Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
مێژویێك له تاوان، چیرۆكی ئه‌و منداڵانه‌ی كه به سه‌ر ….!!

مێژویێك له تاوان، چیرۆكی ئه‌و منداڵانه‌ی كه به سه‌ر ….!!

Closed
by January 29, 2013 گشتی

 

مێژویێك له تاوان، چیرۆكی ئه‌و منداڵانه‌ی كه به سه‌ر په‌لكه‌یكی هونراوه له په‌تی سێداره‌ ده‌چنه ناو خانووی به‌یانیه‌وه!!

 

ڕۆحت بسپێره ده‌ست خولیای یاقوتی خه‌یاڵێكی دوور و كاڵه‌و‌بوو، نیگات بكه به هاوڕێ له گه‌ڵ نیگاكانم با بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو مێژو، بۆ ناو ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه ئه‌مڕۆ‌یان دروست كرد بۆ ناو ئه‌و كاتانه‌ی كه میلۆدی مه‌رگ و قاقای پێكه‌نینی ده‌ڕوات دونیا داگیر بكات و له گه‌ڵ هه‌ڵوه‌رین و تێكڕمانی ڕۆحی منداڵانه ئاوێته ببێت، بۆ ناو ئه‌و كاتانه‌ی كه چیروك، چیرۆكی ناشتنه، بۆ ناو ئه‌و كاتانه‌ی كه ناسكه‌خه‌یاڵی دونیای جوانی منداڵانه له شه‌قه‌ی باڵ ئه‌دات و خه‌زانی به ناوه‌ختی گورانیه‌كان و مردنی ڕه‌نگ و كۆچی ناوه‌خت میژوی ژیانی منداڵانه دروست ده‌كات.

ڕۆژێكی جوانی وه‌رزی به‌هار بوو، خۆره‌تاوی مه‌ڵبه‌ندی ئاواته ‌بێ‌كۆتاییه‌كانی خه‌ڵكێكی بێ به‌ش؛ بێ ‌به‌ش له هه‌موو شتێك وڵاتی زێڕوه‌شان ده‌كردو گوێسوانه بانه‌كانی ڕاده‌موسی و ماچی له ته‌وێڵی ناوشار، له لوتكه‌ی سه‌به‌رزی ئاربه‌با ئه‌دا. له ماڵه‌وه بووم بۆ ئه‌وه‌ی كه بزانیت خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك ئه‌و ڕۆژه سه‌رقاڵی چین، پێوست بوو ته‌نها سه‌رت له ده‌لاقه‌ی په‌نجه‌ره‌كه بهێنیته ده‌ر و له ڕێگای ووت‌وێژی دراوسێه‌كان زۆر ساكار ده‌چوویته ناو دونیای مێشك و خانه‌ی دڵی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك. چاووم له منداڵانی گه‌ڕه‌ك بوو كه هه‌مووی خۆیان ئاماده ده‌كرد و بڕیاریان به یه‌كتر ئه‌دا كه له كاتی دیاری كراودا زوو بێنه ده‌ره‌وه تا به كاتی خۆی بگه‌ن؟!

پێم سه‌یر بوو بۆم بوو به پرسیار بڵێی بۆ كوێ بچن؟ له په‌نجه‌ره‌كه‌وه بانگم له منداڵیكی دراوسێمان كرد و پرسیم بۆ كوێ ده‌تانهه‌وێ بڕۆن؟!چاوی بریقه‌ی دایه‌وه و ووتی ئه‌ی تۆ مه‌گه‌ر نایه‌یت؟! پرسیم بۆ كوێ؟ ووتی: بۆ ئیستادیۆمی شار. پرسیم بۆ مه‌گه‌ر كێ به‌ركێیه؟! یا مه‌گه‌ر شتێكی تایبه‌ت له‌وێ ڕوو ئه‌دات؟ ووتی مه‌گه‌ر نه‌تزانیوه بڕیار وایه ئه‌مڕو ده‌وروبه‌ری كاتژومێری 11 ئه‌و كابرایه له سێداره بده‌ن و ئێمه هه‌موومان ئه‌چین بۆ سه‌یر. له جێی خۆمدا وشك بووم، په‌شوكام دڵم به په‌له ده‌ستی به لێدان كرد، گرینگ نه‌بوو بۆم كه ئه‌و پیاوه كێیه و به چ تاوانێك له سێداره ده‌درێت هه‌ر ته‌نها بیستنی ووشه‌ی سێداره‌ و سه‌یر كردنی سه‌مای مه‌رگ كاس و متی كردم. په‌نجه‌ره‌كه‌م پێوه دا و به بێده‌نگی بۆ كاتێكی كورت پاڵم به ده‌لاقه‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌وه دا و هه‌ستم ده‌كرد ماته‌مێكی سه‌یر ده‌ڕوات له ناخه‌وه ڕۆحم داگیر بكات. دایكم و براكه‌م له خواره‌وه بوون پرسیان: چی بووه، بۆ نیگاكانت وا وێڵن؟ بۆ وا مت بووی؟ بۆم گێڕانه‌وه ، ئه‌وانیش بێده‌نگیكی سه‌یر دای گرتن و بێ ئه‌وه‌ی كه‌س له گه‌ڵ كه‌س قسه بكات هه‌ر كامه خۆمان به شتێكه‌وه خه‌ریك كرد. كاتژومێری 11ی به‌یانی بوو گه‌ڕه‌ك بێده‌نگ و مردوو، ئیتر ده‌نگی كایه و گه‌مه نه‌ده‌هات، ته‌نانه‌ت ده‌تگوت په‌ڕه‌سیلكه‌كانیش وڵاتیان چۆڵ كردووه، له خۆم ده‌پرسم بڵێی ئه‌وانیش بۆ بینینی سه‌مای مردن ئێره‌یان جێ هێشتبێت؟ یان بڵێی ئه‌وانیش وه‌ك ئێمه به بێده‌نگی هه‌وڵ بده‌ن ئه‌و كاته تێ بپه‌ڕێنن؟…..

كاتژومێری11 تێپه‌ڕ بوو…. منداڵه‌كان هاتنه‌وه به‌عزێكیان له گه‌ڵ دایك و باوكیان گه‌ڕانه‌وه و به‌عزێكیان بێ گه‌وره چووبون، پێوست به‌وه نه‌بوو ده‌ركه‌كه‌ بكه‌مه‌وه بۆنی ئاسایی بونی مه‌رگ له ناو درز و قڵشی دیواره‌كان، سه‌مای مه‌رگی تێكه‌ڵ به سه‌مای تیشكی خۆره‌تاوی ئه‌م به‌هاره وشكه‌ساڵه په‌رتوكی ده‌هاوێشت و بۆنی كه‌لاك خۆی ‌سپاردبووه ده‌ست شه‌پۆڵی وتووێژی منداڵانه. ده‌نگی كۆچی دونیای منداڵانه و بایه‌قۆشی وێرانه په‌رستم گوێ لێ بوو كه چلۆن ده‌خوشێ تا له ناو هێلانه‌ی ڕۆحدا لانه بكات، یه‌كیان ئه‌ی گوت ئاگات لێ بوو چۆن په‌له‌قاژه‌ی ده‌كرد، له پشت ده‌ركه‌كه هه‌ستم ده‌كرد لاسایی ده‌كاته‌وه چون منداڵه‌كانیتر پێ ده‌كه‌نین، یه‌كیكیتریش ده‌یگوت: ئاگاتان لێ بوو منداڵه‌كانی چۆن كه‌وتبونه سه‌ر ده‌ست و پێی ئه‌و كابرایه كه كورسییه‌كه‌ی له ژێر قاچی ده‌ر ده‌هێنا و ده‌پاڕانه‌وه كه له باوكیان خۆش بێت…..شنه‌با ئه‌م ده‌نگانه‌ی له گه‌ڵ شه‌قه‌ی پێ له پای داری سێداره‌دا تێكه‌ڵ ده‌كرد و به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵده‌چوون….زریكه‌ی سێداره‌كان به ناو قه‌دی ئاسماندا هه‌ڵده‌گه‌ڕان وباڵایان ده‌كێشا وده‌چوون تا وه‌ك ‌تاری جاڵجاڵوكه هێور هێور، به ئه‌هوه‌ندی بێ ئه‌وه‌ی كه‌س تێ بگات ڕۆحه‌كان بته‌ننه‌وه.-1-

خۆره‌تاوی هه‌ڵپڕوكاوی ئه‌م ئێواریه نامۆیه به‌ره‌و داچوون ده‌ڕوات و به دوای خۆێدا سوریێكی زۆر كاڵ و گه‌ش به ماندوویی ڕاده‌كێشێ. شاخی به‌رداوی ئه‌ربه‌با بریقه ئه‌داته‌وه و ڕه‌نگی داچوونی خۆر تۆزێ پڕڕه‌نگتر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ناو دڵی ئاسمانی شار. ئه‌مه به‌شێكه له بڕینی ڕوژ و ماڵئاوایی بۆ چوونه ناو به‌یانیه‌وه. چاووم له ئاربه‌بایه كه چه‌ن دڵسه‌غی گه‌لێك ماڵی له ئامێز گرتووه و چه‌ن دایكانه و میهره‌بان ئامێزی كردۆته لانكه‌یه‌ك به‌ڵكو بتوانێت ئوقره بدات به جه‌سته‌ی بریندار و ماندووی ڕۆژ، چاوم له ئاسمان بڕیوه ،له تریفه‌ی مانگ كه له سوچێكدا سه‌قامگیر بووه و زۆر شه‌رمیون ده‌ڵێی به دزیوه ماچ له گۆنای شه‌و ئه‌دات و سه‌دان ئه‌ستێره‌ش به تروسكه تروسكی بێوچانیان پاسه‌وانی لێده‌كه‌ن، به‌ڵام تاریكی و بێده‌نگی ئه‌مشه‌و ئه‌وه‌نده قوڵه كه ده‌ریایك نوریش ناتوانێت بیڕوشێنێت، ئه‌مشه‌و چه‌ن شه‌وێكی دوور و درێژه له خۆم ده‌پرسم بڵێی سبه‌ی كه ڕۆژ هه‌ڵدێت چییتر باڵنده كۆچه‌ره‌كان بۆ چێ كردنی هێلانه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئێره؟ له خۆم ده‌پرسم بڵێی ڵه ژێر سێبه‌ری ئه‌م سێدارانه‌وه كه هه‌ڵواسراون چیتر تاوان نه‌كرێت و تۆی تاون وشك ببێت؟! دڵم چه‌شنی به‌سته‌ڵۆكێكی سارده و ڕۆحم سه‌رگه‌ردان به ناو ڕووداوه‌كاندا پیاسه ده‌كات و بێ هه‌دادان هه‌ر ده‌مه‌ی پرسیارێك ده‌كات و بۆ دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامێك هه‌ر ساته‌ی هه‌واری خۆی له هه‌وارگه‌یێك له ناو قامووسی به تاڵان چووی ژیانی منداڵانه‌ی منداڵانی وڵاته‌كه‌م ده‌خات و ڕۆح و گوێم ئه‌سپاردۆته ده‌ست ژانی زریانی ئه‌م ڕۆژگاره نامویه كه به نێو هه‌موو كه‌لین و قوژبنێكدا تێپه‌ر ده‌بێت و ده‌یان میلودی جوراوجور ده‌خولقێنێت و ڕوداوه‌كانی ئه‌و ڕوژه ده‌كات به هه‌وینی خه‌ونه‌كانی شه‌وانه‌ی خه‌ڵكی شار.

ڕۆژی دوایی له زۆربه‌ی كۆڵانه‌كانی شار منداڵه‌كان گه‌مه‌ی له سێداره‌دانیان ده‌كرد، یه‌كیان مه‌حكوم ده‌كرد و له دونیای گه‌مه‌ی ‌منداڵانه‌یاندا داریان بۆ هه‌ڵده‌واسی و هه‌رمنداڵێك بیتوانیبایه جوانتر لاسایی په‌له‌قاژه‌ی مه‌ره‌گ بكات زۆرتر چه‌پڵه‌ی بۆ لێئه‌درا ده‌نگی پێكه‌نین و هه‌ڵفرینی ڕۆحی بێگه‌ردی منداڵانه و هه‌وێنی مرۆفایه‌تی به‌ره‌و نادیار، به‌ره‌و ئه‌وپه‌ڕی ده‌شتی نامۆیی دونیای داگیر كردبوو.

***

….. بڕیار بوو كه ژنێك به‌ردباران بكه‌ن، ماوه حه‌وتوێیك بوو كه جاڕیان لێ ئه‌دا. له ڕۆژی دیاری كراودا خه‌ڵك كۆبونه‌وه ژنێكی ڕوخسارداپوشراوییان هێنا و تا كه‌مه‌ر له ناو زه‌ویدا چه‌قاندییان، ماموستا چاوێكی له خه‌ڵكه‌كه كرد، ووتی با تۆزێكیتر ماتڵ بین تا خه‌ڵكێكی زۆرتر كۆ ببنه‌وه و منداڵه‌كان پاڵیان به جه‌ماوه‌ره‌وه ده‌نا و گه‌وره‌كانیش ڕێیان ده‌كرده‌وه ، یه‌كێك ده‌یگوت كاكه ڕێگه ‌وه‌كه‌ن ئه‌ومنداڵه به‌سته‌زمانانه خۆ چاویان له هیچ نیه و…. منداڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی جوان چاویان لێ بێت له سه‌فی هه‌وه‌ڵدا جێگایان بۆ دیاری كرا و ژنه‌كانی ماڵه‌كانی ده‌وروبه‌ریش له پشت په‌رده و له ناو ده‌لاقه‌ی په‌نجه‌ره‌ سه‌رتاسكه‌یان ده‌كرد بارانی به‌رد داباری و له گه‌ڵ هه‌ر به‌ردێك سڵاواتێك به‌رز ده‌بوه‌وه. ده‌نگی به‌رد و ده‌نگی” الله‌اكبر” و ده‌نگی تێكشكانی ڕۆح و جه‌سته‌ ، ده‌نگی به‌رده‌باران كردن وهاواری ڕه‌نگه‌ تێكه‌ڵه‌كان كه گه‌لێك قسه‌ی نه‌وتراویان به بێ زمانی ده‌گێڕایه‌وه ڕه‌نگی خۆڵه‌مێشی خاكی به خوین سوور بوو، ده‌نگی ئێش و ژان تێك‌هه‌ڵده‌كێشراو له گه‌ڵ كزه‌ی دڵی ئه‌وینی ڕوخاو كه خاڵێكی كۆتایی له سه‌ر ژیانی مرۆڤایه‌تی داده‌نا ئاوێته ببوون و چه‌شنی لاولاو خۆیان ده‌پێچا و به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵده‌‌كشان، ئاخ…. داوێنی ئه‌م خاكه چ سه‌خته و هیچ پانتایێكی بۆ ئه‌وین و خه‌ون و هیوا گه‌نماوییه‌كان و به‌ها جوانه مرۆییه‌كانی تیا به‌دی ناكرێ ئه‌وه‌ی به‌رده‌كه‌ی توندتر بهاویشتایه گوناحی كه‌متر ده‌بوووه و مامۆستاش بڕیاری دابوو كه هه‌موویان له‌و دونیا چه‌ند حۆریان به‌ر ده‌كه‌وێ .ده‌نگی منداڵه‌كان كه سڵاواتیان ده‌نارد له هه‌موو ئه‌وانتیر به‌رزتربوو …، ئاواز و ناڵه‌ی به‌رد كه به گژ شاخی بڵندی ئاواته‌كاندا ده‌چوو و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو سروشت زۆلفی سه‌وزی كێو و ده‌شتی داده‌ڕماند و له سه‌ر ته‌رمی كانی سه‌قامگیر ده‌بوو بۆ كوشتنی سه‌رچاوه‌كانی ژیانی مروڤایه‌تی.-2-

ڕۆژی دوایی له زۆربه‌ی كۆڵانه‌كانی شار منداڵان شانۆی به‌رد‌بارانیان له ناو دونیای منداڵانه‌یاندا گه‌مه ده‌كرد و به‌ردیان كۆ ده‌كرده‌وه بۆ ئه‌و كاته‌ی كه گه‌وره ده‌بن و بڕیاری حۆریه‌كانیش درابوو……

له ژوانی ئاواته له‌مێژینه‌كانی میژوی ئه‌م جیله، له ناو قامووسی په‌ڕه‌ ژاكاوه‌كانی ژیانی ئه‌م منداڵانه منداڵیه‌تی بێماناییه، ڕوح و دونیای منداڵانه هیچ ده‌رفه‌تێكی بۆ گه‌شه كردن و سه‌قامگیر بوون نیه له كاتێكدا كه بێكوتایی په‌تی سێداره هه‌لواسراوه و هه‌مووڕوژێك به په‌تی ئه‌م سێدارانه په‌لكه‌ ده‌هونرێته‌و بۆ ناو دڵی به‌یان، بۆ ناو خانووی ئایه‌‌نده ، ئیتر كانیاوی چاوی خه‌ڵكی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده خۆڵه‌مێشیه دیتنی په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگیان له كاتی سه‌رهه‌ڵدانی به‌یان، له‌و كاته‌دا كه تیشكه‌كانی هه‌تاو گه‌شه ده‌كه‌ن و خۆر ده‌خه‌ملێ و بڕیار ئه‌ده‌ن كه ژیان خه‌ریكه ده‌ست پێ ده‌كا، پێ سه‌یرنیه، چیتێر گویچكه‌كان هاواری جه‌سته بێگیانه هه‌ڵواسراوه‌كان یا كوو خڕه و هۆڕه‌ی به‌رده‌كان نابیستن ، ئه‌ستندنه‌وه‌ی ژیان چیتر هێمای پرسیاری بۆ داناندرێ. كۆمه‌ڵگا ڕاده‌هێنن، به تاوان كردن، بۆ ئه‌وه‌ی كه تاوان ئاسایی ببینێت، ..و..زۆر ساكار چیروكی ژیان ده‌توانی خاڵی كۆتایی له سه‌ر دابنرێت….

منداڵه‌كان گه‌وره بوون و ڕۆژێكی نه چه‌ندان دوور له پایه‌ته‌خت له ناو مه‌یدانی گه‌وره‌ی شاردا كوڕێكی گه‌نج له به‌ر چاوی شارێك، له به‌ر چاوی پولیسدا كوڕێكیتری به‌ر چه‌قودا و به چه‌ندین زه‌ربی چه‌قۆ ده‌یكوژێ و چه‌ن ئاسایی خه‌ڵك چاوییان له‌و سناریۆیه ده‌كرد، كه‌س هه‌وڵ نا‌دات كه ده‌ستی بگرێت، ته‌نانه‌ت پولیسه‌كانیش ڕاوه‌ستابوون له دووره‌وه و…. چه‌ند كه‌سیش به په‌له‌ به ته‌لێفونه ده‌ستیه‌كانیان فیلمی لێ هه‌ڵده‌گرن و رۆژی دواتر ته‌واوی دونیا به كرته‌ییه‌ك له سه‌ر شاشه‌ی داتاكه‌ی ئاگای له هاواری بكوژێك و ناڵه‌ی پڕ له ده‌ردی كوژراوێكه و خه‌ڵكێكی بینه‌ر، بێ ئه‌وه‌ی كه‌س هیچ بكات…..چه‌ند مانگ دوای ئه‌وه هه‌ر ئه‌و پولیسانه كه بێده‌نگ و بێ‌هه‌ڵویست ڕاوه‌ستابوون و شایه‌تی مردنی قوربانی بوون به‌كوژه‌كه‌یان ده‌سگیر كرد و په‌تی سێداره‌یان بۆ هۆنیه‌وه و له گه‌ڵ كازێوه‌ی به‌یان ئه‌و كاته‌ی كه هه‌وه‌ڵین تیشكه‌كانی خۆر ڕومه‌تی شه‌و ده‌ڕۆشینت و پاشه‌كشه به شه‌و ده‌كات داریان بۆ هه‌ڵواسی و له گه‌ڵ هه‌وه‌ڵین “الله‌اكبر” بانگی به‌یانی له سێداره‌ییان دا. منداڵان و میرمنداڵانێكی زۆر ئه‌و شه‌وه نه‌خه‌وتبوون تا نه‌ وه‌كو دیمه‌نی ئه‌و سێداره‌ دانه له ده‌ست بده‌ن و تلویزیونه ئیرانیه‌كان فیلمه‌كه‌یان بڵاو ده‌كرده‌وه خه‌ڵك هاوارییان ده‌كرد “نیروی انتظامی تشكر تشكر..”…..-3-

****

…..مه‌جید حه‌ز له ئامینه ده‌كات ئامینه وه‌ڵامی ناداته‌وه، نا ئیمكانی نیه ناتوانێ قه‌بوڵی بكات، غیره‌تی پیاوانه‌ی بریندار بووه بۆیه ئه‌سید به ده‌موچاوی ئامینه‌دا ده‌كات و بۆ هه‌تا هه‌تاییه چاوه‌كانی لێ ده‌سێنێته‌وه و ماڤی ژیانێكی ئاسایی بۆ ناهێڵێت و یاساش دێت ئه‌م كێشه‌ییه چاره‌سه‌ر ده‌كات ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ به ئه‌سید چاوی كوێر بكرێت……-4-،كه‌سێك له به‌ر هه‌ژاری و نه‌بوونی دزیی ده‌كات یاسا ده‌ستی ده‌بڕێته‌وه…-5- و یه‌كێك له مه‌یدانی شارێك له سێداره ئه‌ده‌ن ئه‌مجاره‌یان لا بردنی كورسی ژێر پێی قوربانیه‌كه ده‌سپێرنه ده‌ست هاووڵاتی‌یه‌كی ئاسایی، ده‌ست میرمنداڵێك ….-6-

من گێژم ، گێژم له خۆم ده‌پرسم ئه‌گه‌ڕ بڕیار بوایه كه سێداره‌كان به‌رژه‌وه‌ندیان به دیاری بهێنایه و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكردایه خۆ ساڵیانێكی زۆره له‌م وڵاته خه‌م گرتوو هه‌موو ڕۆژێك ئاگر به‌ر ئه‌ده‌نه دارستانیك و له‌و قاقرستانه دارستانی سێداره‌یان دا‌چه‌ندووه، خۆ له‌م وڵاته به خه‌م ڕازاوه‌ێه به په‌تی سێداره پردیان بۆ چونه ناو ئایه‌نده دروست كردووه، خۆ ساڵیانێكی زۆره بۆ كوشتنی ئه‌وین مرۆڤه‌كان ده‌چیندرین به ناو قه‌دی خاكدا و بارانی به‌ردییان به سه‌ردا ده‌بارێت …

له خۆم ده‌پرسم ئایا به بڕینی ده‌ستی دزه چكۆله‌كان سامانی به تاڵانچوی وڵاتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه؟!……

له خۆم ده‌پرسم كه ئایا ده‌كرێت ڕوناكایی چاوی مرۆڤایه‌تی كۆ‌مه‌ڵكایه‌ك كه ساڵیانێكی زۆره به هه‌موو ئامرازێك هه‌وڵ ئه‌درێت بۆ كوێر كردنی به كردنی ئه‌سید به چاوی تاوانباریكدا بگه‌ڕێنیته‌وه……؟! له خۆم ده‌پرسم بڵێی چیتر نیگاری بزه‌ی به‌هار بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م وڵاته خوێناویه و ده‌ركه له گوڵ بكاته‌وه؟ بڵێی چیتر چیای ناسۆر و ئێشی زامه‌كانی ئه‌م جه‌سته زامداره جارێكیتر سارێژ ببێته‌وه….؟؟؟

نه‌هیه‌ خۆشكه‌لام

19/06/2011

 

 

1/ ئاماژه به له سێداره‌دانی پیاوێك به ناوی مه‌حـمودی كه له بانه له به‌رچاوی خه‌ڵك له سێداره درا.

2/ تا ئێستا به گویره‌ی ئاماری كه‌مپینی دژ به به‌ردباراب 99-109 جار به‌ردباران له ئێران به‌ڕێوه‌چووه و ئێستاش 69 كه‌س له زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی چاوه‌ڕێی به‌ڕێوه‌چونی ئه‌و حوكمه‌ن، ئه‌م حاڵه‌ته‌ی كه ئاماژه‌م پێ كردووه به‌رده‌بارانی ژنێكه به ناوی فاتمه‌ی دانش له شاری ساری له ساڵی 1997.

3/ رووداوی مه‌یدانی كاجی شاری تاران كه ڕێكه‌وتی 6ی ئابانی 1389 ڕووی دا. و به‌كوژه‌كه كه ناوی یه‌عقوبی عه‌لی جه‌عفه‌ری بوو له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی 15 ده‌ی 1389 هه‌ر له‌و مه‌یدانه له سێداره‌درا.

4 / كویر بوونی ئامینه به‌هرامی به ده‌ست مه‌جید مه‌وحدی

5/  به گوێره‌ی ماده‌ی 198ی یاسای ئیسلامی ده‌ست بڕینه‌وه ئێستا یه‌كێك له‌و شتانه‌یه كه به ‌ڕێژه‌یه‌كی زۆۆر له ئێران ڕوو ئه‌دات.  

 

٦/ ئیعدامی مەحمودی ئەمیری موقەدم لە شاری شیراز

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.