ئازادی ده‌مانکوژێت
زمکان عه‌زیز…..
تۆ ئه‌وه‌نده ئازاد بوویت به‌ر له بوونت بێ هه‌ست و بێ تێڕوانین بێ لۆژیک بێ ئه‌وه‌ی که تۆ خۆت بیت ، تاکترین و سهربهسترین خۆیه‌ک بێ سنور بێ سیسته‌م بێ یاسا هه‌ر خۆت هه‌موو شتێک ، خه‌وتویه‌ک له بیرکردنه‌وه و له بینین داخراوێک له وه‌رگرتن و له په‌یپێبردن ، مردنێک له سڕبونی زیندوێتیدا و له‌و دیو تۆوه ، بون و نه‌بون له سوڕی کاتێکی دیاریکراوی ناوسنورێکی داخراو که هه‌ر خۆی سیستهماتیکێکی لۆژیکی به‌ڕیوه‌ی ئه‌بات ، ئه‌مه ئه‌و کاته‌یه که خود تێیدا ئازادترین خۆیه و که سوڕه‌که‌ش به‌بوون ئه‌بێت ئیتر خود له ئازادی ئه‌پچڕێ و سه‌ر له نوێ له ژێر ده‌سه‌ڵاتی سیسته‌م و ترادسیۆنی داچهقیودا به نێو سنوره‌کاندا بۆ ده‌روازه‌ی ئازادی ده‌گه‌ڕێ و به هێڵێکی پێچاوپێچانه‌ی تێڕوانینه‌کانی بوون ته‌مه‌ن پیری ده‌کات و مه‌رگ بۆ مردن لێژی ده‌کاته‌وه و ئیتر له ناو مردن‌دا ئازادی هێمای خۆی وون ده‌کات و خود به یه‌کجاری ئازاد ده‌بێت . واته هاوکێشه‌ی ئازادبوونی خود به‌ر له له دایک بون و له‌دوای له دایک بونه‌وه به تێپه‌ڕاندنی خود به ناو سیسته‌م و یاساکاندا تا ده‌گاته مردن . ئه‌وانه‌ی له مه‌رگ ئه‌دوێن له ئازادی ئه‌دوێن و بۆ ئازادی ئه‌گه‌ڕێن ، مه‌رگ ئازاترین و سه‌رکێشترین چه‌مکی ئازادیه بۆ خود ، ئازادیه‌ک سمبولی پێنهگهشتن و پێنه‌گه‌یاندن و پهیپێنهبردن تا ئه‌وپه‌ڕی درێژبونه‌وه‌ی خه‌ونه‌کانی خود بێت ئیتر چۆن مردن نابێته دووا وێسگهو دووا ژوانگه . ئازادی خواستن هیچ هێمایه‌کی بۆ مه‌رگ نیه‌و مردن خۆی سنبولی سڕینهوهکهیه ، سڕینه‌وه‌یه‌ک له به‌رده‌م کۆتهڵێتی خوادا بۆ ئهنتهرناتیڤکردنی بوون و له جووڵه‌خستنی خود ، ئێمه هه‌ین که دێته سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌بێت ببین ئازادی ڕهدومان ده‌خاو سنوره‌کانمان پێدهپهڕێنێت بۆ ئازادی خۆمان ده‌بینه‌وه به ئه‌نته‌رناتیڤی ئه‌و سیسته‌مه‌ی خۆمان بهڕێمانخستووهو به‌رده‌وام وا بهڕێماندهخات ، بۆ ئازادی له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌و شکاندنی سنوره‌کان له مانا ئازادییه‌که‌ی ناو خۆته‌وه بۆخۆت ده‌ست پێده‌کات ، ئازادی شه‌ڕێکی پڕاوپڕی درێژخایه‌نی مرۆڤه و له بوونمانه‌وه بۆ ئه‌م شه‌ڕه ئاشتی نادۆزینه‌وه . مرۆڤ له‌شێکی به کارکه‌وتووه بۆ سروشت به ماکینه‌یه که هه‌ڵده‌سێت به کارخستنی ئه‌و بارسته‌یه به‌هۆی خوده‌وه له ناو بووندا به ئه‌مه‌کترین دۆستی سروشته و دژوارترین لایه‌نه بۆ سڕینه‌وه‌ی بوون و ماندووترین گه‌ڕۆکه به دوای ئازادی بووندا ئه‌و ئازادیه‌ی دنیایه‌کی نوێی بێ سیسته‌می وه‌ک هه‌مان شێوه‌ی دنیا سیستهماتیکیهکهی پڕ له ئهنتهرناتیڤکردنی ئازادیه بۆ به خۆبوون ، هه‌ر له بوونه‌وه خود خۆی بۆ ئه‌و دنیایه گه‌ڕاوه‌و تا ئێستا نه‌یدۆزیوه‌ته‌وه و هاتوون به دروسکردنی کۆته‌ڵی ئیدیاکان و دیکۆراتسیۆنی خه‌یاڵه تێرنهبووکانی خود به‌رابمه‌ر به سروشت و دیسان ره‌نگاو ره‌نگکردنی مونێتی ئه‌و ئازادیه ئه‌به‌دیه تا بتوانن بیخه‌نه ژێر سایه‌ی بێده‌سه‌ڵاتیی بوون و ده‌سه‌ڵاتی نه‌بون ، ئازادی هێمایهکهو بوونی نییه ڕه‌نگی نییه و بۆنی نییه ، که‌چی دیارترین وبه جوڵه‌ترین خواستی بوونه‌و شه‌ڕێکی ئه‌وه‌نده کوشنده‌یه به‌درێژایی ته‌مه‌نی بوون هه‌ڵکشاوه‌و تادێت که‌س به‌و مه‌راقه‌وه ده‌کوژێت .
له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ هه‌یه سه‌رگه‌ردانی ئه‌م ئازادیهیهو له هه‌موو قۆناغه‌کاندا به دووی ده‌گه‌ڕێ و خۆی سه‌رقاڵی ئه‌م خستنه گه‌ڕه کردووه که‌چی زیاتر لێی دوور ده‌که‌وێته‌وه‌و ده‌یخاته‌وه مه‌نفایه‌کی نوێ ، مه‌نفایه ئیتر خۆشی به یه‌کجاری لێوون ده‌بێت و سه‌رله‌نوێ پێویسته به شوێن خۆیدا بگه‌ڕێته‌وه ، بوون له گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌دا بێ ئازادی په‌ی پێنابرێت ئه‌گه‌ر تۆ نه‌توانیت ده‌ست له خۆت به‌یت و خۆت بگریت وخۆت بده‌یته ده‌ست ده‌ست و پێیه‌ک له‌سه ر خۆی بتجوڵینێ و خۆت نه‌بێ ئیتر ئه‌وه تۆ نابیت که ته‌نها وه‌ک ته‌نێک لێژت ده‌که‌نه‌وه به‌و ڕووه‌ی که بۆیان له‌باره و له خواریشه‌وه چاوه‌ڕێن بۆ بارێکی تر‌و بۆ لێژبوونهوهیهکی تر ئه‌مه‌یه شکان و سه‌قه‌تبوونی ئازادی. له‌و کاته‌وه‌ی یاسا ئازادی کرده بڕگه‌یه‌ک بۆ مه‌رجه‌کانی ئیتر ئازادی به خودهکهیهوه کۆت و زنجیر کراو و له گۆکهوت ، ئه‌مه له کاتێکدا خود هه‌ر خۆی جوڵێنه‌رو هه‌ر خۆی پاڵپێوهنهرو به‌ڕێوه‌به‌ر بووه بۆ مێژووه‌که‌ی . مێژوو یه‌کاو یه‌ک په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به چه‌مکه‌کانی ئازادییه‌وه هه‌یه و له هه‌موو قۆناغه‌کاندا ئازادی به‌بێ مێژووه‌که‌ی بوونی نه‌بووه‌و نه‌یتووانیووه خۆی له ناو بووندا ڕه‌نگ بداته‌وه ئه‌مه‌ش وای کردووه که که‌سه‌کان له رووبه‌روبوونه‌وه‌ی کێشه‌کاندا ئاستته‌نگ بن و ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ئازاره‌کانیاندا نه‌شکێته‌وه و ئیتر بخه‌مڵێن و چاوه‌رێی هێزێک بن مێگه‌لانه بهڕێوهیانبهرێت ، ئه‌مه بووه هۆی دروست بوونی کێشه‌کان و جیاکردنه‌وه‌ی خود له بوون و بوونیش به چه‌مکێکی ترسێنه‌رو پێکهێنه‌ری خود تا هه‌میشه خود به ده‌ست خۆییه‌وه ئازاد نه‌بێ و له ته‌وه‌ری ویسته‌کانی بوونه‌وه خۆ وونکات ، مێژوو ده‌ستپێکردنه و پێکهێنانه و دروستبونیشه بێ‌کۆتایی درێژ ده‌بێته‌وه بۆ خاڵێک که ئه‌ویش خاڵی دووباره ده‌ستپێکردنه‌وه‌یه ، مێژوو به بوون ده‌ستیپێکردو خودی پێکهێناو قۆناغ و کێشه‌کانی له‌سه‌ر ئاست و جۆری کۆمه‌ڵ دروست کرد ، ئیتر خود له‌نێو بوون و کێشه‌کاندا که‌وته زۆره‌ملێی به‌ڕێوه‌بردنی قۆناغه‌کان تا له‌سه‌ره‌تاوه مرۆڤ به شه‌رێک که‌وته‌وه بۆهه‌بونی خۆی وپاشان سروشت و ئیتر خۆسه‌پاندن و کێشمانکێشی شه‌ڕه‌کانی سروشت بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی ، خۆبوون هه‌میشه ده‌سته‌و یه‌خه‌ی خۆی بوه‌ته‌وه و نه‌یتوانیوه خۆی دابه‌شبکات بۆ قۆناغه مێژووه‌که‌ی ، هه‌رچی شته‌کانه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌کی سه‌ختدا بوون برامبه‌ر به خۆبوون ئه‌مه‌ش له‌به‌ر نه‌بونی ئازادی و ئازادی ئه‌و گیانه نهمرییهبووه هه‌ر له‌مێژووه‌وه تا هاتووه خود له سۆراغکردنیدا خۆی بۆ به‌خشیوه .( ئه‌ی ئه‌گه‌ر خود نه‌ما ئازادی ماناکه‌ی له کوێدایه) ئێمه به خۆ کوژی و خۆبه‌ختی که‌وتینه‌وه بۆئه‌وه‌ی بتوانین ئازاد بین ، نازانین له کێ بووین و بۆ لای کێش ئه‌ڕۆینه‌وه که‌چی ده‌زانین ئازادی بوونمانهو بوونیشمان واتای ئازادییه ، پێده‌چێ ئازادی ئه‌و ئاوه سوێره‌ی به‌ر هه‌تاو بێت تینوێتی لێوانلێوی کردوین و ته‌نها به تێڕوانینی تینوێتیمان بشکێ ، لێره‌دا ئه‌مه‌یه خۆکوشتن به‌مه‌رجێ بزانین خۆکوشتن مانا ڕاسته‌قینه‌که‌ی ئازادییه‌و هه‌ر ئه‌و ڕێگه‌یه‌یه ده‌مانباته‌وه بۆ ناو ئه‌رزێکی وون ، ئه‌رزی ئازادی بێ ده‌ستپێکردن و بێ کۆتایی بێ مانا‌و بێ سروشت به بێ بوون ، گلگامیش ئه‌و خۆ نه‌به‌رده بوو که به‌دوای ئه‌و ئه‌رزی ئازادیه‌دا ده‌گه‌ڕا ته‌نها بۆ ئازادیه‌ک که مانای ده‌سه‌ڵاتی خود خۆی بێت و له ژێر چه‌مکه‌کانی سیسته‌مدا خود خۆی بسڕێته‌وه تا به مانا ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆی ده‌گات که ئه‌ویش ئازادییه ، له‌و ده‌مانه‌وه مێژوو فێری ئازادیمان ئه‌کات و به‌گژ یه‌کماندا ئه‌دات له یه‌کمان ئه‌کات و په‌رت و بڵاو خۆمان بێ له‌وه‌ی خۆمان بین ده‌مرین و ئاشنای کۆته‌ڵی ههبوونین ، ئازادبونمان مانایه‌کی ڕووته‌و تا بێت خۆمان ڕووتری ئه‌که‌ینه‌وه‌و ئهیسڕینهوه تا زیاتر بترسین و بۆ هه‌تاهه‌تایه بڵێن ئازادی که‌ی دێیت .
ئه‌ڵمانیا