عه‌شق وه‌ک فریادڕه‌سی ویستی ئازادی
عه‌شق وه‌ک فریادڕه‌سی “ویستی ئازادی”
کورته‌باسێک سه‌باره‌ت به‌ڕۆمانی (تاوان و سزا)
(ئه‌ڤین ته‌نیا هۆی به‌خته‌وه‌رییه له‌جیهاندا)
ئه‌فلاتۆن
زیاتر له‌هه‌ر شتێک ،ئه‌وه‌ی له‌م ڕۆمانه‌دا،خوێنه‌ر ده‌رکی پێده‌کات و له‌گه‌ڵیدا ڕووبه‌ڕوو ده‌مێنێت،ئهوفهزاو کێشه‌و گیروگرفته دهرونیانهیه،که ڕه‌وت و جوڵه‌ی ڕووداوه‌کانی لێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت.
خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌کی کاره‌کانی دۆستۆیڤسکی،له‌وه‌دایه،که ئه‌و هه‌میشه به‌نێو ململانێ و گیروگرفته ده‌رونیه‌کاندا،ده‌مانبات و سه‌رنجی خوێنه‌ریان پێ ڕاده‌کێشێت.
وه‌زۆر به‌ئاسانی،و تا ئه‌ندازه‌یه‌کی قووڵ،ئێمه په‌لکێشی ناوه‌وه‌ی خۆمان ده‌کات و به‌هه‌ست و ویست و بارودۆخه دهرونییهکانمان ڕۆده‌چێنێت. ئه‌و دۆخ و ویسته ده‌رونیه تایبه‌تییانه‌ی،که له‌نێو خۆماندا په‌نهانن و ته‌نێ خودی خۆمان پێیان ئاشناین.
هه‌روه‌ها ناچارمان ده‌کات،ڕابمێنین. چ له‌خۆمان و چ له‌ده‌وروبه‌رمان… نیهلیزمی نیچه و ده‌رونشیکاری فرۆیدی خاڵی سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تین که له‌به‌شێکی زۆری چیرۆکه‌کانی ئه‌ودا ئاماده‌ییان هه‌یه.
هێڵی گشتی ئه‌م ڕۆمانه،به‌ر په‌یامگه‌لێکی مرۆیی و فه‌لسه‌فی گرنگ ده‌که‌وێت .
بۆ وێنه،دۆستۆیڤسکی زۆر به‌جوانی وێنای دادپه‌روه‌ری ده‌کێشێت،له‌کۆمه‌ڵگا و زه‌مه‌نێکی پڕ لهنادادپهروهریدا.وه باس له‌ژیانی ڕۆژگارگه‌لێکی بێ شه‌رمانه ده‌کات. ڕۆژگارگه‌لێکی پڕله‌درۆ و پڕلهوههم و پڕ له نائه‌خلاقی و بێویژدانی .
خوێنه‌ر،هه‌ر له‌سه‌ره‌تاکانی ئه‌م ڕۆمانه‌دا، ڕووبه‌ڕووی ئه‌م پرسیارانه ده‌بێته‌وه ؛ دادپه‌روه‌ری ده‌بێت چی بێت؟ یان،ئه‌رکی مرۆڤی به‌ویژدان و بهئاگاچییه،له‌نێو ژیانێک،کهغهرقه له بێویژدانی و ناعه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی؟ وه‌ده‌بێت چۆن ئاڕاسته‌یه‌کی ژیانکردن،بگرێته‌به‌ر؟
(کاترینا ئیڤانۆڤنا) که یه‌کێکه لهکاراکتهرهکانی ڕۆمانه‌که،ژنێکی ڕوناکبیرهو له خێزانێکی ناوداره،دوای مردنی مێرده‌که‌ی،خۆی و سێ منداڵی بچوکی له شارۆچکه‌یه‌کی دوور‌و پڕ له‌مه‌ترسیدا،ژیان ده‌که‌ن و هه‌موو خزم و نزیکه‌کانی پشتیان لێ هه‌ڵکردووه.
هاوکات پیاوێکیش،به‌ناوی (مارمیلادۆڤا) له‌هه‌مان شارۆچکه‌دا ده‌ژی. دوای ئه‌وه‌ی داوا لهکاترینا ئیڤانۆڤنا ده‌کات،که ببێته هاوسه‌ری،ئه‌میش دوای ئه‌وه‌ی هیچ په‌نایه‌کی تر شک نابات،ئاماده ده‌بێت ببێته هاوسه‌ری.
مارمیلادۆڤا دواتر به‌هۆی ئالوده‌بوونی بهمهیخواردنهوهوه،سه‌رجه‌م کاره‌کانی له‌ده‌ست ده‌دات.هه‌ربۆیه له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌یدا، ده‌که‌ونه نێو هه‌ژارییه‌کی سه‌خته‌وه.
کاترینا ئیڤانۆڤنا،زۆر به‌چاکی هه‌ست به‌و دۆخه ترسناک و تراژیدیا پڕ له‌سته‌م و نایه‌کسانی و کاره‌سات ئامێزه ده‌کات،کهدهوروبهرو کۆمه‌ڵگاکه‌ی ئه‌ویان ته‌نیووه. هه‌ربۆیه به‌وپه‌ڕی هێزو جورئه‌ته‌وه ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه. کاترینا له‌واقیعدا،وێڵی دادپه‌روه‌ری و حه‌قیقه‌ته. بۆیه به‌ڕاستی به‌دوویاندا ده‌ڕوات و ده‌گه‌ڕێت، لێ له‌وپه‌ڕی نائومێدیدا شێت ده‌بێت و عه‌قڵی له‌ده‌ست ده‌دات. دادپه‌روه‌ری نادۆزێته‌وه‌و دواتر بهغهمێکی قووڵه‌وه سه‌رده‌نێته‌وه.
ئه‌نجامگیرییه‌که‌ی دۆستۆیڤسکی به‌وجۆره‌یه،که ئه‌و پێی وایه باشترین فۆڕمی مرۆڤی هۆشمهندو چاکه‌خواز،له‌نێو ژیان و دنیایه‌کی نغرۆ له‌خراپه‌و بێسه‌روبه‌ری ئه‌خلاقیدا،مرۆڤێکه چه‌شنی کاترینا ئیڤانۆڤنا. ئه‌گه‌ر چی ڕای وایه دواجار ڕه‌نگه هه‌مان ئه‌و مرۆڤه،له‌به‌رامبه‌ر ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یدا دژی سته‌مکاری و شه‌ڕانگێزی و نادادپه‌روه‌ری،توشی سووکایه‌تیپێکردن و ئازار چه‌شتن بێته‌وه،یان هه‌مان سه‌رئه‌نجامی مرۆڤێکی وه‌ک کاترینا ئیڤانۆڤنای هه‌بێت. وه‌لێ گرنگ ئه‌وه‌یه مرۆڤ بتوانێت هه‌ر له‌جه‌وهه‌ری خۆیدا، چاکه‌خوازو ناشهڕانگێز بێت.وه‌به‌هه‌موو که‌ره‌سته‌و توانایه‌کییه‌وه،دژی بێڕه‌وشتی و خراپ بارگاوی کردنی دنیاکه‌ی خۆی و ده‌وروبه‌ری بێت و له‌به‌رامبه‌ردا ده‌نگی ناڕازیبوونی هه‌بێت.
(ڕاسکۆلنیکۆف و سۆنیا) دوو کاراکته‌ری سه‌ره‌کی نێو ڕۆمانه‌که‌ن و وێنای دوو مرۆڤی،ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆن. هه‌ردووکیان دۆخی ژیان و گوزه‌رانیان زۆر خراپه‌و له‌نێو ژینگه‌یه‌کی تاڵ وپڕ له‌کێشه‌و هه‌ژاریدا ژیانیان تێده‌په‌ڕێت.
سۆنیا کچی مارمیلادۆڤایه، ئه‌و کیژه پاکیزه‌و شهرمنهیه که دواجار له‌به‌ر ده‌ردی برسیه‌تی و نه‌داری خۆی و خێزانه‌که‌ی، ده‌بێته سۆزانی. ڕاسکۆلنیکۆفیش که‌بۆ خوێندنی زانکۆ هاتۆته پترزبۆرگ، لێ به‌هۆی هه‌ژاری و برسیه‌تییه‌وه،وازی له‌خوێندنه‌که‌ی هێناوه،ئه‌م کاراکته‌ره مرۆڤێکی غه‌مگین و توڕه‌یه‌و هه‌ستی بێزارییه‌کی قووڵی هه‌یه،وه‌به‌ته‌واوی که‌سێکی سه‌ربه‌خۆیه‌و ئازادانه ڕه‌فتار ده‌کات و ئازادانه بیر ده‌کاته‌وه. هه‌روه‌ها پابه‌ند به‌هیچ جۆره ڕه‌فتارو ئاکارێکی باو نییه.
ئه‌م دووانهشیان، (ڕاسکۆلنیکۆف و سۆنیا) دواتر ده‌بنه دۆست و خۆشه‌ویستی یه‌کتر… حیکایه‌تی ڕۆمانه‌که، ڕووداوی تاوان و کوشتن و دزینه. بریتییه له‌کوژرانی دووکه‌س، یه‌کێکیان پیره ژنیکی ده‌وڵه‌مه‌ندی سوخۆره به‌ناوی (ئه‌لینا ئیڤانۆڤا) و ئه‌وی دیکه‌شیان خوشکه بچوکه‌که‌یه‌تی به‌ناوی (لیزاڤێتا ئیڤانۆڤا) بکوژی هه‌ردووکیشیان ڕاسکۆلنیکۆفه.
هه‌رچه‌نده ڕاسکۆلنیکۆف،نیازی کوشتنی لیزاڤێتا ئیڤانۆڤای نه‌بوو،به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی لیزاڤێتا به‌سه‌ر ڕووداوی کوشتنی خوشکه‌که‌یدا دێت،ڕاسکۆلنیکۆفیش بۆ ڕێگرتن له که‌شفبوون و ئاشکرا بوونی مه‌سه‌له‌که ناچار ده‌بێت ئه‌میش بکوژێت.
ئیتر لێره به‌دواوه‌و ڕاسته‌وخۆ دوای ڕووداوی تاوان،په‌یام و فه‌لسه‌فه گرنگه‌که‌ی نێو ڕۆمانه‌که به‌رجه‌سته ده‌بێت و ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان له‌ده‌ورو نێوانی،تاوان و بکه‌ری تاواندا ده‌سوڕێنه‌وه.
له‌ڕاستیدا تاوانه‌که هیچ ئامانجێکی دووری له‌پشته‌وه نییه. شایه‌د مه‌سه‌له‌که بریتییه له‌وروژاندنی بابه‌تێکی فه‌لسه‌فی گرنگ، ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی ئازادی و خواست و ویستی ئازادی خودییه. ڕووداوی تاوانه‌که،پرسێکی مرۆییه و هه‌ڵگری وه‌ڵامگه‌لێکی فه‌لسه‌فی گرنگی دۆستۆیڤسکییه له‌مه‌ڕ بابه‌تی ئازادی و خواستی ئازادی خودی.
ئازادی تاکه‌که‌سی (خودی) چییه؟ مرۆڤ به‌هۆی ئازادییه‌که‌یه‌وه،تاچ شوێن وسنوریک ده‌توانێت بڕ بکات؟ گه‌ر ئازادی خودی له‌گۆڕێدا نه‌بێت،مرۆڤ ده‌توانێت ئاسوده‌و خۆشبه‌ختانه بژی؟ یان،گه‌ر پێمان وایه مرۆڤ هه‌ر له‌جه‌وهه‌ردا ،ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆیه‌و،وهئازادیخوازی بابه‌تێکی گرنگ و جه‌وهه‌ری فیزیکی مرۆڤه‌و،وه‌ناتوانرێت بابه‌تی ئازادی له‌سروشتی مرۆڤ داببڕێنرێت،ئه‌وجا که‌واته مرۆڤ،ده‌بێت چۆن و به‌چ شێوه‌و پێوانه‌یه‌ک،مامه‌ڵه ده‌گه‌ڵ ئه‌م ئازادییه سروشتییه‌ی خۆیدا بکات؟
ڕاسکۆلنیکۆف له‌ڕواڵه‌تدا،هۆکارێکی بڕواپێکه‌ری بۆ هۆی ڕوودانی تاوانه‌که‌ی پێ نییه. هه‌رچه‌نده ئه‌و ڕقێکی گه‌وره‌ی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه،که به‌رئه‌نجامی برسیبوون وژیانه ههژارهکهیهتی،به‌رئه‌نجامی ئاگادار بوونیه‌تی له‌و پێگه کۆمه‌ڵایه‌تیه هه‌ژاره‌ی،که خۆی و دایک و خوشکه‌که‌ی تێدایه. به‌ڵام هیچ یه‌کێک له‌مانه هۆکارنین. هه‌روه‌ک خۆی له چه‌ند شوێنێکی ڕۆمانه‌که‌دا ئه‌مه ئاشکرا ده‌کات و بهسۆنیا ده‌ڵێت؛
(- نا،سۆنیا،نا! من ئه‌وه‌نده برسیم نه‌بوو…من، له‌ڕاستیدا ده‌مویست یارمه‌تی دایکم بده‌م. به‌ڵام …ئه‌مه‌یش ته‌واو ڕاست نییه…سۆنیا، ئازارم مه‌ده )
………….
(- ئێستایش پێم وتیت من خه‌رجی زانکۆم بۆ دابین نه‌ده‌کرا. به‌ڵام ده‌زانیت، ڕه‌نگه بمتوانیایه خوێندنه‌که‌م ته‌واو بکه‌م. ڕه‌نگه دایکم بیتوانیایه پێویستییه‌کانی زانکۆی بۆ بناردمایهو خۆێشم خه‌رجی خواردن و جلوبه‌رگم په‌یدا بکردایه. بێگومان ده‌متوانی! وانه‌م ده‌وته‌وه‌و بۆ هه‌ر وانه‌یه‌ک نیو ڕۆبڵم وه‌رده‌گرت.به‌ڵام من سواری سه‌ری خۆم بووم و نه‌مکرد ).
………….
( ئه‌و تاوانه‌م بۆ ئه‌وه نه‌کردووه یارمه‌تی دایکم بده‌م،نا، ئه‌مه درۆیه! بۆ ئه‌وه‌یش نه‌بوه که‌دوای به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و که‌ره‌ستانه کاری مرۆ ڤایه‌تی بکه م و یارمه‌تی خه‌ڵکی بده‌م.نا، ئه‌مه درۆیه.من ته‌نیا له‌به‌ر خۆم کوشتوومه )
………….
به‌ڵکو هه‌روه‌ک ده‌رده‌که‌وێت،تاکه هۆکاری شاراوه‌ی پشتی تاوانه‌که زیاتر له‌هه‌ر شتێکی دی، ڕه‌هه‌ندی فه‌لسه‌فی و ده‌روونی هه‌یه.
ڕاسکۆلنیکۆف کاراکته‌رێکی یاخییه،وهخولیای ژیانیکی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆیه‌و حه‌زێکی زۆری،بۆشکاندنی یاساکانی سروشت هه‌یه. هه‌ربۆیه ئه‌و پێی وایه که، خاوه‌نی ئازادییه‌کی به‌رینه.ئازادییه‌ک له‌ڕه‌هه‌نده هه‌ره به‌رزه‌که‌یدا. به‌جۆرێک وای بۆ ده‌چێت ده‌شێ مرۆڤ بتوانێت،نه‌ک هه‌ر بتوانێت،به‌ڵکو مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت که ده‌ست بۆهه‌ر تاوان و کارێکی قیزه‌ون و دوور له مه‌نتیق ڕابکێشێت و ئه‌نجامی بدات. وه‌ک ئه‌وه‌ی چ یاسایه‌ک،هه‌ر بوونی نه‌بێت له سروشتدا. هه‌ر بۆیه ئه‌م هه‌ڵده‌ستێ سووک و ئاسان دوو مرۆڤ ده‌داته به‌ر ته‌ورو ڕۆحیان هه‌ڵده‌کێشێت،پاشانیش له‌چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌کی دیکه‌ی نێو ڕۆمانه‌که‌دا پاساو بۆ هۆی ئه‌نجامدانی تاوانه‌که‌ی دێنێته‌وه‌و، له‌به‌رامبه‌ر سۆنیاداخوازیاری خۆی بۆ ده‌سه‌ڵات ” وه‌ک یه‌کێک له هۆکاره‌کان و پاڵنه‌ره‌کانی تاوانه‌که ئاشکرا ده‌کات ” ؛
(- ڕه‌نگه شته‌که وابووبێت،هه‌ر به‌ڕاستی وابوو،ده‌زانیت من ویستم ببم به ناپلیۆن، بۆیه کوشتم…باشه،ئێستا تێده‌گه‌یت؟ )
………….
(- ئه‌وه‌ی مایه‌ی پێکه‌نینه ئه‌وه‌یه،من جارێکیان پرسیارێکم له‌خۆم کرد که؛ ئه‌گه‌ر بۆ نموونه ناپلیۆن له‌شوێنی من بوایه،له‌سه‌ره‌تای ژیانیدا و بۆ به‌ده‌ستهێنانی شکۆ و گه‌وره‌یی نه ڕێگای تۆڵۆن و میسر‌و نهتێپهڕین به چیای موبلانی له‌به‌ر بگرتایه به‌ڵکوو له‌باتی هه‌موو شته خوان و مه‌زنانه ته‌نیاو ته‌نیا پیرێژنێکی بکوشتایه،ژنێکی سه‌له‌م خۆری هیچ و پوچ هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر پاره‌ی ناو سندوقه‌که‌یدا بگرێت ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌رگا له‌سه‌ر ژیانی ئایندهی خۆی بکاته‌وه،تێده‌گه‌یت؟ ئایا ئه‌وسا ئه‌و کاره‌ی ده‌کرد،ئه‌گه‌ر هیچ ده‌رویه‌کی تری نه‌دیبایه؟ ئایا هه‌ستی بهتهریقی و بێ ئابڕووی نه‌ده‌کرد چونکه ئه‌و ڕێگا چاره‌یه گه‌لێک ڕسواییهو دووره له جوامێری و…تاوانیشه؟ باشه،ده‌بێت پێت بڵێم که له‌سه‌رئه‌و پرسیاره ماوه‌یه‌کی زۆر ئازارم چه‌شت،به‌جۆریک گه‌لێک شه‌رمه‌زاربووم کاتێک له‌پڕێکدا گه‌یشتمه ئه‌وه‌ی -ئه‌مه‌یش زۆر کت‌وپڕ بوو –که ناپلیۆن نه‌ک ته‌نیا خه‌جاڵه‌ت نه‌ده‌بوو،به‌ڵکوو هه‌رگیز ئه‌وه‌ی به‌بیردا نه‌ده‌هات که‌ئه‌مه کارێکی به‌نرخ نه‌بێت… ته‌نانه‌ت سه‌ریشی له‌وه ده‌رنه‌ده‌کرد که‌بۆ ده‌بێت ئه‌م کاره سووک و ڕسوایی به دوابێت؟ بێگومان ئه‌گه‌ر ڕێگاو چاره‌ی تری له‌به‌رده‌ستا نه‌بوایه ئه‌ویش ئه‌و پیرێژنه‌ی ده‌کوشت.باشه،منیش له‌و دوودڵیه هاتمه‌ده‌رێ و کوشتم..وه‌ک په‌یڕه‌وی کردن له خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێک. )
جگه له‌مانه‌ی سه‌ره‌وه دوو خاڵی هه‌ره گرنگ وجه‌وهه‌ری دیکه هه‌ن،که به‌پله‌ی یه‌که‌م هۆی سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانه‌که‌ن،خاڵێکیان بریتیه له‌و پرسه‌ی کهڕاسکۆلنیکۆف ڕووبه‌ڕووی خۆی ده‌کاته‌وه؛ ئایا من ده‌توانم سنوور ببه‌زێنم یان ناتوانم؟ ئایا ئازایه‌تی ئه‌وه‌م تیایه دانهومهوهو،چیم پێویسته هه‌ڵی بگرم،یان ناتوانم؟ ئایا بوونه‌وه‌رێکی ترسنۆک و له‌رزۆکم و یان خاوه‌ن هه‌قم…
خاڵێکی پاڵنه‌رو ته‌واوکاری دیکه‌یش به‌رئه‌نجامی ئه‌و تیۆرییه‌یه کهڕاسکۆلنیکۆف، به‌وپه‌ڕی بڕواپێبوونیهوه دایڕشتووهو به وتارێک له گۆڤارێکی مانگانه‌دا بڵاوی کردۆته‌وه.
له‌وتاره‌که‌دا ڕاسکۆلنیکۆف پۆلبهندییهکی گشتی له‌نێوان سروشتی مرۆڤاکاندا کردووه و به‌شێوه‌یه‌کی گشتی،له‌نێوان دوو به‌شی ” ئاسایی ” و ” نائاسایی “دا دابه‌شی کردوون. به‌بۆچونی ئه‌و ئاکاری هه‌ره تایبه‌تی ئه‌م دوو چینه به‌ته‌واوی دیار و ئاشکرایه،ده‌سته‌ی یه‌که‌م واته مادده،به‌گشتی ئه‌و که‌سانه‌ن هه‌ر به‌سروشت کۆنه پارێز‌و به ویقارن،قایل و گوێ ڕایه‌ڵ ده‌ژین،وه ڕای وایه ئه‌وانه هه‌ر ده‌بێت به‌گوێ ڕایه‌ڵی بژین،چونکه ئه‌رکیان ئه‌وه‌یه‌و به‌هیچ جۆرێکیش ئه‌وه بچووکیان ناکاته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی دووه‌میش لای ئه‌و ئه‌و که‌سانه‌ن که هه‌موو یاساکان ده‌به‌زێنن. دژه باوون که‌م تا زۆر یاخی و سه‌رکێشن،سروشته‌که‌یان ڕیگه به‌مانه‌وه‌یان نادات له‌نێو چوارچێوه‌و ده‌ستوورێکی ته‌قلیدی و نه‌ریتیدا. هه‌روه‌ها توانای ده‌ربڕینیان هه‌یه، وه قسه‌ی تازه‌یان پێیه‌و تاڕاده‌یه‌کیش وێرانکه‌رن،یان ئاره‌زوی وێرانکردنیان تیایه.
خۆ ئه‌گه‌ر پێویست بکات یه‌کێک له‌وانه بۆسه‌رکه‌وتنی بیروباوه‌ڕه‌که‌ی هه‌نگاو به‌سه‌ر لاشه‌دا بنێت یان خوێنێک بڕێژێت،به‌ڕای ئه‌و ئه‌وکه‌سه ده‌توانێت بهپهنامهکی و ویژدانێکی ئاسووده‌وه ڕێگا به‌خۆی بدات هه‌نگاو به‌سه‌ر لاشه‌دا بنێت و خوێن بڕێژێت . هه‌میشه‌ش ده‌سته‌ی یه‌که‌م گه‌وره‌کانی ئێستان و ده‌سته‌ی دووه‌میش گه‌وره‌کانی ئاینده‌ن. ده‌سته‌ی یه‌که‌م پارێزگاری له‌دنیاو ژیان ده‌که‌ن و ژماره‌ی ئه‌ندامه‌کانی زیادده‌بن،به‌ڵام ده‌سته‌ی دووه‌م ژیان ده‌خه‌نه جووڵه‌و به‌ره مه‌به‌ست و ئامانجی ده‌به‌ن. له‌بۆچوونی ئه‌ودا هه‌ردوولایشیان به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کسان مافی بوونیان هه‌یه.
ئه‌وه گومانێکی حاشا هه‌ڵنه‌گره ئه‌م تێزه‌ی دۆستۆیڤسکی،له‌میانه‌ی دابه‌شکردن و پۆلبه‌ندی نێوان مرۆڤه‌کان،دوای خۆی کاریگه‌رییه‌کی ئاشکراو به‌رچاوی له‌سه‌ر تێڕوانینی چه‌ند که‌ڵه بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفێک جێهێشت.
ئه‌وه‌تا فه‌یله‌سوفێکی گرنگی وه‌کوو (نیچه) دواتر له‌ژێر کاریگه‌ری هه‌مان تێزدا به‌جیاوازییه‌کی که‌م،تێرمی مرۆڤی باڵا (سۆپه‌رمان )ی هێنایه ئاراوه. وه پۆلبه‌ندی خۆی له‌نێوان مرۆڤی به‌هێز و مرۆڤی بێهێز،یان مرۆڤی باڵا و مرۆڤی کۆیله‌دا ئه‌نجامدا.
“مرۆڤی باڵا”ی نیچه وه‌ک هه‌مان “مرۆڤی نائاسای” دۆستۆیڤسکی زاده‌ی ئیراده‌یه‌کی به‌هێزه. وه که‌سێکه که خۆی لهئاکارو نه‌ریته گشتی و باوه‌کان داده‌ماڵێت. به‌ڵام جیاوازیه بچوکه‌که‌ی نێوانیان له‌وه‌دایه که،”مرۆڤی باڵا”ی نیچه توانای ده‌سه‌ڵاتگرتنی به‌سه‌ر خۆیدا هه‌یه‌و له‌به‌ربڵاوترین واتادا “مرۆڤه باڵاکه‌ی” وێنای که‌سێکی وه‌ک سوکراته. هه‌رچی” مرۆڤی “نائاسای”دۆستۆیڤسکیشه، وێنای که‌سێکی وه‌کوو خودی ڕاسکۆلنیکۆفه.
ئه‌گه‌ر چی دۆستۆیڤسکی وه‌ک له‌م نموونه‌یه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که‌له جێگایه‌کی نێو ڕۆمانه‌که‌دا ده‌رباره‌ی “مرۆڤه نائاساییه‌که‌ی”قسه‌مان بۆ ده‌کات، پێناچێت بۆخۆی هه‌رگیز له‌گه‌ڵ تاوانی کوشتن و خوێنڕشتندا بێت ؛
(- من هه‌رگیز جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ناکه‌مه‌وه که خه‌ڵکی نائاسای وه‌ک تۆ ده‌ڵێیت، بۆیان هه‌بێت هه‌موو تاوان و سه‌رپێچییه‌ک بکه‌ن..من ته‌نیاو ته‌نیا ئاماژه‌که‌م واکردووه،که که‌سی “نائاسای” مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه…واته “نه‌ک ئه‌وه‌ی که‌مافی یاسای هه‌بێت” به‌ڵکوو ده‌توانێت ڕێگا به ویژدانی خۆی بدات هه‌نگاو به‌سه‌ر هه‌ندێک به‌ربه‌ستا بنێت. ئه‌مه‌یس ته‌نیا له‌یه‌ک حاڵه‌تدا ده‌بێت،ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که‌ئه‌نجامدانی بیرۆکه‌که‌ی “که ده‌شێت ببێته هۆی ڕزگارکردنی ڕه‌گه‌زی مرۆڤایه‌تی” پێویستی به‌هه‌نگاو نانێکی وا هه‌بێت .
له‌ڕاستیدا دۆستۆیڤسکی سه‌رجه‌م خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی مرۆڤێکی باڵای وه‌ک ڕاسکۆلنیکۆفی قبووڵه،ته‌نێ ناکۆکی ئه‌و له‌هه‌مبه‌ر تاوانی کوشتن و خوێن ڕشتنهکهدایه. دیاره ناکۆکیهکهشی له‌م ڕووه‌وه،له‌نێو ڕۆمانه‌که‌دا ڕوون و ڕۆشنه.
ئه‌گه‌ر چی مرۆڤ له‌ڕوانگه‌ی دۆستۆیڤسکییه‌وه خاوه‌نی ئیراده‌ی ئازاده‌و تاچه‌ند بیه‌وێت،ده‌توانێت سوود له‌ئازادی خۆی وه‌ربگرێت و کاری پێ‌بکات،تابتوانێت به‌خته‌وه‌رانه بژی.چوون لای ئه‌و “ئازادی و به‌خته‌وه‌ری دوو بابه‌تی لێک گرێدراون” به‌ڵام مه‌به‌ستی دۆستۆیڤسکی له‌و ئازادیه خودییهیهکه ده‌توانێت تا ئه‌و شوێنه بڕوات،تاوان و تراژیدیای دڵته‌زێنی لێنه‌که‌وێته‌وه.ئه‌م بۆچوونه‌ش زۆر ڕه‌هایانه له‌دۆخی سایکۆلۆجی و ڕۆحی و ویژدانی ڕاسکۆلنیکۆفی دوای تاواندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.
ڕاسکۆلنیکۆف دوای ئه‌وه‌ی که که‌ڵکی خراپ له ئازادییه خودییهکهی خۆی وه‌رده‌گرێت،به‌وه‌ی تائاستی ڕووداوی تاوان پیایدا شۆڕده‌بێته‌وه،سه‌رئه‌نجام ئیدی دوای تراژیدیای تاوان،دۆخی ده‌رونی و ویژدانی ڕاسکۆلنیکۆف توشی خرۆشان و په‌شۆکاوی دێت و نائارامی ڕۆحی گه‌مارۆی ده‌دات. هاوکات نائومێدییه‌کی بێزارکهرو قووڵ له‌زه‌ینیدا ڕه‌نگ ده‌گرێت و هه‌ستکردن به‌تاوانباری له‌ودا تاسنووری شێتبوونی ده‌بات.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕاسکۆلنیکۆف سوک و سانا ده‌رفه‌تی هه‌ڵهاتنی هه‌یه،به‌ڵام هه‌ڵنایه‌ت چوونکه بڕوای بهتێزهکهی خۆی نه‌ماوه‌و ده‌زانێت هه‌ڵهاتنی چیتر که‌ش و هه‌وای ژیانێکی ئارام و گونجاوی پێنابه‌خشێت.
له‌واقیعدا ڕاسکۆلنیکۆف ناتوانێت له‌ڕووی ویژدانی و ده‌رونییه‌وه،له‌ژێرباری تاوانه‌که‌یدا ده‌ربچێت،هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه بۆخۆی به‌دووی سزاکه‌یدا ده‌ڕوات و خۆی به‌ده‌سته‌وه ده‌دات.
له‌م ئاکامه‌وه له‌وه ده‌گه‌ین،ئازادی تاکه‌که‌سی لای دۆستۆیڤسکی بریتی نیه له به‌زاندنی گشتگیر‌و بێسنووری یاسا سروشتی و به‌ها مۆڕاڵیه‌کان. وه ڕه‌وایه‌تیدان به‌هه‌ر جۆره کار‌و کرده‌وه‌یه‌کی قیزه‌ون و دژه به‌های ڕه‌وشتی و ویژدانی به‌بیانوی ئازاد بوونی مرۆڤ و ئیراده‌ی مرۆڤه‌وه،پاساوێکی دروستوو گونجاو نییه.
خولیای مرۆڤه‌کان بۆ ئازادییه‌کی خۆیی هاوشێوه‌ی ئازادی ڕاسکۆلنیکۆف،له‌دواجاردا جگه له‌ژینگه‌یه‌کی نائارامی پڕ ڕق و تاوان و ههقدان به‌مافی تاوانکردندا،شتێکی دی لێ به‌رهه‌منایه‌ت.
ده‌رئه‌نجام ڕوانگه‌ی دۆستۆیڤسکی بۆ ئازادی خۆیی له‌نێو ئه‌م ڕۆمانه‌دا،له‌که‌ڵک وه‌رگرتنی باشی مرۆڤه‌کان له‌ئازادی خۆیان سه‌رچاوه ده‌گرێت.وه وه‌ک ئاماژه‌مان پێدا ئازادی مرۆیی لای ئه‌و بریتی نییه له‌وه‌ی مرۆڤه‌کان به‌نێوی سوود وه‌رگرتن له‌ئازادی خودییه‌وه،سه‌رجه‌می هه‌ست و سۆزه سروشتی و مرۆییه‌کان له‌نێو خۆیاندا بکوژن، بۆئه‌وه‌ی بگه‌نه ئازادییه‌کی بێ‌سنوور.به‌جۆرێک ئیدی توانای جیاکردنه‌وه‌ی چاکه‌و خراپه‌یان نه‌مێنێت.چوون کرده‌وه‌کانی ئێمه چ چاکه‌و چ خراپه هه‌موو لهناوهوهمانهوه سه‌رچاوه ده‌گرن.
هه‌روه‌ها خودی ژیانیش له‌ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان خۆیاندایه.له‌چۆنیه‌تی ڕامان و جۆر‌و شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی ئێمه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت.به‌واتایه‌کی دی،به‌و پێودانگه‌ی که‌مرۆڤ خاوه‌نی ئازادی و هه‌ڵبژاردنی چۆنیه‌تی و شێوازی بیرکردنه‌وه‌یه،که‌واته خودی خۆی خوڵقێنه‌ری ژیانی خۆیه‌تی. لهمڕوهشهو بێگومان هه‌ر یه‌کێک له‌ئێمه،ڕووبه‌ڕووی دوو ئه‌زموونی جیاوازی ژیانکردن ده‌بینه‌وه؛
( ژیانێک،که‌ده‌شێت جێی ڕه‌زامه‌ندی ویستی ئێمه بێت،ژیانێکی تر،که‌ڕه‌نگه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بێت ).
بیرکردنه‌وه‌ی پڕ له‌سه‌رکێشی و خه‌ونی ئازادی ڕاسکۆلنیکۆف،که‌گه‌لێک سنووریان به‌زاند،دواجار ئه‌و ژیانه‌ی بۆ به‌رهه‌مهێنا که بێئه‌ندازه لێوان لێو بوو له نائارامی و نائاسووده‌ی و ،دوور له‌به‌خته‌وه‌ری. ژیانێک که له‌سنووره‌کانی شێتبوونی نزیک خسته‌وه.
داوه‌ری دۆستۆیڤسکی سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی بیرکردنه‌وه له‌مه‌ڕ ئازادی و چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی ژیانکردن و هه‌ڵوێست کردن، له‌وه‌دایه که ئه‌و پێی وایه ڕاسته مرۆڤ خاوه‌نی ئیراده‌و ویستی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه،وه‌لێ ڕه‌هابوون له‌نێو ئازادییه‌ک هاوشێوه‌ی ئازادی ڕاسکۆلنیکۆف، ده‌رئه‌نجامێکی قایل که‌رانه سه‌باره‌ت به‌خواستی به‌خته‌وه‌ری به‌ده‌سته‌وه نادات. به‌ڵکوو ئه‌و پێی وایه ته‌نیا ئه‌ڤین ده‌توانێت نه‌خشی باشترین جۆره‌کانی ژیانێکی ئازادانه بڕێژێت .
دۆستۆیڤسکی دووپاتی به‌رزی و ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆح ده‌کاته‌وه. هه‌ر بۆیه دواجار گه‌ڕانه‌وه بۆ لایه‌نی ڕۆحی و مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئازادی خودیی له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ستبوونی عیشق و ڕۆحی به‌دروستترین کارێک ده‌زانێت،بۆئه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامێکی باش و پڕکاریگهری که‌سایه‌تی مرۆڤی ئازادی لێ بکه‌وێته‌وه.
ئه‌م بۆچوونه‌ش له‌دواین لاپه‌ڕه‌کانی ڕۆمانه‌که‌دا به‌ڕوونی به‌رجه‌سته‌یه.
ژیانی ڕاسته‌قینه له‌و جێگایانه‌دا بوونی هه‌یه که‌مرۆڤه‌کان تێیدا به‌خته‌وه‌رن.
گرنگ نییه ئه‌و جێگایانه کوێن، ته‌نانه‌ت ده‌کرێت به‌ندیخانه‌کانیش بن. ڕاسکۆلنیکۆف له‌دواجاردا به‌ر ئه‌م جۆره‌ی ژیان و به‌خته‌وه‌ری ده‌که‌وێت.دوای ئه‌وه‌ی که دان به تاوانه‌که‌یدا ده‌نێت و دووری ده‌خه‌نه‌وه بۆ سیبیریا و له‌وێش له‌زیندانێکدا به‌ندی ده‌که‌ن،وه‌لێ له‌وێدا به‌ته‌واوی حه‌قیقه‌تی عه‌شقی سۆنیا هه‌ست پێده‌کات و،له‌کۆتایدا ته‌نیا خۆشه‌ویستی و ئه‌وینه زیندووی ده‌که‌نه‌وه‌و چرای هیواو ژیانێکی نوێی تێدا داده‌گیرسێنن و عه‌شق بۆ ئه‌و ده‌بێته سه‌ره‌تای چه‌شنێکی تر له ژیان.
سروشت نه‌وزاد
سه‌رچاوه‌کان؛
1.تاوان و سزا، ڕۆمان، فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، وه‌رگێڕانی له‌فارسییه‌وه ره‌ووف بێگه‌رد،چاپخانه‌ی ره‌نج، چاپی یه‌که‌م، 2006
2.سوزان لی ئه‌ندرۆسۆن، فه‌لسه‌فه‌ی دۆستۆیڤسکی، وه‌رگێڕانی فازڵ مه‌حمود وه‌لی، ده‌زگای وه‌رگێڕان، چاپی یه‌که‌م، هه‌ولێر 2010