
له دێوی نێو ئه‌فسانه‌كانه‌وه بۆ (هێمن خورشید) زهڵمێك له گه‌رووی گه‌رمیاندا
هێمن خورشید! نه زاڕۆیی و نه‌یش نه‌وجه‌وانی من له‌نێو به‌فر و چیادا بوو، ئه‌و بۆنی وه‌نه‌وشه و شه‌میمه‌ی كوێستانهیش كه‌وا ده‌زانی _خزمانی قانع گوته‌نی_ چووه به كه‌پووی مندا، دروست بۆنی زبڵ و خاشاكی تانجه‌رۆ و گوواوی شاری عه‌ربه‌ت بوو. به‌شێكی به‌رین له زارۆیی من له‌نێو زبڵ و خاشاكی عه‌ربه‌ت یاخو له‌نێو ته‌ل و ته‌لبه‌نی سه‌ربازگه‌كانی پاش ڕژێمی به‌عسدا بوو، من هه‌وه‌ڵین نهوسێكم كه چووبێته سه‌ر شیعر و ئه‌ده‌ب، وه‌ك شاعیرانی كلاسیك یان مۆدێرن له گوێی چه‌م و له په‌نای هاژه‌ی ڕووبارێدا نه‌بوو، من وه‌ك (بێسارانی) نه‌بووم كه له گومه‌زی مزگه‌وتێكدا زه‌وقی شیعری جوڵا بێت، یان وه‌ك (حاجی قادری كۆیی) كه به لاله و نه‌سرین و نێرگز و شه‌هلا وڵاتی دوواندبێت، یاخو وه‌ك (سامی باروودی) عه‌شقی زێده‌كه‌م نه‌بووم و گه‌رده‌لولی بیابانێ بلاوێنم، یان وه‌ك (ڕه‌نج سه‌نگاوی) شیعرم زاده‌ی نازونووكی كچان نه‌بوو. وه‌لێ وه‌ك ئه‌وان نائومێدی په‌لی گرتین بۆ شیعر.
هێمن خورشید! دڵنیابه مرۆڤه‌كان له‌وكاته‌وه یه‌كتر ناناسن كه یه‌كتر ده‌بینن، ئه‌وه سۆراخێكی ئێجگار گه‌وجانه‌یه كه ههوهڵدیدار ببه‌ستین به ههوهڵناسینهوه. نایشارمه‌وه، له من شاره‌زاتری كه چۆن وه‌یسی قه‌ره‌نی په‌تی قه‌راری له ناسینی ڕه‌سوڵدا پچرابوو، له‌كاتێكدا نه‌یدیتبوو، یاخو گۆته له ئه‌وینی حافزدا شه‌یدا ببوو، كه‌چی هیچی له ڕه‌نگی وی نه‌چه‌شتبوو. گه‌رتۆ له مهنزڵێكی كاكی به‌كاكی و گه‌رده‌لولدا چاوت هه‌ڵهێنابێت، منیش له خه‌ونێكی كاكی به‌كاكی له ئومێد و ئه‌وین. تۆ ده‌ته‌وێت به من بڵێیت تۆ ئه‌و كه‌سه‌یت كه ڕۆژێك له مزگه‌وتێكی كوچهكهتاندا وه‌ك زارۆیانی ئه‌وێ و له‌گه‌ڵ سه‌دای مهولایهسهلیدا چێژ و بۆنی شه‌ربه‌تی مهولودێ كاسی كردبووی، نه‌خێر هاوڕێ پێش ئه‌وه‌ی سینییه فافۆنه پڕ له په‌رداخه شه‌ربه‌ته‌كه بگاته من، یان وردتر بڵێم دروست له سه‌ره‌ی مندا په‌رداخی تێدا نه‌ما، پاش قه‌یرێك كاكی شهربهتگێڕ ڕێك له‌ولای منه‌وه ده‌ستی كرد به دابه‌شكردنی شیرینی مهولودێ. تۆ ده‌زانی شوناسی من لێره‌وه ده‌ستی پێكرد. من و تۆ خاڵی هاوبه‌شمان زۆربوون، زۆریش ڕاده‌ماین له كۆمۆناتی نێوانمان.
ساڵی 2001 ، واته دوازده ساڵ لهمهوپێش من و تۆ یه‌كمان دی. له 2000دا من له به‌شی مێژووی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین وه‌رگیرام. ئیدی بۆ هه‌وه‌ڵجار به پانتۆڵێكی سێبانسی كه‌مه‌ر گه‌وره‌تر له كه‌مه‌ری خۆمه‌وه چوومه زنكۆ، نه خه‌تای پانتۆڵه‌كه بوو، نه خه‌تای كه‌مه‌ری لاوازی منیش بوو. پانتۆڵه‌كه له ئه‌سڵدا بۆ من نهدوورابوو، ئاخر هی عه‌باسی خاڵۆم بوو. عه‌باس مرۆیه‌كی ده‌نگ زبری شێوه نه‌رمونیان و ته‌وێڵ زل و مه‌یله‌و سپی و زه‌رد، ئه‌و ئیدی تاقه‌تی لێی چووبوو.
كاتێك هه‌واڵی چوونه زانكۆم له‌نێو خزم و كه‌سدا وهشانكرا. ته‌كبیرم بۆ كرا پێویسته جلوبه‌رگێكی شارییانه و شیاوم هه‌بێت و له ته‌له‌به‌ی زانكۆ بكا، نازانم عه‌باس به خواستی خۆی یاخو به‌بێئاگایی ئه‌و یان به هه‌ر جۆرێك بوو پانتۆڵه‌كه‌ی گه‌یشته لای من و، گرێی بوون به ته‌له‌به‌ی زانكۆیشم تا ڕاده‌یه‌ك له‌لا كرایه‌وه. پانتۆڵه‌كه دوو بۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر ڕه‌نگی هه‌وه‌ڵینی هه‌بوو، هه‌ندێك ده‌یانگوت زهیتوونییهكی تاریك بووه و، هه‌ندێكیش ده‌یانگوت نه‌وتی به‌سه‌ردا ڕژاوه و له ئه‌سڵدا هه‌ناریی بووه. مه‌علوم نییه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و عه‌یب و عارهش نه‌بێت عه‌باس بۆ منی ناردبێت. به‌هه‌رحاڵ با غایه‌له‌ی خراپ به مێشكمدا نه‌یه‌ت، ئه‌و هه‌ڵوێستی خاڵۆیانهی خۆی به‌جێهێنا. پانتۆڵه‌كه ئه‌و عانه‌ی گه‌یشته ده‌ست من مه‌یله‌و قاوه‌یی بوو و تۆزێكیش درێژ بوو، موشكڵم له‌وه‌دا نه‌بوو، چوون له خوارێدا دایكم كه‌مێكی لێگرتبوو و به چه‌ن و كندرێكی (ده‌رزی و ده‌زوو) سپی دووریبوویه‌وه، كه‌چی هێشتاش هه‌ر درێژ بوو، موشكڵی سه‌ره‌كی كهمهرهكهی بوو، قایشهكهیش كه له بنچینه‌وه هی خۆم نه‌بوو، شوێنی كونی تری تێدا نه‌مابوو، به‌جۆرێك من و پانتۆڵه‌كه ساچا بووین كه ده ده‌قیقه جارێ پانتۆڵه‌كه ههڵكێشمه سه‌رێ، قایشه‌كه كه په‌ڵه‌په‌ڵه و پواو بوو، له هاورێیهكمهوه به ناوی ئاكۆ ئه‌یوب – خوا عه‌فووی كا- به‌ده‌ستم گه‌یشتبوو. پاش ساڵێك من و برایم حاجی زه‌ڵمی كه له‌چاو مندا دنیا دیدهتربوو پێكه‌وه ئێواران ده‌چووینه چایخانه‌ی مه‌چكۆ، بێئه‌وه‌ی جگه‌ره‌كێش بین سه‌رو جگه‌ره‌مان ده‌كێشا، بێئه‌وه‌ی حه‌ز له چا بكه‌ین چامان ده‌خوارده‌وه، برایم سمێڵێكی ڕه‌شی زلی هه‌بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت قه‌ره‌بووی سه‌ری ڕووتاوی به سمێڵ بكاته‌وه، به یه‌كه‌وه شه‌ن و كه‌وی فه‌لسه‌فه و دینمان ده‌كرد، من به‌زمانێكی كۆمیدی و ئه‌و به زمانێكی مه‌یله‌و فسكی پڕمانا. پاش ساڵێك ئه‌و له‌به‌ر ژن و زاڕۆكانی و منیش نازانم بۆ، بڕیارماندا خۆێندنهكهمان بگوازینه‌وه بۆ زانكۆی سلێمانی، بۆ ئه‌وه‌ی زانكۆ قایل بكه‌ین ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌مان ده‌ربڕێت، به‌یانییه‌ك به‌شێواوی و شپرزه‌یی، بێ قایش و به‌شێوه‌یه‌ك زنجیری پانتۆڵهكهمان كردبوویه‌وه، پێڵاوی هه‌ریه‌كه‌ی له ڕه‌نگێ، چووینه به‌رده‌م لیژنه‌یه‌كی پزیشكی و قایلمان كردن باری ده‌روونیمان ناته‌واوه.
له هه‌ولێر، من و برایم حاجی كه ده ساڵ له من گه‌وره‌تر بوو، ئاكۆ ئه‌یوب و كارزانی حه‌بێی پورزام له‌گه‌ڵ ڕه‌سوڵ ناوێكی زرته بورزی هه‌ولێری پێكه‌وه له ژوورێكدا بووین. ئاكۆ ئه‌یوب باشترین چانسی هه‌بوو، له ڕووداوێكی دڵته‌زێندا و له‌سه‌ر ڕێگه‌ی خورماڵ و گونده‌كه‌یان (ته‌كیه)، پاش ئه‌وه‌ی وه‌ك مامۆستا دامه‌زرابوو، له 2005دا دنیای فانیی به‌جێهێشت. كارزانیش شوێن كڵاوی خوێندن كه‌وتووه و له به‌ریتانیادا به‌خۆی و كوڵفهتێكهوه ده‌ستی داوه‌ته خوێندنی مار و مێروو. برایم حاجییش له قاهیره‌دا مژوڵی كۆمه‌ڵناسییه. به‌هه‌رحاڵ من هاتمه‌وه سلێمانی. له‌وێ هێمن خورشیدم ناسی، هێمن خوێنكاری پزیشكی بوو، پێم وا بێ له‌به‌ر نه‌سازانی له‌گه‌ڵ ڕه‌وش و ڕه‌ونه‌قی زانكۆدا ساڵێك له خوێندن دواكه‌وتبوو. سه‌ره‌تا وام ده‌زانی كه هاوڕێكانی چه‌ند ساڵێك له خۆی منداڵتر دیارن هۆكه‌ی ئه‌وه‌یه له خوێندن جێماوه، وه‌لێ وا نه‌بوو، ورده ورده بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌و له‌گه‌ڵ خادیمی مزگه‌وت و مردووشۆری مزگه‌وته‌كه‌ی به‌رانبه‌ر به‌شی ناوخۆییه‌كه‌ی مهجیبهگیشدا هاوڕێیه، بهیانییهكیش له ڕیزی نانهوایهكدا دیم هه‌ر كه نۆره‌ی هات نان نه‌ما، جارێكیشیان دیم له په‌توو تهوزیعكردندا په‌تووی به‌ش نه‌مابوو، ئێوارهیهكیش كه مهتبهخهكهمان غازی نه‌مابوو چوومه مهتبهخهكهی وان بینیم هێمن خورشید بوتڵێك غازی سه‌ره‌وخوار كردووه‌ته‌وه، كه‌چی به‌و جۆره‌ش نوزه‌ی غاز نایه‌ت…
بینینی هێمن خورشید بۆ من وه‌ك بینینی خوێنكارێكی تر نه‌بوو، سه‌دان ته‌له‌به‌م ببینیایه وهم ده‌زانی یه‌ك ته‌له‌به‌م بینیوه، هه‌مویان له یه‌ك كاتدا ده‌خه‌وتن، له‌یه‌ك كاتدا ده‌هاتن سه‌یر ته‌له‌فزیۆنیان ده‌كرد، یه‌كجۆر جلوبه‌رگ و یه‌ك شێوه قسه و باس و نوكته‌یان ده‌گێڕایه‌وه. یه‌ك كولتوور و یه‌ك ژینگه باری هێنابوون و ده‌چوون بۆ سه‌فره‌ی عام. من هه‌ر له دووره‌وه له هێمن خورشید ڕاده‌مام به بێئه‌وه‌ی وا پیشانبه‌م بینیومه یا په‌یجۆری ده‌كه‌م. زۆرجار ئه‌وم دیوه به‌س خۆی له هۆڵی ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌دا سه‌یری كارتۆنی كردووه، بینیومه نیوه‌ی سه‌ری به ئاو شۆریوه و نیوه‌كه‌ی تری هه‌ر كهف بووه و قاڵ دروستبووه و ئاو بڕاوه، بینیومه لایه‌كی كراسه‌كه‌ی ئوتوكردووه و ڕێك له‌و ساته‌دا كاره‌با بڕاوه… له‌حزه‌یه‌ك هێمن خورشیدم نه‌دیوه بینینێكی ئاسایی بێت. له گه‌راجی پاسه‌كانی كه‌لار سلێمانیدا بینیومه، من له پاسی خورماڵدا و ئه‌و له‌پاسی كه‌لاردا به‌لاچاو سه‌یری یه‌كدیمان كردووه، هه‌ردووكمان ڕێك وه‌ختێك گه‌یشتوینه‌ته گه‌راج، بیستویهكهم نه‌فه‌ر سه‌ركه‌وتووه و پاسه‌كه قه‌پات بووه و به‌ڕێكه‌وتووه، ئیدی ئێمه‌ش له پاسێكی به‌تاڵدا زیاد له چه‌ند سه‌عاتێك چاومان بڕیوه‌ته نه‌فه‌ری داهاتوو، ئه‌وم دیوه تاكه نه‌علێكی هه‌بووه و ئه‌وی دی ونبووه، دیومه جله شۆراوهكانی به ته‌نافی حه‌وشه زلهكهوه كه‌وتوونه‌ته ئه‌رزێ و له جاران پیستر بوون… جارێكیان له ستوونێكی ڕۆژنامه‌ی خوێندنی لیبڕاڵدا بابه‌تێكی ویم دی، هه‌ستم ده‌كرد من نووسیومه، خۆمم له‌ودا ده‌دییه‌وه. جیاوازییهكانیشم له‌گه‌ڵیدا له لێكچوونهكانم له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی تردا پێ خۆشتر بوو. هێمن خورشید ته‌له‌به‌یه‌ك بوو خۆی ههڵنهدهكێشا به كۆلێژه‌كه‌یه‌وه، هه‌میشه واقیعی خوێندنه‌كه‌ی ده‌خسته ڕوو، خۆشی وا پیشان نه‌ده‌دا دارای سامان و سه‌روه‌ته، هه‌ژارییه‌كه‌ی به دیوێكی جوان‌دا زانكۆی پێ ده‌برده سه‌ر. گهرمیانییش بوو، وه‌ك شاره‌زووری و گه‌رمیانی و هه‌ورامییه‌كانی دی زمانی خۆی نه‌گۆڕی بوو. له بینینی جوانیی كیژاندا زه‌نگینترین چاوی هه‌بوو، رۆحی ده‌په‌رژایه سه‌ر هه‌موو لایه‌نێكی ژن. وا نازانم به نیگایه‌ك دڵی كیژێكی خۆش كردبێت. ئه‌و جیاوازبوو له ئیسلامییه ڕه‌نگ زه‌رد و ته‌بیعه‌ت بوغزن و ملشۆڕهكانی به‌رده‌م كچ، ئه‌و جیاوازیش بوو له‌و تڕه مۆدێلیانهی وشه‌و ئه‌تواری خۆرئاوایان له‌به‌ر كردبوو، له‌وانه‌ش جیاواز بوو ته‌نها له‌به‌ر به‌ده‌ستهێنای بزه‌ی كچێك به چوار جۆر مۆدێلی قژیان ده‌گۆڕی.
دڵنیا بووم كه مۆڕاڵییانه له‌گه‌ڵ كچدا مامه‌ڵه ده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه نییه كه وا بزانێت نه‌زه‌ر و تێكه‌ڵی و ئه‌ولاتر حه‌رامه، ئاخر من هێمنم له‌ته‌ك خوێنكاری شیویعیدا دیوه، دلێر و حه‌یده‌ر و كێ و كێ، له‌گه‌ڵ وشكه ئیسلام و وه‌هابی و شل و توندڕه‌و و ته‌بیعه‌ت ئیسلامییشدا دیومه، عه‌بدوڵای مه‌لا ئه‌حمه‌د و عه‌بدوڵای فازیل و عه‌بدوڵا ههورامییهكه و…. قه‌ده‌ری ئه‌و وه‌ها بوو هه‌رچی عه‌بدوڵا ناو هه‌بوو ده‌یناسی و به عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیش گه‌لێ سه‌رسام بوو، جارجاریش به منی ده‌گوت عه‌بدوڵای كوڕی سه‌لول. ئه‌و هاوڕێكانی دابه‌شكردبوو به‌سه‌ر شهنسدار و بێشهنسدا، بۆ نموونه فه‌رهه‌نگ له جومله‌ی شهنسدارهكان بوو، جارێكیان چیرۆكێكی شهنسداریی فه‌رهه‌نگم له هێمن بیست: پاش ئه‌وه‌ی نێزیكه‌ی سێ ڕۆژ داك و بابی شاخی فه‌رهه‌نگ ده‌گرن تا به‌رمیله نه‌وته‌كه‌یان به‌رێته ڕیزی به‌رمیله‌كانی دیكه‌وه، سا به‌ڵكو سه‌ره نه‌وته‌كه‌یان نه‌فه‌وتێت، ئێواره‌یه‌كیان فه‌رهه‌نگ به دوو تل به‌رمیلی نه‌وته‌كه‌یان له سه‌ره‌دا داده‌نێت، بهرمیلهكهیان سهدوههشتاههمین به‌رمیل ده‌بێت و سهدوحهفتاو نۆ به‌رمیلی له پێشه‌وه ده‌بێت، ڕێك له‌و كاته‌دا ته‌نكه‌ری نه‌وته‌كه دێت و به‌پێچه‌وانه‌وه و لهبهرمیلهكهی ماڵی فه‌رهه‌نگه‌وه ده‌ست به دابه‌شكردنی نه‌وت ده‌كات! هه‌ڵبه‌ت نموونه‌ی بێشانسهكانیش من بووم.
من ئه‌وم له‌گه‌ڵ نه‌وجه‌وان و به ته‌مه‌ندا دیوه، له‌ته‌ك هه‌ورامی و خه‌ڵكی ناوچه‌ی سیمیل و حه‌سه‌كه‌دا دیوه، من هیمن خورشیدم دیوه ئه‌و به‌یانییه‌ی كه تاقیكردنه‌وه‌ی بایۆكیمیستری هه‌بووه، كتێبی (هبوت در كویر)ی دكتۆر عه‌لی شه‌ریعه‌تی له بنده‌ستدا بووه. كوره بینیومه گۆرانی وتووه و ده‌نگیشی ناخۆش بووه، دیومه هه‌ر له داخلییهكهی خۆیدا، كاتێك ئیسلامییه به‌ناو ئیمانداره‌كان له گه‌رمه‌ی جه‌نگی جوندولئیسلام و یه‌كێتیدا خۆیان شاردبوویه‌وه، ئه‌و به‌رنوێژی ده‌كرد.
هێمن ده‌ینووسی، ده‌یخوێنده‌وه، ده‌په‌یڤی و كۆڕی ده‌گرت، دنیایه‌ك گه‌جه‌ر و گوجه‌ری ده‌ناسی. دڵنیام وه‌ك من چۆن ئه‌وم جیاواز ده‌دی ئه‌ویش بۆ من وا بوو. نازانم یه‌كه‌م دیدارمان كه‌ی بوو، ده‌رماڵه‌كه به‌شی نه‌ده‌كردم، سه‌رچاوه‌یه‌كی دیشم نه‌بوو، ته‌سجیلێكیان دامێ تا چه‌ند دیدارێ سازكه‌م له‌مه‌ڕ پرسی هه‌ڵبژاردنی قوتابیان، له شه‌وێكی باراناویی بێكارهبادا و له‌ژێر قادرمه‌كانی به‌شه ناوخۆییه‌كه‌دا به خۆم و تهسجیلێكهوه هێمن خورشیدم دییه‌وه، هێمن ده‌ستێكی به‌رز ده‌كرده‌وه و یه‌كێكی داده‌نا، سڵاوی ده‌دا به ده‌م سڵاوه‌وه. گوتم كارێكی له‌م جۆره‌م هه‌یه، بێ یه‌ك و دوو كه‌وته قسه‌كردن. دره‌نگانێ دیدارم له‌گه‌ڵ چوارده كه‌سا كرد، قسه‌كانی هیچكامیان وه‌ك هێمن خورشید نه‌شئه به‌خش نه‌بوون. وه‌لێ ته‌نها ده‌نگه‌كه‌ی ئه‌و تۆمار نه‌كرابوو. هێمن سی و چوار ساڵ لهمهوپێش چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێنا، ئه‌وكاتی من ناسیم ته‌نها بیست و سێ ساڵ بوو، جه‌وانێكی نه درێژ و نه كورت، تا قامه‌تی تا ڕاده‌یه‌ك به‌لای كورتییدا شكابووهوه، ئه‌وكات ورگی نه‌بوو، پاش ژنهێنان نه‌ختێ ورگی گردكردووهتهوه، ده‌شێ كێشی حه‌فتاو سێ كیلۆ بێت و باڵایشی سهدوحهفتا و دوو سانتیمه‌تر بێت. ئه‌و زۆرترینی پاره‌كانی به كتێب ده‌دات و كهمێكیشی به جل و به‌رگ، هیچی پاشه‌كه‌وت ناكات. ئه‌و حه‌زی به ئاڵوگۆڕی شوێن و گه‌ڕانه، سه‌رسامه به بیری شیعه‌گه‌رایی و بیرمه‌نده‌كانی ئێران، مه‌یلی به‌لای بیرمه‌نده گه‌وره‌كانی عه‌ره‌بی، وه‌ك عه‌باس مه‌حمود و ته‌ها حوسه‌ین و نه‌جیب مه‌حفوز و شاعیرانی وه‌ك ده‌روێش و جوبران خه‌لیلدا هه‌یه. هێمن تامه‌زرۆی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌بوعه‌لای موعهرییه و، مێژوو كه‌م ده‌خوێنێته‌وه وه‌لێ له فه‌لسه‌فه‌ی مێژوودا پڕه، وه‌ك چۆن مه‌سعوود محه‌مه‌د له خودی حاجی قادر و نالی زیاتر له شعره‌كانیان ده‌گه‌یشت، هێمنیش به هه‌مان شێوه له خودی مه‌سعوود محه‌ممه‌د زیاتر له نووسینه‌كانی مه‌سعوود محه‌ممه‌د تێده‌گات، هێمن دنیایه‌ك نووسینی په‌ڕاگه‌نده‌ی هه‌یه، نووسینه‌كانی به‌سه‌ر بواره‌كانی ئه‌ده‌ب و شیعر و ڕه‌خنه و ڕوانگه‌ی هزرییدا دابه‌ش بوون. ئه‌و دارای چه‌ندین به‌رهه‌می ناوازه‌یه و چه‌ندین كتێبی له زمانی عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی، وا بزانم له ئیبن خه‌لدوونه‌وه ده‌ستی پێكرد و به نووسینه‌كانی سه‌لامه مو‌سا گه‌رمتر بوو. هێمن خورشید زۆرخۆر نییه، زۆریش ناخه‌وێت، عه‌ره‌بییه‌كی ڕه‌وان ده‌زانێت و پێم وایه گه‌ر تێكه‌ڵی عه‌ره‌ب بووایه دوو هێنده‌ی كورد هاوڕێ و دۆستی ده‌بوو. ئه‌و له كۆڕی ده‌روێشاندا حاڵ ده‌یگرێت. له هه‌مانكاتدا وه‌ك سهلهفێكی ساڵحیش هه‌ستی دیندارانه‌ی ده‌جۆشێت، گه‌ر هێمن و چه‌ند كه‌سێكی دی نه‌بوونایه كێ هه‌بوو وه‌ڵامی شه‌رع و سێكس و ژنه‌كه‌ی مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی بداته‌وه؟ كه‌چی له‌ولاشه‌وه هێمن نوسه‌ری (كه‌ری نیوهسهڕ) و (تڕێك له‌ناوه‌راستی شه‌قام)ه. ده‌توانین هێمنی پێش ژنهێنان و هێمنی دووای ژنهێنان له دوو تابلۆی جیاوازدا نومایان بكه‌ین.
هێمنی پێش ژنهێنان، هێمنێكی سروشت هه‌ورامی بوو، ڕه‌نگه ته‌نها هه‌ورامییه‌كان وێنه‌ی ئه‌ویان هه‌ورامییانه بینیبێت، وه‌لێ كه ژنی هێنا ئیدی ئه‌و بویه‌وه خه‌ڵكی گه‌رمیان، چون ژنه‌كه‌ی گه‌رمیانی بوو. كاتێك هه‌ورامی بوو، ئه‌وینێكی سه‌یری بۆ هه‌ورامان هه‌بوو، له ڕۆژنامه لۆكاڵییه‌كانی هه‌وراماندا ده‌ینووسی، هاوڕێ و دۆستی هه‌ورامی فره‌ی هه‌بوو، دیندارییه‌كی شێوه ههورامییانهی هه‌بوو، یانی پێش نوێژ وه‌ك گه‌رمیانییه‌كان سیواكی له زار وه‌رنه‌ده‌دا، هاموشۆی مزگه‌وتی كه‌م بوو، ئه‌گه‌ر به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم نوێژی به‌یانیانیشی جار جار له كیس ده‌چوو، هێمن دنیایه‌ك شیعری په‌رشوبڵاوی هه‌بوو، شیعری بۆ دایك و عیشق و شۆڕش و شه‌هاده‌ت نووسی بوو، هه‌موو ئه‌وانه‌یشی له (دیوانی شووشه)دا وه‌شان كرد.
زۆرجیدی و به به‌رنامه‌یش نه‌بوو، ستراتیژیشی نه‌بوو، به‌گوێره‌ی بارودۆخی ئه‌و كاته‌ی تێیدا ده‌ژیا بیری ده‌كرده‌وه، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی هێنده‌ی تر ئه‌وی له‌لای من په‌سه‌ند كرد. هێمن به هه‌ژاری ژیابوو، ژیان به زه‌حمه‌ت به كامی وی سوڕابوو، باوه‌ڕكه‌ن جارێكیان كه له به‌ریتانیا بووم، براده‌رێك باسی گرانیی زه‌وی نیشته‌جێبوون و خانووی ده‌كرد له كه‌لاردا، من ده‌مزانی ماڵ هێمن له كه‌لاردا خانوویه‌كیان هه‌یه و داویانه‌ته كرێ، كه بیرم كه‌وته‌وه له‌و دیو ئۆقیانووسه‌كانه‌وه كۆڵێ خۆشی ڕووی تێ‌كردم.
هێمن گه‌ر خورشیدهكهی له‌گه‌ڵ به‌كار نه‌هێنی، لهوهناكا ناوی هێمن بێت، باوه‌ڕیش ناكه‌م كه‌سێك هه‌بێت هێمن بناسێت و قانع له‌و باشتر نه‌ناسێت. نووسینه‌كه‌ی ئه‌و بۆ من نابێته هۆی نوێكردنه‌وه‌ی هاورێیه‌تیمان، من و ئه‌و ئه‌سته‌مه هاوڕێ نه‌بین، لام وایه هاوڕێیه‌تیمان به كۆنییهوه جوانه، هه‌ردوكمان كۆنسه‌رڤاتیڤ و كۆنخوازین، با به باسی ته‌مه‌ن و ساڵ و لۆچی ده‌موچاویش قه‌ڵس بین. هێمنی نوێ بۆ من جۆرێك له بێتامیی تێدایه، هه‌رچه‌ند دووریش بێت هه‌ر ڕێم ده‌كه‌وێته بینینی، پاش ئه‌وه‌ی بووه دكتۆر چووم بۆ بالیسان بۆلای، له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵای مه‌لا ئه‌حمه‌ددا له‌گه‌رمه‌ی نووسینی ماستهرنامهكهمدا، له كاتێكدا نهمدهپهرژا ڕیشم بتاشم چوومه بالیسان و ئه‌وم دی، دێڕبه‌دێڕی ئه‌و ڕۆژه‌م له‌به‌ره كه له‌گه‌ڵ جه‌میل هه‌ورامی و هێمندا به‌سه‌رمان برد، پاش ماوه‌یه‌ك بیستم ئه‌و له پێنجوێنه، دواتر بیستم له كه‌لاره. ئێستاش ده‌بیستم سوكه ده‌وامێكی له سلێمانیدا هه‌یه، كه‌م كه‌م یه‌ك ده‌بینین، ئه‌ویش خۆی هاویشتووهتهوه ئامێزی خوێندنه‌وه.
باوكم كه به هێمن خورشید ده‌ڵێت (خورشیدهكه) و، به قانعی برایشی ده‌ڵێت (یارۆ قانیعهكه)، یه‌كه‌مجار كه له‌گه‌ڵ هێمن خورشیددا یه‌كتریان بینی، بێ هیچ پێشه‌كییه‌ك لێی پرسی: ئه‌وه له كۆڵانهكهتاندا قاز هه‌یه؟ بێئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره وه‌ربگرێت، پرسییه‌وه: ئه‌ی ته‌نور هه‌یه، هێشتا وه‌ڵامی هیچیانی وه‌رنه‌گرتبوو پرسییه‌وه: ئه‌ی بێشكه‌ی منداڵ هه‌یه، ئه‌وانه‌ی به بن پاساره‌وه هه‌ڵده‌واسرێن؟! ئه‌م پرسیارانه هێمنیان گه‌شانده‌وه، هێمنێك كه له ژیانیدا پێشبینیكردن سه‌نگی گه‌وره‌ی هونه‌ره‌كه‌یه‌تی.
گه‌ر ئه‌حمه‌د هه‌ردی به‌و دووله‌ته شیعره‌وه بووبێته شاعیرێكی گه‌وره و مه‌زن، ئه‌وا هێمن خورشیدیش به گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی ژنهێنانی باپیری و نه‌زمی زه‌وقی و، باسكردنی وردی هه‌ڵپه و هه‌ڵبه‌زی هه‌وه‌ڵ شه‌وی و پچڕانی په‌تی قه‌راری له نه‌وه‌د ساڵیدا، جۆرێك له هونه‌ری هه‌ڵده‌ڕشت، وام هه‌ستده‌كرد ئێواره‌ی بووك گواستنه‌وه‌كه‌ی پاپیری منیش له‌وێ بووم و به دهفێكهوه به‌دووی كه‌ژاوه‌ی هێستری بووك كه‌وتووم و زوڕناژه‌نه‌كه هه‌ر خۆم بووم و بۆ خۆیشم گۆرانی (هۆ باهۆ باهۆ باهۆ، شاییه و موباره‌ك باهۆ)م چڕیوه. هێمن كه باسی ماجه‌راكانی ئه‌و شه‌وه‌ی ده‌گێڕایه‌وه، ڕێك باپیریم ده‌هاته پێش چاو به بیجامه‌یه‌كی خه‌تخه‌ت و جهمهدانییهكی داته‌پیو له‌ژێر باری كه‌فوكوڵی كه‌لله‌ی پڕ حه‌ز و خولیایدا. من له ده‌ره‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌ی هێمن خورشیددا مقۆمقۆی زه‌ماوه‌نده‌كه‌م هێنابوویه پێشچاو: هه‌یوانێكی نسرم، دیوارێكی سواغدراو به كه‌فماڵی قوڕێكی شه‌قبردوو، په‌نجه‌ره‌یه‌ك به بۆیاخێكی شینی تۆخ و زهلێكی شۆڕه‌وه بوو له پاساری ماڵه‌كه‌وه، گه‌مه‌ی ژیان تێكه‌ڵ به جوانییه‌كانی باپیری هێمن ببوو، ئه‌و سه‌د ساڵ لهمهوپێش نه‌وجه‌وان بوو. هه‌ر به شازده ساڵی ته‌بیعه‌ت ئاغه‌واتی مه‌سله‌ك گه‌رمیانی بوو، چه‌ندین قۆناغی ژیانی بڕی بوو، جهخاراویترین قۆناغ له ژیانیدا جوانه‌مه‌رگبوونی خورشیدی كوڕی بوو، خورشید وه‌ك كه‌سی تر نه‌بوو، ئه‌و خه‌ونێك بوو هاتوو و چوو، خه‌یاڵێك بوو هه‌ر هێنده خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ واقیعدا بوو تا هێمن خورشید فڕهبداته واقیعه‌وه، ئه‌و به هه‌ڵه تێكه‌ڵی ڕۆژگار ببوو. دروست سی ساڵ لهمهوپێش به‌یانییه‌كیان جه‌رگی ره‌شیدیان سوتاند و، ته‌رمی جوانهمهرگهیان هاورده‌وه بۆ به‌ر ئه‌و هه‌یوانه‌ی باسمان كرد. ئه‌و به‌یانییه شێخله‌نگه‌ر كه هه‌ر چه‌ند فرسه‌خێك له كه‌لاره‌وه دووره، وه‌ك ئه‌وه وا بوو ههڵتكێشابێت له خه‌م، هێمن له‌و به‌یانییه‌دا دنیایه‌ك چاوی به‌زه‌یی بڕابوونه چاوی، دنیایه‌ك ده‌ستی جه‌خار هێنران به قژه خاوهكهیدا. هێمن له‌و به‌یانییه‌وه هه‌موو ئه‌و چاوی به‌زه‌یی و ده‌ستی میهر و ئهوینانهی لهكهلله و گلێنه‌ی خۆیدا گلدانه‌وه و پاراستنی. ئیدی هێمن بووه زاڕۆیهك، زه‌نگین به به‌زه‌یی بۆ خه‌ڵك و ده‌وروبه‌ر، بووه نه‌وجه‌وان و گه‌نجێك وه‌ك ئینگلیز ده‌ڵێت بووه (ئهدۆڵتێك)، وه‌لێ له هه‌موو قۆناغه‌كاندا به چاوی به‌زه‌ییه‌وه ده‌یڕوانییه ژیان و به‌ده‌ستی میهره‌وه سه‌ری هه‌موو ڕۆژێكی ته‌مه‌نی شانه ده‌كرد. ئه‌و ڕقی هه‌ر له ناخی خۆیدابوو، زۆرجار كه منداڵیی ئه‌و دێته پێشچاوم ماندوو ده‌بم، ئاڵۆزه بتوانی منداڵێك به سروشتێكی گه‌وره و پیرانه‌وه دروست بكه‌یت، له شیعره‌كانی منداڵیی ئه‌ودا كه ده‌فته‌رێكی بۆ ته‌رخان كردوون، ئۆردوگایه‌ك له ئه‌زموون و خه‌م و تاڵی ژیان ده‌بینی، خه‌یاڵی زارۆیی ئه‌ویش هه‌ر پاسكیل و په‌شمه‌ك و موروی سوور و سه‌ودای عه‌مبه‌روه‌ری بوون، ئه‌ویش ئه‌ویندارانه بۆ ژیان گریاوه. خاڵی هاوبه‌شی من و ئه‌و له‌وه‌دا بوو كه به منداڵی هه‌ردووكمان بێتام بووین، دواتر زانیم منیش له ده ساڵیدا ده‌فته‌ری شیعرم هه‌بووه، ده‌زانن له مناڵییدا باسی ئه‌رته‌شی ڕۆم و مه‌غۆل و ته‌یموری له‌نگم كردووه؟ ئه‌م كه‌ڵكه‌ڵه‌ی گه‌وره‌بوونه جگه له منداڵێكی بێتامی وه‌ك هێمن خورشید له زارۆی تردا نه‌مدیوه.
هێمن خورشید! تۆ كه باسی خۆشی كه‌شی منداڵیی منت كردووه، كه‌مێك بۆ گێڕانه‌وه‌كانی خۆیشم بگره: یه‌كه‌مجارم نه‌بوو بێمه شار، پێشتر به یارۆ پۆڵهنییه داشقهكان و به ته‌په‌دۆر و پاپوجێكی دووڕهقهم بۆ پێم گه‌وره‌تر، یا جزمه‌یه‌كی له‌بنه‌وه شڕ و له لاوه ته‌عدیل به ته‌عمیری چه‌قۆ مشارینهكهی بابم، ڕێم كه‌وتبووه شاری سلێمانی.
له‌یادمه وه‌ختێ جزمه لاستیكه سوور و زهردهكانمان له لێواری فڕه‌دان ده‌گه‌ڕانده‌وه، ئیدی بۆنی لاستیكی سووتاو ده‌رودراوسێی لێ لووته‌لا ده‌كردین، ئای چ چێژكی شیرینی منداڵی له‌گه‌روومدا ده‌ورووژا وه‌ختێ جزمه سووره‌كانم به پینه‌یه‌كی ڕه‌ش یاخو شینه‌وه ده‌دی، ئیدی به‌بێ مزهڕهتی ده‌متوانی به‌سه‌ر جۆگه به‌ستووه‌كانی كۆڵانه‌كه‌ماندا سه‌هۆڵ بشكێنم.
یان هاوینان، ئه‌وی ده‌م چلوره و مۆته و ئایسكرێمم ده‌برده‌وه و له گه‌رمه‌ی گرانیی و گه‌رمه‌ی جه‌نگی ناوخۆ و گه‌رمه‌ی هاویندا، له كووچه‌كانی كۆمه‌ڵگای عه‌ربه‌تی خواروودا ده‌مفرۆشتن، یاخو به ته‌شتێكی نایلۆنی سه‌وزی لێوار سووتاوه‌وه به‌یانیان ڕه‌پ له‌به‌رده‌م شاگردی پاسه‌كه‌دا دهوێسام، سا به‌ڵكو خۆم و ته‌شته‌كه‌م له‌به‌رده‌م شوێنی ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌دا، به كرێی نیوه‌ی نه‌فه‌رێ به‌رێته شار، یاخو ته‌خته‌ی پاكه‌ت و جگه‌ره‌م به قایشێك ده‌كرده مل، (جگه‌ره به دانه و به پاكه‌ت) ئاوازێك بوو، بۆ هه‌وه‌ڵجار له‌زاری منه‌وه ده‌نگه ژێكانمی له‌سه‌ر ڕاهاتن. له‌وێوه ئاشنابووم به نێوچه‌وان، هه‌ر له‌وكاته‌وه گه‌ر پێیان وتمایه نێوچه‌وان چییه؟ نه‌مده‌وت نێوچه‌وان بریتییه له ته‌وێڵ و چاو و برۆ و لوت و ئه‌م شتانه، ده‌موت نێوچه‌وان ئه‌وه‌یه سوبحانه خوا موانهتیم با له‌نێو بیستویه‌ك نه‌فه‌ردا به تهبهدۆرێكی لاكێشه‌ی چڵكنه‌وه به‌پاوه ڕاوهسم و بمبه‌نه شار، تۆ سه‌یركه ژیان چه‌ن سابیرانه پێشوازی لێكرابوو، تۆ سه‌یركه چ شوكرانه بژێرییهكی ئه‌یوبیی لاتیمانی زه‌نگین كردبوو، به‌خه‌تی لار وه‌ك چاره‌نوسی خۆم له‌بان تهپهدۆرهكه نوسیبووم: (ئهلحهسودو لایهسود)!
دروست له نیمه‌ی نه‌وه‌ده‌كاندا ته‌مه‌نم چوارده ساڵ بوو، له چوارده‌ساڵیدا هه‌نگامی ڕاستیی كه‌سابه‌تم نایه شار، گاهێ فه‌ریكه نۆكم ده‌فرۆشت، گاهێ ترۆزی به‌ترش و خوێوه گاهگاهێكیش لوقمه‌قازی و ڕانه مریشك. چله‌ی گه‌رمی كه‌سابه‌تم زێده‌تر له هاوینانا بوو، وه‌لێ لۆژیكم له دهستگێڕییهكهمدا به‌كارنه‌ده‌هێنا، بۆ نموونه به‌و وشكه ساڵییه و له هاوینانی عه‌ربه‌تدا، له‌بری ئه‌وه‌ی پیپسی كۆلا بفرۆشم، پسكیت و لوقمی شروبیم ده‌فرۆشت، ئێسته‌یش پاش هه‌ژده ساڵ كه بیر له‌و مهرارهته ده‌كه‌مه‌وه ته‌ژنه‌یی هه‌ناوم ده‌ته‌نێ و سێ په‌رداخی زل ئاو ده‌خۆمه‌وه. له زستانێشدا مژوڵی خوێندن بووم. ئێسته‌ش له سیڕی ئه‌و سیحره تێناگه‌م، چۆن منێكی ڕهشتاڵی قژناڕێكی قاچ پهیزهنی پاتاڵ، بیرم نایه ڕۆژێ خوێنكار نه‌بووبم و بیریشم نایه ڕۆژێ قه‌ڵه‌م دار یان جافێكم هه‌بووبێت، ته‌نها كاتێك قه‌ڵه‌م جافم ده‌ستگیر ده‌بوو كه جلێكی جوان و دڵگیرم هه‌بووایه، بۆ ئه‌وه‌ی ههڵچێَت و عه‌یبداری بكات.
من له دووی سه‌ره‌تایی و له كۆتایی كیمیاباران و جه‌نگی ئێران_ئێراق و مه‌رگی خومه‌ینیی، له گه‌ره‌كی زه‌رگه‌ته‌ی سلێمانیدا بوومه‌وه خوێنكار. سیحری من له كوێدابوو له‌نێو شه‌ست خوێنكاردا ببمه قدوه و به‌و هه‌موو حه‌سره‌ته‌وه و له ڕیزی پێنج شهمووانا دوو هه‌نگاو له‌پێش پۆلهكهمهوه ڕاوه‌ستم، ئه‌گه‌ر سودفه یا سیناریۆیه‌كیش بێت بۆ كهیفخۆشكردنم، خۆ پرۆسه‌كه دیموكراسیانه و به ده‌نگدان بوو، چۆن ئه‌و هه‌موو منداڵه سووروسپی و بۆنخۆش و ناسك و نازداره پهلكێشكران بۆ پێشه‌وایه‌تیی ئه‌م منداڵه هه‌ر به منداڵی ته‌وێڵ لۆچ و نه‌گریسه؟ ئه‌دی چۆن جارێكی تریش له عه‌ربه‌تدا به‌هه‌مان نه‌زم ههڵبژێردرامهوه و بوومه قودووهی پۆل؟
ڕۆژێكیان له‌ته‌ك ڕه‌وشت موحه‌مه‌ددا(بارام) له‌سه‌ر زبڵدانێكی گه‌وره‌ی عه‌ربه‌تی خوارێدا _دروست له‌و عه‌یامه‌ی فه‌رهود وڵاتمانی ته‌نی بوو، به چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌كی كورت پاش ڕاپه‌ڕین_ به‌دووی مس و فافۆن و نه‌علی دڕا‌و و ته‌لی دڕكاویدا ده‌گه‌ڕاین، چه‌ندین جار ته‌لی ته‌له‌فوونم له‌نێو سهنێردا دیتووه و به ددان پۆسهكهیم لابردووه و تاڵی مسهكانیم جودا كردووه‌ته‌وه، ئه‌و كات هه‌موو شتێك گرد ده‌كرایه‌وه و ئاودیوی ئه‌ودیو ده‌كرا. ئێمه‌یش هه‌ڵوه‌دای ئه‌و نه‌زمه بووین. وه‌لێ له زبڵێشدا نێچیرمان نه‌بوو، ته‌نانه‌ت نه‌علێكی دڕاومان نه‌ده‌دۆزییه‌وه تا بیده‌ینه بنێشتێكی هه‌ورامی و كه‌مێك ته‌ڕایی و تینوویه‌تی ئه‌و ههورامانهمان بۆ بشكێنێت كه تۆ تیشكت خستووه‌ته‌سه‌ر. یاخو له سه‌ربازگه‌دا به شوێن ویلی ماشین و كه‌وه‌ر و پستۆنه شكاوه‌وه بووین. كه‌ڕه‌تێك هه‌ر هیچمان نه‌دۆزییه‌وه، من و ئه‌و ئه‌وێ ده‌م له‌سه‌ر وه‌زنی ئه‌و لاواندنه‌وه و هۆنراوانه‌ی به باڵای ئازایه‌تی و جوامێری ئیمامی عه‌لیدا ده‌وتران، له فه‌تحی قه‌ڵای خه‌یبه‌ر و خاپوركردنی جووه‌كاندا، ده‌ممان ده‌دا له تاڵیی ژیانمان. ته‌قلیدی ئه‌و كاسێت و هۆنراوانه‌مان ده‌كرده‌وه كه باسی (خورشید و خاوه‌ر) و (شیرین و فه‌رهاد) و (رۆسه‌م و زۆراب) و (له‌یل و مه‌جنون)یان ده‌كرد. له یه‌كێك له دێڕه‌كانی سه‌نای عه‌لیدا، كاتێك عه‌لی چل له پاڵه‌وانه‌كانی جوو داده‌پڵۆسێت و ده‌یهه‌وێت ڕێڕه‌وی ڕووبارێك بگرێت، له‌سه‌ر زمانی وی‌دا هاتووه: ” دیانێ ئیلا نه‌دار بێ نه‌چۆ، دیانێ ئه‌ولا نهداربێ نه‌چۆ، چل پاڵه‌وانه‌م خسته‌نه بن جۆ…”، ئیدی ئه‌و ڕۆژه كه من و ڕه‌وشت هیچمان چنگ نه‌كه‌وت، ئه‌و به جهخارێكهوه گوتی: ” دیانێ ئیلا نه‌مس بێ نه فافۆن”، منیش گوتم: ” دیانێ ئه‌ولا نه كه‌وه‌ر بێ نه بستۆن!”، ئاخر گه‌ر (ڕه‌وشت موحه‌مه‌د) له ته‌مه‌رهند فرۆشتنهكهیدا پوڵگهلێكی گردكردایهتهوه په‌نای نه‌ده‌برده به‌ر سه‌ربازگه و سه‌ر زبڵدانه‌كان.
ڕۆژێك له یه‌ك كاتدا من و ره‌وشت نه‌گبه‌تی دایگرتین، من له عه‌ربه‌تی سه‌روودا بۆیاخچی بووم، سندووقێكی ته‌خته‌ی ناقۆڵا و چه‌ن شووشه سبوغێكی ڕه‌ش و قاوه‌یی و په‌ڕۆیه‌كی ڕه‌شم له هه‌گبه‌دا بوو، ئیدی ڕیزه زارۆیه‌كی بۆیاخچیی ئاواره و ئاسیبدیدهی هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان بووین و له‌گوێی ڕیزه دووكانێكی گرێساوی و پهنچهرچییهوه ستارمان گرتبوو، ڕۆژی ده جووت پۆستاڵمان بۆیاخ ده‌كرد. ئاتاجیی نان ئاوهایه. ئه‌و پۆستاڵانهی هه‌ڵه‌بجه‌یان شێلا، ئێمه‌ی زاڕۆیانی هه‌ڵه‌بجه به په‌ڕۆیه‌كی ڕه‌ش كه پێمان ده‌وت په‌ڕۆی وه‌سڵ، ده‌مان سڕین و بریسكهمان پێده‌دانه‌وه. ئه‌وه‌یش موشكڵ نه‌بوو، ئێمه ئه‌و زاڕۆیانهی له جیاتی (كه‌روێشك لانه و لانه) یه‌كه‌م ڕسته‌یه‌ك فێری بووین (قل هو الله احد) بوو، ڕۆژانه خۆمان ده‌كرد به نادییه‌كی ده‌روازه‌ی عه‌ربه‌تدا و پێڵاو و قۆنده‌ره‌ی مه‌شروبخۆر و مهخمورهكانی شارمان بۆیاخ ده‌كرد. هه‌ر له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌و ڕۆژه‌دا و له ههینییهكی شوومدا، خۆم هاویشته ئامێزی هه‌یوانێكی مزگه‌وته‌وه. له‌وێنده‌ر ئه‌ركی هه‌ینیم به‌جێهێنا، وه‌لێ چاوم گێڕا به‌سه‌ر قۆنده‌ره‌ی ته‌واوی نوێژخوێناندا و پێڵاوه لاستیكه‌كانی خۆم نه‌دییه‌وه، ئه‌و پێڵاوانه ته‌نها پێڵاوێك بوون له ژیانمدا كه منداڵیی من هه‌ست پێ كردبێتن پشت پام و سهرپاژنهم بریندارنهكهن. وه‌لێ دواجار دڵیان برینداركردم و دزران. لێره‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنم بۆ بابه‌تێكی كۆمه‌ڵناسییانه‌ی ئایینی هاته زیهنه‌وه، پاش پانزه ساڵ هه‌ر له‌خۆمه‌وه نه‌بوو كه كتێبه وهرگێڕراوهكانی (ماكس ڤێبه‌ر)م ده‌خوێندنه‌وه. له مزگه‌وتدا قۆنده‌ره‌م ده‌دزرا و له نادییهكانیشدا قۆنده‌ره‌ی خه‌ڵكیم باوه‌شین ده‌كرد. هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا ڕه‌وشتیش له‌سه‌ر لهتهبلۆكێك و له‌سه‌ر سووچی كۆڵانێكی داڕزاودا ههڵكورمابوو.
ڕیزێك منداڵی چڵمن و بێپارهیش كه زه‌نده‌قی نه‌وسیان له شووشه‌ی تهمهرهیندهكهی ڕه‌وشت چووبوو خل خل جه‌م ببوون. چه‌ند پهڕهكاغهزێكیش كه پێم وابێ وه‌ختی خۆی كتێبی خوێندنی بیركاری بووبێتن، به به‌ر شه‌رواڵه به‌نه‌خوێن لاسیكهكهی ڕه‌وشته‌وه بوون، له كلتووری ئێمه‌دا زاڕۆكان بهنهخوێنهكانیان لاسیك بوو، كه به‌هه‌ورامی پێمان ده‌گوت (ونجهنه)، منیش هه‌روا بووم كه ئه‌و له‌ته كاغهزانهمان ده‌كرد به به‌ر شهرواڵهكهمانهوه، ئیدی لائیرادی باڵمان قه‌وس و فش ده‌بوو، ڕێك عهزهمهتێك دایده‌گرتین، كه بایی په‌نجا فلسمان ده‌فرۆشت، ده‌ستمان ده‌برد بۆ به‌ر شهرواڵهكهمان وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌مانچه‌یه‌ك له‌به‌ر پشتوێنت ده‌ربهێنی هێنده‌ی تر جه‌نجاڵ ده‌بووین به لوتبه‌رزیی.
گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ڕه‌وشت له‌وه‌دا بوو، كه منداڵێكی خواپێداوی هامسایان هه‌موو سوبحانێ قیمه‌تی په‌نجا فلس ته‌مه‌رهیندی لـێ ده‌كڕی، من نه‌مده‌زانی چۆن ئه‌م زاڕۆ له دین وه‌رگێڕم و بیكه‌مه موشته‌ری شووشه تهمهرهیندهكهی خۆم، به‌ڵام سه‌رئێشه‌ی ئه‌و زاڕۆیه له‌وه‌دا بوو هه‌مووكات مرخی ده‌گرت و ده‌یگوت ده‌بێت شێوه‌ی كه‌وچكه تهمهرهیندهكه _كه ده‌كرایه نێو نیو پهڕهییهكهوه_ وه‌ك په‌پووله ده‌ربچێت! وه‌ی به‌حاڵی ڕه‌وشت گه‌ر شێوه‌ی په‌پووله‌ی له‌پێشچاوی منداڵه‌كه‌دا نهچنیایه. له ڕووی ڕێزمانییه‌وه خواردنی ته‌مه‌رهیند وشه‌یه‌كی گونجاو نییه، خۆ خواردنه‌وه‌ش بۆ ته‌مه‌رهیند هه‌ر نابێت، هیچكامیان نه‌بوو، به‌ڵكو لێسانه‌وه‌ی كاغه‌زێك بوو كه تهمهرهندهكهی له‌بان پان كرابوویه‌وه. ئیدی زاڕۆكان ته‌وێڵ و سه‌رلووت و قه‌پۆزیان هه‌موو ڕه‌نگی تهمهرهیندیان ده‌گرت.هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه من و ڕه‌وشت جۆرێك له ئینسانییه‌ت ببووه ژان و ده‌ردی سه‌ری بۆمان. منێك كه ته‌نها زاڕۆیهك بووم دارلاسیكم نه‌بوو، هێنده‌ی دنیایش تامه‌زرۆی قاقولهیهك گۆشتی چۆله‌كه بووم. ڕه‌وشت سه‌ری له خۆی تێكدا و ناوازه‌ترین دارلاسیكی به‌ده‌ست هاورد .
ڕۆژێك _ وه‌ختی خۆی ئه‌مه‌م بۆ (قانع خورشید) گێڕاوه‌ته‌وه_، منداڵێكی هاروهاج كه پێیان ده‌گوت (حهمهچهقهڵ) ڕیشۆڵه‌یه‌ك كه ئێمه پێمان ده‌گوت (پلیزرك) به‌ده‌ستییه‌وه گرفتار ببوو، ڕه‌وشت به‌هه‌ڵه‌داوان خۆی گه‌یانده منداڵه قوڕمساغهكه و پێی گوت ئه‌و ڕیشۆڵه به‌رده ئه‌م دارلاسیكهت ده‌ده‌مێ. دارلاسیكهكه زۆر نایاب بوو، زاڕۆكه به‌پڕتاو ئامبازی ڕه‌وشت بوو و دارلاسیكهكهی لێ وه‌رگرت و ڕیشۆڵهكهی به‌ره‌و ئاسمانێ ئازاد كرد. ئه‌وێ ده‌مێ من له شوێنی خۆم چه‌قی بووم و له سهربهسهرییهكهی ڕه‌وشت و حهمهچهقهڵ ڕامابووم، ده‌مدی ڕه‌وشت به چاوێكی، سه‌یری شه‌قه‌ی باڵی ڕیشۆڵهكهی ده‌كرد، كه چاوی ویژدانی بوو، به چاوێكیشی سه‌یری دارلاسیكه جوانه‌مه‌رگه‌كه‌ی ده‌كرد، كه چاوی حه‌ز و دونیا و ورگی بوو. پاش پانزه ساڵ، ئه‌و ڕیشۆڵه ڕه‌شه‌م وه‌ك بیلالی حه‌به‌شی هاته پێش چاو. بڕواتان بێت ئه‌و جوامێرییه‌ی ڕه‌وشت ده‌رهه‌ق به‌و ڕیشۆڵه كردی، هیچی كه‌متر نه‌بوو له‌و جوامێرییه‌ی سیددیق ده‌رهه‌ق به بیلال كردی، ئاخر ئه‌و دارلاسیكه كه‌متر نه‌بوو له‌و وشتر و درههمانهی له ئازادكردنی بیلالێدا دران.
هێمن خورشید! ئێمه به‌م جۆره له‌سه‌ر زبڵدانێكدا یه‌كه‌م شیعرمان له‌دایك بوو. سهیرییهتی من لێره‌وه ده‌ستی پێكرد، نائومێدیی من لێره‌وه ڕوا، له یادمه له پۆلێدا و له سووچی په‌ڕه‌ی یه‌كێك له پهڕتوكهكانمدا كه وێنه‌ی سه‌دامی له بان بوو نووسیم:
” بڕیارم دا له‌م ڕێگه‌دا ببمه ڕێبوار
كۆتری ئاشتی ئه‌مجاره‌ی كورد
نه‌ك هه‌ر یه‌ك جار
به‌ڵكو سه‌د جار
به‌دار لاسیك بخه‌مه خوار
با هه‌ر شه‌ڕ بێت
له‌تاو ده‌نگی ئاڕ بی جی دا گۆشم كه‌ڕ بێت
با بخوێنێت كونده‌په‌پووی شوم ئه‌مجاره
با پاییز بێت
دوژمنی ئێمه به‌هاره”.
من قسه له ڕه‌هه‌نده سایكۆلۆژییه‌كه‌ی جیهانبینیی منداڵی ئه‌وكاته‌م له‌م شیعره‌دا جێده‌هێڵم بۆ تۆ، دڵنیام خاستر ده‌توانی له‌سه‌ری بدوێی.
دواجار ئه‌وه‌ی من ده‌مهه‌وێ له‌سه‌ر هێمن خورشیدی بنووسم ناكرێت خه‌ڵكی تر بیزانێت، ئه‌م نووسینه‌ی من بۆ هێمن نووسینێكی تا ڕاده‌یه‌ك درۆزنانه‌یه و زۆر لهخۆكردنی پێوه دیاره، نووسینی ڕاسته‌قینه‌ی من بۆ ئه‌و ڕه‌نگه ئاسان نه‌بێت، ئاخر ژیانی هه‌ردوكمان ته‌ژییه له سنوور شكاندن و گفتوگۆی بێپایان، بڕوا ناكه‌م كه‌س توانای گوێگرتنی له‌و شانۆنامه‌یه هه‌بێت. ئه‌وه‌ش بڵێم هێمن بابی خۆی نه‌دیوه، ئه‌و باوكی شه‌هید بووه. من به خورشید ده‌ڵێم شه‌هید، هه‌رچه‌ند تا ئێستا له ده‌م هێمن نه‌مبیستووه وای پێ بڵێت، ئه‌وه یه‌كێكه له ڕه‌خنه‌كانی من له‌و و، وا هه‌ستده‌كه‌م هۆكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئهوكاریگهرییه نه‌شازه‌ی واقیعی قوماراوی ئه‌مڕۆی كوردایه‌تی له هێمندا چاندوویه‌تی.
ماجد خه‌لیل