Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پەراوێزکردنی فەلسەفە لە بەرژەوەندی عەلمانی سیاسی و ئیسلامی سیاسی کوردییدایە

پەراوێزکردنی فەلسەفە لە بەرژەوەندی عەلمانی سیاسی و ئیسلامی سیاسی کوردییدایە

Closed

 

 

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی فەلسەفەوە’آ

سەروتاری حەوتەم

 

بەپێیئەوەی دینی و سیاسی چەوسێنەرەوەی فەلسەفەن ئەمە وادەکات لکانی بەردەوامی دینی و سیاسی بە فەلسەفەوە پەراوێزکردنی فەلسەفەی لێوەوەبەربێت هیچنەبێت ئەم دیاردەیە لە کوردستانا بە زەقی دیارە، هەر لەبەرئەوەش مانا و گوزارەکانی ئەم بەشەی نووسینەکەمان بە دوو لایەنی چالاکی ناو ژیانی کۆمەڵایەتیمانەوە تایبەتن، لایەنێکیان کاریگەری تێکستی ئاینی و لکانی ئاینیە بە سیاسییەوە کە ئەوەش ئیسلامی سیاسی خوڵقاندووە و ئەمەش وایکردووە هۆشمەندی کوردی هاوچەرخ یان قووڵایی ڕۆشنبیریمان ببێ بە دینی و ئەمەش پووچکردنی فەلسەفەی لێبەربێ چونکە فەلسەفە شتێ عەقڵییە، لایەنی دووەم بریتیە لە بوونی عەلمانی بە سیاسی و ڕووبەڕوونەبوونەوەشی لەتەک ئەویتری سیاسیدا کە ئیسلامی سیاسییە ئەمەش بۆخۆی شێواندنی عەلمانیەت و واتای ئازادی سیاسی و هزری لێوەسەوزبووە. هەردووش، چ ئیسلامی سیاسی و چش عەلمانی سیاسی کوردستان، کار لەسەر بەچەواشەکردنی شتی عەقڵی دەکەن و ، ئەڵبەتە جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەتیش ئەمە تێگەیشتنە کلاسیکەکەیە بۆ عەلمانیەت کە لە شوێنێ وەک کوردستان بەس نییە و پێویستە عەلمانیەت ئیشی خۆی لەناو کۆمەڵگە بەووردی بکات ئەگەرنا ئەو جیاکردنەوەیە دەبێ بە شتێ ڕوکەش.

باشە کاتێ فەلسەفە غائیب دەبێت چی تریش غائیب دەبێت؟ بەبێگومانەوە عەقڵ، کە عەقڵیش غائیب دەبێ شتە میتافیزیکیەکان سەروەردەبن. لە شوێنێ وەک کوردستان هەردوو هێزی سیاسی، چ عەلمانی و ێ ئیسلامی، لە بەرژەوەندییاندایە عەقڵ وون بێت و عەقڵ لە شیکارکردنی دیاردەکان سەروەرنەبێت. ئەو شێوە فەلسەفە کردنەش لە کوردستان هەیە یان لە فەلسەفەی ڕۆژئاوایەوە وەرگیراوە یانیش جۆرە تێگەیشتنێ میتافیزیکی یان ئاینی بەخێوی دەکات کە هزری تیانییە. وەرگرتن لە ڕۆژئاوا بزاڤ و شەپۆلی فەلسەفی تیانەڕسکاندووین، لەلاێتریش کورد بیرمەندی ئیسلامی نییە بەڵکو وتاربێژ و خەڵک ترسێنەری ئیسلامی زۆرە ئەو جۆرە کەسانەش ئیسلام بۆ تۆقاندن و داماوکردنی خەڵک بەکاردەبەن بیرلەوەناکەنەوە بهزرێنن و تیۆلۆژ و بیرمەندی ئیسلامی بەرهەمبهێنن. سەرباریئەوەش عەلمانیەکانی کوردستان لەزەت لەوەوەردەگرن ئاین ببێ بە سەرچاوەی شیکردنەوە نەک عەقڵ نەک فەلسەفە. لە هەچ کۆمەڵگەێکیش ئاین بەو ڕادەیە زاڵبوو شوێن بۆ ڕۆشنبیریێکی نائاینی نامێنێ و ئەو گەندەڵیە سیاسی و هزریەش لە ئێستا لە کوردستان بڵاوە نەک تەنیا عەلمانیە سیاسییەکان بێئەندازە لێی سوودمەندن بگرە ئیسلامی سیاسیش. بەپێیئەوەش ڕۆشنبیری ئاینی ڕۆشنبیریێ داخراو و ناڕەخنەییە ئەمە بە قازانجی عەلمانی سیاسی کوردی دەگەڕێتەوە،لێ ئەو  دەمەی ئاین بزووتنەوەی سیاسی تووندڕەو دروستدەکات عەلمانیە سیاسیەکانی کوردستان دەکەونە خۆیان بۆ قسە ووتن بە ئیسلامگەرایی، بەس لە هەقیقەتدا هەردوولایان لە پەراوێزکردنی فەلسەفە سوودمەندەن.

جگەلەوەی بڕینی مێژوویی و هزری لای ئێمە ڕووینەداوە ئەمە کاریگەری بەسەرئەوەوە هەیە کە ئێمە خاوەنی وتاری فەلسەفی خۆمان نەبین ئەڵبەتە ئەوەش کە بیری ئاینی ڕێگربووە لەبەردەم لەلاێ دروستنەبوونی ئەو بڕینە و گەشەنەکردنی هزری فەلسەفیێ سەربەخۆ ئەمەش لەسەرێترەوە وایکردووە ئەزموونی هزری ئێمە وابەستەی ئەزموونی هزری و فەلسەفی ڕوناکبیرانی ڕۆژئاوا بێت. ڕوونە کە بیری چەپگەرای کە لە نیو سەدە زیاتر ئێمەی بەخۆوە گلاند بەشێکە لەو وابەستەییە. ئەوی بیری چەپگەرای لەناوچەی ئێمە کردی نەیتوانی سەروەری عەقڵ و بیری ئازاد گەشەپێبدا چونکە خۆی لە بۆتەی پرۆپاگەندەی سیاسی دیوە و هەرئەوەندەش کە بیری چەپگەرای لاواز بوو یان ئاوابوو بیری ئاینی بڕەوی وەرگرت و خەڵک بە جۆشوخرۆشێ زۆرەوە گەرانەوە سەر ئاین. ئەمەو ئەو پاشخانە هزریەی ئێمە کە هەمیشە بێ فەلسەفە کاریکردووە لە داخران و وەرگرتن لە ئەویتر بەولاوە شتێ ئەوتۆمان لێدەستنەکەوتوە. ئەو ڕۆژئاوایەش ئێمە هەمیشە شتمان لێوەرگرتووە فەلسەفە بۆ ئەو بەردەوام سەرچاوەی ڕۆشنبیری بووە و بەس ئێمەێک باوەڕمان بە فەلسەفە نەبێت یان فەلسەفە لامان مانای کوفر و ئاژەوەگێڕی بگەێنێت یان هەر لەبنا فەلسەفە بوونی نەبێت پێمانوایە شتێ ئەوتۆمان نییە بیکەین بە بناغە بۆ ڕۆشنبیریمان. خودی عەلمانیەتی ڕۆژئاوا سەرچاوەکەی فەلسەفەیە، ئێمە کە فەلسەفەمان نییە و وەریدەگرین ناکارین عەلمانیەتێ ڕاستەقینە دروستکەین ئەوی هەیە ئیستنساخی عەلمانیەتە ڕاستیەکەیە. بەواتاێتر گەر فەلسەفە لەپاڵ عەلمانیەتەوە نەبێت چۆن جورئەتدەکەین باس لە عەلمانیەتکەین؟ مەگەر فەلسەفە داهێنەری عەلمانیەت نییە؟

نکوڵیشی ناوێت ڕووکردنی تاکەکانی کۆمەڵگەی کورد لەئێستا لە ئیسلامی سیاسی کارێوایکردووە پشت لە فەلسەفە بکرێ و فەلسەفە بەشتێ ڕۆژئاوای دوژمنگەرا بزانرێ و ئەو وێنەیەش لەناو خەڵک دروستکرێ کە ئەوە فەلسەفەیە لەپشت ئیلحاد و بێئیمانییەوەیە و بەس چ ئیسلامی سیاسی و چش عەلمانی سیاسی کوردستان چاکدەزانن فەلسەفەی جیهان فەلسەفەێ ڕۆژئاواییە و دیرۆکی ئەم فەلسەفەیەش خۆی لەسەر کرانەوەی و ئازادیدۆستی ڕاهێناوە. بەپێیئەوەش بیری ئاینی لەناو ئێمە لەسەر فەلسەفەێ ئاینی دەوڵەمەند ناژی و خۆی بەو تێکستە فەلسەفیانەی فەیلەسوفەکانی ئیسلام کاریانلەسەرکردوە گرێنادەتاوە و ئامادەی خۆکردنەوە و پێداچوونەوە بەخۆ نییە بۆیە ئەوی بیری ئاینی لەناو ئێمە دەیکات ئەوەیە چۆن خەڵک بەئاینی بکەن و دژ بە گشت شتێ نائاینی بەکاریبەرن و وەک لەشکرێ ئیحتیاتیش بۆ تەنگانە بیهێڵنەوە. ئەم جۆرە بەکاربردنەی ئیسلام لە کوردستان ژینگەێ نالەبار و ناتەندروستی دروستکردوە کە بکوژی گشت شتێ هزری و ڕوناکبیری ئەسیڵە. بۆیە هەڵەناکەین بڵێین: بیرێ ئاینی نەرێتی و بیرێ سیاسی خێڵەکی هەست و نەستی تاکەکان دەباتەڕێوە ئەمەش وایکردووە بیرکراوەی و عەقڵ فراوانی لەشتە ئەستەمەکان بن و بۆیە ناکرێ ئێمە بیرداخراو و دۆگما بین و قسەش لە بوونی فەلسەفەکەین. هاوکات ئێمە ناتوانین بەباشی سوود لە کەلەپووری فەلسەفی و هزری ڕۆژئاوا ببینین گەر خۆمان لە دەسەڵاتی تیۆلۆژی دەربازنەکەین کە ئیسلامی سیاسی لەناومانا پەخشیدەکا و عەلمانیەسیاسیەکانیش پشتگیری لێدەکەن چونکە عەلمانیە سیاسیەکانی کوردستان ئەو تیۆلۆژیایە نەبێت ناتوانن پەرە بە گەندەڵی سیاسی خۆیانبدەن. ئەڵبەتە بۆ گەلێکیش پێویستە جێی سەرنجبێت کە وتاری ڕۆشنبیری لەئێستا لە کوردستان کە لەژێر سایەی بیروبۆچونی ئاینی فۆندەمینتالیستی و بیری سیاسی خێڵەکی و گەندەڵدا گەشەدەکا لەهەمانکاتدا خۆی بە گشت شتە ڕۆژئاوایەکانیشەوە دەبەستێتەوە و ئەم خۆبەستنەوەیەش کە لەڕێگای ئینتەرنێت و پەرەپۆڵەوە دەستەبەردەکا ئەوەمان پێدەبێژێ کە خەڵکی کوردستان دەیانەوێ دەستبەرداری شتە نەرێتی و خێڵەکەی و ئاینیەکان نەبن و بەرهەمە ڕۆژئاوایەکانیش بەکاربەرن.

ئەوی لایسەرەوە ووترا ئەوەشمان وەبیردێنێتەوە کە ئازادی سیاسی و هزری لە شوێنێ وەک کوردستان تا ئەو شوێنە هەیە مەترسی نەبێت بۆسەر دەسەڵاتی سیاسی چ هێزە سیاسیە ئاینیەکان و چش نائاینیەکان. ئێمە هەمیشە پێماوابووە ئەو ئازادییەی لە کوردستان هەیە ئازادیێ بەرخۆریە و دیموکراسیەت بەشمەککراوە. چونکە ئازادی و دیموکراسیەتی ڕاستەقینە لەتەک گەندەڵی یەکناگرنەوە. کاتێ ئیسلامی سیاسی و عەلمانیە سیاسیەکان ئامانجی سەرەکیان دابەشکردنی سامانی نەتەوە بێ و تاکەکانی کۆمەڵکە بەشێوازی جیا دژبەیەک پڕکەن ئەوە لە کۆمەڵگەی مەدەنی ناوەشێتەوە ئەم جۆرە ئاڕاستانە پەرەپێبدا و بیری ئازاد و کراوەش ئاوا بەخێونابێت. هەربۆیشە فەلسەفە لەمجۆرە کۆمەڵگایانە بوونی نییە چونکە فەلسەفە لەم جۆرە ژینگانە نەک پەرەناسێنێ بەڵکو ئیهانەێ زۆریش دەکرێ بۆیە گشت هێزە سیاسیە جیاوازەکانی ئەمڕۆی کوردستان لە فەلسەفە دەترسن و تاپێیانکرێ قێزەوەن و بێماناشیدەکەن. دیارە هەردوو هێزی سیاسی کوردستان، ئیسلامی سیاسی و عەلمانی سیاسی، دەزانن فەلسەفە دەتوانێ یارمەتیمانبدا لە عەلمانیەت بگەین و عەلمانیەت و دیموکراسیەت ، کە لەبنەڕەتدا دوو واتای فەلسەفی ڕۆژئاوایین، هاوشان یەکترکەین و بەریبەکاربردنیان بەرین و قووڵکەین.

 

آ یۆنسکۆ ساڵی 2002 بڕیاریدا سێهەمین پێنجشەمەی مانگی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم) بکات بە ڕۆژی جیهانی بۆ فەلسەفە کە دەکات 15 ی ئەم مانگە.

ئازاد حەمە

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.