
گه‌ڕانه‌وه له كه‌ناری مه‌رگ …شوان سدیق
رۆژێك پێش كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه هه‌مو شتێك ئاسایی ده‌ڕۆیشت، ژیان مات و به‌هێواشی وه‌ك ئاوی باوه‌كۆچه‌ك و كانی عاشقان رێی ده‌كرد، باڵنده و ئاژه‌ڵ و گیان له‌به‌ره‌كانیش، چاوه‌ڕوانی به‌هار و سه‌وزایی بون، وه‌ك هه‌ر ساڵێكی تری ژیانیان ئه‌و ساڵه‌ش بۆنی به‌هار بكه‌ن. له‌وكاته‌دا هێشتا به‌فری شنروێ به‌ڕوی شاردا پێ ده‌كه‌نی كچان و كوڕان، عاشق و مه‌عشوقه‌كان، خه‌ڵك و دانیشتوانی شار به‌گشتی، خۆیان ئاماده‌كردبو له خه‌یاڵی ئهوهدابون، به‌هاری تازه به‌رگی زستان فڕێ بده‌ن له نه‌ورۆز به‌دواوه، سه‌یرانگا به سه‌یرانگاو بگه‌ڕێن، خه‌م و ئازار و ماندوبونی زستان لای به‌هار بگێڕنه‌وه، به‌ڵام ئه‌فسوس هه‌مو ئه‌و پێشبینی و چاوه‌ڕوانیانه وا ده‌رنه‌چو!
كیمیایی كارێكی وه‌هایكرد كانییه‌كان پڕ بن له ژه‌هر، ژنان و منداڵان و گه‌نجانی هه‌ڵه‌بجه په‌رته‌وازه بن، خه‌ون و نیازه‌كان هه‌موی له گۆڕنران، خه‌ڵكێكی زۆر ئاواره بون، به‌شێكیان گیانیان له ده‌ستدا، ئێمه‌ش له گه‌ڕه‌كی كانی عاشقان، به‌خێزانه‌وه، له‌گه‌ڵ دو ماڵی تر له‌ماڵه دراوسێیه‌كمان، له‌ژێر زه‌مینی دراوسێكه‌مان، خۆمان له ترسی مه‌رگ و مردن، خۆشویستنمان بۆ ژیان خۆمان حه‌شار داب‌و، ئه‌وه‌ش به خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی دوای ته‌واو بونی گێژاوی كیمیایی و میوانداری دراوسێكه‌مان له ژێر زه‌مین بێینه ده‌ره‌وه، بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و ژیانه‌ی ماومانه، به‌ڵام ناخۆشی و مه‌رگه‌ساته‌كان، له دوای 16/3/1988ەوە ده‌ستیپێكرد له هه‌ڵه‌بجه‌وه بۆ ئێران، دواتر گه‌ڕانه‌وه، بۆ سلێمانی له‌وێشه‌وه به‌ره‌و به‌ندیخانه‌ی نوگره سه‌لمان!
چه‌ند رۆژێك دوای كه‌م بونه‌وه‌و نه‌مانی گاریگه‌رییه‌كانی كیمیایی به هاوكاری ئه‌وكاتی هێزه سه‌ربازییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ره‌وانه‌ی وڵاتی ئێران كراین، ناكرێ رۆڵی ئه‌وكاتی ده‌سه‌ڵاتی ئێران و خه‌ڵكه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ئێران به‌رز رانه‌گرین، به‌ڵام به‌هۆی ناهه‌مواری و زۆری ئاواره‌ی كورد و عێراقی لەو وڵاته، ژیانی خه‌ڵك له ئۆردوگاكاندا، به‌تایبه‌ت له ئۆردوگای “سه‌ریاس”ی نزیك له شاری پاوه زۆر خراپ بو، خراپی بارودۆخی سه‌ختی ژیان له‌و ئۆردوگایه، هاوكات بو له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنێكی به‌ناو “لێبوردن”ی گشتی ئه‌وكاته‌ی رژێمی به‌عس رێگای بۆ خه‌ڵك خۆشكرد بگه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵات.
ئه‌وه‌ی له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریه‌كاندا، خراونه‌ته‌ڕو ئێمه‌ش بیرمان مابێ دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له خێزانه هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان، له ئێران گه‌ڕانه‌وه، به‌شێكیان ره‌وانه‌ی شاری سلێمانی كران، له‌وێش به‌بڕیاری ئه‌وكاتی حكومه‌تی عێراق له سلێمانی و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری كوردستان هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كانیان تێكه‌ڵ به خه‌ڵكی گه‌رمیان كرد. دواتر ره‌وانه‌ی شاره‌كانی خواری عێراق كراین، واته له رێكه‌وتی 9/8/1988 به خاو خێزانه‌وه (دایك، باوك. چوار كوڕ و سێ كچ) له‌گه‌ڵ داپیره‌م له به‌ندیخانه‌ی نوگره‌سه‌لمان بۆ ماوه‌ی چوار مانگ و ده رۆژ له ژێر ره‌حمه‌تی ژیانێكی سه‌خت وه‌ك ئه‌وه‌ی دۆستی مه‌رگ بین. دواتر له رێكه‌وتی 19/12/1988 به‌ر “لێبوردن”ی گشتی ئه‌وكاتی رژێمی به‌عس كه‌وتین.
قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و ماوه دورودرێژه له به‌ندیخانه و ده‌ست بهسهركردنمان به خێزانه‌وه، له‌گه‌ڵ سه‌دان ماڵه هه‌ڵه‌بجه‌یی و گه‌رمیانی تر له نوگره سه‌لمان. ره‌نگه به كتێبێكیش ته‌واو نه‌بێ، چونكه ئه‌م كاره‌ساته چه‌ندان، روی سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی و پرسی جیاجیای دۆزی میله‌تێكی بێ ده‌وڵه‌ت و ناسنامه و زوڵم لێكراو له‌خۆ ده‌گرێت.
بۆیه ئه‌گه‌ر وه‌ك تێگه‌یشتن، لهتێگهیشتنێكی ئه‌خلاقی و په‌روه‌رده‌یی و مێژوییانه‌وه سه‌یری ئه‌م كاره‌ساته نه‌كه‌ین، ئه‌وا ناتوانین، راستی چه‌شتنی هه‌مو ئازار و ناڕه‌حه‌تییه‌كانی میله‌ته‌كه‌مان، وه‌ك خۆی بخه‌ینه به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین. چونكه كاتێك پرۆسه‌یه‌كی وه‌های وه‌ك ئه‌نفال به‌سه‌ر هاوڵاتی كوردا هێنرا. خێزان و كه‌سوكار و كچ و منداڵان، به‌پێی خۆیان به‌ره‌و به‌ندیخانه راپێچ ده‌كران، له‌وێشه‌وه زۆرێكیان به‌ره‌و گۆڕستان راپێچ ده‌كران، له بیابانه‌كانی كوت و عه‌ماره و سه‌ماوه، بۆ چه‌ند كاتژمێرێك به‌خاك دهسپێران. دواتر كه‌س نه‌یده‌زانی لاشه‌كانیان گێژهڵوڵكهی بیابان له‌گه‌ڵ خۆی ده‌ی برد، یان ده‌بونه خۆراكی سه‌گه‌كان!
كه‌واته ئه‌و تێگه‌یشتنه ئه‌خلاقییه ناچارمان ده‌كات، ئه‌گه‌ر هیچمان له‌ده‌ست نه‌یه‌ت، ده‌بێ كه‌مێك په‌رده له‌سه‌ر راستی و هه‌قیقه‌تی ناوه‌وه‌ی روداوه‌كان هه‌ڵ بده‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بزانن میله‌تی كورد خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه یان گه‌رمیان و ناوچه‌كانی تر له رابردودا، به‌هۆی كورد بونه‌وه چ كاره‌ساتێكیان به‌سه‌ردا هاتوه. ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رگه‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر خێزانی خۆمدا هاتون، وه‌ك هه‌ر خێزانێكی تری كورد له بینینی كیمیایی، ئاواره‌بون بۆ ئێران، ئه‌نفال و كۆچی زۆره‌ملێ چیرۆكه سه‌خته‌كانیان بگێڕینه‌وه، من ئه‌مه‌ش به‌زه‌حمه‌ت ده‌زانم، چونكه مه‌گه‌ر ته‌نیا دایكم بتوانێ ئازار و ناخۆشهییهكان بنوسێته‌وه، كه چۆن له ساته ناخۆشه‌كانی كیمیاباران و رۆژه‌كانی هه‌شتاو هه‌شتدا، چ مهرگهساتێكیان به‌سه‌رهاتوه.
ئه‌و زۆر باشی له‌بیره له 1988 له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵ و كه‌سوكار و هاوسێ رۆژانه‌ییه‌كانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان، له سلێمانیه‌وه، به‌بێ ویستی خۆیان به‌ره‌و نوگره سه‌لمانیان بردن، ئه‌وان بێ خه‌به‌ر بون له ئه‌نفال و نوگره سه‌لمان و ئه‌و كۆچه‌ی له كوێستانه‌وه بۆ بیابان پێیان ده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌ی به‌ره‌و نوگره سه‌لمان به‌ڕێ ده‌كران، گومانیان له پاكی و بێگه‌ردی خۆیان نه‌بو، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌ڵده‌ستا به‌كاره‌كه ئه‌وان رۆحیان به‌به‌ری كه‌ڵكه‌ڵه‌ی رژێمی به‌عسی فاشیستدا ده‌كرد كه چۆن سه‌دام و داروده‌سته‌كه‌ی به‌و حوكمه شكستخوار و دیكتاتۆریه سود وه‌رگرتوه له ئیسلام له‌به‌رامبه‌ر مافی ئاسایی هاوڵاتی بوندا قه‌راری نه‌ده‌گرت، وه‌ك وه‌ڵامێك هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه و له‌ناوبردنی ئینسانی كوردیدا!
ئه‌مڕۆ بیست و چوار ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و روداوە و كاره‌ساته‌ی ئه‌نفال و ره‌شبگیری به‌ندیخانه‌ی نوگره سه‌لمان تێده‌په‌ڕێت، گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكگه‌لی ئه‌و روداوانه زۆر سه‌خته، به‌ڵام كه‌م تازۆر له زهنی ئه‌و كه‌سانه‌دا ماوه‌ته‌وه كه خۆیان له روداوه‌كه‌دا بون، ئه‌گینا سه‌د حه‌یف ره‌نگه نوسه‌ران و رۆژنامه‌نوسان كه‌م تازۆر توانیبێتیان له‌كاتی بۆنه‌و بیره‌وه‌رییه‌كاندا، بابه‌ته‌كه‌یان زیندو كردبێته‌وه، به‌ڵام له ئاستی واقیقدا ئه‌نفال وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك نه ناسراوه، بۆئه‌وه‌ی بزانرێت ره‌فتاره‌كانی به‌عس له‌گه‌ڵ كوردا چۆن بوه؟
زیاتریش بۆئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێ ئه‌و هه‌زاران په‌پوله ئه‌و هه‌زاران مرۆڤ و دۆستانه‌ی میله‌ته‌كه‌مان كه‌سوكاره‌كانمان. قوربانییه‌كانمان كاتێك سه‌یر ده‌كه‌ن گیانیان زیندوه و له‌بیرنه‌كراون ئه‌وان رۆحیان ئاسوده بێت، كه له‌دوای ئه‌نفال هاونیشتمانیهكانیان، رابردویان كردۆته ده‌سپێك بۆ بنیادنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا، بۆ ئاشته‌وایی، بۆ خۆشگوزه‌رانی و بۆ نه‌هێشتنی ئاسه‌واره‌كانی رژێمی فاشیستی سه‌دام كه چۆن هه‌زاران گوندی كوردستانی وێران‌كرد، هه‌روه‌ها له‌ساڵی 1988 ئه‌و رژێمه هه‌ستا به شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال كه زیاتر له 182000 سه‌د هه‌شتاو دو هه‌زار ئینسانی كوردی له ناوبرد!
به‌ڵام هیچ گومانێك له‌وه‌شدا نییه نه‌توانراوه، كار له‌سه‌ر تاوانه‌كانی ئه‌نفال بكرێ بۆئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای دوای ئه‌نفال كۆمه‌ڵگایه‌ك بێت، به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و كاروكرده‌وانه‌ی به‌عسی پێ ده‌ناسرایه‌وه له ناومان، نه‌وه‌كانی ئێستا‌و داهاتوش باش له چه‌مكی دوای تراژیدیای ئه‌نفال بگهشتبان.
ئه‌وه‌ی زیاتر جێگه‌ی داخه 24 ساڵ له دوای كاره‌ساتی ئه‌نفال هێشتا دڵنیا نین له‌وه‌ی كەلتوری به‌عس له‌ناوماندا كۆتایی پێ هاتوه؟ ئایا چیتر ئه‌نفال به ره‌نگ و ده‌نگ و ناوێكی تر نایه‌ته‌وه ناومان. ده‌شێ چاوه‌ڕوانی ئهنفالێكی تر بین؟!
به‌ش به‌حاڵی خۆم گه‌شبین نیم به‌و سیاسه‌ت و سیسته‌می ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانیه كوردیه‌ی ئه‌مڕۆ، چونكه هێنده وه‌فاداریان بۆ كورسی و پاره و مه‌به‌ستی شه‌خسی بوه، نه‌یانویستوه پشت له‌مۆدێلی به‌عسیزم بكه‌ن. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به عێراقی به‌ناو دیموكراسی و فیدراڵیه‌وه هه‌یه به‌وه‌ش گه‌شبین نیم ئه‌وه‌ی من لێی ده‌ڕوانم له عێراقی پاش 2003ش، هێشتا ئومێد رون نییه و ئاسۆی كۆمه‌ڵگای كوردیش هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی بابی خه‌یاڵیدا دهخولێتهوهـ بۆیه به‌م مۆدێله له حكومڕانی و سیاسه‌تكردن و په‌روه‌رده‌ییه گه‌شبین نیم! بیریشمان نه‌چێت هێشتا دۆخی كورد له دۆخێكی هه‌ستیاری نا دڵنیایدا دایه!