دۆلۆز . .….. سه‌ردار عه‌زیز
ئه‌مه ناوی پیاوێکه که‌به شێوه‌یه‌کی درامایانه له کۆتایه‌کانی سه‌ده‌ی بیستدا وازی له ژیان هێنا، خۆی کوشت. پیاوێکه پاش مردنی دێرێدا له مه‌رگنامه‌که‌یا نوسی ئیتر ئه‌بێ به‌ته‌نیا بێم و بچم. فۆکۆ ده‌رباره‌ی ئه‌و ئه‌ڵی سه‌ده‌یه‌ک دێت ده‌بێته سه‌ده‌ی دۆلۆز. ئه‌م نوسینه بۆ قسه‌کردن نیه له سه‌ر دۆلۆز. من هێشتا نه‌گه‌شتومه‌ته ئاستێک به ئاسانی بتوانم ده‌رباره‌ی ئه‌م پیاوه بدوێم. ئه‌م نوسینه بۆ بانگهێشتکردنی ئه‌وه بۆ ماڵی ئێمه. بۆ ماڵی کورد. ماڵی ئێمه، که مه‌به‌ستم ماڵی کورده، هه‌رگیز فه‌یله‌سوفێکی بانگهێشت نه‌کردوه. ره‌نگه رۆژانێ زۆر مارکس میوان بوبێ به‌ڵام میوانێک بوو تاکه ووشه‌یه چیه ده‌رباره‌ی ژیان و رووداو کێشه‌کانی ئێمه له زاری نه‌تره‌کا. هه‌رچه‌نده هه‌تا ئێستاش کۆمه‌ڵگای ئێمه فه‌نده‌مه‌نتالیستی کۆمۆنیستی تیایه، ئه‌وانه‌ی که بێ خه‌م سوکایه‌تی به مرۆڤایه‌تی ئه‌که‌ن له هه‌موو دێرێکا که ده‌یڵێن. له‌م دوایانه‌دا یه‌کێکیان له میانه‌ی ره‌خنه‌گرتنیا له من، پێی ده‌وتم ده‌بێ بگه‌رێمه‌وه بۆ ده‌قه‌کان، نه‌ک رووداوه‌کان. چه‌ند بانگهێشتێکی، ئاینیانه، ئیسلامیانه‌یه. ئه‌ی به هه‌مان شێوه نیه که فه‌نده‌مه‌نتالیسته ئیسلامیه‌کان مێژوو ده‌سرنه‌وه له پێناوی دۆزینه‌وه‌ی پانتاییه‌ک له‌پاکی، له نێو ده‌قه‌کاندا.
په‌یوه‌ست بوون به دۆلۆزه‌وه ناچاریه. له دونیایه‌کا که رادیکاڵانه گۆراوه. پێویست ناکات رسته سواو کلێشه‌کانی رۆشنبیری کوردی دوباره‌که‌ینه‌وه، سه‌رده‌می عه‌وله‌مه‌و جیهانگیری!!! ئه‌مرۆ هه‌موان په‌یوه‌ستن به دۆلۆزه‌وه. ته‌نانه‌ت القاعیده‌ش. نوسینه‌کانی ئه‌و پیاوه سوریه‌ی که چه‌ندین ناوی هه‌یه، رۆژانێک له ئیسپانیا له‌گه‌ڵ ژنه ئیسپانیه‌که‌یا له قورتوبه دوکانی فرۆشتنی بابه‌تی دیاریان هه‌بوو، ئێستا لای سی ئای ئه‌ی به‌نده، گه‌واهی ئه‌وه‌ن که چه‌ند قاعیده ده‌یه‌وێ دۆلۆزیانه بێت. بزوتنه‌وه‌یه‌کی بێ سه‌رکرده، په‌رش و بڵاو، گه‌ریده، خاوه‌ن خانه‌ی بچوکی سه‌ربه‌خۆ، چه‌ندانی تر که هه‌ر هه‌موو پرنسیپن له کتێبی (ملی‌و پلاتیو) به فه‌ره‌نسی، هه‌زار بان به کوردی، وه‌رگیراون، که دۆلۆز له‌گه‌ڵ گیتاریدا نوسیویه‌تی.
دۆلۆز ده‌ڵێ خواستی تاقانه‌ی فه‌لسه‌فه ئه‌وه‌یه که شایسته‌ی رووداوبێت. چه‌مکی رووداو که دۆلۆزی پێئه‌ناسرێته‌وه، کرۆکی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌وه. ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌م هاوکێشه‌یه هه‌ڵگێرینه‌وه، من ئه‌و کاره ناک‌م که مارکس به هێگلی کرد، ئه‌وا له هه‌مانکاتدا ده‌توانین بڵێین؛ به‌م پێیه خواستی تاقانه‌ی رووداویش ئه‌وه‌یه که شایسته‌ی فه‌لسه‌فه‌بێت. به شێوه‌یه‌کی تر، رووداو، ئه‌وانه‌ی که رووئه‌ده‌ن، که روویاندا، که‌ئه‌گه‌ری روودانیان هه‌یه سواڵ ئه‌که‌ن له ئێمه، له ئێمه ئه‌پارێنه‌وه بۆئه‌وه‌ی لێیان تێرامێنین، بیریان لێبکه‌ینه‌وه، لێیان تێبگه‌ین.
له دونیای رۆشنبیری و بیری کوردیا روداو نابێته مایه‌ی تێرامان. ئه‌م نه‌بونی تێرامانه، ئه‌م به هێند نه‌گرتنه‌ی رووداو ئێمه‌ی کوردی کردوه‌ته نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌یر له دونیادا. بۆ نموونه، ره‌نگه زۆر که‌س هه‌بن له کوردوستان خۆیان به مێژوونوس بزانن، یان مێژوو له زانکۆکان‌دا بخوێنرێت، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و مامۆستایانه پێبگه‌یه‌نێ که ئه‌رکی سه‌ره‌کیان ئه‌وه‌یه چۆن رێ له بیرکردنه‌وه بگرن. به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌مه، ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌کین تا ئێستا نازانین به چ ئاراسته‌یه‌ک ده‌رۆین، له مێژوودا به چ ئاراستیه‌ک رۆشتوین، رووداوه‌کان چۆن ده‌یانخولقێنین، وه هه‌روه‌ها چۆن ده‌مانخولقێنن. چۆن کارمان لێئه‌که‌ن، چۆن رێ بۆ رووداوی تر خۆش ئه‌که‌ن، چۆن ئه‌توانین چه‌مکیان لێوه هه‌ڵێنجێنین. له کاتێکا به‌پێی دۆلۆز چه‌مک دارشتن کاری سه‌ره‌کی فه‌لسه‌فه‌یه. یان ئێمه مێژوو به‌رهه‌م ئه‌هێنین بێ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتمان هه‌بێ له چۆنێتیا، وه‌ک مارکس له ده‌قی هه‌ژده‌ی بریموێردا ده‌ڵێ.
دۆلۆز به بیرکردنه‌وه‌ی له رووداو ده‌یه‌وێ [بیر] بهێنێته‌و گۆره‌پانه‌کانی ژیانه‌وه. ده‌یه‌وێ زمانێکی تر بێنێته ئاراوه بۆ بیرکردنه‌وه، بۆ په‌یوه‌ندیکردن، بۆ سیاسه‌تکردن، بۆ تێگه‌شتن له ئافره‌ت له جه‌سته، له ئاژه‌ڵ له رووه‌ک. به ئاژه‌ڵ-بوون، به ئافره‌تبوون، به‌رووه‌کبوون، به خوابوون، ئه‌مانه چه‌مکن که ئه‌گه‌ر بوارم هه‌بێ له داهاتوودا قسه‌یان له‌سه‌رئه‌که‌م. ئه‌مانه قه‌یرانی گه‌وره‌ن، به‌یاتبه‌ت به‌خوابوون، ده‌کرێت بوترێت گه‌وره‌ترین قه‌یرانی کۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵات و کۆمه‌ڵگای ئێمه‌یه. ئه‌و باس له جه‌سته‌یه‌ک ئه‌کات که ئه‌ندامی تیا نیه. که هه‌میشه ئاماده‌باشه بۆ گۆران. بۆ بوون به بونێکی تر. بیکه‌منگ؛ ئه‌مه یه‌کێکه له پایه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی دۆلۆز. به‌ڵام بوون به بوونێکی تر رووداوه. پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وامه.
له سیاسه‌تدا دۆلۆز بیر له هێله‌کان ئه‌کاته‌وه. ئه‌گه‌ر ئێمه تاک بین یان کۆمه‌ڵ هه‌میشه پێک هاتووین له کۆمه‌ڵی هێڵ وه ئه‌م هێڵانه له سروشتا جیاوازن. هێڵه ئاسۆی و ستونیه‌کان که یه‌کتر ئه‌برن، به‌ته‌نیشت یه‌کتره‌وه ئه‌بن، به‌ڵام له کۆتاییدا پێکه‌وه یه‌ک بوون دێننه ئاراوه که بونی سیاسیانه‌ی مرۆڤه. دۆلۆز ده‌یه‌وێ بلێ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له کرۆکی ماهیه‌تی بوونه‌کان، شته‌کان، رووداوه‌کان بگه‌ین نابێ هه‌رگیز ناوه‌نده ورده‌کان له بیرکه‌ین. ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی که مرۆڤ له پرۆسه‌ی گه‌وره‌بونیا به ناچاری پیاتێپه‌ر ئه‌بێت و هه‌ر ناوه‌ندێک ده‌یه‌وێ شوێنه‌واری خۆی له سه‌ر به‌جێبهێڵێت. ماڵ، قوتابخانه، سه‌ربازگه، گوند، شار، گه‌ره‌ک، بنه‌ماڵه، چاخانه، هه‌موو ئه‌مانه‌و زۆری تر ده‌یانه‌وێ له کاتی ئاماده‌بونی که‌سێکا له‌وێ به رێتم و یاسا‌و نه‌رێته‌کانی خۆیان له قاڵبی ده‌ن. ئه‌گه‌ر له چاخانه وه‌ک ماڵه‌وه دانیشی پێت ده‌ڵێن کاکه ئه‌وه بۆ وه‌ها دانیشتووی خۆی له ماڵه‌وه نیت. ئه‌گه‌ر له ماڵه‌وه وه‌ک له چاخانه دانیشی پێت ده‌ڵێن ئه‌وه چیه ئه‌ڵێی له چاخانه‌ی. کتێبخانه به‌هامانشێوه، مزگه‌وت به هه‌مان شێوه، باره‌گای پارتی، یه‌کێتی، زه‌حمه‌ت نه‌کێشان، ئیسلامیه‌کان، هه‌موو به هه‌مانشێوه.
(به حه‌یا بێره حزور و به‌ئه‌ده‌ب سوژده به‌ره ماڵی سالمه ئازیز ئه‌مه مه‌یخانه نیه).
ئه‌گه‌ر ئه‌م هێڵانه درێژ ببنه‌وه به درێژی ژیان ئه‌وا دۆلۆز باس له فرین ئه‌کات، بۆ پچران له‌م هێڵانه. له میانه‌ی باسکرنیا هه‌میشه نموونه له ئه‌ده‌بی ئه‌مریکی ئه‌هێنێته‌وه که به‌لای ئه‌وه‌وه ئه‌ده‌بێکی باڵاتره له ئه‌ده‌به‌کانی تر.
دۆلۆز له باسی کۆمه‌ڵگادا باسی سێگمێنت ئه‌کات ئه‌و ناوه‌ند و بازنه بچکۆلانه، که به‌رژه‌وه‌ندیان ده‌خه‌نه سه‌روی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موانه‌وه. ئه‌مه کارێکه هه‌مووی پێی هه‌ڵده‌ستێ. هه‌موو ناوندێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یه‌وێ کۆمه‌ڵگا به‌شێوازی خۆی دارێژێ. ئه‌مه فاشیزمه. به‌دڵنیایه‌وه هه‌مومان دژ به فاشیزمین، به‌ڵام له ناوه‌نده بچکۆلانه‌که‌ی خۆمانا فاشیستین به‌رامبه‌ر به‌ئه‌وانی تر. ئافره‌ت له فاشیسترین دۆخدا ده‌ژی که‌چی مێرده‌که‌ی به ده‌ست فاشیزمه‌وه ناڵه‌ناڵیه‌تی. مناڵ له دۆخێکی فاشیتسیانه‌دا ده‌ژی به‌ده‌ست گه‌وره‌کانه‌وه، ئاژه‌ڵ که‌که‌س بیریان لێناکاته‌وه به‌ده‌ست مرۆڤه‌وه هه‌میشه له ئازاردان و قرکردن و کوشتندان. هه‌روه‌ها سروشتیش. که‌لتوری ئێمه، هه‌روه‌ها ئاینی ئێمه ده‌ڵی هه‌موو شتێ مه‌یسه‌رکراوه بۆ مرۆڤ. بۆ پیاو، ئه‌مه سه‌ره‌تای هه‌موو فاشیزمێکه. که پیاو یان مرۆڤ له بری ئه‌وه‌ی له‌گه‌ل ئاژه‌ڵ و سروشتدا پیکه‌وه بژی ده‌یه‌وێ حاکمی بێت. ئه‌مه گوناهه گه‌وره‌که‌ی دیکارته، که ئێمه‌ی به‌ره‌و تاریکستان ئه‌بات.
هه‌بوونی فه‌یله‌سوفێ له ناوه‌ندی بیرکردنه‌وه‌ی ئێمه‌دا پێویسته. فه‌یله‌سوفێ به مانای ئاماده‌بوون، نه‌ک به مانای سه‌ردان و میوانیکردن. نه‌ک به‌مانای رابه‌ریکردن یان روکه‌ش بوون له نوسێنێکی رۆژنامه‌یه‌یا. به‌ڵام ئێمه گه‌لێکین، سه‌یرترین گه‌لی دونیا، بوارمان نیه بۆ بیرکردنه‌وه، بۆ تێرامان. چ گه‌لێک هه‌یه له دونیا ته‌نانه‌ت یه‌ک گۆڤاری ئه‌کادیمی، یه‌ک ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه، یه‌ک ده‌زگای بیرکردنه‌وه‌ی نه‌بێت. دڵخۆشین که زانکۆ له کوردوستان وه‌ک قارچک هه‌ر زوو له هه‌موو شوێنێک هه‌ڵه‌پۆقێ. به‌ڵام زانکۆ به کاره‌کانی خۆی هه‌ڵناسێت. دیاره به هۆی که‌پیتالیزمه‌وه، دونیا به‌گشتی وه‌های لێهاتوه. به‌ڵام هێشتا نرخێک هه‌یه بۆ بیرکردنه‌وه.
خوێنده‌وه‌ی دۆلۆز کارێکی گران و قورسه. دۆلۆز به هۆی به‌کاربردنی چه‌مکی نۆماد، کۆچه‌ری، له ده‌قه‌کانیا ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه و زانست و مێژوو و سینه‌ما تێکه‌ڵ ئه‌کات. له خوێنه‌ر ده‌خوازێت که زانیاریه‌کی زۆری هه‌بێ، که به ده‌ربرینی شیعری پچر پچر ئاشنابێت. دۆلۆز ئه‌مرۆ به ته‌وژمێکی گه‌وره دێته سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌کانه‌وه. چه‌مکه‌کانی له هه‌ندێ ناوه‌نددا به‌کاردێن که خۆی هه‌رگیز بیری لێنه‌کردبونه‌وه. سوپای ئیسرائیل دۆلۆز زۆر به‌کار ده‌بات بۆ دارشتنی پلانی جه‌نگ.
دۆلۆز بۆیه گرنگه بۆ ئێمه چونکه وه‌ک مارکس و ئه‌وانی تر نیه. ئه‌و لێت ناپارێته‌وه هه‌تا دوایکه‌و‌یت. ئه‌و وه‌ک نیتچه پیت ده‌ڵێت ئه‌مه رێگای منه دوام مه‌که‌وه. دۆلۆز زۆر نیتچه‌وی بوو. هه‌بوونی فه‌یله‌سوفێک وه‌ک قیبله‌نوما بۆ گه‌شتن به قیبله‌ی خۆت کارێکی پێویسته. نه‌ک فه‌یله‌سوفێک له هه‌موو دێرێکا بیه‌وێ هه‌ڵتخه‌ڵه‌تێنی به‌ره‌و قیبله درۆزنه‌که‌ی خۆیت ببات. دۆلۆز خۆی زیاتر له که‌سێکه. ئه‌و له پێشه‌کی میلوپلاتۆدا ده‌ڵێ من و گیتاری پێکه‌وه کارمانکرد، ئێمه هه‌ریه‌که‌مان زیاتر بووین له یه‌کێک بۆیه بووبوه مایه‌ی جه‌نجاڵیه‌کی زۆر. ئێمه هه‌موومان زیاترین له یه‌کێک. ئێمه هه‌مومان جه‌نجاڵیه‌کین بۆخۆمان.
دۆلۆز کاره‌کانی هه‌میشه یان ده‌رباره‌ی ئه‌وانی تره یان له گه‌ڵ ئه‌وانی تردایه. ئه‌و ده‌رباره‌ی کانت، لیبیناز، کافکا، بیکێت، سپینۆزا، فۆکۆی نوسیوه. کاری زۆری له‌گه‌ل گیتاریدا کردوه، به‌تایبه‌ت ملیوپلاتیو، که‌پیتالیزم و شیزۆفرینیا. به‌ڵام کاری ته‌نهاشی بۆخوی کردوه. دوو ده‌قه بێوێنه‌که‌ی له سه‌ر سینه‌ما. چه‌ند ده‌قێکی تر.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه دۆلۆز فێرمان ئه‌کات چۆن سه‌ربه‌خۆیانه په‌یوه‌ست بین. ئه‌و پلانی بوو وه‌ک به درێدای ووتبوو که له گه‌ڵ گیتاریدا کتێبی ده‌رباره‌ی مارکس بنوسن. ئه‌وه‌شی ووتبوو ئه‌وان هه‌ردوکیان مارکسین چونکه هه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌کی سیاسی کار له‌سه‌ر لێکدانه‌وه‌و شیته‌ڵکردنی که‌پیتالیزم بکات ئه‌وا مارکسیه. به‌ڵام ئه‌وان مارکسی نه‌بوون، به‌ڵکو زیاتر سپینۆزایی بوون. ده‌کرێ بوترێت ئه‌و کۆمۆنیست بوو به‌بێ ئه‌وه‌ی مارکسی بێت. کوردبیت بێئه‌وه‌ی پارتی یان یه‌کیتی یان په‌که‌که بیت. هه‌رچه‌ند تائێستا کوردبوون جگه له سروشتێک نه‌بووه به رووداو نه‌بوه به چه‌مک، بۆیه گرانترین شت کوردبونه‌و ئاسانترین شت خیانه‌تکردنه له کوردبوون.
من که بانگه‌شه بۆ دۆلۆز ئه‌که‌م بۆئه‌وه‌ی کاری له‌سه‌ر بکرێت. بۆئه‌وه‌ی هه‌مان شت بکرێت که خۆی له‌گه‌ڵ کانت و سپینۆزا و بیکۆن و ئه‌وانی ترا کردی. زیندوکردنه‌وه له پێناوی مردن‌دا، له پێناوی جێهێشتنا. به‌ڵام له هه‌مانکاتدا کارێکی تر پێویسته له که‌لتوری ئێمه‌دا ئه‌ویش به‌کوردکردن یان لۆکه‌لایزه‌یشن، خۆماڵیکردن. به‌و مانایه هێنانی دۆلۆز وه‌ک چه‌مک، وه‌ک لایتێک بۆ بینینی ئه‌و هه‌موو پۆخڵه‌واته‌ی که کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی نوقمی قه‌یرانکردوه. نه‌ک وه‌ک دروشم هه‌تا له سه‌ر دیوار و نامیلکه ئیستنساخه‌کانا بیانوسین.