ژیان سه‌خته، با سه‌ختتری نه‌كه‌ین!
“گریگۆر سامسا ڕۆژێك كه له خه‌و ڕاده‌بێت، له‌سه‌ر گازهرای پشت ڕاكشاوه، هه‌رچی ده‌كات ناتوانێت ڕاست بێته‌وه.. كه له خۆی ورد ده‌بێته‌وه ده‌بینێت بووه به قالۆنجه”!
سه‌ره‌تای ڕۆمانی (به‌دگۆڕان)ی فرانتس _یان فرانز_ كافكا به شتێكی له‌م چه‌شنه ده‌ست پێ ده‌كات.
له كاتێكدا ئه‌م دێڕانه ده‌نووسم ده‌مژمێر له یه‌ك و نیوی دوای نیوه‌شه‌و لایداوه و ترپه‌ی باران دێت.. له ژێر مه‌رحه‌مه‌تی په‌روه‌ردگاردا ئومێد ده‌كه‌م وشه‌كانم ببنه مه‌رهه‌می سه‌ر زامی تۆ، تۆیه‌ك كه كاتی خۆت بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م گوته سادانه‌ی منی كه‌م و بچووك ته‌رخان كردووه.
له چه‌ند ڕۆژێكدا ڕۆمانی (المسخ _ به‌دگۆڕان)ی (كافكا)م خوێنده‌وه. خۆی ماڵی ئه‌وه‌یه له یه‌ك جێ‌دا بۆی دانیشیت و بیخوێنیته‌وه، به‌ڵام من به هۆی سه‌رقاڵیی زۆرمه‌وه كاری وام پێ ناكرێت. به‌دگۆڕان یه‌كێكه له ڕۆمانه به‌ناوبانگه‌كانی دونیا، له مێژه حه‌زم له خوێندنه‌وه‌یه‌تی، ده‌شمزانی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی خۆش و شادیهێن نییه.. كه خوێندمه‌وه هه‌مان ئه‌و هه‌سته‌م بۆ دروست بوو كه له كاتی خوێندنه‌وه‌ی (كونده‌په‌پووی كوێر)ی (صادقی هیدایه‌ت)دا بۆم خولقا!
ژیان قورسه، كاری ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندی ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵماندا بچێته ژێری و چمكێكیمان بۆ به‌رز كاته‌وه، تا باری سه‌رشانمان سوك بێت. ئه‌وه‌ی بێت و ناخۆشییه‌كانی ژیانمان بۆ به‌رجه‌سته بكات و زه‌قتر له خۆی نیشانمان بدات ناحهزمانه، ئه‌وه ڕاستگۆ نییه، بهدگۆیه. ئه‌وه‌ی تاریكاییه‌كانی ناخی خۆیمان بۆ بخاته سه‌ر په‌ڕه و بمانداته‌وه دۆستمان نییه، دوژمنمانه. ئێمه‌ی مرۆڤ هه‌ر چركه‌یه‌ك له ته‌مه‌نمان له ژێر ئازارێكدا ده‌گوزه‌رێنین، ئاتاجی كه‌سێكین ئومێدمان بداتێ، سواڵی تروسكاییه‌ك هیوا ده‌كه‌ین، ده‌ست بۆ تۆسقاڵێك دڵخۆشی پان ده‌كه‌ینه‌وه. كه‌سێكمان ناوێت به‌دبه‌ختییه‌كانمان به نێوچاودا بداته‌وه، بێ كه‌ره‌می وانیش خۆمان ڕۆژانه ده‌یانبینین! كه‌سانێكمان خۆش ده‌وێت شادییهكمان پێ ببه‌خشن، نه‌ك ئه‌گه‌ر تۆزێك سهفایشمان شك برد لێمانی بسێنن!
ڕاسته ژیان سه‌خته، به‌ڵام هه‌موو ڕووداوه‌كانی ژیان بێڕه‌حمانه نین، زۆر جار سۆز ده‌بینین، زیاتر له جه‌فا سه‌فامان به‌رانبه‌ر ده‌نوێنرێت، كه‌چی هه‌میشه ناڕحهتییهكانمان له یاد ده‌مێنێت و ئارامییه‌كان فه‌رامۆش ده‌كه‌ین. له ته‌مه‌ندا شیرینی زۆر ده‌چه‌شین، به‌ڵام تامی تاڵیمان زیاتر له ده‌مدا ده‌مێنێته‌وه، باری ژیان قورسه، ئه‌مانه‌تی ئیدراك بارێكی گرانه، وه‌لێ به ویستی خۆمان چووینه‌ته ژێری، مرۆڤبوونمان ئه‌وه دێنێت باجی وا گرانی بۆ بده‌ین، بۆیه ناشبێت لێی هه‌ڵبێین! بوون ژانی هه‌یه، مان زیاتر، خۆسه‌لماندن له‌وه‌یش فره‌تری ده‌وێت، ئه‌مانه وان و كێشه‌یه‌كیش نییه، چون بوون و مان شایسته‌ی قوربانیی گه‌وره‌ترن.
هه‌ر كه‌س تاڵاوی ژیانی بۆ خستینه نێو په‌رداخێكه‌وه ئه‌ركی سه‌رشانیشیه‌تی له بنیدا كه‌وچكه شهكرێكمان بۆ دا‌نێت، مرۆڤی دڵسۆز و ڕاستگۆ ده‌بێت وه‌ك جه‌لاله‌ددینی ڕوومی بدوێت، وه‌ك تۆڵستۆی بنووسێت. ئه‌وان سه‌رشارن له ئه‌وین، له شادی و ئاوه‌دانی، له كاتێكدا شادی ده‌به‌خشنه‌وه كه درۆ ناكه‌ن و ناشیرینییهكانیش به جوان ناخه‌نه ڕوو، به‌ڵكو ته‌واوی حه‌قیقه‌ت به‌یان ده‌كه‌ن، من له (چاوه‌كانی هۆشمه‌ند)یشدا ئه‌مه‌م وتووه، نابێت وێنه‌ی فۆتۆگرافی له ژیان بگرین، هه‌ڵه ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر به‌شێك له بوون ببینین و پێیه‌وه بچه‌سپێین و گشت بوون وا وێنا بكه‌ین. ئه‌وه سته‌مه، له خۆمان، له حه‌قیقه‌ت، له خه‌ڵك… له ڕاستی.
كه نا‌توانیت دڵم خۆش كه‌یت؛ بۆچی دڵته‌نگترم ده‌كه‌یت؟ كه پێت ناكرێت ئاسته‌نگێكم له به‌رپێ لابه‌یت؛ له‌به‌ر چی به‌ردی ترم بۆ ده‌هاوی؟ كاتێك نه‌تتوانی بزه بخه‌یته سه‌ر لێوی كه‌سێك؛ فرمێسكیشی له چاو ده‌رمه‌كه…
سیحری وشه له هه‌موو سیحرێك مه‌زنتره. “وإنَّ فِي البیانِ لَسِحرا”! به ئاسانی پێت ده‌كرێت به قسه‌یه‌ك دڵی خه‌مبارێك بده‌یته‌وه و چرای له سینه‌دا بۆ ڕۆشن كه‌یت، هه‌روه‌ك لێشت ده‌وه‌شێته‌وه به یه‌ك وشه فوو له مۆمی ناو ناخی مرۆڤێك بكه‌یت و ڕێ به تاریكی بده‌یت له چركه‌یه‌كدا كون و قوژبنی بته‌نێت… ده‌ستم دامێنت كه مۆمێكت پێ هه‌ڵنابێت فوو له چرای دڵی كه‌سیش مه‌كه!
گریگۆر كه ده‌بێته قالۆنجه له دۆخه تازه‌كه‌ی ناگات و له‌و دیوی ده‌رگاوه له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كان و باوك و دایكی‌دا ده‌دوێت و ئه‌وه‌یان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه بۆچی نه‌چووه‌ته سه‌ر كاره‌كه‌ی و پاساو بۆ دواكه‌وتنه‌كه‌ی دێنێته‌وه كه تۆزێك نه‌خۆشه و باری جه‌سته‌یی ته‌واو نییه، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی ده‌نگی له ده‌ره‌وه‌ی خۆی له هه‌ندێ سرته و جیڕه زیاتر هیچێك نییه، بۆیه كاتێك دێته گۆ و به حسێبی خۆی ڕوونكردنه‌وه ده‌دات بێده‌نگییه‌كی سامناك ته‌واوی ماڵ داده‌گرێت! ئاخر ئه‌و ده‌نگه‌ی له كاتی قسه‌كردنماندا له نێو مێشكی خۆماندا هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین هه‌مان ئه‌و سه‌دایه نییه له ده‌ره‌وه لێمان ده‌بیسترێت، ئه‌مه له حاڵه‌تی ئاساییماندا، ئه‌ی ئه‌گه‌ر بووین به جانه‌وه‌رێكی تر ده‌بێت چۆن بێت؟ گریگۆر ئێستا قالۆنجهیهك زیاتر هیچی تر نییه، با ئه‌و له كاتی دهنگدهركردندا به خه‌یاڵی خۆی وشه‌ی واتادار ده‌رببڕێت، ده‌وروبه‌ر هیچی لێ تێناگه‌ن، چون نه وشه‌ی دیاره نه مانا، ته‌نیا ده‌نگێكی بێزاركه‌ر و ترسناكی لێوه ده‌رده‌چێت، بۆیه نه‌ك لێی حاڵی نابن و ده‌ركی بار‌و گوزه‌رانی ناكه‌ن، لێیشی ده‌سڵه‌مێنه‌وه و خۆیانی لێ دوور ده‌گرن.
ئه‌و كاتێك به هه‌ردوو شفره‌كه‌ی لا ده‌می كلیلی ده‌رگای ژووره‌كه‌ی ده‌كاته‌وه و دێته ده‌ره‌وه هه‌مووان ده‌تۆقێنێت، ده‌ستبه‌جێ دایكی له‌خۆده‌چێت و گه‌وره‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كان به واقوڕماوی و چاوئهبڵهقییهوه هه‌ڵدێت و باوكی دارێكی لێ هه‌ڵده‌گرێت و به زۆر ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه ژووره‌كه‌ی. گریگۆر نازانێت بۆ غه‌یری خۆی چ سامناك و ناحه‌زه، ئاخر كه‌سمان ئاگامان له خۆمان نییه كاتێك ده‌بینه كه‌س و شتێكی تر!
مرۆڤ كاتێك گۆڕانێكی به‌سه‌ردا دێت، تا به‌رخوردی ئه‌وانی تر نه‌بینێت هه‌ست به گه‌وره‌یی گۆڕانه‌كه‌ی ناكات، گریگۆر په‌ی به دزێویی خۆی نابات و له‌و بڕوایه‌دا نییه به بینینی، ده‌وروبه‌ری چۆن ڕادهچهڵكێن و ده‌حه‌په‌سێن!
قه‌ت بیرت له‌وه كردووه‌ته‌وه ڕۆژێك گۆڕانێكی وات به‌سه‌ردا بێت؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ت نایه، ئه‌وه ژیر نیت. ئاخر هه‌مووان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی وا داین.. هه‌رچه‌ن مه‌رج نییه ببینه قالۆنجه و، مه‌رج نییه ڕوخسارمان ئاوا به ئاشكرا بگۆڕێت، به‌ڵام ده‌گۆڕێین. ڕۆژانه من خه‌ڵكی ده‌بینم تووشی به‌دگۆڕان ده‌بن. كه‌سم بینیوه له شێره‌وه بووه به مشك، له هه‌ڵۆوه گۆڕاوه بۆ مریشك، له ئاوه‌وه بووه به به‌رد… ئاگایشی له خۆی نییه و هه‌ر خۆیشی به‌وه‌ی پێش و باشتریش ده‌بینێت!
به‌شێك له ناسنامه‌ی هه‌ر كه‌سێكمان شێوهمانه، تۆ به‌و ڕوخسار و سه‌رو شكڵه‌ی هه‌ته تۆیت، هه‌ر گۆڕانێكی به‌سه‌ر ڕووی ده‌ره‌وه‌تدا دێت به‌شێك له گۆڕانی ناختی له‌گه‌ڵه! چون مرۆڤ یانی ڕووح و جه‌سته، كه‌س و كه‌سیه‌تی. بۆ ئه‌وه‌ی ڕووحت شیرین بنوێنێت وریای له‌شولارت به، قالبت له دزێوی دوور بگره بۆ ئه‌وه‌ی ناخت قه‌ڵپ نه‌نوێنێت. كافكا ویستبێتی یا نا ئه‌مه‌ی گه‌یاندووه، ئێمه ئه‌وه‌نه‌ی به ده‌ره‌وه‌ی كه‌سانی چوارده‌ورمان هۆگر ده‌بین ئه‌وه‌نه به ناوه‌وه‌یانه‌وه په‌یوه‌ست نابین، ده‌ی هه‌موو مرۆڤێك توانای قووڵبوونه‌وه‌ی بۆ ناو ڕووحی كه‌سانی ده‌وروبه‌ری نییه، ئاده‌میزاد له ڕووكه‌شه‌وه ئه‌وانی تر ده‌خوێنێته‌وه. به‌شێك له ڕاستی له‌م قسه‌یه‌دا هه‌یه، به‌ڵام هه‌موو ڕاستیی له خۆی نه‌گرتووه. هه‌موو مرۆڤه‌كان قووڵ نین، به‌ڵام هه‌مووشیان زاهیربین نین، ئاخر گشت مرۆڤه‌كان له ڕوخسار ناڕوانن و ته‌نیا له دووره‌وه بڕیار ناده‌ن. ئه‌وانه‌ی عاشقی ناخ ده‌بن و به دیار چرۆی ڕووحه‌وه داده‌نیشن تا گه‌وره‌تر بێت، كه‌م نین. فره ژن هه‌ن ئاماده‌ن سی تا چل، به‌ڵكو په‌نجا ساڵ به دیار مێرده ئیفلیجهكهیانهوه دانیشن و به دڵ و به گیان خزمه‌تی بكه‌ن، -هه‌شه ته‌نیا به دیار یادگاریی پیاوه‌كه‌یه‌وه داده‌نیشێت و هیچی تر- ئه‌مه نموونه‌یه‌كی باش نییه بۆ سه‌لماندنی بوونی مرۆڤی ناخبین؟ به‌ڵگه‌ی به‌هێز نییه بۆ به‌درۆخستنه‌وه‌ی گشتاندنه‌كه‌ی كافكا؟ كاممان له‌م وڵاته‌دا دایكێك ناناسین ڕووحی كردبێته قوربانی جگه‌رگۆشه‌یه‌كی كه‌مئه‌ندامی؟ من خۆم له خزم و نزیكانی خۆم دوو سێ كه‌س ده‌ناسم چه‌ندین ساڵه خزمه‌تی منداڵی نوقسان و شێتی خۆیان ده‌كه‌ن و ڕۆژانه خۆیانی به‌قوربان ده‌كه‌ن.
دایك و باوكی گریگۆر دوو حه‌فته زیاتر هه‌ر به خه‌یاڵیشیاندا نایه‌ت له كوڕه بهدگۆڕاوهكهیان بپرسنه‌وه، خوشكه‌كه‌شی كه چه‌ند ڕۆژێك به دڵ خزمه‌تی ده‌كات، دوای ماوه‌یه‌ك لێی بێزار ده‌بێت و سۆزێكی بۆی نامێنێت.
نكوڵی له‌وه ناكه‌م نموونه‌ی وا له ژیاندا هه‌ن، كافكا خۆی بێ ئه‌وه‌ی تووشی مه‌سخ بێت، باوكی ئاوا له‌گه‌ڵیدا ڕه‌فتاری كردووه، هه‌ڵه‌ی ئه‌و له‌وه‌دایه كابووسێكی كردووه به حه‌قیقه‌ت، حه‌قیقه‌ته‌كه‌یشی له ژیانی خۆیه‌وه هه‌ڵگۆزیوه، پاشانیش گشتاندوویهتی! باوكی گریگۆر به گیرفانێكی پڕ له سێوه‌وه شوێنی كوڕه بۆ قالۆنجه گۆڕاوه‌كه‌ی ده‌كه‌وێت و چه‌ند سێوێكی تێ ده‌گرێت، له ئه‌نجامدا سێوێك له پشتی ده‌چه‌قێت و تووشی فهلهجێكی نیوچه گشتی ده‌كات و له جووڵه‌ی ده‌خات. كافكا بۆ قێزه‌ون نیشاندانی ڕووداوه‌كه ده‌كه‌وێته هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌وه، ئه‌و ده‌ڵێت دوای تێپه‌ڕینی چه‌ند مانگ سێوه‌كه هه‌ر به پشتی گریگۆره‌وه بوو! هه‌مووان ده‌زانین ناكرێت سێوێكی تێكه‌ڵ به خوێن و برین و له پله‌ی گه‌رمای ژوورێكدا بۆ چه‌ند مانگ بمێنێته‌وه.
باوكی بێسۆز هه‌یه، كه‌سی دڵڕه‌ق زۆره، ماڵی كوانوو كوژاوه فره‌یه… باوك ده‌ناسم فیشه‌كی له منداڵی خۆی ڕاكێشاوه و له‌سه‌ر به‌رماڵ لووله‌ی تفه‌نگی ناوه‌ته بناگوێیه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێ كردووه ئه‌گه‌ر جارێكی تر ڕوو له كابه بكات فیشه‌كه‌كه‌ی له سه‌ردا خاڵی ده‌كات و مسقاڵێك خه‌فه‌تیشی بۆ ناخوات! هی تر ده‌ناسم، منداڵی خۆی به زۆر ناردووه بۆ سواڵ، چه‌ندینی تر بۆ پوول ده‌رهێنان جگه‌رگۆشه‌ی خۆیان له قوتابخانه ده‌رهێناوه و به‌ر كاریان خستوون، له‌مه‌ش زیاتر باوك هه‌یه له‌به‌ر ته‌ماح كوڕی خۆی كوشتووه. هه‌روه‌ك دایك ده‌ناسم به دڵ سنگی له منداڵی خۆی كوتاوه و دوعای ناو خوێنی خۆیدا گهوزانهوهی لێ كردووه. خوشكیش شك ده‌به‌م سه‌دی وه‌ك برا هه‌ژاره‌كه‌ی به قوربان چركه‌یه‌كی مێرده ملئهستوورهكهی ده‌كات، به‌ڵام ماڵێك به دایك و باوك و خوشك و خزمه‌تكار و كرێچییهوه زاڵم و بێ‌ویژدان بن، زۆر ده‌گمه‌نه. وه‌خته بێژم هه‌موو دنیا بگه‌ڕێ كه‌سێكی وا چارهڕەشت ده‌ست ناكه‌وێت بێ ئه‌وه‌ی كارێكی ناپه‌سه‌ند و پیسی ئه‌نجام دابێت، گشت دنیا غه‌زه‌بیان لێ گرتبێت! دووریش نییه ئه‌و دنیایه‌ی من ده‌ڵێم بیگهڕێیت شتی وای تێدا نادۆزیته‌وه ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلامی بێت، ئاخر وه‌ك باسی ده‌كه‌ن شتی زۆر قێزه‌ونتریش له دنیای دوور له خوادا به‌رچاو ده‌كه‌وێت. كافكا خۆی به ده‌ستی باوكیه‌وه كه‌م تاڵاوی نه‌نۆشیوه، ئه‌و وا وێنای باوكی گریگۆر ده‌كات ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی ده‌ردێكی وای دیبێت، باوكێكی له‌و چه‌شنه شك ببات.
مرۆڤ كه خوات لێ سه‌نده‌وه و ترسی ئه‌وت له دڵ ده‌ركرد هه‌موو كارێكی ناڕه‌وای لێ ده‌وه‌شێته‌وه، به سڕینه‌وه‌ی خودا له مێشكی مرۆڤدا خود جێی ده‌گرێته‌وه، ئاخر مرۆڤ ناتوانێت ژیان بگوزه‌رێنێت و كه‌سێك نه‌په‌رستێت، كه خوای لێ سه‌ندرایه‌وه خۆی ده‌خاته شوێنی. له مه‌مله‌كه‌تی بێخواییدا دوور نییه ئه‌وه‌ی كافكا ده‌یڵێت دروست بێت، به‌ڵام بۆ منێكی باوه‌ڕدار ئه‌مه‌ش له گومان تێناپه‌ڕێت و نابێته جێی بڕوا. له‌و ده‌ڤه‌ره پڕ له ئازار و بێسۆزییهشدا ده‌بینین سه‌دان كه‌س و چه‌ندان تیمی فریاكه‌وتن بۆ ڕزگاركردنی پشیله‌یه‌ك ده‌كه‌ونه تهقهلاكردن…
دوور نییه كه‌سێك به من بڵێت: مرۆڤ هه‌موو شتێكی لێ ده‌وه‌شێته‌وه، هه‌ر جۆره دڕنده‌ییه‌ك بڵێیت له ده‌ستی دێت ئه‌نجامی دات. نكوڵی له‌مه ناكه‌م و باشتر له‌و ئه‌م حه‌قیقه‌ته ده‌زانم، ئه‌وه‌ی من لێی دوودڵم ئه‌وه‌یه باوك و دایكێك منداڵی لێقه‌وماوی خۆیان بیربچێته‌وه و به ده‌یان ڕۆژ له خه‌می نانپێدانیشیدا نه‌بن! خوشكیش دوای چه‌ند ڕۆژێك وه‌ڕس بێت و بێزی نه‌بات له ڕوخساری قه‌ڵپ و گۆڕاوی برای بڕوانێت، ئه‌مه‌ش نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی براكه‌ی ته‌ریق نه‌بێته‌وه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دڵی خۆی تێك نه‌چێت و هه‌ستی ناسكی نه‌شێوێت! له هه‌مووی سته‌مكارانه‌تر ئه‌وه‌یه دوای مردنی كوڕی بهدگۆڕاویان، دایك و باوك له چه‌ند خوله‌كێك زیاتر په‌ژاره دایانناگرێت و، هه‌واڵی خزمهتكارهكهشیان، به‌وه‌ی ته‌رمی منداڵه‌كه‌یانی له گونیه خستووه و فڕێی داوه‌ته نێو خاشاكه‌وه و له‌گه‌ڵ زبڵی تردا دووری خستووه‌ته‌وه، هیچ دایانناچهڵهكێنێت! خوشكه‌كه‌شی هه‌ر وه‌ك ئه‌وانی تر بۆ دۆخه‌كه ده‌ڕوانێت و به مردنی براكه‌ی هه‌ست ده‌كات باری سوك بووه و قورساییه‌كی، كه هیچ سۆزێكی بۆ نه‌بووه، له‌سه‌ر شان لابراوه!
كافكا له وێناكردنی بێڕه‌حمی و زووفهرامۆشكردنی مرۆڤدا زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه، نه به‌و گشتییه‌ی وی نیشانی داوه به‌ڵكو كه‌مێ كه‌متر. ڕاست ده‌كات، مرۆڤ زوو ئازیزانی له بیر ده‌كات، زوو به بێئهوی ڕادێت، هه‌ركه‌سمان وا گومان ده‌به‌ین دوای مردنمان دنیا ده‌وه‌ستێت و زه‌مان له ڕۆشتن ده‌كه‌وێت، كه‌چی هه‌ر له یه‌كه‌م چركه‌ی كۆچی كۆتاییمانهوه ساته‌كانی فهرامۆشكردنمان ده‌ست پێ ده‌كه‌ن، ڕۆژ له دوای ڕۆژ تۆزی له‌بیرچوون ڕوخساری یاده‌وه‌رییه‌كانمان داده‌پۆشێت، تا ده‌گاته كاتێك نه‌وه‌كانمان له ڕاستیی ناویشمان ده‌كه‌ونه گومانه‌وه.
مرۆڤ كه ددانێكی ده‌كه‌وێت دوای چه‌ندین ساڵیش شوێنه‌كه‌ی بۆ پڕ نابێته‌وه، ڕۆژانه هه‌ست به بۆشاییه‌كه‌ی ده‌كات، هه‌میشه وا هه‌ست ده‌كات شتێكی كه‌مه، وه‌لێ كه دۆستێكی ده‌مرێت ساڵی جارێ دوو جار بیری ده‌كه‌وێته‌وه! براده‌رێك ده‌یوت: “كه باوكم مرد، وامزانی چیتر جووڵه له بوون ده‌بڕێت. كه دوای پرسه‌كه‌ی هاتمه‌وه ناو خه‌ڵك، بینیم هیچ نه‌گۆڕاوه و ژیان وه‌ك خۆی به‌رده‌وامه”! بیركردنه‌وه له‌م ڕاستییه، تاڵ و ناڕحهتكهره. خۆزگه بیری یه‌كترمان نهخستبایهتهوه. ژیان تابلۆی ڕه‌شی له‌م چه‌شنه‌ی زۆر تێدایه، باش ناكه‌ین گه‌ر ڕه‌شتری كه‌ین.
(سه‌ره‌تا ته‌نیا وشه‌یه‌ك بوو).. ئه‌م ته‌عبیره ته‌وراتییه یه‌كێكه له قسه زۆر بڵاوه‌كانی جیهان، زۆریش جوانه, (في البدء كانت كلمة).. پێش مرۆڤ و به‌ر له بوون وشه هه‌بوو، وشه‌یه‌ك ده‌ستپێكی دروستبوون بوو. وشه، گوتن، قسه…! ئای ئه‌گه‌ر مرۆڤ توانای ئاخاوتنی نه‌بووایه… وای ئه‌گه‌ر توانستی ده‌ربڕینیان لێ سهندباینهوه! چ ده‌بوو خوایه؟ من هه‌رگیز ناتوانم بیر له مرۆڤ بكه‌مه‌وه نه‌توانێت بپه‌یڤێت. ته‌نانه‌ت لاڵیش قسه ده‌كات و چوارده‌وری تێده‌گه‌یه‌نێت، هه‌رچه‌ند ملیۆنان هه‌ست له‌و دیوی شووشه‌ی دڵییه‌وه په‌نگیان خواردووه‌ته‌وه و ئیمكانی ده‌رچوونیان نییه. چ ئازاراوییه حه‌زێك، ترسێك، خواستێك، ده‌ردێك، سۆزێك، عیشقێكت له ناخدا بێت و نه‌توانیت ده‌ریبڕیت! ئه‌وانه‌ی زمانی ده‌ربڕینیان نییه زۆر گوناهن. چ نیعمه‌تێكه گوتن! چ فه‌زڵێكه توانای قسه‌كردن و ده‌ربڕین (الرَّحمنُ, عَلَّمَ القُرآنَ، خَلَقَ الإِنسَانَ، عَلَّمَهُ البَیانَ). گریگۆر وه‌ختێك بیری دایكی ده‌كات و ده‌یه‌وێت بۆ لای بچێت و سۆزی خۆی بۆ ده‌ربڕێت، له جێی ئه‌وه‌ی دڵی خۆش كات و سۆزی ئه‌ویش بۆ خۆی بجووڵێنێت؛ ده‌یتۆقێنێت. كاتێك خوشكه‌كه‌ی ده‌بینێت كه‌مان بۆ كرێچییهكانی ماڵیان ده‌ژه‌نێت، ئه‌وه فه‌رامۆش ده‌كات كه بووه به قالۆنجه و كرێچییهكانیشیان ئاگایان لێ نییه و كه‌سیش حه‌ز به ڕوخساری ناكات، هه‌موو ئه‌مانه‌ی بیر ده‌چێت و به زگه‌خشكێ به‌ره‌و لای خوشكه‌كه‌ی ده‌چێت، ئه‌و غه‌رقی ئه‌و كاتانه ده‌بێت كه باوكی به گژی خوشكه‌كه‌یدا ده‌چووه‌وه و ڕێی پێ نه‌ده‌دا بیر له چوون بۆ هونه‌ره جوانه‌كان بكاته‌وه و، ده‌یویست خه‌یاڵی خوێندنی مۆسیقا له سه‌ری ده‌ركات، كه‌چی ئه‌م بڕیاری دابوو پاره ده‌ركات و بینێرێته هونه‌ره جوانه‌كان تا باشتر فێری ژه‌نینی كه‌مان بێت، به‌ره‌و لای ده‌چێت تا پێی بڵێت: خوشكی ناسك و نازدارم! ئه‌وه ته‌نیا منم قه‌دری ئه‌م هونهرمهندییهت ده‌گرم، هه‌ر منم نرخی ده‌ست و په‌نجه‌ی تۆ ده‌زانم، واز له‌وان بێنه! بۆ من كه‌مانه‌كه‌ت بژه‌نه! چاوی پڕ له فرمێسك ده‌بێت و به خێرایی، وه‌ك بڵێیت ئێشێك له پشتیدا نه‌بێت، ڕووه‌و خوشكه‌كه‌ی ده‌چێت، كه‌چی كرێنشینهكان كه ده‌یبینن ده‌حه‌په‌سێن، باوكی نیگه‌ران ده‌بێت و به قسه‌ی فریوده‌ر سه‌رقاڵیان ده‌كات و بۆ لای ژووره‌كه‌ی خۆیان ده‌بات… ئه‌م بێ گوێدانه وان چاو ده‌بڕێته ناو چاوی خوشكه‌كه‌ی و به سۆزه‌وه تێی ده‌ڕوانێت، به‌ڵام ئه‌و ده‌ستی وشك ده‌بێت و واز له كه‌مانه‌كه‌ی دێنێت و به بێزاری سه‌یری ئه‌م ده‌كات و له پڕمه‌ی گریان ده‌دات. ئه‌و كات گریگۆر له ترسی نركه‌وناڵه‌ی باوكی‌دا به دڵی شكاوه‌وه بۆ لای ژووره پهرپووتهكهی ده‌گه‌ڕێته‌وه، سه‌یری لێ دێت ئه‌و دوورییه‌ی له‌و سه‌ره‌وه چۆن وا خێرا بڕیوه و هه‌ستیشی پێ نه‌كردووه، ئاخر ئه‌وسا له‌به‌ر سۆزی بێئه‌ندازه‌ی بۆ خوشكه‌كه‌ی و له خۆشی كهمانهكهیدا ئاگای له خۆی نه‌مابوو، كه‌چی ئێستا كاری ئه‌وانیشی تێكدا و هیچیشی حاسڵ نه‌كرد، ئیتر وزه‌یه‌كی بۆ ڕۆیشتن نه‌ماوه. یه‌ك وشه له‌و حه‌له‌دا كه خوشكه‌كه‌ی بۆی ده‌ڕوانێت ئه‌وه دێنێت نیوه‌ی ژیانی بۆ بدات. هه‌ر ئه‌وه‌نه‌ی بڵێت: (خۆشه‌ویسته‌كه‌م!) یا (ئازیزم!) یا (خۆشمده‌وێیت) یا (خۆشحاڵم) یا هه‌ر شتێك كه ته‌عبیر له هه‌ستیی بكات. چه‌ند سه‌خته بته‌وێت دڵی ئازیزێكت شاد كه‌یت و ئه‌و به هه‌ڵه لێت حاڵی بێت و دڵی بشكێت! زمان، ئه‌م پارچه گۆشته‌ی ناو زارمان گه‌نجێكی له قیمه‌ت نه‌هاتووه و قه‌دری ناگرین. هه‌ر جارێك گریگۆر له‌و دیوی ده‌رگای ژووره‌كه‌یه‌وه له گفتوگۆكانی باوك و دایك و خوشكه‌كه‌ی له‌سه‌ر سفره‌ی شام ڕاده‌مێنێت و گوێیان ده‌داتێ هه‌زار خۆزگه له ناخیدا په‌نگ ده‌خواته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به وشه‌یه‌كیش بووه له‌گه‌ڵیاندا به‌شداری بكات، به‌ڵام ئه‌فسوس! ئه‌وان نه‌ك له‌م ناگه‌ن و گوێی بۆ ناگرن، باوه‌ڕ به‌وه‌ش ناكه‌ن بتوانێت لێیان حاڵی بێت و بزانێت ئه‌وان چی ده‌ڵێن. هه‌ر وا ده‌زانن به هه‌موو وجوود بووه به قالۆنجه و به هیچ چه‌شنێك مرۆڤبوونی پێوه نه‌ماوه!
قانع خورشيد