ئەوە سادەترین ڕاستی دۆسیەی تیرۆری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمانە!
ئەمرۆ رۆژنامەی ئاوێنە لهزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارهوه بڵاویكردۆتهوه کە لەدانیشتنی رۆژی 13ی شوبات لەدادگای تاوانەکانی هەولێر، ئەو تۆمەتبارەی بە کوشتنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان تۆمەتبار کرا بوو، لە قسەکانی پەشیمان بۆتەوەو ئەو تۆمەتەی رەتکردۆتەوە کە دابویانە پاڵی. سهرچاوهكه ئاماژهی بهوه كردووه کە ئهو تۆمهتباره لهبهردهم دادوهردا ڕایگهیاندووه، ئهو نه سهردهشت عوسمان دهناسێت و نه بینیویهتی و نه ئهویش دهستی ههبووه له كوشتنیدا.
ئەوە سادەترین ڕاستی دۆسیەی تیرۆری رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمانە، ئێمە و ڕۆژنامەنوسان و خەڵکی ئازادیخوازای کوردستان و ڕيکخراوە مەدەنیەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان. هەر لەسەرەتای ڕاگەیاندنی سیناریۆ گاڵتەجاریەکەی لێژنەی ليکۆڵینەوە لە دۆسیەکە. ڕامانگەیاند ئەو چیرۆکە لە سەرتاوە تا کۆتایی سەرلەبەری هەڵبەسترا و درۆیە. سیناریۆیەکە بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکان و پەنادانی تاوانبارانی ڕاستەقینە و بکوژانی سەردەشت و ئەوانەی لە پشتی تیرۆری سەردەشتەوەن. داوای پيکهينانی لیژنەی ليکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بێلایەن و دادگای سەربەخۆمان کرد.
ئەمرۆ بەدوای دوو ساڵ لە ڕاکيشانی سیناریۆیەکی ناشیرین لەلایەن دادگای هەولێر لە دۆسیەی تیرۆری سەردەشت، ڕەتکردنەوەی ئەو سیناریۆیە لەلایەن تۆمەتباری بە ساختە دروستکراو. ڕاستی و دروستی قسەکانی ئێمە و ڕەتکردنەوەی سەرلەبەری سیناریۆکە و پرۆسەی دادگایەکە دەسەلمێنێ.
ئەوەی جێگەی ئاماژە پيکردنە، دادگای هەولير لە دانیشتنی ٢٠/١/٢٠١٣ دادگاییکردنەکە بۆ رۆژی دووی مانگی ئادار دواخرا. بەڵام بەپێی هەواڵەکە لە ١٣ شوبات دانیشتنێکیتری سازداوە بە نهێنی و شاراوە دوور لە ئاگاداری و زانیاری فۆرماڵیش. ئەوەش جاريکیتر ئەو پرۆسە و دادگاییە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لێرەدا جاريکیتر داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن لە دۆسیەی تیرۆری رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان دەکەم. هەروەها پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە دارێژەرانی سیناریۆی گاڵتەجاڕانەی لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەڕێوەچوونی پرۆسە و سینارۆکە لە دادگای هەولێر. تاوانی تیرۆری شەخسیەتی سەردەشت بە ئەندازەی تاوانی تیرۆری جەستەیی ئەو گەورەیە.
بانگەوازی سەرجەم دادوەران، پارێزەران، یاساناس و مافناسانی کوردستان دەکەم. بێدەنگ نەبن لە ئاست دۆسیەی تیرۆری سەردەشت. دادگاییەکی عادیلانەی بکوژانی ڕاستەقینەی سەردەشت دەتوانێت سەرەتای سنووردانان بۆ دەستتێوەردانی دەسەڵاتداران لە دەزگای دادوەری بێت.
بەکر عوسمان
2013-02-19