه‌ر باڵت هه‌بوایه چیت ده‌كرد؟ ئه‌گه‌ر مردن نه‌بوایه چی روویده‌دا ؟. له‌وه‌ڵامی ئه‌م جۆره پرسیارانه كه‌سی وه‌ڵامده‌ره‌وه چه‌ندین ئه‌لته‌رنه‌یتیڤ ده‌هێنێته‌وه و تیایاندا وه‌ڵامی داهێنه‌رانه‌ت ده‌ست ده‌كه‌وێ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ بوارت دا به خه‌یاڵی ئه‌و تا بێ سنوور بڕوات و بیربكاته‌وه.
چێژ له خه‌ون
له‌وانه‌یه له خه‌ونه‌كانماندا ئێمه پاڵه‌وانی گه‌وره بین و به‌و پێیه‌ی واقیع زۆربه‌ی حه‌ز و غه‌ریزه‌كانمان سزا ده‌دات و هه‌میشه له خۆ شاركێداینه له‌گه‌ڵی، هه‌ر بۆیه له خه‌وندا باكمان به‌وه نییه و تیایدا سه‌ردانی شوێنه تاریكه‌كانی نه‌ست ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ی سزامان داوه لێی ده‌بوورین و بۆ ساته‌وه‌ختێك بواری بۆ ده‌ڕه‌خسێ خۆی وه‌رگێرێته سه‌ر خه‌ون و چێژێكی میتافیزیكیمان پێ ببه‌خشێ.
له چێژی میتافیزیكیدا نه‌ترسانه سه‌ر به‌و شوێنانه داده‌گرین كه هه‌میشه به نهێنی بانگمان ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش لێمان بوونه‌ته شه‌یتان و هه‌رگیز ئاره‌زوومه‌ندانه به‌پیریانه‌وه نه‌چووین، له‌و جۆره چێژبردنهدا ئێمه له دنیایه‌كی دیكه‌داین و ئه‌و دنیایه‌ش پابه‌ندی یاسا‌و رێساكانی واقیع نییه و گوێش به ئه‌خلاق و داب و نه‌ریت نادات و هه‌رده‌م داوامان لێده‌كا پێویستییه‌كانی بۆ فه‌راهه‌م كه‌ین.
له‌وێدا ده‌چینه تاریكترین شوێن و سنووره ئهستوورهكانیش ده‌بڕین و له مێرگه رۆحییهكانیدا بۆ ماوه‌یه‌ك دهلهوهڕێین، ده‌گه‌ینه ئه‌و كه‌سه‌ی خۆشمان ده‌ویست و نه‌مانتوانی پێی بگه‌ین، ده‌گه‌ینه ئه‌و خواردنانه‌ی سوێمان بۆیان ده‌بۆوه و نه‌كراو نه‌كرا پڕ به دڵ تامیان كه‌ین ، ده‌گه‌ینه ئه‌و شوێنانه‌ی حه‌زمان لێ‌بوو بیانگه‌ینێ و نهیانگهیشتینێ، ده‌گه‌ینه ئه‌و قوڵاییانه‌ی نه‌مانده‌وێرا هه‌ر سه‌یریشیان كه‌ین و له‌وێدا ئاسان شۆڕ ده‌بینه‌وه ئه‌و قوڵاییانه و هه‌رچی تیایه‌تی ده‌یبینین، ده‌گه‌ڕێینه‌وه ئه‌و هه‌موو سه‌رده‌م و شوێنانه‌ی پێیاندا گوزه‌رمان كرد‌و نه‌مانتوانی ئاده‌میانه چێژیان لێوه‌رگرین. زۆر جار خه‌ونه‌كانیشمان وه‌ك خۆمان ده‌بن به دوو كه‌س و دوو فیلمی له یه‌كتر جودا نمایش ده‌كه‌ن، له‌یه‌كێكیاندا ده‌بینه‌وه به‌و كه‌سه‌ی كه شه‌یتانه‌كان ده‌یانه‌وێ !! و له‌وه‌كه‌ی دیكه‌شیان هه‌ر كه‌سه خوداویست و خێر خوازهكهین!.
ئێمه‌ی ئه‌م سه‌رزه‌مینه وه‌ك چۆن له ژیانی ئاگاییماندا له دڵه‌راوكێیه‌كی درێژخایه‌نداین له خهونهكانیشماندا ئه‌و خهسڵهتهمان به‌سه‌ردا زاڵه و له كونجێكی هۆش و هه‌سته‌وه هه‌میشه چاودێری خه‌ونه‌كانمان ده‌كرێن و ئه‌وه‌تا خه‌ونیش كه‌وتۆته به‌ر ئهئویله جۆراوجۆره‌كانه‌وه و به‌ده‌ر له خوێندنه‌وه زانستییه‌كه‌ی دنیایه‌كه ده‌بێ وریای بین و تیایدا خۆشییه‌كانی نێویشی ده‌بن به پێشبینی ئاینده‌یه‌كی ناخۆش و هه‌ر بۆیه‌ش زۆر جار له واقیعیشدا باجی خه‌ونه‌كانمان داوه‌ته‌وه و ده‌بێ به كرده‌یه‌كی خێر شه‌ڕه‌كانی نه‌ست له خۆمان دوور خه‌ینه‌وه.
له خه‌وندا ئێمه ده‌بین به‌و كه‌سانه‌ی به‌دوا چێژه ونه‌كانی ئاگاییدا وێڵین و ئه‌گه‌ر له ته‌واوی زینده‌گی ئاشكرادا چێژ به‌ستراوه‌ی یاسا و رێسای خۆیه‌تی ئه‌وا له خه‌وندا یارییه‌كی سیمبولیكی تێكه‌ڵاو و ره‌ش به‌ڵه‌كه و كه‌س كه‌س ناناسێته‌وه و هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و سیحره نه‌ناسراوه، ئه‌و ژیانه‌ی دیكه‌ش له كولتووری ئێمه‌دا به‌ستراوه‌ی لێكدانه‌وه‌ی ئه‌وتۆن كه هه‌میشه هانیان داوین و ترساندوویانین به شێوازی جیاجیا تێكه‌ڵیان نه‌بین و به‌ر نه‌عله‌تیان ده‌ین.
خه‌ونه‌كانمان له چالاكییه ده‌روونییه‌كانمان دانابڕێن و خه‌ونیش بۆ خۆی چالاكییه‌كی دیكه‌ی ده‌روونییه و ئه‌گه‌ر شانۆكانی خه‌ونیان له‌سه‌ر نمایش ده‌كرێ له شانۆكانی واقیع جودان وه‌ك چۆن له هه‌ندێ ئاماژه‌دا روونمان كرده‌وه، ئه‌وا خه‌ونه‌كانیشمان له كه‌سێكه‌وه بۆ یه‌كێكی دیكه و به پێی ئه‌و ژیانه‌ی تاكه‌كان گوزه‌راندوویانه ره‌نگ و روخساری جیایان ده‌بێت و كه‌سێك كه له ناخه‌وه نه‌وسنه به شه‌هوانییه‌ت خه‌ونه‌كانی له‌و كه‌سه جیایه كه هه‌میشه له بازاڕه و سه‌ركه‌وتن لهدواسهركهوتن له بواری ئابووریدا به‌ده‌ست ده‌هێنێت، وه‌لێ چون توانای تاكه‌كان و هه‌موو ئه‌و سیستم و یاسایانه‌ش كه ژیانیان رێكخستووه به‌ریان پێ له كه‌سه‌كه ناگیرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ بیبینێ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌وه ناوه‌رۆكه‌كانی نه‌ستن یا ئومێده‌كانی ئه‌ون به پێی بایه‌خ و قورساییان لای ئه‌و له خه‌وندا خۆیان به هێمای جۆراوجۆر و له په‌یوه‌ندی ناهۆمۆجینیدا نمایش ده‌كه‌ن.
چێژ له ئازار
ئێمه له هه‌موو ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه چێژمان نه‌بینی به‌ڵام له ئازار چێژبهرێكی مومتازین و به ئاگا و بێ ئاگا بۆ هه‌ر شوێنێكی ئه‌م سهرزهمیینه و سه‌رزه‌مینه راسته‌قینه‌كانی چێژمان به‌ری له كۆتاییدا هه‌ر به‌ره‌و ماڵه راسته‌قینه‌كه‌ی خۆمان دێینه‌وه و له‌وێدا ئارام ده‌بینه‌وه.
ئێمه ئه‌گه‌ر چێژی سێكسیش وه‌ك به‌نی ئاده‌مێك نابه‌ین ئه‌وا مانه‌وه‌مان له‌نێو مه‌رج و شهرایتهكانی په‌یوه‌ندییه عورفییهكانی نێر و مێ جۆرێكه له چێژ وه‌رگرتن و تهسلیمبوونێكی قه‌ده‌ریانه، چون تیایدا سه‌رده‌كه‌وین به‌سه‌ر حه‌ز و پاڵنه‌ره‌كان و خۆمان ده‌خه‌ینه‌وه قالبهكانی خۆمانه‌وه.
ئه‌گه‌ر له‌زه‌ت له خواردنه‌كانیش ناكه‌ین ، ئه‌وا واز له خواردن ناهێنین و به‌رده‌وامین له‌سه‌ری و ئه‌وه‌نده‌ی خواردنه‌كان ئازارمان پێده‌به‌خشن نیو ئه‌وه‌نده چێژمان ناده‌نێ. خواردنه‌كان گه‌ده‌مان ده‌شێوێنن، خه‌ومان ده‌زڕێنن، هزرمان ده‌شڵه‌ژێنن، حه‌سانه‌وه‌مان لێ تاڵ ده‌كه‌ن، تا ماویشین فێری ئه‌وه نابین هه‌ردوو لایه‌نه رۆحی و جه‌سته‌ییه‌كه به خواردنه‌كانمان بحهسێنینهوه.
ئازار له خه‌ونه‌كانمان وه‌رده‌گرین ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌میشه خۆمان له واقیع ده‌دزینه‌وه و به‌ره‌و خه‌ونه‌كانمان راده‌كه‌ین، له‌وێشه‌وه پاڵه‌وان و سیمبوله‌كانی خه‌ون راومان ده‌نێن و ناهێڵن بۆ ساته‌وه‌ختێكی كورت له‌وسه‌ری نه‌ستیش بحه‌سێینه‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ته‌فسیره نه‌ریتییه لاهووتییهكانمان خه‌ونیشیان لێ به‌ره‌واژوو كردووینه‌ته‌وه و ئه‌وه خۆشییهكانن ده‌بن به ناخۆشی و ئه‌وه‌ش ناخۆشییهكانن مانای باشیان ده‌درێتێ.
چێژ له بیستنهكانیشمان جۆرێكن له ئازار، چون ئه‌گه‌ر هه‌میشه گوێمان له ناهاڕمۆنییهتی ده‌نگه‌كان و قسه‌كانی ده‌وروبه‌ر ماندووه و وه‌رسه، به‌ڵام هه‌ر به‌ره و بازاڕه شلۆغهكان و كۆڕ و كۆبوونه‌وه پڕ هه‌راو هۆسه و نا رێكخراوه‌كان و قوتابخانه قه‌ره‌باڵغه‌كان و چایخانه پڕه‌كان و مه‌یدانه پڕ له حه‌شاماته‌كان ده‌چینه‌وه و ته‌نانه‌ت له گه‌شته كورته بههارییهكانیشمان له جیاتی ئه‌وه‌ی بۆ چه‌ند سعاتێك له‌گه‌ڵ سرووشت و دنیای دوور له مرۆڤه‌كان بچینه‌وه ئه‌وه هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه ده‌ڕۆین و به‌یه‌كه‌وه له‌وێش خڕ ده‌بینه‌وه و هه‌ر به‌ره‌و قه‌ره‌باڵغییه‌كان ده‌چینه‌وه و دواتر هه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ش دێینه‌وه. ئه‌م هه‌موو بهیهكهوهییهمان له خۆشه‌ویستیمان نییه بۆ یه‌كتر به‌قه‌د ئه‌وه‌ی له‌لایه‌كی دیكه‌وه ته‌سلیمی حه‌تمییه‌تی پۆڵێن به‌ندیی كاتهكانین و به‌یانیان مانای چوونه ده‌ر و ئێواران هه‌ر كه تاریك داهات ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه، له راستیشدا له دنیای پێشكه‌وتووی ئێستادا جووڵه‌ی ئینسانه‌كان به‌ستراوه‌ی تاریكی و رووناكیی یا شه‌و و رۆژ نییه و هه‌ر كاتێك بگری ده‌توانی بجولێی و بشحهسێیتهوه.
ئه‌مانه و زۆری تر نیشانده‌ری ئه‌وه‌ن كه مازۆخییه‌ت و خۆ بچوككردنه‌وه پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی له سایكۆلۆژییه‌تی تاكه‌كانی ئێمه‌دا هه‌یه و وه‌ك ستریۆتایپێك له‌سه‌ر وێنه سه‌ره‌تاكانی خۆمان هه‌ڵكه‌نراوه و ئه‌وه‌تا دیارده‌ی مه‌راییكردن و خۆ به بچووكزانی نه‌ك له‌سه‌ر جه‌سته و روخساری زۆربه‌ی كه‌سه‌كان ده‌ناسیته‌وه به‌ڵكو چووه‌ته نێو گوتاری سیاسیی و ئه‌ده‌بی و هزری و رۆژنامه‌وانی و ته‌نانه‌ت توێژینه‌وه نیمچه زانستییه‌كان و په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسییهكانیش و ئه‌م راستیانه له پێداچوونه‌وه نه‌ك شیكارییه‌كی ناوهرۆكیانه بۆ چه‌مكه‌كانی ده‌توانین به ئاسانی بدۆزینه‌وه.
تۆ هه‌میشه له حاڵه‌تی شڵه‌ژان و ئازاردا ده‌مێنیته‌وه ئه‌گه‌ر تا ئاستێكی باش حه‌ز و غه‌ریزه‌كان تێر نه‌كه‌یت، چون ئێمه‌ش له‌وه‌ته‌ی هه‌ین له‌زه‌تمان وه‌ك خۆی نه‌بردووه مانای ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام له ئازاردانی خۆمان‌داین و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هه‌رده‌م راوی خۆمان له نێوه و ده‌ره‌وه‌ی خۆمان ده‌نێین ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه كولتووری ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی ئازار به‌رهه‌م ده‌هێنێ نیو ئه‌وه‌نده لا له چێژ ناكاته‌وه و نایخاته خانه‌ی بایه‌خه‌كانی خۆیه‌وه. چێژبردن له ئازار شكستی مرۆڤ له گه‌یشتنی به مانا راسته‌قینه‌كانی چێژ ده‌گه‌یه‌نێت و ئه‌مه‌ش هه‌ر لای ئێمه‌ی كورد زه‌ق نییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی شارستانییه‌ته‌كانی دنیا له‌سه‌ر شانی خه‌ساوه بێده‌ره‌تانه‌كان درووست بوون و سه‌ره‌نجام ده‌گه‌ینه ئه‌و سه‌ره‌نجامه‌ی كه ئایا هیچ ئهلتهرنهیتیڤێكی له‌بارتر هه‌یه مرۆڤ هه‌ر به ئینسانبوونی خۆی بهێڵێته‌وه ، نه‌ك نهوسنێكی ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دیی؟.
محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن