
مه‌مله‌كه‌تێك بێ خـۆر یان حیكایه‌تی عاشقه ناكامه‌كان
گوزه‌رێكی خێرا به‌نێو دنیای (مه‌مله‌كه‌تێك بێ خۆر)ی (سامان به‌همه‌ن)دا
دواجار ڕۆمان وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی، ئه‌و پانتاییه فراوانه ده‌بێ، كه هه‌موو حیكایه‌تێك له‌خـۆیدا جێ ده‌كاته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێ پێمان بڵێ: من دوا فریاده‌ڕه‌سی مرۆڤایه‌تیم، بۆ پاراستنی له ده‌ردی كوشنده‌ی بیـرچـوونه‌وه… بۆیه خراپ ناڵێم، گه‌ر پێموابێ مێژووی مرۆڤایه‌تی، هیچ نه‌بێ له‌وه‌تی ڕۆمان سه‌ری هه‌ڵداوه، قه‌رزاری ئه‌و ژانره ئه‌ده‌بییه‌یه، ده‌شپرسم: گه‌ر ڕۆمان نه‌بووایه، چ توانایه‌كی تر ده‌بـوو، ئه‌و هه‌موو به‌سه‌رهاته‌مان بۆ بگوێزێته‌وه و بگێڕێته‌وه..؟ ئاخـۆ مێژوو ده‌یتوانی ئه‌و ئه‌ركه بگرێته ئه‌ستۆ؟ به‌هه‌رحاڵ… ئه‌مه هه‌ویرێكه، ئاوی زۆر ئه‌كێشێ.
(مه‌مله‌كه‌تێك بێ خۆر) ڕۆمانێكی مامۆستا (سامان به‌همه‌ن)ه، كه له ساڵی (2010)دا له چاپخانه‌ی (چوارچرا) چاپكراوه، ئه‌گه‌ر له‌ڕووی ته‌كنیكه‌وه له‌م تێكسته بڕوانین، ئه‌وا ئه‌توانین به ڕۆمانێكی ڕیالیستی له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین، ئه‌گه‌رچی له ڕه‌گه‌زی ئه‌ندێشه و خه‌یاڵیش بێبه‌ش نییه، ڕیالیستییه به‌و هه‌نجه‌ته‌ی كه تیمه‌ی ڕۆمانه‌كه له ده‌وری كێشه‌ی خۆشه‌ویستی ده‌سورێته‌وه، ئه‌و كێشه‌یه‌ی كه هه‌میشه مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه و خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌یش ده‌وری هه‌یه، چونكه ڕۆماننووس نه‌یویستووه واقیع وه‌ك خۆی بگوێزێته‌وه.
خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه، تووشی بێتاقه‌تیت ناكا، به‌ڵام ئه‌وه‌ش نییه، كه بته‌وێ به ئاسانی بیخوێنیته‌وه، ئه‌م هاوسه‌نگییه به لایه‌نێكی به‌هێزی ڕۆمانه‌كه ده‌درێته قه‌ڵه‌م. له‌م گوزه‌ره خێرایه‌دا، له‌ڕێگه‌ی چه‌ند خاڵێكه‌وه، گێڕانه‌وه‌یه‌كی كورتی ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه ده‌خه‌ینه ڕوو، به‌وهیوایه‌ی له داهاتوودا، كاتمان هه‌بێ، وردتر كار له‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی تری بكه‌ین، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی بنیات و پێكهێنه‌كانییه‌وه.
ته‌نیا، پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌یه، كوڕه گه‌رمیانییه‌كی به‌دبه‌خت و سه‌رگه‌ردان، هـه‌ر له ته‌مه‌نی مێردمناڵییه‌وه ده‌كه‌وێته لای مام و مامـۆژن، خێزانه‌كه‌ی لـه كاره‌ساتی ئه‌نفالدا له (1988) تیاده‌چـن. به هـۆی مامه‌ڵه‌ی خراپی مام و مامۆژنییه‌وه (ڕه‌زا و ته‌مین)، ناچار سه‌ری خـۆی هه‌ڵده‌گرێ و ده‌چێته شـارێكی تر، له‌وێ بـۆ یه‌كه‌مـجار (مامه عه‌به‌ی چایـچی) ده‌ناسـێ. ته‌نیا كوڕێكی زیره‌ك و ڕۆشنبیـره، ده‌خـوێنێته‌وه. (من ناوم ته‌نیایه، كه‌سم نییه، خه‌ڵكی ئێره نیم، لای كوێـخا سه‌لیم كار ده‌كه‌م… ئێواران ده‌خوێنم){ل147}. ته‌نیا كوڕێك بـوو له‌وانه‌ی كه به‌وردی له چاوانیت بڕوانیایه، تێده‌گه‌شتی، كه ئه‌و له‌و مرۆڤانه نییه، كه ئازاری گه‌وره له دڵیا جێی بێته‌وه، (چونكه خـۆی لێوان‌لێو بوو له ئازار و ده‌رد و كه‌سه‌ر){ل57}.
مامه‌عه‌به‌ی چایچی، پیاوێكی جه‌رگسوتاوی هه‌ڵه‌بجه‌یی، خێزانه‌كه‌ی: (په‌ری)ی هاوسه‌ری و (هێدی) كوڕێكی دوانـزه سـاڵان و (شاگوڵ)ی كچه ده سـاڵانه‌كه‌ی، له كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجـه‌دا شه‌هید ده‌بـن. ئه‌میش سه‌ری خـۆی هه‌ڵگرتـووه‌و له (سلێمانی)، چایخانه‌یه‌كی داناوه، به‌ڕۆژ میوانه‌كان به‌ڕێ ده‌خا و به شه‌ویش له‌گه‌ڵ مه‌یخواردنه‌وه‌دا سه‌ر گه‌رم ده‌كا. پیاوێكی ویژدان زیندووه. كه یه‌كه‌م جار چاوی به ته‌نیا ده‌كه‌وێ، له چایخانه‌كه‌ی خـۆیدا، هاوكاری ده‌كا و داڵده‌ی ده‌دا، دواتـر لای (كوێـخا سه‌لیم) كارێكی بۆ ده‌دۆزێته‌وه.
كوێـخا سه‌لیم، پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و ڕه‌زیل و پیسكه‌یه، به‌ڵام خراپه‌ی به‌رامبه‌ر به كه‌س نییه، خاوه‌نی گه‌راجێكی ئۆتۆمبێله، به‌رامبه‌ر به چایخانه‌كه‌ی مامه عه‌به‌ی چایچی. ته‌نیا له گه‌راجه‌كه‌ی كوێـخا سمایل وه‌ك ده‌رگه‌وان ده‌ستبه‌كار ده‌بێ، شه‌وانیش هه‌ر له گه‌راجه‌كه ده‌مێنێته‌وه، هه‌ر له‌وێش درێژه به خوێندن و خوێندنه‌وه ده‌دا. تا دواتـر لـه قوتابـخانه، كوڕێك ده‌ناسێ به ناوی (شه‌هریار).
شه‌هریار، كوڕێكی هاوته‌مه‌نی (ته‌نیا)، ئه‌میش خوێندكاره. (قاله‌ی عه‌یار بیست و چـوار) باوكییه‌تی، كابرایه‌كی تا بڵێی ڕه‌زیل و چرووك، دوكانی زێڕنگه‌ری هه‌یه. شه‌هریار له دوكانه‌كه‌ی باوكی كار ده‌كا، هه‌ر له‌وێشه‌وه په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ (نه‌جمه)دا، ده‌به‌ستێ، كه دواجار ده‌بێته خاوه‌نی حیكایه‌تی عه‌شقێكی ناكام، چونكه (نه‌جمه) تـووشی نه‌خۆشی (شێرپه‌نجه) ده‌بێ و ده‌مرێ. شه‌هریار دوای ماوه‌یه‌ك ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی ته‌نیاوه و له‌وه‌وه فێری خوێندنه‌وه ده‌بێ. به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌وتـۆ، كه چه‌ندین جار پێكه‌وه له‌سـه‌ر چه‌ندین باس و بابه‌تی جیاجیا، گفتوگـۆ ده‌كه‌ن و ڕا ده‌گـۆڕنه‌وه. كاریگه‌رییش له‌سه‌ر هاوڕێیان قوتابـخانه، داده‌نێن.
مامۆستا داود، مامۆستای ته‌نیا و شـه‌هریاره، مناڵی نییه، بـۆیه له‌ناو خوێندكاران‌دا به (داوده نه‌زۆك) ناسراوه، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار خـۆی و خێزانه‌كه‌ی سـه‌ردانی پزیشك ده‌كه‌ن، دواجار له ئێران دكتۆر پێیده‌ڵێت: تـۆ چاره‌سه‌رت نییه و بۆ هه‌تاهه‌تایه هـه‌روا ده‌ژی، مناڵتان نابێ و خه‌تاكه‌ش له تۆیه، ئه‌مه وه‌ك گرێیه‌كی ده‌روونی لێدێ به‌لای مامۆستا داوده‌وه، تا ئه‌وه‌ی ناچار ڕۆژێك خـۆی به پانكه‌ی ژووره‌كه‌یدا هه‌ڵده‌واسێ و خۆی ده‌خنكێنێ.
سمایل سوڵتان، كابرایه‌كی بازرگانه، هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ (كوێخا سمایل)دا، هه‌یه، ئه‌مه‌ش زیاتر به دوو هۆكار، ئه‌ویش، چونكه هه‌م هاوبابی كوێخایه و هه‌میشه ڕۆژانه، كه له‌گه‌ڵ (شه‌یدا)ی كچیدا، ده‌چنه بازاڕ، سه‌یاره‌كه‌یان له گه‌راجه‌كه‌ی كوێخا ڕاده‌گرن، كه (ته‌نیا) له‌وێ ده‌رگه‌وانێتی. سمایل سوڵتان شه‌یدای كچی زۆر خـۆش ده‌وێ و به‌ناز به‌خێوی كردووه.
شه‌یدا سوڵتان، كچی سمایل سوڵتانه. سوڵتان نازناوی خانه‌واده‌كه‌یه‌تی، كه ئاماژه‌یه به ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كه‌یان. ئه‌گه‌رچی شـه‌یدا تاقانه نییه، به‌ڵام له‌ناو خێزانه‌كه‌ی و به‌تایبه‌تیش به‌لای سوڵتانی باوكییه‌وه خۆشه‌ویسته، هیچ بێدڵی ناكا، هه‌روه‌ك كـچه شازاده‌یه‌ك، له ماڵ و له ده‌ره‌وه‌ی ماڵدا، بـۆ خـۆی ده‌ژی. ئه‌و ڕۆژه‌ی كه له‌گه‌ڵ باوكی ده‌چێته بازاڕ و له گه‌راجه‌كه‌ی كوێـخا سمایل سه‌یاره‌كه‌یان ڕاده‌گرن، ته‌نیا خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌یه، (ئۆتۆمبێلێكی گرانبه‌ها له‌وانه‌ی كه ته‌نها به‌رپرسه گه‌وره‌كانی وڵات و پیاوانی بازرگان و خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ژێری خۆیانی ئه‌خه‌ن، به فیزێكه‌وه خۆی كرد به گه‌راجه‌كه‌دا، دوای وه‌ستان، پیاوێكی لێ هاته خواره‌وه، ئه‌وه‌نده زل بوو، ته‌نیا سه‌ری سوڕما چـۆن جێی بـووه‌ته‌وه له‌و شوێنه بچوكه، جله‌كانی سوڵتانانه‌ی پیشان ئه‌دا، خـۆی به هیچ كه‌س نه‌ئه‌گۆڕییه‌وه، جامانه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده لاركردبـووه‌وه بـۆ پێشه‌وه‌ی سه‌ری، به بچوكتـرین جـوڵه ئه‌كه‌وته خواره‌وه، به‌ره‌و لای ته‌نیا ڕۆیشت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شـدا كچێكی جـوانكیله و شۆخ و شه‌نگ، له‌گه‌ڵ مناڵێكی تر به‌دوای باوكیانه‌وه بوو، كچه‌كه هه‌مان ویقاری باوكی هه‌بوو، له خۆبه‌زلزانین و پۆزلێداندا){لا54}. دوای ئه‌وه بـۆ یه‌كه‌مـجار، له گه‌راجـه، چاوی به (ته‌نیا) ده‌كه‌وێ، عاشـقی ده‌بێ، عه‌شقی یه‌كه‌م نیگا، (له‌كاتی چوونه ده‌ره‌وه‌یان كه پاره‌ی له پیاوه‌كه وه‌رگرت، كچه به چوێكی پڕ له میهره‌وه له ته‌نیا ورد بووه‌وه و بزه‌یه‌كی جه‌هه‌ننه‌می بۆ كرد و ڕۆیشتن){ل55}، ئیتـر لێره‌وه حیكایه‌تی عه‌شقی ناكامی (ته‌نیا و شه‌یدا) ده‌ست پێده‌كا، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی شه‌یدا له پشتی كاغه‌زی پلیتی گه‌راج، ڕازی دڵی خـۆی له نامه‌یه‌كدا بـۆ ته‌نیا ده‌خاته ڕوو (سه‌ر هه‌ڵبڕه، شه‌رم مه‌كه، بڕوانه له چاوه به‌سۆزه‌كانم، زۆر شتی تیا ئه‌بینی…){ل70}، به‌ڵام ته‌نیا هه‌ر دوو دڵ ده‌بێ و له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌ڵێ: (خـودایه هه‌رگیز نه‌كه‌ی دڵی ئه‌و كـچه وا لێ بكه‌ی منی خۆش بوێ…){ل55}، تا ئه‌وه‌ی ئه‌میش به ته‌واوی ده‌كه‌وێته نێو ته‌ونی عه‌شقی شه‌یداوه‌و ئیدی سه‌رله‌به‌ری ژیانی هه‌ردووكیان ده‌گـۆڕێ. (زۆرجار مرۆڤه‌كان چاوه‌ڕوانی شتێكن ئه‌وه‌نده ئه‌یانترسێنێ خۆیان فێل له خۆیان ده‌كه‌ن، كه ئه‌وه ئه‌و نییه شتێكی وای له خه‌یاڵدا هه‌یه){ل66}.
جـه‌لال، كوڕی مامی شه‌یدایه، واتا برازای سمایل سوڵتانه، نه دایكی ماوه، نه باوكی، كابرایه‌كی چه‌قاوه‌سووی خوێنڕێژه، هه‌ربۆیه خه‌ڵكی به (جه‌لال جه‌لاد) بانگی ده‌كه‌ن، خۆیشی ئه‌مه‌ی پێخۆشه، چونكه شانازی به‌و جه‌لادبوونه‌ی خۆیه‌وه ده‌كا. (من ناوم جه‌لاله، نازانم زۆرجار پێم ئه‌ڵێن: جه‌لادیش، به‌ڵام ئه‌وه‌یان نازناوه، دیاره خه‌ڵك پێیخۆشه ئاوام پێ ئه‌ڵێن، منیش سوپاسیان ئه‌كه‌م…){ل156}. جه‌لال سـه‌ر به یه‌كێ له ده‌زگا نهێنییه‌كانی پارته سیاسییه‌كانی كوردستانه (چه‌ند ساڵه له ده‌زگای تیرۆرخانه‌ی حیزب‌دا ئیش ئه‌كات، هه‌ر خه‌ریكی ئازاردانی خه‌ڵكییه‌وه فێری ئه‌وه‌یان كردووه چۆن خه‌ڵكی له‌ناو به‌رێت){ل132}، ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌مانێك تیونی خوێنی یه‌كدی بـوون. ده‌ستی له‌گه‌ڵ چه‌ندین به‌رپرسی باڵای وڵات‌دا تێكه‌ڵ بووه، كه پێكه‌وه و ژێربه‌ژێر خه‌ریكی بازرگانی و كاری ڕه‌ش بـوونه، له‌م نێوه‌نده‌شدا (سمایل سوڵتان)ی مامیشی تێوه ده‌گلێ (یان ڕاستتـر بڵێین: هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تێوه گلاوه)، بۆیه ئه‌و ڕۆژه دێت، كه جه‌لال له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی نهێنییه‌كان وه‌ك خۆیان به شاراوه‌یی بمێننه‌وه، داوا له مامی ده‌كا، شه‌یدای كچی لێ ماره بكا، ئه‌مه بۆ سمایل سوڵتان جێگه‌ی نیگه‌رانییه، چونكه‌ی هه‌رگیز زۆری له كچه‌كه‌ی نه‌كردووه، به‌ڵام كه له‌وه تێده‌گا، كه یارییه‌كه له ده‌ستی جه‌لالی برازایدایه و چاره‌نووسی ده‌وڵه‌مه‌ندی و ناو و ناوبانگی ده‌كه‌وێته به‌ر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌لاله‌وه، بۆیه ناچار ده‌بێ ئه‌و خـواسته‌ی خـۆی و جه‌لال، به‌سه‌ر شه‌یدای كچیدا بسه‌پێنێ. (باوكی هه‌رگیز به‌وه ڕازی نه‌ده‌بوو، ده‌ست بخاته چاره‌نووسی خۆشه‌ویسترین منداڵی، كه شه‌یدایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌بوو كچه‌كه‌ی شوو به جه‌لال بكا، به‌ڵام هه‌موو شتێك له ده‌ستی ئه‌ودا بوو، ئه‌و كارانه‌ی به نهێنی كردبوویان، ئه‌یزانی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كات و به‌وه ئه‌یترسێنێ) {ل124}.
ئه‌م داوایه‌ی جه‌لال له‌كاتێكدایه، كه ته‌نیا و شه‌یدا، تا ئه‌وپه‌ڕی تـخوبه‌كانی عاشقبوون، تێكه‌ڵ به ڕۆحی یه‌كدی ده‌بن‌و بـۆ چه‌ندین جار پێكه‌وه له ژوانی عاشـقانه‌دا، ڕازی خـۆشه‌ویستی ده‌گـۆڕنه‌وه، بـۆیـه كاتێ شـه‌یدا به‌مـه ده‌زانێ، هـه‌ر لـه سـه‌ره‌تاوه ئاسته‌مه به‌لایه‌وه، كه به‌م داوایـه ڕازی بێ، كه ئـه‌وه‌تا باوكـی پێیـڕاده‌گه‌یه‌نێ: (كـچی خـۆم جه‌لالی ئامۆزات باش ئه‌ناسی، ئه‌و كوڕه‌ی بێ دایك و باوكی خـۆی گه‌یاندۆته ئه‌و پله‌یه و خه‌ڵكێكی زۆر ڕێـز و حـورمه‌تی ئه‌گرن و له‌ناو حكومه‌تدا ده‌ستی ئه‌ڕوا به‌تایبه‌تی ده‌زگا نهێنییه‌كان، هه‌ندێ نهێنی هه‌یه ده‌بێ تۆ بیزانی، ئه‌گینا هه‌موومان له مه‌ترسیداین، خۆت ده‌زانی ئێمه سه‌رمایه‌یه‌كی باشمان هه‌یه، خه‌ڵكی نازانێت چۆنمان كۆكردته‌وه، ئه‌گه‌ر بزانن شار به‌ده‌رمان ئه‌كه‌ن) {لا122}، شه‌یدا بزه‌یه‌كی كاڵته‌جاڕانه‌ی بۆ ده‌كا و ده‌ڵێ: (سه‌یره باوكه گیان تۆ باسی پیاوێكی جه‌لاد و دز و خوێنمژم بۆ ده‌كه‌ی، ئه‌ڵێی داوای تۆی كردووه، دڵنیام تێكچووه، ئه‌گینا قسه‌ی وا ناكات..) {ل123}، له‌به‌رامبه‌ریشدا جه‌لال سووره له‌سه‌ر داواكه‌ی خـۆی: (من ئه‌مانه نازانم، ده‌بێت ڕازی بێت، چی ده‌وێت بۆ ده‌كه‌م…) {ل125}.
هێشتا ته‌نیا ئاگاداری هیچ نه‌بوو (ئه‌مانه‌ی نه‌ده‌زانی، سه‌رقاڵی كاركردنی خۆی بوو، خۆشه‌ویستی لای ئه‌و گه‌یشتبووه باڵای ئاسمان… له‌و كه‌سانه‌یه، كه جگه له پیرۆزی خۆشه‌ویستی و عیشق مه‌حاڵه شتی تر له‌لای پیرۆزی تێدا هه‌بێت) {ل126}، جه‌لالیش له‌كاتێكدا، كه له مه‌یخانه‌كاندا شه‌وانه خۆی تا ئه‌وپه‌ڕی بێفه‌ڕبوون، سه‌رخۆش ده‌كرد، به ده‌نگی به‌رز لای هاواری ده‌كرد: (گه‌ر باوكی نه‌مداتێ پڕ ده‌می، ئا ناو ده‌می ڕێك ئه‌كه‌م له بارووت و خوێنی ده‌ڕێژم، چۆن ئه‌بێت شووشوو به مه ڕازی نه‌بێ…){ل127}. شه‌یدایش (تا ده‌هات لاواز ده‌بوو ڕه‌نگی پایزی لێ نیشتبوو، ڕوخساری په‌ڵه‌ی غه‌م دای پۆشیبوو، وه‌كو كه‌سێك چاوه‌ڕێی مه‌رگی خۆی بكات ئاوه‌ها هه‌راسان بوو له‌خۆی){ل128}.
دوای ئه‌وه‌ی شه‌یدا له ژوانێكدا، هه‌موو شتێك بۆ ته‌نیا ده‌گێڕێته‌وه، ئیدی (هه‌ردووكیان له‌نێوان ئومێد و نائومێدیدا یه‌كتـریان جێهێشت، شه‌یدا ئه‌چێته‌وه ناو خێزانی خۆی، ته‌نیا ئه‌چێته‌وه ناو خانویه‌ك و چوار دیواری غه‌مگرتوو){ل133}. لێره به‌دوا هه‌موو شتێك به‌ره‌و كاره‌سات هه‌نگاو ده‌نێ، جه‌لال به وردی ده‌ست ده‌كا به چاودێریكردن، تا بـۆی ئاشكرا ده‌بێ، كه ئه‌و كه‌سه‌ی شه‌یدای خۆشه‌وێ و په‌یوه‌ندییان پێكه‌وه هه‌یه، كوڕێكه به ناوی (ته‌نیا)، جه‌لال به ماڵه مامی ده‌ڵێ: (هه‌ر ئه‌مه‌تان مابوو، كچه‌تان دوای كوڕی خه‌ڵكی بكه‌وێت، ئیدی چۆن سه‌یری خه‌ڵك ده‌كه‌ن، هاتووم بڵێم: ئه‌مزانی بۆ ڕازی نابێ، شتێك هه‌یه، به چازی خۆم بینیم به‌یه‌كه‌وه دانیشتبوون، نازانم باسی عه‌شق و شتی وایان ده‌كرد…){ل142}، بۆیه دوای ئه‌وه‌ی شه‌یدا له ماڵه‌وه زیندانی ده‌كه‌ن، سمایل سوڵتان ده‌چێته لای ته‌نیا و داوای لێده‌كا ده‌ست له كچه‌كه‌ی هه‌ڵگرێ (شه‌یدا كچی خۆشه‌ویستی منه، هه‌ر كه‌سێ بیه‌وێ ده‌ست بخاته ژیانییه‌وه ئه‌وا بۆ دۆزه‌خی ئه‌نێرم، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ت پێ ئه‌ڵێم، ئه‌گینا سه‌رگه‌ردان ئه‌بیت..){ل149}، ته‌نیاش هه‌ڵوێستی خـۆی ناگۆڕێ، بۆیه به‌وپه‌ڕی بڕواوه دێته قسه و ده‌ڵێ: (من تاوانبار نیم، ئه‌وه‌ی كردوومه تا ئه‌وپه‌ڕی باوه‌ڕم پێی هه‌یه، پیرۆزه ده‌ستی لێ هه‌ڵ ناگرم…){ل149}، تا دواجار ده‌مه‌وئێواره‌یه‌كی دره‌نگ، جه‌لال به‌خۆی و ده‌مانچه لاره‌كه‌ی لا كه‌له‌یه‌وه، خـۆی ده‌كا به گه‌راجه‌كه‌ی كوێـخا سه‌لیمدا و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی توند له ته‌نیا ده‌كا: (بۆ ئه‌وه هاتووم بۆ لای تۆ تا بزانم تۆ حه‌زت له ژیانه یان له مه‌رگ، كامیانت ئه‌وێ؟ من پێت ئه‌به‌خشم.. چونكه تۆ تاوانباری ئه‌بێت من دادگاییت بكه‌م…){156}، ئیتر ته‌نیا دڵنیا ده‌بێ له‌وه‌ی كه ئه‌م كه‌سه، (ناوی ته‌ڕه‌ماشه، جه‌لاله){ل132}، ئه‌وه‌ی كه شه‌یدا باسی كردووه.
ئه‌وه ماوه‌یه‌كه ته‌نیا و شه‌یدا یه‌كدیان نه‌بینیوه، ئه‌و له ماڵه‌وه زیندانه و ته‌نیاش له ناخۆشترین باری ده‌روونی خۆیدایه، كوێخا سمایل پێیده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر نه‌خۆشی بچۆره نه‌خۆشخانه كوڕم… مامه عه‌به‌ش خۆی خاوه‌نی هه‌زار ده‌رد و ئازاره، چما ته‌نیا له دڵی دێ ئه‌مه‌ش خۆیشی بۆ سه‌رباركا.. بێگومان نا.. تا ئه‌وه شه‌یدا هه‌ست به مه‌ترسی كاره‌ساته‌كه ده‌كا، (هاواری كرد، كوا باوكم؟ كارم پێیه‌تی… من ئه‌مه‌وێت واز له‌و كوڕه بهێنم و به قسه‌ی باوكم بكه‌م، به‌ڵام پێی بڵێن مه‌رجم هه‌یه…){ل159}، سمایل سوڵتان به مه‌رجی كچه‌كه‌ی ڕازی ده‌بێ، كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، شه‌یدا خۆی ڕووبه‌ڕوو به ته‌نیا بڵێت، كه چیدی په‌یوه‌ندییه‌كه‌مان كۆتایی هاتووه.. (من ئه‌بێت ئه‌و كوڕه ببینم، به زمانی خۆم پێی بڵێم ئیدی من تۆم ناوێ، له‌م ڕۆژه‌وه من ده‌ستگیـرانی جه‌لالم….){ل160} هه‌روه‌ها مه‌رجێكی تریشی هه‌بوو، ئه‌ویش (ده‌بێت به‌و گورگه‌ش بڵێیت، تاوه‌كو ئه‌م ساڵ نه‌خوێنم نابێت باسی شوكردن و ته‌ڕه‌ماش بكات، گه‌ر ئه‌مه‌م بۆ ئه‌كه‌یت ڕازیم، گه‌ر نا ئه‌وا له‌م ژووره ته‌رمه‌كه‌م بۆگه‌ن ئه‌كات){ل160} سمایل سوڵتان، به باشی زانی به‌م دوو مه‌رجه‌ی شه‌یدا ڕازی بێ، ئه‌و به‌خۆی گوت: (دیاره ئه‌مه نهێنی نێوان هه‌ردووكیانه){ل160}، ئیدی دوای ئه‌وه‌ی شه‌یدا و سمایل سوڵتانی باوكی، پێكه‌وه ده‌چنه لای ته‌نیا، شه‌یدا ئه‌وه به ته‌نیا ئه‌ڵێ، كه ئیتر ته‌واو.. (تكا ئه‌كه‌م ئیدی بیر له كه‌سێك مه‌كه‌وه، كه بیرت لێناكاته‌وه، من ده‌بێت ژیانێكی تر بژیم دوور له تۆ…){ل161}، به‌ڵام هه‌ڵبه‌ت شتێكی تر له پشتی ئه‌م سیناریۆیه‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ك چۆن ته‌نیاش ئه‌مه‌ی پێ سه‌یر بوو، بۆیه له‌كاتی ڕۆیشتندا (شه‌یدا نامه‌یه‌كی به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و كاغه‌ز بچوككراوانه‌ی كه خوێندكاره چه‌توونه‌كان له‌دواوه ئه‌یگرنه مامۆستاكانیان، بۆ ته‌نیت جێهێشت…){ل162} ته‌نیا به دنیایه‌ك گومان و دوودڵی و ترسه‌وه، كاغه‌زه‌كه‌ی كرده‌وه، خوێندییه‌وه: (ته‌نیاكه‌م، دڵنیابه ته‌نها خودا ده‌توانێ تۆ له من ده‌ر بكا، ئه‌گینا ئه‌مانه وه‌كو ئه‌هریمه‌ن به‌ربوونه‌ته گیانی ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌ی هه‌ردووكمان….){ل163}، ئه‌م نامه‌یه ته‌سكینییه‌ك بوو، بۆ ئه‌و داچڵه‌كین و دڵخورپینه‌ی ته‌نیا، هه‌ربۆیه به‌جۆرێك له جۆره‌كان، قۆناغێكی نوێی عه‌شقی ئه‌م دوو عاشقه ناكامه ده‌ستی پێكرد (ئیدی دووباره په‌یمانی ئه‌و عه‌شقه پڕ موسیبه‌ته‌یان تازه كرده‌وه){ل170}، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان جیاواز له پێشوو، چونكه قۆناغێك بوو له خۆشه‌ویستی، كه كۆتاییه‌كی ترژایدی به‌دوای خۆیدا هێنا، هه‌روه‌ك چۆن كاتیش له ڕۆمانه‌كه‌دا، به‌ره‌و قوڵایی زستان ده‌ڕوا، ئاوا هه‌موو شتێك به‌ره‌و كۆتایی ده‌چـوو (عه‌شق وه‌كو مردن وایه، هه‌موو كه‌سێك ده‌بێت پێی ڕازێ بێت){ل182}، دوای ئه‌مه‌ش چه‌ند جارێكی تر، به‌دوور له چاوی ڕه‌قیب، به ئاگاییه‌كی زۆره‌وه، ته‌نیا و شه‌یدا یه‌كدییان بینییه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێكه‌وتن، كه پێكه‌وه ئه‌م جه‌نگه‌ڵستانه جێ بـهێڵـن‌و به‌ره‌و گونده‌كانی سه‌ر سنوور، سه‌ری خـۆیان هه‌ڵگرن، وه‌ك ئه‌وه‌ی بستێك خاك له‌م وڵاته‌دا نه‌مابێته‌وه، بـۆ ئه‌وه‌ی عاشقان تێدا یه‌كدیان خـۆش بـوێ، به‌ڵام (عه‌شقێك ئازار و مه‌ینه‌تی تیا نه‌بێت، عه‌شق نییه، به‌ڵكو یارییه، مرۆڤ بۆ خۆشی ده‌یكا){ل182}، له‌م نێوه‌نده‌شدا شه‌هریار، هاوڕێی دڵسۆزه‌كه‌ی ته‌نیا، هه‌موو ئاماده‌باشییه‌كی خۆی ده‌ربڕی بۆ سه‌رخستنی پلانی هاوڕێكه‌ی (من ئاماده‌م تا كوێ ده‌بێت بڕۆین له‌گه‌ڵتا بم، مردن له‌م ڕێگه‌یه‌دا خه‌ڵاته، كه‌س وه‌كو ئێمه مه‌رگی جوانی ده‌ست نه‌كه‌وتووه…){ل182}، به‌ڵام بێ ئاگا له هه‌موو شت، (بڕیاریاندا به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵبێن، هه‌ر چاره‌نووسێك هات گرنگ نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ی كردوومانه چاره‌نووسی عه‌شق بوووه){ل183)، دوای ئه‌وه‌ی شه‌یدا ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵێ، خۆی كۆ ده‌كاته‌وه، سه‌روه‌ختی ڕۆشتن و ده‌رچوونی شه‌یدا له‌ماڵ، ده‌مه‌وبه‌یانێكی زوو ده‌بێ، كه هه‌مووان له خه‌وی قووڵی خۆیاندا ده‌بن، له‌و شوێنه‌ی كه ده‌بێ پێكبگه‌ن، شه‌یدا ده‌مێكی زۆر چاوه‌ڕێی ته‌نیا ده‌بێ، به‌ڵام هه‌میشه وابووه، شتێك پێش ڕووداوه‌كان ده‌كه‌وێ و ده‌یشێوێنێ، شتێك هه‌میشه له پشته‌وه‌ی گه‌مه‌كه‌وه ئاماده‌یه، حه‌یفێ كه چاوی ئێمه نایبینێ، ته‌واوه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی له پشته‌وه‌ی ئه‌م نیازه‌ی شه‌یدا و ته‌نیاوه هه‌بوو، چونكه (نه‌ك هه‌ر ته‌نیا نه‌هاتبوو، به‌ڵكو بۆنی مه‌رگ ده‌هات، هاڵاوی مه‌رگ خه‌ریك بوو نه‌خۆشی بخات، هه‌ستی كرد شتێك ئه‌بێت، یان بووه){ل186}، به‌ڵێ بێگومان كاتێ دڵی عاشقان زه‌نگی مه‌ترسییه‌كی ناوه‌خت لێده‌دا، هه‌ڵبه‌ت هه‌ڵه‌ی نه‌كردووه، هه‌روه‌ك ئه‌مجاره‌ش شه‌یدا (ترس شێواندی، هه‌زاره‌ها خه‌یاڵی ترسناك به مێشكی‌دا ده‌هاتن و ده‌چوون…){186}.
ئه‌و شه‌وه‌ی كه ته‌نیا بۆ به‌یانییه‌كه‌ی خۆی ئاماده ده‌كا، گه‌رده‌لوول و تووڕه‌یی ڕه‌شه‌با، شاری شێواندبوو، هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ش ئۆتۆمبێلێكی بێ ژماره، له‌وانه‌ی كه ته‌نها جه‌لاده‌كان ده‌توانن به‌كار بهێنن، ده‌چنه سه‌ر ته‌نیا و ده‌یڕفێنن، كه له شار دووری ده‌خه‌نه‌وه و له ئۆتۆمبێله‌كه دایده‌به‌زێنن (بۆنی مه‌رگ ده‌كات، نازانێت خۆیه‌تی ئه‌و بۆنه‌ی لێدێت، یان ئه‌وانن، ئه‌وه‌نده مرۆڤیان كوشتووه، بۆنی مه‌رگیان گرتووه…){ل187}، ئیدی به‌مشێوه‌یه جه‌لاده‌كان به‌نیوه مردوویی له په‌نایه‌كی دووره ده‌ستی ده‌ره‌وه‌ی شاردا، ته‌نیا فڕێ ده‌ده‌ن، له‌ولاشه‌وه شه‌یدا دیسانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌ر ڕه‌حمه‌تی باوك و ئامۆزاكه‌ی، تا له زیندانی ماڵدا ژیانی كۆتایی پێ بێت.
دوای ئه‌وه‌ی ته‌نیا له مه‌رگ ده‌گه‌ڕێته‌وه، شوانێك ده‌یدۆزێته‌وه و له‌ڕێگه‌ی قاچاغچییه‌كی (گره‌نتی)یه‌وه، ده‌گاته ئه‌ڵمانیا، له‌وێیش ژیانی دووره وڵاتی و دووره شه‌یدایی به‌سه‌ر ده‌با، هه‌ر ئه‌وه‌ش نا، به‌ڵكو به كۆمه‌ڵێك زه‌خم و برینی دڵه‌وه ده‌ژی، چونكه ئه‌و بووه قوربانی ئاره‌زووی جه‌لاده‌كان و هه‌موو شتێكی به‌جێهێشت، ته‌نانه‌ت ئه‌و بیـره‌وه‌رییانه‌ش، كه هه‌یبوو، ته‌نها شتێك، كه به وڵاتی بێ خـۆر ده‌یبه‌ستێته‌وه، سێ كه‌سن، شـه‌هریـار و شـه‌یـدا و مامـه عـه‌بـه، به‌ڵام ڕۆژێك به ئاگا دێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له خه‌ونێكی قوڵدا بێ، ئاوا جه‌سته‌ی تـژی له گـه‌رمی و ئاره‌قكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ختدا ده‌بێ و ته‌نها (ماریا و موراد) به‌سه‌رییه‌وه‌ن، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی نامه‌یه‌كی له كوردستانه‌وه، لـه‌لایـه‌ن (شـه‌هریار)ه‌وه، ده‌گاته ده‌ست، نامه‌یه‌ك كه بۆنی مه‌رگی لێوه دێت، نامه‌یه‌ك كه مه‌رگی هه‌موو شتێكی له‌خـۆ ده‌گرێت، مه‌رگی مامه عه‌به، كه (دوای حه‌وت ڕۆژ به مردوویی، له چایخانه‌كه‌ی ده‌ری ده‌هێنن، كه‌س پێی نازانێت، به‌ڵكو كه بۆن ده‌كا ئه‌وكات هه‌ست ده‌كه‌ن له ژووره‌وه بۆگه‌نی كردووه، كه ده‌چن، ته‌ماشا ده‌كه‌ن، له‌و ژووره‌ی جلوبه‌رگی منداڵه‌كانی تێدا دانابوو وه‌ك، مناڵێك له خه‌ونێكی شیریندا بێت، خه‌وی هه‌تاهه‌تایی لێكه‌وتووه){ل6}، هه‌روه‌ها مه‌رگی شه‌یدا، كه (كه‌س نه‌یزانی چۆن مرد، خۆی ژه‌هرخوارد كرد، یان كوشتیان، به‌ڵام شه‌هریار ده‌یگوت: وابڵاوه دوای ماره‌بڕینی له جه‌لالی ئامۆزای، شه‌وی پێش په‌رده خۆی له‌ناو بردووه){ل8}، هه‌رچۆنێك بێ، ئیدی ئه‌وه كۆتایی حیكایه‌تی هه‌موو عه‌شقێكی ناكامه، كه له وڵاتێكدا بكرێت، هیچ ڕێزێك بۆ خۆشه‌ویستی له كایه‌دا نه‌بێ، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی وڵاتێك بێ، ڕۆژێك له ڕۆژان خۆری تیا هه‌ڵ نه‌هاتبێ.
ئه‌وه‌تا ئێستا (ته‌نیا) له‌گه‌ڵ حیكایه‌تخوانی ڕۆمانی (مه‌مله‌كه‌تێك بێ خۆر)دا، به‌سه‌رهاتی خـۆی و عه‌شقی شه‌یدا ده‌گێڕێته‌وه، كه به‌یانییه‌ك بێ ئه‌وه‌ی (ماریا و موراد) ئاگادار بكاته‌وه، له فرانكفۆرته‌وه بۆ یه‌كه‌مینجار به سواری فڕۆكه‌یه‌ك، ده‌گه‌ڕێته‌وه كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووه، هه‌موو شتێك له دوو توێی ڕۆمانێكدا به‌چاپ بگه‌یه‌نێ (ده‌مویست زووبه‌زوو ئه‌مانه له ڕۆحمدا بۆ هه‌تاهه‌تایه ڕیشه‌كێش بكه‌م، چونكه دڵنیابووم حه‌قی خۆم پێداون، زه‌مه‌مێك له‌گه‌ڵیانا وه‌كو هاوڕێیه‌كی دڵسۆز ژیاوم، ڕازی بووم به هه‌موو تاڵی و شیرینییه‌كانیان، هه‌موو گریان‌و پێكه‌نینه‌كانیان){ل10}، بۆیه دوای ئه‌وه‌ی جارێكی تر پێی نایه‌وه سه‌ر زه‌مینی ئه‌و شاره‌ی كه قه‌قنه‌س ئاسا تیا توایه‌وه، یه‌كسه‌ر په‌یوه‌ندی به (شه‌هریار)وه ده‌كات و ده‌ڵێت: تایپێستێكی باشم بۆ په‌یدا بكه (دوای دوو ڕۆژ چاوه‌ڕوانی، مامۆستایه‌كی بۆ دۆزیمه‌وه تابڵێی له‌سه‌رخۆ و هێمن بوو، له یه‌كه‌م بینینا ته‌واو سه‌رنجی ڕاكێشام، به‌ڵێنی پێدام، كه به‌خێرایی و به‌بێ كه‌موكوڕی بۆ تایپ بكات){ل18}، جا ئه‌و كه‌سه‌ش ناوی (مامۆستا عوسمان)ه.
ئـاری عوسمان خه‌یـات
ari.xeyat@yahoo.com