لاپەڕە یەک لە کتێبی ژن … هاوڕێ ڕەش
Closed
-١-
هەموو بەیانیەک
لێوی گوڵ
خوناوی ژنێ ماچ
ئەکا
-٢-
لەنگەری شیعر
ژنێکە
ئەوکاتەی دەستی
لە ملی دەریایە
-٣-
بۆ ژنێ
پایزم مارە کرد لە سنەوبەر
-٤-
من و عیسا
لە ژن ناگەین
بۆیە مریمەکان
قوتابخانەن
-٥-
خۆخێک بەخۆی
پێکەنی
ئەوکاتەی ڕوومەتی ژنێکی
بینی
-٦-
ڕەشەبا
دەلاک نیە بۆ
شانە کردنی
بسکەکانی ژنێ
-٧-
ژنێ ویستی گوڵێ
بۆنکا
گوڵەکە پڕ بوو لە
بۆن
-٨-
سیەکانی دەریا
هەوای
ژنێ هەڵئەمژن
-٩-
لەسەر دەرگای
دڵی من
نوسراوە
تەنها ژن بۆیان هەیە
بێنە ژوورەوە
-١٠-
ژنێ
ویستی گوڵەکان لە باوەش بکا
گوڵەکان
بون بە باخەوان
هاوڕێ ڕەش