شانزەی سێ چیمدی ؟ … فەتاح حەسەن
-٢٥-
مامۆستا ( فەخرەدین ) ێك، دەناسم
بیست و پێنج ساڵە، رەشپۆشە
بۆ مناڵەکانی و ژنەکەی.
-١-
کیمیاباران، روی نەدابوو
لە ژێر زەمین
خاولی تەڕم، دابەش دەکرد
پیرێك وتی
خۆت لەبیر نەکەی، حەو برا.
-٢-
بە بەر ماڵی ( عومەری خاوەر ) دا، رۆشتم
ئەی نازانم !
بۆ نەمردم ؟
-٣-
قرخە و لرخە
لە تەك، قاقا و پێکەنیندا
تێکەڵ، بە رشانەوە دەبوو.
-٤-
ئەڵقاو ئەڵق
بە، رەشبەڵەك، هەڵدەپەڕین.
بێئاگا بوون
کە، سەرچۆپی، مەرگ دەگرن.
-٥-
کۆرپەیەك، پەیتا، پەیتا
گۆی مەمکی
دایکە مردووەکەی دەمژی.
-٦-
مێردمنداڵێك
پەلی، باوکە نابیناکەی
رادەکێشا
ناو بە ناوێك
هاواری، لە، دایکی دەکرد
-٧-
دایك و کچێك
بە کەمامەی ( خەڵوز ) ەوە
دەستیان، لە ملی یەك نابوو.
-٨-
کۆترە شینکەی
سەر ( قسن )* ەکەی، عەبابەیلێ
وەکو (شوباط ) ، نەیان دەگماند.
-٩-
پیرەمێردێك
دوو سێ، بیست و پێنجی، چوار ئەسپی
رادەوەشاند.
بە، تەنها، یەك وشەی دەووت
ئاو
-١٠-
دەڵەسەگیك
تووتکەکانی، دەلستەوە.
ناو بە ناوێك
روو لە ئاسمان
دەیقروسکاند.
-١١-
چەند ساڵێك بوو
بیرێك ( پاکلەمە )* نەکرابوو.
بە، جام ، ئاوم، لێدەرهینا.
-١٢-
لە پاڵ، درەختێکی، وشك هەڵاتوو
لە ژێر ، گوانی، مانگایەکدا
سەتڵە شیرێك
مێش، تێیدابوو.
-١٣-
داڵێك
لەسەر
لاشەی بەرخێك
نیشتبۆوە
دەنوکی تێنەدەژەنی !
-١٤-
لە ( سازان ) بوو
تنۆك
تنۆك
دادەباری
خۆشی، خۆشی، کە بارانە
هاواریان کرد
هۆوو .. تێزابە
-١٥-
لە ( هاوار ) بوو
خێرەومەندێك
ژنێکی، لە دۆڵیکەوە، سەر خست.
ژنە، زوو .. زوو
هاواریەکرد
ئەی، نەعلەکەم !
-١٦-
هەر، لە ( هاوار )
خوێندکارێکی، خۆم، بوو، وتی
( کە، گوناحە، مامۆستا فەتاح ، تێکچووە )
قسن. گوومەز
پاکلەمە ،.کردارێکە، ساڵی جارێك یا دوو جار، ئەنجام دەدرێت، لە سەرەتای بەهاردا، یا ناوەندی هاویندا ( کاتێك ئاستی، ئاوی بیر، روو لە کەمبوون دەکات، بەهۆی، خڵتە و لم و چەو، بیرهەڵکەن، بە چەند پێ یەك، بیرەکە قووڵتر دەکات، تا ئاوی بیرەکە زیاد بکات)
فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی