
ململانێى بوون و نەبوون!!!
بەختیارجاف……
لەوەتەى مرۆڤایەتى هەیە ململانێش هەیە، ڕەنگە شێوەو شێوازى جیاجیاى هەبێت بەلام بەگشتى زۆركات ئاڕاستەكانى زیندەگى پێچەوانە بوونە، ئەویش بۆئەوەى بەرداوامی هەبێت لەم ململانێیەدا، بۆیەش گەردیقەت دەین مرۆ بۆمانەوەى خۆى و داكۆكى كردنى لەبوونى لەتەواوى زەمیندا بەردەوام بەرنگاربۆتەوە بەتایبەت لەئاست ئەوانەى هەستى كردووە هەڕەشەن لەسەربوونى و بەئاڕاستەى نەبوونى سەریانهەڵداوە، یان بەواتا بۆ لەناوچوونى هاتونەتنە كایەوە، بێگومان لەگەڵ تێپەڕى سەردەم و قۆناغە جیاجیاكانیش لە زندەگیدا شێوە و شێوازى ململانىَ و جێشمەكێشەكانى ژینیش بێگومان گۆڕانى زۆرى بەسەرداهاتووە و هێڵەكانى بیركردنەوەو تێفكرینیش لە ڕۆح و ناخى مرۆڤ جیاوازبوونەو هەموولایەنەكانیش وەك یەك بەئاڕاستەیەكدانەچوونە، چونكە دەبێت دژەئاڕاستەش هەبێت بۆئەوەى ململانێى بوون هەبێت و نەبوونیش شەڕى خۆى لەهەمبەریدا بكات، ئالێرەوەیەوەو لەئاكامى درككردنە بەم ململانێیەیە كە مرۆڤ هەست بەحیكمەتى بوون و نەبوونى خۆى دەكات، بەواتا ئەوكاتەى هەڕەشەیەكى مەترسیدار ڕوو لەو دەكات ئەوسا قووڵ دەبێتەوە بەناخى خۆیداو تێدەفكرێت بۆئەوەى دەرەنجامى مەبەست و مەرامەكانى بۆدەركەوێت و جیاكان لەیەكتر جودابكاتەوەو ئاڕاستەكان وەك ئەوەى لاى ئەو مەبەستە بیخاتەوە سەرهەمان هێڵى تەریبى زندەگى، لەوحاڵەتشدا پێچەوانەى بوون نیە لەنێوان تۆیەك و ئەوانى دیكەشدا!چونكى هەموومان واین، لەتەنگەتاویا بەحیكەمتى بوون دادەچینەوە و بىَ ئەوەى هەستى پێبكەین ڕامانمان لا دروست دەكات بۆئاراستەكانى ململانێكان، كەوایە لەبووندا ئەگەر ئەمە نەبووایە بەهەق ژیانیش هیچ ماناو مەغزایەكى نەدەبوو و بەردەوامیەتیشى بێواتاترین واتادەبوو. كەوایە حیكمەتى بوون ئالێرە دایە؟ كاتێك دەپرسیت ئاخۆدەبێت ئەوململانیە هەبێت بۆئەوەى بەردەوامیەتى بوونت هەبێت، یائەوەتا دەستەو ئەژنۆ بەرامبەربوونى دیكە ڕامێنین كاتێك لەلایەن ئەوانەوە پێشێلكارى لەبەرامبەردا دەكرێت و هەوڵى سڕینەوەى دەدرێت تۆش ناتوانیت ململانێیان لەتەكدابكەیت، یان تەواوهەست بەوچەشن و شێوەو شێوازە جیاجیانە دەكەیت كەبۆ لەكەدارو تێكشكاندنت لەئارادان، یاخود بەبەردەوامى حاڵەتى بێزاریكەرت بۆدروست دەكرێت و وا پیشانبدەدرێت كە نەبوونت لەهەبوونت باشترە، ئەمانە هەمووى بەیەكەوە دەچنەخانەى ئەو مەهزەلەیەى كە ئەمڕۆ لەدروستبوونى واقیعێكى سیقە بەخۆنەبوون و تێكشكانى بوونى مرۆڤەكانى كۆمەڵگاى ئێمەدا هەیە كە دەركەوتەى شكانەوەى بوونەكانە و بەزەقى هەستى پێدەكرێت و دەكارێت زۆرجدیانە كارى لەسەربكرێت و مەنتقى بڕوا بەخۆبوونیش لەبوونى تاكەكاندا بەرجەستە بكرێتەوە، بۆیە تاكى كۆمەڵگاى ئێمە بەهەق پێویستى بە بونیات نانەوەى ناوخنى خۆیەتى و هیچ دەرفەتێكى دیكەشى لەبەردەمدانیە جگە لەوەى دەبێت شەڕى هەبوونى یانەبوونى خۆى بكات و دەركەوتەو دەرەنجامەكانى لەناوخودى خۆیدا یەكلایى بكاتەوە، ئەم شەڕەو ململانێیەش ئاوابەئاسان ناكرێت و دەبێت خود بگاتە ئەم قۆناغە تا دەستى پێبكات، بەواتا تێفكرین و قولبوونەوەى ناخ و خوێندنەوەى ڕابردوو و ئیستاو ئایندەى دەستنیشانى ئەم ململانێیەى دەكات و دەرفەتى دۆزینەوەى ئەم حیكمەتەى بۆدەسازێنىَ، وەك ئەوەى دەزانىَ شەڕكە لەكوێوە دەست پێدەكات و خاڵى سەرەتا لەكوێوەیە، بابەگریمانێك پتر ڕوونى كەینەوە، وەك ئەوەى باهەریەكەمان لەلاى خۆمانەوە دەست بەشیكارەكانى حیكمەتى بوونى كەسێتیمان بكەین و خودخوێندنەوەیەكى ڕاستگۆیانەش فەراهەم بكەین و لەڕۆحەوە دیقەتى بوونى خۆمان بدەین، بۆنموونە: ئێمە بۆهەین؟ چى وادەكات منێك هەبم؟ مەبەست لەبوونى مندا چیە؟ تێرامان و ووردبوونەوەى چواردەر بۆمن چیەو چۆنە؟ هتد………. هەمووئەمانەو چەندان پرسیارى دیكەى شۆڕبوونەوەى ناخ، حیكمەتى بوون و نەبوونت بۆدەردەخن و لە تێكشكاوى تاكەكەسێتیت دەربازت دەكات، ئەم پرسە بەهەند وەرگرە، كەم نیە دەسەڵاتێك سى و پێنچ سالى ڕەبەقَ كارى لەسەر تێكشكانى تۆیەك كردووەو بەهەمووماناو مەغزاكانى بوون… نەبوونى تۆى لا مەبەست بووە، بۆ هەمیشە بەپێى سیاسەتە دژەكانى كارى لەسەرتۆ و سڕینەوەى ئێمەكردووە بەبىَ جیاوازى، بۆیە لەحاڵەتى ئێستاى ژیاندا هەست بەزیادەكى بوون دەكەین و هەمیشەش لەهەمبەرى بەرامبەردا خۆمان بە بێتواناو بێهێزدەزانین و زاتى ڕووبەڕووبوونەوە ناكەین، چونكە قەناعەتى بوونمان لاوازە بۆیە هەمیشە هەست بەمەترسى دەكەین لەبوونماندا، كەواتە دەرەنجام و دەسپێك لێرەدا ئەوەیە تۆیەك و منێك و ئەوانیش حیكمەتى بوونى خۆمان بزانین و لەهەمبەرى نەبوونماندا لەجەنگەڵستان و ململانێى ژیاندا قوت ببینەوە.
bextyarjaf@yahoo.com