
سواربوون عه‌یبێک و دابه‌زین دووان/ یوسف منتک
پرۆسه‌ی کۆمه‌ککردنی نووسه‌ران و سینه‌ماکار و هونه‌رمه‌ندان شتێکی تازه نییه. له هه‌موو وڵاتانی دنیا بوونی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌یه بێ بنه‌ما و سیسته‌م و میکانیزم نییه. شتێکی هه‌روا ساده نییه. به‌ڵکه به‌رنامه و بنه‌مایه‌کی هه‌یه، کاتێ کۆمه‌کی نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی پێده‌کرێت. ئه‌م پرۆسه‌ی کۆمهککردنهی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حکومه‌تی هه‌رێم (که ئه‌وان نێویان ناوه سندووقی داهێنان) هه‌ڵه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه له ناونیشانه‌که و ناوه‌که‌یه‌تی.
داهێنان به‌واتای داهێنانێکی نوێ له بوارێک له‌بواره‌کاندا، واته مرۆڤ شتیک دابهێنیت پێشتر نموونه‌ی نه‌بووبێت، داهێنان پێناسی جودا جودا له‌خۆ ده‌گرێت وه‌ک: داهێنانی شتێکی نوێ، یان تێکه‌ڵکردنی بیرێکی کۆن له‌گه‌ڵ بیرێکی نوێ و وێنه‌یه‌کی نوێتر به‌ده‌سته‌وه بدات، بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی داهێنان وه‌ک: کارێکی داهێنراو، داهێنانی کارێک، که‌سێکی داهێنه‌ر، هه‌ڵوێستی داهێنه‌رانه، هه‌موو ئه‌م شتانه ده‌که‌وێته سه‌ر عه‌قڵی داهێنه‌رانه، واته به‌رهه‌م هێنان یان داهێناێک که پێشتر بوونی نه‌بووبێت.
میکانیزمی ئه‌م کۆمه‌ککردنه قسه زۆر هه‌ڵده‌گرێت، نا دادپه‌روه‌ری له دابه‌شکردن، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ناویان ده‌رچووه به‌رده‌وام له خه‌ڵاتکردنه‌کان ناویان دووباره ده‌بێته‌وه‌و بۆ هه‌ر خالاتکردنێکی تریش ناویان له‌سه‌رلیستی یه‌که‌مه‌کانه، ئه‌مه‌ش خۆی رێگریکردنه له‌داهێنان و هاتنه پێشه‌وه‌ی عه‌قلی نوێی ئه‌وکه‌سانه‌ی به‌هره‌دارن و هیوایان به‌گۆڕانکاری و داهێنانی نوێ هه‌یه بۆ ژیان وخزمه‌تی مرۆڤایه‌تی، که ئه‌وه‌ش بۆ کۆمه‌لگه‌ی کوردستان گرنگ وپێویسته. چه‌ندین مامۆستای زانکۆی تێدایه، که پێویستیان به‌و کۆمه‌که نییه. که‌سانی وای تێدایه له ده‌زگای کتێب چاپکردن کارده‌کات و پێویستی به پاره نییه بۆ کتێب چاپکردن، چونکوو به‌رده‌وام ده‌بینین کتێبه‌کانی خۆی و هاوڕێکانی چاپ ده‌کرێت. خه‌ڵکی دیکه زۆریان له‌م باره‌یه‌وه نووسیوه، مه‌به‌ستی من شتێکی دیکه.
پڕکردنه‌وه‌ی فۆرم و پێشکه‌شکردنی پرۆژه
یه‌کێ له ئاقڵییهکانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی دابه‌شکردنی فۆڕم بوو. له‌م فۆڕمه‌دا له‌سه‌ری سه‌ره‌وه نووسراوه (سندووقی داهێنان)، چه‌ندین تێبینی و ڕوونکردنهوهیش ده‌نێو فۆڕمه‌که‌دا هاتووه. که‌واته هه‌رکه‌سێک فۆڕم پڕبکاته‌وه، واته به‌هه‌موو شتێکی نێو ئه‌م فۆڕمه و ئه‌نجامه‌کانی ڕازییه. ئه‌نجامه‌که‌ی هه‌رچێ بێت قبوڵیه‌تی و ده‌بێ قبوڵی بێت. ئه‌وانه‌ی که ناویان بۆ ئه‌م خه‌ڵاته ده‌رچووه و ئه‌وانه‌یشی که ئێستا هه‌ڵوێست ده‌فرۆشن وخهڵاتهکه ڕه‌تده‌که‌نه‌وه. له ڕاگه‌یاندنه‌کان جۆرێک له خۆ ده‌رخستن و هه‌ڵوێست ده‌فرۆشن گوایه لهدابهشکردندا دادپه‌روه‌ری نه‌بووه یان پێی ناڕازین( ئه‌وانه پێشتر خودی خۆیان ده‌یانجار قسه‌یان له‌باره‌ی نادادپه‌روه‌ری کاره‌کانی حکومه‌ت کردووه و دڵنیاش بوون ئه‌م سندووقهیش نادادپه‌روه‌ری تێدا ده‌بێت) ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شیان له‌وێوه دێت، که ناڕه‌زایه‌تی لێکه‌وته‌وه لای که‌سانێک و له ڕاگه‌یاندنه‌کان هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌رکرا، ڕێزی بێپایانم بۆ هه‌موو ئه‌وانه هه‌یه به وه‌رگر و وه‌رنه‌گری خه‌ڵاته‌که. ئه‌وانه‌ی خه‌ڵاته‌که ڕه‌تده‌که‌نه‌وه ڕاستگۆنین، بۆ؟
بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌که هه‌ر یه‌کێک له‌وانه سه‌ره‌تا به‌پێی خۆیان چوون فۆرمیان پڕکردۆته‌وه یان له ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه به‌هۆی که‌سێک له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بۆیان پڕکراوه‌ته‌وه، له فۆڕمه‌که‌دا ناوونیشانی که‌سه‌که‌و ناوی پرۆژه‌که‌و بری پاره‌ی تێچوو ماوه‌ی ته‌واوکردنه‌که‌ی ده‌نووسرێت. که ئه‌مانه‌ت پڕکرده‌وه واته به هه‌موو ئه‌نجامێکی له‌م سنووقه بکه‌وێته‌وه ڕازیت و به ئاره‌زووی خۆت پڕتکردۆتهوه، دڵنیاشی له‌وه‌ی نادادپه‌روه‌ری تێدا ده‌بێت ئیتر ئه‌م سواربوون و دابهزینهت له‌پای چییه؟
من نادادپه‌روه‌ریه‌ک له دابه‌شکردنه‌که‌دا ده‌بینم وه‌ک: بوونی خه‌ڵکانێکی زۆر که پله‌ی وه‌زیفی و ئیمتیازی باشیان هه‌یه. واته مانگانه‌یه‌کی باش وه‌رده‌گرن و سوودمه‌ند بوون له‌پله‌ی باڵای جوداجودا له حکومه‌ت وحیزب، واستهوواستهکاری تێدا هه‌بووه، چونکوو خه‌ڵکێک هه‌بووه نووسه‌ری باشن و چه‌ندین به‌رهه‌میشیان هه‌یه به‌ڵام ناویان ده‌رنه‌چووه، واته ڤیتامینی واو ئهفزهلیهتکردنی تێدا هه‌بووه.
خودی یارمه‌تییه‌که من به‌کارێکی په‌سندی ده‌زانم وه‌ک هاوکارییه‌ک به‌تایبه‌تی بۆ هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسانی کورد، تا ئێستا من به په‌راوێزترین و هه‌ژارترین ودهستکورتترینیان ده‌بینم له ڕووی ژیارییه‌وه(جگه له هێندێکیان له سایه‌ی حیزب)، به‌ڵام کێشه‌که له ناوی خهلاتکردنهکهدایه، ده‌کرا بلێن یارمه‌تی یان ڕێزلێنان یان هه‌ر ناوێکی تر وه‌ک هاوکاری بۆ ئه‌وانه‌ی به‌رهه‌مێکیان هه‌یه. کاتێک وه‌زاره‌تی رۆشنبیری به‌م جۆره ناوه‌کانی بلاوکردۆته‌وه،کاتێک جۆرێک له‌ناره‌زایه‌تی وتانه لێدان له راگه‌یاندنه‌کان بلاوبۆته‌وه، هه‌ر بۆیه‌شه
ئه‌وانه‌ی خه‌لاته‌که ره‌تده‌که‌نه‌وه به‌جۆرێک له شه‌رمه‌زاری ئابروو چوونی ده‌زانن، په‌شیمانن وخهلاتهکه ره‌تده‌که‌نه‌وه‌و هه‌ڵویست ده‌فرۆشن، وه‌زاره‌ت هه‌قی خۆیه‌تی هه‌لوێستیان به‌رامبه‌ر وه‌رگرێت.
لیستی ناوه‌کان جۆراوجۆر له خه‌ڵکی تێدایه، له‌کۆی ناوه‌کان که‌سیان داهێنه‌ر نین، به‌ڵکه به‌هره‌دار: حیزبی، مۆسیقار، نووسه‌ر، ڕاوێژکار، به‌رێوه‌به‌ر، هونه‌رمه‌ند، په‌رله‌مانتار، سه‌رۆکی ده‌زگا، ده‌رهێنه‌ر…تاد
ئه‌م جۆره هه‌ڵوێست فرۆشتنانه له‌نێو ڕووناکبیر و که‌سایه‌تییه‌کانی کورد نامۆ نییه، من به‌هیچ شێوه‌یه‌ک به‌رگری له وه‌زاره‌ت و حکومه‌ت ناکه‌م، چونکوو له‌گه‌ڵ میکانیزمی ئه‌و سندووقه نیم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وجۆره کۆمهککردنهم. نموونه‌ی زۆرمان له جیهان هه‌یه، که خه‌ڵاتیان ڕه‌تکردۆته‌وه. چه‌ندانیان خه‌ڵاتی نۆبڵیان ڕه‌تکردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵیان ڕه‌تکردۆته‌وه خۆیان نه‌ڕۆیشتوون فۆڕم پڕبکه‌نه‌وه، به‌ڵکه به‌هۆی کاری داهێنانه‌وه ناویان ده‌رچووه. له ڕووسیا (پاستێرناک)مان هه‌یه، که خه‌ڵاتی وڵاته‌که‌ی ڕه‌تکرده‌وه به‌هۆی زوڵم و سته‌می ده‌سه‌ڵاتداران، به‌ڵام خۆی فۆڕمی پڕنه‌کردبوویه‌وه. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی براده‌رانی له‌مه‌ڕ سندووق، ته‌نێ خۆ ده‌رخستن و ڕێکلامکردنێکه بۆخۆیان، هه‌موویان باش له‌و ئاگهداربوون که وه‌زاره‌ت هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌کیان سه‌باره‌ت به بردن و نه‌بردنی پڕۆژه‌که‌یان، یان ته‌واوکردن و ته‌واونه‌کردنی پڕۆژه‌که‌یان لگه‌ڵ ناکات. چونکوو ساڵی پار هه‌مان سندووق هه‌بووه و ئه‌زموونیان هه‌بووه. ئه‌وه‌نده ماوه بڵێم: پێشینان جوانیان فه‌رمووه: سواربوون عه‌یبێک و دابه‌زین دووان.