Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
لەبارەی لێبوردەییەوە

لەبارەی لێبوردەییەوە

Closed
by April 30, 2008 گشتی

ن/ عبدالسلام بنعبد العالی…..
و/ هێمن مەحمود….

کارل پۆپەر جیاوازی دەکات لەنێوان ئەوەی کە بە ئەخلاقی کۆن لەلای رۆشنبیران ناودەبرێت و ئەوەشی کە خۆی بە ئەخلاقی تازە ناوی دەبات.
یەکەمیان : مرۆڤ لەسەرووی هەڵەوە دادەنرێت و رێگا لەوەدەگرێت کە هەڵە بکات، ئەمەش بریتی یە لە ئەخلاقێکی نالێبوردەیی.
ئەوەی دیکەشیان دان بەوەدا دەنێت کە مرۆڤ مافی هەڵەکردنی هەیە و داواشی لێناکرێت داوای لێبوردن بکات، ئەمەش بە ئەخلاقی لێبوردەیی ناودەبرێت.
ئەم پەیوەندییەش لە نێوان لێبوردەیی و هەڵە وەک دەزانین بنەماکانی لە ئەدەبیاتی لێبوردەییدایە،و  دەگەڕێتەوە بۆڤۆلتێر کە یەکێکە لەفەیلەسوفەکانی لێبوردەیی.
پۆپەر خۆی ئەوە رادەگەیەنێت کە (سەرسامیەکی گەورەی هەیە بەرامبەر ڤۆلتێر بەتایبەت ئەوەی دەربارەی لێبوردەیی دایڕشتوە بەجۆرێک ڤۆلتێر هەڵە بەبناغەی لێبوردەیی دادەنێت).
هەمومان شایانی ئەوەین کە هەڵەبکەین، وە بۆ ئەوەی کە بانگەشەی هەڵەکردنیش بکەین پێویستە ( لەسەرمان،بەشێوەیەکی بەردەوام، ئامادەیمان تێدابێت بۆ ئەوەی کە هەڵەکانمان ئاشکرابکەین) و (ئەوە شتێکی باشە کە مرۆڤ بڵێ لەوانەیە من لەسەر هەڵەبم، لەوانەشە تۆش لەسەر حەق بیت، ئەگەر دوولایەن ئەم قسەیان کرد ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەوەندە بەسە بەمە بگەییەنە لێبوردەییەکی دوو لایەنە).
ئەمەش بەمانای ئەوەدێت کە نزیکبونەوە لە حەقیقەت لەم ئەخلاقە تازەدا بەزەرورەت مانای بەدێهێنانی کۆدەنگی نیە، بەزەرورەت مانای سڕینەوەی جیاوازییەکان نیە.
ئێمە بەسانایی لەوەتێدەگەین کە لە زیهنیەتی خۆماندا خاڵی دیار لەم ئەخلاقەدا هەڵەیە نەوەک حەقیقەت.
لەم رووەوە پۆپەر نمونەی مێًژوویمان بۆ دەهێنێتەوە (نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت کە ئەو بەر لەهەموشتێ فەیلەسوفی زانستە) وەک (نزیکبونەوەیەکیش لە رێگای وتووێژ و لێکتێگەشتنەوە بەمانای رێککەوتن و نەمانی جیاوازییەکان نایەت).
دەڵێت : لەمێژووی زانستیدا چەندین مشتومڕی بەناوبانگ هەیە کە هەرگیز لەنێوان ئەو کەسانەی کە مشتومڕەکەیان ئەنجامداوە نەگەشتون بەهیچ رێککەوتنێک، لەبەناوبانگترین ئەو مشتومڕانەش لەسەدەی بیستەمدا ئەو مشتومڕەیە کە لەنێوان (ئەنشتاین) و (نیلسن بوهز)ی گەورە زانایانی فیزیادا رویداوە.
مشتومڕەکەیان نەگەشتە هیچ رێککەوتنێک، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەبوو کە ئەو دوو زانایە وەهایانکرد کە راکانیان رونتربێت، هەردوکیشیان توانیان چەندین بیانوی تازە و گرنگ بدۆزنەوە.
ئێمە بابڵێین کە هەردوکیان توانیان بە دورکەوتنەوە لەخۆیان لەیەکتری نزیکتر ببنەوە.
کەواتە لێبوردەیی رێگایەک نیە بە دڵنیایی و تەوافوقات گوڵڕێژکرابێت، بەڵکو رێگای هەڵە و جیاوازییەکانە.
ئەو رێگای لێکنزیکبونەوە و ئیجماع نیە، بەڵکو رێگای دورکەوتنەوە و جیاوازییە.
پێدەچێت ئەمە جۆرێک لە موفارەقەی تیادابێت ، بەتایبەت ئەگەر بێتو مانا سەرەکییەکانی چەمکەکەمان وەرگرت، بۆنمونە لەلای یەکێک لەوانەی کە لەرووی فەلسەفیەوە ئەم  چەمکەیان بەکارهێناوە کە ئەویش (لۆک)ە.
ئەو لە نامەکەیدا لێبوردەیی بە" خۆشەویستی و رەحمەت و چاکەکاری بەرامبەر بە خەڵکی بەشێوەیەکی گشتی دادەنێت"، یان تەنانەت ئەگەر مانا زمانەوانیەکانی وشەکەمان وەرگرت کە بە مانای کەرەم و سەخا و تەوافق و رازیبون و ئاسانکاری دێت.
بەڵام دوور لە بنەما زمانەوانی و فەلسەفیەکانی وشەکە، تەنانەت لەدژیشی، ئەم ئەخلاقە تازەیە داوای ئەوەمان لێدەکات کە مەسەلەکە هەر ئەوەندە نیە لە سەر چەند حەقیقەتێک بوەستین، و چاو لە هەڵەکانی ئەوانی دیکە بپۆشین، بەڵکو دەبێت هەڵەکانمان بخەینە ئەستۆی خۆمان، هەڵە نەشارینەوە، باوەڕمان بەوە هەبێت کە" حەق لە هەڵەدایە" وەک روزا لۆکسمبۆرگ وەهای دەوت.
دان بەوەشدا دەنێت کە لێپرسراوێتی فیکری ئێمە هەر بەتەنها لێپرسراوێتی نیە لەبەرامبەر بەرگریکردن لە حەقیقەت و چاودێریکردنی، بەڵکو لێپرسراوێتی دۆزینەوەی هەڵەکانە، لێپرسراوێتی دابڕان و دیاریکردنی مەسافەکانە بەپێی بڕوای نیچە، کە ئەمەش لێپرسراوێتیەکی هاوبەشە.
ئیدی بەمجۆرە لێبوردەیی بڵاودەبێتەوە و بەهۆی ئەوەشەوە من و ئەوانی دی لە خودی خۆمان دوردەکەوینەوە بە ئامانجی  گەشتنمان بەیەک و هەریەکەشمان جیاوازییەکانی ئەوی دیکە قبوڵبکات، و بڕۆینە گفتوگۆیەکەوە و رزگارمان بێت بە کۆیلەیی حەقیقەت.
Hemnm1979@yahoo.com

سەرچاوە/سایتی
علمانیون العرب

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.