Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
لاقەکردن و شەرەفی شەرەفدارەکان

لاقەکردن و شەرەفی شەرەفدارەکان

Closed

 

 

 

بێگومان زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی هەواڵی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بیستووە یان بینیوە، کە لە یوتوب و فەیسبوکدا بڵاوبۆتەوە، کە تیایدا باوکی کچێک (لاقەی) کوڕێکی هەرزەکاری کردووە بۆ ئەوەی (شەرەف)ی کچەکەی بپارێزێت پاش ئەوەی، کە (بیستوویەتی)، کە کچەکەی پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ ئەو کوڕەدا هەیە. 

دوور لە چۆنیەتی و ڕەوتی ئەو کارەساتە مرۆییانە خوازیارم بگەڕێمەوە بۆ هۆکارەکانی ئەو ڕووداوە و تێڕوانینی هەریەک لە دەستدرێژیکەر و قوربانییەکە بۆ ئەم ڕووداوە، کە بێگومانم لەوەی کە ئەو هەرزەکارە ئەگەر بە درێژایی تەمەنیشی نەبێت، ئەوا ساڵانێکی دورودرێژ لەژێر سێبەر و ئاسەوارەکانی ئەو دەستدێژییەدا دەژی. 

پێناسە و تێگەشتنمان بۆ وشەی (شەرەف) هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گەلێک کێشەی کۆمەڵایەتی ناو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیی و ئیسلامییەکان، چونکە هەرچەند باس لە (شەرەف) دەکەین ڕاستەوخۆ بیر لە بەشێک لە جەستەی پیاو و ژن دەکەینەوە. جۆری پەیوەندییەکان و مامەڵەکانیشمان هەر لە سنووری ئەو بەشانەی جەستەدا هەڵدەسەنگێنین. واتە گەر بمانەوێت (شەرەف)مان پارێزراو بێت، ئەوا پێویستە ئەو بەشانەی جەستە پارێزراو بن و بوار بە هیچ کەسێکیش نەدەین سنوورە سوورەکانی ئەو بەشە جەستەیە ببەزێنێت. بە پێچەوانەشەوە بۆ تێکشکاندنی (کەسایەتی)ی کەسێکی ناو کۆمەڵگاکە، ئەوا دەتوانین بەر لە هەموو شتێک بەهای (شەرەف)ی ئەو کەسە لەناو کۆمەڵگا و دەوروبەردا بهێنینە خوارەوە و ئەو سنوورە بشکێنین، کە بە هێڵە سوورەکەی ناو کۆمەڵگا ناوی دەبەین. باشترین ڕێگەش ئەوەیە کە هێرش بکرێتە سەر ئەو بەشە جەستەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت (ئەتک بکرێت) یاخود (لاقە بکرێت) یاخود (سەری پێ نەوی بکەن). ئەم دەستەواژە قێزەونانە لە کۆمەڵگادا ناسراون و پێمان نامۆ نین.  

هەموو ئەم ئاوێتانە تاکی کۆمەڵگاکەمانی ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورەی هاوکێشەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سنووری سەربەستی تاک و پێناسەی دەستەواژە جیاوازەکانی تاکی کۆمەڵگاکەمان کردۆتەوە، بە شێوەیەک ساڵانە سەدەها ئەگەر هەزارەها نەبن بە شێوەیەک لە شێوەکان دەبن بە قوربانی ئەم تێگەشتنانەی ئێمە لەم چەرخەی ئینتەرنێت و گۆڕانکارییە زانستییەکانی ناو جیهانەی ئێستاماندا. بێگومان هەروەک کەسی دەستدرێژکەر لەم ڕەفتارەدا خۆی بە سەرکەوتوو دەبینێت، بەڵام قوربانییەکە خۆی وەک کەسایەتییەکی دۆڕاو و بێبەها دەبینێت. واتە لێرەدا شێوازێک لە (سەرکەوتوو) و هەروەها (دۆڕاو) لە هەردوو لایەنی دەستدرێژیکەر و دەستدرێژیکراو هەست پێدەکەین. بۆیە زۆرینەی قوربانیانی ڕوودای هاوشێوە لەم کۆمەڵگایەدا، کە ڕوودەدەن، هێندە بوێریی و هەستکردن بە ماف و ئازادی خۆی ناکات، کە بتوانێت کەسی بەرامبەر ڕووبەڕووی یاسا و دادگا بکاتەوە، هەروەک لەم گرتە ڤیدیۆیەدا کە هەتا ساتی نووسینی ئەم نووسراوە ئەو کوڕە هەرزەکارە سکاڵای تۆمار نەکردووە، بەڵکو لە ترسی (شەرەف)ی خۆی و خێزانەکەی خۆی شاردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەو (لاقەکردن)ە لەبەر دەمی کۆمەڵگادا ئاشکرا نەبێت. 

بەڵام لە ڕوانگەیەکی مرۆڤانەوە ئەگەر بڕوانینە ئەم کێشەیە و تیایدا بنەمای هزر و هۆشمەندی تیادا بەکاربهێنین، ئەوا شەرەفی کەسێک بەر لە هەموو شتێک مامەڵە و ڕەفتارەکانێتی، نەک بەشێک لە جەستەی کوڕێک یان کچێک. ئەوەیش، کە ڕوویداوە بەر لە هەموو شتێک نزمی مۆراڵ (شەرەف)ی ئەو کەسە پێشان دەدات، کە دەستدرێژییەکەی ئەنجام داوە، نەک بە پێچەوانەوە. واتە گەر باس لە (بێشەرەفیی) بکەین، ئەوا ئەو مۆرکە لە ناوچەوانی دەستدرێژیکەر دەدرێت. خاڵی گرنگ ئەوەیە، کە کەسێکی خاوەن مۆراڵ (شەرەف) بەرز هەمیشە هەوڵ دەدات کەسایەتی و مۆراڵی کەسانی دەوروبەری بپارێزێت و بەرز دەیانننرخێنێت و پێچەوانەی ئەم بۆچوونەش ڕاستە. 

تێگەشتنی کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان بە شێوەیەکی گشتی بۆ ئەم جۆرە کێشە و تێزانە لە ئاستی نزمیی ڕۆشنبیریی و هەڵەی تێگەشتنمان سەرچاوە دەگرێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دابونەریتە کۆنەکانمان، کە لە زۆر خاڵدا تاکی کۆمەڵگا باجی خۆی تیادا دەدات. ئاینیش بێگومان خاڵێکی گرنگە بۆ ئەم جۆرە تێگەشتن و پێناسانە. دانانی سەرتاپای جەستەی ئافرەت بە (عەورە) و پێناسە جیاوازەکانی جەستە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و کەسایەتییەکان لە سنووری ئایندا هۆکارێکی دیکەن بۆ ئەوەی بەرهەمی ئەم تێڕوانینە بین لە کۆمەڵگاکەدا. مامۆستا ئاینییەکانیش بە داخەوە هەتا ئێستاش نەیانتوانیوە لەناو کۆمەڵگادا ڕۆڵێکی وا گرنگ ببینن، کە بتوانن کاریگەرییەکی هەستپێکراویان هەبێت لە کێشە گەورەکانی ناو کۆمەڵگادا. زۆربەی وتاری ڕۆژی هەینیشیان لەو سنوورەدا دەخولێنەوە، کە هەزاروچوارسەد ساڵە باسی لێ دەکرێت و گوێمان لێ دەبێت. بە کورتی دەتوانم بڵێم، کە ئاین و بەڕێوبەرانی نە خۆیان لە قەرەی هەندێک باس دەدەن و نە توانیویانە گۆڕانکاری بەسەر هەندێک ئاراستەی ئاینەکەدا بهێنێت، کە بتوانێت خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێکانی جیهاندا بگونجێنێت.

لەگەڵ پەیدابوونی قوتابخانە پێش پتر لە سەدەیەک و بنیاتنانی سیستمی پەروەردە و هەتا ئێستاش ئەو سیستمە لەلایەک نە لە ئاستی پێویست و بەرزدا بووە، کە بتوانێت ببێت بە بنیاتنەری کەسایەتییەکی بەهێز لەناو کۆمەڵگەدا، نە توانیویەتی بتوانێت خۆی لە قەرەی هەندێک باس و تەوەر بدات، کە تیایدا ئاین و دابونەریت دڵنیگەران بن یاخود ڕایەکی جیاوازیان هەبێت. دەتوانم لێرەشدا ئەوە دووپات بکەمەوە، کە سیستمی پەروەردە هەتا ئێستا لەم وڵاتەی ئێمەدا (شوێنێکە بۆ فێربوونی خوێندن و نووسین)، چونکە خودی سیستمەکە کەموکورتییەک و هەڵەیەکی بێشوماری هەیە و جگە لەوەش ڕێژەیەک لە پەروەردەکار و مامۆستاکانمان ئەگەر بە شێوەیەک لە هەمان تەوەردا قوربانی یاخود گوناهبار نەبن، ئەوا بە لایەنی کەمەوە خاوەنی کێشەیەکی زۆری کەسایەتیی و خێزانیی خۆیانن، کە بە هۆیانەوە ناتوانن پەیامێکی پەروەردەیی پوخت بە خوێندکار و قوتابییەکان بگەێنن. 

ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە، لەوە تێبگەین کە شەرەف پارچەیەک نییە لە جەستەمان، کە بتوانرێت بەهاکانی بە دەست کەسانی دیکەوە یاری پێ بکرێت، بەڵکو شەرەف هەموو ئەو بەهایانەیە، کە تاک لە میانی هەڵس و کەوت و مامەڵە و ڕەفتارەکانی خۆیەوە بەهاکەی بۆ دیاری دەکات. کاتی ئەوە هاتووە، کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کار لەسەر ئەوە بکەن، پێناسە و تێگەشتنێکی نوێ ببەخشن بە دەستەواژەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیمان و لە هەندێک بەندی ئاین و دابونەریت و تێگەشتنی کۆنی کۆمەڵگا ڕزگار بکەن. بۆ ئەمەش کارێکی فرە لایەنە و هەوڵێکی زۆری دەوێت، کە تیایدا دەسەڵات و یاسا ڕۆڵێکی گەورەی تیادا دەبینن، قوتابخانە و فێرگاکانمان باشترین بنکەن بۆ ئەوەی بتوانین تێڕوانینەکان بە ئاراستەیەکی پۆزەتیڤانە بەرین، کە تیایاندا کۆمەڵناس و دەروونناسەکانمان چالاک و مۆدێرنانە دەتوانن زانستەکانی خۆیان بەرجەستە بکەن. ئەم کارەساتەش کە بەسەر ئەو هەرزەکارەدا هاتووە هەلێکی زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی دەسەڵات بیسەلمێنێت، کە یاسا لە سەروو هەموومانەوەیە و هاوکات بکرێت بە وانەیەکی زۆر گونجاو بۆ کۆمەڵگا بۆ ئەوەی ڕوون بکرێتەوە کێ (بەشەرەفە) و کێ (بێشەرەفە). 

 

 

 

 

کامەران چروستانی 

chrostani@hotmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.