
بۆ پێشوزازی له ٨ ی مارس رۆژی جیهانی ژن
خه‌بات و تێكۆشانی ژنان له گۆڕه‌پانی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا، چ له ئاستی دنیادا و چ له ئێران و له‌م ساڵانه‌ی دوایشدا له كوردستان ڕوون و به‌رچاوه و ئه‌م هه‌ڵدان و گه‌شه به‌رده‌وامه ئه‌ندێشه‌ییه له ئاستێكدایه كه ژن له مه‌یدانی خه‌باتدا ته‌نانه‌ت گه‌یشتۆته ئاستی ڕێبه‌ری شۆڕشیش. ڕۆزا لوگزامبورگ نموونه‌یه‌كی گه‌لێك به‌رچاوی ڕێبه‌رانی ژنه له ئاستی نێو نه‌ته‌وه‌ییدا. ئه‌م تێكۆشه‌ره كومونیسته و باقی خه‌باتكارانی ژن له‌وانه كلارازتكین داكۆكیكاری شێلگیری ئاڕمان و ئاره‌زوه شۆڕشگێڕانهكانی جه‌ماوه‌ری زۆرلێكراو و وه‌گیان هاتوو بوون. به‌بێ ترس و دوودڵی پێیان ناوه‌ته بواری خه‌باتی به‌رده‌وام له دژی زوڵم و سته‌م و بێ عه‌داڵه‌تی سهردهمهكهیانهوه و تا ئاخرین ساته‌كانی ژیانیان له خه‌بات و به‌رخودان بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی ئازادی و به‌رابه‌ری بۆ گشت مرۆڤایه‌تی ساتێك هه‌دایان نه‌داوه.
ده‌ور و ته‌ئسیری ئه‌م ژنه خه‌باتكارانه له ئاستێكدا بووه كه كاتێك كلارا زتكین له ساڵی ١٩١٠دا، وه‌ك ژنێكی هه‌ڵسوڕاو له بواری دابین كردنی مافه‌كانی ژن، شۆڕشگێر و به‌رابه‌ری خوازی ئاڵمانی، له كۆنگره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ژناندا، پێشنیار ده‌كات ڕۆژی ٨ی مارس بكرێته ڕۆژی جیهانی ژن، له‌لایه‌ن كۆنگره‌وه گرنگیه‌كی زۆری پێده‌درێ و دوای ساڵێك قسه‌وباس له‌سه‌ركردن پێشنیاره‌كه‌ی په‌سه‌ند ده‌كرێ و ئه‌م ڕۆژه وه‌ك ڕۆژی جیهانی ژن هه‌موو ساڵێك له‌لایه‌ن ژنان و پیاوانی به‌رابه‌ری خوازی دنیاوه، له ئاستێكی به‌رین و به شكۆیه‌كی تایبه‌تیه‌وه، یادی ده‌كرێته‌وه.
نموونه‌یه‌كی تری ژنانی چالاك و خه‌باتكار ئه‌لكسانده‌ر كۆلنتاییه. كۆلنتای له ساڵی ١٨٩٠ په‌یوه‌ندی كردووه به پارتی كرێكارانی سۆسیالیست دیموكراتی روسیه‌وه و هه‌ڵسوڕاو بووه له بزوتنه‌وه‌ی ژنانی سۆسیالیستی دنیادا. ساڵی ١٩١٧ بوه‌به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بلشویكهكان.
ئه‌م تێكۆشه‌رانه به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی تیغی قین و نه‌فره‌تی كوێرانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و پارێزه‌رانی نه‌زمی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی ئایینی، پیاو سالار و سه‌رمایه‌دا بوون. ڕۆزالوگزامبۆرگ خه‌باتكاری هه‌ڵكه‌وته و به‌رابه‌ری خواز دوای ئه‌شكه‌نجه و ئازارێكی زۆر له‌لایه‌ن مه‌ئموران و ئه‌شكه‌نجه‌گه‌رانی سۆسیال دیموكراسی ئاڵمانه‌وه فڕێدرایه نێو ڕوبارێكه‌وه.
ئه‌زمون و ده‌سكه‌وتی خه‌باتی ژنان به درێژایی مێژووی خۆی له كۆمه‌ڵگادا گه‌رای خستووه و به‌رهه‌مه‌كه‌ی حوزوری به‌سه‌دان و هه‌زاران ژنی تێكۆشه‌ر و به‌رابه‌ری خوازه له مه‌یدانی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌كانی كردن له به‌رانبه‌ر زوڵم و زۆرداریدا و هه‌وڵ و تێكۆشانه بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی مافه ڕه‌وا و زه‌وتكراوه‌كانی ژن وه‌ك نیوه‌ی كۆمه‌ڵ.
به تێپه‌ڕ بوونی زه‌مه‌ن و به‌رینتر بوونه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتری ده‌سه‌ڵاتی نیزامی سه‌رمایه‌داری و گه‌شه كردنی كه‌ره‌سه‌ی وه‌به‌ر هێنان كه ئاكامه‌كه‌ی ته‌ماحی بێ سنووری به‌ده‌ست هێنانی به‌هره‌ی زیاتر و كه‌ڵه‌كه كردنی زۆر و زۆرتری سه‌رمایه‌یه له‌لایه‌ن خاوه‌ن سه‌رمایه‌وه و چه‌وساندنه‌وه و بێ ماف كردنی هه‌رچی زیاتری چینی كرێكار به ژن و پیاوه‌وه، وه ئێستا قه‌یرانی ئابووری جیهانیش بۆته سه‌رباری، ئه‌ركی تێكۆشه‌رانی بواری هه‌وڵ بۆ دابین كردنی مافی به‌رابه‌ر بۆ هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌گشتی و بۆ ژنان به تایبه‌تی قورس‌تر له ڕابردوو كردووه. چون ژن هه‌م وه‌ك كرێكار له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌دارانه‌وه ده‌چه‌وسێته‌وه هه‌م وه‌ك ژنیش له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای ئایینی و پیاو سالاره‌وه.
چه‌وساندنه‌وه‌ی دوو لایه‌نه‌ی ژنان دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵگای چینایه‌تیه و له سه‌رده‌می ئێمه‌دا وه‌ك دیارده‌یه‌كی زاتی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری چاوی لێ ده‌كرێ. ژن له ماڵه‌وه، له ناوه‌ندی كڕین و فرۆشتنی هێزی كار، له شوێنی ژیان و به شێوه‌ی گشتی له كۆمه‌ڵگادا، واته له كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری دایه كه ده‌كه‌وێته ژێرباری وه‌حشیانه‌ی هه‌موو هه‌ڵاواردن و زوڵم و بێ مافیهكهوه. هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی له نێوان ژن و پیاو له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا به‌شێك له خسڵه‌ت و ئاكاری ڕۆژانه‌ی به‌ده‌ست هێنانی زیاتری سودی سه‌رمایه و یه‌كێك له پێداویستیه حقوقی، مه‌ده‌نی و كۆمهڵایهتیهكانیهتی.
نیزامی سه‌رمایه‌داری نه ده‌یه‌وێت و نه ده‌شتوانێ له‌مڕۆدا كار بۆ گشت تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ به ژن و به پیاوه‌وه دابین بكات بۆیه به ئه‌نواع و شێوه‌ی جۆراوجۆری وه‌ك په‌نابردنه‌به‌ر خورافاتی ئایینی و تاریف و ته‌مجید له داوێنی پڕ له مێهر و عتوفهتی دایك و به‌سود بوونی بۆ په‌روه‌رده‌ی سالمی منداڵ و… هتد نیوه‌ی كۆمه‌ڵ واته ژنان هانده‌دات به جێی ئه‌وه‌ی له ماڵ بێنه‌ده‌ر و خوازیاری كار بن، تا له‌م ڕێگایه‌وه مافه زه‌وتكراوه‌كانیان به‌ده‌ست بێنن، له ماڵه‌وه بمێننه‌وه و ئه‌ركی بێ كرێ و بێ موزدی منداڵ به‌خێوكردن بگرنه ئه‌ستۆ كه سودی بۆ دنیا و ئاخیره‌تیان هه‌یه!! و قازانجی نیزامی سه‌رمایه‌داریشی تێدایه.
شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری به‌رده‌وام و به چه‌شنێكی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا ئۆردوی به‌رینی بێكارانی وه‌ك ئهڕتهشێكی پاشكهوتكراوی كار له‌گه‌ڵ خۆی كێش كردووه. ئه‌م ئه‌رته‌شه به‌رینه كه ژوماره‌ی ئه‌ندامه‌كانی له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا واوه‌تر له چه‌ندین ملیۆنه و ته‌نانه‌ت له سنوری ملیاریش تێده‌په‌رێ ته‌نیا له كرێكارانی بێكاركراوی كارخانه و نێوه‌نده به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان پێكنایه‌ت، به‌ڵكو جه‌ماوه‌ری به‌رینی ژنانی ماڵه‌وه‌ی وڵاتانی دنیاش به‌شێكی شاراوه، یان، ژێر زه‌مینی ئه‌و ئۆردووه به‌رده‌وام ڕوو له زیاد بوونه‌ن له پانتایی ئیمپراتۆری سه‌رمایه‌دا. له ماڵدا مانه‌وه و ماڵداری ژنان، به‌رده‌وامی و ته‌نانه‌ت په‌ره‌گرتنی كاری ناوماڵ له كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا كاردانه‌وه‌ی ده‌قیقی دژایه‌تی زاتی سه‌رمایه و میكانیسمی سروشتی ئه‌م شێوه له به‌رهه‌مهێنانه بۆ به‌هره‌كێشی زیاتر له كاری سه‌راسه‌ر به‌خۆڕایی سه‌دان ملیۆن فرۆشیاری هێزی كار. ئه‌م له ماڵ مانه‌وه و ماڵداریه له وڵاتانی پێشكه‌وتوو تری سه‌رمایه‌داری دا به پێی پێداویستیه سروشتیه‌كانی پڕۆسه‌ی كه‌ڵه‌كه كردنی سه‌رمایه و له‌ژێر زه‌خت و گوشاری بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری دا تا ڕاده‌یه‌ك كه‌متر له وڵاتانی كاپیتالیستی ئاسیایی، ئامریكای لاتین و ئافریقایه. به‌ڵام، ته‌نانه‌ت له پێشكه‌وتوو ترینی ئه‌و وڵاتانه‌ش له‌گه‌ڵ ڕودانی هه‌ر قه‌یرانێكدا سه‌رمایه‌داری نوێنه‌رانی ڕاست و چه‌پی خۆی هه‌ر له محافزه كاره‌وه بیگره تا ده‌گاته لیبڕاڵ و سۆسیال دیموكراتی له ناكاو زه‌ریایه‌ك فرمێسك بۆ مناڵانی ئاڵمانی، سوئێدی و ئینگلیسی هه‌ڵده‌ڕێژن! سه‌باره‌ت به ڕوونكردنه‌وه‌ی گرینگی داوێنی پڕ له مێهری دایك بۆ مناڵ. له سه‌مه‌ره‌ی ده‌ست ڕه‌نجی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان كاردیناڵ و قه‌شه و پسپۆری په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌كرێ ده‌گرن تا بیسه‌لمێنن كه باوه‌شی دایك له باخچه‌ی مناڵان باشتره بۆ هه‌ڵدان و گه‌شه‌ی فكری مناڵ و كار له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ زیانبه‌خشه بۆ دایكان.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م كه‌ند و كۆسپانه، ئیستا ئێمه شاهیدی گه‌شه و به‌ره‌و پێش چوونی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له ئاستی ئێران و كوردستان و ناوچهكهداین و ده‌بینین ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه شێلگیر و شه‌فافتر له پێشوو پێداگری له‌سه‌ر داواكاریه ڕه‌واكانی ده‌كات، له ناوه‌ڕۆكدا ڕادیكاڵتر و سۆسیالیستی تر بۆته‌وه. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌ره‌ی فیمینیزمی ئیسلامی و لیبڕاڵ له‌ژێر په‌رده‌ی ڕێكخراو گه‌لی جۆراوجۆردا، وه‌ك: ڕێكخراوی خوشكان و كه‌مپه‌ینی یه‌ك ملیۆن ئیمزا و ڕێكخراوی به ناوهڕۆك كۆنه‌په‌ره‌ست و دژ به مافه ڕاسته‌قینه‌كانی ژن‌دا خه‌ریكی خوڵكردنه چاوی به‌ره‌ی سوسیالیست و ڕادیكاڵی بزوتنه‌وه‌ی ژنانن، ده‌یانه‌وێ به‌لاڕێیدا به‌رن و له‌غاوی بگرنه ده‌ست خۆیان.
به‌ڵام، له كاتێكدا به‌ره‌وپیری ڕۆژی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژن ده‌چین كه هه‌ر ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌وه‌پێش شاهیدی هێرشێكی وه‌حشیانه‌ی به‌كۆمه‌ڵ بوین له لایه‌ن 6 پیاوه‌وه له وڵاتی هێند له پاسێكی نێوشاردا بۆسه‌ر كچێكی خوێندكار كه هاورێ كوڕه‌كه‌شی له‌گه‌ڵدابوو. ئه‌م كچه دوای ئه‌و هێرشه‌ی كرایهسهره به‌توندی بریندار ده‌بێت و دهیگوزانهوه بۆ نه‌خۆشخانه و به‌داخه‌وه دوای چه‌ند رۆژ ده‌ست و په‌نجه نه‌رمكردن له‌گه‌ڵ مه‌رگ سه‌رئه‌نجام گیانی به‌خت كرد. ئه‌م روداوه هه‌ستی كۆمه‌ڵگای جیهانی به‌گشتی و كۆمه‌ڵگای هێندی به‌تایبه‌تی هه‌ژاند. به‌سه‌دان هه‌زار له ژنان و پیاوانی خوازیاری به‌رابه‌ری و یكسانی بۆ ژنانی ڕژانده سه‌ر شه‌قامه‌كانی شاره‌كانی هێند و خوازیاری سزادانی تاوانباران بوون و به‌م هه‌نگاوه‌یان ده‌وڵه‌ت و ده‌زگای قه‌زاییان ناچار كرد تاوانباران بگرن و سزایان بده‌ن. ئه‌مه له حالێكدایه كه پێشتر و له كۆی 600 په‌روه‌نده‌ی ده‌ستدرێژی جنسی شاری دێهلی له ساڵی 2012 دا ته‌نیا حوكم بۆ یه‌ك حاڵه‌تیان ده‌ركرابوو. ئه‌مه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه ژنان له ئاستێكی به‌ریندا چاو و گوێیان كراوه‌ته‌وه و ترسیان ڕژاوه و ئاماده‌ن له كاتی گونجاو‌دا هێزی به‌ته‌وژمی یه‌كگرتوانه‌ی خۆیان بێننه مه‌یدان.
له‌ئێرانیش ڕژێمێكی كۆنه په‌ره‌ستی ئایینی سه‌رمایه‌داری به‌وپه‌ڕی قین له دڵیه‌وه چالاكانی ژنی نێوڕیزی بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری و باقی بزوتنه‌وه پێشڕه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی تر، له سه‌رتاسه‌ری ئێران و له كوردستان، ئه‌داته به‌ر شیپی شێلاق و زیندانیان ده‌كات. و نه‌فره‌تی قوڵی داماوی و زه‌بوونی خۆی له به‌رانبه‌ر ئیراده‌ی ئه‌م تێكۆشهرانهدا، كه ئێستا به‌شێكیان له‌ئاستی دنیادا ناسراون، له ڕێگای زه‌ربه‌ی قامچیه‌وه ئاژین ده‌كاته جه‌سته‌یانه‌وه و له‌و په‌ڕی بێ هیواییدا، سه‌باره‌ت به پاشه‌كشه پێكردنی بزوتنوهی ژنان، بێ ڕه‌حمانه ده‌ستی داوته سه‌ركوتكردن و چاوترسێن كردنی هه‌ڵسوڕاوانی.
پێویسته به هه‌ست كردن به‌و ڕاستیانه‌ی باسكران به گوڕوتین تر له ساڵانی پێشوو بچین به‌ره‌وپیری هه‌رچی به‌رین و بهشكۆتر به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمه‌كانی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنه‌وه.